Salvador Dalí llustra Casanova, edited in 1980.

گفتوگۆیەک، لەمەڕ “شەونامە، بە تامی ڕۆشنایی”


Loading

نامه‌ی یه‌كه‌م:

سڵاو كاكە پێشەوا، هیوام گەشی و ڕووناكیتە.

سوپاس بۆ سروشت، نووسینەكەتم تەواو كرد. بە دەر لە وشە باوەكان، دەست خۆشی ئەم هەوڵەت لێ دەكەم؛ بەڵام، سەرباری ئەوە، ڕەنگە هەموو شت تەواوكار نەبێت، بۆیە ڕەنگە لەمەی تۆشدا هەمان شت هەبێت.

من نامەوێت وەک ڕەخنەگرتن، ڕەخنەبگرم؛ چوونكە ڕەخنە لە دونیای ئەدەبی كوردی، هەمیشە ڕەخنە وەک ڕق یان شكاندن بەرانبەر نووسەر، نەک تێكست بەكار هێنراوە، دوو دونیا لە ئەدەبی كوردی بۆ ئەدەب هەیە، یان ستاییش و پێداهەڵدان، یان ڕەخنەی قین و شكاندن ڕەخنەیەكی بوونیادی بە دەگمەنە. ڕەنگە من لەم دوو جۆرە بەدەربم و دونیای خۆم هەبێت، كە دونیابینی سێیەم بێت.

دوواندنی من لەگەڵ ئاگاهی تێكستە، كە هەوڵی دەوڵەمەندكردنی ئەو ئاگاهییەیە؛ ئاگاهی تێكست بەو مانایەی تێكست چیدی ڕێكخستنی وشە و بینین نییە، بۆ وەسفی شتێک. لەم ئاگاهییەدا، وشە نادووێت و ڕیز نابێت، ئەوەی دەدووێت، سروشتی بوونەكانە، كە ئێمە بە ڕواڵەت دەیبینین؛ بـەڵام هەرگیز نەمانتوانیوە پەی بە ناوەڕۆكەكەی ببەین، ئەویش بەو هۆكارەی كار لەسەر ڕواڵەت كراوە. نەمانتوانیوە حیكمەی بوونەكان ببینین. ئەم هەوڵەی تۆ، جێی دەستخۆشییە كاكە پێشەوا، بە تایبەت لەگەڵ ئەو ڕستەدام، کە دەڵێیت: “چیدی شەو تاریک نییە.” ڕۆژ ڕووناكییەكی نییە، گەر شەو ڕۆشنی نەكات، گەشاوەی ڕۆژ گەشاندنەوەی شەوە، دۆزینەوەی ڕووناكیی شەو، كارێكی گرنگە، چوونکە گەر لە شەودا نەبینیت، بینینی ڕۆژ مانای نییە؛ لە شەودا تاریكییەک نییە، جگە لەو نابیناییەی مرۆڤ، كە بەسەر شەودا سەپاندویەتی. پرسیار ئەوەیە، گەر چاو و زمان نەبێت، مرۆڤ  چۆن ڕووناكیی و تاریكیی بە وشەكانی وەسف دەكات؛ بەڵام، گەر ئاگاهیی مرۆڤ كار بكات، كە سروشتی بوونە، ئەوا لە شەودا باشتر دەبینێت و لە بێدەنگیدا باشر دەدووێت. ئاگاهی، واتە: دۆزینەوەی تەواوی بوونەكان لە ناو خوددا. ئەوەی دەیبینین، لە دەرەوە و لە ناوەوە بوونی هەیە، مرۆڤ پەی بەم بوونە دەبات، بە گەیشتن بە ئاگاهیی، مرۆڤ چاوی لە دەرەوەی خۆیەتی، بۆیە توانای بینینی خۆی لە دەست دەدات،بۆیە زۆرم هەیە بۆ وتن.

لەم تێكستەدا، سەرباری قبووڵبوونم بۆ ئەم هەوڵە، كە لای من گرنگە، دەبێت شیعر لەو فەزای ڕەگەزە هەوەسییە بێتە دەرەوە و بێتەوە ناو سروشت و مرۆڤبوون. كە هەوڵێكی جوانە و، پرسیار دروستكردنە لەسەر بوونەكان، نەک ڕژاندنی هەوەسی بە بوون و ڕەگەزێک، كە هەموو ئارەزوویەک لە دەوری بسووڕێتەوە. چیدی وشە لە شیعردا نەبێتە تاڵی تۆڕ بۆ ڕاوكردنی نێچیرێكی دیكە.

