هـاوڕێــیـه‌كی نــادیـــار
چیرۆك
ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین
– به یادی هاوڕێی نادیارم ( مامۆستا ئه‌حمه‌د فه‌ره‌ج) كۆمه‌نیستی موخه‌زره‌م، وێنه‌یه‌كی ڕه‌ش و سپی…
-1-
مامۆستا عومه‌ر، ناسراو به ( عومه‌ر ترۆتسكی) هاوڕێیه‌كی دێرینم بوو له‌ماوه‌یه‌كی یه‌كترناسینی كورتدا…چیرۆكی لكاندنی نازناوی (لیه‌ڤ ترۆتسكی) به‌ناوی مامۆستا عومه‌ره‌وه، له‌به‌رئه‌وه نه‌بووه، كه‌یه‌كێك بووه له‌ترۆتسكییه‌كانی نێو بزوتنه‌وه‌ی شیوعیه‌كانی شه‌سته‌كانی ئێراقی به‌زه‌مق پێكه‌وه‌لكاو، به‌ڵكو له‌به‌ر به‌رگریكرنی به‌رده‌وامی بوو، له‌به‌ر هۆیه‌ك بێت، له‌كوشتنی ترۆسكی به‌ده‌ست پیاوكوژه‌كه‌ی جۆزێف ستالینه‌وه؛ ئه‌و زه‌مه‌نه پێویست بوو ده‌وڵه‌تی كۆمه‌نیستی هاوسه‌نگی خۆی به‌هه‌ر نرخێك بێت بپارێزێت، گه‌ر هاتوو له‌سه‌ر لیستی خوێنی سه‌ركرده‌یه‌كی گه‌وره‌ی وه‌ك ترۆتسكیش بێت…ئه‌مه ئه‌و ڕسته به‌ناوبانگه‌كه‌ی بوو كه كاتی خۆی نه‌یارانی مامۆستا عومه‌ر به‌چه‌نده‌ها شێوه له‌كاتی جیابوونه‌وه‌ی (قیاده مه‌ركه‌زی) له (لیژنه‌ی مه‌ركه‌زی) حزبی شیوعی له‌دژی مامۆستا پڕوپاگه‌نده‌یان بۆ كردووه. به‌ڵام له‌یه‌كه‌م گوێبیستی ئه‌م ناوه یه‌كسه‌ر هه‌ست به‌وێنه‌یه‌كی دیكه‌ی ده‌كه‌یت، كه له‌پشت ئه‌م نازناوه ڕاوه‌ستاوه، هه‌ست به‌فیگوری نادیارێك ده‌كه‌یت،سێبه‌ره‌كانی خۆی له‌نێو ئه‌م پیاوه پیره‌دا درێژده‌كاته‌وه و نایه‌وێت ئاوها به‌ئاسانی یه‌خه‌ی به‌ربدات.
مامۆستا عومه‌ر ترۆتسكی هاوڕێیه‌كی دێرینه‌م بوو له‌ماوه‌یه‌كی یه‌كترناسینی زۆر كورتدا، هاوڕێیه‌كی به‌ته‌مه‌ن، هیلاك، ماندوو به‌ده‌ست دڵیه‌وه، كۆمه‌نیستێكی قه‌دیمه‌ی ساڵی شه‌سته‌كان، پێموابێت پێش ئه‌و كاته‌ش ئه‌و هاتۆته ڕیزه‌كانی حیزبه‌وه. پیاوێك به‌خه‌می دوو كوڕی شه‌هیده‌وه سنووره‌كانی به‌زاندبوو، وه‌ك په‌ڕی باڵنده‌یی ئاواره له ئه‌ڵمانیا و له‌شاری میونشن به‌هیلاكی، به‌تێڕامانێكی پیری له‌بیره‌وه‌ریه دوور و وێنه‌كانی زه‌مه‌نی نیشمان، به‌نۆستالژیایه‌كی هێمنه‌وه، به له‌سه‌رخۆیی و ته‌نهایی دڵییه‌وه، له‌ژوورێكی بچوكی نێو جه‌رگه‌ی شار گیرسابۆوه. دڵی تاكه شتێك بوو كه نه‌یده‌ویست زیاتر بژی، دڵی به‌ته‌واوه‌تی له‌ژێر بیره‌وه‌ری و ئازاردا هیلاك و ڕیزاڵ، ڕیزاڵ بوو بوو. كه دڵیشی وه‌ستا، شیعرێكم بۆ نوسی به‌ڵام له‌كاتی خۆیدا بڵاومنه‌كرده‌وه.
من له شاری میونشن مامۆستا (عومه‌ر ترۆسكی)م ناسی، به‌خۆی و پاڵتۆیه‌كی قه‌دیمه و جانتایه‌كی قایشی زه‌مه‌نی سۆسیالیستیه‌وه، له‌دڵی خۆمدا گووتم؛ ئه‌وه‌ش شیوعییه‌كی دیكه‌ی نێو مۆزه‌خانه‌كانه، پیرێكه درێژكراوه‌ی (خالد به‌گداشه) پیره‌كانه…نازانم بۆچی ده‌مه‌ویست له‌گه‌ڵ پیری (خالد به‌گداش)ی سكرتێری حیزبی شیوعی سوریدا به‌راووردی بكه‌م ،بۆچی؟!…خۆمن ئه‌وه‌نده شاره‌زایی بیۆگرافی (خالد به‌گداش) نه‌بووم، ته‌نها چه‌ند شتێكی كورت و ڕۆژنامه‌یی لێره و له‌وێم له‌سه‌ر خوێندبووه. به‌ڵام كاتی خۆی له‌وێنه‌یه‌كی ڕه‌ش و سپی‌دا خالد به‌گداشم بینیبوو، وێنه‌یه‌كی ڕه‌ش و سپی تێدا له‌ته‌مه‌نێكی زۆر به‌قووڵاچوودا، له‌ته‌مه‌نی ڕۆچوون بۆ نێو نهێنیه‌كانی پیریدا، له‌ته‌نیشت دوو كه‌سی دیكه‌وه ڕاوه‌ستابوو. به‌هێمنی دره‌ختێكی پیره‌وه كه‌ڕه‌گه‌كانی هاتبێتنه سه‌ر زه‌وی و له‌شێوه‌ی توله‌نه‌مامی دیكدا هه‌وڵی چه‌كه‌ره كردنی نوێ بدات، ئاوه‌ها له‌وێنه ڕه‌ش و سپیه‌كه‌دا به‌قینج وقیتی ڕاوه‌ستابوو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌ته‌مه‌نی ته‌ڵخبوونی دنیای ڕیاڵدا بوو، كه‌چی له فۆتۆكه‌دا هیچ چه‌مانه‌وه‌یه‌ك، كۆمییه‌كی پیرانه‌ی تێدا به‌دیـنه‌ده‌كرا. من په‌یوه‌ندیم به‌ئه‌وه نییه ئه‌و پیاوه چی كردووه، چی نه‌كردووه، گرنگ لای من ئه‌و وێنه ڕه‌ش وسپیه بوو، ئێستا له‌نێو قووڵایی نه‌ستمه‌وه خۆی ده‌هێنێته سه‌ر ئاسته‌كانی نیگه‌رانیه‌كی هه‌ستپێكراو.
ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێم، بۆ یه‌كێكی وه‌ك من پێكه‌نینێكی بێ مه‌به‌ست به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی چه‌نده‌ها شه‌و و ڕۆژ پێوه‌ی بتلێمه‌وه، له‌وانه‌یه ئه‌و كه‌سه‌ش نه‌ناسم كه پێكه‌نی بێت، له‌وانه‌یه به‌من پێنه‌كه‌نی بێت، كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ستێكم لادروستده‌كات كه‌نازانم بۆچی و له‌كوێوه لۆجیكی خۆی وه‌رده‌گرێت. له‌وانه‌یه له نادیارێكه‌وه سه‌رچاوه‌ی هه‌ڵگرتبێت كه من نیم، نادیارێك به‌رده‌وام له‌گه‌ڵمدا ده‌ژی و هه‌سته‌كانی خۆمی لێ قه‌رزده‌كه‌م، زۆركاتیش هه‌موو هه‌ڵه و كه‌موكوڕیه‌كانی خۆمی پێداهه‌ڵده‌واسم…له‌وانه‌یه ئه‌و نادیاره خودی خۆمان بێت له‌شوێنی دیكه بێت، شوێنێك ئێره نه‌بێت، له‌ڕێگه‌ی چرپه‌یه‌ك یاوه‌كو پێكه‌نینی ئه‌ویتر كه نایناسین، بوونی ئه‌و نادیاره‌ی خۆمان بدۆزینه‌وه، بكه‌وین به‌سه‌ر نیگه‌رانیه‌كانی دۆزینه‌وه‌ی نادیارێكی دیكه كه‌خۆمان نییه و ئه‌ویتره.
له‌وانه‌یه بزه‌ی مێینه‌یه‌ك وه‌هات لێبكات هه‌ست بكه‌یت ساڵانێكی زۆر دوور و درێژه ئه‌م مێینه‌یه‌ت خۆشویستووه وئه‌شقی بوویت، یان له‌وانه‌یه واهه‌ست بكه‌یت كه بۆنی له‌شی هه‌مان ئه‌و بۆنه‌یه كه‌خه‌ونت پێوه بینیووه؛ بۆنی پڵنگێكی دڕه‌نده، وه‌حشی و چنگ هاوێژ…پێده‌چێ ئه‌و نادیاره به‌شێك بێت له خۆمان و ئه‌وانیتر، تێكه‌ڵـبوونێكی وێنه وده‌نگ و كه‌سێتی و كاره‌كته‌ری جۆاروجۆربن، كه فیگوركێشكردنی زۆر گرانه، به‌ڵام هه‌ستـپێكردنی له‌چه‌ندساتێكی دۆزینه‌وه‌ی خۆماندایه، ساتێك جیهان شتێكی قورسه و به‌رگه‌گرتنی گران ده‌بێت…له‌و ساته جه‌هه‌نه‌مییه‌دا ئه‌و نادیاره له‌وێدایه كه ئێمه‌یه له‌بیرمان چووه، ئه‌و شوێنه‌ی تێدا ته‌نهاین و به‌به‌جێهڵراویی ماوینه‌ته‌وه، ئه‌و ساتانه ساتی یه‌كگرتنه‌وه‌یه‌كی كورته له‌گه‌ڵ سیحری ئه‌و شتانه‌ی له‌گه‌ڵیاندا ژیاوین به‌ڵام نه‌مانتوانیووه مانای تازه و جوانیان بدۆزینه‌وه، ده‌ركمان به‌و ئیستاتیكایه نه‌كردووه كه‌له‌شوێنێكی دیكه‌دا هه‌یه…له‌وانه‌یه له‌وێنه‌ی ڕه‌ش و سپی پیاوێكدا بێت كه نایناسم، وێنه‌ی پیاوێك له ڕۆژنامه‌یه‌كدا، بزه‌یه‌ك، وشه‌یه‌كی تێپه‌ڕبوو به هزردا، ته‌ته‌ڵه كردنی زمانێك، كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی په‌رداخێك له‌ده‌ست، به‌جێهیشتنی پاسێك، له‌سه‌ره وه‌ستانێكی هه‌ڵه‌دا، چاوه‌ڕوانی هاوڕێیه‌ك و زۆر شتی دیكه… هه‌موو ئه‌مانه به‌س بێت بۆئه‌وه‌ی ئه‌و نادیاره‌ت پێ بناسێنێت كه له‌شوێنێكی دیكه‌وه هاتووه، شێوه و ڕه‌نگی نییه، به‌ڵام به‌توندی ڕاده‌تـده‌چڵه‌كێنێ، له‌وانه‌یه ئه‌و نادیاره هه‌موو ڕێڕه‌وه‌ی ژیانت بگۆڕێت.
كه بۆ یه‌كه‌مجار مامۆستا عومه‌ر ترۆتسكیم له‌كۆڕێكی ئه‌ده‌بی ئه‌م مه‌نفا له‌بیركراوه‌دا ناسی، هه‌ستمكرد ئه‌م پیاوه پیره، هه‌مان بریسكه‌ی چاوی ئه‌وی هه‌یه، چاوی خالد به‌گداش، كه به‌ڕه‌ش و سپێتی و پیری له ڕۆژنامه‌یه‌كدا وێنه‌یه‌كم بینی بوو. هه‌مان هێمنی، هه‌مان سه‌رسوڕماوی به‌رامبه‌ر دنیا، كه له‌وێنه ڕه‌ش و سپیه‌كه‌دا هه‌ستمـپێكردبوو، هه‌ستمكرد له‌م یه‌كتر ناسینه‌دا، یه‌كگرتنه‌وه‌ی منه له‌گه‌ڵ هه‌سته قووڵه نادیاره‌كانی وێنه ڕه‌ش و سپیه‌كه، له‌گه‌ڵ ئه‌و، له‌گه‌ڵ نادیارێك، كه‌ساڵانێكی دوورودرێژه له‌گه‌ڵمدا ده‌ژی.
-2-
قۆڕترین شت له‌خۆمدا ئه‌وه‌یه كه‌ناتوانم باش ته‌عبیر له‌خۆم بكه‌م، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه ڕسته كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانم كورت و بێكه‌ڵكن، ئه‌مه زۆر زوو وام لـێده‌كات هه‌ست به‌په‌شیمانی بكه‌م له‌شتێك كه‌نه‌مكردووه، له‌قسه‌یه‌ك نه‌مگوتووه، له‌خه‌ونێك قبوڵم نه‌كردووه. ئه‌مه‌ش وایلێكردووم زۆربه‌ی كات له‌نێو جیهانی خۆمدا قوشمه‌ڵه‌بم، له‌وێشدا ته‌نها خه‌یاڵـێكم هه‌یه بێ سه‌ر و به‌ر، جێماوی چه‌نده‌ها سه‌ده‌ی پوواو و خۆری تێكشكاوی نێو تیشكه‌كانی خۆیانن. جێماوه‌ی مانگی ڕاكردوون له‌نێو زه‌لكاوه‌كانی گه‌ڕانه‌وه بۆ نێو خه‌ونێك، كه به‌چه‌نده‌ها سه‌ده‌ی قه‌وزاوی دوورن له هه‌قیقه‌تی خۆیانه‌وه. هه‌موو ئه‌وانه‌ی من ده‌ناسن، ته‌نانه‌ت كه‌سه نێزیكه‌كانی خۆم، مه‌زنده‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن سه‌ری من پڕ‌یه‌تی له‌بیركردنه‌وه‌ی جۆراوجۆر، له‌ئه‌ده‌ب، بیركرنه‌وه له‌و فیگورانه‌ی به‌نێو مندا دێن و ده‌چن، ئه‌وانه به‌شێوازی جل له‌به‌ركردنم و ده‌موچاوم هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێن.
