جلال طالباني‎ Jalāl Ṭālabānī; 1933 – 3 October 2017)[

ئەجـێـندای بەکارهێنانی جەستە و کارەکتەری تاڵەبانی


Loading

سۆران ئازاد؛ نوسەر لەبواری رەخنەی فیکری
سۆران ئازاد؛ نوسەر لەبواری رەخنەی فیکری

تاڵەبانی ئەو کەسایەتییە سیاسییە پڕ کێشەیەیە، کە بە ونبوونی ڕۆڵی سەبجێکتیڤانەی، کۆمەڵگای ڕووبەڕووی کێشەی گەورە کردەوە. ئەگەر نەخۆشکەوتنی تاڵەبانی نەبێت، زۆرێک لە هاوکێشەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت دۆخی ئاسایش، ئابووری و سیاسیی عێراق و کوردستان بەو شێوەیەی ئێستا ناجێگیر نەدەبوو. ئەو ڕاستییە بە تەنیا پێوەندیی بەوە نییە، کە کارەکتەری تاڵەبانی کاریگەر و بەهێزە، بەڵکو زیاتر پێوەندیی بە لاوازیی و ناتەندروستیی کۆمەڵگە و کەلتووری گەشەنەکردووی کورد و ناوچەکەوە هەیە.  ئەگەرنا، بەبێ بوونی تاڵەبانییش ئەگەر کەلتوورێکی گەشەکردووی ڕۆشنبیری و سیاسی هەبێت، ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکان دەبێت بە پێویستییەکی واقیعی لەپێناو گەشەکردن. کاتێک ئاستی بیرکردنەوەی تاکەکان بەردەوام لە گەشەکردن و بەرەو پێشەوەچوون دابێت، قەیرانە گەورەکان نەک بە تەنیا تێکدەشکێندرێن، بەڵکوو بۆ ئاستی جیاوازتر دەگوازرێنەوە لەپێناو ئەوەی بەشێک بن لە پرۆسێسی گەشەکردن و فەراهەمکردنی سەقامگیری زۆرتر.

ئەو پێویستییە بەرچاوەی کۆمەڵگەی کوردی بۆ کارەکتەری تاڵەبانی هەیەتی دەرخەری بۆشاییە قووڵەکانی نەبوونی هۆشیارییە. ئەوە جەستە و ئامادەیی فیزیکی تاڵەبانی نییە، کە کۆمەڵگەی کوردی پێویستی پێیەتی، بەڵکو ئاستی هۆشیاریی تاڵەبانییە. ئەو هۆشیارییە ئۆبجێکتیڤە، واتە دەکرێت لە جیاتی تاڵەبانی کەسانی تریش هەیانبێت. ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین جەستەی فیزیکیی تاڵەبانییە، کە ماوە، بەڵام هۆشی تاڵەبانی نائامادەیە. ئەو ڕاستییەش پێمان دەڵێت نائامادەییی هۆشیاری بەرهەمهێنەری ئەو قەیران و گرفتە سەرەتاییانەیە، کە سەرتاپێی ژیانی تاکەکانی لە کوردستان و ناوچەکەدا ڕووبەڕووی ناسەقامگیری و شێواوی کردووەتەوە. بۆ خوێندەوەمان بۆ تاڵەبانی لە چوارچێوەی کولتورێکی گەشەنەکردووە. ئەگەرنا، تاڵەبانییش بەشێکە لەو داینامیکەی کۆمەڵگە دەخاتە حاڵەتی چەقبەستنەوە. تاڵەبانییش وەکو ڕۆشنبیران و سیاسییەکانی دەوروبەری لە زۆر ئاستدا چەقبستووە و بێدەستەڵات کەوتووە بۆ ئەوەی بتوانێت کەلتووری چەقبەستووە بشڵەقێنێت و بیخاتە جووڵەوە. هەر لە ڕاستیدا ئەو چەقبەستنەیە وایکردووە تاڵەبانی ببێتە باوکێکی بەهێز و فیگەری گشتی.

لە لایەکی ترەوە ناکرێت ئاماژە بە ڕۆڵی بەهێزی تاڵەبانی نەدەین لە کولتور و کۆمەڵگەیەکی گەشەنەکردوودا، چونکە تاڵەبانی بە درێژایی زەمەنی ژیان و کاری سیاسیی خۆیەوە کارەکتەرێکی جیاواز و گەشەکردووە بەراورد بە ئاستی ڕۆشنبیر و سیاسییەکانی دەوروبەری. تەنانەت ئەو تێپەڕاندنە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەی تاڵەبانی هەیەتی، زۆربەی ڕۆشنبیران و سیاسییەکانی کورد نەیانتوانیوە پێی بگەن. تاڵەبانی بەو کارەکتەرە سیاسییەیەوە توانیویەتی واقیعی زۆربەی ڕۆشنبیرانیش تێبپەڕێنێت و بە هێزێکی زیاتر لەوان ڕووبەڕووی زۆر تابووی کۆمەڵگەی کوردی ببێتەوە.

