تاریکی له‌ سه‌رما هه‌ڵده‌له‌رزێ كه‌لاوه‌کان پڕ بوون له‌ شیعر

سەروەر مەحمود – کاری شیعریی

ئێدوارد مونخ؛ نیگه‌رانی - ١٨٩٤ Anxiety. 1894. 94 cm × 74 cm (37 in × 29 1⁄4 in). Munch Museum, Oslo
379

«تاریکی له‌ سه‌رما هه‌ڵده‌له‌رزێ، كه‌لاوه‌کان پڕ بوون له‌ شیعر»

کاری شیعری

 سەروەر مەحمود

 

به‌یانییه‌ک له‌ خه‌و هه‌ڵده‌ستین

شار دزراوه‌!

ئازادی ملی به‌ په‌ته‌وه‌یه‌

ڕووناکی خراوه‌ته‌ قه‌فه‌سه‌وه‌

پێکه‌نین په‌رت، په‌رت بووه‌…

 

ئێدوارد مونخ؛ به‌ره‌و دارستان II
Towards the Forest II, 1897/1915 by Edvard Munch. Munch Museum, Oslo

نیوه‌ڕۆیه‌ک پاش شیوخواردن

عه‌مبار عه‌مبار ده‌مانبه‌ن بۆ ئاش!

فه‌رده‌ فه‌رده‌ ده‌مانهاڕن،

سوێ، سوێ، ده‌مانکوڵێنن

دیق، دیق، ده‌مانخۆن…

 

ئێواره‌یه‌ک که‌ له‌ سه‌یران گه‌ڕاینه‌وه‌

قفڵی ماڵه‌کانمان شکاوه‌

دڵی په‌نجه‌ره‌کانمان پڕ بووه‌ له‌ خوێن

ژووره‌کانمان لاقه‌ کراون،

یاده‌وه‌رییه‌کانمان به‌ دیلی براون

باخچه‌کانمان سیخناخ بوون له‌ سووتوو!

گوڵه‌کانمان به‌ ئاڵی لێکراونه‌ته‌وه‌

حه‌وزه‌کانمان پڕبوون له‌ تاوان

ماسییه‌کانمان سوور سوور خنکاون…

 

شه‌وێک له‌ میوانی دێینه‌وه‌

گڵۆپی سه‌ر ده‌رگاکانمان کزبوون

دڵی جه‌ڕه‌سه‌کانمان به‌ ئاسته‌م لێده‌ده‌ن

پلیکانه‌کانمان لاقیان ده‌له‌رزێن

ده‌سکی ده‌رگاکانمان ده‌ستیان!

باخی نێو به‌ڕڕه‌کانمان وشک بوون

بزه‌ی سه‌ر ئاوێنه‌کانمان بڕاون

چێشتخانه‌کانمان پڕبوون له‌ بۆنی ناخۆش،

نووستنه‌کانمان… له‌ گریان!

 

دره‌نگانێکی شه‌و

له‌ خه‌و ڕاده‌بین…

(مانگ به‌ تاقی ئاسمانه‌وه‌ نه‌ماوه‌)

ئه‌ستێره‌کان هه‌موو دزراون

سیسرک و بۆقه‌کان بێده‌نگ بوون،

تاریکی له‌ سه‌رما هه‌ڵده‌له‌رزێ

كه‌لاوه‌کان پڕ بوون له‌ شیعر…

 

شه‌وێک هه‌مووان له‌ ده‌نگی

نزاکانی دایکمان به‌ خه‌به‌ر دێین،

دڵی بالیفه‌کانمان له‌سەر سه‌د لێده‌دا!

چاوی سه‌رینه‌کانمان سوور بوون…

دامێنی خه‌ونه‌کانمان دڕاون

حه‌زه‌کانمان به‌ربوونه‌ته‌وه‌

منداڵه‌کانمان ده‌زریکێنن

ژنه‌کانمان ڕوومه‌تیان ده‌ڕنن

خۆمان، خۆمان بزر کردووه‌!

 

سپێده‌یه‌ک بێچاره‌یی ڕوومان تێده‌کا

تیشکی خۆر به‌جارێ ده‌کوژێته‌وه‌

ده‌می ئاو بۆ ئه‌به‌د وشک ده‌کا

دڵی به‌رد له‌ لێدان ده‌که‌وێ!

به‌ژنی با- له‌ گۆیژه‌دا ون ده‌بێ

سه‌ری شار له‌ (سه‌رچنار)دا نوقوم ده‌بێ…

 

ئێدوارد مونخ؛ دایك و منداڵ

سپێده‌یه‌ک غه‌زه‌ب به‌خه‌به‌رمان دێنێ

مه‌راق ده‌بێ به‌ به‌رچاییمان…

ئێش وه‌ک توێژاڵه‌ ماست به‌ مه‌ڵاشوومانه‌وه‌ ده‌لکێ

ئازار وه‌ک نانی بازاڕ… به‌س لێواره‌کانمان جێدێڵێ!

 

ئه‌و سپێده‌،

یه‌که‌م زه‌نگی ته‌له‌فۆن هه‌واڵی مه‌رگێکه‌

یه‌که‌م ته‌قه‌ی ده‌رگا هه‌واڵی شکانه‌وه‌ی دره‌ختێکه‌

یه‌که‌م سڵاو پڕه‌ له‌ ئیره‌یی

یه‌که‌م نیگا لێواولێوه‌ له‌ ڕق…

یه‌که‌م خوداحافیزی و

یه‌که‌م ڕۆیشتن… سیخناخن له‌ خه‌م!

 

ئه‌و سپێده‌،

ترس له‌ سه‌ری کۆڵانه‌کان وه‌ستاوه‌

ترس له‌ باخچه‌کاندا نووستوه‌

ترس له‌ شه‌قامه‌کاندا پیاسه‌ ده‌کا

ترس له‌ مۆڵه‌کاندا داشکاندنی بۆ کراوه‌!

ترس له‌ دوکانه‌کاندا تۆزی له‌سه‌ر نیشتووه‌

ترس له‌ ماڵه‌كاندا چه‌هچه‌هه‌یه‌تی…

 

ئیدوارد مونخ- ڤامپیرII
Vampire II, 1896, by Edvard Munch

ئه‌و سپێده‌،

ئیدی مه‌راق تا سه‌رلووتمان هاتووه‌

مه‌رگ ڕژاوه‌ته‌ كۆی بوونمانه‌وه‌…

قه‌در، قه‌ده‌ری گۆڕیوین

ژیان، ژیانی گۆڕیوین

دونیا، دونیای گۆڕیوین…

 

ئه‌و سپێده‌،

به‌ ماڵ ده‌ڵێین… ماڵئاوا

به‌ وڵات ده‌ڵێین… نه‌فره‌ت

به‌ ئاڵا ده‌ڵێین… تف

به‌ خوا ده‌ڵێین… خودا حافیز!

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌

 

هاوپۆلی بابه‌ت
error: Content is protected !!