ڕۆژێكیان خانمێك كه‌ئاماده‌ی یه‌كێك له‌كۆڕه‌كانم بوو، له‌ئێواره‌یه‌كی هێمندا، له‌قاوه‌خانه‌یه‌ك كه ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه ده‌چووم چونكه ئێواران موزیكی جاز، به‌تایبه‌ت سه‌كسیفۆن، یان ڤۆكال جاز، موزیكی زاڵی كه‌ش و هه‌وای قاوه‌خانه‌كه بوو، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی قاوه‌كه‌ی وه‌ك هه‌موو قاوه‌خانه‌یه‌كی كولتوری، له‌قاوه‌ی قاوه‌خانه‌كانی دیكه هه‌رزانتر بوو. له‌وێ ده‌متوانی ته‌نهایی خۆم په‌رشبه‌كه‌مه‌وه، بخوێنمه‌وه، بێئه‌وه‌ی كه‌سێكی دیكه، یان مۆسیقای ئه‌مریكی هیپ هۆپ بێزارم بكات. له‌و ئێواره‌یه‌دا ئه‌و خانمه له‌مێزه‌كه‌ی ئه‌و به‌ره‌وه هاته‌لام وگووتی؛ ئاها..حه‌تمه‌ن ڕۆماننوس و ڕه‌خنه‌گره‌كه‌مان خه‌ریكی هۆنینه‌وه‌ی خه‌یاڵه بۆ به‌شێكی تر له‌ڕۆمانه تازه‌كه‌ی وانییه…
منیش به‌پێكه‌نینه‌وه‌گووتم؛ نه‌خێر من ته‌نها له‌و كاته‌دا بیریان لێده‌كه‌مه‌وه كه‌ده‌نوسم…
خانمه‌كه له‌و وه‌ڵا‌مه سه‌ری سوڕما و گووتی: چۆن! من كه‌نوسه‌ره‌كان ده‌بینیم ئاوه‌ها له‌بیركردنه‌وه‌ی قووڵدان وه‌ك ئێستای تۆ كه‌به‌ته‌نیا له‌سه‌ر ئه‌و مێزه یه‌ك كورسیه دانیشتووی، له‌گه‌ڵ خۆمدا ده‌ڵێم ده‌بێت ئێستا مێشكیان چه‌ند جه‌نجاڵ بێت به‌بیركردنه‌وه له‌م دنیایه..
منیش زۆر بۆهیمیانه گووتم: له‌وانه‌یه ئه‌وه بۆ یه‌كێكی دیكه ڕاست بێت…ئه‌ویش به‌بزۆزیه‌كی مێینه‌ییه‌وه گووتی: ئه‌ی بۆ تۆ!
منیش گووتم؛ من هه‌میشه بیر له‌شتی قۆڕو بێ‌مانا ده‌كه‌مه‌وه، ئه‌و شتانه‌ن كه‌نابن به‌نوسین، نابن به‌فیگوری چیرۆك، به‌قه‌سیده ئاوه‌ها…
خانمه‌كه به‌پێكه‌نینه‌وه گووتی؛ ئه‌توانی پێم بڵێیت تۆزێك له‌مه‌وبه‌ر بیرت له‌چیده‌كرده‌وه، بۆیه ئه‌وه ده‌پرسم چونكه ترسام له‌نێو بیركرنه‌وه‌دا نقووم بیت و سه‌رئاو نه‌كه‌ویته‌وه، بۆیه ویستم تۆزێك بێزارت بكه‌م….
منیش گووتم؛ به‌پێچه‌وانه‌وه كێ هه‌یه خه‌ون به‌و ساته وه‌خته‌وه نه‌بینێت كه خانمێكی قه‌شه‌نگی وه‌ك تۆ له‌ئێواره‌یه‌كی باراناوی ئاوه‌ها و له‌گه‌ڵ موزیكی جازی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی بیستدا په‌یدا بێت و له‌خنكان ڕزگاری بكات…
خانمه‌كه پێكه‌نی و گووتی؛ سوپاس بۆ ئه‌م ڕیاكاریه جوانه، به‌ڵام ڕامه‌كه له‌پرسیاره‌كه‌م، تكایه…
منیش گووتم؛ وه‌ك پێمگووتی من ته‌نها له‌كاتی نوسیندا بیرده‌كه‌مه‌وه، باقی هه‌مووی وه‌ك سه‌ره‌نوێڵكی لاكۆڵانه، كه‌هه‌موو شتێكی تێدا فڕێدراوه.
خانمه‌كه گووتی: چۆن تێناگه‌م، چۆن بیركردنه‌وه‌ی نوسه‌رێكی وه‌ك تۆ ده‌بێته سكرابخانه…
منیش گووتم؛ بۆچی به‌دوودڵیه‌وه دان به وشه‌ی سكرابخانه‌دا ده‌نێت، ته‌واوه، ڕاست پێكات، من له‌و ساتانه‌ی كه‌ناخوێنمه‌وه و نانوسم، بیر له‌هیچ ناكه‌مه‌وه. ئه‌وه‌ی هه‌یه ده‌نگه ده‌نگی سه‌یره، بۆ نمونه وشه‌ی گۆرانیه‌كی گۆرانی بێژێكی بێ‌مانا، یان ڕسته‌یه‌كی تێپه‌ڕبووی به‌تاڵ له‌هه‌موو مانایه‌ك، كه ئه‌و ڕۆژه له‌نێوان دوو كه‌سی سه‌ر جاده‌دا گوتراوه، یان بیر له‌مراویه‌كی نه‌خۆشی بێ په‌ڕوباڵ، سه‌گێكی به‌ره‌ڵا، ئه‌لكحولیه‌ك ده‌كه‌مه‌وه كه له‌سه‌ر ئه‌م شه‌قامانه ده‌قیژێنێت..شتی ئاوه‌ها كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌ندنابنه‌وه به‌دونیای ئێمه.. ئاوه‌ها….
خانمه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت زیاتر زاڵ بێت به‌سه‌ر سه‌رسوڕمانی خۆیدا گووتی: ئه‌ی تۆزێك له‌مه‌و به‌ربیرت له‌چی ده‌كرده‌وه؟
منیش زۆر به‌جیدیه‌وه گووتم: ئاسانه..فیگوری ئه‌ڵقه‌یه‌كی كارتۆنی مناڵان، كه‌سێ ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر له‌ته‌لفیزۆندا ته‌ماشام كردووه..ئا.. بێگومان بیرم له خۆی نه‌كردۆته‌وه وه‌ك فیگوری چیرۆ‌كێكی كارتۆن، به‌ڵكو ئه‌وه سێ ڕۆژ ده‌بێت جارجاره بیر له‌پێكه‌نینه سه‌یره‌كه‌ی ده‌كه‌مه‌وه و له‌نێو سه‌رمدا زرنگه‌ده‌داته‌وه..به‌ڵێ ته‌نها پێكه‌نینه‌كه‌ی. ئاوه‌ها خانمه‌كه‌م سه‌رم پڕ‌ێتی له‌شتی قۆڕ و بێ‌مانا…
من وه‌هام، ئه‌مه‌ش واملێده‌كات كه‌نه‌توانم له‌كاتی قسه‌كردنداباش ته‌عبیر له‌خۆم بكه‌م، ڕسته‌كانم توانای قه‌ناعه‌ت پێـهێنانی مێشوله‌یه‌كیان نییه، په‌رشوبڵاو و بازهه‌ڵده‌رن به‌سه‌ر بابه‌تی نیوه‌ناچڵ و ئۆیفۆریی ساته‌وه‌ختی كورتدا. بێ‌مانا و به‌یه‌كداچوون به‌نێو یه‌كدا، وه‌ك ئه‌و سه‌ره‌نوێڵكه وه‌هایه كه‌بۆ خانمه‌كه‌م باسكرد. به‌كورتی ئه‌فسانه‌ی من (بێگومان گه‌ر شتی وه‌ها بوونی هه‌بێت)، له‌گه‌ڵ یه‌كه‌مین گفتوگۆكرن له‌گه‌ڵ له‌بله‌بانێكی باش‌دا كۆتایی پێدێت. ئه‌وه‌نده‌ی له‌نوسینه‌كانمدا به‌جیدی دیارم، له‌بیركردنه‌وه‌مدا فه‌وزه‌وی و بۆهیمیم.. ئیدی له‌م خه‌یاڵه ئاناریشسته‌وه بریقه‌ی چاوێك به‌سه، بۆئه‌وه‌ی دنیایه‌ك خه‌یاڵی له‌سه‌ر بینابكه‌م، هه‌موو ئه‌م ناماقوڵ وپارادۆكسه‌كانی فانتازیا بژێنمه‌وه كه گێژیداوم، دنیایه‌ك درۆی ڕه‌نگاو و ڕه‌نگ وه‌ك ته‌یمانی گوڵی سپی وسوور و شینی به‌ده‌وری ڕاستیه‌كاندا هه‌ڵبچنم، كه ئیدی زۆر له‌هه‌قیقه‌تی ئه‌و كه‌سه، یان ئه‌و بابه‌ته دوور كه‌وێته‌وه. ئاوه‌ها قه‌ره‌باڵغی و بێمانایی ده‌بنه به‌شێك له‌و فیگورانه‌ی له‌كاتی نوسیندا بیریان لێده‌كه‌مه‌وه. به‌مشێوه‌یه وێنه‌یه‌كی ڕه‌ش وسپی پیاوێكی وه‌ك (خالد به‌گداش) كه نایناسم، به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی له‌یه‌كێكی دیكه نێزیك ببمه‌وه و هه‌قیقه‌تی واقیعی به‌هه‌قیقه‌تی شیعری بگۆڕمه‌وه.
