Narmin Mustafa – Exhibition Museum of Contemporary Art Sulamani- 06.05-06.06.2017

چرکەی تاسان!


Loading

 

گێڕانەوەی یه‌کەم؛  چرکێنەری خەیاڵ!

دیمەنەکە  سەرنجی ڕاکێشام. من ناوم لێ نا چرکاندنی خەیاڵ. گوێم لێبوو ئەوانەی بەو ناوەدا تێدەپەڕین سەری خۆیان ڕادەوەشاند  و دەیانگوت: ئااای فەرە شێت! یەکی دیکە لەو لاوە دەوەستا و قاقایەکی دەکرد، دەیگووت: ئا تخوا فەرەگیان وێنەیەکم  بگرە. فەرەش بە ڕشدیەکی زۆرەوە پەنجەکانی بڵاودەکردنەوە، ھەردوو دەستی بۆ یەک دەھێنایەوە و چاوی لەو کونە نزیک دەکردەوە، کە لە نێوان پەنجەکانی دروست ببوو، ھاواری دەکرد: چرک! زۆر جوان دەرچووە! لەژێر لێوەوە چەند قسەیەکی دەبۆڵاند: داستانی ئیشقی شیرینێک ئەوا ھاتۆتە پێش…

خاتوون خاتوون وێنەیەکی زۆر جوانم گرتووی، وێنەی جوانی چی! کامێراکەم شەرمەزاربووە لە ئاست جوانیت، ژنەکەش لچکی عەبایەکەی بە لالێویەوە دەگرێ، ئا ئەوەتا خەندەیەکی کردو، تێپەڕی.

کاکە تۆ سەیری ئەو وێنەیە بکە بزانە نایناسی؟ ئەھا ئەوە شیرینە، شیرینەکەم! بە پەنجەی دۆشاومژەی لەسەر ناو لەپی دەستی ئاماژەی بە شتێک دەدا. ئەھا ئەو کچەی لەسەر پشت ڕاکشاوە و چاوەکانی  بۆ ئاسمان مۆلەق بوون. ئەھا ببینە ئەوە نیشانەی ئەوەیە خەیاڵ بردویەتەوە و بیر لە من دەکاتەوە! بەڵێ بەڵێ ئەو ھەمیشە منی لەبیر بووە ھەروەکو چۆن من ئەوم لە بیربووە.