ئەو کاتەی هاوسەرەکەی تاڵەبانی (هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد) لە شاخ لەگەڵ پێشمەرگەکان بە کامێرایەکەوە ئەرشیفی ژیانی شۆڕشی نوێی دەکرد، زۆربەی ژنانی کورد، بە هاوسەری ڕۆشنبیرە گەورەکانیشەوە ژنانی ماڵ و پارێزەری نۆرمە داخراوە کۆمەڵایەتییەکان بوون. هەر ئەو کاتەیە (عەبدوڵا پەشێو) شیعری (لە دەستم دێت) دەنووسێت و بڵاویدەکاتەوە. لەو شیعرەدا (پەشێو) هەموو هێزی خەیاڵ و بیرکردنەوەی خۆی بە کار دەهێنێت بۆ ئەوەی بە جۆش و خرۆشی زۆرەوە هەڕەشە لە (ژن) بکات، چونکە لەوێدا کۆمەڵگەیەک و کەلتوورێکی گەشەنەکردوو ئەو مافەی پێ داوە و پشتگیریی لێ دەکات. ئەو شیعرەی بەرهەمی بیرکردنەوەی سەرەتایی (primitive thinking)یە. ئەو جۆرە بیرکردنەوەی، کە وەکو (هێگڵ) پێی دەڵێت (sensuous certainty) و پێی وایە، کە سەرەتایترین و ڕووکەشترین شێوە و ئاستی هۆشیارییە بۆ خوێندنەوەی واقیع. ئاستێکە پەیبردن بە حەقیقەت تەنیا سنووری ڕووکەشی بابەت یان ئۆبجێکت دەبینێت و لەو چوارچێوەیەشدا مامەڵە لەگەڵ هەقیقەت دەکات.

بە دیدی (هێگڵ) لەو ئاستەدا هێزی مەعریفە بۆ پەیبردن و دۆزینەوەی هەقیقەت لاوازە، ناتوانێت لەگەڵ بابەتەکە هاوسەنگیی تێگەیشتن دروست بکات. بۆیە هێزی تێگەیشتن لەو ئاستەدا لەگەڵ بابەتەکە یەک ناگرێتەوە. بەڵام (پەشێو) بە پشتبەستن بە سەرمایەی کەلتوورێکی داخراو و چەقبەستوو، زۆرترین هێزی خۆی دەخاتە کار بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی نۆڕمە داخراوەکان سوکایەتی یان بەهای (ژن)ی بەرامبەر کەم بکاتەوە. هێنانەوەی نموونەی (پەشێو) لەبەر ئەوەیە، کە ڕۆشنبیرێکی دیاری ئەو زەمەنە بوو، کە تاڵەبانی لەگەڵ هاوسەرەکەی بەیەکەوە لە شاخ شۆڕش دەکەن و (پەشێو)یش سەرقاڵی سوکایەتیکردنە بە بەهای ژن.

نمونەیەکی تر نامە نهێنییەکەی تاڵەبانییە بۆ وەزارەتی ناوخۆ. لەوێدا تاڵەبانی داوا هێزەکانی ئاسایش دەکات ڕێگری نەکەن و کاریان بەو کچ و کوڕانە نەبێت، کە بە تەنیا لە دەرەوە و ناوەوەی شار دوور لە ئاگاداریی کەسوکاریان بەیەکەوەن. لە هەمان نامەدا، داوا لە بنکەکانی پشکنین دەکات کێشە و بەربەست بۆ ئەو کچ و کوڕانە دروست نەکرێت و ڕانەگیرێن. هەر لە هەمان کاتدا، ڕۆژنامەی (هاوڵاتی) ئەو نامە نهێنییە بڵاو دەکاتەوە. هەر لەو کاتەدا، ڕۆشنبیرەکانمان لەوانە ڕەهەندییەکان بە شانازییەوە بۆ ئەو ڕۆژنامەیان دەنووسی و هیچ هەڵوەستێکیان دژی ئامانج و ئەو کارەی ڕۆژنامەی (هاوڵاتی) دەرنەبڕی. ئامانجی ئەو ڕۆژنامەیە شێواندنی وێنەی تاڵەبانی بوو لە بەرانبەر پیاوانی ئایینی، کۆمەڵاتی و کۆنسەرڤاتیڤەکان، چونکە زۆرایەتیی کۆمەڵگەی کوردیان پێکهێناوە. ئەو ڕۆشنبیرانەش بۆ ئەوەی جاماوەر لەدەست نەدەن، بە بێ دەنگی مانەوە.بەڵام هەر ئەوان هەستیان بەوە کرد ئەو جۆرە بیرکردنەوە و کارانەی تاڵەبانی ئاستی هۆشیاریی ئەوانی تێپەڕاندووە، چونکە ئەوەی تاڵەبانی کردی لەپێناو ئازادیی تاکە. بەڵام ڕۆشنبیرەکانمان خۆیان کێشەیان لەگەڵ ئازادیی هەیە، بۆیە زۆرترین سڕینەوە و شەڕی ڕووکەشی فیکری لەنێو ئەوان دایە.

