یه‌كێك له وه‌زیفه سه‌ره‌تاییه‌كانی زمان دروستكردنی په‌یوه‌ندیه له نێوان (دال و مه‌دلولدا) به جۆرێك كه دال گوزارشت له مه‌دلول بكات وه‌ك دیارده یان واقعێك. به‌ڵام كاتێك باس له كێشه‌ی توندوتیژی ده‌كه‌ین دژ به ژنان، ئه‌وا زمان له‌م وه‌زیفه‌یه‌ی خۆی ده‌كه‌وێت، دال واته توندوتیژی یه‌كسان نیه به مه‌دلول واته توندوتیژی وه‌ك دیارده‌و واقعێكی كۆمه‌ڵایه‌تی. به‌ڵكو له جیهانی زۆرینه‌ی پیاودا توندوتیژی یه‌كسانه به په‌روه‌رده‌كردن و خۆشه‌ویستی.
به‌دڕه‌فتاركردن له گه‌ڵ ژن‌دا هیچ نییه جگه له‌و دنیابینینه‌ی كه پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌كردن به‌رهه‌میدێنێت، له‌م
پرۆسه‌یه‌شدا خۆشه‌ویستی وئاگالێبوون وپاراستنی ژن موماره‌سه ده‌كرێت، له‌مه‌ش به‌دواوه هه‌رچیه‌ك بوترێت دروستكراوی ژنه.
هه‌موو ئه‌و توندوتیژی و ناعه‌داله‌تی و به‌دڕه‌فتاریه‌ی كه به‌رامبه‌ر به‌ژنان ئه‌نجامده‌درێت له‌كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا، له گه‌ڵ هه‌موو هه‌وڵ و تێكۆشانی ڕێكخراوه‌كانی ژنان بۆ به دیارده‌كردنی پرسی توندوتیژی وه‌ك واقعێكی كۆمه‌ڵایه‌تی, نه‌توانراوه ئه‌م كۆده له سیستمی بیركردنه‌وه‌و بۆچونی كۆمه‌ڵگه به گشتی و له تێڕوانینی پیاودا به تایبه‌تی بشكێنرێت.
به‌مانایه‌كی دی ئێمه له به‌رده‌م یه‌كێك له‌گه‌وره‌ترین كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیان به دوو تێگه‌شتنی جیاواز;
تێگه‌شتن و به‌ركه‌وتنی ژن بۆ ئه‌م دیارده‌یه! وه تێگه‌شتن و به‌ركه‌وتنی پیاو بۆ ئه‌م دیارده‌یه. ئه‌وه‌ی كه گۆڕاوه له‌م پرۆسه‌یه‌دا به‌ركه‌وتن و تێگه‌شتنی ژنه، له ئێستادا زۆرینه‌ی ژن به ئاگایه له‌و به‌دڕه‌فتاره‌یه‌ی كه به‌رامبه‌ری ئه‌نجامده‌درێت و به ناوی په‌روه‌رده‌كردن و خۆشه‌ویستیه‌وه پێیده‌فرۆشرێته‌وه به‌ڵام له كۆندا ژن بێ‌ئاگا بووە لێی . دواجاریش هەر خۆی ئه‌كته‌رێكی باشی ئه‌م پرۆسه‌یه بووه، وەک چۆنیش ڕۆڵێكی سه‌ره‌كی هه‌بووه له گواستنه‌وه‌ی وێنای خۆی وه‌ك مه‌خلوقێكی نه‌كرده‌و بێده‌ره‌تان و به‌سته‌وه‌ی وجودی خۆی به وجودی پیاوەوە.
زیاده‌ڕۆیینیه گه‌ر بڵێم؛ هه‌نووكه‌ش هێندی ژن ئاكتیڤه له گواستنه‌وه‌ی توندوتیژی و ڕق به‌رامبه‌ر به ژن و سه‌رزه‌نشتكردنی و به‌رپسیاركردنی به‌رامبه‌ر هه‌ر كێشه‌یه‌ك كه تێده‌كه‌وێت ، هێنده پیاو خۆی به‌م مه‌سه‌له‌یه‌وه هیلاك ناكات. به مانایه‌كی دی پیاو جێبه‌جێكه‌ری توندوتیژیه به‌ڵام ميكانيزمی گواستنه‌وه‌ی ئه‌م پرۆسه‌یه زۆرجاران ژن خۆیه‌تی.