ھاھاھا دەی دایە قاقای پێکەنین. ئیستێکی دەکرد، هەندێک دەوەستا ئاماژەی بۆ سەر دیوارێک دەکرد ھەندێک لە دیوارەکە ڕادەما لە پڕمەی گریانی دەدا، ھاواری دەکرد: نا نابێ! ئەو مردووە! نەخێر ئەوە ڕاست نییە. ئاگام لێبوو چەند کەسێک بە سەر ڕاوەشاندن بە لایدا تێدەپەڕین. گەنجێکی شیکپۆش، کە کامیرایەکی کۆنی بە ملی داکردبوو لە پشتی وەستابوو، دەستێکی لە سەر شانی دانا. زۆر بەنەرمی وەک ئەوەی ترسی شکانی شتێکی ھەبێ گووتی: فەرھاد گیان. فەرە بە خێراییەکی زۆر ئاوڕێکی دایەوە. کاتێک کەوتنە بەرانبەر یەکتری ھەردووکیان ئەبڵەق بوون و  چەند خولەکێک لە چاوەکانی یەکتری ڕامان. دواتر ئەوەی کامێرا کۆنەکەی لەملبوو کامێراکەی بەرزکردەوە تا ئاستی شانەکانی، بینیم ئەو فرمێسکانەی لە چاوەکانی فەرە قەتیس مابوون بە خوڕ ڕێچکەیان بەست بۆ خوارەوە. ئەرێ من بۆ چی ھاتبوومە ئەم شارە؟ ئەھا من بانگێشتی کۆڕێکی شیعر خوێندنەوە کرابووم، کە بۆ ڕۆحی کچێکی وێنەگر پێشکەش کرابوو، تێیدا وا دانرابوو کۆمەڵێک شاعیر شیعر بخوێننەوە. پێشانگایەکی فۆتۆگرافیش بەڕێوە دەچوو. ئەرێ ئەو کچە کێ بوو؟ ئایا پێشتر دەمناسی؟ ماوەیەک پێشتر لە میدیا  وتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ھەواڵی کۆچی دوایی ئەو کچە بڵاوکرابووەوە، من ئەوکات ئەو کەسەم ناسی. دڵنیام زۆری تریش ئەر ئەوکات ناویان بیستوە. ھەروەکو پێشتر ئاگاداربووم لەو ژینگەیەی منی تێیدابووم ڕێک  وێنای ئەو پەندە بۆ چەندان ساڵ دووبارە دەبووەوە، ئەو پەندەی دەڵێ: ئێمە زیندو کوژی مردوو پەرستین. کاتێک بڕیارم دا داوای خوێندنەوەی ئەم چیرۆکەم لە ھەڵسوڕێنەرانی کۆڕەکە بکەم، ترسی ئەوەم ھەبوو کاتێک دەگەمە ئەم دێرانە لە خوێندنەوەی  چیرۆکەکەم نزیکەکانی کۆچکرد و توڕەببن  و وا ھەست بکەن دەمەوێ بە ھێنانەوەی ئەم پەندە لە بایەخی کۆڕەکە کەم بکەمەوە، بە تایبەتیش بەوەی، کە دامنابوو لەسەرەتای چیرۆکەکە بڵێم:( پێشکەشە بە پەراوێز خراوەکان، پێشکەشە بە زیندووەکان) بەڵێ ھەرچەندە ترسم لەو ھەڵە تێگەیشتنە ھەبوو، بەڵام بڕیارم دابوو ھەر چۆنێک بێ دەستکاری ئەم دێرانە نەکەم ، چونکە ئەوە شەڕی من بوو لە پێناو ئەو ساتانەی، کە کۆچکردوو زیندوو بوو، چاوەڕوانی زیاتری لە ژینگەکەی ھەبوو، کەچی نەیبینی تا نەمرد! قسەی ھاوڕێیەکم بە بیرھاتەوە کە دەیگوت: ئەگەر دەتەوێ گرنگیت پێ بدەن، بمرە. بەڵێ دوای ئەوەی ئەو ڕووداوەم خوێندەوە زیاتر لە ڕاستی ئەو قسەیە ئاگادار بوومەوە، ھەر بۆ ھەمان مەبەستیش ھاتبوومە ئێرە تا بزانم چەندە بایەخ بە کۆچکردوو دراوە. دڵنیام دوای خوێندنەوەی ئەم دێرە کۆمەڵێک سەر دەلەقێنن و  ھاوڕامن، بەڵام دوای دەرچوون لە کۆڕەکە ھەمان خەمساردیان ھەیە بۆ زیندووەکانی دوروبەریان. لەوکاتەی زیندوو بوو پێویستیی بەو گرنگیدانە بوو تا پڕۆژەکانی بگەیەنێتە ئەنجام. ئێستا کاتێک پڕۆژەکانی لەبەر خەمساردیەکانی ئێمەوە تەواونەکراو ماڵاوایی كرد، چ سوود؟

با لە ھێڵەکانی گێڕانەوەم لانەدەم و بێمەوە سەر ئەوەی، ھاتنم بۆ ئەم شارە دەرگای چیرۆکێکی دیکەی بەسەردا کردمەوە. چیرۆکی زیندوێکی ماڵوێران. زیندوێکی پەراێزخراو. ئێوە دەتوانن بڵێن شێتێکی چرکێنەر. مۆبایلە ھۆشمەندەکەمم داخەست، کە خەریکی نووسینی چیرۆکێک بووم تا ھەوڵ بدەم ئەگەر دەرفەت بوو لەو کۆڕەدا بیخوێنمەوە. شتەکانم کۆ کردەوە و بەدوای چیرۆکی زیندوێکی پەراوێزخراودا چوومە دەرەوە.

٢- گێڕانەوەی دووەم

لە منداڵیەوە ھاوڕێین، بگرە براین، برا؟  نا وابزانم بڵێم لە برا زیاتر گونجاوترە. ھەر لە منداڵیەوە ئەوەی لەودا جیاوازبوو ئەوە بوو، لەگەرمەی تۆپانێ یان کەلایانێ یان ھەلوکێن دیمەنێک سەرنجی ڕادەکێشا: بۆ نمونە چۆلەکەیەک لەسەر تەلێکی کارەبا. گەردەلوولێک لە دوورەوە، پەلکە زێڕینە، بە شێوەیەک لەو دیمەنانە ڕادەما، ئەگەر گۆڵچی  بایە  لە دەنگی ھاوارکردنی بەرانبەرەکانمان بە ئاگا دەھات کاتێک لە خۆشی گۆڵکردن خرۆشابوون. ھەر ئەو ھۆکارەش وای لێ کرد لە زۆربەی یاریەکان بدۆڕێ و  لە یاریە بە کۆمەڵەکان پێکی نەکەن. ئەمەش وای لێ کرد زیاتر دوورە پەرێز بێت و خەریکی ڕامانەکانی خۆی بێت، بەڵام لەگەڵ مندا بابەتەکە بە شێوەیەکی دیکە بوو، ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر ھۆگری یەکتری دەبووین. با بە خێرایی چەند شتێک لە بارەی ڕابردوویەوە بگێڕمەوە. لە ساڵی ھەشتا و چوار ناومان ھاتەوە لە سەربازی، بەڵام ئەو بەھۆی زۆری ڕامانەکانیەوە و زۆری سەرپێچیەکانیەوە زۆر سزا دەدرا بە شێوەیەک  وەڕس ببوو. بڕیاری دا داوای مۆڵەت بکات و دوای مۆڵەتەکەش نەیاتەوە. ھەر مۆڵەتەکەیان دوا دەخست. تا بۆ بەرەکانی جەنگ گواستیانینەوە. دۆخی دەروونی فەرھاد ڕۆژبەڕۆژ بەرەو خراپی دەڕۆیشت. شەڕ و خوێن تەواو بڕستیان لێ بڕیبوو. ڕۆژ بە ڕۆژ کێشی کەمتر دەبووەوە و چاوەکانی بە قوڵدا دەچوون. تا دەھات کەمدووتر دەبوو. زۆر خەمم بەوە دەخوارد، بەڵام ھیچم پێ نەدەکرا.

