Forced Entertainment - And On The Thousandth Night
Forced Entertainment - And On The Thousandth Night

شانۆی پۆست – دراما لە دیدی هانس -تیس لێمان-ەوە – دانا ڕەئووف


Last updated:

Loading

شانۆی پۆستدراما لە دیدی هانستیس لێمانەوە

دانا ڕەئووف

دانا ڕەووف

لە ناوەڕاست و کۆتاییەکانی ساڵانی ١٩٠٠ەکانەوە هونەری شانۆ بە چەند گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیدا دەڕوات، بۆ نموونە ئەو مۆدێلە داب و نەریتگەراییەی لەسەر دەق و گێڕانەوە و گەشەی سایکۆلۆژی کارەکتەر بنیات نرابوو، ڕۆڵە ڕاستەوخۆ و ناوەندییەکەی خۆی لە دەست دەدات و چەمکێکی تر جێگای دەگرێتەوە. کۆمەڵێک دەرهێنەر و هونەرمەند جۆرێکی تر لە نمایشیان خوڵقاند، کە لەسەر بنەما درامییە باوەکان بونیاد نه‌نرا بوو، بەڵکوو لە جەستە و دەنگ و وێنە و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیاوە سەرچاوەیان وەرگرتبوو. ئەم تەکنیکەش بەشانۆی پۆست دراما، یان پۆستدراماتیکناوزەد کرا. ڕەخنەگر و پسپۆری بوارە تیۆرییەکانی شانۆ هانستیس لێمان ١٩٤٤٢٠٢٢، کە هاوکات پرۆفیسۆر بوو لە زانکۆی گۆتە لە فرانکفۆرت، لە ساڵی ١٩٩٩دا کتێبە گرینگەکەی بەناوی  شانۆی پۆستدراما بڵاو دەکاتەوە، کە ڕۆڵێکی لەبەرچاو و پڕ بەهای لە گەشەکردنی توخمی پۆستدراما دا گێڕاوە و کتێبەکەی وەرگێڕدراوەتە سەر زۆربەی زمانەکانی دنیا. ئەم کتێبە چوارچێوەیەکی تێورییە بۆ ڕاڤە و لێکۆڵینەوەی ئەو فۆرمە هونەرییەی، کە چیتر گێڕانەوە باوەکانی دراما، ناوەندی کار و پڕۆژە هونەرییەکان نین.

تیس لێمان لەم کتێبەیدا، تیشکی سەرنج و لێکۆڵینەوەکەی دەخاتە سەر بەرەوپێشچوونی ڕەوتی شانۆ، لەم ڕووەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە هونەری شانۆ، لە ناوەڕاستی ١٩٠٠کانەوە بە ئاڕاستەیەکی تر و جیاواز کاری کردووە؛ بەتایبەتیش لە ساڵی ١٩٦٠ تا ساڵی ١٩٧٠. ئەم ئاڕاستەیە خۆی لە دوورکەوتنەوە لە داب و نەریتە باوەکەی مێژووی هەزار ساڵەی درامای جیهانیدا، کە تێکست و گێڕانەوە ڕاستەخۆ و زنجیرەییەکە لە چەقدا بوون، نەماوە. لێمان ئەوەمان بۆ دووپات دەکاتەوە، کە کۆمەڵێک شانۆکار، لە بوارە کردەیی و پراکتیکییەکەدا ئەم فۆرمە نەریتخوازەیان تێک شکاندووە، لەبری ئەوە فۆرم و تەکنیکێکی پۆستدراما، یان پۆستدراماتیکیان خوڵقاندووە بۆ دید و بەرهمهێنانی هونەری شانۆ.

