ئیشقی ئیلاهیی ژنە سۆفیەکان

Loading

 

لە مێژووی سوفیەتدا کەمجار ناوی ئەو ژنانە هێندراوە و باسیان کراوە کە پلەیەکی سوفییان هەبووه‌. ئەگەر ژن توانیوێتی بە درێژایی مێژوو لە ناو دەسەڵاتی سیاسیدا جێیەک داگیر بکات هه‌رچه‌نده‌ به‌ زه‌حمه‌تیش بووبێ، به‌ڵام وەک فیگەرێکی سۆفی جێی نەبۆتەوە، یان زۆر بە زەحمەت ئه‌و جێیه‌ی بۆ کراوته‌وه‌، ئەمەش بە زۆریی پاش مردنی بووە. سۆفیەت وەک پلەیەکی ڕۆحی ئاینیی، جەغت لەسەر لایەنی سەڵتی کەسەکە دەکات. حاڵەتێکە بۆ نزیکبوونه‌وه‌ له‌ یه‌زدان و دۆزینه‌وه‌ی نهێنیه‌ شاراوه‌کانی له‌ مرۆڤ و پرۆسه‌یه‌کی گەیشتنه‌. ئەوەندەی پیاو دەتوانێ بەتەنیا و بە سەڵتی بمێنێتەوە ژن لە ڕوویی کۆمەڵایەتیەوە ناتوانێ و بەربەستی جەستەیی و کۆمەڵایەتی لەبەردەمە. پلەی سۆفیەت پێویستی بە تێپەڕینی چەند پلەیەکی خەڵوەت و تێڕامان هەیە. ژن لەو لایەنەوە لەو وێنەی خەڵوەت و تەنییایە داماڵاراوە. بەلانی کەم ئەمە لە ئاینی ئیسلام و جودایزم باوە. لە مسیحییەت بە هۆی خەڵوەتی راهیبەکان لە دێرەکان ئه‌و وێنەیە باشتر قبوڵکراوە ئەگەرچی زۆر درەنگیش؛ له‌وه‌ش تێپه‌ڕێت ئه‌مه‌ وێنەیەکی نوقسانیشە. لە ئاینی بودی، لەلای هندەکان ژن بێ مێردەکەی ناتوانێ ببێتە سۆفی و خۆی بۆ خودا تەرخان بکات. ئەمەش لە بۆچوونی مسیحیەت و جودایزم و ئیسلام جودایە. سۆفییەت بە پێی پێناسەی فەرهەنگی ژنانی سۆفی، لە مەسیحییەتدا بریتیە لە یەکێتی رۆح لەگەڵ خودا. بەم پێیە شێوازێکە لە هاوپەیوەندی و جۆرە تێو ئاڵانێک لە خودی ئیلاهی و قوڵبوونەوەیه‌ لە خودی یه‌زدان له‌ ناوەوە. بە جۆرێک کە خودا لە ناخی سۆفی نیشتەجێ دەبێ و ئەمە دەیگەیەنێتە ئاستێکی بەرزتر کە گۆڕانکاریی لە خود دروستدەکات؛ جێگۆڕکێ بە منیسۆفی دەکات. بەم پێیە سۆفییەت ئەزموونێکە کەسەکە دەهەژێنێ، چونکو جەستە و رۆح و دڵ لەو ئەزموونە بەشدارن. ئەمەشە کە نیشانیدەدات چۆن لە سەردەم ئەفسانە دێرینەکانی گرێک وەک پاشخانێک بۆ نەریتی ئاینی مەسیحی بایەخێکی گەورە بەو کچە پاکیزانە دراوە کە هەر بە کچێتی دەمێنن و شوو ناکەن، ئەو کچە پاکیزانە وەک لەناو ئەفسانەکانی لاتین و گرێک لە نموونەی خواوەند مینێرڤای پاکیزە، لە پلەی خواوەندێتین و پەرستگەیان بۆ تەرخانکراوە و ئاژەڵیان بۆ کردون بە قوربانیی. ئەم کچانە هەمان بەردەوامبوونی ئەو وێنەییەی حەزرەتی مەریەمیشە کە دەچێتە پلەیەکی بەرزی پیرۆزیی بەرامبەر بە کچە خواوەندەکان.

بە پێی ئەو وێنە باڵایەی خودا، ئەو هێزەی هەموو شت تێدەپەڕێنێ، کە کەس نایگاتێ، بە تایبەتی لە ئیسلام، چونکو ناتوانین تەنانەت وێناشی بکەین، ئەم لایەنی گەیشتن بە نیرڤانا کە لە ئاینی بودی باوە، لە ئاینە ئاسمانیەکان کاری پێ ناکرێت، یاخود بە پێی یاسایەک کاری پێ دەکرێ بواردەدات بە ڕێوڕەسمی ئاینی لێی نزیکبیەوە؛ واتە چ بە نوێژکردن و رۆژووگرتن، چ بە چوونە ناو خەڵوەت و تێڕامان. لەو هەلومەرجی یاسایە ژن دەتوانێ نوێژبکات و رۆژوو بگرێت وەک فەرزێک، بەڵام خەڵوەت و تێڕامان ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ڕێی پێ نەدراوە پێی هەڵسێت. خەڵوەت پلەیەکە کە پێویستی بە دوورکەوتنەوەیە، مەرج نیە لەمەودا بێت، بەڵکو ئەمە ڕوویەکی کۆمەڵایەتی هەیە، لە ڕووی ئەوەی تەنییای خۆ تەرخانکردن بۆ خودا بپارێزێ، کەس نەیبینێ، چرکەی تەنیای خۆی و پەیوەندی بە خودا کەس بەری لێڵ نەکات. بێجگە لەوەی ژن سووڕی مانگانەی هەیە و پیاو نییەتی. لەم ڕووەشەوە یاسای خاوێنی ژن لە ئاینەکان وونە. لە فیکری ئیسلامیدا کە ژن سووڕی مانگانەی هەیە بە فترة النجاسةدانراوە، ئەگەر لەو بڕوایەوە پاکنەبێتەوە ناتوانێ ته‌نانه‌ت نوێژش بکات ئه‌وجا چۆن خۆی بۆ پلەی سوفییەت تەرخان بکات! چونکو هەمیشە نوقسانی لەو عیبادەتە هەیە، ئەو چەند ڕۆژێک نابێ نوێژ بکات و چەند رۆژێک نابێ ڕۆژوو بگرێت؛ واتە ئەو پەرستنە بە تەواو هەژمار ناکرێ. مەسەلەی دایکایەتیش دەچێتە پاڵ سووڕی مانگانە، ئەرکی دایکایەتی و بەخێوکردن و پەروەردەکردن لە ئارایە، وەک بەربەستێکی دی لە ڕێی ئەو خەڵوەتە. لێرەوە، تەنها ئەو ژنانەی تەمەنی گەنجێتیان تێپەراندوە، لە سووڕی مانگانە وەستاون، ئەوانە مەرجی سوۆفییان بەسەرا دەپێکێ. یاخود بە قەیرەیی دەمێننەوە، لە باشترین دۆخدا کاتێ لەناو خێزانی خۆیان پشتگیری ده‌کرێن. باشترین نموونە کە دواتر بە وردیی دێینەوە سەری (مەلەکجان نیعمەتی)یە.