سەیر ئەوەیە کاتێک تاڵەبانی باسی ئازادی و نان بۆ نووسەران دەکات، ڕۆشنبیران سەرقاڵی تۆمەت خستنەپاڵ یەکتر و سڕینەوەی یەکترن. هەر ئەوان (جاهیل)، (گەمژە)، (بیرنەکەرەوە) و دەیان ئاوەڵناوی تر بۆ یەکتر بە کار دەهێنن. کۆمێدیا ئەوەیە، کە لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان ئەوە سیاسییەکانن هەموو هەوڵەکانی خۆیان دەخەنەگەڕ بۆ ئەوەی لە ئاستی ڕەزامەندیی تاکە هۆشیار و ڕۆشنبیرەکانی کۆمەڵگەکەیاندا بن، کەچی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا تاڵەبانی ئاستی ڕۆشنبیرانی تێپەڕاندووە. ئەو ڕۆشنبیرە دەستەڵاتی هۆشیاری و مەعریفەی خۆی بەسەر کۆمەڵگە دەسەپێنێت، بەڵام ڕۆشنبیری کوردی لەبەر ئەوەی حەشامەت و جەماوەر لەدەست نەدات، هەموو هەوڵەکانی لەوەدا چڕ دەکاتەوە، کە زیاتر و زۆرتر جێگەی ڕەزامەندی هەمووان بێت، بۆیە هەرگیز بوێریی ئەوەی نییە لە بەرانبەر بەها چەسپیووەکانی کۆمەڵگا، وەکو تاڵەبانی ڕیسک لەپێناو ئازادیی تاکدا بکات.

ئەو ڕیسکانەی تاڵەبانی پێوەندیی بە کارەکتەرە شۆڕشگێڕبوونەکەیەتی. تاڵەبانی شۆڕشگێڕە.  شۆڕشگێڕبوونی تاڵەبانی بە مانا باوەکەی، کە لە کەلتوور و سیاسەتی کوردیدا باوە هێندە مانادار نییە، چونکە تاڵەبانی زۆرجار بە زۆر بۆچوون و دیدی ڕووکەشیانەی کۆمەڵگەی کوردی حوکمی لەسەر دراوە، لەوانە جاش، ساڵی شەست و شەش، بوون بە عێراقی، باوەڕنەبوون بە دەوڵەتی کوردی، ئیشکردن تەنیا لەپێناو بەرزکردنەوەی ناوی خۆی و دەیان حوکمی تری ڕووکەش. پێچەوانەی ئەو جۆرە حوکمانە، کە هەڵگری دیدی پۆزەتیڤن بۆ تاڵەبانی هەمان مێتۆدن بۆ بچووکردنەوەی ڕۆڵی شۆڕشگێرانەی ئەو.