ڕۆژێکیان دوای ھێرش بردنمان و دەستگرتنمان بەسەر ناوچەکانی دوژمندا فەرھاد ڕایکێشامە پەنا دیوارێک و لە ناو کیفەکەیدا کامێرایەکی دەرھێنا لەوانەی وێنەی خێرا دەگرن. وێنەی پیرەپیاوێک لە دەمەکەی ھاتبووە دەرەوە، چۆکەکانی دادابوو، ھەردوو دەستی بە ڕیشە سپیەکەیەوە گرتبوو، لە دەشتەکەی پشتیەوە تا چاو بڕدەکا لاشەی کوژراو بوو. ھەستم کرد فەرھاد نوتقی گیرابوو. زۆری لە خۆی کرد تا پێی گوتم کە خۆی ئەو دیمەنەی بە چاوی خۆێ بینیوە. گووتی؛ وێنەگرەکەش لە بەرانبەر پیرەپیاوەکەدا بە لادا ھاتبوو. دوای ئەو ڕووداوە فەرھاد وەک شێتانی لێ ھات، شەوان لە خەودا ھاواری دەکرد و بەدەم خەوەوە دەڕۆیشت. تا ئەوەی بەیانیەک لەخەو ھەڵسام نەمبینیەوە.

دوای دوو ساڵ زانیم، کە لە سەربازی ھەڵاتوە و چووەتەوە بۆ شارەکەمان. دوای ئەوەش لە خۆ شاردنەوە بێزاردەبێ دوایی دەچێتە شاخ و دەبێتە پێشمەرگە. دواتر بە ھۆی چەند دۆست و ناسیاوێکمان زانیم لە پێشمەرگایەتیش ھەڵاتووە، لەگەڵ قاچاخچیەک پێکھاتبوو لە سنوور پەڕیبووەوە، چووبووە دەرەوەی وڵات. دواتر کە منیش ڕامکردە دەرەوە ئەوم دۆزییەوە. ئەو ببووە وێنەگرێکی باش. دیاربوو  ئەو وێنانەی جەنگ، کە لە وڵاتی خۆمان گرتبووی لە سەر شەقامەکانی ئەو وڵاتە ھەڵی واسیبوو، ئەوەش سەرنجی خەڵکەکەی ڕاکێشابوو، بەڵام ئەوەی دۆخی ئەوی گۆڕی کەسێکی ئەکادیمی ئەو ڕۆژە بەوێدا تێپەڕیبوو ھەستی کردبوو چرکاندنی وێنەکان ئاسایی نەبوون، بەڵکو زۆر ھونەری بوون، ھەرچەندە ئەو بە ھیچ شێوەیەک زانستیانە لە بارەی وێنەگریەوە نەیخوێندبوو، ئەوە تەنێ سەلیقەی خۆی بوو وای لێ کردبوو ئەو وێنانە بگرێ، بەڵام ئەوە لە بایەخی وێنەکانی کەم نەکردبووەوە، لە چاوی ئەو کەسەدا، بەڵکو ھاوکاری کردبوو تا لەڕووی زانستیەوە لە بارەی چرکاندن شارەزابێ، بەپێی خولیای خۆی لە  کۆمپانیایەک کاری بۆ دۆزیبووەوە کە ببووە وێنەگری جەنگەڵەکان. تا ئەوکاتەی من چوومە ئەوێ لەکارەکەی خۆیدا زۆر سەرکەوتووبوو. چەندان وێنەی ناوازەی چرکاندبوو، کە  ببووە جێگای شانازی کۆمپانیاکە. کاتێک ئەو ڕۆژە لە کافێکە ھاتە دەرەوە چاوی بە من کەوت،  تازە گەیشیبوومە ئەو شارە و نەمدەزانی

