من زۆر ژیام یاران … من زۆر ژیام
و ڕێگه‌كان به‌رده‌وام له‌به‌رده‌مدا درێژ و درێژتر ده‌بنه‌وه
بەردەوام له‌م تاریكستانه‌ی ژیاندا ، له‌م درێژبوونه‌وه‌ی ژیانه‌دا
له‌م دارستانه دێرینه‌دا
بەدووی ڕۆشناییدا ڕادەكه‌م ..
***
من زۆر ژیام و هه‌ر ڕێگه‌كان بێ كۆتایی درێژ ده‌بنه‌وه
من له‌وه‌ته‌ی به‌بیرم دێت به‌سه‌ر ڕێگه‌كان ڕاده‌كه‌م و
هه‌ر ڕێگه‌كان درێژ و درێژتر ده‌بنه‌وه
من ڕاده‌كه‌م به‌دووتدا ئه‌ی ڕۆشنایی ،
ئه‌ی ڕۆشنایی تۆ له‌كوێیت!
ڕێگه‌كان، ڕێگه‌كان درێژ ده‌بنه‌وه.
***
تۆ گوێت له‌هه‌تاوه
تۆ گوێت له‌مانگه
تۆ گوێت له‌ڕێگه‌كانه
تۆ گوێت له‌تاریكستانه
تۆ گوێت له‌ڕۆشانییه‌كانه
***
من گوێم لێیانه، من گوێم له‌هه‌ناسه‌ی خۆمه له‌ڕه‌شه‌بادا
گوێم له‌ترپه‌ی دڵی نالی كوڕمه كاتێك به‌نێو دارستانه‌كاندا به‌دووی ڕێگه باریكه‌كاندا ده‌گه‌ڕێم
گوێم له‌هه‌ناسه‌ی جۆگه‌یه‌كی بارانه، هێمن ، زۆر هێمن، به‌سه‌رمدا داده‌كات .
گوێم له‌ده‌نگێكی دووره پێمده‌ڵێت؛ بابه گیان تۆ له‌كوێیت …
من گوێم له‌ئۆكۆردیۆنێكه، لێبوكێك، قوشمه‌یه‌كی سه‌ده‌ی ناوه‌ڕاست
دوور زۆر دوور به‌یادی من لێیده‌دات.
***
ڕێگه‌كان له‌كوێن یاران ، ڕێگه‌كان له‌كوێن
ڕۆشناییه‌كان له‌كوێن یاران ، ڕۆشناییه‌كان له‌كوێن …
***
له‌ناو دارستانه‌كه‌دا گیرده‌خۆم یان دارستانه‌كه له‌نێومدا گیرده‌خوات
جۆگه‌كان له‌منه‌وه درێژ ده‌بنه‌وه، ڕێگه‌كان له‌منه‌وه درێژ ده‌بنه‌وه
به‌ڵام دڵی من تاریكه ، تاریك …
***
به‌ڕاست ڕۆشانییه‌كان له‌كوێن ، ڕێگه‌كان له‌كوێدا به‌ره‌و ڕۆشنایی درێژده‌بنه‌وه
ژیانی من ته‌نها خۆهه‌ڵواسینه به‌شته‌كانه‌وه،
ژیانی من دڵێكه تاریك، تاریكتر له‌تاریكی خۆی..
ماناكان له‌كوێن، ماناكان له‌م دارستانه‌دا له‌كوێن
چۆله‌كه‌كان له‌كوێن،
ته‌یره ڕه‌نگ په‌مه‌ییه‌كه له‌كوێیه
بولبولی قوڕه‌كه‌ی منداڵیم له‌كوێیه.
ماناكان له‌كوێن ، ڕۆشناییه‌كان له‌كوێن،
***
من ده‌موچاوی كه‌سم بیرنه‌ماوه، یاران
نه ده‌موچاوی باوكم ، نه‌دایكم ، نه‌هاوڕێ شه‌هیده‌كانم ، نه‌خۆم له‌هه‌شتاكاندا …
ڕۆشناییه‌كان له‌كوێن یاران، ئه‌م دارستانه بێكۆتاییه،
ئه‌م دارستانه له‌مندا گیری خواردووه.