ژن به بێئاگایانه و له ڕێی ئه‌و جینه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی كه به‌میراتی بۆی ماوه‌ته‌وه، به شێوه‌یه‌ك باس له وجودی خۆی و په‌یوه‌ندی له گه‌ڵ پیاودا ده‌كات گه‌ر به وردی لێبكۆڵینه‌وه‌و ته‌فسیری بكه‌ین بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌بۆ ئه‌وه‌ی هه‌بیت له‌لای پیاو ژیانت بڕوات ده‌بێت بونه‌وه‌رێك بیت غیاب زیاتر بێت له وجودت. واته ژنی باش ئه‌و ژنه‌یه كه وجودێكی غیابی هه‌بێت. هه‌ڵبه‌ت میتودی ژنی باش ڕه‌گوڕیشه‌ی دینی هه‌یه و پارادۆكسی ئه‌م وێنه‌یه له‌وه‌دایه كه ئه‌م وجوده غائبه ده‌كرێته‌وه به به‌پرسی مۆراڵ وڕه‌فتاری پیاو كه ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های هه‌یه‌و به پله‌ی باڵا دێت له هه‌ره‌می خێزان و كۆمه‌ڵدا.
ئه‌م تێڕاونینه ده‌بێته فاكته‌رێك بۆ له‌تكردنی كه‌سایه‌تی ژن و واده‌كات له ترسێكی ئه‌زه‌لیدا بژی بۆ گه‌شتن به‌و وێنه‌یه. پێوه‌ری بوون به‌ژنی باش پێوه‌رێكی نائه‌قڵانی و نامه‌نتیقیه، به‌دیوێكدا سڕینه‌وه‌ی ژنه وه‌ك وجودێك، به دیوه‌كه‌ی تریشدا به‌رپرسكردنیه‌تی له‌ڕاگرتنی وجودی نه‌رسیسمی پیاو.
ئه‌م دووفاقیه له تێڕوانین بۆ ژن یه‌كێكه له‌و كۆده چه‌واشه‌كارانه‌ی كه ئه‌قڵی ئینسانی ئێمه‌ی داگیركردوه، به ڕای من یه‌كێكه له‌و فاكته‌رانه‌ی كه به‌شداره له بێماناكردن وئاسایی كردنه‌وه‌ی توندوتیژی دژبه ژنان له كۆمه‌ڵگه‌دا. به دیوێكدا ژن دایكه‌و میهره‌بانه‌و به‌هه‌شت له ژێرپێدایه و به دیوه‌كه‌ی تریشدا ژن په‌راسوی شه‌یتانه‌وه هه‌ڵگری گوناهێكی ئه‌زه‌لیه گه‌ر مه‌كرو فێڵ و ته‌ڵه‌كه‌بازیه‌كانی ئه‌ونه‌بایه ئه‌وا ئاده‌می بابه گه‌وره‌مان تائێستاش جێگه‌ی به‌هه‌شت ده‌بوو ده‌رنه‌ده‌كرا. ژن به‌شێو‌ه‌یه‌ك له شێوه‌كان باجى گوناهێك ده‌دات كه زاده‌ی خه‌یاڵ و فه‌نتازیای دینه.له‌م باره‌یه‌وه هه‌ردوتوێژه‌ری فه‌ڕه‌نسی (لویس ئیرگارای، جولیا كریستیڤا) له‌بواری مه‌سه‌له‌ی ژن‌دا گه‌شتنه ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی كه له كۆتاییدا ژنبوونی نییه‌و ژن‌بوون شتێكه زیاتر له‌خه‌یاڵ و فه‌نتازیادا هه‌یه.
من لێره‌دا زیاتر باس له‌و پرۆسه‌یه ده‌كه‌م كه‌له‌سه‌ره‌تاوه ئاماژه‌مــپێدا، واته پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌كردن، به‌مانایه‌كی دی پرۆسه‌ی به پیاوبوون و به ژنبون . له‌م پرۆسه‌یه‌دا پیاو له ڕێی ئه‌و نۆرمه و به‌ها كه‌لتوری و كۆمه‌ڵایه‌تی ودینیه‌ی كه هه‌یه ده‌یه‌وێت بونیادی خۆی وه‌ك ڕه‌گه‌زی پیاو به پله‌ی باڵا وه بونیادی ژن وه‌ك ڕه‌گه‌زی ژن به پله‌ی دوو یان وه‌ك پاشكۆی خۆی له هه‌ره‌می خێزان و كۆمه‌ڵدا دروستبكات.