چی بکەم. کیفێکی لە شان بوو ھەمان کامیرای خێراکەی جارانی بە پەتێک لە ملی کردبوو. یەکسەر باوەشی پێدا کردم. چووینە نێو کافێیەکە. ھۆکاری ڕاکردنەکەی خۆی لە نێو پێشمەرگە پێ گووتم. گووتی من لە جەنگ و خوێن ڕامکردبوو. نەمزانی ھەر ھۆکارێک بۆ ئەو شتانە  لەگەڵ دەروونی من دا ناگونجێ ،  خۆی گرمۆڵە دەکرد، تا زیاتر باسی ئەو شتانەی دەکرد زیاتر خۆی کورژدەکردەوە، گوتی دوای ئەو ڕووداوانە بڕیارم دا چیتر لەو خاکەدا نەمێنمەوە کە مرۆڤەکانی ڕێگا بە خۆیان دەدەن مرۆڤ بکوژن و سوکایەتی بە شکۆی مرۆڤ دەکەن. جا بە پاساوی دەستبەسەراگرتن بێ یا بەرگری ھەر یەک ئەنجامە کە سوکایەتیە بە شکۆی مرۆڤ.

ھەر ئەو ڕۆژە پێشنیازی کرد، ببمە یارمەتیدەری لە کارەکەی، دوای ماوەیەک لەگەڵی دەستبەکاربووم. توانا و سەلیقەیەکی زۆری ھەبوو لەگەڵ کارەکەی. دەتوانم بڵێم بۆ ئەو کارە دروستکرابوو. بە کاتژمێر بگرە بەڕۆژ لە شوێنێک خۆی مەلاس دەدا و چاوەڕێ دەبوو تا ئەو چرکەیە بچرکێنێ، کە خۆی دەیەوێ. کارەکان زۆر باش دەچوونە پێش تا جارێکێان چەند مانگێک بوو بۆ یەکێ لە دوورگەکان چووبووین، بۆ ئەوەی وێنەی ژیانی ڕۆژانەی چەند گیاندارێک بگرین. کاتێک گەڕاینەوە پێیان ڕاگەیاندین، پێشانگایەکی وێنە کراوەتەوە تایبەتە شارەکەی ئێوە. ئێمەش

جگە لەوەی ماوەیەکی زۆر بوو ھەواڵی ئەوێمان نەزانیبوو زۆر عەوداڵی دیمەنەکانی شاربووین. مرۆڤ ھەمیشە بە ڕابردویەوە پەیوەستە و ڕابوردوو ھەمیشە پێوەند بووە بۆ بەستنەوەمان بە شارەکانەوە. ئەو ڕۆژە گەشیەکی لە ڕادەبەدەرم لە سیمای فەرھاد دا بینی. کاتێک گەیشتینە ھۆڵەکە یەکم وێنە  ئەو وێنەیەبوو، کە فەرھادی  وێرانکرد. کچێکی ماکسی شین لەسەر پشت ڕاکشابوو چاوەکانی  بەرەو ئاسمان مۆلەق ببوون. لەچکێکی سپی گوڵ شینی لە سەری   ئاڵابوو. دوو کەزی لەم لاو لای گوێی ھاتبوونە دەرەوە. گۆزەیەکی شکاو لە سەکۆکەی پشتی کەوتبوو، پێدەچوو لەکاتی کارەساتەکە ئاوی ھێنابێ بۆ ماڵەوە. کوكوختیەکی سپی لە سەر سینگی پەلەواژ ببوو.  فەرھاد بەرانبەر وێنەکە تاسا. نزیکەی پازدەخولەک بەرانبەر وێنەکە وەستا و فرمێسکی دەڕشت. کامێرا کۆنەکەی لە ملی کردەوە، بە ڕاکردن بەرەو دەرەوە ڕۆیشت. دیاربوو لە کامێراکەی توڕەببوو. کامێراکەم ھەڵگرتەوە. بەڵام فەرھادم نەدۆزیەوە تا ئەمڕۆ، کە بە ھۆی مردنی کچێکی فۆتۆگرافەرەوە ھاتبوومەوە کوردستان تا بەشداری پێشانگای فۆتۆگرافیەکە بکەم. بەڵام لەوە ناچێ ئیتر بچم بۆ پێشانگاکە، بەڵکو دەبێ ئاگام لە فەرھاد بێ. لێم پرسی: ئەی تۆ  ژنە ماکسی شینەت دەناسی ئەوەی وێنەی گیرابوو. گووتی؛ بەڵێ ئەو کچە شیرینی ئامۆزای فەرھاد بوو، دیاربوو لەکاتی کیمیا بارانەکە  بەو شێوەیە گیانی لەدەست دابوو.

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین