داستان بەرزان

ساردە بۆ من ئەم دونیا تازەیە


Loading

ئەم سەرما نامۆیە
ڕۆژانە دەمسمێت و
دەروات تا قوڵاییم.

دەستم بگرە
دڵم سەرمایەتی
ھەڵدەرزم لەبەردەم بوونمدا
بەردەبمەوە بۆ ناو کڕێوە.

دەستم بگرە
دونیا ساردە
تەنیایی بۆ کەس باش نییە
تەنیایی ژنێک دەکرۆژێت
ژنەکەم دەڵێت: ئەو ژنە منم.

گریانم دەیبەستێت
ھەناسەم دەبێتە تەم
پەنجەم درز دەبات
ساردە بۆ من ئەم دونیا تازەیە.

نوێنەکانم پێدا بدە
ھەوڵدەدەم بنووم
ڕووم نایەت بڵێم: بێخەوم
پیاوێک ھەموو بێخەوی جیھانی بۆخۆی برد
پیاوەکە ناوی (سیوران)بوو.

نوێنەکانم پێدا بدە
مەبەستمە کەمێک
یان
ئەگەر بلوێت
سەد ساڵ بنووم.

 Artist; Saman Dartash Kareem
Artist; Saman Dartash Kareem

بەفر لەسەر گیانم نیشتووە
پیاوێکی سەھۆڵین بەرامبەرمە
تابلۆی شارێک لە ناو بەفر لە ژوور سەریەوە
وابزانم پیاوەکە باوکمە.

مرۆڤی ناو شاشە ساردن
شیعری ناو شاشە ساردن
عەشق لە ناو شاشەدا ساردە
ھەڵەبجە لە شاشەدا ساردە
ئەنفال لە شاشەدا ساردە
شەنگال لە شاشەدا ساردە
کۆبانی لە شاشەدا ساردە
کەرکوک لە شاشەدا ساردە
گولەباران و سێدارە لە شاشەدا ساردن
خاپوربوونی گوند و شکانی دڵ لە شاشەدا ساردن
ساڵی ١٩٧٤لە شاشەدا ساردە.

ڕاپەڕینەکە لە شاشەدا ھەمووی قوڕە
ساڵی ٢٠٠٣لە شاشەدا لە ساڵی ٢٠٠٧دەچێت
نەورۆز لە شاشەدا یەکپارچە دووکەڵە

گریان و ئازار لە شاشەدا
خەم و برین لە شاشەدا
برسێتی و تەنیایی لە شاشەدا
سەرەمەرگ و مردن شاشەدا
ھەستیان پێناکرێت
من پێویستم بە گەرمایی شتەکان ھەیە
وەک گەرمایی دوو جەستە کاتێک بەریەکتر دەکەون.

دەستم بگرە
سەرما ھەلا ھەلای کردووم
کەسێک دەڕوات وێنە بەستووەکانی ناو سەری
دەکەونە سەر زەوی و
ورد دەبن
ڕەنگە ئەو کەسە من بم.

دەستم بگرە
نەبادا بمبەستێت
نەبادا بشکێم.

دەستم بگرە
ھاکا بەستمی
ھاکا شکام.

دەستم بگرە
ب ب بببسسسست ت ت تمی.
ش ک ا م.

 

سلێمانی/  نۆڤمبەری ٢٠١٣