سارا مالپ؛ باڵاپۆشی بەراز لەباوەش

ئوم موحەمەد


Loading

زۆر کەس بەناو شام دا تێپەڕیوون و منیش وەکو ئەوان ڕۆژێک بەناو ئەو وڵاتەدا تێپەڕیم. بەناو شارەکانیدا هاتوچووم و بۆ دوایین جار لەناوجەرگەی شام لە شاری دیمەشق گیرسامەوە . شام کۆنترین خاکی دونیایە و هەزاران ساڵە لەوێیە . من پێموایە خوداوەند بەرلەوەی بیر لە دروستکردنی دونیا بکاتەوە، ئەندێشەی شام لە مێشکیا بووە و بیری لەوە کردۆتەوە، ئەو بیرۆکەیەی کە زۆر دەمێک بوو ماندووی کردبوو لە

جێگەیێک تاقیبکاتەوە . ڕەنگە بڕوا بەوە نەکەی خوداوەند چەند سەرقاڵبووە بە هەڵبژاردن و دۆزینەوەی ئەو شوێنەوە تا لەوێ ڕەنگ و شێوەی ئەندێشەکەی دابڕێژێت . ئەو ڕۆژگارەی زەمین تەنیا چۆڵەوانی بوو و خوداوەند لە ئاسمانەوە دەڕوانێت و نیگای لەسەر ئەو خاکە دەگیرسێتەوە و زۆر بە قووڵی لێی دەڕوانێت . بە خۆی دەڵێت، ئێرە ئەو شوێنەیە کە من لێی دەگەڕام. ئیدی خوداوەند بەهەشتی لەوێ خوڵقاند و فریشتەکانیشی ڕاسپارد بۆ ئەوەی بۆ هەتا هەتایە چاودێری ئەو شوێنە بکەن و نەهێڵن ئەو خاکە بۆگەن ببێت . لەو ڕۆژەوە فریشتەکان بۆ ساتێکیش چییە چاویان لەسەر خاکی شام خافڵ نەکردووە. لەوە ناچێت تائێستا هیچ کەسێک بوێری ئەوەی کردبێت بێ رێزی بەو خاکە بکات کە خوداوەند بۆ خۆی ناوی لێ ناوە خاکی شام . خوداوەند، شامی لە شێوەی ژن دا خوڵقاند و پەیکەری شامی وەکو پەیکەری مێینەی پیرۆز داڕشت . نازانم هەر من بەوە دەزانم یاوەخوود کەسانێکی دیش بەو نهێنییە دەزانن . من بۆ خۆم لە نیوەشەوێکی غەمگین و پڕ لە تەنیایی خۆم دا کاتێک هەموو خەڵکانی شام نووستبوون و کەس بەئاگا نەبوو لەسەر شەقامێکی درەنگی شەو لەژێر نەرمە باران لەسەر پشت ڕاکشابووم و لە جیهانم دەڕوانی . تاوێک چاوەکانم دەنووقاند و تاوێکیش دەمکردنەوە و لەو دونیا تاریک و نوتەکە وورد دەبوومەوە کە لەبەردەمما تا دەهات درێژ و درێژتر دەبۆوە . هەر لە خۆڕا نەبوو، بەڵکو لە ڕوانینێکی قووڵمەوە بۆ ئاسمان، لەناو ئەو پەردە ڕەشە پڕ ئەفسوناوییەی باوەشی بەشارەکەدا کردبوو، لەپڕێک کە بۆ خۆشم نازانم چۆن بوو، پەیم بەو نهێنیەی خوداوەند برد و وەکو ڕوناکیەک هێواش هێواش ڕژایە ناو هەناومەوە .

خوداوەند لەناو هەموو دونیادا شامی لە هەر کوێیەکی دی خۆشتر دەویست . دواجار خوداوەند بەدوای شام دا هەر شارێکی دی دروستکرد لەسەر شێوەی ئەوێ دایڕشتەوە . لەبەرئەوە پێت سەیر نەبێت پەنجەرەی کۆڵانێکی چەماوەی تاران لە پەنچەرەیەکی سەر گۆشەی کۆڵانێکی شام بچێ . لە ئەستەنبوڵ، باخێک و لە قاهیرە کانییەک و لە کابول باڵەخانەیەک کتومت هاوشێوە بن لەگەڵ باخێک و کانییەک و باڵەخانەیەکی شام .