لە هەموو حاڵێکدا لە ئاینی ئیسلام بڕوا و پەرستنی خودا بۆ دەسکەوتی پاداشتە لەو دونیا. پاداشتێکی تایبه‌ت. سۆفی قێزی لەم دونیایە کە هەرچەندە درێژیش بکێشێت هەر بەرەو پرۆسەی نەمان دەچێت، ئیتر ئەمڕۆ یان سبەی بە تەواویی دەسڕدرێتەوە. لێرەوە، خودی کەسی زیندو لە ئێستادا، خۆی دەداتە دەست مردنێکی ڕەمزی، بۆ ئەوەی زیندوویی هەمیشە لەو دونیا دەستگیر بکات کە دونیاییەکی ئەبدیە، بێگومان بۆ کەسانی باش. خەڵوەت و پاڕانەوە و تەنیایی و خۆ نزیککردنەوە لە خودا بۆ ئەو مەبەستەیە کە ئەم دونیا هیچی تیا بەسەر نیە و دەبێ پشت بکەیە خۆشی و مەیل و حەز لەپێناو خۆشییەکی باڵاتر؛ جۆرێکە لە خۆ سڕینەوە لە پێناو خۆ دۆزینەوە.

ئەزموونی ژنی سۆفی لە هی پیاو جودایە. ژن بە دوای ئەوەندە ناگەڕێ بەڵگە لەسەر بوونی خودا بهێنێتەوە وەک پیاوانی سۆفی، بەڵکو لە ناو خودی ئەزموونەکە دەژین و تەنها بۆ ئەو خوایە دەژین کە بڕوای ڕەهایان بە بوونی هەیه‌؛ دەچنە دۆخێکی حاڵ لێهاتن و تا پلەی وڕێنە و له‌هۆشخۆچوونش دەچێ، ئەمەش پلەیەکی گەورەترە لە ئیشقێکی خاکیی. با بڵێین ئەمەیان ئیشقێکە سەرەتای هەیە کە لە چرکەی چوونە ناو حاڵەتەکەوە دەگۆڕێ بۆ پلەیەکی ناکۆتایی ئیشق. کە خودا ڕەها بێت، ئەبەدیی بێت، ئیشقی ئەو بۆی ڕەها و ئەبدەیە.

لەم دەقە لەسەر دوو فیگەری ژنی سۆفی دەوستین یەکێکیان (ڕابعة العدەویة ) کە بە ڕچەڵەک عەرەبی لای بەسرة بووە لە عیراق. بە پێی زۆربەری سەرچاوەکان، لە سدەی هەشت ژیاوە و لە تەمەنی هەشتا ساڵیدا کۆچی دوایی کردوە. بە داهێنەری پاییەی مەزهەبی ئیشقی ئیلاهیلە سۆفیەتی ئیسلامدا دادەنرێ.

ئەویتریان، مەلەکجان نیعمەتی، کە کوردی ڕۆژهەڵاتە، لە ساڵی ١٩٠٦ لە گوندی جیهانئاباد لە کراماشان، لە رۆژهەڵاتی ئێران لەدایکبووە و دوا ڕۆژەکانی ژیانی هاتووە بۆ فەرەنسا بۆ چارەسەری نەخۆشیی و هەر لێرە ژیانی کۆتایی پێهاتووە. لە ساڵی ١٩٩٣ لە شاری بایوو، لە ناوچەی لوار و شێغ لە فەرەنسا بە خاک سپێرراوە و لایەنگرانی و بڕواداران هەر لە بایوو مەزارێکیان بۆ دروستکردوە.

هەردوو ڕابعة و مەلکجان هەڵبەستیان بۆ خۆشەویستی خودا دارشتوه‌. ئەو هەڵبەستانە لە پاش خۆیان کۆکراونەوە و چاپکراون. نموونەیەکن لە داهێنانێکی ئەدەبی سۆفی.

رابعة هەڵبەستی بۆ خودا داهێناوە و بە نێوەندی وشەکانی چۆتە پەیوەندی لەگەڵی، لە هەڵبەستی

احبك حبیندەڵێ: عَرَفْتُ الهَوىٰ مُذ عَرَفْتُ هواكَ / وأغْلَقْتُ قَلْبي عَمَنْ عَداكَ / وقُمْتُ اُناجِيـكَ يا مَن تـَرىٰ / خَفايا القُلُوبِ ولَسْنا نراكَ / أحِبُكَ حُبَيْنِ حُبَ الهَـوىٰ / وحُبْــاً لأنَكَ أهْـل ٌ لـِذَاكَ / فأما الذي هُوَ حُبُ الهَوىٰ / فَشُغْلِي بذِكْرِكَ عَمَنْ سـِواكَ / وامّـا الذي أنْتَ أهلٌ لَهُ / فَلَسْتُ أرىٰ الكَوْنِ حَتىٰ أراكْ / فلا الحَمْدُ في ذا ولا ذاكَ لي / ولكنْ لكَ الحَمْدُ فِي ذا وذاكَ