مەلا مستەفا بارزانی و مام جەلال
مەلا مستەفا بارزانی و مام جەلال

شۆڕشگێڕبوونی تاڵەبانی بە تەنیا لەو کاتەوە دەست پێ ناکات، کە یەکێتی دادەمەزرێنێت، بەڵکو لەو کاتەوە دەست پێ دەکات، کە هەست بە جیاوازیی خۆی لەگەڵ ئەوانی تردا دەکات. بەتایبەت کاتێک لەناو (پارتی دیموکراتی کوردستان) ناکۆکی لەگەڵ باڵی (مەلا مستەفا بارزانی) دروست دەکات، بەوەدا، لەو کاتەدا، (مەلا مستەفای بارزانی) فیگەری پیرۆزی و سیمبۆل و نوێنەری کۆمەڵگەیەکە، بەڵام لەژێر ئایدۆلۆجیای خێڵەکی. تاڵەبانی بە تەنیا دژی کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی (مستەفا بارزانی) ناوەستێتەوە، بەڵکو دژی ئەو ئایدۆلۆجیا خێڵەکییەش دەوەستێتەوە، کە خەرمان و پاشخانی کەلتووری و کۆمەڵایەتی لەپاڵیەتی. ئەو جۆرە شۆڕشگێڕبوونە مەرج نییە پۆزەتیڤ یان نێگەتیڤ بێت، بەڵکو ساتی دەستپێکردنی کارەکتەری شۆڕشگێڕە، کە بەردەوام خۆی و ئەوانی تر تێدەپەڕێنێت. شۆڕشگێڕبوونی تاڵەبانی پێوەندیی بە قۆناغێکی دیاریکراوەوە نییە، بەڵکو پێوەندیی بە ئەکتیڤبوونی خۆی لە دۆخە جیاوازەکاندا هەیە، بۆ نموونە تاڵەبانی چ ئەو کاتەی لە دەستەڵاتە، چ ئەو کاتەی لە شاخ، هەڵگری پێناسی کارەکتەرێکە، کە بەردەوام لە جووڵە و گۆڕانکاری گەورە دایە، ئەوەش تاڵەبانی دەکاتە کارەکتەرێکی بزێو لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی. ئەگەرچی تاڵەبانی سکرتێری گشتیی یەکێتییە، بەڵام لەناو یەکێتیشدا کارەکتەرێکی تەنیایە، وەکو چۆن لە نێوەندی سیاسیی کوردیدا ڕووبەڕووی هەمان تەنیایی بووەتەوە.

تاڵەبانی لە ئێستادا نەخۆشە و هیچ جووڵەیەکیشی نییە بۆ ئەوەی بتوانێت بەو وزەیە بەردەوام بێت و کاریگەریی خۆی هەبێت لەسەر ڕووداو و ئاڕاستەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی، بۆیە دەبێت دان بەوەدا بندرێت کارەکتەری سیاسیی تاڵەبانی مردووە. تاڵەبانی وەکو کارەکتەرێکی مێژوویی بەرهەمی پێویستیی مێژووە بۆ بەرەوپێشچوونی ڕەوتی مێژوو لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادیدا، بەڵام کارەکتەری مێژوویش کۆتایی هەیە و ئەو کۆتاییەش بەشێکە لەو پڕۆسێسە مێژووییە، کە کەسایەتی دروست دەکات و لەناوی دەبات، بۆیە کۆتایهاتنی ڕۆڵی تاڵەبانی بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە بەر لەوەی فاکتێکی واقیعیی دۆخی سیاسیی کوردستان بێت، فاکتێکی مێژووییە و هەموو کارەکتەرە مێژووییەکانی دنیا ڕووبەڕووی بوونەتەوە و دەبنەوە.

قارەمانەکان هەمیشە قارەمان نین و چەمکی نەمریش بۆ قارەمان تەنیا وەهمێکە، چونکە وەکو (هێگڵ) پێی وایە ئەوە پێویستیی مێژووە وا دەکات قارەمان دروست بێت و فاکتی مێژوویشە دەیمرێنێت، چونکە ڕەوتی بەدەستهێنانی ئازادی لە مێژوودا پێویستی بە لەناوبردن و دروستکردنی بەردەوام هەیە. تاڵەبانییش یەکێکە لەو کارەکتەرە مێژوویانە و کۆتاییی ئەویش پێویستیی مێژوو خۆیەتی بۆ گەشەکردنی بەردەوام لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادیدا. بەڵام گەشەی مێژوویی دەبێت لەپاڵ هۆشیاریدا بێت.

کاریکاتێر؛ مەسعود بارزانی

ئەمڕۆ بۆیە لە کوردستاندا لە جیاتی گەشەکردن ڕووبەڕووی قەیرانی دواکەوتن بووینەتەوە، چونکە ئاستی هۆشیاریی ئەو کۆمەڵگەیە بەشی ئەوە ناکات ئازادییەکانی گەورەتر بکات و خاوەنی دەستکەوتی زیاتر بێت. بەردەوام بانگەشەی سواوی وەکو (ڕیفراندۆم) و (ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی) ئاماژەی ناڕاستەوخۆن بۆ ئەو بۆشاییە گەورەیەی لە کۆمەڵگەی کوردیدا بەرانبەر بە ئازادی دروست بووە. هێندەی کێشە قووڵەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردی بەرهەمی تەسکبوونەوە و شێواویی ژیانی تاکەکانە، هێندە هۆکارە دەرەکییەکان کاریگەر نین.

