فۆتۆ؛ داراوان سالار - خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی نۆڤمبەری ٢٠٢١ -

  ئازادی و ڕاکردن لە چوارچێوەیەکی  داگیرکراودا


Loading

ئازادی و ڕاکردن لە چوارچێوەیەکی  داگیرکراودا

ئەفسانە موستەفا 

سێی سەرماوەز بوو، پێش چوونە دەرەوەم لە ماڵ، تەماشایەکی ئەو ئینجانەیەم کرد کە ماوەیەکی دوور و درێژ چاوەڕێ بووم گوڵە پایزییەکانی ببینم، بینیم چرۆی کردووە، منیش لەگەڵیدا ھەستم بە ژیان کرد. نزیک  هەشت و نیویی بەیانی بوو، گەیشتمە نزیک باڵاخانەی پاڵاس، چەکدار ئەوناوەی تەنی بوو، نزیکبوومەوە لەو پاسەی دەڕۆیشت بۆ گەڕەکی  ڕاپەڕین، سەرکەوتم. تەنھا سێ سەرنشین لە پاسەکەدابووین، بەڕێکەوت و پاش کەمێک شۆفێرەکە ڕادیۆکەی ھەڵکرد، زۆر دەگمەنە لەنێو پاسدا ڕادیۆ ھەڵبکرێت، بەڵام ئەو ڕۆژە ڕەنگە بەھۆی کەمی ژمارەی سەرنشینەکانەوە بووبێت، گۆرانییەکی ` مەزهەری خالقی` بوو، بە دەنگێکی بەسۆزەوە دەیگووت: دەگەڕێمەوە بۆ وڵاتەکەم، ئەمڕۆ یا سبەی ڕوو لە کوردستان، ئەگەڕێمەوە من، ئەگەڕێمەوە… ھەستێکی سەیرم ھەبوو، ئێ من لە کوردستانم بۆ ئەوەندە بەو گۆرانییە دڵم پڕ بوو؟ بۆ ئەوەندە بەو گۆرانییە توڕەبووم؟… پاسەکە بە بەردەم مەڵبەندی یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا تێپەڕی، لە جامەکەوە تەماشا دەکەم، چەکدارێکی زۆر دەبینم، لەخۆم دەپرسم؛ ئاخر شار چۆن دەبێت چەکداری تێدا بێت؟ ئەمە کەی سیمای شارە؟

پاش چەند خولەکێک نزیکی `زانکۆ` دابەزیم، لەدوورەوە دەنگی گۆرانی ھاتە بەرگوێم؛ ( نەبووە و ناکرێ، ھەرگیز نابێ، ئازادی خۆری ئاوا بێ… ) ئەرێ ئەو چەکدارانەی بەردەم زانکۆش وەک من گوێیان لێ بووە؟ یان تەنھا ئەوانەی عەوداڵی ئازادین نەک گوێیان لێ دەبێت، بەڵکو ئەو دێرە بەر ڕۆحیان دەکەوێت. وردە وردە ژمارەمان زیادی دەکرد، ئیدی کاتی ئەوە ھات درووشم بەرزبکەینەوە و ھاوار بکەین. یەکەم دروشم باسی دەرماڵە بوو، دووەم و سێیەمیش بەھەمان شێوە، ئیستێکم کرد و کەوتمە بیرکردنەوە؛ کێشەی ئێمەی خوێندکار تەنھا دەرماڵە نییە، من کێشەی دیکەم ھەیە. ھاوڕێیەکم کە لە نزیک سەکۆکە بوو، پێم گوت؛ ناھێڵن قسە بکەین؟ خەمخۆرانە گووتی؛ وەرە. ئیدی مایکم وەرگرت و گوتم: بە تکا با دروشمەکان تەنھا کێشەی وەرگرتنی دەرماڵە نەبێت، من بۆ خەمی مەعریفە لێرەم. ھەتا وێنەی سەرۆکەکان لە پشتی بەڕێوەبەرەکانمانەوە لێ نەکرێنەوە، شکۆ بۆ زانکۆ ناگەڕێتەوە. تاکو حیزب مامۆستا دابمەزرێنێت زانکۆ مەعریفەی تێدا نابێت. ھەموو چەپڵەیان لێدا…جێگری سەرۆکی زانکۆش لە سەرەتای ناڕازییەکاندا ئامادە بوو، بەڵام پاش ماوەیەک ون بوو.

لە سەکۆکە ھاتمە خوارەوە، دەمویست ئەوەش بڵێم: من بۆ پشتگیری ئەو گەنجە لێرەم کە پۆستاڵ لەپێکانی دەسەڵاتیان شەقیان تێ ھەڵدا، شەقیان لەھەموومان ھەڵدا. من بۆخاتری چەند ساڵی بەفیڕۆچوومان لێرەم لەنێو ئەو سیستەمە ڕزیوەدا، من دژی درێژەپێدانی شکستی پەروەردە لێرەم…

بێگومان ڕای جیاواز لەنێو گەنجەکاندا ھەبوو، تووڕەییەک ھەبوو بۆ بە `برا` ناوبردنی ھێزەکان، یەکیان بە دەنگێکی گڕ و پڕ تووڕەییەوە ھاواری کرد: ئەوان برای ئێمە نین… گۆرانییەکەش دەیگووت: نەک هاو خوێن و زمانیش بن، ئەگەر ڕۆحی ڕەوانیش بن، بێدەنگ نابین.

