بیرتدەکەم کاک شێرکۆ

Loading

ئەمڕۆ دوو ساڵ تێئەپەرێت بەسەر مەرگی شێرکۆ بێکەسدا، بڕیارمدا بچمە باخچەکە تا سەبەتەیەک لە نۆبەرەی هەنجیری دوو ڕیزە دارهەنجیرەکە و جوانترین بۆڵەترێ لە ناو ترێکاندا هەڵبژێرم و لێی بکەمەوە، ئەو هەنجیرانەی لەباڵای من بەرزتر بوون و تەواو گەیبوون زۆرینەیان باڵدارەکان خواردبونیان یان چەند دەنوکێکیان لێدابوون و شکاندبوونیان، لەژێر گەڵا پان و تۆزاوییەکانی دەر هەنجیرەکاندا دەنکە هەنجیرەکان بە سوکە ڕاکێشانێک بەدەستمەوە ئەهاتن و هەندێکجار توێکڵی هەندێکیان لە ناسکیدا بەسەری پەنجەم ئەڕوشان و ژێر نینۆکیان شیلاوی ئەکردم، مریشکەکان بەدەم گارەگار و دەنوک وەشاندن و باڵ ڕاوەشانەوە دوای هەنگاوەکانم کەوتبوون، بەلێکردنەوەی هەنجیرە خوراوەکانی ژێر دەنوکی باڵدارەکان و خستنە بەردەمیان لە دوای خۆمەوە ئەمخڵافاندن و ئەوانیش ڕازی لەو ژەمە شیرین و بۆندارە بە گارە گار سوپاسیان ئەکردم، شنەیەکی فێنک چەند جارێک ناو سنگی دار هەنجیرەکانی فێنک کردەوە و جلەکانم بۆنی هەبجیریان گرت. چومە ژێر چڵە خۆکشاو و هەڵواسراوەکانی مێوەکان، چاوم گێڕا هەرە جوانترین و پڕترین بۆڵم لە چەندان جۆری جیاوازی ترێ هەڵبژارد و خستمە ناو سەبەتەکەمەوە، من لەگەڵ هەموو هەناسەیەکمدا بیرم لە شێرکۆ بێکەس و شیعرەکانی و یادەوەریەکانی ئەکردەوە، لەبەرکەوتنی شنەیەکی پەرشبووەوەی ناو دارهەنجیرەکانەوە و گەیشتنی بە دار مێوەکان، شیعرێکی شێرکۆم بیرکەوتەوە کە لە منداڵیدا زۆرم پێ جوان بوو و ئەزبەرم کردبوو، باس لە قوملێدانێکی ترشیاتی ناو جامە فافۆنێک ئەکات بە دزییەوە لە سیلەی کۆڵاندا و کەفی سابونی ناو حەمام و دەنگی جوڕنە ئاو و… چاوەکانم پڕبوو بوون لە شێرکۆ بێکەس و لە تویژاڵێک فرمێسکی بە زەحمەت خۆ بۆ گیراو، ئەو ڕۆژانەم بیر ئەکەوتەوە کە دارەدارەی شیعرم ئەکرد و دێڕە شیعرەکانی ئەوم لە دیوانەکانیدا هەڵ ئەبژارد و بە جیا لەگەڵ چەند دێڕە شیعرێکی خۆمدا شیعرێکم لێ دروست ئەکرد و هەستم بە شاعیربوون ئەکرد و دواتر وەک ئەوەی بە دزییەوە ماچێکم کردبێت هەمیشە ئەمشاردەوە و باسم نەئەکرد.

ئەو ڕۆژانەم بیر ئەکەوتەوە کە من و هاورێی هەرزەکارە شاعیرەکانم، سەرەتای هەموو دانیشنێکی مەی نۆشینێک بە دزییەوە شیعرێکی بڵاوکراوەی شاخی ئەومان ئەهێنا و زۆرینەی جار من ئەمخوێندەوە و چاومان پڕ ئەبوو لە فرمێسک و ژێر پێستمان لە مێروولە. ڕۆژەکان و ساڵەکان تێ پەڕین و نزیکتر کاک شێرکۆم ناسی.

پیاوێکی دڵ و دەروون پاک و وەک هەموو کوردێک زوو هەڵچوو و زووش ئاشت، تاکە شاعیرێک کە من لە ژیانمدا بینیبێتم و ڕۆژانە بنووسێت، شاعیرێک کە زیاتر ڕووداوە کتوپڕەکان و  کارەساتەکان وەک دەف ئەیانهەژاند و وەک ئەژدیهایەک بە گڕی سینەی خۆی بنووسێت ئاوا ئەینووسی، کوردبوون بۆ ئەو موسیبەتێک بوو لە پشتی داهێنانە شیعریەکانییەوە هەمیشە وەک سێبەری عەشقێکی ناکام و هەمیشە بریندار وەستابوو. لەچاو هاوەڵە شاعیرەکانی خۆیدا هەمیشە سادە و نزیکە داهێنان و جوانی بوو، دۆستی شاعیرە گەنجەکان بوو.

من ئێستا گوێ لەو مۆسیقایانە ئەگرم کە ئەو لە دواڕۆژەکانی بەجێهێشتنی یەکجارەکی ئێمە لە ژوورەکەی ئارام عەلی گوێی لێ ئەگرت و ورد ورد فرمێسک بە چاویا ئەڕژانە خوارەوە.

بۆڵە ترێکان و هەنجیرەکانم لە دوو قاپدا لەسەر مێزێک داناوە، چاوەرێی هاوڕیکانم ئەکەم، کەمێکی تر بێن و بەدەم زڕەی پێکدادانی پیاڵەی شەرابەکان و گوێگرتن لە مۆسیقا و بەدەم خواردنی دەنکە ترێ و هەنجیرەکانەوە باسی کاک شێرکۆ و شیعرەکانی و جوانییەکانی بکەین.

من ئەمڕۆ بەم جۆرە یادی ئەم شاعیرە ئەکەمەوە، ئێوەش بەجۆری خۆتان یادی بکەنەوە، با عاشقەکان بچن یەکەم ماچیان لەسەر گۆڕەکەی ئەو بکەن، بچن مۆسیقا لەسەر گۆڕەکەی ئەو لێ بدەن و لە باخچە هەژارەکەی ناو حەوشەکانیان تەنیا گوڵێک لێبکەنەوە و بیخەنە سەر گۆڕەکەی. یادی شاعیرەکان ئەبێت لە هیچ یادێکی تر نەچێت، هەمەڕەنگ و هەمە بۆن و هەمە جۆر بێت، وەک خۆیان وەک شیعرەکانیان.

بیرتەکەم کاک شێرکۆ