پێشه‌وا كاكه‌یی

تێڕوانینێکی بەردەوام و دابڕانێکی ھەمیشەیی لە شیعری «ئەی مرۆڤ»ـی پێشەوا کاکەییدا


Loading

 ئەوەی لێرەدا سەرنجڕاکێشە، پێشەوا کاکەیی لە شیعری « ئەی مرۆڤ»ـدا دەمانباتەوە بۆ ئەو دابڕانە ھەمیشەییەی کە مرۆڤ لەگەڵ خودی خۆیدا و دیسانەوە لەگەڵ سروشتدا بەرپای کردووە. مرۆڤ لەو پەیمانە سروشتیە دەرچووە، کە ھەر لە ڕۆژەکانی سەرەتای بوون دەبوایە پەیوەست بێت پێی، ئەوەش بۆ دوو ھۆکار:

 

یەکەمیان: لەخۆبایی بوون، کە ئیتر «من» جودام لەوانەی کە لە دەوروپشتمن. ھەر لەوکاتەوە «منێکی» ساختەی دروست کرد، کە ئیتر ئەم لە ناوەنددایە/ سەنتەردایە، دەبێت ھەموو گەردوون سوژدەبەرن بۆی.

 

دووەمییان: ئامانجێک « ئۆبژە» واھیمەی بۆ خۆی دروست کرد، کە دەبێت پێی بگات؛ ئامانجێک لە شێوەی بەھەشت، باخی عەدەن، بۆیە لەژێر سێبەری ئەو خەیاڵە دروستکراوەدا وێڵە، کە ھەرگیز پێی ناگات. لە بیری چوو کە خودی ژیان ئامانجە و دەمێکە بە دەستی ھێناوە.  لە کاتێکدا ڕووەک و گیانداران بێ بیرکردنەوە، ھەموو ساتێک سوپاسگوزاری سروشت و پەروەردەگارن.

»ئه‌ی مرۆڤ،

چیدی من ناچمه‌وه‌ سه‌ر ڕه‌چه‌ڵه‌كی تۆ.

چیتدابوو له‌ شیكاری مه‌یموون؛

له‌ سڕبوونی بۆق و

ته‌پبوونی كیسه‌ڵ.

چیتدابوو له‌ ئێرەیی بردن به‌ ته‌مه‌نی دایناسۆڕ و

بژێوی مۆریانه.‌»

 لێرەوە، پێشەوا کاکەیی گاڵتەئامێز و سەرزەنشتانە لە ڕەچەڵەکی مرۆڤ خۆی بێبەری دەکات. دیارە دەیەوێت پێمان بڵێت ئەم خۆماندووکردنە بە ئاژەڵ و گییاندارانەوە بۆچی! ھێشتا تۆ خۆت ناناسی، لە بیرت چوو کە خۆشت پێکھاتەیەکی سورشتیت! ئەمەش جۆرێکە لە گوومڕایی کە داھێنەرەکەی مرۆڤە.

«چی سه‌رقاڵیێكت بۆ خۆت تووش كرد:

به‌ جیكاری ئایین و فه‌لسه‌فه.‌

به‌ توانه‌وه‌ی عیشق و مه‌عریفه‌.»

 تەماشا بکەن، لێرەدا کاکەیی بە بیرمان دێنێتەوە کە مرۆڤ چەند فێڵبازانە بەناوی ئایین و فەلسەفەوە، بەناوی عیشق و مەعریفەوە، سروشت و گەردوون لەت دەکات و دەیکاتە پێکھاتەیەکی دووانەیی/ دوالیزم. (Duality)

«چیتدابوو له‌ دار زه‌یتوون و هه‌نجیر،

چ زاتێک سوێندی پێ خواردووه.‌»

     ببینن، لێرەدا کاکەیی چۆن ڕامان دەچڵەکێنێت و بیرمان دەخاتەوە کە چۆن مرۆڤ بۆ مەبەستە خۆپەرستییەکانی خۆی پەنا بۆ پیرۆزکردن و پیسکردنی ڕووەکەکانیش دەبات؛ ئەمە دەستکردی مرۆڤە کە ھەنجیر و زەیتوون پیرۆزە، لە سروشتدا ھەرگیز شتێک بوونی نییە بەناوی پیرۆزی، بۆیە شوێن خواردنیش دەبێتە کارێکی زیادەڕۆیی و جوداکاری.

     لە بیری چوو کە خۆشی بەشێکە لە گەردوون، پێوست بە سوژدەبردن نییە، ئەگەر پیرۆزبێت ھەمووی پیرۆزە، وە بەڕاستی ھەمووی لە ناوەنددایە/ سەنتەردایە، شتێک نییە لە دەرەوەی ئەم گەردوونە، واتا شتێک نییە بەناوی کەنار و ناوەند، کەواتە ئەم دابڕانە بۆ؟

«ئیشت به‌ جه‌نگه‌ڵستان چی بوو،

بولبول چلۆن ده‌خوێنێت.

كوكوختی له‌ كوێدا هێلانه‌ چێ ده‌كات.

له‌گه‌ڵ نووسینی شیعرێک:

بولبول له‌ خوێندن كه‌وت،

كوكوختی له‌ باڵ كه‌وت.»

شۆڕشی پیشەسازی، کە بەدوای شۆڕشی کشتوکاڵیدا ھات، زیاتر مرۆڤی لە ڕەوتە سروشتییەکە دوورخستەوە، لە ڕێگەی داھێنانی چەند ئامێرێکەوە، زیاتر ھانی مرۆڤی دا کە دەست بەسەر سروشت و گەردووندا بگرێت؛ بەڵام ئەم بۆچوونانە زیاتر لە خەیاڵدا مایەوە. تەنانەت پیشانیدا کە مرۆڤ چەند لاوازە، بەتایبەت دوای سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

 

 لێرەدا، کاکەیی ھەمان بۆچوونمان پێدەڵێت: کە تۆی مرۆڤ چەندە دەستەپاچەیت لەوەی تێبگەیت بولبول چۆن دەخوێنێت یان کوکوختی لەکوێ ھێلانە دەکات. کاکەیی، دەیەوێت زۆر ڕاشکاوانە پێمان بڵێت: کە ھەرگیز مرۆڤ ناتوانێت پەی بەو نھێنییە بەرێت کە سروشت لەسەری کار دەکات؛ ھەروەک چۆن ڕووەک و گیانداران ناتوانن پەی بە ھەموو نھێنییەکان بەرن. ھەرەوەھا، بۆ مرۆڤیش ڕاستە، ئەمەش لە خۆیدا کاکەیی زۆر بە سادەیی شۆڕشێکی ھزری بەرپا دەکات. ئەوەی بولبول و کوکوختی دەیزانن، بێگومان مرۆڤ نایزانێ، ئەمەیە سروشتی کارکردن لە گەردووندا.

 

     تەماشا بکەن کاکەیی چیمان پێدەڵێت: ئەی مرۆڤ؛ ئەگەر دەخوازییت لە نھێنی بولبول و کوکوختی بەئاگا بیت، دەبێت ببیت بەوان؛ واتە لە سروشتی مرۆڤبوونت بچیتە دەرە، ئا ئەمەیە سڕەکە، ئەگینا ھەر ھەوڵدانێکت بێسوودە. بۆیە دەڵێت:

«به‌ بیانووی بیناسازییه‌وە،

به‌ ته‌ورێكه‌وه‌ به‌ربوویته‌ ته‌ڵاشكردنی داره‌كان…

خانوویەک له‌ دار دروست بكه‌یت،

كورسی بۆ دیكاتۆره‌كان،

سیسه‌م، بۆ جووتبوونی شه‌وێكی ژن و مێرده‌كان؛

كتێبخانه‌یەک، بۆ دیكۆری ماڵه‌كان.»

     مرۆڤ وەک ئۆبژەیەک تەماشای سروشت و گەردوون ئەکات، بۆیە زۆر دڕندانە کەوتە گییانی سروشت بە ڕووک و گییاندارەوە. کاکەیی، لەو دەستدرێژییانەی کە مرۆڤ دەیکاتە سەر دەوروبەری ژینگەی خۆی، بە ئاگامان دێنێتەوە. پێمان دەڵێت: ئەی مرۆڤ، تۆ خۆت لە بیر کرد کە ھەر خۆشت پێکھاتەیەکی سروشتییت؛ لە سروشتەوە ھاتوویت و ھەر بۆ ئەوێش دەگەڕێیتەوە. جێگایەکیترت نییە بۆی بڕۆیت، وەک ئەوە وایە کاکەیی پێمان بڵێت: «کانییەک ئاوت لێ خواردەوە، بەردی تێ فڕێمەدە.»

«ڕێواس چه‌ند ناسک بوو،

داته‌ به‌ر بیوری ددانه‌كانت.

كه‌نگر چه‌ند به‌ فه‌قیری ڕوابوو،

له‌ بن تاشه‌به‌ردێكه‌وه‌ سه‌ری ده‌رهێنابوو.

گڕگاز و سێوه‌ بن عه‌رزیله،‌

له‌ داخی په‌تاته‌ خۆیان مه‌ڵاس دابوو.»

     لێرەدا، کاکەیی وەک ئەوەی سیحر و جادوومان لێ بکات، کامێرایەک ئەگرێت بە دەستەوە و وێنەی ڕێواس و کەنگر و گڕگاز و سێوە‌بن‌عەرزیلە و پەتاتەمان بۆ دەگرێت؛ سەرکەوتووی شاعیر لێرەدا بەدیار دەکەوێت کە چۆن مرۆڤ سەرسەختانە بەدوای ئارەزووەکانی خۆیدا سەرمەست و شەیدایە. لەولاشەوە دیمەنی ئەو ڕووەکانە بە سروشتی خۆیان کە چۆن باخی ژیانیان ڕەنگین کردووە، دەھێنێتە بەرچاو.

«چیتدابوو له‌ چه‌مه‌نزاره‌كان…

چه‌قه‌ڵ زیانی بۆ تۆ چی بوو؟

چیتدابوو له‌ چیته‌ڵانه‌كان…

قالۆر خۆی شمشاڵی ژه‌نی بوو!»

     لێرەدا، کاکەیی جارێکیتر بە ئاگامان دێنێتەوە و پێمان دەڵێت: ئەی مرۆڤ بۆ خۆت خستۆتە بەرەیەک و جەمسەرگیری دەکەیت. سروشت وەک خۆی جوانە، با گوێمان لەو ئاوازی شمشاڵە بێت کە بەردەوامی دەمانژێنێتەوە. دەکرێت بڵێین بۆچی شعر نووسین؟

 

 بێگومان ھەموو کەس ناتوانێت ببێتە شاعیر، بەڵام شاعیریش لە دەرەوەی سروشت و کۆمەڵگەدا ناژی، دەتوانین بڵێین ھەندێک جار شاعیر ڕێگاکانمان بۆ کورت دەکاتەوە، یاخود بڵێین ئەو فیگوورانە «وێنە» نزیک دەکاتەوە لەیەک؛ تەنھا بۆ تێگەیشتنمان لە لێکدانەوە ھزرییەکانمان و ڕووداوە دووبارەبووەکان؛ بەڵام شاعیر دێت نەک لە ڕێگەی ھزرەوە، بەڵکوو لە ڕێگەی تێڕوانین و ڕامانەوە، وێنەیەکی نوێمان بۆ بەرھەم دێنێ، کە جارێکیتر زیندوویی بە گەردوون دەبەخشێت و ژیان دەژێنێتەوە.

 

 

     لە کۆتاییدا، دەمەوێت ئەوە بڵێم کە من لەوانەیە نەتوانم وەک خودی شاعیر تەواو نزیک ببمەوە لە وشە و دەربڕینەکان؛ بەڵام ئەوەش دەزانم لە توێی پارچە شیعری «ئەی مرۆڤ»ـدا چەندان خەمڵاندنی بۆ دەکرێت، پارچە شیعری ئەی مرۆڤ وەک ئەو ئامێرە موزیکییە وایە دەکەوێتە سەر ئەو کەسەی کە چۆن دەیژەنێت.

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