سه‌ره‌تاكان
له پۆلی پێنجی سه‌ره‌تایی بووم، هه‌ڵبه‌ت دەبوایە له شه‌ش بوومایه، بەڵام چونكه ته‌مه‌ڵ بووم لە پۆلی پێنج مابوومه‌وه. ئاخر من زۆر حەزم لەو دانیشتنەی ناو چوار دیواری قوتابخانه نه‌بوو، حەزم له یاریكردن و هاروهاجی بوو. هەر جاری به‌هانەیه‌کم بە دایکم دەگرت، دایە پاسکیلم بۆ بکڕە! دەیگووت؛ تۆ کچیت پاسکیلی چیت بۆ بكڕم ؟…ئای کە له‌م وشەی (تۆ کچی) بیزار ده‌بووم، هەر لەو کاتەوە زانیم جیاوازی کچ و کوڕ هه‌یە و دژی ئەو وشه‌یە بووم، بۆیە هەموو هەوڵمدەدا تاوه‌كو هەرچی براکانم دەیکەن منیش هەر ئەوە بکەم. من لە دایکم پێنج برا و خۆم بووین، لە دوو دایکەکانی دیکەش خوشک و برای دیکەم هه‌بوون، بەڵام ئەوان هەموو گەورە بە تەمه‌ن بوون، برام هەبوو کە لە دایکم گەوره‌تر بوو!
هەر ئەو کاتە لە ناعه‌دالتی پیاو تیگه‌یشتم، دیارە ئەو کاتە ئیتر باوکم نەمابوو و دایکی داماوم بەتەمه‌نێکی زۆر گەنج و بێ پشت و په‌نای مادی ته‌نیا لەگەڵ شه‌ش منداڵ مابوویەوە، کە باس کردنی ژیانی دایکم کاتێکی زۆری دەوێت، چۆن لە تەمه‌نی سیانزه ساڵی بە پیاوێکی زۆر بەتەمه‌نتر لە خۆی بەشوویانداوە. ئەوندە منداڵ بووه، کە لە ماڵی مێرده‌كه‌ی سوڕی مانگانەی دەستیپێكردوه، بەڵام خوشک و براکانم هەموو ماڵ و ژیانی خوشی خۆیان هەبوو و ئاگایان لە ئێمه‌ش بوو. كاتێك قه‌یسه‌ری مهاباد سووتا، دوكانه‌كانی باوكیشم سووتان و به‌دوای ئه‌م شكسته‌دا نه‌خۆش كه‌وت و چوو بۆ تاران بۆ چاره‌سه‌ر، به‌ڵام مه‌خابن له‌گه‌ڕانه‌وه‌دا به كاره‌ساتی ئۆتۆمبێل به‌سه‌ختی به‌رده‌كه‌وێت و دوای ماوه‌یه‌ك باوكم گیانی له‌ده‌ستدا.
جا، با لەوانە گه‌ڕێم و بێمەوە سه‌ر ئەوه‌ی دایکی فه‌قیرم بە چی پاسکیلی بۆ بكڕیمایه؟ بەڵام خۆ منداڵ شتی وا حاڵی نابێت و منیش لەداخان پاسکیلی منداڵی گەڕەکم بەزۆر وەردەگرت و تێر بە دڵی خۆم پاسکیل سواریم دەکرد، کە دەهاتمەوە ماڵ دەمزانی ئیستا دایکم شەڕم لەگەڵ دەکات. چونكه ژنی دراوسێ هاتبوو بۆ شکاتكردن لێم. من عاده‌تم گرتبوو، دایکی داماوم هه‌ندێک قسەی پێدەگووتم و له ژوورێكی تاریكی ده‌هاویشتم کە پڕ بوو لە ترشیات و په‌نیڕی ناو کووپە بوو. ئێ، منیش بە دڵی خۆم نان و په‌نیری کوردی و ترشیاتم دەخوارد. دوای دایکم دەهات ده‌یگووت؛ وەرە نان بخۆ! منیش کە پێشتر خۆم تێر کردبوو وه‌ڵاممدەدایه‌وە، ده‌مگووت؛ نان ناخۆم…دوای ئه‌مه دایکم دڵی بۆم دەسووتا و به‌قوربان و به‌ساقەم دەبوو، دەیگوت کچە تاقانەکه‌م خۆ تۆ کوڕ نیت نابێت وا بکەیت.
دوای ماوه‌یه‌ك شۆڕشی گه‌لانی ئێران كه به (ئینقلاب) ناسراوه، له‌ساڵی ١٩٧٩ لە تاران و شارەکان سه‌ریهەڵدا، دوای ماوه‌یەک کوردستانیشی گرتەوە. لە مەهابادیش دژ بە شای ئێران خۆپیشاندان ده‌ستیپێکرد. بێگومان ماڵی ئیمەش وەک خەڵکی دیکە تیکەڵاوی شۆڕش بووین، بەتایبه‌ت برایه‌كم کە فیكری چه‌پی هەبوو. ماوه‌یەک بوو دیارنەبوو و دوای زانیمان چوو بوو بۆ پێشمه‌رگایه‌تی، زۆرمان شانازی پێوە دەکرد، ئەویش بووه هۆی هاندانی براکانی دیکەم.
هەموو لە دژی شای ئێران به‌شداربووین، به‌ڵام ڕۆژیک (مەهاباد) زۆر شڵۆق بوو، ئاگریان لە هه‌ندێک شوێنی حکومی به‌ردابوو، دوو برام هەر نه‌ده‌هانته‌وه ماڵه‌وه، دوو برای دیکەشم ڕۆیشتن و منیش بەشوێنیاندا و دایکیشم بە گریان و پاڕانەوە بە شوێنماندا هات وده‌یگووت؛ ڕۆڵە دەتانكوژن وامەکەن، شاهه‌نشا بەهێزە بە منداڵە ووردکە ناڕوخێنرێت…دایكم لەو قسانەدا بوو، کە لە شه‌قامه‌كه‌وه تانکی حکومه‌تی ده‌هات، بینیمان دایکم بەردی هەڵگەرتوو پێیدادان، ئێمەش ئەومان بینی زۆرمان پێ خۆش بوو، ئه‌مه زۆرتر هانی ئێمه‌یده‌دا. بەڵام دایکم ئەوه‌یکرد بۆئەوه‌ی منداڵەکانی بپارێزی، ئه‌گینا به گووته‌ی خۆی دژی شای ئێران نەبوو و زۆریش دەترسا.
مانگرتن له‌خواردن
ته‌نیا شتێکی دایکم كه هه‌رگیز لە بیرم ناچێتەوە، ئەوە بوو کە قوتابخانه‌ی کچان و کوڕان هەموو دەستیان دابوو بە مانگرتن لە خواردن. قوتابخانه‌كه‌ی ئێمه كه هی كچان بوو، پۆلی هه‌شت كه له ئێمه گه‌وره‌تر بوون مانیانگرتبوو. قو‌تابخانه‌كه لەماڵی ئێمە نێزیک بوو، من و چەند هاوڕێیه‌كم چووین بۆ به‌شداریكردن له‌مانگرتن، لە به‌یانییه‌وه هیچمان نەخواردبوو، كات دره‌نگ بوو بوو به‌شەو، بینیم دایکم لەگەڵ دایکی دوو هاوڕێم بە قابله‌مە خواردنه‌وه هاتن بۆ لامان، ئێمەش شه‌رممان لە هاوڕێیانی دیکە کرد و لە دایکەکانمان دەپاڕاینەوه، کە ئابڕوومان مەبەن، چونكه ئێمە مانمان له‌خواردن گرتووه! ئەوانیش دەپاڕانەوە کە ئێوە جارێ منداڵن…ئه‌وانیتریش پێمان پێدەکه‌نین. بەهەرشێوه‌یه‌ك بوو دایکەکان چوونەوە بەڵام قابله‌مە خواردنیان جێهێشت، كه‌چی تاوه‌كو به‌یانی قابله‌مه‌كه بەتاڵ بووبووه، ئێستاش باوه‌ڕیان نەکرد کە ئێمە نەمانخواردوە کەسانی دیکە خواردبوویان! به‌كورتی دوو ڕۆژ ماینەوە بۆ شەوی سێهەم مانگرتنمان له‌خواردن شكاند…کە هاتمەوە ماڵ لای دراوسێكان وا خۆم نیشاندەدا دەتگووت ته‌یاره‌م هه‌ڵساندووه بۆ ئاسمان، له‌وه به‌دواوه بە جۆرێکی دیکە ته‌ماشایاندەکردم، ئیتر گەورە بوو بووم و ئەوە بۆ من وەک مێژووی لێهات.
خومه‌ینیم بینی
پشووی قوتابخانه لە ئێران سێ مانگ بوو، من دوو مانگی هاوین یان لە تاران لە ماڵی براژن و برا گەورەکەم ده‌مامه‌وه، یان له (ته‌ورێز) له ماڵی خوشکم، یاخود له (ئورومێ) له ماڵی خوشکێکی دیکەم. ئەمانەم زۆر خۆش ده‌ویست کە هاوین هەموویان مانگی یه‌كه‌م دەهاتنەوە مەهاباد و دوایی هەر کام زووتر بڕۆیشتایه‌ته‌وه منیشیان دەبرد. دایکم پێی‌خۆش بوو چونكه دەیگووت؛ لە گەڵ کوڕان یاریدەکات ده‌رس نا‌خوێنێت، بۆیه باشترە لەگەڵ خوتان بیبەن، تاوه‌كو مێشکم بحه‌سێتەوە…
من هەر لە منداڵیه‌وه زۆرتر براژنم و خوشکەکانم زۆر خۆشدەویست و ئەوان زۆریان مو‌حبه‌تیان پێ دەکردم، براژنم وەک دایک بۆمن باش بوو، لەگەڵ کوڕی براژنم هاوتەمه‌ن بووین، براژنم شیری پی دابووم، بۆیە وەک دایکم خۆشم ده‌ویست.
