(خەباتی من) لە ڕۆمانەوە بۆ شانۆ


Loading

(خەباتی من) ڕۆمانێکی گەورەی شەش بەشییە و لەسەر بیۆگرافیای نووسەرەکەی (کارڵ ئوڤە کناوسگۆرد)، کە نووسەرێکی هاوچەرخی نەرویژییە، ڕۆنراوە، ئێستا ئەم ڕۆمانە لەسەر شانۆی شاری ستۆکهۆڵم لە نەمایشێکی سەرنج ڕاکێشی شانۆییدا پێشکەش دەکرێت. ریژیسۆری ئەم پرۆژەیە و بۆ چارەسەرکردنی کێشە هونەرییەکان و بەرجەستەکردنی ڕۆمانێکی چڕی شەش بەشی، چوار کارەکتەری دروست کردووە، کە هەر چواریان هەمان کەسن؛ واتە منی نووسەر و قۆناخەکانی ژیان و بەشەکانی بیۆگرافیای ڕۆمانەکەن. شانەکانی ئامادەکردن و بە شانۆکردنی ئەم ڕۆمانە لە چەمکەکانی ڕووبەرووبوونەوەی کەسی تاک بەرامبەر بە گروپ/منی نووسەر بەرامبەر بە کۆمەڵ، ڕەنگیان داوەتەوە و بۆتە بنەمایەکی ئەو ستراکتورەی نەمایشەکەی لەسەر ڕۆنراوە.

بەشی یەکەمی (خەباتی من) کە لە ساڵی ٢٠٠٩دا بڵاو کراوەتەوە، سروشی لە ڕۆمانە بەناوبانگەکەی مارسیل پرۆست؛  (گەڕان بۆ کاتی لەدەستچوو) وەرگیراوە و باسی ئەو نووسەرەی بە دوای کاتی لەدەستچووی منداڵی خۆیدا وێڵە، دەکات. خودی پرۆژەی نوسەر لەم شەش بەشەی ڕۆمانەکەدا، جۆرە تەقەلایەکە بۆ تێگەیشتن لە هەست و سۆزەکانی خۆی، بۆ پارچە پارچەبوونی (من)ەکانی و ئەو هەستکردنە بە بەتاڵی رۆحی، وەک ئەنجامێکی پەیوەندییە گرژ و ناجۆرییەکانی منی نوسەر بە باوکێکی بەدمەست و تێکشکاو و دەروونێکی ناجێگیرەوە. هەرچەندە ڕۆمانەکە گەشتێکی پڕ لە نۆستاڵگیایە بە ساڵانی ١٩٧٠کانی نەرویژدا، بەڵام خوڵقاندنی چیرۆکێکیشە، کە کوڕێکی گەنج، لە ڕێگای چەندین ئەزموونەوە خۆی دەدۆزێتەوە. ئەم زنجیرە ڕۆمانە، لە دیدی ئەو گفتوگۆ توندەوەی دەیورووژێنێت، نوسەر دەگەیەنێتە ئەو دەروازەیەی، کە خۆی لە ڕۆمانەکەدا دەدۆزێتەوە، لە هەمان کاتدا بزریش دەکات و ددان بەوەیشدا دەنێت، کە هەرچەندە ڕۆمانەکە لەسەر بنەماکانی ژیانی خۆی و پەیوەندییەکانی بەکەسە نزیکەکانیەوە ڕۆنراوە، بەڵام بەشێکی زۆری تەنها فیکشنە.

کناوسگۆرد یەکەم ڕۆمانی لە ساڵی ١٩٩٨دا بە ناوی (لە جیهان بچۆرە دەرەوە) بڵاودەکاتەوە، ڕۆمانەکەش باسی گەشە و گەورەبوونی پیاوێکی گەنج، بە تایبەتی لەساڵەکانی بەرایی ژیانیدا، دەکات. لە ساڵی ٢٠٠٤دا دووهەم ڕۆمانی (کاتێک بۆ هەموو شتێک) بڵاو دەکاتەوە، ئەم ڕۆمانەش بە شێوەیەک لە شێوەکان بەردەوامی و خوێندنەوەیەکی ترە بۆ یەکەم ڕۆمانی؛ ڕووداوەکانیشی، کە سرووشی لە ئینجلەوە وەرگرتووە، لەنێوان ئەتمۆسفێرێکی ئینجیلی و گوندە دوورە دەستە نەرویژییەکاندا ڕوودەدات، زیاتریش باسی پەیوەندییە مرۆڤایەتی و خواوەندییەکان دەکات.

(خەباتی من)، کە هەر شەش بەشەکەی لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٩ تا ٢٠١١دا بڵاو کراونەتەوە، لە هەناوی ڕۆمانەکانی ترییەوە لە دایکبووە. کتێبەکان لای ئەم نوسەرە، جۆرە واقیعیەتێک و ڕاستیەک و ژیانێکی دەرەکی وا لە خۆدەگرن، کە زۆر ڕاستیتر و واقیعیترە لەژیانی خۆی. نوسەر لەنێو بنەما کۆمەڵایەتی و ستراکتوری ڕێسا مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگاوە، ڕاستییەکی رۆحی شاراوە دەکاتە شتێکی دیار و بینراو و هەستپێکراو.

ریژیسۆرێکی نەرویژی ئەم ڕۆمانەی بۆ شانۆ ئامادەکردووە؛ ئامادەکردنەکەیشی لە چڕکردنەوە، کورتکردنەوە، بە شانۆکردن و دابەشکردنی (منی) نوسەردا، بۆ سەر چوار کارەکتەری تر، کۆبۆتەوە. دابەشکردنی (منی) نووسەر لەلایەن ئەم ریژیسۆرە، دابەشکردنێکی سیکۆلۆژی یان لەتوپەتکردنی منی نوسەر نییە، هێندەی دابەشکردنێکی شانۆیی و ئێستاتیکیە.