لەگەڵ ھاوڕێکانم نزیکی ئەو ھێزە بووینەوە کە لەوێ ئامادەبوون، ھەر چرکە ساتێک بوو، بوو بە تەقە، گازی فرمێسک ڕێژ ھەڵدرایە بەردەممان، ڕامانکرد بێئاگا لەوەی بۆ کوێ ڕادەکەین و کام شوێن سەلامەتە. ھاوڕێکانم ونکرد، چاوەکانم لەتاو کزانەوەیەکی زۆر داخران، کەڵکەڵەی ژیان لەسەرمدا بوو، بیرم دەکردەوە ئاخۆ ژیان کامەیە، ئێمە ژیانین و ئەوەی بەرانبەرمان مەرگ؟ ئاخۆ من ڕووبەڕووی مەرگ وەستاوم؟ یان بۆ ژیان ڕادەکەم؟… لەم بیرکردنەوانەدا بووم، کوڕێک قۆڵی گرتم، ھاواری کرد: مەوەستە تا دەتوانیت ڕابکە، وانەبێ کوێر دەبیت، ھەناسەش ھەڵمەمژە تا دوور دەکەوینەوە، ڕاکە لەگەڵم. کاتی ڕاکردنەکە قاچم وەرگەڕابوو نەمدەتوانی بە باشی ڕابکەم. لەشوێنێک وەستاین، لە جانتاکەم لیمۆیەکم دەرھێنا و کردم بە دوو کەرتەوە، کەرتێک بۆ ئەو ھاوڕێیەم کە نایناسم و دەڵێی چەندین ساڵە ھاوڕێی نزیکمە و کەرتێکیش بۆخۆم. پێشنیارم کرد بەسەر شیشەکاندا بچینە ناو زانکۆ، ئەویش پێی باش بوو. بەھاوکاری ئەو بەسەر شیشەکاندا ڕۆیشتم، سەرەتا لەبەر ئازاری قاچم نەمتوانی باز بدەم، ئەو چووە ئەودیو، لە شیشەکانەوە قاچی بە نووشتاوی ھێنایە دەر، پلەیەکی بۆم دروستکرد، ئەوە ھاوکارییەکی باش بوو توانیم بازبدەم… تەلەفۆنێکم بۆھات، ھاوڕێکەمە و دۆخی خراپە، باش قسەی بۆ ناکرێت، گووتم؛ لەجێی خۆت بمێنەوە… ئەگەرچی زۆر دوور بووین لەیەکتر، بەڵام ملی ڕێم گرت، کەمێک ڕۆیشتم، بۆ ئەوەی زووتر بگەمە لای دەستمکرد بە ڕاکردن. لە ڕێگا ھەر چەند کیلۆمەترێک و کۆمەڵێ خوێندکار بوون لەتاو ئازاری سنگ و چاو و سەر ڕایانکردبوو بۆ پەناگەیەکی ئارامتر، گەنجێک لە دوورەوە ھاواری کرد؛ وەرە بۆلامان. ئاراستەکەم گۆڕی بەرەو لای ئەوان، پێویستیان بە دەبەیەک ئاو و لیمۆ بوو، پێمدان. ئەوانم جێھێشت.

چەند گەنجێکی دیکەم بینی، ئەوانیش ڕایانکردبوو، کەوتینە قسە و گووتم؛ خوێندکاری قۆناغی چوارم، ئەی ئێوە؟ گوتیان؛ ئێمە قۆناغی یەکین، پۆلی دوانزەمان بە خۆپیشاندان بەڕێکرد. ئەوانیشم جێھێشت و بەتەنیا مامەوە، لە دوورەوە خوێندکارێک بەرەو ڕووم ھات و گووتی؛ ڕاکە بۆ بەشی ناوخۆییەکان، نەچیتەوە لای سەرۆکایەتی زانکۆ… گووتم؛ خوێندکاری بەشی ناوخۆیی نیم و ھی ناوشارم. گووتی؛ من زۆر سوپاستان دەکەم و قەت ئەم ھەڵوێستەتان لەبیر ناکەم…ئەو خوێندکارە خۆی لە بەشی ناوخۆیی  بووە، گەڕاندنەوەی دەرماڵە بۆ ئەوان پێویست ترە بەراورد بەو خوێندکارانەی لە ناو شارن.

گەیشتمە لای ھاوڕێکەم، دۆخی خراپ بوو، دەیویست بڕشێتەوە و نەیدەتوانی، باوەشێنم کرد و کۆتا پارچەی لیمۆ کە پێم مابوو پێمدا. ھاوڕێیەکی دیکەشم لەگەڵمانە و ڕووداوەکان بۆ یەکتر باس دەکەین، ئەو گووتی؛ پۆلیسێک بە قژ ھەڵیدامە ژوورەوە، سەرئێشەکەم ھی ئەوەیە یان ھی گازە نەفرەتییەکەیە نازانم! کچێک لە دوورەوە دەبینین، زەرفێکی پێیە پڕە لە لیمۆ، دابەشی دەکات بەسەر ئەو کەسانەدا کە حاڵیان خراپە، کۆمەڵێک کوڕیش دەبینین بە پەلە ئاو دەبەن بۆ ئەو کەسانەی پێویستیانە… لەم بارەدا بووین زەردەخەنە ھاتە سەر ڕووخسارمان. بۆمدەرکەوت؛ تاکە فریادڕەسی گەنج، تەنھا گەنج خۆیەتی…

پاش کەمێک چووینەوە بۆ سەرۆکایەتی زانکۆ، کەسێک ھاواریکرد: ڕاکەن بگەڕێنەوە، پۆلیسەکان دەستیان کردووە بە  خوێندکار گرتن.

ئێمە بەردەوام بووین لە ڕاکردن. ئەوەی بینیمان؛ خوێندکاری بریندار، ماندوو، چاو پڕ لە خوێن، ھەناسە تووند و بەدەم کۆکەوە ڕاکردوو… لەم دۆخەدا دیسان گازەکە ھەڵدرایەوە ناو زانکۆ، بە بریندارییەوە ئەو دیمەنی ڕاکردنە لە نەخۆشخانەیەک دەچوو کە تەفروتوونا بووبێت. کۆمەڵێک گەنج، گەنجێکی تریان لەباوەش گرتبوو، بە ڕاکردن دووریان خستەوە. ئەو گەنجە نەیدەتوانی باش قسە بکات، بە ئەستەم دەیگوت؛ دەمم سڕە، چی بکەم، خێرا جگەرەیەکم بدەنێ، لیمۆم ناوێ. جگەرەیان بۆ داگیرساند و ئاویان بۆ ھێنا…

تەقە کرا بەسەر خوێندکاراندا و ئەو ناوە پڕبوو لە گولـلەی پلاستیکی، ھەموومان ڕامانکرد. لە کۆتا جاری هەڵدانی گازەکەدا منیش حاڵم خراپ بوو، لەشوێنێکدا دانیشتبووم، کچێکم بینی گولـلەیەکی ھەڵگرت و وێنەیەکی گرت؛ ڕەنگە بییەوێت وەک یادگارییەکی ناخۆش و تژی لە ستەم و بەرگری تۆماری بکات… ھاوڕێکەم ڕووی لە پۆلیسەکان کرد و ھاواری کرد: ئەرێ بۆ وا دەکەن؟ پۆلیسێک بە تەوسێکەوە گوتی: فەرمانی سەرەوەیە.

 

پاش کەمێک بە ئۆتۆمبێلی ھاوڕێیەکمان نزیک بازاڕ بووینەوە و لەوێ دابەزین، دۆخی نێو بازاڕ و سەرا خراپ بوو، چووینە شوێنێک بتوانین دەستمان بشۆین. لەنێو بینایەک، کەسێکمان بینی تەمەنی نزیک چل ساڵێک دەبوو. سەرنجی ئێمەی دەدا، ھی من، جلە دڕاوەکەم کە بەھۆی سەرکەوتن بەسەر شیشەکانی زانکۆدا دڕابوو. و ماندوویەتی و تۆز و خۆڵ بە گیانی هەموومانەوە. ویستمان چەند بوتڵە ئاو بکڕین، نزیکبوویەوە لێمان پرسیاری خۆپیشاندانەکانی کرد. ئەوەی ڕوویدابوو باسمان کرد. گووتی: با شتێکتان بۆ بگێڕمەوە… ئێمە کە لەنێو ڕاکردن و ھیلاکی خۆماندا توابووینەوە، دانیشتین و ئەو بەردەوام بوو؛ کاتی خۆی کەسێک ویستوویەتی دابمەزرێت وەک چەکدار، پێیان گوتووە؛ لەگەڵ باوکت وەرە. کاتێک لەگەڵ باوکیدا دەچێت، پێی دەڵێن: تفێک لە باوکت بکە. کوڕەکەش دەڵێت؛ چۆن کاری وا دەکەم! لە وەڵامدا پێی دەڵێن: بڕۆ تۆ بەکەڵکی ئێمە نایەیت…

لەپڕ بوو بە ھاوار، ڕامانکرد، ھەستمان بە بۆنی گازەکە کرد و چاومان دەکزایەوە، وەستاین. بازاڕ داخرا و لەوێ گیرمانخوارد.

کاتژمێر چوار و چلو پێنج خولەک ئێواربوو، پاش کەمێک، دەرگایەکی بچووکمان دۆزییەوە و لەوێوە ڕامانکرد. منداڵم بینی چاوی سوور ببووەوە، پیرم بینی دەکۆکی، گەنج ڕایدەکرد… لە ڕاکردن بەردەوام دەبین؟!

                                 

  

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