ئەو هاوینە کە لە تاران بووم، ئه‌و ساڵه كه شۆڕشی له‌ساڵی ١٩٧٩ ئێران سه‌ركه‌وت و ئیمام خومه‌ینی له‌پاریسه‌وه هاته‌وه بۆ تاران، ئه‌و كاته من له‌وێ بووم كه‌هاته‌وه بۆ تاران. براژنیشم زوو به‌شداری خۆپیشانداكانی تارنی ده‌كرد، دیاره منیش خۆم پێ شۆڕشگێر بوو، بۆیه له‌گەڵیدا دەچووم هەموو خۆپیشاندانەکان، لە بەڵام چونكه لە کوردستان فێری دروشمی (دژی ئیسلام) بووم، دوروشمی (اللە اکبر)م نەدەگووته‌وه، ئاخر خەڵکی تاران شەوانە دەچوونە سه‌ربان و دروشمی ئه‌ڵاهوئه‌كبه‌ریان دەگووته‌وه و و پۆلیسی شا هیچیان بۆ نەدەکرا. بەڵام من هه‌ر هاوارمدەکرد (مرگ بر شاە) جا ئەوە نوكته زۆرە کە سه‌رتان ناێشێنم، ته‌نیا باسی ئەو ڕۆژە دەکەم کە ئه‌رته‌ش (سوپا) تێکەڵاوی خەڵک بوو وخەڵکی تاران چەکیان بەدەستگرت، من ئەمانەم هەموو بینی و ئەو ڕۆژە کە خومه‌ینی هاتەوە لە تاران بووم.
بۆ بەیانی هەموو خەڵک لە مه‌یدانی ئازادی کە ئەو کاتە ناوی مه‌یدانی ( شهیاد) بوو کۆبوونەوە و منیش له‌گەڵ براژنم چووین بۆ ئەو مه‌یدانە دوو کەسی گرنگی وه‌ك (تاڵه‌قانی و خومه‌ینی) قسەیانده‌کرد.ئەو کاتە ئەمانەم هەموو به‌چاوی خۆم بینیی.
یەک بیره‌وه‌ریم هه‌یه ده‌رباره‌ی وێنەی خومه‌ینی؛ کوڕی براکەم کە هاوتەمه‌ن بووین بەهۆی هاوڕێکانی قوتابخانه‌یه‌وه لایه‌نگری خومه‌ینی بوو، به‌مانای هەموو خەڵکی تاران لایه‌نگری خومه‌ینی بوون، جا ئەو برازایه‌م وێنەی خومه‌ینی لە ژووری خۆی هه‌ڵواسیبوو، منیش لە کوردستان فێربوو بووم، دژ بە مەلا و ئیسلام بووم. چووم وێنەكه‌ی خومه‌ینیم لە ئاوده‌ست بۆ هەڵواسی، کە برازاکەم هاتەوە بینی وێنەی خومه‌ینی لە ژورەکەی نەماووە. هات گووتی؛ دایە کوا وێنەی ئیمام خومه‌ینی، منیش زوو وه‌ڵامم دایەوە و گووتم؛ لە ئاوده‌سته! زۆری پێ ناخۆش بوو، منیش گووتم؛ تۆ کوردی نابێت وێنەی خومه‌ینی دانێیت…پاشان هه‌ندێك لێمان بوو به كێشه، براژنم پشتی منی گرت و گووتی ڕاستدەکات ،ئیمە کوردین! بەڵام ئەو هه‌ر سوور بو کە ئیمام خومه‌ینی ڕه‌هبه‌رە .. شۆڕش سه‌رکەوت و هەموو ئەو کاته‌م بە چاوی خۆم بینی، ژنان زۆربەی به‌خواستی خۆیان بوون بەحیجابی، هه‌ندێک (چریکی فیدائی خه‌ڵق) هەبوون کە بێ حیجاب بوون. ئاوه‌ها هەموو ڕۆژێک دەچووینە بەر زانکۆ و ، مه‌یدانی ئازادی و به‌شداری خۆپیشاندانمان ده‌كرد.
ماڵێكی فره حزبی
دوای دوو مانگ هاتمەوە مەهاباد فه‌زای شار زۆر خۆش بوو. پیشمەر‌گە و مه‌قه‌ڕی پارته‌كان دامه‌زرابوون. من بە هۆی چەند هاوڕێیه‌كمه‌وه بووم بە (چریکی فیدایی خه‌ڵق) کە به‌شی گه‌نجانی ناوی (پیشگام) بوو. له ماڵی ئێمه‌دا هەر کەس بوو بە حیزبێك؛ سیانیان بوون بە حیزبی دیموکرات، دوو بوون بە کۆمەڵە، یەک بۆ بە په‌یکار، یەک برام کە زۆرم ڕقم لێی بوو، بوو بە ئیسلامی (موفتی زادە)…
هەڵبه‌ت ئەو هه‌ر زوو ڕووی لە ئیسلام کردبوو ، بەداخەوە مزگه‌وتێك له نزیك ماڵمان بوو، مەلای ئه‌وێ مێشکی پڕ کردبوو، هەڵبەته نه‌خۆشیه‌کی هەبوو، له‌و باوه‌ڕه‌دام له ترسی نه‌خۆشی ڕووی لەخودا و نوێژ کردبوو. لەبیرمە لەتەمه‌نی نۆ ساڵاندا بەزۆ دەیناردمە لای مەلا بۆه‌وه‌ی قورئان بخوێنم، منی هه‌ربه منداڵی لە قورئان بێزار کرد، چونكه به‌رده‌وام مردنیان وەبیردەهێنامەوە. هەر ئەو برایه‌م زۆری لێ دەکردم حیجاب بکەم، بەڵام وه‌ڵاممنەدەدایه‌وە.. شەڕی لەگەڵ دەکردم و کە براکانی دیکەم لە ماڵ نه‌بوونایه لێیدەدام، بەڵام دایکم و هەموو براکانی دیکەم هەمیشە لەسه‌ر من به جواب ده‌هاتن. ئەو لە گەڵ براکانی دیکەشم شەڕیدەکرد، پێی ناخۆش بوو کە کۆمەڵە یان په‌یکار یان حزبیکی دیکە بن. به كورتی لە ماڵی ئێمە هەمیشە موناقشەی سیاسی بوو، دایکی فه‌قیرم به‌ده‌ست هەموومان گیری خواردبوو، به‌هه‌قه‌ت زۆری سه‌ختی بینی هەموو منداڵی بوون نەدەزانی پشتێ کامیان بگریت!
ماوه‌یه‌کی زۆر شارەکانی کوردستان به‌ده‌ست پێشمەرگە و خەڵکه‌وه بوو ئازادییه‌کی خۆش هەبوو.. هەموو شارەکانی دیکەی ئێران ببوو بە حیجابی زۆرە ملێ، وردە وردە، ئازادییان لە خەڵک وەردەگرتەوە و ئیسلامیان دادەسپاند. حزبە چه‌پەکان مه‌یدانیان که‌مبوویەوە، بەڵام کوردستان هەر ئازاد بوو، سروودی کوردی، کتێبی سیاسی و هەموو شتێک هەبوو. وایلێهات کە سیاسیه‌کانی چه‌پ سه‌ردانی کوردستانیان دەکرد، کە باسی ده‌یان لاپەره‌ی ده‌وێت بینوسیته‌وه…ئەوه‌ندە خوێندكاری زانکۆ لە تاران و شارەکانی دیکە دەهاتن کە لە مزگه‌وت بە بڵندگۆ داوایان لە خەڵک دەکرد میوان بەرنەوە ماڵ. من کە کوڕی خاڵم و کوڕی مامم چەند خزمێكی دایکم کوڕه‌کانیان لەزانکوی تاران و سبزەوار و که‌ره‌ج ته‌بریز بوون، بە ده‌یان کەسی زانکۆیان میوان بوو کە دەبوایە لە ماڵی خزمەکان دابه‌ش بكرانایه. چواركه‌س به‌ر ماڵی ئێمە که‌وتبوون هەموویان چریک بوون، منیش زۆرم پێ خۆش بوو، قسه‌ی سیاسیان دەکرد کە زۆر بۆمن قورس بوو تێبگه‌م، لەگەڵیشیاندا دەچوومەوە مقه‌ڕی (پیشگام). ئەو برایه‌م که‌م لەماڵ بوو زۆرتر لە مزگه‌وت بوو، چونكه حەزی لەو میوانانە نه‌بوو، بەڵام لەبەر دایکم و خاڵم نەیدەوێرا دەریان بکات…منیش لە گەڵ شەهید جلالی برام دەمانبردن بۆ مقه‌ڕ. به كورتی فه‌زایه‌كی زۆر خۆش و شۆڕشگێرانه لە مەهاباد هه‌بوو..زوو زوو كۆبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری لە مه‌یدانی ئازادی دەکرا، ڕۆژێک (شێخ عیزه‌دین) ڕۆژێک (عه‌بدولڕه‌حمان قاسملو) ڕۆژێک (چریكی فیدایی) و ڕۆژێک (کۆمەڵەی زه‌حمه‌تكێشان) و (عه‌بدوڵای موهته‌دی) سكرتێری و ڕۆژێک (ئه‌شره‌فی ده‌هقان)…به كورتی، هه‌ر ڕۆژه‌و کەسێک گوتاریده‌دا. من بۆ هەمووی دەچووم هەرچه‌نده دایکم هاواریدەکرد وڵاممنەدەداوە چۆن زۆربەی براکانم لە پشتم بوون و ته‌نیا ئەو برایه‌م نەبیت كه ده‌چووه مزگه‌وت.