لەم تێكستەدا، تاڕادەیەک كاری جوانت كردووە و، هەوڵی خۆتت داوە؛ بـەڵام، قبووڵی بكە تا ڕادەیەكیش ئاگاهیی شەو غیابە. بەو مانایەی، پێشەوا توانیویەتی دەست بۆ زۆر شت ببات؛ بـەڵام، لەوەدا هەژار بووە، كە تەواوی سروشت و ڕۆڵی شتەكان سەمای نەكردووە لە تێكستەكەدا. بۆ نموونە: گەر  هاتین وەسفی پیاڵە بكەین، دەبێت تێبگەین پیاڵە بۆ خواردنەوەی چا یان شتێک نییە، دەبێت دەنگی پیاڵە بزانین، زڕەی شكانی پێكهاتەی ناوەوەی، تا بتوانین جوان پەنجە لەگەڵ ئەو سروشتەدا نەرم بكەین، كە پیاڵەی لێ پێكهاتووە.

تۆ كار و ماندووبوونی جوانت كردووە، ئەمە هەوڵێكە بۆ ئەو جیاكارییە كە دەبێت شیعر بەرهەم بهێنرێتەوە لە مانا بنەڕەتییەكەی خۆی، نەک وەک بەرهەمێكی بەكارهێنراو و بەكاربەر، كە لە دونیای ئەدەبی خۆماندا هەیە.

هیوادارم لە مەبەستم گەیشتبیت، وەک ڕەخنەش وەرینەگریت لێم؛ وەک دوواندنی ئاگاهییەكی من و تۆ پێكەوە، لە ڕووناكیی شەودا لێی بڕوانین؛ چوونكە وەک گوتم: من ڕەخنە ناگرم، بەو هۆیەی ڕەخنە مانا بنەڕەتییەكەی خۆی جێهێشتووە لە دونیای ئەدەبی خۆماندا.

دەزانین ڕامانی تەواوەتی یان ئاگاهیی، دەمانكات بەو شتەی كە دەیبینین؛ دەمانكات بە دار، بە ئاو، بە تەواوی سروشت. وەک گوتم: ئاگاهی، گەیشتنە بە خود و بوون بە سروشتە؛ بۆیە كاتێک بە ئاگاهیی دەگەیت، ڕووناک دەبیتەوە و دەبیتەوە بە سروشت، ئەوكات دەتوانیت پەنجە لەگەڵ بوونەكان نەرم بكەیت، ڕۆڵێ بنەڕەتی خۆی بدەیتەوە، نەک ڕۆڵێكی دروستكراوی ڕووكەش وەک ئەوەی بۆ شەو دروست كراوە، كە تۆ لەمەدا جوانت پێكاوە، “شەو دێوەزمە نییە، تاریک نییە، تار نییە…” هەرچەند زۆرم نووسی، ڕەنگە نەمتوانیبێت بە تەواوی ئەوەی دەمەوێت، بینووسم؛ بـەڵام ئەوەی نووسیومە، كڕۆكەكەیە.

لە كۆتایدا حەز دەكەم وەک هاوڕێیەک كە هەمیشە خەمی ئاگاهی مرۆڤەكانمە، گەشتێک بە نێو حیكمە و حەكیمەكانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بكەیت؛ چوونكە بە ڕاستی پێویستە بۆ ئاگاهی، بۆ تێگەیشتن لە سروشت و خۆشەویستیی و جوانی. بە مانا ئاگاهییەكەی، چوونكە، حەكیم و حیكمەكانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، دەتدەنەوە دەست خۆت، جیاواز لە دونیابینییەكانی ڕۆژئاوا، كە دەتكەنە شوێنكەوتەی فەلسەفەكانیان و، ئیزدواجیەتی تاک دروست دەكەن؛ بەڵام، حەكیمەكانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، دەتكەنەوە بە خۆت و دەتكەنەوە بە بوونەوەرە سروشتییەكە. دەستی ماندووبوونت دەگوشم.

سوپاس بۆ خوێندنەوەی سەرنجەكانم، بە هیوای گەشتی ڕووناكی خود و دەق لە تۆدا نەوەسێت و، گەشتەكە دەست پێ بكات؛ چوونكە ئەو گەشتەی كە بەكردار دەست پێ دەكات بۆ بینینەوەی خۆت، هەمان گەشتە، كە ئاگاهیی سروشت دەبینیتەوە. هەوڵەكەت جێی خۆیەتی، بە هەموومان گەشاوەتری بكەین، تا تێكست بدەینەوە دەست سروشت. دووبارە دەستی ماندووبوونت، گوڵ ڕووناكتر و گەشاوەتر بێت، وەک ڕووناكیی شەو.