واتە: ئەو ساتە زانیم ئیشق چیە کە ئیشقی تۆم زانی/ بێجگە لە تۆش دڵم لە ئاست هەموو کەس داخستوە/ هەستام لەگەڵت بدوێم/ ئەی ئەوەی نهێنی دڵ دەبینی و ئێمە ناتبینین/ دووجار خۆشمدەوێی/ جارێک بۆ تەواویی خودی ئیشق/ جارێک کە تەنیا تۆ شایستەی/ هەرچی ئیشقە بۆ ئەوەی تەنها و تەنها بیر لە تۆ بکەمەوە/ لەوانەش دابڕێم کە ناهێڵن بیر لە تۆ بکەمەوە/ ئەوەی دووهەمیش تا بەشاراوەیی نەمێنی و بتوانم بتبینم/ من نە بەویان و نە بەمیان ستایشم ناوێ/ بەڵکو بەویان و بەمیان تەنها ستایشی تۆ دەکەم، چونکە تەنها تۆ شایستەی ئەوەی

رابعة لە پاش چرکەی تۆبەکردنەوە، ئه‌و پلانه‌ی بەرەو پلەی سۆفێتی پێیدا ڕەتبووە، سەرەتا بە تێکەڵکردن و ناڕوونی ئەو قۆناغەی تێپەڕاندوه‌. قۆناغی خۆساغکردنەوە و یەکلاییکردنه‌وه‌ی خود بۆ ئەوەی خۆی لە دونیا داببڕێ ده‌بوو بە لەتلوتبوونی ڕۆح تێپەڕێت، بە تێکۆشانێکی دەروونی و هەمیشە بەدوای تەنیایی گەڕاوە تا ئەو لایەنە لە ناخی ساغکاتەوە کە سەرەتای تروسکاییەکەی لێوە دەرکەوتبوو بێ ئەوەی به‌ ته‌واویی چووبێته‌ ناوی و پێی گەیشتبێ. رابعة نەگەڕاوە تا ئاسمانی دەسکەوێ، گەڕانی بێ وەچانی ئەو بە دوای هێزێکه‌ کە له‌هه‌مانکاتدا نیشتەجێی دڵ و رۆح و فیکری و جەستەی ببوو و بە هەڵبەست و گریان هەولی خۆ نزیککردنەوەی لێ داوە. پەیوەندی لەوەدوا بە یەزدان لە ڕێی ئیشقێکی ئیرۆتیکیە، تەنانەت وشەی (الهَوىٰ) ناکاتە خۆشەویستی ئاسایی، بەڵکو ئیشقێکی باڵا، ئەمەش کارئەکتەری ئیرۆسە، بەم واتایە حەز و مەیلی یەک لایی لە دڵە و ناگەڕێ بەدوی پاداشت و خەڵات وەرگرتن لە مەعشوق، بەڵکو تەنها ڕازیبوونی ئەوی مەبەستە. ته‌نانه‌ت خودی گه‌ڕانه‌که‌شی له‌ ڕاستیدا گه‌ڕانه بۆ گه‌ڕان نه‌ک بۆ دۆزینه‌وه‌ی کۆنکرێتی، چونکو ئه‌ونیشته‌جێبوونه‌ی یه‌زدان له‌ بوونی (وجودی) ئه‌و، پله‌یه‌کی دۆزینه‌وه‌شه‌، وه‌لێ یاریه‌کی سۆفیانه‌ له‌ ئارادایه‌ که‌ سۆفی هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ یه‌زدان ده‌یکات به‌وه‌ی هه‌میشه‌ ده‌بێ ئه‌و هێزه‌ باڵایه‌ شاراوه‌ بێت و نه‌دۆزرێته‌وه‌ و پێی نه‌گات؛ یاخود که‌ پێی گه‌یشت، له‌ شێوه‌ی ڕووناکیی ناوه‌وی ڕه‌نگداته‌وه‌ سه‌ر رۆحی. ‌

لە هەڵبەستی راحتي في خلوتيدەڵێ:

راحتي يا أخوتي في خلوتي/ وحبيبي دائماً في حضرتي/ لم أجد لي عن هواه عوضاً/ وهواه في البرايا محنتي/ حيثما كنت أشاهد حسنه/ فهو محرابي إليه قبلتي

واتە: خۆشی من برایان لە تەنیاییمە/ خۆشەویستەکەشم هەمیشە لەلامە/ لە ئیشقی ئەو بەولاوە هیچ جێی ناگرێتەوە بۆم/ ئیشقیشی هەرچندە بەجوان دەبینم/ (به‌ڵام) لە ناو خەڵکا ماییەی ئەشکەنجمە/ (چونکو) ئەو تاقە میحراب و قیبلەنمامە

دیارە بە نەریتی دونیای ئەمڕۆی عەرەبی موسڵمان نەهی لە هەندێ رەوشی کەسایەتیە ئاینیەکان دەکەن، بەڵام ئەمە لە خزمەت هەقیقەتی مێژوو نییە، چونکو رەوتی کەسایەتیەکی مێژوویی ناسراو جێی باس و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌؛ بە شاراوەیی دەمێنێ ئەگەر بێتو هۆ و هاندانی ئەوە نەزانین کە وایلێکردوە بەری سۆفیەت بگرێتە بەر و لەو ژیانە سەختەی بریتیە لە خۆ دابڕین لە هەموو خۆشیی دونیا، گۆشەیەک داگیرکات بۆ یەک مەبەستی پیرۆز.