كۆمه‌ڵكوژی به‌هاییه‌كان
شێخ عیزه‌دینی حوسه‌ینی ماڵه‌كه‌ی وه‌ك مقه‌ڕ وابوو، خه‌ڵك زۆر خۆشیان ده‌ویست. منیش هه‌مشه حه‌زمده‌كرد له‌وێ بم.کاری جوانی زۆرکرد، کە یەک نمونە باس دەکەم؛ لە میاندواب و ئورومیە و چەند شاری دیکە حکومه‌تی ئیسلامی دەستیان دایه قه‌تڵوعامی (به‌هاییەکان) کە پێیان دەڵێن (جولەکە) و هەموو ڕایانکردە مەهاباد. مامۆستا (شێخ عیزه‌دینی حوسه‌ینی) داوای لە خەڵک کرد کە فریای ئەوانە بکەون و خەڵک دەرگایان بۆ بکاتەوە. هەموو خەڵک ڕژانە دەره‌وە بۆ بردنەوی به‌هاییه‌كان…دوایش زۆربه‌یان لە مەهاباد و شاره کورده‌کان ماڵیان گرت و نەچوونەوە شارە شیعەکان.
ده‌ستێكی ته‌نهای كه‌وتوو
لەم کاتانە لە ئێران هه‌ڵبژاردن دەستیپێکرد و دەبوایە بۆ جمهوری ئیسلامی بەڵێ بدرێت. ئه‌وه‌بوو کە کوردستان گووتی (نەخێر) و کەس دەنگی نەدا! له‌به‌رئه‌وه قین هەڵگرتن و شەڕ لە لایه‌ن شیعە و حکومەتی ئیسلامی لە دژی کوردستان ده‌ستیپێکرد…ئەو کاتە که هەڕەشه‌ی هێرش بۆ سه‌ر کوردستان دەستیپێکرد، من له مەهاباد بووم بە پێشمەرگە و خەڵک خویان بۆ شەڕ ئامادە دەکرد. ئێمەش وەک گه‌نجەکان بە کچ و کوڕ ڕوومان لە مقه‌ڕەکان کرد و دابه‌شكرابووینه سه‌ر چه‌ند گروپێكی جیاواز . من كێشه‌ی برا گه‌و‌رەکەم هەر هه‌بوو، چونكه هەر زۆری بەسه‌ر مندا دەشکا، بەڵام پشتم بەبراکانی دیکەمه‌وه به‌ستبوو. جارجاره کە لێدانم به دەستی دەخوارد ئەو کاتە بوو، کە کەس لە ماڵ نەبوو به‌رگریم لێبكات. ته‌نیا دایکم نه‌بێت کە ئەو فه‌قیرەش زۆری هێز تیا نه‌بوو.
هێرش کرا بۆ سەر زۆربەی شارەکانی کوردستان، شەڕ دەستی پێ‌کردبوو، سنەی قارمان بیست و چوار ڕۆژ شەڕ زۆر به‌سه‌ختی به‌رگریكرد. لە شاری (مه‌ریوان) به‌هه‌مان شێوه پیشمەرگه‌ی کۆمەڵە و خەڵک به‌رگری گەوره‌یان کرد، بەڵام چەکی پێشمەرگە دەره‌قه‌تی ته‌یارە و تانك و چەکە قورسەکانی ده‌وڵه‌ت نه‌ده‌هاتن، کهزۆربەی زوری خەڵکی ئیرانیشی لە پشت بوو. ده‌وڵه‌ت بە خەڵکی گووتبوو؛ بێگانە و ئێراقی لە کوردستانن و ژنانی کورد لە ژێر دەستی کافردان. بەم پڕوپاگه‌ندانه و نه‌بوونی هیچ ڕۆژنامە یان ڕادیۆ یان که‌ناڵی تی ڤی بێلایه‌ن، کە دەنگمان بگه‌یه‌نێته خەڵکانی دیکەی ئێران، هه‌ر بۆیه زۆربەی زۆری خەڵک باوه‌ڕیان کردبوو. بەتایبه‌ت هێزی شیعە و سونی گەورە پێكهێنرابوو و بە لێشاو، پاسدار و ئه‌رته‌ش ڕژابوونه ناو کوردستان و گه‌شتبوونە نیزیک مەهاباد. ئیدی بەخومپارە و تۆپ شاریان بۆمبارانده‌كرد. ئێمە وەک تیمی گەڕه‌ک نان و ئاومان بۆ پێشمەرگە دەبرد، کە تیمی پزشکی پێویستیان بە ده‌رمان هه‌بوایه، ئێمه ده‌رمانمان لە گەڕه‌ک بۆ گەڕه‌كێكی دیکە دەبرد.
ماڵی ئیمە دوو خومپاره‌ی وەبەرکەوت بە گاڵتە دەمانگووت؛ ماڵی ئێمە لە دوو قات بۆته یەک قات! …لە گەڕه‌کی ئێمە سێ ماڵ ژێرزەمینان هەبوو، هەر یەک لەو ماڵانە بە پانزه بیست کەسی تیدا بوون. ماڵی ئێمە بەرامبه‌ر بە شاخێک بوو پیانده‌گووت شاخی (داشا مه‌جید) و ده‌وڵه‌تیش تانک وتۆپی لێ دامەزراندبوو. هه‌ر بۆیه ماڵی ئێمە زۆر لەبەرچاو بوو، جا بۆیە بە هەموو شتیک لێیدەدا.
لەبیرمە بەیانیکی لە گەڵ دایکم و برایەکم چوونەوە ماڵ، بۆئەوه‌ی بزانن خواردنی لێ ماوە وەک ئارد و ڕۆن شتی وه‌ها…دایکم گووتی؛ با هەر لێرە حه‌ڵوایەک دروستبکەم و هه‌ندێک کولیرە…ئیدی خەریکی دروستکردن حه‌ڵوا بووین، خه‌ریك بوو ته‌واوده‌بووین کە خومپاریەک لەقاتی سەره‌وه‌مانیدا، بەڵام چونكه ماڵی قه‌دیمی بوو و ژوورکانی خوارەوە زۆر مه‌حکه‌م بوون، پیش په‌نجه‌رەکانمان هەموو بە تەلیسی پڕ لە خۆڵ گرتبوو. بۆیە خۆشبه‌ختانە خۆمان هیچمان لێ نەهات. خۆمان ماتکرد تاوه‌كو هه‌ندێک تەقە ئارامبوویەوە، جا ئەوجا ڕامانکردەوە ماڵی برا گەورەکەم کە لە قۆڵایی دابوو و ژێرزه‌مینیشان هەبوو…کە خۆمان لە ماڵ هاوێشتەوە هەموویان زۆر دڵخوش بوون کە هیچمان لی نەهاتووه. کە حه‌ڵوا و کولێره‌یان بینیی کردیان بە هەڵپركێ، ئاخر دوو ڕۆژ بوو، کەس هیچی نه‌خواردبوو، چونكه هیچ خوارده‌مەنیه‌ک به‌هۆی بۆردومانه‌وه نەمابووه‌وه.
زیاتر لە له‌سێ حه‌توو بوو کە لە ژێرزه‌مین بووین، ڕۆژێک ده‌نگی هه‌موو شته‌ك له‌پڕ بێده‌نگ بوو، ئیدی خەڵک هاتنه درەوە، هه‌ر كه‌سه‌ی لای ده‌رگای ماڵی خۆیان وه‌ستابوون و پرسیاریان لە یه‌كتری ده‌كرد؛ شەڕ چۆنه؟ کێ شەهید بووه یاوه‌كو کێ برینداربووه؟… لەوانە دابووین کە دوو خومپارە بەشوێن یەکدا لە گەڕەکەمانیدا، هەر دەست و قاچ بوو به‌ئاسمانه‌وه بوو. ئیتر بووە به بە هاوار و گریان. ئەوه‌ی بریندار بوو خستمانە ناو ماڵەکان، چونكه هەر گەڕه‌كێک تیمی پزشکی هەبوو دەستمانکرد بەچاره‌سه‌ری بریندران.