لێمان پێناسەی ستایلێکی ترمان بۆ ناکات و بۆچوونەکانیشی دوا سیستێمێکی ئێستاتیکی نییە، بەڵکوو لێکۆڵینەوەیەکە لە گۆڕانێکی بنەڕەتی، جۆرێک لەپارادایمیلە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی تر، تا لەوە بگەین، کە شانۆ چۆن بنەما گرینگەکانی خۆی گۆڕیووە و چیتر لە بنچینە دراماییە تەقلیدییەکاندا ناسوڕێتەوە و دەق بنەما ڕاستەوخۆکەی نمایشێکی شانۆیی نییە و ڕۆڵی ناوەندی خۆی لە دەست دەدات؛ لەبری ئەوە ڕووداوە شانۆییەکە (چیرۆکەکە) دەبێتە بنەمایەک بۆ دامەزراندنی شتێکی تر. ئەم پەراوێز خستنەی دەق و داب و نەریتە بنەڕەتییەکانی شانۆ ڕێگا بۆ دراماتۆرگییەکی تر دەکاتەوە، هاوکات تیس لێمان ئاماژە بۆ ئەوەیش دەکات، کە خودی دراما لەناو ناچێت و دەمێنێت، بەڵام وەک لەوەوبەر لە چەقی پرۆسە شانۆییەکەدا نابێت. پۆستدراما دەرگای شانۆ بەڕووی هونەری پێرفۆرمێنس، جەستە، وێنە، دەنگ، جووڵە، ڤیدیۆ، مۆنتاژ، تەکنەلۆژیا، دیدە وێنەییەکان و کولتوورە میدیاییە نوێیەکاندا دەکاتەوە. سیستێمە دیگیتاڵییە چڕە نوێیەکان ڕۆڵێکی گەورە و لەبەرچاو دەگێڕن لە تێکەڵاوکردنی جەستەی ئەکتەر و ئامادەیی و بەشداری پێکردنی بینەران، بە شێوەیەکی هۆشیارانەتر لە بنەمایەکی تەکنەلۆژی دا.

سەر تەختەی شانۆ دەبێتە ڕووداوێکی فره‌ڕه‌هه‌ند، ئەمەیش دراماتۆرگییەکی دیگیتاڵی، جیاواز و دوور لە بنیاده‌ ڕاستەهێڵەکەی گێڕانەوەکەدا دروست دەکات، نەک ژینگەیەکی لۆژیکی. دەقیش لێرەدا، تەنیا ئامڕازێکە لەنێو هەموو ئەو ئامڕازانەی تردا، کە دەبێتە شتێکی تر؛ تێک دەشکێنرێت یان تەواو ڕۆڵی نامێنێت. یەکێک لە پرنسیپە گرینگەکانی پۆستدراما هونەری کۆلاژ و ئێستاتیکایەکی کراوەیە، کە گێڕانەوە لۆژیکییەکە و بنەما سایکۆلۆژی و وەهمی کارەکتەر وەلاوە دەنێت.

پۆست ـ دراما پێچه‌وانه‌ی شێوازه‌که‌ی ئه‌ڕه‌ستۆ کار ده‌کات. لای ئه‌ڕه‌ستۆ ڕووداو‌، هه‌روه‌ها گێڕانه‌وه‌ی ڕاسته‌هێڵئاسا، واته‌ ڕیزبه‌ندیی ده‌ستپێك و ناوه‌ڕاست و کۆتایی، گرنگن. ڕووداوه‌کان له‌ ڕێگه‌ی کاره‌کته‌ره‌کانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چن و کاره‌کته‌ره‌کانیش دیوه‌ سایکۆڵۆژییه‌که‌یان تیادا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت، هه‌ر له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ش کاریگه‌رێتییان به‌سه‌ر بینەرانەوە ده‌بێت. شانۆی پۆست ـ دراما ئه‌م شێوازه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌ دەق ناوەند نییە و تەنیا بەشێکە، یان توخمێکە لەنێو توخمەکانی تردا؛ زمانیش ئەو ڕۆڵەی نامێنێت و لەنێو ئامڕازە پێرفۆرمێنسییەکاندا تێکەڵاو دەبێت. کارەکتەر چیتر بنەما سیکۆلۆژییەکەی لە بەرجەستەکردندا نامێنێت، بەڵکوو زیاتر لە فۆرمێکی پێرفۆرمێنسدا، کە لە کاتیئێستادا بەرجەستە دەبێت، کار دەکات. بنەما هزرییه‌کان تەواو لاواز دەکرێن و لەبری ئەوە ئامادەیی و بەکارهێنانی جەستە دەبنە ئامڕازە ڕاستەوخۆکانی دەربڕین.

لەم نێوەندەدا، ڕۆڵی بینەرانیش تەواو گۆڕانکاری بەسەردا دێت، دیواری چوارەم نامێنێت و زۆرجار سنووری نێوان شانۆ و بینەران بەتەواوی لادەبرێت. بینەر لە بینەرێکی پاسیڤەوە دەبێتە بینەرێکی ئەکتیڤ و بەشدار بوویەکی چالاک لە دروستکرنی مانا و ڕووداوەکاندا، کە ئەمەیش ڕێگا بۆ کردنەوەی خوێندنەوەیەکی زیاتر ئەکتیڤ دەکاتەوە. بینەر لەم پۆست درامایەدا لە رەوشێکی نائارامدا دەهێڵرێتەوە، هاوکات کراوە بۆ بەشدارییەکی هۆشمەندانە. لەم ڕوانگەیەوە مانا لە ئامادەیی و خودی ڕووبەڕووبوونەوەی بینەرانەوە دەخوڵقێت، نەک لە دراماکەدا.