-3-
بۆچی ئێستا، دوای كۆچی دوایی هاوڕێكه‌م، دوای ئه‌م هه‌موو تێپه‌ڕبوونه به‌سه‌ر چلـه و ماته‌مه‌مینی ئه‌ودا، دوای ئه‌م هه‌موو ساڵه، ده‌مه‌وێت ئه‌و شیعره بڵاوبكه‌مه‌وه كه كاتی خۆی بۆم نووسیـبوو؟!. خۆده‌متوانی له‌كاتی خۆیدا بۆ ڕۆژنامه‌یه‌كی بنێرم، بۆچی ئه‌وه‌م نه‌كرد؟! چ سێبه‌رێك به‌دوومه‌وه بوو كه نه‌هێڵێت ئه‌م شیعره بڵاوبكه‌مه‌وه بۆ پیاوێك نوسیومه، خۆشم ویستووه وهاوڕێم بووه؟!.. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی چه‌ند مانگێك دوای كۆچی دوایی هاوڕێ به‌ته‌مه‌نه‌كه‌م گه‌ڕامه‌وه بۆ ماڵێ، بۆ كوردستان…ده‌بێت دان به‌وه‌شدابنێم، ئێستا من هیچ زه‌وی و شوێنێك به‌ماڵی خۆم نازانم و چیتر وه‌ك جاران به‌دووی ماڵدا نه‌گه‌ڕێم.. كه‌واته‌بۆچی و له‌چی ڕاده‌كه‌م؟ تۆ بڵێی ئه‌و پیاوه به‌شێك بێت له‌هه‌قیقه‌تێك من لێی ڕاده‌كه‌م؟ یان نادیارێكه له‌شوێنكی دیكه‌دا بوونی هه‌یه‌و توانای ئه‌وه‌م نیه بیدۆزمه‌وه؟، یان له فه‌شه‌لی خۆمدا، له‌نشوستیم له‌گه‌ڕانم به‌دوای شوێنكی یۆتۆیبیدا، ئێستا ده‌مه‌وێت نادیارێك بدۆزمه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی په‌لمبگرێت بۆئه‌و شوێنه یۆتۆبیه كه‌به‌دوویدا وێڵم.. نازانم!
من هه‌میشه ئه‌و بڕوایه‌م هه‌بووه به‌وه‌ی نادیارێك هه‌یه چه‌نده‌ها ساڵ و عه‌یام له‌گه‌ڵتدا ده‌ژی و ته‌نها ساتی ده‌ركه‌وتنی ده‌بێته ساتی هه‌قیقه‌تی، ئه‌و ساته‌ش كورتخایه‌نه زووتێپه‌ڕه. ئه‌و شیعره‌ش به‌زوو تێپه‌ڕی نوسرابوو، به‌ڵام به‌ده‌ر له به‌های ئه‌ده‌بی، لای من ئاسه‌وار و جێـگه‌پـێی پیاوێكه به‌ئاسانی به‌ژیاندا تێنه‌په‌ڕیووه، نادیاربووه، ئه‌و ساته‌ی من ناسیومه، ده‌ركه‌وتووه. پێده‌چێ ئه‌و نادیاره ، ئه‌و هه‌قیقه‌ته شه‌فاف و هه‌لامیه‌بێت كه لێره‌و له‌وێ، ته‌نها خه‌یاڵ ده‌ركی پێده‌كات؟ ده‌ركه‌وتنی ئه‌م پیاوه له‌ژیانی مندا كورتخایه‌ن بوو، له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبونیدا لای هه‌مووان بوو به‌بـیـره‌وه‌ری، كه‌چی لای من شیعرێك بوو له‌سه‌ر ڕه‌ف! بۆچی ئێستا وته‌نها ئێستا بیر له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی ده‌كه‌مه‌وه و ئێستاش ئه‌م وشانه ده‌نووسم ؟!
من نه‌شیوعیم ونه‌زۆر له‌گه‌ڵ ئایدۆلۆژیدا دانووم ده‌كوڵێ، به‌ڵام پێده‌چێ جوانی ئه‌م هاوڕێ شیوعیه‌م له‌وه‌دابووبێت شیوعی بووه به‌و شێوه‌ی خۆی ده‌یویست، به‌و شێوه‌یه‌ی ئه‌و ده‌یویست وبیری لێده‌كرده‌وه، به‌ئاسانی، بێ زۆر له‌خۆكردن له سروشتی خۆیه‌وه كۆمه‌نیست بوو. بۆنمونه به‌ساده‌یی شیوعییه‌ك له‌سه‌ر جاده منی ده‌گرت و ده‌یگووت: ئه‌م سوستێمه توانای به‌رده‌وام بوونی نییه؟.. دیاره ئه‌م ڕسته‌یه شتێكی چاوه‌ڕوان نه‌كراو نییه له‌كۆمه‌نیستێكی قه‌دیمه و موخه‌زره‌م، به‌ڵام له‌كۆمه‌نیستێكی پیر، مه‌رگ هه‌فتانه ده‌یدا به‌زه‌ویدا و ده‌چووه نێو سوڕی بێهۆشی و له‌خه‌ستاخانه‌كانی (میونشن) ده‌مایه‌وه، ڕسته‌یه‌كی كاریگه‌ر بوو. ئه‌و ده‌بوایه زیاتر به‌جه‌سته‌یه‌وه خه‌ریك بێت، ده‌بوایه وه‌ك هه‌موو كه‌سێك كه ده‌گاته لێواره‌كانی ژیان به‌مردنه‌وه خه‌ریك بوایه. له‌به‌رئه‌وه زیاتر ئه‌م قسانه جێی سه‌رسام بوونم بوو. وام هـه‌ستده‌كرد به‌م قسانه ده‌یه‌ویست درێژه به‌شه‌ڕی بیركردنه‌وه بدات، له‌دژی دڵێكی هیلاك و ڕیزاڵبووی ڕۆژه‌كانی نیشتمان، درێژه به‌خۆشبه‌ختیه‌كی ڕاسته‌قینه بدات كه‌پـێـیـده‌ڵێـن ؛به‌رده‌وامی له‌نێو یۆتۆبیادا.