بۆ یه‌كه‌مجار بوو له‌ژیانمدا شەهید و بریندار ببینم، ده‌ستێكی ته‌نهای په‌ڕیووم بینی هه‌ر پێنج قامكه‌كه‌ی مابوو هێشتا ده‌جوڵایه‌وه و خوێنی لێ ده‌چۆڕا. من زۆر ترسام وهەڵاتمەوە ماڵێ، ڕه‌نگم سپی بوو، دایکم ده ئه‌وه‌نده‌ی تر سه‌ركۆنه‌ی كردم و گووتی؛ ئاخر ناڵێم مەڕۆ دەرێ! خۆ تۆ کوڕ نیت، چیت پێدەکرێت؟ کە وایگووت؛ منیش لە ترسی غروری خۆم، خۆم شاردەوە و گووتم؛ دایە دەستێکی پەڕیووم بینی هێشتا دەجوڵایەوە و ویستم بیهێنمەوە ماڵ، تاوه‌كو دوایی به‌دووی خاوه‌نه‌كه‌یدا بگه‌ڕێم و بیده‌مه‌وه…دایکم دەستی کرد بە گریان گووتی؛ كوێربم هەر کەس بیت ئەوە حه‌تمه‌ن شەهید بووه …
شەڕ ماوه‌یه‌کی پێ چوو، تا ئیتر پێشمەرگە بڕیاریدابوو، بۆئەوه‌ی ئەوندە خەڵک نەکوژرێن و ماڵ وێران نەبێت، باشتره شاره‌كان چۆڵبكه‌ن. خەڵکی کە ئه‌و ئەو په‌یامه‌یان بیست زۆربەیان شاریان چۆڵکرد و ئێمەش بە دوو ئۆتۆمبێل بەره‌و (سه‌رده شت) و بۆلای ماڵی پوورم شارمان چۆڵکرد… ئه‌مه یه‌كه‌مین ئه‌زموونی ئاوارەییمان بوو.
مه‌هاباد به له‌چكه‌یه‌كی ئیسلامییه‌وه
ماوه‌ی زیاتر لە دوو حەوتوو لە (سه‌رده‌شت) ماینەوە، دوای ئێمەش وەک خەڵک گه‌ڕاینەوە بۆ مەهاباد. ئه‌و كاتانه ناخۆشترین کاتی ژیانم بوو، شارێکی بێده‌نگ و غەمبار له چۆله‌كه‌یه‌كی غه‌مبار و هه‌ڵله‌زیوو ده‌چوو، شارێك تۆز و خۆڵێكی غه‌مباری به‌سه‌ره‌وه دیاربوو. خەڵک مات و دڵته‌نگ بوون، ئیتر پێشمەرگە لە ناوشار نه‌مابوون، بنکەکانیان سووتێندرابوون، له‌سه‌ر سووچی هەر کوڵانیکی شار پاسداران بازگه‌یان دانابوو.
کە چووینەوە ماڵ زۆرتر دڵته‌نگ بووم، دوو برام هەر لە سه‌رده‌شت مانەوە، برایەکم لە گەڵ پێشمەرگەکان ڕۆیشتبوو، ماڵی برا گه‌وره‌كه‌م کە دراوسێمان بوو هێشتا نەگه‌ڕابوونەوە.. لەگەڵ دایکم و برایه‌کی دیکەم کە ساڵیک لە خۆم بچکۆلەتر بوو، بە یارمه‌تی دراوسێکان قاتی خوارەومان پاککردەوە. ورده، وردە دەستمان بە ژیان کردەوە. به‌ڵام ژیانی ئێستامان جیاوازییه‌كی یه‌کجار زۆری هەبوو له‌وه‌ی پێشووتر، بەهۆی شەڕه‌وه قوتابخانه‌كان داخرابوون. لە کاتی پشووی هاوین قوتابخانه‌یان کردەوە منیش چوومەوە بۆ مه‌كته‌ب و دوای چەند ڕۆژێک به‌ڕێوبه‌ری قوتابخانه پێیانگووتین؛ دەبێت هەموو له‌چکە بکەنە سه‌رتان، ئەوە یاسای تازەیە…
من و هه‌ندێک لە کچەکان چەند ڕۆژێک بێ له‌چکە چووینەوە بۆ قوتابخانه، بەڵام به‌ڕێوبه‌ر، به‌جیا ئێمه‌ی هێنایه ئه‌ولاوه و گووتی؛ من دەسه‌ڵاتم نییە، هەموومان مه‌جبورین دەبێت له‌چک بکەین!…منیش گووتم؛ من له‌چک ناکەم حەزم لی نییە!…زۆر لە کچه‌کانی هاوڕێشم هه‌مان قسه‌ی منیان كرد. به‌ڕێوبه‌ر دیسانه‌وه تکای کرد؛ تكایه با تووشی کێشە نەبین!
پوورم و کچه‌زایه‌كم (كچی خوشكێكم له ژنێكی تری باوكم) کە خۆیان مامۆستا‌م بوون، بە دایکمان گووت با (فەره‌ح) بێ له‌چکە نه‌یه‌تەوە مەکته‌ب، دەنا هەموومان تووشی کێشە دەبین، دەنا مه‌جبور دەبین ڕێگای مەکته‌بی نەده‌ین…دایکم تکای لێکردم؛ با له‌چکە بکه‌م و منیش گووتم؛ بمکوژن له‌چکە ناکەم، من موسوڵمان نیم ،من کۆمەڵه‌م …دایكم گووتی؛ دەنا براکەت لێتدەدا و منیش هیچم لە دەست نایه‌ت…
بۆ ڕۆژی دوایی چوومەوە قوتابخانه بەڵام بێ له‌چکە، و لەگەڵ هاوڕیانم دروشمی کۆمەڵە و (درود بر پێشمه‌رگە ) مان لەسه‌ر دیواره‌كان نوسی…دیارە پاسدار و ژنانی پاسدار کە ناویان (خواهران زینب – خوشكانی زه‌ینه‌ب ) بوو زۆر نەدەهاتنە مەکته‌ب، چونكه ترسیان هەر لە خەڵک و پێشمەرگە هەبوو، هەر لەو ڕۆژانەدا بوو، کە بەیانیه‌ك چەند (خواهری زه‌ینب) هاتنە ناو قوتابخانه و گووتیان؛ فیلمتان نیشانده‌ده‌ین! دابه‌شیانکردین بۆ هەر یەک کاتژمێر، ئیدی كلاس، كلاس دابه‌شکراین. كاتژمێری یه‌كه‌م (رهنمایی) بوو واتە پۆلی شه‌ش بوو. بۆ دوایی کلاسی دووهه‌م واتە پۆلی حه‌وت بوو. هەموومانیان کردە ڕاڕه‌وی مه‌کته‌ب و تاریکیان کردوو دەستانکرد بە نیشاندانی فیلم…
دیارە پیش‌تر نەماندەزانی فیلمی چ نیشاندەدەن، کە بینیمان فیلمی (هاتنی خومه‌ینی) بوو له‌فه‌ڕه‌نساوه بۆ ئێران و (سه‌رکه‌وتنی ئینقلاب) به‌قه‌و‌لی خۆیان و لەم شتە قۆڕانە… ئێمه‌ش هەموو تووڕەبوین، چونكه زۆربەمان کەس وکارمان پیشمەر‌گە بوون و زۆرمان پێ ناخۆش بوو، لەپڕ هێرشمانکردە سه‌ر هه‌ردوو خواهره زینبه‌كان و دەستمانكرد به گووتنه‌وه‌ی دروشمه‌كان. ئەوانیش ڕایانکرد و بە دەنگی دروشمی ئێمه هەموو پۆلەکان هاتنە دەره‌وە و مەکته‌ب شێوا…
مودیر و مامۆستاکان دەیانزانی تووشی كێشه دەبین، له‌به‌رئه‌وه به‌و چەند کەسمانیان گووت ؛كه‌له دەرگای پشتەوە ڕا بکەین، دەنا دەمانگرن! ئێمە زۆربەمان ڕامانکرد چەند دانه‌یه‌ک مابوونەوە خۆیان لە سه‌تڵی خۆڵه‌كاندا شاردەوە…زۆرینه‌برد پاسدارەکان بەترسه‌وه هاتبوونە قوتابخانه، بەڵام ئەو ڕۆژە کەس نەگیرا، چون ئەوی دەستی تیدا بوو ڕامانکردبوو…کە چوومەوە بۆ ماڵه‌وه بۆ دایکم گێڕایەوە، دایكم لە ترساندا ڕۆحی چوو بوو، گووتی؛ هەر براکەت نەزانیت خۆ دەتکوژیت!…
ئیوارە براکەم هاتەوە و دایکم هیچی نەگووت، بۆ به‌یانی نەچوومەوە بۆ مەکته‌ب، چونكه بە دایکمیان گووت؛ پاسدار و (خواهرانی زه‌ینه‌ب) هاتوون بۆ مەکته‌ب و داوای ناوی ئەو کەسانە دەکەن..ئەوانیش گووتبوویان؛ ئێمە نازانین کێ بوون و هەموو لێرەن خۆتان پرسیار بکەن؟! به‌هه‌ر حاڵ شانسمان هێنابووی و نەگیراین بەلام مافی چوونەوەمان بۆ قوتابخانه نەما.
زیندانی ماڵه‌وه
ئیتر لەو ڕۆژه‌وه مه‌کته‌بم لێ قەدەغە کرا، دیارە لە ماڵێ لێدانیکم بە دەست برا گەوره‌كه‌م خوارد، ئەویش چوونه دەره‌وه‌ی لەماڵی لێ قەدەغە کردم. هەڵبه‌ت لە ترسی پاسداران نەمدەوێرا له ماڵ بچمە دەرێ، ئاخر هەر بێ له‌چکە بووم، تازە سوێندم خواردبوو له‌چکە ناکەم. ڕۆژێک گووتیان بڕیاڕه خۆپیشاندان بكرێت، منیش نیوەڕۆ چارشێوی دایکم لەسەر کرد و بەدزیه‌وه بەره‌و شوێنی خۆپیشاندان ڕۆیشتم.