من زۆر ژیام ، من زۆر ژیام هاوڕێیان
كه‌چی ڕێگه‌كان هه‌ر درێژ و درێژتر ده‌بنه‌وه،
باڵنده‌كان فڕ، فڕ ، به‌دونیادا ده‌سوڕێنه‌وه
كه‌چی نه باڵنده‌كان ده‌مبه‌ن له‌گه‌ڵ خۆیان و
نه‌له‌م دارستانه تاریكه‌دا ده‌مێننه‌وه…
***
ڕۆشناییه‌كان له‌كوێن
ڕێگه‌كان له‌كوێن
ده‌موچاوه‌كان له‌كوێن
من له‌كوێم ؟
ڕێگه‌كان ، درێژ، درێژ و درێژتر ده‌بنه‌وه یاران
من زۆر ژیام ئازیزان و هێشتا به‌دووی خه‌ونێكی بچوك،
ئێجگار بچوكه‌وه‌م
هه‌رگیز نایه‌ته دی.
***
دره‌ختێك به‌ناومدا تێپه‌ڕده‌بێت
تیرۆژه تیشكێك دێته ناو سه‌رمه‌وه و
له‌وێ ئۆقره ده‌گرێت
چۆله‌كه‌یه‌ك له‌ناوقه‌فه‌زه‌ی سنگمدا هێلانه‌ی كردووه و كۆچ ناكات
جۆگه‌یه‌ك یاران،
جۆگه‌یه‌ك به‌نێومدا به‌ره‌و نادیار تێپه‌ڕده‌كات.
***
سه‌گه‌كانی نیوه‌شه‌و ،
سه‌گه‌كانی نیوه‌شه‌و
ته‌نها و ته‌نیاترم ده‌كه‌نه‌وه له‌ته‌نیایی
باران زیاتر دونیاكانم ده‌شێوێنێت
دڵۆپه بارانێك به‌مینای په‌نجه‌ره‌یه‌كدا،
به‌ته‌نێ شۆڕده‌بێته‌وه..
***
میترۆ قوڵه‌كان، میترۆكان قوڵه‌كان ونمده‌كه‌ن
ونبوونم قوڵترده‌كه‌نه‌وه،
ڕه‌شبینیم ڕۆمانسیزه ده‌كه‌ن
میترۆی زه‌لۆته‌یی ڤه‌رۆدا، ده‌رگای ئاڵتونی قووتمده‌دات
میترۆی كڵێسه‌كانی لۆرانس،
میترۆی لینداوه ئالێ، له‌به‌رده‌م ئاوێنه‌یه‌كدا ڕامده‌گرێت
میترۆی كۆڤه‌ن گاردن، یادی شه‌راب خواردنه‌وه‌ی من و یار
میترۆی ژنه‌راڵ لافایێی و گه‌ڕان به‌دووی هۆتێلێكی بچوكی پاریسی
میترۆی چوونم بۆ ئه‌وسه‌ری ئه‌شق
میترۆی ژیان ،
میترۆی خه‌وبینین،
میترۆی دۆم له‌كۆلن،.
***
ئای له‌میترۆی دۆم
میترۆی دۆم یادی من و نالی كوڕم كه‌ماڵئاوا له‌یه‌كترده‌كه‌ین
میترۆی دۆم ، میترۆی دۆم، چاوه‌كانی نالییه پڕ فرمێسك
چاوه‌كانی منه وه‌ك ئه‌ژدیهایه‌كی غه‌مبار
میترۆی دۆم قووتمان ده‌دات،
میترۆی دۆم له‌په‌لوپۆم ده‌خات
میترۆی دۆم به‌چاوی پڕ فرمسێكه‌وه له‌سه‌ر كورسیه‌ك دامده‌نیشێنێت
میترۆی دۆم، به‌ناو دڵمدا تیژه‌ڕه‌وه‌كات
ده‌مكات به‌لێبوكێكی غه‌مبار …
***