ئه‌و مانگی چه‌ند جارێك ده‌چووه ژێر ئامێری دڵ و خوێن جوڵان و گۆڕینه‌وه، ته‌نانه‌ت له‌و ماوه‌یه‌ی كوردستانی جێـهێـشتبـوو نه‌یده‌توانی چه‌ند هه‌نگاوێكیش له شاری میونشن دوركه‌وێته‌وه، سه‌فه‌ر شتێك بوو لای ئه‌و مانای خۆی ونكردبوو، سه‌فه‌ر ته‌نها چیرۆ‌كێكی دوور بوو، ئه‌و پێینه‌ده‌گه‌یشت. ئه‌و دیلی دڵی بوو. دیلی ئه‌و خه‌ونه‌ی بوو كه دووكوڕه چكۆله‌كانیشی كاتی خۆی ساڵانێك له ئه‌وروپا و سۆڤیه‌ت خوێندبوویان، له جیاتی ئه‌وه‌ی به‌شاره‌جوانه‌كاندا تێپه‌ڕبنه‌وه و به‌فڕۆكه و بڕوانامه‌كانیانه‌وه بێنه‌وه كوردستانی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی بیست. له‌شاخه‌وه خۆیان كرد به‌شاردا وهه‌ر له‌نێو جه‌رگه‌ی شه‌ڕ بۆ خه‌ونه‌كانیان، وه‌ك دوو پێشمه‌رگه شه‌هید بوون، دوو پێشمه‌رگه ئێستا كه‌س نایان ناسێت و له لیستی هیچ حزبێكدا بوونیان نییه.
ئه‌م پیاوه سه‌رسامی كردبووم به‌هێمنی و له‌سه‌رخۆیی و گه‌شبینیه‌كی بێ وێنه، ده‌توانم بڵێم، به‌شێكی زۆری ڕه‌شبینی من به‌رامبه‌ر دنیا، كه فیكر نه‌یده‌توانی له‌ناخمدا گه‌شبینی بكات. به گه‌شبینی وبزه‌كه‌ی ئه‌و، زۆر سه‌یر خاوكرایه‌وه. به‌جۆرێك، كه تاوه‌كو ئێستاش هێزم پێده‌به‌خشێت بۆ به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر ئه‌م جۆره ژیانه بێسه‌روبه‌ره‌ی نێو كتێبه‌كان. وه‌ك ئه‌وه‌ی (عومه‌ر ترۆتسكی) قو‌رقوشمی به‌سه‌رمدا تواندبێته‌وه، ئاوه‌ها من چیتر ترسم له‌پیربوون نه‌ما. هاوڕێ كۆمه‌نیسته قه‌دیمه‌كه‌م هه‌موو جارێك له‌به‌رده‌می مندا هه‌موو وێنه ته‌قلیدیه‌كانی پیرێتی تێكده‌شكان، یه‌ك له‌دوای یه‌ك ئه‌و كڵێشانه‌ی له‌خه‌یاڵمدا بۆ پیرێتی هه‌مبوو، هه‌مووی له‌به‌رده‌م ئه‌ودا ماناكانی خۆیان ونده‌كرد. ئه‌بێت ئه‌وه بڵێم؛ له‌زه‌مه‌نی مه‌نفادا گه‌شبینی شتێكی بێده‌نگ وبێ پێناسه و تێپه‌ڕه، به‌ڵام گه‌شبینی ئه‌و به‌ده‌ر بوو له‌هه‌موو ئه‌م هاوكێشانه. ئه‌وه‌ی سه‌رسامی كردبووم له‌گه‌شبینی ئه‌ودا، ئه‌وه‌بوو، ئه‌و هیچ حه‌زێكی تێدانه‌بوو بۆ تراژیدیـكردنی خه‌باتی خۆی. هه‌رگیز باسی كوڕه شه‌هیده‌كانی نه‌ده‌كرد، ئه‌و تامردنی شه‌ڕی له‌گه‌ڵ ڕه‌شبینیه‌ك، پیسیمیزمێك ده‌كرد، كه‌منیش وه‌ك، ئۆسڤالد شپلینگه‌ر، خۆمم پێ هه‌ڵواسیبوو…ئا.. ته‌واو وایه ، ئۆسڤالد شپلینگه‌ر له‌و بڕوایه دابوو، ڕه‌شبینی و ڕووخان چاره‌نوسی هه‌موو كولتورێكی مه‌زنه. ئه‌م كڵێشه‌یه و چه‌نده‌ها كڵێشه‌ی تری پسیمیزمی نه‌خۆشانه‌ی من، زاخاودرابوو به‌فه‌لسه‌فه‌ی وشك و هیپۆتێزی كافكاویه‌ت و ڕه‌شبینی پۆست مۆدێرنی. هه‌موو ئه‌مانه، له‌به‌رامبه‌ر هێمنی ئه‌وداكاڵده‌بوونه‌وه. ده‌بوون به‌دوكه‌ڵی جگه‌ره و به‌نێو نادیاردا په‌رشده‌بونه‌وه.
شه‌ڕكرنی ئه‌و له‌گه‌ڵ ڕه‌شبینی له‌بێده‌نگیه‌ی ئه‌ودا، له‌به‌رامبه‌ر چیرۆكی كوڕه شه‌هیده‌كانی، ڕه‌نگیدابۆوه. له‌و بڕوا پته‌وه سه‌رچاوه‌ی هه‌ڵگرتبوو، كه شه‌هیدبوون وقاره‌مانێتی دووشتی زۆر جیاوازن. ئه‌و شه‌هیدبوونی ده‌گه‌ڕانده‌وه بۆ چوارچێوه هیومانییه‌كه‌ی، له‌هاوكێشه‌ی بوون و بڕیاڕدان و خۆدۆزینه‌وه له‌كارێكی تایبه‌تدا، له‌بابه‌تێكی تایبه‌ت، كه مرۆڤ بوونی خۆی تێدا دۆزێته‌وه. شه‌هید بوون لای ئه‌و گه‌ر له‌ڕوانگه وجودیه‌كه‌یه‌وه سه‌یری بكه‌ین ئه‌كتێكی (دازاین – Dasein) هایدیگه‌ریی بوو، به‌ڵام ئه‌و به‌پێجه‌وانه‌ی من له‌ڕوانگه‌ی شۆڕشگێڕێكی ڕۆمانسیه‌وه له‌دنیای كوڕه شه‌هیده‌بووه‌كانی ده‌ڕوانی. له‌هه‌مانكاتدا من پێموابوو ئه‌و نادیارێك ده‌بینێت له‌كوڕه‌كانیدا كه‌ئێستا دوای شه‌هیدبوونیان په‌ڕیونه‌ته‌وه بۆلای و ئه‌وه‌ی ماوه له ژیانی هاوده‌می ده‌بێت. هه‌میشه ئه‌و نادیاره له‌و به‌ری شه‌قامه‌كه، یان له‌سووچی ژووره‌كاندا ئه‌وه‌ی بیرده‌هێنێته‌وه كه‌هێشتا خه‌بات كۆتایی نه‌هاتووه. من جارێكیان پێمگووت؛ كه ئه‌و هێشتا وه‌ك شۆڕشگێڕێكی ڕۆمانسی زه‌مه‌نی (جۆزێف ستالین) بیرده‌كاته‌وه. وه‌ك پیشه‌ی خۆم دوای گووتنی ئه‌و ڕسته‌یه یه‌كسه‌ر په‌شیمان بوومه‌وه، ئه‌و په‌شیمانیه‌م پێ نه‌ده‌شێردرایه‌وه، كه‌چی ئه‌و به‌پێكه‌نینێكی بێباكیه‌وه گووتی: هاوڕێم هه‌ر یه‌ك له‌ئێمه به‌شێوازی خۆی شۆڕسگێڕێكی ڕۆمانسیه!