لەكوڵانێک بەپەلە دەڕۆیشتم، کە کەسیک گووتی؛ خواهر کجا؟ (خۆشکە بۆ کوێ؟) منیش کە پێموابوو پاسدارە، له‌دڵی خۆمدا گووتم وای گیرام.. کە لێم نێزیکبوویەوە جه‌لالی برام بوو ( کە بەداخەوە ئێستا شەهید بوو )….جه‌لال زۆری خۆشدەویستم و پشتوانی هه‌میشه‌یه‌یم بوو، هه‌م لە ماڵ وهه‌م بۆ کاری نهێنی کە بەرپرسیاری تیمی گەڕه‌کەكه‌مان بوو. ئیدی کە زانیم براکەمە هەناسه‌یه‌کەم هاتەوە لەخۆشیان پێکه‌نیم و ماچمکرد…گووتی؛ کە لە ماڵ هاتیته دەرەوە زانیم و که‌وتمە شوێنت…بەیەکەوە ڕۆیشتین بۆ خۆپیشاندان. باشم لە بیر نییە چی بوو، بەڵام زۆر درێژە نه‌كێشا، کە گووتیان پاسدار هات، خەڵک بڵاوه‌یان لێکرد…
ئەو کات پاسدار زۆر لەخەڵک دەترسان چونكه هیچ پیشتوانی خەڵکیان نه‌بوو، هێشتا (جاش) دروستنه‌بوو بوو، بۆیە هه‌ر لە دوورەوە دەوه‌ستان و هه‌ر لە دوور ته‌قه‌یانکرد و خەڵک بڵاوه‌پێکرد. براکەم و من کوڵانەکانم باش دەناسی، هه‌ر کوڵان بە کوڵان هاتینەوە ماڵ. برا گه‌وره‌کەم لە ماڵ بوو، بەڵام لەترسی جه‌لالی برام هیچی نەگووت، ته‌نیا پرسیاری لە دایکم کرد؛ ئەوە لە کوێ بوون؟ دایکم گووتی؛ لەگەڵ جه‌لالی چوون بۆ ماڵی خوشکم …
ڕۆژگارم بە ترس و هه‌یجان و زیندانی ناو ماڵ، زۆر خراپ لێ دەگوزەرا، بەڵام کاری ڕێكخستنی نهێنیمان به‌ردوام بوو. گەڕه‌کی ئێمە زۆربەی (کۆمەڵەی زه‌حمه‌تكێشان كوردستان) بووین، بۆیە دوو تیمی گەوره‌مان هەبوو، ماڵی بەرپرسی تیمەکەی ئێمە هاوسێمان بوو، هەموو ڕۆژێک دەچووین لە ماڵی ئه‌وان گوێمان لە ڕادوێی (کۆمەڵە) دەگرت و هەواڵه‌کانمان بە دەست دەنوسیه‌وه. هه‌ر کەس چەندێ دەتوانی ده‌ینوسی و شەوانه دەمانخستە ناو ماڵەکان…ئەو کاتانە بۆ من خۆشترین کات بوو هەر چەند پڕ لەمەترسی بوو، بەڵام سه‌یر بوو هیچ ترسمان نه‌بوو، چونكه خەڵک ئەو کاتە هەموو بەیەکەوە بوون. لەو گەڕه‌که‌ی ئێمە یەک كه‌سی تێدا نه‌بوو کە ڕژێمی بوێت، ته‌نیا موسوڵمانی گەڕه‌کی ئێمە (مه‌لا کریم) و براکەی من بوو. هەڵبه‌ت براکم موریدی مه‌لا کریم بوو، بۆ هەمیشە لە مزگه‌وت لای ئەو بوو، زۆری مەلا که‌ریم خۆشده‌ویست، هه‌ر ئەو مەلایه‌ش براکەمی کردبوو بە نوێژکه‌ر.
ڕۆژێك ماڵی خۆشکم بۆ سه‌ردان هاتبوونەوە مەهاباد، دوایی دایکم گووتی؛ بیبه‌ن بۆی خۆتان، دەنا لێرە دەیگرن.. خۆشکم منی برد بۆ ( ڕه‌زائیه - ورمێ) و منیش چەند هه‌فته‌یه‌ک له‌وێ مامەوە، بەڵام خەریک بوو لەوێ شێت دەبووم. بیری پێشمەرگە و بیری هاوڕێیانی ته‌شکیلاتی نهێنیم ده‌كرد، بیری گەڕه‌کی ماڵی خۆمانم زۆر دەکرد. خەڵکی ورمێ لەگەڵ ده‌وڵه‌ت بوون، چونكه شارێکی ئازه‌ری شیعە بوو، منیش منیش هه‌ر بە پانتوڵ و قژم کورت بوو، هەموو گەڕه‌ک وایاندەزانی كه من کوڕم. بەو ڕۆژگارە لە کوڵان تۆپانێنم دەکرد. ورده ورده خوشکم نیگه‌ران دەبوو، ئاخر دەترسا گەڕەک پێمبزانن كه کچم و بە گرتنم بدەن، دیاره بۆیان پرسیار بوو کە ناچم بۆ مەکته‌ب…ئیتر کە نیگه‌رانی خوشکم زیاتر بوو و منیش گووتم؛ دەچمەوە مەهاباد. لەبه‌ر ڕێگا و بازگه‌كان خوشکم ترسا به‌ته‌نیا لەگەڵ مێردەکەی بمنێرتەوە، هه‌ر بۆیه خۆی منداڵەکانی مه‌جبور بوون دیسان هەموو لە گەڵم بێنەوه مەهاباد.
دیسانه‌وه لە ناو ماڵ زیندانی بووم و زۆر که‌م ته‌نیا بەشه‌و دەچووینه ماڵی خزمان، چونكه له‌چکەم نەدەکردە سه‌ر…براکه‌م هه‌ندێک فشاری بۆ هێنام، بەڵام لەترسی براکانی دیکه‌م و دایکم هێزی پێم نەدەشکا..ڕۆژێک کە چووبوومە دەرەوی ماڵه‌وه، لە کاتی گەڕانەوە نیوەڕۆ بوو، لە نێزیک ماڵی خۆمان بووم، کە کەسێک هەرای دەکرد؛ برادر برادر (برا برا) منیش زۆرم گوێ پێنەدا بە خۆم دەگووت؛ خۆ من برادر نیم، بەڵام كه بینیم لەگەڵ منێتی، هاتە پێش و بینیم پاسدارە…ماشێنی پاسدار بوون یه‌کیان هاتەخوارەوە و ته‌وقه‌یكرد له‌گه‌ڵمدا و منیش زۆر لە سه‌رخۆ گووتم؛ برا خۆ من برا نیم ؟ كه‌زانی کچم یه‌كسه‌ر دەستی کێشایەوە و خۆی ناساند و گووتی؛ من برادر عه‌ره‌بم!…
( برادر عرب) لە مەهاباد به‌ناوبانگ بوو هەمیشە بە شوێن گه‌نج و لاوکانی شاره‌وه بوو، زۆر لاوی گه‌نجی گرتبوو. منیش کەزانیم ئەوە تف لەزارم وشک بوو و گووتم؛ ته‌واو گیرام! پێیگووتم؛ سواری سه‌یارەکه بم و منیش گووتم؛ ئەوە ماڵی ئێمەیه بابچم بەدایکم بڵیم، دەنا نیگه‌ران دەبێت…گووتی؛ نا ته‌نیا دەچین بۆ سوپا و چەند پرسیارێكت لێ دەکەین و دەگه‌ڕێیتەوە…ئیدی من دەمزانی تازە ته‌واو بووم، سواری سه‌یارەیان کردم هەر لە ناو ماشێنه‌كه‌یان قوماشێکی پێدام گووتی؛ چاوت ببه‌ستە.
ته‌ره‌زانی ناو زیندان
چاوم بەسترا و له‌پڕ لە شوێنێک ئۆتۆمبێله‌كه وه‌ستا، هەر ئەو (برادر عه‌ره‌بە) گووتی؛ سه‌ری ئەو قوماشە بگرە چونكه دەستی ژن ناگرین، لە ئیسلامدا گوناهە! منیش سه‌رێکی قوماشەکم گرت و بردیانم ژوورێک و چاومکردەوە. ئەو ژوورە زۆرتر له‌عه‌مبار دەچوو، نازانم چەند کاتژمێر لەو شوێنە بووم…بەڵام دوایی ژنه پاسدارێك هات بۆلم کە پیانگووتن ( خواهر زینب – خوشكانی زه‌ینه‌ب ) چەند پرسیارێکی لێکردم و دوای بردمیه ژوورێك کە زۆر بچکۆلە بوو، به‌جۆرێك ته‌نیا ده‌متوانی قاچم درێژ بکەم تێیدا…چەند ڕۆژ لەو ژورە مامەوە، هه‌ر کاتی ته‌والێتم پێویستبوایه بانگمده‌كردن و دەیانهێشت بچمە ته‌والێت.