بە پێی سەرچاوە هەرە دێرینەکان دەربارەی سۆفیگەرایی، ئەم دۆخە بە چاکیی بەسەر ڕابعة العدویة دەپێکێ، کە بە پێی ژیاننامەکەی (کەم تا زۆر ڕاستی تێدایە). ڕابعة البەسریة کە ناوی لە شاری بەسره‌وە هاتووە و عەدەویە لە خێڵی خێزانەکەی وەرگیراوە کە بەوەوە ناسرابوون. رابعة ناوی لە چوارەمین خوشکه‌وه‌ هاتووە، خەڵکی بەسرة بووە، بە هەرزەکاریی کە دایکی دەمرێ، پاشان باوکیشی، تاقه‌ بەلمێکیان بۆ بەجێ دەمێنێ وه‌ک سه‌رچاوه‌ی بژێویان، وەلێ بە هۆی هەژاریی رۆژێکیان له‌ناو بازار لە خوشکەکانی جودا دەبێتەوە و هەرگیز نایاندۆزێتەوە. دڕندەیەک دەیدزێ و لە بازار دەیفڕۆشێتەوە بە کەسێکی تری دڵڕەق، لەدەستی هەڵدێت و دیسان بە دەوڵمەنێک دەفڕۆشرێته‌وه‌، دەکەوێتە ژیانی مەی خواردن و کەیف و سەفا، هەتا بە ڕێکەوت چاوی بە پیاوێکی زاهیدی سۆفی دەکەوێ و ڕەوتی ناسینەوەی خوا و تۆبەی پێ نیشان دەدا. هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌چن که‌ هاوڕێیه‌کی ده‌یخاته‌ سه‌ر ڕێی سۆفیه‌ت. سەرەتا بەدەمیەوە نەچووە، دواتر کاریگەریی لەسەر کردوە و بە تەواویی ڕەوتی چێژ و خۆشیی ژیانی بەرداوه‌ بۆ ڕەوتی ژیان بۆ ئەو دونیا، ئه‌مه‌ش به‌‌ نوێژکردن و ڕۆژوو گرتنی بێ کۆتایی و چۆنه‌ خه‌ڵوه‌ت هێناویه‌ دی‌.

رابعة دەنگی زۆر خۆش بووە و لە ماجالیسی کەیف و خواردنەوە هەڵبەستی داهێنا و گۆرانی وتووە. کۆمه‌ڵێ هه‌ڵبه‌ستیشی بۆ مه‌ی دارشتۆته‌وه‌ که‌ به‌ نموونه‌ی شیعری داهێنه‌ری ئه‌و بواره‌ داده‌نرێن. هەر ئەم لایەنەشە کە دواتر دەیبات بەرەو ڕتکردنەوەی دونیا و خۆ تەرخانکردن بۆ ئیشقی خوا و تۆبەکردن. جوانترین هەڵبەستەکانیشی بۆ ئەو ساتانە دەگەڕێنەوە، نووری ئیشقی یەزدان لە دڵیا هەموو شتێکی تر دەسڕێتەوە، ئەم دوو کۆپلەیەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی پێشوو:

حبيب غاب عن بصري وسمعي/ ولكن في فؤادي ما يغيب/ يا حبيب القلب ما لي سواك / فارحم اليوم مذنبا قد أتاك

واتە: خۆشەویستێک لەبەر چاوم و گوێم وونە/ بەڵام لە دڵما وون نابێ/ ئەی خۆشەویستم لە تۆ بەولاوە کەسم نیە/ دە ره‌حم بە گۆنهابارێک بکە وا ئەمڕۆ هاتە بەر دەستت

ئەم پارچەیە پێش و کۆتاییه‌که‌ی ڕەوتی رابعة دەسەلمێنێ کە ئێستا چۆن ئاشقی یەزدانە و پێشتر گوناهەکار بووە. ئەم حاڵەتی ئیشقە ئەوەندەی لە دووریی و جیابوونەوە ئاشکرایه‌ لە خودی بوون لەناو ئێشقەکە ئاشکرا نیە؛ چونکو بە گەیشتن بە ئامرازی ئەو ئیشقە دەرگای مردنیش دەکرێتەوە. ئەم چرکەی کۆتاییە کە جەستە دەچێتە بەر دەستی خۆشەویست/خاڵق. سۆفی پانتاییەک دابیندەکات کە بۆ ئیشقێکی نادیار مسۆگەری دەکات. ژنە سۆفی هەمیشە لە ناو دوو هەڵبژاردەی بوونە، بوونی ئێشق لە ناخی وەک سەرچاوەیەکی هەمیشە ئیلهام و ئاخافتن لەگەڵی کە کۆتایی نایەت. بوونی خودی خۆی بۆ ئەو مەبەستەیە کە ئەو ئیشقەی تریان مسۆگەرکات وا خۆی لەناویا دەتوێنێتەوە و دەشیسڕێتەوە.

هەستکردن بە ئازار بەشێکە لەو ئیشقە مه‌حاڵە بۆ گەیشتن بە مه‌حاڵ؛ تاقە نزیکبوونەوەش لێی زمانێکی پێ دادەهێ کە مۆنۆلۆگێکی یەک لاییە، خۆی و خۆی، لەناو خەیاڵ و هەست و دڵیدا لەگەڵ ئەو موحاڵە دەدوێ و جەستەی دەبێتە هەڵگری ئازارێک کە هەرگیز بە دیداری خۆشەویست ناگات. ئەم داهێنانە ڕووتە، داتاشراوە لە هەموو فۆرمێکی زاندراو لە زمان، چونکو تایبەت بەو حاڵەتە داهێنراوە، بەشێکە لەو ئەزموونە قوڵەی تەنیا سۆفی خۆی پێدا تێده‌په‌ڕێ ساتێ بە قوڵیی هەستی درک بەوە دەکات کە ئەو خودایە نزیکە لەو کەسەی سەری لێشێواوە و وێڵە؛ ئەگەر سۆفی بەڕاستیش لەو هەلومەرجە نەبێ، خۆی بە هۆی ئەو زمانە داهێنراوە باری کەسێک دەخاتە ڕوو کە بێ ئەو سەری لێشێواوە و بێ ئەو وێڵە. هەمان وێنەی ئیشقی دونیاییە بۆ ئاشقێکی فیزیکی کە لەبەر هۆیەک پێی ناگات. ئەزموونی رابعة لە پێش تەزەهودکردنی، ئەزموونی ژنێکی مەی خۆرە، چه‌ندین جار دۆستی گۆڕیوه‌، هه‌ڵبه‌ست و گۆرانی بۆ ئیشقی دونیا گوتوه‌. ئەم خۆشه‌ویستی دونیایە پاش تۆبەکردنی دەگۆڕێ بۆ ئەزموونێک لە خزمەتی مەعشوق. کە باسی ئه‌و لایه‌نه‌شی ده‌که‌ین که‌ بە داهێنەری شیعری مەی نووشتن ناسراوە، دیارە ماوەی پێش تۆبەکردن کە مەی خواردۆتەوە و پاش تۆبەکردن و بوون بە سۆفی باسی ئەو جۆرە شەرابەیان دەکات کە دەیگەڕێنێتەوە بۆ شەرابی ئیلاهی لە دونیای نه‌مر. ئه‌م جۆره‌ شه‌رابه‌‌ به‌ وردیی له‌ کتێبێکی المعری رسالة الغفران، باسی کردوه‌ که‌ چۆن جیاوازیی له‌ نێوان شه‌رابی ئه‌م دونیا و شه‌رابی ئه‌و دونیا ده‌کرێ. (بۆ زیاتر ته‌ماشای بابه‌تێکمان بکه‌ن له‌ کوردستانی نوێ به‌ ناونیشانی په‌یامی لێبوردن، 30/12/2013).

