![]()
خوایە لە تفەنگمان زیاتر بە دەستەوە نەماوە
مەگەر وا نییە؟
عەلاء ئهلعەببادی(1)
و: نەژاد عزیز سورمێ
نا خوایە
نا
تكات لێ دەكەم
مەیكە بە شەڕی سێـیەمینی جیهان
شەڕی دووەمین بایی خۆی درێــژ بوو
زۆر درێــژ بوو،
عاشق بین و هاوسەرگیریی بكەین و
مناڵمان ببن
كە تێـیدا مردن ..

زۆریش وەڕسكەر بوو
( قاوەخانەی بەڕازیلی)(2) لێ دابخەن
كە ڕۆڵەكانمان تێدا پێـگەیاندن
ئەوانەی لە شەڕی دووەمی جیهان
لەو قاوەخانەیەدا مردن،
ڕژێم داینەخستبوو ..
بە چەندان ساڵ پێش ڕووخانی ڕژێم،
ئەو قەسیدانەمان لێ دەخوێندنەوە
دژی ڕژێـم نوسیبوومان ..
قاوەمان تیا خواردبووەوە
بە دوای هەڵسوكەوتی شیوعیەكانەوە بووین ..
چاودێری جاسوس و
پیاوانی ڕژێممان تـێدا دەكرد ..

نەخشەمان بۆ شۆڕش دەكێشا
كە هەرگیز سەرنەكەوت ..
پێش ئەو شۆڕشەی لە مەككەدا بەرپا بوو
پێشی ئەو شەڕەیش
هیچ حیسابێكت بۆ نەكرد خودایە
ڕەزامەندیشت لەسەر نەدا ..
لەو شەڕەدا خوایە
شیوعییەك خۆی نەكوشت ..
كەسیش لە سەر (مالك بن ڕەیب )(3) نەگریا.
نا خودایە
وا مەكە وەك ئەوانی دی كردیان
شەڕیان هەڵگیرساند
تـا (ئەریش ماریا ڕیمارك)(4)
(هەموو شتێك لە بەرەی ڕۆژئاوادا هێمنە) بنووسێ
بەڵام هەموو شتێك لە بەرەی ڕۆژئاوادا هێمن نەبوو

لەوێ،
چیرۆكێـكی خۆشەویستی هەبوو
ڕووبارێ دەڕۆیی
پڕ بوو لە ماسی ئۆپۆزیـسیۆن ..
خودایە!
ئێمە هیچ ڕەئییەكمان لە هیچ شەڕێكدا نەبووە،
لە پێناوی نەتەوەی عەرەبیدا،
عەبدولناسر ڕەوانەی یەمەنی كردین
تا یەك بە دوو لە بەرامبەر سعوودییەدا بدۆڕێـنـین ..
بۆ كاوڕی (مالوین) یش
خاتوو (تـاچچەر) شەڕی دژی ئەرژەنتین ڕاگەیاند
پیاوەتی خۆی
بەرامبەر پیاوی ئەورووپایی بسەلمێنێ.
كە لە شەڕ وەڕس بوو ..
لە پێناوی
(چۆن چییە) و
(چوزانم چییە) دا،
ئێران شەڕی دژمان ڕاگەیاند ..

ئێمەش شەڕمان دژی ئێران ڕاگەیاند ..
ئێران شەڕی دژمان ڕاگەیاند ..
ئێمەش شەڕمان دژی ئێران ڕاگەیاند ..
چونكە ئێمە لەوانەیە ئەوەمان بە جوانی ئەزبەر نەكردبێ،
بڵێ ئێوە ئەی كافرینە!
ئەوەی ناپەرستم ئێوە دەیپەرستن
تا نەچـنە كوێت و
نەیكەن بە پارێزگایەكی نوێ ..
لەو شەڕەدا
كەسمان لێ نەچوو
بەڵام زیانی زۆرمان لەسەر ئەو قیڕە ڕەشەدا پێگەیی
پاش ئەوەی لە( شەوی لیشبۆنە) دا
دانمان بە هەموو شتێك نا ..
زۆرم چاوەڕوان كردی خودایە
لەو شەوە خەمگینەدا
لە بەرابەر پیاوێكی بێگانە
هەرێی ئازادی پێدا بووم و
پلیتێــكی كەشتی بەرەو نیۆرۆك ..
خەون بە ئاشتی و
بە سێوێكی گەورەوە دەبینم.

بەغدا – سویسرا
ئاماژە
(1) شاعیرێكی عێراقیه.
(2) قاوەخانەی بەڕازیلی: قاوەخانەیەكی كۆنی بەغدایێە له شەقامی ڕەشید – شوێنی زۆر لەنووسەر و ڕۆشنبیران بووە ..
(3) مالك بن ڕەیب: شاعیرێكی عەرەبە ، بە ئازایەتی بەناو وبانگ بووە.
بەڵام ئازایەتی لەچەتەیی و ڕێگریدا بەكار هێناوە، تا ڕۆژێ سەعیدی كوڕی عوسمانی خەلیفەی سێیەمی ئیسلام بۆ شەڕێك لەگەڵ خۆی دهباته خوراسان، دەڵێن لە ڕێگای گەڕانەوەیدا لە جێگایەكی بێ بانگوهاوار مار پێوەی دەدا، هەست بە كۆتایی ژیانی دەكا و قەسیدەیەك بۆ مەرگی خۆی دەنووسێ كە لە ئەدەبیاتی عەرەبیدا ناوبانگێـكی زۆری هەیە ..
(4) ئەریك ماریا ڕیمارك: ڕۆمانووسی بەناوبانگی ئەڵمانی كە زۆر لە ڕۆمانەكانی لەبارەی شەڕن، بەتایبەتی شەڕی دووەمی جیهان .. لەوانەیش (هەموو شتێك لە بەرەی ڕۆژئاوادا هێمنە) و (شەوی لیشبۆنە)، كه شاعیر لێرهدا لایهنێكی تێدا تهوزیف كردووه.
وەرگـێـڕ
سەرچاوە:
https://www.alebady.com