ژن و پیاو له‌پرۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وام و دورودرێژی كۆمه‌ڵایه‌تیدا له ڕێگەی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ یه‌كتری، خه‌ریكی
دروستكردنی ڕه‌گه‌زی خۆیانن، واته پیاو ناتوانێت وه‌ك ڕه‌گه‌ز دروستبێت گه‌ر به‌ر ژن نه‌كه‌وێت وه‌ك ڕه‌گه‌ز له سیاقێكی
كۆمه‌ڵایه‌تیدا. ئه‌م پرۆسه‌یه ته‌واوكه‌ری یه‌كتره له هه‌مان كاتدا زۆر پێچه‌وانه‌ی یه‌كتر ده‌ڕوات. بونیاد‌و دروستبوونی ژن له‌ناوه‌وه‌یه، ژن ڕه‌حمی هه‌یه كه سه‌رچاوه‌ی ژیانه، زیاتر وه‌ك كۆنتێنه‌رێك وایه بۆ هه‌ڵگرتنی هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه‌ده‌درێت به سه‌ریدا به پاسیڤی و به بێ ده‌نگی. به‌ڵام پیاو بۆ ئه‌وه‌ی بنیاتنه‌ر بێت ده‌بێت بڕواته ده‌ره‌وه‌ی خۆی . له‌و كاته‌ی كه ژن یان دایك ده‌ست به‌سه‌ر مناڵه‌كانیدا ده‌گرێت بۆ ئه‌وه‌ی ژیان دروستبكات، له‌وكاته دا باوك یان پیاو مناڵه‌كانی به جێده‌هێت به‌دوای شتێكی گه‌وره‌تردا ده‌گه‌رێت ئه‌ویش بونیادی خۆیه‌تی . پیاو خاوه‌نی ئه‌قڵ و حیكمه‌ته دروستكه‌رو بونیاتنه‌ری ژیانه. ئه‌مجۆره له باوك به‌زمانی (کاڕڵ گۆستاف یۆنگ) پێده‌وترێت؛ (باوكێك له ئاسمان) باوكێكی دووره ده‌ست .
به‌پیاوبوون و به ژن‌بوون واته پابه‌ندبون به‌و نۆرمه نوسراو و نه‌نوسراوانه‌ی كه له‌كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌ن. به‌كارهێنانی توندوتیژی له لایه‌ن پیاوه لادان نیه له سنووری به پیاوبوون و شتێك نییه له‌ده‌ره‌وه‌ی نۆرمی كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌پێچه‌وانه‌وه به‌كارهێنانی توندوتیژی وشه‌ڕانگێزی وێنه‌ی پیاوبوون به‌هێزترو مانادارتر و تۆختر ده‌كاته‌وه ، به‌ڵكو شه‌ره‌نگێزی تا ڕاده‌ی كوشتن به‌رانبه‌ر ده‌بێته‌وه به مانای پیاوه‌تی جوامێری ( به تایبه‌ت كوشتنی ژنان به بیانوی ناموس و ئابڕو). ئه‌و چیرۆكانه‌ی كه ڕۆژانه ڕووده‌ده‌ن و به‌ر گوێمان ده‌كه‌ون ڕاستی ئه‌و دۆگمایه‌مان بۆ دووباره ده‌كاته‌وه (كه توندوتیژی پیاو لادان نیه له سنوری به پیاوبوونی! ). ئه‌وه‌ی له‌م پرۆسه‌یه‌دا له سنووری ڕه‌گه‌زی خۆی لایداوه ژنه، هه‌ر بۆیه هه‌میشه ژن ده‌بێت سزای هه‌ڵه‌كانی خۆی وه‌ردەگرێت.
گه‌ر له ڕووی ده‌رونزانیه‌وه سه‌یری توندوتیژی پیاو دژ به ژن بكه‌ین ئه‌وا توندوتیژی به‌ڕه‌فتاری لاده‌ر داده‌نرێت، ئه‌و كه‌سه‌ی كه ئه‌نجامیده‌دات به كه‌سی لاده‌ر، وه زۆربه‌ی جار ئه‌و كه‌سانه به‌وه‌ش دیاگنۆس ده‌كرێن كه‌كه‌سی نه‌خۆشن و كه‌سایه‌تیان گه‌شه‌ی نه‌كرده‌وه ناجێگیره.
به‌ڵام (ئێڤا لوندگرێن) توێژه‌ر له بواری ژن و(ئایناس/ تیۆلۆژی) ی نه‌رویجی له كتێبی (خودا‌و هه‌موو پیاوه‌كانی تر)دا، ئه‌م گریمانانه ڕه‌تده‌كاته‌وه پێی وایه توندتیژی پیاو په‌یوه‌ندی به تێكچوونی باری ده‌روونیه‌وه نیه. له‌به‌رئه‌وه‌ی توندوتیژی پرۆسه‌یه‌كی دوورودرێژه و پیاو كۆنتڕۆڵی ته‌واوی هه‌یه به‌سه‌ریدا. به مانایه‌كی دی پیاو توندوتیژی به‌ته‌نها به‌رامبه‌ر به‌و ژنه به‌كاردێنێت كه له‌گه‌ڵی ده‌ژی، زۆربه‌ی جاره‌كان له‌و كاتانه‌دا كه به‌ته‌نیان. بوونی كات ، شوێن و كه‌سی دیاریكراو له‌م پرۆسه‌یه‌دا كۆنتڕۆڵی پیاو نیشانده‌دات به‌سه‌ر ئه توندوتیژیه‌ی كه ئه‌نجامیده‌دات.