بەناو مێژوودا دەگەڕێین بۆ ئەوەی بیانوو بۆ دواکەوتن و قەیرانە سەرەتاییەکانماندا بدۆزینەوە، بۆیە هیچ سەیر نییە (مەسعود بارزانی) ماوەیەکە ڕووی کردووەتە سەر پەیمانی (سایکس-بیکۆ) و بیانوو لە دوای بیانووی پێ دەگرێت بۆ ئەو هەموو کێشانەی ناهۆشیاریی خۆی و بنەماڵە و کۆمەڵگەکەی بەرهەمی هێناون بیپۆشێت و بیشارێتەوە.

بەڵام پرسیارە بنچینەییەکە ئەوەیە، کە بۆچی دۆخی جەستەیی و هۆشەکی تاڵەبانی ڕەچاو ناکرێت؟ مامەڵەکردن بە تاڵەبانی لە ئێستادا مامەڵەیەکی بابەتیانە یان ئۆبجێکتیڤانەیە، کە تەنیا بریتییە لە بەکارهێنانی خودی تاڵەبانی. لە کاتێکدا کەسایەتی تاڵەبانی بەوە ناسراوە، کە کارایە یان سەبجێکتیڤە. بەوشێوەیە بەکارهێنانی جەستە و بوونی تاڵەبانی بەرهەمی ئەو کەلتوورانەیە، کە تێیدا بەهای تاک ناجێگیرە و مامەڵەیەکی تەندروستانەش لەگەڵ بەهاکانیدا ناکرێت.

بەر لە هەر شتێک پاڵنەری بەکارهێنانی تاڵەبانی ڕەهەندی کەلتووری لە خۆ گرتووە و دەرئەنجامی پێویستیی خەڵکە، بە تایبەت یەکێتییەکان. لە کەلتووری کوردیدا باوک سێنتڕاڵی دیاریکردنی ژیان و چارەنووسە، بۆیە لە دەرەوەی باوکدا ژیان مەحاڵە. ئەوەی وای کردووە تاڵەبانی ببێتە باوکی گەورە ئەو ناهۆشیارییەیە، کە سەرتاپێی کۆمەڵگەی کوردی گرتووەتەوە، چونکە لە ڕابردوودا مام جەلال لە جیاتی شوێنکەوتوانی بیری دەکاتەوە و بڕیاری دەدا.

لە دەرەوەی تارمایی تاڵەبانی، بیرکردنەوە و بڕیاردان وزە و هەوڵدانی بەردەوامی پێویستە. تەمەڵیی بیرکردنەوە و گەشەکردن لە لایەن تاکەکان چ بە هۆی نەبوونی مۆتیڤەیشن بێت لەنێو تاکەکاندا چ بەهۆی سیستەمی پەروەردە و ژینگەی کۆمەڵایەتی و نەبوونی رۆحی یاخیگەرانە، بەرهەمهێنەری ئەو کەلتوورەیە، کە تێیدا باوک پیرۆز دەکرێت و سێنتڕاڵی بیرکردنەوەی هەمووان داگیر دەکات. لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، تاڵەبانی باوکێکی کۆنسەرڤاتیڤ نییە، هەر بەو هۆیەوەیە توانی کاریگەریی هەژێنەر دروست بکات، بەڵام لە دوای خۆیدا شوێنکەوتوانی بۆ ڕاکێشانی دەنگی جەماوەر دەگەڕێنەوە بۆ سەر هەمان ئەو نۆرم و نەریتە باوانەی، کە وا دەکات حەشەمات بە دەوری خۆیدا ڕابکێشێت بە تایبەت بنەماڵەکەی، لە کاتێکدا گەورەترین شەڕی تاڵەبانی بریتیە لە ڕووبەڕووبوونەوەی دەستەڵاتی بنەماڵەیی، بەڵام ئەوەتا بنەماڵەکەی خۆی مۆنۆپۆلی حیزبەکەی خۆی کردووە.

ئەو مۆنۆپۆلکردنە درەهاویشتەیەکی تری کارەکانی تاڵەبانی خۆیەتی، چونکە وەک باوکی یەکێتییەکان، دەیتوانی یەکێتی لە بنەماڵەیبوون بپارێزێت و خۆیشی نەبێتە ئۆبجێکتی دەستی بنەماڵەکەی بۆ مۆنۆپۆلکردنی دەستەڵاتەکانی ناو یەکێتی و دەرەوە. ئەوەش ئەوەمان بۆ دەردەخات، کە بەر لەوەی تاڵەبانی نەخۆش بکەوێت، ڕۆڵە مێژووییەکەی کۆتایی پێ هاتبوو، چونکە هۆشیاریی تاڵەبانیش گەیشتە ئاستێکی سنووردار و لەوە زیاتر توانای تێپەڕاندنی واقیعی نەبوو. هەر بە تەنیا گەشەکردنی بەردەوامی ئیسلامییەکان و ئەکتیڤبوونیان بەو شێوەیە لە کۆمەڵگەی کوردیدا، کۆتاییان بە کاریگەربوونی ڕۆڵی تاڵەبانی هێنابوو. ئەگەر تاڵەبانی بەردەوام بە هۆشیارییەوە بزێو و ئەکتیڤ بووایە، لانی کەم دەیتوانی لەسەر ئاستی فیکری جووڵەی ئیسلامییەکان تێک بشکێنێت. بەڵام لە جیاتی ئەوە، تاڵەبانی دەڕوات بۆ سعوودیەی عەرەبی و جلی حاجیەکان دەپۆشێت و (قورئان) دەخوێنێت.