چوار ئەکتەر لەسەر شانۆ ڕۆڵی چوار (کارڵ ئوڤە کناوسگۆرد) دەبینن. ئەکتەرەکان زۆر بە ئاسانی لەنێوان دەقە (من)ییەکان و ئەو کەسانەی منی نوسەر ڕووبەڕوویان دەبێتەوە هاتوچۆ دەکەن، بەمشێوەیەیش ڕۆمانەکە دەبێتە بەشێک لەو دەقە شانۆییەی، کە کارەکتەرەکان لە خودی (من)ی نوسەرەوە دێنە دەرەوە، لەگەڵ کەسانێکی تر دەژین، بەفیزیکی بەر پانتاییە جیاوازەکانی ستراکتورە کۆمەڵایەتیەکە دەکەوێت و هەر چوار منەکە، ژیانی تایبەتی خۆیان لە کۆنتێکستی ڕۆمان/نەمایشەکەدا هەیە و دەژین.

دەنگی (باوک) کە هەژمونێکی گەورەی بەسەر (منی) نوسەرەوە هەیە، تەنها دەنگێکە و لەسەرەوە و لە پانتاییەکی نادیارەوە، دەبیسترێت، ئەم دەنگە وەکو هێزێکی نەخوازراو، لە ئاسمانەوە دێتە خوارەوە، دەنگ دەداتەوە، جووڵەی منەکانی سەر شانۆکە پەک دەخات، هەندێک جار وریایان دەکاتەوە و لە هەمان کاتیشدا واقیعێکیان بیردەهێنێتەوە، کە منی نوسەر دەکات بە بەشێکی دانەبڕاو لەو واقیعەی نایەوێت بیری بکەوێتەوە. لەم ڕەوشەدا، هەر چوار کارەکتەرەکەی (منی) نووسەر لە بەریەکەوتن و پارچەپارچەبوونێکی فیزیکیەوە دەبات بۆ ڕەهەندێکی فەلسەفی. تێڕامانێکی قووڵ لە منی ئێستا، بە بەراوورد لەگەڵ منی ڕابردوو و پابەندکردنی بە منێکی تری نادیارەوە.

شانۆکە جگە لەتاشەبەردێکی گەورە، کە لە ناوەڕاستی پانتایی شانۆکەدا دانراوە، هیچ شتێکی تری لەسەر نییە. ئەم بەردە چەندە سمبۆلی دابڕان و لێکترازان و پەیوەندیەکی ڕەقە، هێندەیش سمبۆلی ویستێکی پتەوە بۆ خوڵقاندنی (منێکی) بەهێز، هاوکات بەرپەرچدانەوەیەکی سیزیفیشە.

ئەم ریژیسۆرەی لەگەڵ ئەم ڕۆمانە نەرویژییە کاری کردووە، لە زۆر شوێندا، بە شێوەیەکی شانۆیی کارەکتەری (منی)ی نووسەری ڕۆمانەکە دەبەستێتەوە بە کارەکتەرەکانی ئیبسنەوە و وەک بەشێک لەو کارەکتەرانە، بۆ نموونە (یەڵمەر ئێکداڵ) لە شانۆنامەی (مراوییە کێوییەکە)دا، ڕەفتار لەگەڵ ڕەوشەکە دەکات و دەبێتە لایەنێکی تری ئەو کارەکتەرە. ئەوەی لەم کارەدا گرینگە، وەک پرۆسە هونەرییەکە ئاماژەی بۆ بکرێت، ئەویە، کە ریژیسۆری نەمایشەکە، چەندە بنەما و هێڵە درامی و بەسەرهاتە جۆراوجۆرەکانی ئاسان کردۆتەوە، هێندەیش کاری لەسەر دورەوپەرێزی، جۆرە نامۆبوونێک لەگەڵ خودی ڕۆمانەکەدا کردووە تا ئەوەی لەسەر شانۆ بەرجەستە دەکرێت، رۆحێکی تایبەتمەندی خۆی و ژیانێکی تری خۆی لە دەرەوەی ڕۆمانەکەوە هەبێت.  نمایشەکە چەندین هێڵی سەرەکی ڕۆمانەکە، بۆ نمونە ئەدەبی، مێژوویی، ستراکتورە جیاوازەکان، کە نوسەر زۆر بەسەلیقەوە پێکەوە چنیوونی، بەرجەستە دەکات. زۆرجار (من)ی نوسەر لە پرۆسەیەکی چڕی خودگەرا، وەک هاملێتێکی سەرچڵ، بێپەروا و نائارام دەردەکەوێت، بەشەکانی تری ئەو منە، کە لای سێ کارەکتەرەکەی ترن، دەبنە بینەرێکی بەشداری ئەو نمایشە هاملێتیە. ئەوەی لەم خوێندنەوەیەدا گرنگە ئەو دەنگدانەوە بەردەوامەی دەنگی نوسەرە، کە بۆ نموونە لە هاملێت یان یەڵمەرەکەی ئیبسندا، وەکوو خودێکی تاک دەنگدەداتەوە و هەندێک جاریش، وەک پاڵەوانێکی تەنها ڕووبەڕووی چارەنوسی خۆیی و مێژووی جیهان دەبێتەوە.

ئەکتەرەکان دەتوانن ئەوەی ناگێڕدرێتەوە، ئەوەی ناگوترێت و ئەوەی بێ وشە و بێدەنگە، لەنێو تاریکیەوە بهێننە دەرەوە، نمایشەکەش دەبێت بە شتێکی تر، جیاواز لە ڕۆمانەکە، شتێکی تر بە تەنیشت ڕۆمانەکەوە.