من له‌و بڕوایه‌دا بووم، ئه‌و له هاوكێشه‌یه وجودیه‌كه‌یه‌وه له‌شه‌هیدبوونی كوڕه‌كانی ده‌ڕوانی، بێئه‌وه‌ی بڕوای به‌وجودیه‌ت و به‌تایبه‌ت وجودیه‌تی هایدگه‌ریی هه‌بێت. به‌هیچ شێوه‌یه‌ك وێنه‌ی قاره‌مان و وێنه‌ی شه‌هیدی تێكه‌ڵ به‌یه‌كدی نه‌ده‌كرد، ئه‌مه له‌ساده‌گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكی شه‌هیدبونی هه‌ردوو كوڕه‌كه‌یدا پێیگه‌یشتم. ئه‌و بۆی گێڕامه‌وه كه‌له‌سه‌فه‌رێكیدا بۆ (بۆدابست)، هه‌ردوو كوڕه‌كه‌ی، یه‌كێكیان له‌ئه‌ڵمانیای ڕۆژهه‌ڵاته‌وه و ئه‌ویتر له‌ڕۆمانیاوه له‌ئوتێله‌كه‌ی سه‌ردانیان كردبوو. پێیان ڕاگه‌یاندبوو كه دوای ته‌واوكردنی خوێندنیان له‌ئێرانه‌وه په‌یوه‌ندی ده‌كه‌نه‌وه به‌شۆڕش. شۆڕش پێویستی پێمانه، ئه دوا قسه‌ی ئه‌و دوو برا خه‌وبینه‌ره بوو، كه‌له‌دوای چه‌نده‌ها ساڵ یه‌كێكیان به‌پلان و په‌ڕله‌ی شۆڕش خۆی، له‌گوندێكی چه‌په‌كداكوژرا و ئه‌ویتریشیان دوو ڕۆژ دوای كوژرانی برا گه‌وره‌كه‌ی ده‌كه‌وێته كه‌مینی شه‌ڕی براكوژی شاخه‌وه و ده‌كوژرێت.
مامۆستا عومه‌ر ترۆسكی دانی به‌وه‌دا ده‌نا؛ كه ده‌بوایه به‌توندی دژایه‌تی ئه‌و جۆره سه‌ركێشیه‌ی كوڕه‌كانی بكردایه، ده‌بوایه ده‌سه‌ڵاتی باوكسالاریه‌تی به‌كاربهێنابا، چونكه خۆی گووته‌نی؛ شۆڕشه‌كانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره جگه‌له كوژراو و قاچاخچی نه‌بێت، هیچی لێ وه‌به‌رنه‌هاتووه.. گووتی؛ من ڕێزم له‌بڕیاره‌كه‌یان گرت، بیرم له‌وه كرده‌وه له‌وانه‌یه ئه‌وان، وه‌ك نه‌وه‌یه‌كی نوێ، بتوانن ئه‌و گۆڕانكاریه به‌دیبهێنن، كه‌ئێمه نشوستیمان تێداهێناوه…ئه‌و شه‌هیدبوونی كوڕه‌كانی له‌چوارچێوه‌ی شه‌ڕی مرۆڤ له‌پێناوی باڵایدا ده‌خوێنده‌وه، ئه‌كتێكی ترانسێندێنتال، به‌ڵام ئه‌مه‌ی به‌قاره‌مانێتی تێنده‌گه‌یشت، به‌ڵكو وه‌ك به‌شێك له‌مه‌یسه‌ركردنی لایه‌نه هیومانییه‌كه‌ی خۆیان، ئه‌وان شه‌ڕیان بۆ خۆیان، وه‌ك مرۆڤ كردووه.
به‌پێچه‌وانه‌ی ڕاكانی مامۆستا عومه‌ر ترۆتسكی، هه‌میشه مرۆڤبوون لای من، ئه‌و چه‌مكه نادیاره بووه كه له‌ئه‌وانیتردا به‌دوویدا ده‌گه‌ڕێین. به‌هه‌مان شێوه، من پێموایه شه‌هیده‌كانمان ئه‌و گوڵانه‌ن، ئه‌و خه‌ونه به‌دینه‌هاتووانه‌ن به‌ناته‌واویی به‌رده‌وامی ده‌ده‌ن به‌خه‌ونێك به‌دینه‌هاتووه و به‌دیش نایه‌ت. ئه‌وانه له‌نێو ئه‌و ناته‌واویه‌دا ده‌مێننه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میشه به‌رده‌وامی بده‌ن به به‌دینه‌هاتن و نیگه‌رانی له‌یاده‌وه‌ریماندا، به‌وه‌ی شتێك هه‌یه ئه‌وان ته‌واویان نه‌كردووه و ناته‌واوه، ده‌بێت به‌دیبێت. كه به‌دیش دێت ده‌بێت بگاته ئاستی خه‌ونی ئه‌وان، بگاته باڵایی، به‌مانای ئاستێكی ترانسێندێنتال، چونكه ئه‌وان وه‌ك نادیارێك له‌وشوێنه‌دان، تێدا، ئێمه هه‌ست به‌نیگه‌رانی و دڵه‌ڕاوكێ و برینداری ڕۆحی ده‌كه‌ین. ئه‌وان به‌كۆتایی هێنان به‌ژیانیان به‌رده‌وامیه‌ك ده‌ده‌ن به‌خه‌ونێك ئێمه نازانین ئه‌وان چۆن خه‌ونیان پێوه بینیووه، له‌به‌رئه‌وه‌یه هه‌میشه له‌وه‌داین، ئه‌و ناته‌واوانه ته‌واوكه‌ین. شه‌هیدبوون سه‌ره‌تای هاوكێشه‌ی ناته‌واو و ته‌واویه‌كی خه‌یاڵییه. كه‌ده‌گه‌ینه ئامانجێكیش هه‌ست به‌ناته‌واوی ده‌كه‌ین، چونكه نازانین نادیاره‌كان، شه‌هیده‌كانمان، ئه‌م پڕۆسێسه چۆن ده‌بینین!
ئێمه ده‌مانه‌وێت ئه‌وان له‌نێو ئاواره‌یی ڕۆح و په‌ڕه‌وازه‌بوونی نێو زۆلكاوه‌كانی مردنه‌وه بهێنینه‌وه نێو هۆشمه‌ندی ئێستاكێی، بۆئه‌وه‌ی بزانین خه‌ونه‌كان به‌دیهاتوون یان ناته‌واویه‌ك له‌نێو ژیاندا خۆی درێژده‌كاته‌وه. شه‌هیده‌كانمان ئه‌و په‌ی نـه‌بـردنانـه‌ن به‌هه‌قیقه‌تێك، كه هه‌قیقه‌تی خۆمان نییه، ئه‌و وێنانه‌ن هه‌رگیز له‌خه‌یاڵه‌وه ناپه‌ڕێنه‌وه نێو دنیای ڕاسته‌قینه. ئه‌وان توانای هاتنه‌وه‌یان نییه، به‌ڵام ئاماده‌بوونیان هه‌یه، وه‌ك هه‌موو نادیارێك ڕاسته‌وخۆیی خۆیان ونكردووه، چونكه له‌بیره‌وه‌ری دووردا ڕاسته‌وخۆیی درۆیه‌كی ڕه‌شــه. ئه‌وه‌ی ده‌مێنێـتـه‌وه بۆمان ئه‌وه‌یه، شه‌هیده‌كانمان، ئه‌و ئازیزانه‌ی له‌پێناوی شتێك‌دا، بۆ ئه‌شقێك، بۆ شیعرێك ژیاون، له‌نێو یاده‌وره‌ی ئێمه‌دا ئاواره‌بوون، ده‌مانه‌وێت جارێكی دیكه و به‌شێوه‌یه‌كی دیكه هه‌ستیان پێبكه‌ین، هه‌ست و گفتوگۆی خۆمانیان لێ قه‌رزبكه‌ین، له‌هه‌مانكاتیشدا هه‌سته‌كانی خۆمانیان پێبه‌خشین. ئیدی شانازی كردن به‌شه‌هیده‌وه، شانازیكردنێكه به‌نادیارێك كه‌خودی ناته‌واوی ڕۆحیمانه له‌نێو جه‌نگێك له‌جه‌نگه‌كانی دڵ.