یاسین حوسێن

٠٤/ ٠٨/ ٢٠١٨ -نۆیشتات/ ئەڵمانیایە.

Salvador Dalí llustra Casanova, edited in 1980. سلڤادۆر دالی – كازانۆڤا

 

نامه‌ی دووهه‌م:

سڵاو و ڕێز ئوستازی ئازیز…

سەرەتا سوپاستان دەکەم، بۆ کاتبەخشینتان. بۆیە قسە لەسەر بوونیەتی دەقەکە ناکەم، چوونکی هی خۆمە؛ بەڵام، بۆ وەی بێمەوە نێو باس، لەسەر تەواوی دیدگات هاوڕام، لەمەڕ ڕامانتان بۆ ئەو دەقە. لە بارەی ئەوەی “من” وەک دەقنووس، هەوڵێکم هەبووە، تاوەکوو ڕەوتی باو پات نەکەمەوە؛ دەرچوونم بێت لە دیدە تەقلیدەکە. لە بارەی بوون و نەبوون وەک بوونیەتی دەق، دوو جۆر کەماڵی هەیە، یەکەمیان: کەماڵی دەق، لە دەرەوەی نووسەر، لەسەر یەک تێز، کە دەقەکەکە دەدووێنێت. دووەمیان: کەماڵی مرۆڤ لە دەرەوەی دەق؛ مرۆڤ هیچ کاتێک کەماڵی خۆی وەک دەق نییە، هەروەک چۆن کەماڵی دەق، بوونیادی تەواوی نووسەرەکە نییە. بەمپێیەش، دەتوانم بڵێم: من هەم وەک مرۆڤ کە پاڵپشتی قسەکانت بم، کەماڵ نیم. دەشێت دەق وەک میتۆدی ئەدەبی، سەرەتایەکی بوونیادی کەماڵی بێت؛ بەڵام، هێشتا کەماڵ نەبێت. هەر لەبەر ئەوەشە، من باوەڕم بەو بۆچوونەی سێیەمت هەیە، کە نووسەر و ڕەخنەگری ئێمە، یان ڕەخنەیە یان ستاییش. دیدی تۆ بۆ من، پێم دەڵێ کەماڵییت لە سەرەتایە، کە بەو کارەت زیاتر ئەرکم پێ دەسپێری. من ویستومە، لە ڕێی شیعرەوە، بێمە نێو جیهانی بوونەوە. وەک چۆن تۆ لە ڕێی قووڵبوونەوەی بوونەوە، شیعر ڕاڤە دەکەیت. خۆشم حەزم نە لەستاییش بووە، نە ڕەخنەی قین. ئەوەی تۆ دڵخۆشم دەکات. سەرنجی وردی ئێوە و قووڵبوونەوەتان تێگەیشتنم لە بوون بۆ دەردەخات. بە هیوام لە داهاتوودا پەی بەو دیدە بوونگەرایی و سروشتییە ببەم، کە لە بارەی حەکیمەکانی ڕۆژهەڵاتـەوە سەفەرێکی ڕۆحیی بکەم. دەبێت ئەو کەمئەزموونییەم لە ڕامانی ئێوەوە وەسەرتری بخەم. دوا جار وتم: نە وەک شیعر و نە وەک مرۆڤێک لە سەرەوەی بووندام، تەنیا مەبەستم بوو هەوڵی خۆم لە باو ڕزگار کەم. قسەم لەسەر کەماڵیی و جاویدانیی نەبووە بۆ خۆم، وەک ئەوەی لای خەییام و بیدەل و تاگوور و مەولانا وجوودی هەیە. شاعیرەکان زیاتر قسەیان لەسەر جیهانی بوون کردووە؛ نەگەیشوون بە وەی هەموو شێک بە جیهانی جیهانکراو بکەن. من سوپاسی ئێوە دەکەم کە کاتی خۆتان پێبەخشی، هەموو ئەو سەرنجانە، لای خۆم ئەزموونی لێ وەردەگرم، بۆ بە ئەزموونکردنی بوون.

چێژم وەرگرت لە نووسین و ڕامانی قووڵتان. بە هەوڵی ڕامانی کەسانی بە ئەزموون لە خوودئاگاهیی، بتوانم بەردەوامی لەو هەوڵە شیعرییانە بدەم. سوپاستان دەکەم، ڕۆحتان هەمیشە ڕۆشن؛ شادومان بن.

پێشەوا کاکەیی

٠٤/ ٠٨/ ٢٠١٨   بۆکان

فه‌رموون له‌گه‌ڵ قه‌سیده‌ی شه‌ونامه‌

http://cultureproject.org.uk/kurdish/night-ness/

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.