هەرچی دۆخی مەلەکجان نیعمه‌تیه‌، ئەم ژنە لە مندالیەوە لەسەر دەستی ئوستاد ئیلاهیی برای و ڕێنماکەری ئەو ڕەوتە سۆفییەی، فێری ژه‌نینی ته‌نبور بووه، هه‌ڵبه‌ستی داڕشتۆته‌وه‌‌ و خۆی بۆ ئیشقی خودا ته‌رخانکردوه و ته‌عالیمه‌کانی سۆفیگه‌رایی به‌ ده‌وروبه‌ری خۆی وتۆته‌وه‌‌. به‌شێکی زۆری ژیاننامەکەشی هەر لە ڕێی ئەو دەستنووسانەوە ئاشنایه‌نین کە ئوستاد ئیلاهی بەجێیهێشتوون.

مەلەکجان نیعمه‌تی لە تەمەنی سیانزە ساڵیی کە باوکی دەمرێ، بڕیار وەردەگرێ بە تەواویی خۆی بۆ پەیامی ناوەوەی تەرخان بکات، ئیتر هه‌رگیز شوو ناکات، جلەکانی بەری بە یەک کراسێکی سپی سادە دەگۆڕێ و دەچێتە قۆناغی یەکەمی سۆفیەت. لە تەمەنی چواردە ساڵیەوە چاوی تووشی ئازار دەبێ و بەرە بەرە کز دەبێ و لە بیست ساڵیی بە تەواویی کوێر دەبێ. لەو بارەوە دەڵێ:

خودا چاوی لێساندم، وەلێ دەرگای مەلەکوتی ئاسمانی لێکردمەوە، کەسیش ناتوانێ بزانێ من بەمە چیم بردۆتەوە.”.

ئەم دۆخە دژوارەی مەلەکجان لەو دوو دێڕە ئاشکرایە کە دەسکەوتی ئەو تەنها خۆی دەزانێ چییە. ئەو ئیشقە ئیلاهیە وەک نورێک لەبری چاوی ناخی پڕکردبوو. پێش ئەوەش بەو کراسە سپییەی بۆ خۆی هەڵیبژارد وەک مۆرکێکی پاکی و پاکیزەیی و بێگەری بەرەو ئەو پەیامە چوو کە تەنیا ئیشقی بۆ خودا هانیدەدا به‌ره‌و‌ ئه‌و بچێت. ئەم لە رابعة جیاوازتره‌، بەوەی هەموو تەمەنی بە پاکیزەیی بەسەر بردوە. تامی چێژی جەستەی نەکردوە، هەر بۆیە هەڵبەستەکانیشی لە چواردەوری ئیشقێکی دابڕاوه‌ لە حەز و مەیل، بەڵکو ئیشقێکی بێگەردە کە لە پەروەردەی رۆحی لە مندالیەوە ئاشنای بووە و لە گەورەییدا هەوڵیداوە تێیدا زۆر سەرکەوتووبێت؛ واتە بگاتە پلەی پێویست لە کەماڵ. کاتێ گەنجە، ئوستاد ئیلاهیی لە جێیەک پێی دەڵێ: ”تۆ زۆر زۆر باشی، دەتوانی باشتریش بیت”. واتە مەلەکجان هەر بە گەنجی ئەو توانا رۆحیەی دەربڕیوە کە ئامادەیە بەرەو ئەو ئامانجە پیرۆزەی بچێت.

لە هەلبەستی تۆدەڵێ: سەیری هەرچ کوێ بکەم/ بێجگه‌ لە تۆ کەسی لێی نیە/ ئەی تاق و تەنیای بێ هاوشێوە/ رزگارکەر هەر تۆی/ سه‌ربان، دەرگا، پەنجەرە هەر تۆی/ لەدەرەوەی تۆ بێجگە لە تۆ هیچی لێی نیە

ئەم کۆپلانە ڕوونیده‌که‌نه‌وه‌ کە مەلەکجان بە کوێربوونی دونیای ناوەوەی بەتەواویی هاتۆتە سەر ئەو ئیشقە، ئەمەش ئیشقێکی سادە نیە، ئەو لە خودا بەولاوە نە لە ماڵەوە و نە لە دەرەوە کەس نابینێ. ئەم کەس نەبینینە بریتی نیە لە دۆزی نەبینینی چاوی بۆ ڕاستیی مادی فیزیکی، بەڵکو لە ڕووی مەعنەویەوە، لە خەیاڵێکی داهێنەر کە بە چاوی ناوەوەی تەنها ئەو دەبینێ. ئەم بینینەشە وادەکات کە دەرگای ئیشقی بە کراوەیی بێت بەرامبەر بە یەزدان و داخراو بێت بەرامبەر بە مرۆڤ.