ئه‌م پیاوه كه ئێستا لای من نادیارێكه، مێژوویه‌كی خودی هه‌بوو، مێژویه‌ك به‌هێمنیه‌وه بڕوای پێ‌بوو، مێژوویه‌ك له‌هه‌قیقه‌تی ساده به‌ڵام پڕمانا و جوان، ئه‌و كۆمه‌نیستێك بوو له‌سه‌ر ڕێگه‌ی خۆی، به‌و شێوه‌یه‌ی خۆی ده‌یویست، كۆمه‌نیستێك بوو به‌دوای جوانیه‌كانی ژیاندا ده‌گه‌ڕا.
-4-
له‌ساتێكی سه‌ردانمدا بۆخه‌سته‌خانه، كاتێك به‌خۆم وچه‌پكێ گوڵه‌وه به‌نێو ڕاڕه‌وه‌كاندا هه‌نگاوم ده‌نا، نه‌شاره‌زا له‌ئافره‌تێكی كارمه‌ندی خه‌ستاخه‌نكه‌م پرسی له‌كوێ به‌شی دڵ بدۆزمه‌وه، له‌به‌شی دڵیش پرسیاری هاوڕێ دێرینه‌كه‌م له‌ئافره‌تێكی دیكه كرد، دوا ژووری نیشاندام، پێیگووتم ؛ ده‌توانم چاوه‌ڕوانی كه‌م چونكه ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێرێك ده‌بێت له‌ژێر ئامێره‌كانی چاره‌سه‌ردایه. كه ویستی ژماره‌ی قه‌ره‌وێڵكه‌یم پێبڵێ، پێمگووت دڵنیابه به‌هیچدا نه‌یدۆزمه‌وه به‌كتێب وچاویلكه‌كه‌یدا ده‌یدۆزمه‌وه…له‌سه‌ر دۆڵابه بچوكه‌كه‌ی ته‌نیشت شوێنای به‌تاڵی قه‌ره‌وێڵه لابراوه‌كه‌ی، كتێبێك به‌هه‌ڵگه‌ڕاوه‌یی وچاویلكه‌یه‌ك دانرابوو، من یه‌كسه‌ر هه‌ستم به‌نادیارێك كرد كه پێمده‌ڵێت، ئه‌وه تۆیی براوی بۆ ژێر ئامێره‌كانی دڵ، ئه‌وه تۆشی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ لای كتێب و چاویلكه‌كه‌ت…ده‌بوایه ئینجانه‌یه‌ك بۆ گوڵه‌كان بدۆزمه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كاتێك به‌قه‌ره‌وێڵه‌كه‌یه‌وه ده‌یهێننه ژوورێ گوڵه‌كان له‌ته‌نیشتیه‌وه پێشوازی لێبكه‌ن، من ده‌زانم ئه‌م پیاوه چه‌ند له‌و باڵاخانه ته‌سك و پاكه‌ته جگه‌ره‌یانه‌ی ئه‌وروپا بێزاره، ئه‌و حه‌زی ده‌چووه سه‌ر باخێك له‌گوڵی جوان، باخێكی بچوك له‌نیشتماێكی دووری پڕ له‌ڕه‌یحانه ڕه‌شه.
پێش ئه‌وه‌ی ئه‌و بێته‌وه به‌فرسه‌تم زانی و سه‌یری ئه‌و كتێبه‌م كرد كه‌ئه‌و له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌یه‌كی دیاریكراو داینابوو ، پێده‌چوو پێش ده‌ستپێكردنی سوڕی بێهۆشی و چوونی بۆ ژێر ئامێره‌كان به‌ده‌مه‌ونخونی داینابێت، له‌و ساته‌دا هه‌ستمكرد ئه‌وه منم له‌شوێنێكی تر‌و زه‌مه‌نێكی دیكه‌دا، ئه‌وه كتێبی منه به‌كراوه‌یی له‌سه‌ر مێزێكی ته‌نیای خه‌سته‌خانه‌كی چه‌په‌ك و دووری ئه‌م دنیایه دانراوه. مامۆستا (عومه‌ر ترۆتسكی) كتێبه‌كه‌ی ئاوه‌ها به‌كراوه‌یی دانابوو، بۆ ئه‌وه‌ی كه وه‌ئاگا بۆوه به‌رده‌وامی بدات به‌و خوێندنه‌وه‌یه‌ی دڵه‌خورپێ پێی بڕیبوو، وابزانم ئه‌و كتێبه، گۆڤارێكی ئه‌ده‌بی بوو، ئه‌و بابه‌ته‌ی ئه‌و خوێندبویه‌وه زیاتر جێگه‌ی سه‌رنجم بوو، ئه‌و بابه‌ته له‌مه‌ڕ پێناسه‌و هێڵـه سه‌ره‌كیه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی پۆست مۆدێرن بوو، ئه‌وه‌ی باش له‌بیرمه ئه‌وه‌یه كه‌ئه‌و بابه‌ته له‌لایه‌ن شاعیرێكه‌وه ئاماده‌كرابوو.
دوای ماوه‌یه‌ك مامۆستا عومه‌ریان هێنا به‌ڵام به‌نیمچه بێهۆشی، كه‌چاوی هه‌ڵهێنا و منی بینی فرمێسك به‌چاوه‌كانیدا هاته خوارێ، هه‌ناسه‌یه‌كی هه‌ڵكێشا و گووتی؛ له‌وانه‌یه تۆ زۆر دژی بیروڕاكانم بیت، به‌ڵام شیعرت خۆشت ده‌وێت، ئه‌وه‌ش وام لێده‌كات له‌به‌رده‌می تۆداو دوای ئه‌م هه‌موو ساڵه له‌خه‌بات ودوای ئه‌م هه‌موو ئه‌زمونه تاڵ و ترشه‌مان، دوای شه‌هیدبوونی هه‌ردوو كۆرپه‌كه‌م، له‌به‌رده‌م ئه‌و هه‌سته‌دابم، كه نه‌وه‌ی ئێمه دوای ئه‌و هه‌موو خوێنڕشتنه نه‌مانتوانی به‌ردێك له‌شوێنی خۆی بجوڵێنین، هێشتا دنیای ئه‌مه پڕ‌ێتی له‌كاری ناته‌واو،هێشتا زۆر كاری تر ماوه بیكه‌ین…
ئه‌م پیاوه هه‌میشه هه‌ستی به‌گومان ده‌كرد، گومان له‌وه‌ی هه‌یه، هه‌ستێك به‌وه‌ی شتێك هه‌یه ناته‌واو وده‌بێت ته‌واو بكرێت، بازنه‌یه‌ك له‌ته‌واوی وناته‌واوی، وزه‌ی پێده‌به‌خشی بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام بێت له‌خه‌ون بینین، نه‌ترستێت له‌باسكردنی خه‌وش وگومانه‌كانی، هیلاك نه‌بێت تاوه‌كو ئه‌و ڕۆژه‌ی تابوتی ئه‌و خرایه فڕۆكه‌یه‌ك، بۆئه‌وه‌ی وه‌ك لاشه‌ی خه‌وبینه‌رێك بگه‌ڕێته‌وه بۆ كوردستان.