شانۆی پۆستدراما دەکرێت ڕۆڵێکی سیاسیش بگێڕێت و سیاسیی بێت، بەڵام بە شێوەیەکی تەواو پێچەوانە و جیاوازەوە، لێرەدا پەیام و ڕەهەندە سیاسییەکان لەنێو خودی چیرۆک و گێڕانەوە و ڕووداوەکاندا دەرناکەوێت و ئەو ڕۆڵە ڕاستەوخۆیە ناگێڕێت. فۆرم و گێڕانەوە ڕاستەهێڵییەکە، وەک لای سەرەوە ئاماژەمان بۆ کرد، تێک دەشکێنرێت، ئەڵتەرناتیڤێکی تر جێگای دەگرێتەوە، کە لەسەر بنەمای هەستیاری کۆمەڵایەتی و ئێستاتیکایەکی هێدمەئامێز بنیاتنراوە. ڕەهەندە سیاسییەکە لەناو چەمکە کردەییەکەی شانۆدا کار دەکات، نەک چ پەیامێکی هەیە و چی دەگێڕێتەوە؛ ئەمەش لەنێو لایەنە تەکنیکی و فۆرمە پۆستدراماتیکییەکەیدا جێگای دەکرێتەوە.

لێمان لەم تێزە پۆستدرامایەدا بۆ شانۆ و دراما باسی ئەکتەریش دەکات؛ ئەکتەر لە پێگە بەهێزەکەی خۆیدا ناهێڵێتەوە و لە بەرجەستەکردنێکی سیکۆلۆژییەوە، لە فۆرم و تەکنیکێکی  پێرفۆرمێنسدا خۆی دەبینێتەوە. جەستە چیتر هەڵگری ئەو وەهم و ئەندێشەیە نییە، کە شانۆی داب و نەریت بە درێژایی هەزاران ساڵ بۆی ئامادە کردووە، جەستە لەم پانتاییە پۆستدراماییەدا دەبێتە دیاردەیەکی مادی، کە تێکەڵاوی ژوور، دەنگ، بابەت و بینەر دەبێت. ئەمەش بێگومان دەبێتە گۆڕانی ڕۆڵی بینەریش. دەکرێت بڵێن، ئەوەی لێمان لەم پۆستدرامایەدا تیۆریزەی بۆ کردووە، تێگەیشتنی شانۆیە لەدەرەوەی فۆرم و تەکنیکە باوەکەوە بۆ شانۆیەک، کە لە فۆرمێکی پێرفۆرمێنسدا، نەک فۆرمێکی گێڕانەوەی تەقلیدی، دەردەکەوێت.

چەندین ناوی گرینگ هەن لە شانۆکانی ئەوروپادا، کە لەسەر بنەماکانی شانۆیەکی پۆستدراما کاریان کردووە و لە ڕەوتە نەریتگەراییەکەی شانۆ لایان داوە و شانۆیەکی گشتگری پۆستدرامایان خوڵقاندووە، بۆ نموونە فرانک کاسترۆف لە ئەڵمانیا، ڕۆبێرت ویڵسۆن لە ئەمەریکا و گروپی  Forced Entertainment(چێژی خۆسه‌پێن) لە بەریتانیا. کاسترۆف کاری لەسەر کۆلاژی دەق دەکرد، دەقەکانی لە چەندین شوێنەوە کۆدەکردەوە و پێکییەوە دەبەستنەوە، بۆ نموونە ڕۆمانەکانی دستۆیڤسکی، هنری میولەر و سیناریۆی فیلم، کە لەگەڵ تەکنیکی ڕاگوزاری و لایڤی ڤیدیۆ تێکەڵاوی دەکردن. هاوکات دیمەنی ڕاستەوخۆ، کە بە گرتە ڤیدیۆی لایڤ بنەمای نەمایشەکانی بەهێز دەکرد. دەق لای کاسترۆف لە ململانێکی بەردەوامدا بووە لەگەڵ ئامڕازەکانی تر، کە بە هەموو شێوەیەک لە هەموو شوێنێکەوە دەیخستنە ناو نمایشەکانییەوە. ئەو ئێستاتیکایەی کاسترۆفی پێ ده‌ناسرایه‌وه‌، هەراوزەنایەک لەنێو دیمەنی زۆر کورت و هەندێک جار سنوور بەزاندنی کات و شوێن، کە زیاتر لە بۆچوونەکانی لێماندا، مۆنتاژ و هەڵوەشاندنی دەقدا بەرجەستە دەبوو. کارەکتەرەکانی کاسترۆف زیاتر لە جەستەیەکی پڕ لە وزەدا خۆیان دەبینییەوە، نەک کارەکتەری سایکۆلۆژی. هەندێک جار نمایشەکانی کاسترۆف، لەنێو ئەو هەراوزەنا و گرتەی ڤیدیۆیی و لایڤ و پەخشی ڕاستەوخۆدا، شەش بۆ حەوت سەعات درێژ دەبوونەوە. دەکرێت بڵێن لایڤی ڕاستەوخۆ یەکێکە لە تەکنیک و ئامڕازە سەرەکییەکانی کاسترۆف، کامێرا چاودێری ئەکتەرەکان دەکات و تەنانەت لە دەرەوەی پانتایی شانۆشەوە بە دوایانەوەیە، هەندێک جار زۆر نزیک و ڕاستەوخۆ پەخش دەکرێت.