لە هەڵبەستی دۆستێک کە ئاشقمەدەڵێ:

مەستیی رۆح/ ئیشقی ئیلاهی/ ئەی تۆولی شەرمی دۆستە دوورەکان، دۆستە ونبووەکان، دۆستە ڕەهاکان/ ئەوانەی هەموو ژیان و سامانیان لە پێناو تۆیە/ و گاڵته‌یان بە پێڕابواردنی ئه‌وانی دی دێت/ و بە ئارامیی تێده‌په‌ڕن بەسەر پێکەنینی ئه‌وانه‌ی ناسراو و نەناسراون

سۆفی کەسێكی یاخیشە، لە ڕەوتی ئاسایی فەرزەکان لایداوە بۆ ئەوەی هەلومەرجێکی سەختر لەوەی فەرزە بسەپێنێتە سەر خۆی. کە مرۆڤی ئاسایی خاوه‌ن باوەڕ، به‌ نوێژکردن و ڕۆژووگرتن دڵسۆزیی خۆی بۆ خودا دەسەلمێنێ، سۆفی تەنها بەوە قایل نابێ، که‌ دەکاتە هەمان پلەی هەموو مرۆڤە خاوه‌ن باوەڕەکانی دی، ئیتر دەنگی جودای ئه‌و له‌وانی دی ڕەوتی سۆفیەته‌. ژنی سۆفی دوو جار یاخیە، بەوەی سۆفیە و بەوەی ژنە سۆفیە کە هەلومەرجی کۆمەڵ پێشێل دەکات تا بەدەم ئەو دەنگەی ناوەوەی بڕوات.

مه‌له‌کجان و رابعة العدویة نموونه‌ی دوو ژنی یاخیشن؛ ئه‌گه‌ر به‌ وردیی سه‌یری ڕه‌وتی ژیانیان بکه‌ین، رابعة به‌وه‌ی ژیانی پێشووی ناهه‌قی زۆر به‌رامبه‌ر کراوه‌، هه‌لومه‌رجی ژنێتی و جوانێتی وای کردبوو که‌ بۆ مه‌به‌ستی سێکسی به‌کاری بهێنن. مه‌له‌کجان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ زوو کوێر بووه‌، که‌س لێی نزیک نه‌بۆته‌وه و تا مردنی هه‌ر به ‌پاکیزه‌یی‌ مابوو. هه‌ردوو ژنه‌ سۆفی زیاد له‌ هه‌شتا ساڵ ژیاون، به‌شه‌ زۆره‌که‌ی ژیانیان، به‌ تایبه‌تی مه‌له‌کجان، بۆ ئه‌و ئیشقه‌ نه‌مره‌ ته‌رخانکردبوو.

ئه‌م دۆخانه‌ بۆنه‌ته‌ ماییه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌و ژنانه‌ ئیشقێکی گه‌ردوونی هه‌ڵبژێرن، ئاشقێکی بێ وێنه، وێنه‌یه‌کی ئیدیال که‌ که‌س ناتوانێ ده‌ستکاریی بکات، ناهه‌قییان ده‌رهه‌ق بکات، له‌ ئاکامدا موڵکیه‌تی جه‌سته‌یی و ڕۆحی خۆی ده‌داته‌ ده‌ستی یه‌زدان وه‌ک هێزێک که‌ له‌ هه‌مانکاتدا مه‌عشوقه‌ و پارێزه‌ریشه‌. بوون به‌ سۆفی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه له‌ دۆزی پێشوو، گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ باوه‌شی یه‌زدان، حاڵه‌تێکی خۆخه‌ساننه‌ له‌ پێناو ئیشقێک که‌ ‌به‌رامبه‌ر به‌ ئیشقه‌که‌ی هیچی لێ ناوێ. جه‌سته‌ی ژن که‌ هه‌میشه‌ وه‌ک جه‌سته‌یه‌کی‌‌ ناخاوێن‌ و گوناهبار مامه‌ڵه‌ی کراوه‌‌، پانتاییه‌کیشه‌ که‌ جێی پرسیاره‌ و هه‌ر ئه‌میشه‌ که‌ ده‌بێته‌ ماییه‌ی یاخیبوون و پشت تێکه‌ردنی بۆ ئه‌وه‌ی لایه‌نی رۆحی بکڕێته‌وه‌؛ ئه‌مه‌ بارێکی ته‌قینه‌وه‌شه‌ که‌ سۆفی لێیه‌وه‌ به‌ره‌و دونیای نه‌هیکردن له‌ خود‌‌‌‌‌‌‌ ده‌ڕوات. دۆزێکی ئارامیی ده‌روونیشه‌ که‌ ژنی سۆفی له‌ودیو‌ دیواری ئیشقێک خۆی پێ ده‌پارێزێ.

له‌ مه‌سه‌له‌ی کاتیشدا ژنی سۆفی به‌چوونه‌ ناو پرۆسه‌ی سۆفیه‌ت کات ڕاده‌گرێت. کات ده‌بێته‌ تێکه‌ڵه‌یه‌ک له‌ کاتی دا‌هێنانی شیعری و داهێنانه‌وه‌ی وێنه‌ی یه‌زدان له‌ناویدا. به‌م واتایه‌ش کات ده‌بێته ته‌نها کاتێکی ڕه‌ها‌ که‌ له‌ناویدا وێنه‌ هه‌مه‌جۆره‌کانی یه‌زدانی تێدا ئاشکراده‌بێ؛ له‌ شێوه‌ی شه‌فافیه‌تی ئاو، سووکی باڵنده‌کان، ناسکی گوڵ، به‌رزی کێوهتد. له‌ ڕێی ئه‌م وێنانه‌وه‌ گرێی ئه‌و ناوکێشه‌یه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ هه‌ر خودی سۆفی دروستیکردووه تا خۆی پێوه‌ سه‌رقاڵبکات و بگاته‌ ئامانج. له‌ ڕاستیشدا ژنی سۆفی له‌ناو بازنه‌یه‌کی به‌تاڵ ده‌سوڕێته‌وه‌ که‌ خۆی به‌ده‌وری خۆیدا قوفڵی داوه‌، ده‌گه‌ڕێ به‌ دوی کلیلێک که‌ ئه‌ودیوی، یان ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌که‌ ببینێ، که‌ بینی، یاخود بڕوای به‌ خۆی هێنا که‌ پێی گه‌یشتوه‌، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ره‌تا تا دیسان به‌و پرۆسه‌یه‌دا بڕواته‌وه‌. ئه‌مه‌ هه‌ڵبژاردنه‌ و وه‌ها ده‌ره‌که‌وێ که‌ له‌ده‌ستی خۆی نیه‌، زادی ئه‌و له‌ خودی پرۆسه‌که‌یه‌، له‌ ته‌رخانکردنی خوده‌ بۆ یه‌زدان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ نه‌ گه‌ڕانێکی ڕاستی له‌ ئارادایه‌ و نه‌ دۆزینه‌وه‌یه‌کی ڕاستیش؛ به‌ڵکو ژنی سۆفی به‌رامبه‌ر به‌ وێنی مه‌عشوقه و ته‌نها ڕێی بۆ لێکدانه‌وه‌ و تێڕامان له‌و مه‌عشوقه‌ و تێگه‌یشتن لێی به‌ خۆنزیککردنه‌وه‌ له‌ مه‌عشوقه،‌ ئه‌مه‌ش به‌ داهێنانی هه‌ڵبه‌ست و موزیک و وه‌عز وتنه‌وه‌ ئه‌نجامی ده‌دات.‌‌‌ له‌ دۆخی رابعة و مه‌له‌کجان، هه‌ردوو ژن و وه‌ک ده‌یان ژنی تری سۆفی ناو مه‌سیحیه‌ت و جودایزم و بۆدیزم،‌ هه‌ڵبه‌ست و مۆزیک ژه‌نین و وتنه‌وه‌ی وانه‌کانی چۆنێتی سۆفیگه‌راییان وتۆته‌وه‌.