کاتێک من ئەو بۆچوونە دەنووسم، زۆرایەتی پێی وایە من لە کایەکانی سیاسەت تێناگەم، چونکە ئەوەی تاڵەبانی و هاوشێوەکانی تاڵەبانی دەیکەن ستراتیژ و سیاسەتە. لە دیدی کۆمەڵگەی ئێمەدا درۆکردن و دەبڵ مۆڕاڵی لەپێناو بەرژەوەندیی کەسیدا کارێکی ئاساییە و قبووڵکراوە، بۆیە ئەو هەڵسوکەوتەی تاڵەبانی بەشێکە لە سیاسەت و ستراتیژی هۆشیارانەی. بەڵام کۆمەڵگەی کوردی بۆیە بەردەوام دەکەوێتە ئەو دۆخە نەخوازراوانە، چونکە تووشی هیچ جۆرە شۆکێک نابێت، کاتێک سیاسی و ڕۆشنبیرەکانی درۆزن و دەبڵ مۆڕالن.

لە کۆمەڵگە مۆدێرن و پێشکەوتووەکاندا، بۆ نموونە ئەڵمانیا، فڕەنسا، بەریتانیا، سوێد، دانمارک، نەرویج، ئوستڕالیا و بە شێوەیەکی گشتی کۆمەڵگە خۆرئاواییەکان، کاتێک سیاسییەک بەڵێنێک بە هاووڵاتیانی دەدات، دەبێت بیباتە سەرەوە، ئەگەرنا ئەو کابینەیەی دروستی کردووە، دەبێتە مایەی پێکەنین و گاڵتەپێکردن. بە پێچەوانەوە، لە کۆمەڵگەی ئێمەدا درۆ و بانگەشەی هیچ جۆرە شۆک و سەرسوڕمانییەک دروست ناکەن. تاڵەبانی کاتێک دەڕوات بۆ سعودیە و لەوێدا قورئان دەخوێنێت، نە باوەڕی بەو ئایینە و نە باوەڕیشی بە سیستەمی سعودیە و ئیسلامە لە کۆمەڵگەکەیدا. سیاسییەکانی سعودیەش دەزانن، کە ئەو کەسە باوەڕی بە سیستەمەکەیان نییە، بەلاشیانەوە گرنگ نییە، کە باوەڕی پێ هەبێت بێت یان نا، بەڵکوو ئەوەی بەلایانەوە گرنگە ئەوەیە، کە لە بەرانبەر ئیسلام و سیستەمی ئیسلامیدا هەمووان چۆک دابنێن بۆ ئەوەی هەمیشە ئیسلام پێشڕەو و لە سەرووی هەموو بەهاکاندا بێت، نەک لەبەر پیرۆزیی ئیسلام، بەڵکوو لەبەر ئەوەی ئیسلامە تاکە ئایدۆلۆجیایەکی کاریگەری عەرەبیزمە بەسەر ناوچەکەدا. بۆیە دەکرا تاڵەبانی بەو کەسایەتییە کاریگەرەی هەیەتی، هێزی خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئایدۆلۆجیای ئیسلامیزم بخاتە کار و پڕۆژەی سیاسیی خۆی. لێرەدا ناچار دەبین بە تەنیا لە چوارچێوە و هەڵسەنگاندن بۆ کەلتوور و کۆمەڵگەی گەشەنەکردووی کورد، تاڵەبانی بخوێنینەوە، چونکە کاتێک بمانەوێت وەکو کەسایەتیەکی جیهانی تاڵەبانی بخوێنینەوە، هەر زوو ئەو خوێندەوەیە لەو شوێنەدا شکست دەهێنێت، کە تاڵەبانی دەچێت بۆ سعوودیە و قورئان بە دەستەوە دەگرێت. ئەو بابەتە بۆیە بە ئاسایی وەرگیراوە، چونکە تاڵەبانیش وەکو ئەوانی دی بەرهەمی ئەو کەلتوورە چەقبەستووەیە و توانای تێپەڕاندنی ئەو کەلتوورەی نییە بۆ ئەوەی بتوانێت بۆ ئاستی جیهانی بەرز ببێتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، پێچەوانەکانی تاڵەبانی، لەوانە مەسعود بارزانی و بنەماڵەکەی، نەوشیروان مستەفا و لایەنگر و ڕۆشنبیرەکانی دەوروبەری و هاوشێوەی دەورەبەرەکانی، (مەلا بەختیاری سووننە موسڵمان )  و سیاسییەکانی تر بە هەوڵەکانیان، زیاتر و زۆرتر ئیسلامییەکانیان کاریگەر و بەهێزتر کرد. پێش دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان، ڕۆڵی ئیسلامییەکان لە بەشداری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا لەوپەڕی لاوازیدا بوو، چونکە کۆمەڵگەی کوردی و ئاستی هۆشیارییەکەی، بزوتنەوە ئیسلامییەکانی تێپەڕاندبوو. بەڵام بە دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانیەتیکردن لەگەڵیان، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئیسلامییەکان زیاتر خۆیان دەچەسپێنن.