كۆنترۆڵكردنی ژن واته كۆنترۆڵكردنی ژنێتی، تاوەکو پیاو له‌م ڕۆڵه‌دا سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنێت ،ئه‌وا زیاتر وزیاتر له‌ڕه‌گه‌زی خۆی وه‌ك پیاو نزیك ده‌بێته‌وه‌و ئه‌و ستراكتوره باوه‌ی نێوان ژن و پیاویش به‌هێزتر ده‌كات. به مانایه‌كی دی تێگه‌شتن له خۆی وەک پیاو و ماسكولانتێتی ده‌به‌ستێه‌وه به توانای كۆنترۆڵكردنی به سه‌ر ژن و ژنێتیدا.
ئه‌م كتێبه چاوپێكه‌وتنه له گه‌ڵ ده پیاوی نه‌رویجی كه پله‌و پایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی شیاویان هه‌یه و باس له په‌یوه‌ندی خۆیان ده‌كه‌ن له گه‌ڵ ژنه‌كانیان.
زۆربه‌ی ئه‌و پیاوانه‌ی كه ئێڤا لوندگرێن چاوپێكه‌وتنی له گه‌ڵدا كردوون له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی كه بۆچی له ژنه‌كانیان ده‌ده‌ن و خراپ مامه‌ڵه‌یان ده‌كه‌ن ؟ باس له وه ده‌كه‌ن كه ئه‌وان به فه‌رمانی خودا وا ئه‌م كاره جێبه‌جێده‌كه‌ن و نوێنه‌ری خودان له ناو خێزانه‌كانیاندا!
ئه‌م ژنانه لایانداوه له فه‌رمانی خودا‌و له سنووری به ژنبوونی خۆیان، هه‌ر بۆیه ئیشی پیاوه‌كانیانه كه په‌روه‌رده‌و ته‌مێان بكه‌ن و بیانكه‌نه‌وه به ژنی باش تا خودا له هه‌ردو لایان ڕازی بێت.
ئێڤا لوندگرێن په‌یوه‌ندی نێوان ژن و پیاو به په‌یوه‌ندی نێوان (خودا و به‌نده)به‌راوورد ده‌كات. ته‌ماهیكردن له‌گه‌ڵ وێنه‌ی خودا، هه‌ستكردنی پیاو كه نوێنه‌ری خودایه له ناو خێزاندا وای لێده‌كات كه ڕه‌وایه‌تی ته‌واو به خۆی بدات كه ئه‌و ده‌توانێت بڕیاری خۆشی و ناخۆشی ،ژیان ومردنی ژنه‌كه‌ی بدات.
به ڕای ئێڤا لوندگرێن بۆتێگه‌شتن له هیراركی ده‌سەڵات له نێوان ژن و پیاودا، ده‌بێت باس له هیراركی ده‌سه‌ڵات بكه‌ی له نێوان خودا‌و ئینساندا. خودا‌و مه‌زنه‌و گه‌وره‌یه شوێنی سه‌ره‌وه‌یه له ئاسماندا و خاوه‌نی میهروبه‌زه‌ییه‌و بێهه‌ڵه‌یه، ئینسانیش بچوكه‌و ده‌بێت هه‌میشه ملكه‌چی خودای گه‌وره‌بێت تا ڕه‌حم و به‌زه‌یی و ڕازیبونی خودا به ده‌ستبێنێت. دوا جاریش ئه‌وه‌ی باش و خراپی تۆ بڕیارده‌دات وه‌ك ئینسان، هه‌ر خودایه.
لێره‌دا گه‌ر خودا پیاو بێت و پیاویش خودا خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ها! ئه‌ی چی ده‌مێنێته‌وه بۆ ژن؟جگه له بچوكی و ملكه‌چی نه‌بێت .
تەواو
سه‌رچاوه؛
Lundgren, Eva (1993:2) ”Gud och Alla Andra Karlar” NaturochKultur
Jung i Paul Moxnes ” Hjältar, Häxor , Horor” Natur och Kultur