دواجار ئیشقی ئیلاهی له‌لای ژنی سۆفی به‌ یاریکردن به‌ وشه‌ ده‌پێکێ. هه‌ڵبه‌سته‌کان نموونه‌یه‌کن له‌سه‌ر ئه‌و گه‌مه‌کردنه‌ به‌ وشه‌. ئه‌م داهێنانه‌ فه‌رهه‌نگیه‌ جۆرێکه‌ له‌ دا‌هێنانه‌وه‌ی ناسنامه‌ش. به‌م مانایه‌ منی پێشوو که‌ له‌ گه‌شتێکی کراوه‌ بوو به‌ره‌و نادیار له‌ناوچوو، ئێستا منی ئاشقی یه‌زدان له‌دوای ئه‌و گه‌شته‌‌ دیسان خه‌ڵقبوومه‌وه‌. هه‌ر خودی نه‌فیکردنی منی پێشوو بۆ ئه‌وه‌یه ددان بنرێ به‌م منه‌ی که‌ وا ئێستا له‌ پرۆسه‌ی بوونه‌ له‌ ڕێگای ئه‌و قۆناغی خۆ توانه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ یه‌زدان‌. ژنی سۆفی هه‌ر وه‌ک هه‌موو پیاوانی سۆفیش، قایل نابێت به‌وه‌ی یه‌کسه‌ر قۆناغه‌کان ببڕێت، به‌ڵکو خۆشیی و به‌خته‌وه‌ریی له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه‌ که‌ خۆی به‌ تێکۆشان پێی بگات. ئه‌م تێکۆشانه‌ به‌ زمان ده‌ریده‌بڕێ، زمان ده‌بێته‌ ئه‌و په‌یژه‌ییه‌ی لێیه‌وه‌ به‌ره‌و هێزی یه‌زدان سه‌ره‌که‌وێ. ئه‌گه‌ر به‌ پێی قۆناغه‌کانی به‌رزبوونه‌وه‌‌ش‌ له‌ سۆفیه‌تدا بڕۆین که‌ له‌ کتێبی مه‌نتیقی باڵنده‌کانی فه‌ریدالدین عه‌تار هاتووه‌ و به‌ حه‌وت قۆناغ ناسراوه؛ ‌ده‌بینین که‌ هێمایه‌که‌ بۆ تێپه‌ڕبوونی سۆفی به‌ حه‌وت قۆناغ تا ده‌گاته ڕاستی سروشتی‌ خوا و له‌ودا ده‌توێته‌وه، ئه‌مه‌ش به‌ موجاده‌له‌یه‌کی زمان بیناکراوه‌‌: داواکاری (طلب)؛ ئیشق (عشق)؛ زانستی (معرفت)؛ ده‌ستهه‌ڵگرتن و قه‌ناعه‌تهێنان به‌وه‌ی هه‌ته‌ (استغنا)؛ تاک ڕه‌هایی خودا (توحید)؛ سه‌رسامی و به‌زۆری سه‌رلێشێوان (حیرت)؛ هه‌ژاریی و له‌ ناوچوون (فقر وفنا)‌.