بەر لە بزوتنەوەی گۆڕان، ڕۆشنبیرەکان لەسەرووی هەموویانەوە ڕەهەندییەکان، لەوانە (بەختیار عەلی)، (مەریوان وریا قانیع)، (ڕێبین هەردی) و (فاروق رەفیق) زەمینەیەکی تەواویان بۆ فیکری ئیسلامی خۆش کرد بۆ ئەوەی بتوانێت باڵادەست بێت. بۆیە بە پشتگیریکردن و بە دیموکراسیزانینی یەکگرتووی ئیسلامی و باوەڕبوون بەوەی، کە (مەلا عەلی باپیر) سیاسییەکی تێگەیشتووە و دژ بە دیموکراسی نییە، باڵانسی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئیسلامییەکان بەرز بوویەوە.

مەلا بەختیار لەدیبەتدا لەگەڵ مەلا عەلی باپیر ؛ من عەلمانیەکی موسوڵمانم و سونەشم و کەسی ئاتائیستم قبوڵ نییە ! شوێنی دیبەیت؛ سلێمانی / هۆڵی تەوار 10-4-2016
مەلا بەختیار لەدیبەتدا لەگەڵ مەلا عەلی باپیر ؛ من عەلمانیەکی موسوڵمانم و سونەشم و کەسی ئاتائیستم و بێ ئاینم  قبوڵ نییە !
شوێنی دیبەیت؛ سلێمانی / هۆڵی تەوار 10-4-2016

هیچ سەیر نییە لە دوای ئەو هەوڵانەوە، لە دیبەیتی نێوان دوو مەلا، کە ئەوانیش (مەلا بەختیار)ی سووننە موسڵمان و (مەلا عەلی باپیر)ی ڕێبەری کۆمەڵەی ئیسلامی، (مەلا بەختیار)، کە ئەو هەموو بانگەشەیە بۆ سیکۆلاریزم دەکات، لە ئاست ئیسلامییەکاندا بێدەستەڵات دەمێنێتەوە و ناچار دەبێت بڵێت، کە موسڵمانە و سووننەشە، لە باب و باپیریشیەوە کەسێکی شیعە نادۆزیتەوە.

جگە لەوە، سەرتاپێی ڕەهەندەکانی ئەو دیبەیتە وەستانەوە بوو لە دژی دیموکراسی و سیکۆلاریزم، چونکە چۆن دەکرێت دوو موسڵمان، کە هەمان باکگراوند و باوەڕیان هەیە، دیبەیت لە بارەی دیموکراسی و سیکۆلاریزم بکەن، بەڵام بە شێوە و ڕێگای جیاوازتر لە یەکتر؟

بێگومان وەڵامی ئەو پرسیارە ڕوون و ئاشکرایە، کە هەر لە سەرەتاوە دیبەتی لەو شێوەیە دیبەیت نییە، بەڵکو هەوڵی تاکەکەسین بۆ ململانێکردن لەسەر ئەوەی کامە لە دووانە زیاتر و جوانتر بەرگری لە خۆی و وێنەی خۆی بکات لە بەرانبەر زۆرایەتی و کۆمەڵگەدا. بەو هەوڵە سیاسیانەی بزوتنەوەی گۆڕان، ڕۆشنبیرەکان و گفتوگۆی نێوان ئیسلامی و بەناو سیکۆلارەکان، ئاستی هۆشیاری و کەلتووری کوردی زیاتر و زۆرتر ڕوو لە ئیسلامیزم دەکات و بەو هۆیەشەوە باڵانسی ئیسلامییەکان هەمیشە بەرزتر دەبێتەوە. بۆیە لێرەدا ئەگەرچی تاڵەبانیش بە تەواوەتی نەیتوانی ستراتیژێکی هۆشیارانە و کاریگەر و بەردەوامی لە دژی ئیسلامییەکان هەبێت، بەڵام بە بەراورد بە سیاسی و ڕۆشنبیرەکانی کۆمەڵگەکەی، کارەکتەرێکی تەنیا و هۆشیارتر بوو لە ئەوان.