سارا مالپ؛ باڵاپۆشی بەراز لەباوەش
سارا مالپ؛ باڵاپۆشی بەراز لەباوەش

ئەو ژنە سۆماڵییەی کە ڕێکەوت وابوو هەردووکمان پێکەوە لەسەر خاکی ئەمەریکا دابەزین، لە شاری نیویۆرک بۆ جگەرەکێشانێک چووینە دەرەوەی فڕۆکەخانەکە . هەردووکمان بۆ یەکەمجارمان بوو ئەو شارە ببینین . ئەو تەماشایێکی شارەکەی کرد و پڕ بە خۆی قیژاندی . من ترسام و وامزانی زەردەواڵەیەک پێوەی داوە . لە شوێنی خۆم داچڵەکیم و خۆم بۆ ڕوداوێکی نەخوازراو ئامادەکردبوو . ئەو دەستێکی بۆ پردێکی هەڵواسراو هەڵبڕی و گووتی، دەزانی ئێرەش هەر لە شام دەچێت . تا ئەو دەمە وامدەزانی هەر من ئەو ڕوانینەم دەربارەی شام هەیە . ئیدی لەو ڕۆژەوە گومانم نەما هەموو شوێنەکان لە شام دەچن و پێم سەیر نییە هەمیشە بەشێکی خاکی شام لە شوێنێکی دی دووبارە بێتەوە .

لەوە ناکات ڕۆژێک لە ڕۆژان کەسێک لەو خاکی شامەدا غەمگین بووبێ، لەوە ناکات ئاسودەش بووبێ . لە نێو غەمگینی و ئاسوودەیی دا دۆخێکی درێژکراوە هەیە تایبەتە بەوێ . ئەو دۆخە هەناسەکانی خوداوەندن لەوێ بەجێماون . لەوێ نە ڕووناکی وەک خۆی هەیە و نە تاریکیش . ئەگەر وەکو من لە نیوەشەوێکی ئەو شارەدا سەرێک هەڵبڕی و بەرز بڕوانیت، لەژوور سەری خۆتەوە نیگاری دوو چاوی ئەو فریشتانە دەبینی کە لەسەر فەرمایشی خوداوەند بۆ هەمیشە لەوێن و بە ئاسمانی ئەو شارەوە هەڵواسراون و لەو خاکە دەڕوانن .

من نازانم لە دوای کێوە چوومەتە ناو شامەوە، بەڵام دەزانم ڕۆژانێک سەلاحەدینی ئەیوبی و مەولانا خالید و سەیدە زەینەبیش وەکو من بەناو ئەوخاکەدا تێپەڕیوون و لەوێ ژیاون و هەر لەوێش نێژراون . جوانی و ئەفسونی ئەو خاکە وا لە ئینسان دەکات هەر ئەوەندەی تێکەڵاوی بیت ئیدی تا مردن بەجێی نەهێڵێت . هەر کەسێک دەگری دەربارەی ئەو خاکە شتێکی گووتوە . جگەرخوێن دەڵێ؛ شام شەکرە . یەکێکی دی دەڵێ؛ شام یاسەمینە . لەناو هەموو دونیادا شام خاکێکی پیرۆزە، تەنیا لای سعودییەکان نەبێت . ئەوان شام بە قەحبەخانەیەک دەبینن . هەر ئەوانیش بوون ئەو خاکە پیرۆزەی خوداوەندیان کرد بە قەحبەخانە، کەسێک نییە لە دونیادا ئەوە نەزانێ . ئەگەر تەنیا بۆ ڕۆژێکیش پێ بنێیتە سەر ئەو خاکە ئەو جڕوجانەوەرە سعودییانە دەبینی بە قنگی گواوی و ناوگەڵی میزاوییانەوە لەشەقامەکانی شام و هەر بە بەرچاوی خەڵکەوە لەبەرانبەر چنگە پارەیەک ژنانی ئەو وڵاتە لەژێر خۆیاندا دەگەوزێنن . سعودییەکان ئەوانەن کە هەمیشە کێریان هەستاوە . ئەوان ئینسان و ئاژەڵ و مێرووش دەجێن . من دەزانم خوداوەند لە ڕەفتاری بۆگەنی سعودییەکان توڕە بوو . ئەوان هەژاری و دڵسافی خەڵکانی ئەو شوێنەیان قۆستەوە و دڵی خوداوەندیشیان ڕەنجاند .