بیکاسۆ؛ دووکچ دەخوێننەوە
بیکاسۆ؛ دووکچ دەخوێننەوە

دیاره‌ ئه‌و کتێبه‌ که‌ ناونیشانه‌که‌ی له‌ فه‌ره‌نسیدا به‌ کۆبوونه‌وه‌ی باڵنده‌و له‌ وه‌رگێڕانێكی دیه‌که‌ش به‌ گۆرانی باڵنده‌وه‌رگێڕاوه‌‌؛ باس له‌ گه‌شتێکی عیرفانیی کۆمه‌ڵێ باڵنده‌ ده‌کات به‌سه‌رکردایه‌تی په‌پوسلێمان، بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ ئه‌ودیو چیای قاف (ق) که‌ نیشته‌جێی پاشاکه‌یانه‌، باڵنده‌ی سیمرخ‌‌. ده‌بوو پاش کۆبوونه‌وه‌ی هه‌ر هه‌موو باڵنده‌کان‌ ده‌ستبکه‌ن به‌و گه‌شته‌ و‌ حه‌وت دۆڵ ببڕن که‌ ئه‌و حه‌وت ناوه‌ی پێشوویان هه‌ڵگرتووه. هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ باڵنده‌کان ده‌که‌ونه‌ پرسیار له‌ په‌پوسلێمان و به‌هانه‌ ده‌هێننه‌وه‌ بۆ نه‌کردنی ئه‌و گه‌شته‌. به‌ره‌به‌ره‌ له‌ هه‌ر دۆڵێک به‌شێکیان چ به‌ مردن و چ به‌ نکۆڵی و به‌رده‌وامنه‌بوونیان له‌ گه‌شته‌که‌ که‌مده‌بنه‌وه‌، چونکو ئامانجی ڕاستیان گه‌ڕان‌ نه‌بووه‌ به‌دوای سیمرخ، به‌ڵکو له‌ سه‌ره‌تای ڕێیه‌که‌ هه‌ر یه‌که‌یان دڵبه‌ندی‌ وێنه‌یه‌ک بوون‌ که‌ نامێنێ؛ ئه‌مه‌ش سیمبولێکه‌ بۆ قۆناغێکی خواست یاخود هه‌ڵه‌ که‌ نه‌یانتوانیوه‌ بیبڕن تا بگه‌نه‌ خودا،‌ سیمبولی له‌ باڵنده‌ی ئه‌فسانه‌یی سیمرخه‌ که‌ له‌ جوانی ڕه‌ها و هه‌قیقه‌تی ڕه‌ها وێناکراوه‌ که‌ به‌ زه‌حمه‌ت پێی ده‌گه‌ی. به‌ پێچه‌وانه‌ی زانستی که‌ وێنه‌یه‌کی ئه‌بدیه‌؛ ئه‌م زانستیه‌ش که‌ له‌ قۆناغی سێهه‌مدا هاتووه‌، زانستیه‌کی ڕێژه‌ییه‌ تا خودی سۆفی به‌ ئه‌زموونی گه‌ڕانه‌که‌ی پێیدا تێپه‌ڕێت و بزانێ که‌ قۆناغی زانستی ره‌ها سه‌خته‌ و ده‌بێ به‌ تێکۆشان پێی بگه‌ی. هه‌ر بۆیه‌ دۆڵی حه‌وتم له‌هه‌مووی سه‌ختره‌ بیبڕن، ئه‌وانه‌ی ده‌گه‌ن به‌ سیمرخ ئاشنا ده‌بن. ئه‌م ئاشکراکردنه‌ دیدارێکیشه‌ له‌ نێوان سی باڵنده‌که‌ی به‌ زه‌حمه‌ت گه‌یشتنه‌ لای، کاتێ له‌ په‌پوسلێمان ده‌پرسن: کوانێ سیمرخ؟ ئه‌ویش ده‌ڵێ ئه‌وه‌تا. لێره‌ سیمرخ خۆی بۆیان ئاشکرا ده‌کات. شێوه‌ی وا هاته‌‌ پێش چاو سی باڵنده‌که‌ که‌ ئه‌ویش‌ سی باڵنده‌یه‌ پێکه‌وه‌. سه‌یری خۆشیان کرد که‌‌ ژماره‌یان سی بوو‌، لێره‌ سێبه‌ری سی له‌ چاوی ته‌ماشاکه‌ر ره‌نگدانه‌وه‌یه‌ بۆ یه‌که‌یه‌کی ته‌واو. ئه‌گه‌ر هه‌ر سی باڵنده‌که‌ به‌ جوانترین شێوه‌ ده‌بیندرێن، ئه‌وه‌ بینینی سێبه‌ری سیمرخه‌که‌یه‌ که‌ هه‌رگیز لێ جودا نابێته‌وه‌. ئه‌مه‌ دۆخی فه‌نابوونیشه‌ له‌ناو زاتی ئیلاهیی که‌ له‌و قۆناغه‌ دێته‌دی.‌ هه‌ر وشه‌ی سی مرغله‌ فارسی ده‌کاته‌ سی باڵنده که‌ ژماره‌ی ئه‌وانه‌یه‌ که‌ گه‌شته‌که‌یان تا سه‌ر بوو‌. ئه‌م دیداری سی باڵنده‌ و سیمرخه‌ له‌ حاڵه‌تی فه‌نابووندا،‌ دۆخێکه‌ که‌ له‌ زمانی عیرفانیدا به‌ مانه‌وه‌ بقاءناسراوه‌، واته‌ ئیجابیه‌‌، فه‌نابوونی خوده‌ و مانه‌وه‌یه‌ له‌ ناو زاتی ئیلاهی و له‌گه‌ڵ ناسنامه‌ی نوێی سۆفی تێکه‌ڵ به‌یه‌ک ده‌بن.‌ هه‌ر به‌ هه‌مان قۆناغی گه‌شتکردن‌ ژنی سۆفیش ده‌گاته‌ ئه‌و پله‌ییه‌ی تێدا ئه‌وه‌ی موحاڵه‌ ده‌یگۆڕێ بۆ مومکین و ئه‌وه‌ی نادیاره‌ له‌لای ده‌بێته‌ دیار. ده‌قه‌که‌‌ به‌م وته‌ییه‌ی مه‌له‌کجان نیعمه‌تی کۆتایی پێده‌هێنین که‌ ده‌ڵێ: ”ژیان کورت نیه‌، وه‌لێ چرکه‌کانی ‌ژمێردراون”.

تێبینی: ئەم بابەتە لە ژمارە ٩ ی ٢٠١٥ گۆڤاری شیکار بڵاو بۆتەوە.

سەرچاوەکان:

  • السهروردي، عوارف المعارف، منشورات دار الكتب العلمية، بيروت، لبنان، .1999

  • عبد الوهاب الشعراني، الأنوار القدسية في معرفة قواعد الصوفية، دار احياء التراث العربي، طبعة 2010.

  • شهيدة العشق الإلهي: رابعة العدوية، عبد الرحمن بدوي ، مكتبة النهضة المصرية ، القاهرة، 1962.

  • ابي عبدالرحمن محمد بن الحسين السلمي، طبقات الصوفية، ويليه ذكر النسوة المتعبدات الصوفيات، حققه وعلق عليه: مصطفى عبدالقادر عطا، منشورات دار الكتب العلمية، بيروت، لبنان، .1998

Les femmes mystiques, histoire et dictionnaire, sous la direction d’Audrey Fella, Éd. Robert Laffont, collection Bouquins, Paris, 2013.

Leili Anvar, Le Cantique des oiseaux, Farid ud-Din’Attâr, traduction inédite en vers, Éd. Diane de Selliers, Paris, 2012.

– Leili Anvar, Malek Jân Ne’mati, la vie n’est pas courte mais le temps est compté, Éd. Diane de Selliers, Paris, 2007.