بە شێوەیەکی گشتی نمایشەکانی کاسترۆف ڕەوتێکی چڕی فیزیکی لە خۆ دەگرێت، ئەکتەرەکان ڕادەکەن، بەسەر دیوارەکاندا هەڵدەگەڕێن، دەقیژێنن، دەچنە ناو کامێراکانەوە، بەوشێوەیە جەستەی ئەکتەر دەبێتە ئامڕازێکی پڕ لە وزە. لەم ڕوەوە کاسترۆف بینەرەکانی ناچار دەکات، چ بەشێک زیاتر لەبەشەکانی تری نمایشەکە هەڵبژێرن.

بە پێچەوانەی کاسترۆفەوە، ڕۆبێرت ویڵسۆن لایەنێکی تری پۆستدراما دەخاتە ڕوو؛ دروستکردنی وێنەی ئێستاتیکی ئەبستراکت لەسەر ئاستێکی بەرز، لەم ئێستاتیکایەدا، بەکارهێنانێکی جیاواز و ئەفسوونی هونەری ڕووناکی ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕیت، بەکارهێنانی ڕووناکی بۆ ویڵسۆن دراماتۆرگییە سەرەکییەکەی نمایشە. جەستەی ئەکتەر دەبێتە پەیکەرێکی ڕیتمی پلاستیکی و ستراکتورێکی ڕیتمائاسا، بە شێوەیەکی زۆر ورد تەرازوی دیمەنەکان ڕادەگرێت. نواندن لەنێو ئێستاتیکای پێرفۆرمێنس کار دەکات، نەک بەرجەستەکردنێکی سایکۆلۆژی ڕۆڵ. دەق بۆ ویڵسۆن لەبری گێڕانەوەیەکی لۆژیکی چیرۆکەکە بێت، دەبێتە ئامڕازێک بۆ خوڵقاندنی دەنگ، بە هەموو چەشنەکانییەوە. زمان لای ویڵسۆن دەبێتە مۆسیقا و ڕیتم و تەواو ڕۆڵی خۆی، وەک ئامڕازی پەیوەندی لە دەست دەدات و فۆرمێکی ئەبستراکت جێگای چیرۆک و گێڕانەوە دەگرێتەوە؛ ڕووداوەکان دەبنە کۆمەڵێک دیمەنی وێنەیی، ئامادەیی بینەرانیش، بە پێچەوانەی شانۆی نەریتگەراییەوە، لە پەراوێزەوە ده‌چنه‌ ناوەندەوە.

کارەکانی ویڵسۆن وێنای ئەوەمان بۆ دەکات، کە چۆن پۆستدراما تەکنەلۆژیا وەک سیستێمێکی ئێستاتیکی، نەک دیکۆر بەکاردەهێنێت. لێمان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کەدەق تەواو دادەماڵڕێت و تێکەڵاوی توخمەکانی نمایش، لە ڕووناکی، جووڵە دەنگ و وێنە دەبێت.” ئەمەیش تەواو لای ویڵسۆن بەرجەستە دەبێت.