پێت سەیر نەبێت، ڕۆژێكیش من لەوێ زۆر خراپ توڕە بووم، زۆر خراپ تا هێزم تیابوو بەسەر هەموو خەڵکانی شام دا قیژاندم و هاوارم کرد و پێمگووتن؛ من ئیدی لەم ووڵاتە ناژیم، ئێرە خەریکە دەبێتە سەرەنوێڵک . دڵی من یاوەخوود دڵی ئەو سعودییە هەرچی و پەرچییانە .

ئەگەر ئەو جارە توڕە نەبام بڕیارمدەدا بۆ هەتا هەتایە لەوێ بژیم و بیر لە جێهێشتنی نەکەمەوە . ئەگەر توڕە نەبام و لەو وڵاتە ڕام نەکردایە، ئەوا ئیستا دوور نەبوو لەوێ دەژیام و پەلی کچەکەم یاوەخوود ژنەکەم بە دەست پیاوێکی سعودییەوە دەبینی .

بەرلەوەی ئەوەت بۆت باس بکەم بۆ لە خاکی شام تووڕەبووم، لە یەکێک لە گەڕەکە نازدارەکانی ژوورێکم بە کرێ گرت، ژوورێک دەکەوتە ئەودیووی نۆرینگەی پزیشکێکی ددانەوە . بەو پێیەی شام وڵاتێکی کۆنە، ئەوانەی لە پێش منەوە هاتوون لە ژمارە نایەن و هەر یەکێک لەوانە چیرۆکی تایبەت بە خۆیان هەیە . ئەوانەشی لە دوای منەوە بۆی دەچن دواجار بەچیرۆکی تایبەت بە خۆیانەوە دێنەدەرێ . من لە هەر هەموویان دەگەڕێم و سەری خۆم بەوانەوە قاڵ ناکەم، من تەنیا لە سەرگوزشتەی خۆم دەدوێم . تا ئەو دەمەی دکتۆرەکە نورینگەکەی دەکردەوە، من بۆم هەبوو بە ئازادی خۆمەوە بڕۆمە دەرێ و بێمەوە ژوورێ، لەوە دوا بۆم نەبوو هاتووچۆ بکەم و دەبوو لەودیوەوە قەتیس بمێنم و چاوەڕێ بکەم تا دکتۆر دەرگای نۆرینگەکەی دادەخات .  دکتۆر پیاوێکی کریستیان بوو لەناو گەڕەکێکی موسوڵماننیشن دا نۆرینگەی کردبۆوە .

ڕۆژێک دکتۆر ئەو پیاوە کریستانە، لەو کاتەی سەرقاڵی هەڵکردنی ئامێرەکانی بوو هاتە نێو داڵانەکەوە و لەدەم ژوورەکەی من دا وێستا ،  وێستا و بە چاوێکی پڕ لە گریانەوە لێیڕوانیم و گووتی؛ ئێرە ئەو خاکە نییە، کە لە دێر زەمانەوە هەبوو، ئەو خاکەی هەموو پێکەوە بە شادی تیای دەژیاین . ڕۆژگارێک لێرە جولەکە و موسڵمان و کریستیان هەموو پێکەوە دەژیان و پێکەوە تەماشای شینایی ئاسمان و جوانی دونیامان دەکرد . لە نزیکی یەکەوە هەناسەمان دەدا و بە گەرمییەوە سڵاوی یەکدیمان دەسەنەوە . ئیستا هەموو شتێک گۆڕاوە . ئیستا هیچ شتێک وەکو جارانی خۆی نەماوە .

من کە تا ئەو دەمە لەسەر جێوبانەکەم ڕاکشابووم و خەریکی خوێندنەوە بووم، کتێبەکەم خستە لاوە و چووم لە نزیک ئەو پیاوەوە ڕاوەستام . لەو فرمێسکانە وورد دەبوومەوە کە خەریکبوون لەچاوەکانی دەهاتنە دەرێ و نەدەهاتن و لەناو برژانگەکانیا جێدەمان . هەستم بە لێدانی خێرای دڵی دەکرد .

هیچ شتێک وەکو خۆی نەماوە .