لە دواین پێشهاتەکاندا، جەستەی تاڵەبانی لە ڕێکەوتنی نێوان یەکێتی و گۆڕان بە کار دێتەوە. لەوێدا، وەکو کاتەکانی تر، تاڵەبانی تەنیا جەستەیەکە و لە لایەن ئەوانی ترەوە بە کار دێت. پاڕادۆکس ئەوەیە، لەو کاتەوەی تاڵەبانی نەخۆش کەوتووە، بزوتنەوەی گۆڕان و لایەنگر و ڕۆشنبیرەکانی، بەردەوام پێیان لەسەر ئەوە دادەگرت تاڵەبانی مردووە. کاتێکیش وێنەکانی پێشان دەدرا، بە حەماسێکی زۆرەوە هەڵدەچوون و باوەڕیان وابوو ئەو جۆرە وێنانە و پێشاندانی تاڵەبانی بەو شێوەیە جگە لە بانگەشە و چەواشەکاری هیچی تر نییە. کاتێک دەیانبینی جەماوەری یەکێتی و کۆمەڵگەی کوردی بە هەواڵی نەمردنی تاڵەبانی باوک دڵخۆشن، هەموو ڕێگایەکیان بە کار دەهێنا بۆ ئەوەی ئەو دیاردەیە لەناو ببنە و ڕۆشنبیرە قورمیشکراوەکانی بە دەنگی بەرز و توڕەبوونەوە باسیان لەوە دەکرد ئەو چەواشەکاریانە ئاماژەیە مردنی دواین هیوای یەکێتییەکان. بۆیە هەر ئەوان لە کۆبوونەوەکاندا دەیانگوت یەکێتی نەماوە و مردووە! سەیر ئەوەیە لە ئێستادا کاتێک خۆیان ڕێککەوتن لەگەڵ ئەو حیزبە دەکەن، بە شانازییەوە دەنووسن بە ئامادەبوونی مام جەلال (کە پێشتر پێیان دەوت جەلال تاڵەبانی) ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی و گۆڕان واژۆ کرا! ئەو جۆرە دەبڵ مۆڕاڵی و ستانداردە لە مێژووی ئەو بزوتنەوەیە ئاماژەن بەوەی، کە ئەو جۆرە بزوتنەوە و هەوڵانە هەرگیز ناتوانن قۆناغێکی جیاواز لە مۆدێلی ڕامیاری و کەلتووریدا دابهێنن، چونکە لە سەرەتاوە پشتبەستوون بە سیاسەتی دەبڵ مۆڕالی و دەبڵ ستانداردی لە توانایدا نییە مۆدێلی جیاواز دابهێنێت.

دەگەینە ئەو ئەنجامەی، کە ئەگێندای بەکارهێنانی جەستەی تاڵەبانی و بەردەوام بڵاوکردنەوەی وێنەکانی لە مێدیای یەکێتی، گۆڕان و لایەنەکانی تر دژ بە مێژوو و کارەکتەری تاڵەبانی خۆیەتی. جگە لەوە، ئەو جۆرە کەلتوور و کۆمەڵگەیەی پێویستی بەو جۆرە دیاردانەیە، توانای بەرهەمهێنانی بیرکردنەوەی جیاواز و پاڕادایمی پێشکەوتووتری نییە. ئەوەی دەکرێت لە لایەک هیچ جۆرە گەشەکردنێک فەراهەم ناکات، لە لایەکی تریشەوە ئەو واقیعە دووبارە دەکاتەوە، کە بەهای تاک لەو جۆرە کەلتوورەدا بەندە بەو مەرجانەی، کە پێویستە تیادا هەبێت. لە دەرەوەی ئەو مەرجانەدا، تاک بوونەوەرێکی بێبەها و پێزانینی وجودییە. بەهای تاڵەبایش لە ئێستادا لای ئەوان بەندە بەو جۆرە بەکارهێنانانەوە بۆ ئەوەی قەرەبووی بەها لەدەستچووەکانی خۆیان بکەنەوە.

تەواو

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.