به‌یانیەک دوای نانی بیانی بوو یەکسه‌ر بینیم ئاو هاتە ناو ژوورەکەم، هەستامە سه‌ر پێ، بۆنێکی پیس هات، دوای کە دەرگایان کردەوە گووتیان زێراب گیراوە و خەریکی چاککردنەوی ئەون…دوایی بردیانمە ژوورێکی گەورەتر، کچێکی لێ بوو، خۆمان بە یەکتر ناساند ئەویش هەر هاوتەمه‌نی من بوو، یان ساڵێک گەورەتر. ناوی شیرین بوو، ئەوه‌ڵین کچ بوو کە گیرابوو! دیاربوو یەک یان دوو مانگ دەبوو کە زیندانیكرابوو، حزبی دیموکراتی كوردستان بوو، گووتی؛ فۆتۆیه‌كم لەگەڵ قاسملۆ هەبوو، بە حوکمی ئەم فۆتۆیه‌م گیراوم..خوشحاڵ بوو کە لە ته‌نیایی هاتۆتەدەر و ئێستا ته‌نیا نییە! …بەوە زانیم من دووهەمین کچم کە لە مەهاباد گیراوه. گووتی؛ تۆیان بۆ گرتووە؟ منیش گووتم؛ له‌چکەم لەسه‌ر نەبوو، وایانزانی کوڕم!
من زانیم کە هیچیان لە ماڵمان نەدۆزیوەتەوە چونكه ته‌نیا له‌سه‌ره‌تادا پرسیاریانکرد لەگەڵ کام حزب و گووتم؛ هیچ حزبیک نیم! ئیتر پرسیاریان لی نەکردەمەوە.. ئێمەیان فێرکردبوو کە گیران بە هیچ شێوه‌یه‌ك نەڵێین هه‌واداری حزبیک بووین، دەنا له‌ژێر ئه‌شکه‌نجەدا ناوی کەسانی دیکەشیان لێتدەویت…ئێواریەک لای كاتژمێر هه‌شت ده‌بوو، شەو بوو له‌پڕ کاره‌با کوژایەوە، شیرین گووتی؛ حه‌تمه‌ن دیسان خه‌ڵك ئیعدام دەکەن، لەوه‌ته‌ی لێره‌م چەند کەسم بینیووه ئیعدامکراون…ڕۆژێك له‌وه‌وبه‌ر به‌یانییه‌كه‌ی پێگووتم؛ ته‌ماشای دەرەوە بکە، ئەم سه‌كۆیانه دەبینی؛ یەکێکیان بۆ ئیعدامی لایه‌نگران و ئه‌ندامانی حزبی دیموکراتن، ئه‌وه‌ی تر بۆ کۆمەڵە و ئەوی دیکە بۆ چریکەكانن…کە لە په‌نجه‌رەکەوە ته‌ماشامکرد بینیم سه‌كۆیان دروستكردووه و ناوی حزبەکانی له‌سه‌ر نوسراوه!
چەند ڕۆژێکمان تێپەڕکرد، چەند کەسی دیکەشان گرتبوو دانه‌یه‌ک دراوسێی خۆمان بوو و هاوڕێش بووین و ئەویش برای پیشمەرگه‌ی کۆمەڵە بوو، به‌ڵام لەوێ خۆمان له یەکتر ناشوناس کرد. ئێواریەک (خواهر رضوانی) هات و سه‌رپوشێکی پێدام و گووتی؛ دەچین بۆ لای (حاجی فلانی) کە ناویم لە یاد نییە، بەڵام دیاربوو کە قازییە و حوکمی زیندانەکان دەدات…گووتی؛ تکادەکەم سه‌رپۆش بکە، دەنا تووشی كێشه دەبیت، ته‌نها بۆ ئاگاداریت! به‌ڵام من لە زیندانیش سه‌رپۆش یان له‌چکەم نەکرد و (خواهر رضوانی) چەند دانەی بۆ هێنام منیش هەموو گرێده‌دا و وه‌ك گوریس به دیواره‌كه‌م هه‌ڵده‌واسی و وه‌ك گوریسی ته‌ره‌زان وابووم و له‌زیندانه‌كه‌دا وه‌ك ته‌ره‌زان هاوارمدەکرد…
بەهه‌ر حاڵ ئەو ئیوارە سه‌رپۆشم کردە سه‌ر و (خواهر رضوانی) بردمی بۆ لای قازی ئەویش هێندێک قسەی بۆ کردم و گووتی؛ خۆشحاڵم سەرپۆشت کردووە و برایه‌کی زۆر موسوڵمانت هه‌یە، کە دەبێت هەموو شتیکی بە قسە بکەیت، برای تۆ شاگردی مه‌لا کریم شاریکه‌ندیە! … لەم قسە قوڕانە. منیش هیچم نەگووت دەنگم لێوە نەهات…پاشان (خواهر رضوانی) بردمیەوە ژوورەکەی خۆمان. ئەو پاسدارە ژنە کە گووتم ناوی (خواهر رضوانی) بوو بەرپرسی ئێمە بوو، زۆر لە گەڵ من میهربان بوو، داوای هەرچیم دەکرد پێدەدام زۆریش ڕێنمایی دەکردم. هەر چەند من هه‌ر بڕوام پێ نەدەکرد، بەڵام ئەو بەکارەکانی نیشاندەدام کە مەبه‌ستی یارمه‌تیدانی منە …ڕۆژێک داوای ڕادوێوم لێکرد، پاشان ڕادوێی بۆ هێنام… ئاخر من هەمیشە حەزم لە ڕادیۆ بووه و ئەو کاتی پێشمه‌رگەش بووم ڕادێوم هەبوو، ئێستاش لە ئه‌ڵمانیا سێڕادیۆم هه‌یە.
ڕۆژیک گوێم لە ڕادوێی مەهاباد بوو کە ناوی چەند کەسی خوێندەوه، کە لە زیندانی مەهاباد ئازاد کراون، یەکێك لەوانه ناوی جه‌لالی برام بوو، کە ناویم بیست لام سه‌یر بوو بۆ که‌ی گیراوە، تاوه‌كو ئێستا ئازادبكرێت! لەخۆشیاندا و لە نیگه‌رانی فرمێسک به‌چاوانمدا هاتەخوارەوە، نەمدەزانی چیبکەم و نەمدەویست باسی ئەوە بکەم و بڵێم برام زیندانیكراوه و ئێستا ئازاد بووه. لەکاتی فرمیسکی خۆشیم هاتەخوار (خواهر رضوانی) کە ناوی ئەو خواهر زینبە بوو و هەرگیز ناتوانم فه‌راموشی بکەم به‌ڕاستی چاکەی زۆر بوو بۆم و ئیستاش دەڵێم ئەوە دەبیت لە گروپی (حزبی تودە – پارتی كۆمۆنیستی ئێران) بووبێت، چونكه زۆرش فیكر فراوان و میهره‌بان بوو. خواهر رضوانی هات و پرسیاری لێ کردم ئەوە چ بووە؟ منیش زۆ دەستم بە سكمه‌وه گرت و گووتم؛ سكم زۆر دەیه‌شێت، پێموایە عادە دەبم! هه‌ر ئه‌وه‌م گووت خێرا حه‌بی بۆ هێنام…
ژنه سیخوڕه‌كه‌ی قیاده موه‌قه‌ته (پارتی)
ڕۆژێک لای نیوەرۆ بوو، کە ژنێکیان هێنا ناو ژوورکەی ئێمە پیاوێکی لەگەڵدا بوو، وەک پیشمەر‌گە جلی کوردی پۆشیبوو، جامه‌دانه‌یکی سووری به‌ستبوو. یه‌كسه‌ر زۆ زانیم پیشمەرگه‌ی (قیادیە موه‌قه‌تە) یه كه ئەو کاتە لە مەهاباد بوون و ده‌وڵه‌تی ئیرانیش بە بارزانیه‌كانی دوای نسكۆی ساڵی ١٩٧٥ یاخود پارتی دیموكراتیان دەگووت؛ قیادە موه‌قته. ئەو خاتوونه‌ش هاوسەری بوو هەڵبه‌ت ئەو خانمه‌ش هەر خەڵکی مەهاباد بوو، نازانم بۆ ژنه‌کەی هێنابوو کە زیندانی بکەن چی کردبوو؟!