زۆر بە هێواشی هەستم بە توندی ئەو هێزە دەکرد کە لە دەوروبەری چەناگەی موڵگەی خستبوو و تاو تاو ڕوومەتە سوور هەڵگەڕاوەکانی کەمێک گەورە دەبوون و دەکشان و دواتر ڕەش دادەگەڕان و بچوک و بچوکتر دەبوونەوە . هێزێک شێوەی تەمومژ گورژمی دەهێنا و هێندەی نەمابوو لێوەکانی پڕ بکات لە گریان .

من دەمویست بزانم ئەو شتانە چین کە وەکو خۆی نەماون .

ئه‌و گووتی؛ دەرو و دراوسێکانم هەموو خەڵکیان لێپڕکردووم و هانیان دەدەن بۆ چاکردنی دەموددانیان ڕوو نەکەنە لای من . ئەوان پێیان وایە من پیاوێکی کافرم و خوداوەند دەرگای بەڕووی منا داخستووە . پێیان دەڵێن شیاو نییە ئەو دەمولێوەی ناوی ئەنبیا و خوداوەندی پێدەهێنن بیخەیتە بەردەم پیاوێکی کریستیانەوە کە کەس نازانێ لە کوێوە بۆ ئەم ووڵاتە هاتووە . من لەبەرانبەر روخساری خەمگینی ئەو و دوو چاوی پڕ لە گریانی نەمدەزانی چی بکەم . دەست بنێمە سەر شانی و دڵنەوایی بدەمەوە، باوەشی پیا بکەم و بکێشم بەسەر شانەکانیا و هەوڵبدەم دڵی ژیر بکەمەوە، یاوەخوود هەر هیچ نەکەم و بۆ خۆم بێدەنگ لێیبڕوانم . چی بکەم . بۆ خۆشم نازانم .

ئەوەم لەبەرچاوە، ڕۆژێک دێت کەس بۆ پاکردنەوەی ددانێکی نایەت بۆ ئێرە، خۆم لەبەرچاوە تاک و تەنیا بەدیار فڕە فڕی ئامێرەکانمەوە دادەنیشم و ئەو مێش و مەگەزە گێژ و وێژانە دەبژێرم کە لەتاو گەرمای دەرەوە هانایان بۆ فێنکایی ئێرە هێناوە .

دکتۆر پشتی تێکردم و بەرەو نۆرینگەکەی گەڕایەوە و من لەوێ دا لە شوێنی خۆم وێستابووم . نەمدەزانی هەر لەوێ دا بمێنمەوە یاوەخوود بگەڕێمەوە بۆ ژوورەکەم . هەندێکجار شوێنێک لە نێوان چوون و نەچوون دا هەیە و تا ڕۆژگار ڕۆژگارە درێژ دەبێتەوە . من دڵم بە چوونەوە بوو بۆ لای ئەو کتێبەی کە هێشتا بە کراوەیی لەسەر پێخەفەکەم جێمابوو، یادەوەرییەکانی پیاوێکی جولەکە بەر لەوەی شام بەجێبهڵێ و بۆ ئۆرشەلیم بگەڕێتەوە . نەچوونیش زیاتر بەناو هەناوی ئەو کابرایەدا شۆڕی دەکردمەوە کە دەروونی بە جۆرێک گڕی سەندبوو بە هیچ جۆرێک هێوربوونەوەی بە خۆیەوە نەدەدی . من ئەمڕۆ بەرلەوەی دکتۆر نۆرینگەکەی بکاتەوە دەربارەی ژیانی ئەبراهام دەمخوێندەوە . ئەبراهام ئەو پیاوە بوو لە دایک و باوکێکی جولەکە لە شام لە دایک بووبوو . ساڵانی کۆتایی شەستەکان و لەو ڕۆژگارەدا جەنگی ئیسرائیل و عەرەب خەریکبوو بەرەو کۆتایی دەچوو و بەرزاییەکانی جۆڵان لە دەستی سورییەکان سەندرابۆوە . سورییەکان بڕیاریان دابوو هەرچی جولەکە هەیە ڕەوانەی ئیسرائیلی بکەنەوە .