گروپی Forced Entertainment کار لەسەر چەمکی دژەوەهم دەکەن، دووباره‌بوونه‌وه‌ و کاتیئێستابنەمای نمایشەکانیانە. ئەکتەر لەئێستادا، بێ هیچ چوارچێوەیەکی دیاریکراوی ڕۆڵ و کارەکتەرەوە دەژی و هیچ شتێک پەیوەندی بە ڕابردوو یان ئایندەوە نییە و لەسەر سیستێمێکی بە کۆمەڵکۆلێکتیڤکار دەکەن. جەستەی ئەکتەر تەنیا ئامڕازێکە بۆ ڕەوشە ساتەوەختییەکە، کە لە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆدایە لەگەڵ بینەر و ئەکتەرەکانی تردا. دیدە پێرفۆرمێنسەکەیان زۆر ڕادیکاڵە و هەموو سنوورە نەریتگەراییەکان دەبەزێنن. هەندێک لە پڕۆژەکانیان لەسەر بنەمای ڕاگوزەری، بێ کارکردن لەسەر کارەکتەر، پێشکەش دەکەن. مینیمالیزم یەکێکی ترە لە شێوازی کارەکانیان و بە پێی دیدی لێمان دراماتۆرگییەکی پێرفۆرمێنسی پەیڕەو دەکەن. لە کار و پڕۆژەکانی ئەم گروپەدا، بینەر ڕۆڵێکی گرینگی هەیە، ڕاستەوخۆ لە ڕێگای هه‌لومه‌رجه‌کانی نمایشەکەوە، بەشدارن و ڕۆڵێکی کارا دەبینن لە خوڵقاندنی نمایشەکەدا.

خاڵێکی گرینگی هاوبەش لە کارەکانی ئەم سێ شانۆیەدا، ئەوەیە، بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا وەک کاریگەرییەک، بەکارناهێنرێت، بەڵکوو هێزێکی دراماتۆرگییە و ڕەوتی نمایشەکان لەنێو ئەو چوارچێوە بزۆزەدا ڕێک دەخات. ئەم دراماتۆرگییەش یارمەتی بینەر دەدات ڕۆڵی ئەکتیڤی خۆی ببینێت. لێمان ئەوەمان بۆ دووپات دەکاتەوە، کە بینەر لە شانۆی پۆستدرامادا دەبێتە کەسێکی چالاکی بەرهەمهێنەر، لەبەر ئەوەی نمایشەکە چیرۆکێکمان بە پێی بنەما نەریتخوازییەکانەوە بۆ ناگێڕێتەوە.

ویڵسۆن لە ڕێگای هەست پێکردنەوە دیدە سیاسییەکەی دەخاتە ڕوو، کاسترۆف لە ڕێگای هەراوزەنایەکی چڕەوە، بەڵام گروپی Forced Entertainment دیدە سیاسییەکەیان لە ڕەوش و پەیوەندییەکاندا بەرجەستە دەکەن.

تیۆرەکەی لێمان ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە، کە چۆن شانۆ خۆی لە پرنسیپەکانی هونەری دراما ئازاد کردووە، لە هەمان کاتدا بە چەندین نموونە ئەوەشمان پێشان دەدات، کە پۆستدراما چەمکێکی یەکگرتوو نییە، بەڵکوو فۆرمێکی هەمەلایەنییە: لە ئێستاتیکا ئەبستراکتەکەی ویڵسۆنەوە بۆ شڵەژانە شارستانیەتییە پڕ لە هەراوزەناکەی کاسترۆفەوە بۆ ئەزموونە کاتییە ڕاستەوخۆکەی گروپی Forced Entertainmentەوە گۆڕانکاری بنەڕەتی بەسەردا دێت و فۆرم و ئێستاتیکای جیاواز لە خۆ دەگرن.

تیۆرییە پۆستدراماکەی لێمان ڕەخنەی زۆری لێ گیراوە، بە تایبەتی لەو ڕووەوەی کە زۆر فراوانە، بەڵام وەک چەمکێکی شیکاری و لێکۆڵینەوە بۆ تێگەیشتن لە چۆن لە دەق، جەستە و ڕۆڵی بینەر لە شانۆی هاوچەرخدا دەگەین، تیۆرێکی بێ وێنەیە. ئەم کتێبە ئەو دەروازەیەی بۆ کردینەوە، کە چۆن گفتوگۆیەکی چڕ و جیاواز لەسەر شانۆیەکی نوێ بکەین و چۆن ئامڕازەکانی ڕێک بخەینەوە.

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین