سەلیم سۆتکە تازەکانە لە ھەندەران گەڕابۆوە، لەوێ گونلەمست ھیچی بەھیچ نەکردبوو و ھاتبۆوە لێرە فشەفشی لەسەر برادەرانی دەکرد، گوایە مسەققەف بووە و لە ڕەفتار و کردەوەی ئەوان دڕدۆنگە، زۆر دەگەڕا ئیشێکی دەسکەوێ بەڵام لەبەر تڕوتۆپەستووری نەدەکارا ئیشان. ئەو خۆی بە گووێکی گەورە دەزانی و لە قسە و گفتولفتیدا ھەر ناوی ئەم وەزیر و ئەو بەرپرسی دەھێنا گوایە برادەری گیانیی ھەمووانە و خۆی بەلاوە کەسایەتیەکی گەورە بوو، کەچی کەس حسێبی دوو فلسی سۆتیی بۆ نەدەکرد… ھەموو جار کە دەھاتە چایەخانەی مەچکۆ دەبایە پارەی چایەکەی بدەین، خۆ ئەو دایما موفلیس بوو، گەر ھەشیبا فلێس بوو، دەستی لە بەڕکی ڕانەدەکرد، سەلیم سۆتکە وەختی خۆی لە ڕۆژنامەی ھاوکاری بەھۆی شێخێکی خزمی کە جاشێکی گەورە بوو، ئیشی بەردەستی بۆ دەزگاکە بە پاداشت دەکرد، بیری کردەوە ھەر ئەمڕۆ سەرێکی شێخەی خزمی بداتەوە بەڵکم ئەمە خوایە ئیشێکی میدیاکاریی بۆ وەدۆزێ.