ئەبراهام گەنجێکی خوێنەوار بوو عەشقی شام و خەڵکانی شام لە خوێنیا دەژیا . ئەو ژنێکی فەلەستینی خێزانی بوو . تازە کیژۆڵەیەکیان بوو بوو ناویان لێنا بوو ئەمەل . ئەبراهام هێشتا تێر تێر ئەمەلی باوەش نەکردبوو و بە دڵی خۆی ماچی کۆڵم و ڕوومەتەکانی نەکردبوو. بڕیارەکە بەو جۆرە بوو هەر بە تەنیا بۆ خۆی ڕەوانەی ئیسرائیلی بکەنەوە . ئەو گۆڕی باوک و دایکی، لە نزیکی گۆڕی بیلالی بانگخوێنی پێغمبەری ئیسلامەوە لە گۆڕستانی (دەرگەی بچکۆلە) نێژرابوون . ئەو ڕۆژەی ماڵئاوایی لە شام دەکرد و بۆ دواجار ئەو خاکەی بەجێدەهێشت، ڕێگەیان پێنەدابوو ژنەکەی و تاقانە کیژۆڵەکەی خۆی لە باوەش بگرێ . هەر دەڕوات و تا ئەو دەمەش بە بەرزاییەکانی جۆلان دا سەردەکەوێت و ئیدی هێندەی تۆزقاڵێک شامیشی لێوە دیار نابێ . چاوێک بۆ ڕووباری یەرمووک هەڵدەبڕێ و هۆن هۆن دەگری . لەو نزیکانەوە بۆ یەکەمجار لە ژیانیا ئاڵای ئیسرائیل دەبینێ . ئەو هێشتا خەیاڵی لای ئەمەلی کچێتی کە هێشتا چل ڕۆژ نابێ چاوی بەم دونیایە هەڵهێناوە . هەر چاوەڕوانی دەنگێک بوو لە پشتەوە بانگی بکات و پێی بڵێ، ئەبراهام دەتوانی بگەڕێیتەوە بۆ لای خێزانەکەت، وەرە مەڕۆ ئێمە هەموو لێرە تۆمان خۆشدەوێت . بگەڕێوە ئەبراهام، تۆ دەتوانی لێرە لەنزیکی ئەمەل و دایکییەوە درێژە بە ژیانی خۆت بدەیت . هەر گوێ هەڵدەخات و دەنگێک نییە پەردەی گوێی بلەرێنێتەوە . ئەو ئەفسەرەی لەسەر سنوور چاوەڕوانی ئەو جوولەکە گەڕاوانە دەکات . یەکە یەکە دەستیان دەگوشێ و بەخێرهاتنەوەیان دەکات بۆ خاکی باپیران . ئەو کاتەی ئەبراهام بۆ یەکەمجار لەژێر ئاڵای ئیسرائیل دا دەوەستێت، نازانێ چی بکات . ئەو هیچ خۆشییەکی بەو ئاڵایەدا نایەت کە لە هەموو ژیانیا بۆ ساتێکیش لە ژێریا ڕانەوەستاوە . ئەفسەرەکە فێری دەکات چۆن سەری بۆ ئاڵاکە بنوشتێنێتەوە. ئەو هێشتا خەیاڵی لای ئەمەلە، ئەو کیژۆڵەیەی کە هێشتا بە باوکە بانگی نەکردووە . ئەبراهام، پشت دەکاتە خاکی شام و لەژێر ئاڵای شەکاوەی ژوور سەری، بەرەو ماڵی داهاتووی دەڕوات ، ماڵێک خاڵی لە سۆز و پڕ لە تەنیایی . دەست لە گیرفانی دەنێ و پەنجەکانی دەکەونە سەر ئەو مشتە خۆڵەی لە گیرفانی ناوە و دایک و باوکی لەوێ لە گۆڕستانی دەرگەی بچکۆلە لەژێریا ڕاکشاون . ئەبراهام لەشوێنێکی یادەوەرییەکانیا دەڵێت؛ ئەمەل کیژۆڵەکەم بەر لەوەی بڕۆم ئەو شەوە تا بەیانی بە گوێما چرپاندیت و بانگم کردیت، بانگم کردیت و بانگم کردیت  بۆئەوەی ئەگەر ڕۆژێک گەورەبوویت دەنگی من لە گوێ دا بزرنگێتەوە و دڵنیا بیت ئەوانەی کە لەوێن، لەسەر خاکی ئیسرائیل دوژمن نین . ئەگەر دەنگی منیش چی دی لەناو گوێ دا زرنگانەوەی نەما و ئیسرائیلیان بە دوژمن لەناو دڵتان دا ڕوواند، ئەوا لەناو یەکێک لەو دوژمنانە باوکی تۆیە کە بۆ هەمیشە بە ئەندێشەی باوەشێکی تۆوە دەژی …

 دکتۆر لە پەنجەرەکەوە بۆ سەر شەقامەکەی دەڕوانی. دیاربوو چاوەڕوانی ئارامی لێ هەڵگرتبوو . لەپڕ ئاوڕێکی دایەوە و چاوەکانی ئاگری لێدەباری . تاوێک لە منی ڕوانی و ئەوەی بەبیرکەوتەوە کە زۆر دەمێکە منی هەر وا لەوێدا بەبێ روخسەت جێهێشتووە .

من ویستم باسی خوات بۆ بکەم، خودا کە چی دی لە شوێنی خۆی نەماوە . ئینسان خودای زویر کرد .

دکتۆر پەیتا پەیتا هەر دوو دەستی دەکێشا بەسەر سنگیا و دەیگووت؛ خودا لێرەیە لە ناو سنگی منا، خودا لە ئاسمان نییە و لێرەیە . من گوێم لە تەپەی سنگی بوو لە داڵانەکەدا وەکو تەپڵێک خڕەی دەهات . ئەو هەردوو چاوی پڕ لە فرمێسکی بڕیبووە من و دەیگووت؛ خودا لێرەیە لەناو سنگی منا کاتێک بەسەر بەژنی نەخۆشێکا دەنوشتێمەوە، خودا لێرەیە لەناو دوو دەستەکانی من دا، ئەو دوو دەستانەی کە ئازار پەڕێنن ، من لە هەردوو لەپی دەستی وورد دەبوومەوە کە وەکو دوو شانەی گوڵەبەڕۆژە بەرزی کردبوونەوە بۆ ئاسمان و لەوێ دا بەدووی خودادا دەگەڕام .

دکتۆر دەستێکی نایە سەر شانم و گووتی؛ ” ڕۆژێک دێ ئەم خاکە جوانەی کە ناوی وڵاتی شامە وێران دەبێ . من هەست بە سەرەتاکانی ئەو وێرانبوونە دەکەم . ئەو خەڵکەی کە تۆ دەیبینی لێرە و لەوێ وەکو قەرەج بە دونیادا پەرشوبڵاو دەبنەوە ”  

لە تەنیشتی منەوە ژنێک بەناوی (ئوم محەمەد) دەژیا کە خاوەنی تەنیا کوڕێکی نازدار و جوانبوو بەناوی محەمەد . محەمەد منداڵێکی هەشت نۆ ساڵان بوو و لە ڕەنگ و ڕووی گوڵینی زۆر بە ئاستەم بۆت دەکرا لەگەڵ خوشکەکانی جوێیان بکەیتەوە . خەڵکانی شام هەر وەکو زۆربەی خەڵکانی ئێرە و ئەوێی دونیا دڵێکی ساف و ڕۆحێکی سپی و پاکژیان هەیە . جارجارێک ئوم محەمەد، لە دەم دەرگە سڵاوێکی گەرمی لێدەکردم و بە غەریبی من دڵی دەسووتا و بۆ خۆی یان محەمەدی کوڕی لە دەرگایان دەدام و خواردنی بەرماوەی شەوێی خۆیان بۆ دەهێنام . قاپێک تەماتەی سورەوەکراو کە پڕی وردە نانی هەڵوەریوو بوو، قاشە پەتاتە، مەعکەرۆنی و هێلکەی کوڵاو . من ئیستاش لە هەر کوێیەکی دونیا بم و بۆ تاوێک چاوی خۆم بنوقێنم دەتوانم نیگاری پاک و بێگەردی محەمەد بەبیری خۆم بهێنمەوە، دوو چاوی هەنگوینی کە پڕیان بوو لە خەون . قژێکی زەردی پەرشوبڵاو تا سەر دەفەی شانی شۆڕببونەوە خوارێ، دوو دەستی لاواز و دوو قاچی ووردیلانە کە زۆرێک نەبوو لەم دونیایەدا فێری هەنگاو هەڵگرتن و ڕۆیشتن بووبوون . ڕۆژێک محەمەد دیار نەما و گۆڕی ونبوو . دوان و سیان تێپەڕین و چی دی کەسێک نەبوو لە دەرگام بدات، من چاوم لە دووی محەمەد دەگێڕا و ئەو دیاری نەبوو ، محەمەد بە ئێجگاری ونبوو . ئێوارەیێک تەپە تەپێک لە دەرگای ماڵەکەمەوە هات ، دیار بوو کەسێک لە دەرگای دەدا، لەبەرخۆمەوە گووتم؛ هەبێ و نەبێ محەمەدە و قاپێک خواردنی بەرماوەی خۆیانی بۆ هێناوم . بەهەڵەداوان ڕامکرد و دەرگام کردەوە،ئەوەی لە دەمی دەرگە وێستابوو محەمەد نەبوو دایکی بوو . قاپێک نسکێنەی بۆ هێنابووم . ئەو دەیگووت؛ تۆ هەمیشە باسی نسکێنە دەکەیت، نسکێنەیێک بە دەست و پلی ژنە سوری قوڵپی دابێت . بەر لەوەی قاپە نسکێنەی لێوەربگرم پرسیاری محەمەدم لێ کرد .