ئه‌و كات نەمانزانی، به‌ڵام قەت ئه‌وه‌م له‌بیرناچێت كه ژنه‌کە ده‌چووه بەر په‌نجه‌رە و بە فارسی هاواریدەکرد؛ ترکم نکن، من بی تو می میرم… به‌مانای به‌جێمه‌هێڵه من به‌بێ تۆ ده‌مردم!…ئیمەش پێکه‌نینمان پێدەهات من گووتم؛ ئەوە زۆر سه‌یری فیلمی هندی كردووه…
بەهه‌ر حاڵ ئەو جانه‌وه‌رشمان تووش بوو، جارێ هه‌ر نەمزانی بۆچی گیراوە؟ هەڵبه‌ت دوای هه‌ستمانده‌كرد، کە له‌وانه‌یه وەک جاسوس هێنابێتیان بۆئه‌وه‌ی قسه‌مان لێ ده‌ربهێنێت… ئێواریه‌ک (خواهر رضوانی) گووتی؛ نۆبه‌تە بڕۆ حه‌مامه‌كه خاوێن بكه‌ره‌وه…منیش چووم کە ئەو شوێنە خاوێن بکەمەوە، بینیم هاتە و پێگووتم؛ ئەمشه‌و خۆت نه‌خۆش بكه و زوو بخەوە! منیش زۆرم پێ سه‌یر بوو گووتم بۆ؟ گووتی؛ هیچ مەڵی، سبه‌ینێ دەزانی، بەڵام لای یەک كه‌س باسی مەکه، دەنا تووشی كێشه‌ی گەورە دەبیت…منیش كه‌گه‌ڕامه‌وه نانم نه‌خوارد و گووتم حاڵم باش نییە سكم ئازاری زۆرە… چووم خه‌وتم، ئەوانیتیش لە ده‌وری یەک کۆبوونەوە و ئەو ژنە کە ناومان نابوو (ترکم نکن) قسەی بۆ دەکردن و من باش حاڵی نەدەبووم …
بەیانیکی بینیم هاتن و دانە دانە بە جیا پرسیاریان لێ دەکردین، لە منیان پرسی؛ دوێنێ شەو ئەو ژنە چی پێگووتن؟ منیش گووتم؛ من نه‌خۆش بووم ئازاری زۆرم هه‌بوو، زوو خه‌وتم، نازانم چی گووتوه، خواهر رضوانی دەزانیت من نه‌خۆش بووم…دیار بوو ئەویش جه‌ختی كردبوو له قسه‌كه‌ی من، ئێوارە ئەو چەند کەسانه نه‌مان و ته‌نیا مامەوە. کەدوایی پرسیارم له (خواهر رضوانی) کرد گووتی؛ هەموویان نارد بۆ زیندانی ورمێ!…منیش زۆر لە خۆم نگران بووم وتم بۆ منیشان نەبرد ؟ هیچ وه‌ڵامی نەدامەوە و گووتم؛ به‌خوا ئەوە من ئیعدام دەکەن، ئەوە هەموو پلانی (خواهر رضوانی) بوو چەندینجار ویستم پێیان بڵێم؛ کە خواهر رضوانی گووتی؛ شەو زوو بخەوە، بەڵام نازانم بۆ دڵم نەدەهات باسی بکەم! لە گێژاوێکی قورس‌دا بووم تاوه‌كو بەیانی لە ترسان خەوم لێ نەکەوت، لە مێشکی خۆمدا دەمگووت؛ بەیانی پێیاندەڵیم…بە ڕۆژ (خواهر رضوانی) هات و گووتی؛ دوای نانی بەیانی خۆت ئامادە بکە دەڕۆین بۆ شوێنێک… ئیتر من گووتم سەد لە سەد ئیعدامم ده‌كه‌ن، دەنا بۆ کوێم دەبەن. کە بە (خواهر رضوانی) م گووت؛ ئیعدامم دەکەن ؟ خۆ تۆ فێرت کردم بچم زوو بخەوم، ئەویش پێكه‌نی و گووتی؛ نا تۆ هیچت لەسه‌ر نییە، ئەوانی دیکە زۆریان شت گووتووه و لەگەڵ حزبەکان هاوکارین کردووە، بەڵام تۆ هەر لەسه‌ر له‌چکە گیراوی، نیگه‌ران مەبە هه‌واڵی خۆش دەبیستی.
منیش تێدا مابووم دەبێت چ بیت، دوای یەک دوو كاژێر هات و چاومی به‌ست و بردمیه دەره‌وە منیش هه‌ستمكرد ده‌رگایه‌ك کرایەوە وچاومی کردەوە و گووتی؛ ئازادی بڕۆ بۆ ماڵه‌وه! زۆرم پێ سه‌یر بوو و بڕوام نەدەکرد چونكه هەر به‌و جله‌ی کە لەبه‌رمدابوو و بێ له‌چکە و ئێستاش دەڵیت بڕۆ!…له‌دڵی خۆمدا گووتم؛ به‌خوا ئەوە داوە، دەیانەوێت تاقیمبکەنەوە، وەک دار وشکبووم، کە دیسان گووتی؛ بڕۆ تۆ ئازادی و ده‌رگای داخست و من خۆم لە سه‌ر جادە بینیه‌وه…
هەر ئەوه‌ندە هاتمه ده‌ره‌وه‌ی به‌ندیخانه، بینیم کەس و کاری گیراوەکان كه‌له‌به‌رده‌م به‌ندیخانه‌كه‌دا بوون، به‌هورووژم هاتن بۆ لام، هەر کامەی پرسیاری کوڕەکەی دەکرد منیش گووتم؛ به‌خوا هیچ که‌سم نەبینیووە… ئیدی تا توانیم ڕامکرد، تاکسی بەتاڵ بەوێدا هات منیش ڕامگرت و گووتم؛ کاکە زوو بیمگەینەوە ماڵەوه، کە زانی زیندانی ئازاد کراوم گووتی؛ وه‌ڵا مزگینی لە دایک و باوکەت وەردەگرم… گه‌یشتمە سەری کوڵانی خۆمان کچی خوشکم بینی کە چاوی پێمکەوت ڕایکردەوە ماڵێ منیش پیێم سه‌یر بوو وتم ئەو بۆ وایکرد.. بە شوێن ئەودا ڕامکرد. لەپڕ جه‌لالی برام هاتە دەرەوە، کە ئەوم بینیی لەباوشم گرت و تێر ماچمکرد و گووتم؛ ناوی تۆم لە ڕادیۆ بیست، تۆش گیرابوویت ؟ گووتی؛ قسه زۆرە، بەڵام جارە با بچینە لای دایکم، ئاخر ئەم به‌یانی پیان گووتین تۆ ئیعدام دەکرێیت ئەویش حاڵی زۆر خراپە! منیش لە تاواندا ڕامکرد کەخۆم بگه‌ینمە دایکم، کە دایکم بینیمی لەخۆشیان گریا و ئیدی لەپڕ لە هۆش چوو، شه‌ربتیان پێدا تا وردە، وردە، هاتەوە سه‌رخۆ.
ترسی كوشتن به‌دوومه‌وه‌یه
یەک شتی دیکە تا ئێستاش وەک ترس لەگەڵمدایه و به‌دوومه‌وه‌یه. کاتێك لەزیندان بووم، نیوەشەوێک چەند پاسدار لە دەرگای ژوورەکەمانیاندا و گووتیان؛ خۆتان بپێچنەوە و وەرنە دەرەوە، ئێمەش کە سێ کەس بووین خۆمان پێچایه‌وە، چونكە له بەردەرگا چاویان به‌ستین و سەری قوماشمان گرت و بە شوێن خۆیاندا بردیانین. شیرین گووتی؛ به‌خوا ئیعدامان دەکەن، چونكه بۆ لای سه‌كۆكانی تایبه‌ت بەئیعدام ده‌یانگەڕاندین. چەند فیشه‌كێكیان ته‌قاند و ئێمه‌ش خۆماندا بە زەویدا وامانزانی لە ئێمەیاندا! ئه‌وه ناخۆشترین کاتی ژیانم بوو، بەڵام لەده‌روونی خۆمدا دەمگووت؛ جا شەهید دەبم، سروودی ئەی شەهیدانم بۆ دەخوێنن و دەبم و بەقارمان و ئه‌وه‌ڵین شەهیدی کچ. لە مەکته‌ب هاوڕیانم باسمدەکەن ڕادیۆی کۆمەڵە ناوم وەک شەهید دەخۆێنێیتەوه! منیش ئێستا پیشمەرگەیه‌کم و نابێت بترسم، دەنا دوژمن پێمانخۆشدەبیت…ئیتر ئاوا وره‌ی خۆم به‌رزده‌كرده‌وه و هێزم بە خۆمدەدا، بەڵام لە نا زۆر ترسابووم، به‌ڵام دوایی کە لەیەکمان پرسی تۆ ماویت و لامان بەیەکدا و بینیم من هیچ شوێنێکی لەشم گەرم نییە واتە فیشەکمان نەکوتووتە بەر؛ ئەوه دایە گیان ئەی هاوار دەمانكوژن…و شتی وامان ده‌گووت له‌به‌ر خۆمانه‌وه.
كه دوای کە بردیانینەو ژووره‌کانمان چاومان بەیەکتری کەوت و یەکمان لە باوه‌شکرد و زانیمان ئەوە هەر بۆ ترساندمان وایانکرد، بەڵام تاوه‌كو بەیانی لە ترسان نەخه‌وتین. ئەم کارە ته‌نیا یەکجار بوو، بەڵام دووپات نەبووه‌وه…دایکم هەر بڕوای نه‌ده‌كرد كه ئازاد كراوم، دیار بوو دایکی کچێکی هاوسێکەمان پێیگوتبوو، کە کچەکەیان ناردوو بۆ شاریکی دیکە و بەڵام کچەکه‌ی تۆ هەر لێرەیە! ئەویش وایزانی بۆ ئەوە منیان هێشتۆته‌وه بۆئه‌وه‌ی ئیعدامم بکەن.
دووباره زیندانی ماڵه‌وه
دیاره ئێستا به‌هه‌ر كه‌س بڵێیت كچێكی بێ حیجاب له‌ئێران به‌ندكراوه و ئازادكراوه، ئه‌وا كه‌س بڕوات پێ ناكات، ته‌نانه‌ت خۆشم بڕواناكه‌م، به‌ڵام ئه‌وسا یاسای (ژماره شه‌ست) به‌زۆر حیجابكردن نه‌بوو بوو به‌یاسا و نه‌چووبووه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه…بەهه‌رحاڵ کە لە زیندان ئازادکرام زیندانی ماڵەوه‌م قورس‌تر بوو، بە تایبه‌ت کە جەلالی برام ڕۆیشتبوو بۆ شاخ و بوو بە پێشمەرگە. چونكه لە ژێر چاودێری ڕژێمدا بوو، کە زانی بە تەمای ئەوه‌ن دیسانه‌وه ده‌ستبەسه‌ری بكه‌ن، شەوێک کە پیشمەر‌گە هاتەنەوە ناو شار، دوای شەڕێکی ناوشار، ئەویش چەکی کردە شان و لەگەڵ ئه‌وان ڕۆیشت.