-5-
له‌وانه‌یه ئه‌ویش له‌و ساتانه‌ی نیمچه بێهۆشیدا ئه‌و نادیاره سه‌ردانی كردبێت، له‌پێچی كۆڵانێكدا ڕوویان بوو بێت به‌ڕووی یه‌كدیه‌وه، سڵاویان له‌یه‌كتری نه‌كردبێت، به‌ڵكو سێبه‌ری خۆیان بۆ یه‌كتری جێهێشتبێت. ڕه‌نگێك جێمابێت له‌جیاتی شوێن پێ، ڕه‌نگێك، په‌ڵه‌یه‌ك له‌سه‌ر دڵ جێبهێڵێت، ته‌مـومژیه‌ك، وێنه‌ی مێینیه‌كی دڵ، یاوه‌كو پیاوێكی درێژی نێو زه‌مه‌نێكی په‌مه‌یی شێوه‌بازبكات…نادریارێك، به‌رده‌وام له نێو خودی ئه‌ودا نوستبێت و له‌ساته‌كانی بێهۆشی پێش مه‌رگ به‌سه‌ر كێـڵگه‌كانیدا كه‌وتبێت، به‌سه‌ر ئه‌و وێنه ڕه‌ش و سپیه‌ی له‌وانه‌یه یه‌كێكی دیكه بێت، نه‌ك ئه‌و. شتێكی دیكه بێت جوداواز له‌ڕووه‌كه‌كانی ڕۆژانه ژیان، ئه‌وانه‌ی ڕۆژانه به‌نێویدا تێپه‌ڕ ده‌بین، ئه‌و ڕووه‌كه پڵنگیانه‌ی به‌شێكن له بیرچوو‌نه‌وه و ڕاكردن له‌خود.
نادیارێك له ساتێكی خوماریدا پـووچـێـتـیمان ئاشكرابكات، له‌وانه‌یه هاوڕێكه‌م له‌و نیمچه بێهۆشیه‌یدا ئه‌وی بینیبێ كه‌چۆن پشتی تێكردوه‌و وله‌ودیوو شوشه‌ی په‌نجه‌ره‌كه‌وه سه‌یری دنیای قه‌ره‌باڵغ ده‌كات. ده‌رگایه‌كی دیكه‌ی له‌سه‌ر باخچه‌یه‌كی دیكه‌ی لێكردبێته‌وه، كه باخچه‌كانی خه‌یاڵن له نێو یاده‌وه‌ریه‌كی دووردا، له‌وانه‌یه ئه‌و گومانه، ئه‌و دڵه‌ڕاوكێیه په‌نهانییه، دوای ئه‌م هه‌موو ساڵه له‌نێو گوڵه‌كانی ئه‌و باخچه‌یه‌دا چه‌كه‌ره‌ی كردبێت، له‌وانه‌یه له‌وساته‌دا ئه‌و نادیاره من بوو بم، كه ئه‌و، هاوڕێكه‌م نیم.
له‌وانه‌یه ئێستا و له‌ساتی نوسینی ئه‌م وشانه‌دا ئه‌ویش وێنه‌یه‌كی ڕه‌ش وسپی بێت له‌پاڵ ئه‌و وێنه ڕه‌ش وسپیانه‌ی له‌مێژووی خه‌ونه‌كانماندان، له‌شوێنێكی دیكه‌دا به‌رده‌وامی ده‌ده‌ن به‌خۆیان، له‌یاده‌وه‌ر‌ی دوورماندا به‌شێوه‌یه‌كی دیكه به‌نێو ساراو ئارانه بـێـتخـووبه‌كانـدا هه‌نگاو ده‌نێن و ئێمه‌ش له‌ساتێكی خوماری دیۆنیزۆسیدا بیاندۆزینه‌وه و به‌رده‌وام بیر له بریقه‌ی چاوه‌كانیان بكه‌ینه‌وه…من ئێستا و دوای ئه‌م ماوه دوور ودرێژه بیر له‌بیریقه‌ی چاوه‌كانی ده‌كه‌مه‌وه، بیر له‌هاوڕێ دێرینه‌كه‌م. كۆمه‌نیسته موخه‌زره‌مه‌كه، وێنه ڕه‌ش وسپیه‌كه ده‌كه‌مه‌وه، بیر له‌و نادیاره ده‌كه‌مه‌وه له‌شوێنیكی دیكه و له‌زه‌مه‌نێكی جیاوازدا بوونی هه‌یه وبه‌رده‌وامی به‌خۆی ده‌به‌خشێ، به‌نێو شوێن و زه‌مه‌نه‌كانی دیكه‌دا هه‌نگاو ده‌نێت و ده‌شزانێت ساتێك دێت چاومان به‌چاوی یه‌كدی بكه‌وێته‌وه ، ئه‌وێك كه‌من نیم و مـنـێـكـیـــش كـــه‌ئـــه‌و نـــیــــــم …
ته‌واو
نورنبێرگ – ٢٠٠١
په‌راوێزه‌كان:
* لیۆ ترۆتسكی 1897 – 1940سه‌ركرده‌یه‌كی گرنگی به‌لشه‌فیه‌تی ڕووسی بوو، ته‌نانه‌ت به لینینی دووهه‌م ناوده‌برا، دامه‌زرێنه‌ری سوپای سووری سۆڤێتی بوو. له‌دوای مردنی لینین، ڕه‌خنه‌ی زۆری له‌سیاسه‌تی جۆزێف ستالین گرت. له‌ترسی كوشتن سۆڤیتی به‌جێهێشت و له‌مه‌كسیك گیرسایه‌وه. له‌وێوه‌وه به‌رده‌وام بوو نوسین و ڕه‌خنه‌گرتنی له‌ستالین وشێوازی كاركردنی حكومه‌تی سۆڤه‌تی. تێزه‌كانی بوو‌نه هۆی پێكێهێنانی باڵێكی تایبه‌ت له‌بزوتنه‌وه‌ی كۆمه‌نیستیدا كه‌تاوه‌كو ئێستا به ترۆتسكیه‌ت ناسراوه. چه‌نده‌ها جار هه‌وڵی كوشتنی درا له‌لایه‌ن كاگابی، به‌ڵام هه‌موو هه‌وڵه‌كان له‌لایه‌ن پۆلیسی مه‌كسیكی و پاسه‌وانه تایبه‌تیه‌كانی ترۆتسكیه‌وه نشووستی هێنا. تاوه‌كو ئیسپانیه‌كی كۆمه‌نیست به‌ناوی ساخته‌ی (فرانك جاكسۆن ) خۆی له‌ناسیاو هاوڕێكانی ترۆتسكی نێزیك خسته‌وه. له‌ڕاستیدا ناوی ڕامۆن مێكادێر هێرنانتێز (Ramón Mercader del Río Hernández) بوو. توانی چه‌ند جارێك سه‌ردانی ترۆتسكی بكات، له‌دوا سه‌ردانیدا له٢٠‌ئاوگوستی ١٩٤٠ دا، له‌كاتێكدا ترۆتسكی له‌سه‌ر مێزی نوسینی سه‌رقاڵی خوێندنه‌وه‌ی نوێترین نوسینی خۆی بوو بۆ ڕامۆن مێكادێر. ئه‌و توانی به‌قولاپ چه‌كوشێكی سه‌هۆڵ شكاندن، كه‌له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنابووی كه‌له‌ی ترۆتسكی شه‌ق بكات. ترۆتسكی یه‌كسه‌ر ئاوڕی بۆده‌داته‌وه و گاز له‌ده‌ستی ده‌گرێت، تائه‌و كاته پاسه‌وانه تایبه‌تیه‌كان به‌هانای ترۆتسكیه‌وه دێن ترۆتسكی به‌سه‌ختی بریندار بوو، دوا ڕسته‌ی ترۆتسكی ئه‌وه بوو به‌پاسه‌وانه‌كانی گووت؛ تكایه مه‌یكوژن، ئه‌و پیاوه چیرۆ‌كێكی هه‌یه بۆ گێرانه‌وه. ..