کوڕم، محەمەد ڕۆی ” ئوم محەمەد گووتی .

من تەماشای چاوەکانیم کرد . دوو چاوی ڕەشی بە قوڵا چوو و نازانم بۆ هەرچی نەرم و نیانی هەبوو لە چاوەکانیا بەدیم نەدەکرد .

” بۆ کوێ ڕۆی ؟ ” من نەمدەزانی چی بڵێم . خەیاڵم بۆ هیچ جێگەیێک نەدەچوو . محەمەد زۆر لەوە منداڵتر بوو بە تەنیا بۆ شوێنێک بچێت . ئەو شەوان دەبوو لە باوەشی دایکیا بنوێت . هیچ گومانم لەوە نییە شەوێک بۆی بکرێ ئاسوودە دوور لە ماڵ و ناو خوشکەکانی ئۆقرە بگرێت .

ئوم محەمەد گووتی :

” چوو بۆ کار، بۆ خاکی پیرۆز . بۆ ڕیاز ڕۆی ! ” من دڵنیابووم ئوم محەمەد درۆ دەکات . ئەوان دیار بوو محەمەدیان بە سعودییەکان فرۆشتبوو .

من لەشوێنی خۆم حەپەسام، ئەوەی وشەبوو لە قوڕگم گیرابوو و بەزۆریش نەدەهاتنەدەر . دەمویست ئەو چرکەساتانە بەبیرخۆم بهێنمەوە کە محەمەد بەناو جۆگەلەی باراناوی بەیانیان دا بەرەو قوتابخانە دەچوو .

” بەڵێ بۆ ڕیاز، قوربانی بم بۆ کارکردن چووە بۆ ئەوێ . پارە بۆ خوشکەکانی دەنێرێتەوە ”

من بە قاپێک نسکێنەوە لە دەمی دەرگا ڕاوێستابووم . هەستم کرد دەروونم قوڵپ دەدات . ئوم محەمەد لەوێ دا نەمابوو . لەو کۆڵانە چۆڵ و هۆڵەدا خۆم تاک و تەنیا دەهاتە بەرچاو بە قاپێک نسکێنەوە لەوێ دا وێستابووم . تا هێزم تیابوو قاپە نسکێنەم فڕێ دا . قاپی شووشە لەو ئێوارە کپ و خامۆشە دا بوو بە هەزار و یەک پارچەوە . شۆربای ڕژاوی نسکێنە لەناو کۆڵان دا سەوزی دەکردەوە . دیمەنی محەمەدم بە ڕووت و قووتی دەهاتە بەرچاو لە ماڵی میرێکی سعودیی دا لەسەر فەرشێکی تورکی ڕاوەستاوە . محەمەد چی دی بەیانیان بەناو جۆگەلەی باراناو دا بۆ قوتابخانە ناڕوات . من ئەو ئێوارەیە بۆ یەکەمینجار لە ژیانما لە خاکی شام تووڕەبووم . ئەو خاکەی خودا لە ئەندێشەی خۆی خوڵقاندبووی . چاوێکم هەڵبڕی و لە ئاسمانم ڕوانی . بە دوای فریشتەکان دا دەگەڕام . لەوە دەچوو چی دی فریشتەکانیش لەوێ نەمابن . فریشتەکانیش چی دی ئومێدێکیان بەو دونیایە نەمابوو کە سعودییەکان بۆگەنیان کردبوو .