بێزەحمەت سێڵفیەکمان بگرە!

Loading

 ژیان لە تۆڕی ئەلکترۆنییدا؛ ژیانێکی هەڵەیە، سێڵفی کوانتۆمی ئەم ژیانە هەڵەیە، وێنەگرتن و بڵاوکردنەوەی وێنەی خۆت بەدەستی خۆت؛ زمانی بێ زمانە..ئەمڕۆ سێڵفییەکەت لە جێی خۆت قسە دەکات، لە جێی خۆت شاد و لەجێی خۆت غەمگین دەبێت.. ورد سەرنج بدە؛ دەبینی سێڵفییەکان شت دەڵێن؛ گفتوگۆ دەکەن، پێدەکەنن، توڕە دەبن… سێڵفی شوێنگۆڕکێی خۆتە لە کەنارەوە بۆ چەق، ئەم سێنتراڵیزەکردنەی خۆت، شەڕی ئەوەیە؛ کە بڵێی منیش هەم، منیش لێرەم، ئەمە منم.

مۆنالیزای پۆست مۆدێرن؛ لێویکی فووطیکراو و سێلفی !
مۆنالیزای پۆست مۆدێرن؛ لێویکی فووطیکراو و سێلفی !

تەماشای ئینستیگرام، تەماشای تویتەر و فەیسبووک بکە؛ سێڵفی لەگەڵ پاپا و مەلا و سەرۆک، سیڵفی لەگەڵ تابووت و تەرم و مردوو، سێڵفی لە خەوی گێژی دوای سێکسدا، لە کەنار دەریا، لەسەر جادەی پیس، لە خۆپیشاندان… جا مرۆڤ لە کوێ سێڵفی نەگرتووە؟!

ئەگەر سینەما، شانۆ، کتێب، بەگشتی هونەر و ئەدەبی پۆست مۆدێرن لەچاپە ناوەکییەکەیدا؛ ناپەیامانە وەستانێکی توندبێ لەسەر تاک، دەرخەری عەیبوعارەکانی بێت، نێشاندانی ئەو کەلێنە گەورانەبێ کە لەم سەیدی مەخلوقاتەدا هەیە، لەچاپە دەرەکیەکەشیدا؛ ڕەخنەکردنی سیستەم و نا عەدالەتی دونیا و ڕاکردن بێت لێیان؛ ئەوا سەرەنجام ئەدەب و هونەر؛ پێچکردنەوەیە بەدەوری خۆتا، کەچی سێڵفی؛ لێدانە لەم سوبێکتیڤەش بە سوبێکتیڤێکی تر کە خۆیەتی!

سێڵفی دڵنیاکردنەوەی خۆتە لەوەی لە جیهاندایت، کاتێ سێڵفییەکی خۆت دەخەیتە بەرچاوی ئەوانی تر؛ دەتەوێت ئەوان تۆ ببینن و بە بیننیت بوونی تۆ پشتڕاست بکەنەوە.. واتا ئەوەی لە سێڵفیدا گرنگە؛ پرۆسەی نیگاکردن، شێوازی خۆخستنە بەرچاوە، بەوەدا لە دونیای سەرمایەداریدا؛ مرۆڤ وەک تاک ونە، شتێکە کە نییە، ئیتر لێرەوە سێڵفی؛ زمانحاڵی نــــــایەکی گەورەیە بەو ونبوونە.

سێلفی هەندێک جار بریندارکردنی کایەی تایبەتی ئەویترە...
سێلفی هەندێک جار بریندارکردنی کایەی تایبەتی ئەویترە…

پێچەوانەی مرۆڤی بەر لە مێژوو؛ کە باڵندە و ڕم و پادشاکانیان لەسەر تاشەبەردەکان، بەقەدپاڵی شاخ و ئەشکەوتەکانەوە نیگار دەکرد، مرۆڤی نوێ؛ تەنها خۆی نیگار دەکات؛ بە زمانی حاڵ دەیەوێت بڵێت؛ ئەوەی لەگەڵ مندا نەبێ نییە، بەجۆرێ کاتێ کەسێک لە پاریس لە تەنیشت بورجی بەناوبانگی ئیڤڵەوە سێڵفییەک دەگرێ، نایەوێ بڵێ ئەوە منم لە تەنیشت ئیڤڵەوە، بەڵکو دەیەوێ بڵێ؛ ئەوە ئیڤڵە لە تەنیشت منەوە..! ئەگەر هایدگەر لێرەبایە؛ دەبوو دەستکاری فەلسەفەکەی خۆی بکردایە، ئێستا ئیتر بوون؛ لەگەڵ ئەوانی تر پێشمەرجی بوون نییە.. ئێستا شاشەی بچووکی هاندەکەی من؛ پێشمەرجی بوونی ئەوانی ترەوە، بەجۆرێ ئەوەی نەیەتە وێنەکەمەوە و لە تەنیشت منەوە دەرنەکەوێت؛ ئیدی ئەو کەسە، ئەو شتە، ئەو شوێنە بوونی نییە…