ئەوە بوو من بێ پشتیوان مامەوە، هەر دوو براکانم کە وەک پۆڵا لە پشتم بوون جێیانهێشتم، بۆ من زۆر ناخۆش و گران بوو، بەڵام بڕیاری ڕێكخستنه‌كان ئه‌وه‌بوو كه ده‌بوایه من له‌ناوشاردا بمێنمه‌وه و ئیمەش هەر بە شەو چالاکیمان دەکرد…شەوێک کە پێشمەرگە هاتنەوە ناو شار لەگەڕه‌کی لای ماڵی ئێمە شەڕێکی قورس بوو، چەند لە پێشمەرگەکان کە خەڵکی لای گەڕه‌کی ئێمە بوون، هاتبوونەوە، منیش لە خۆشیان خۆم وا ئاماده‌کردبوو کە لەگەڵ ئه‌وان ده‌چمه شاخ، بەڵام دیسان گووتیان؛ نابێت دەبێت لەناو شار بیمێنیتەو ئێمە پێویستمان بەڕێكخستنی ناو شار زۆرە ….کاک (جمال موفتی) و (شینه‌ی شێخ مه‌دنی ) و (ڕه‌حمان شۆڕش) و هه‌ندێك لە کوڕانی گەڕه‌کمان وه‌ك هێندێکیان قسەمان لەگەڵ كردن و هێندکان بڵاوكراوه‌ی کۆمەڵەیان پێداین کە بیخه‌ینه ناو ماڵەکان… هه‌ر ئەو ڕۆژە ئه‌و مه‌فره‌زه‌یه شەڕێكی قورسیان کرد کە (شینه‌ی شێخ مه‌دنی ) تێدا شەهید بوو و چەند برینداریان هه‌بوو، ئیتر شاریان جێهێشت و دیسانه‌وه منیان نەبرد.
من زۆر ناڕه‌حت بووم، چونكه دیسان دەبوایە لە زیندانی ماڵدا مابامە و هەڕەشه‌ی براکەشم له‌ولاوه بوه‌ستێت. چارنه‌بوو، هەوڵمدەدا بە ڕۆژ لە ماڵ بم ته‌نیا، هاموشۆی هاوسێکانم دەکرد، کە زۆربەی بنەماڵه‌ی کۆمەڵە بوون و هەر ماڵی کوڕێکیان پیشمەر‌گە بوو.
ڕۆژیەک لای نیوه‌ڕۆ بوو، دایکم لە ماڵ نەبوو، لە پڕ براکەم لە مزگەوت هاتەوە بینیم زۆر توڕه‌یە و هەر جنێو دەدا ، منیش خۆم لێ پاراست، بەڵام هاتە ژوورەکەم و تاوه‌كو توانی جنێوی بە کۆمەڵە دا و گووتی؛ کۆمەڵە مەلا که‌ریمی تیرۆر کرد، ئەو کۆمەڵەیه…جنێوی زۆر ناخۆشیدا، منیش ئیتر خۆم پێ ڕانەگیرا ته‌نیا ئەوه‌م گووت؛ کاکە چوزانی کۆمەڵە کوشتوویه‌تی، بۆ كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشان تۆمەتبار ده‌كه‌یت… ئیتر چاوی كوێر بوو، به‌ر بەر شه‌ق و مستیدام و منیش ڕامکردە حەوشە، که‌وتە شوێنم و تێری کوتام و بە شه‌ق لە هەوای دەخستم و دوای دەیکوتمە زەوی. کە لە پڕ سه‌رم به‌ر لێواری حه‌وزی حەوشەكه كه‌وت، ئیتر دڵم سست بوو و بەرچاوم ڕەش بوو، ئەونده‌م ئاگا لێ بوو دایکم لە دەرگا هاتە حەوشە و سه‌رپۆشی فڕێ‌دا، ئیتر من لە هۆش چووم کە چاوم کردەوە لە خستەخانە بووم …
پشتی سه‌رم شکابوو و چەند ته‌قه‌ڵی لێدرابوو، دوای دوو ڕۆژ لە خه‌ستەخانە هێنایانمەوە ماڵ، بەڵام نەک ماڵی خۆمان ماڵی برا گه‌ورەکەی ده‌یکه‌م، کە لە دایکم نه‌بوو. براژنم و کاکم بردیانمەوه ماڵی خۆیان و ژورێکان پێ دام منیش سێ هه‌فتە لایان بووم، بەڵام ورده، وەردە سه‌برم ته‌واو دەبوو، چونكه بۆ هیچ شوێنێک نەدەچووم و دەترسام براکه‌م موشکیلە بۆ هاوڕێكانم دروستبكات. ئیتر بڕیاری خۆمدا کە ڕابکەم بۆ شاخ، بەڵام زۆر قورس بوو، هەموو شوێنێكی مەهاباد پاسدار بوو و لە ڕێگای چونەدەرەوی شار هێزی زۆر و کۆنتروڵی یه‌کجار زۆر بیت. بیرم لێ کردەوە چونكه بڕۆم و زیندانی ماڵه‌وه بشكێنم و ڕێگایەکم دۆزیه‌وه.
به‌ره‌و شكاندنی زیندانی ماڵ و پێشمه‌رگایه‌تی
دایکی دوو کوڕی هاوسێمان کە یەکێكیان پێشمەرگە بوو و ئەوی دیکە لێپسراوی ڕێكخستنی گەڕه‌کی ئێمە بوو، ماڵێکی زۆر هه‌ژارانه‌یان هەبوو، دایکی نانی بۆ ماڵان دەکرد و باوکیان نه‌خۆش له‌جێگادا کەوتبوو. من ڕۆژی جارێک سه‌ردانی (دایە زه‌ینب) م دەکرد و نانی تازەی دەهێناوە و منیش نانه‌تیری و نان و ماست یان نان و په‌نیرم دەخوارد لە ماڵی خۆمان و که‌بابیش بوایە نەمدەخوارد، ئاخر من چه‌پ و ماركسی بووم و ته‌نیا نانی دەستی دایە زینه‌بی هه‌ژارم پێ خۆش بوو! ئەو ڕۆژە گووتم؛ دایە دەبێت له‌ڕێگه‌ی کوڕەکانته‌وه یارمه‌تیم بده‌یت، دیارە ئاگای لە بارودۆخی من بوو، ئاگاداری ئەوە بوو کە تەواو وەک زیندانی وه‌هام و براکەم چۆن لێیداوم، گووتی؛ باشە با شەو خەمد ( محه‌مه‌د) بێتەوە، بزانم چۆن دەبێت و وه‌ڵامتده‌مه‌وه…هەموو ڕۆژ جارێك یان جاری وه‌ها هه‌بوو دووجار دەچووم هەر ده‌یگووت؛ با هەلمان بۆ هه‌ڵكه‌وێت…
ڕۆژێک گووتی؛ سبه‌ی كاتژمێر لای سەعات ده‌ی به‌یانی وەرە ماڵمان… منیش بۆ بەیانیه‌که‌ی چووم و چارشێوێكی بەسه‌ر دادام و ڕۆیشتین بۆ تێرمیناڵ، بەره‌و گوندی ( هاچی دەری) کە مقه‌ری کۆمەڵەی زه‌حمه‌تكێشانی لێ بوو…
سواری پاس بووین، دڵم توند لێیدەدا، نیگه‌رانی خۆم نەبووم، به‌ڵكو نیگه‌رانی دایە زه‌ینبه‌ی بووم ، ئەگر پێمان بزانن و بیگرن من چیبەکەم! هەر هێشتا لەناو شار بووین، كه یه‌كه‌مین خاڵی كۆنترۆڵی پاسداران هاتنە ناو پاس و دایە زه‌ینه‌ب ژنێکی بەتەمه‌ن بوو، بەڵام زۆر ئازا بوو، پرسیاریان کرد بۆ كوێ ده‌چن، ئه‌و گووتی؛ دەچمە ماڵی خوشکم نه‌خۆشە، سه‌ردانی دەکەین… به‌مشێوه‌یه ڕه‌تبووین.
ئەگه‌ر هەڵە نەبم لە دوو یان سێهه‌م بازگه ڕه‌تبووین، نیوه‌ڕۆ گه‌یشتینە مقه‌ڕی کۆمەڵەی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان. ئیتر لە خۆشیان خەریک بۆ دڵم ڕاوستێت و دەستمکرد بەدەست و قاچ ماچکردنی دایە زه‌ینب…ئەو کاتە جه‌لالی برام له‌ژیاندا مابوو، گووتیان كاژێرێكی دیکە دێت بۆ لات…خەریک بوو لەتاوی جەلال و ئارامی برام سوێم بێته‌وه، چونكه گووتیان؛ ئارام زۆر دوورە له‌ناوچه‌ی بۆکانە…باوه‌ڕم نەدەکرد لە مقه‌ڕی کۆمەڵەم و لەسەر سفری پێشمەرگە دانیشتووم.. کوڕی دایە زینب کە بەداخەوە ئه‌ویش دوایی شەهید بوو و چەند کوڕێكی دیكه‌ی گەڕه‌ك وه‌ك (کاک ڕه‌حمان شۆڕش و حه‌مید) دوایی زۆربەیان شەهید بوون. هاتنە ژووری مقه‌ر لە خۆشیاندا باوشم پێداکردن و گووتیان؛ ها ئەوە جه‌لالی برات گه‌یشت…به‌داخه‌وه جه‌لالی برام دوایی شه‌هید بوو…