Edgar_Allan_Poe_1848 Edgar Allan Poe (* 19. Januar 1809 in Boston, Massachusetts, USA; † 7. Oktober 1849 in Baltimore, Maryland)

شوێنەوارەکانی ‘گریپ’


Loading

دوێنێ شەو، شەوێکی ئاسایی وەک هەموو شەوەکانی تری ئەم مانگەی زستان، شەوێکی خاو و غەمگین کە ئاو لە دەمارەکانیدا هەمیشە بەستوێتی، خەریکی خوێندنەوەی نووسینێکی ڕایمۆند لێڤیس بووم، کە وەک خۆی ناوی ناوە، تێبینییەکی ئەنالیتیکیە لەبارەی ڕۆمانی ‘زەمەنە سەختەکان’ی چارلس دیکێنزەوە. لەناکاو، لەودیو ئەو دەروازە یەکتاکیە پانە ئاسنینەوە کە لە ژوورەکەمەوە دەچێتە سەر بالکۆنیەکی بچووک و تەنگەبەر، ژوورەکەم کە لە نهۆمی سێیەمە، تەق‌تەقەیەک هات؛ وەک ئەوەی کەسێک، یان شتێک، لەودیوەوە لەدەرگا بدات. پێم وا نەبوو با بێت، کە زوو زوو دەنگ بە ئاسنەکانی دەروازەکە دەردەکات. “بۆ نا”، بە خۆمم گوت، “با ئەم جگەرەیەیان لە بالکۆنییەکە بکێشم”. دەروازەکەم کردەوە، تەنیا شەو هەبوو، تەنیا شەوی لێبوو، تەنیا شەو، هیچی تر نا. لە بالکۆنیەکەدا، بەدیار شەوەکەوە، جگەرەیەکم داگیرساند. “لینۆر”، لەگەڵ دەردانی دووکەڵی جگەرەکەدا، لەژێر لێوەوە گوتم. لێکچوونییەکە بەس بوو تا پۆ و قەلەڕەشەکەیم بیربکەوێتەوە: “بەڵام ڕاستییەکەی من خەوەنوچکەم بوو، زۆر بە نەرمی تۆش لەدەرگات دا / زۆر بە کزی تۆش لەدەرگات دا، لە دەرگای هۆدەکەمت دا / منیش بەحاڵ گوێم لێبوو. – ها، وا دەرگام خستە سەر پشت- / زوڵمەت لەوێ بوو، هیچی تر نا”.

ئیمزای ئێدگار ئالان پۆ

چوارباخ، لەژێر گڵۆپە زەردەکاندا، لەناو شەوەکەدا، وەک هەمیشە لە گێلی و مەنگیی خۆیدا دەگەوزا؛ گەڕەکێک کە لە حەفتا و هەشتا و نەوەدەکاندا هەرچی ڕووداوێک کە پێیبوو خستیەڕوو، هەرچی منداڵیک کە هەیبوو ناردیە کۆڵان و ئێستا وەک تۆپەڵێک مەلەل، وەک تۆپەڵێک لە بەتاڵیی، بێدەنگ و بێ هیچ شتێک کە تیایدا ڕووبدات، ماوەتەوە و لە سلێمانیدا پاڵکەوتووە و هیچی تر نا. ستانزاکەی ترم هێنایەوە یاد خۆم: ” قووڵ لە تاریکیەکە وردبوومەوە، زۆر لەوێدا مامەوە؛ دەمپرسی، دەترسام / گومانم دەکرد، خەونگەلێکم دەدی کە هیچ دەمرێک* پێشتر نەیوێرابوو بیانبینێت / بەڵام بێدەنگیەکە نەشکاو مایەوە، جێگیریەکەش هیچ ئاماژەیەکی نەدا / تەنیا وشەش کە لەوێدا گۆکرا چرپاندنی وشەی ‘لینۆر؟’ بوو. / ئەمەم چرپاند و دەنگدانەوەیەک وشەکەی منگاندەوە ‘لینۆر!’ / تەنیا ئەمە و هیچی تر نا”. قووڵ هەستم بە دووری شەوی ناو دەقەکەی پۆوە دەکرد لەو شەوەی بەردەمم، ئێستاش قووڵ هەست بە دووریی شەوەکەی دوێنێ دەکەم لەم شەوەی کە ئێستا خەریکی نووسینیم. بێگومان بەلاغەتی شەو لای من وەک بەلاغەتی شەو لای ئێدگار ئالان پۆ نییە … شەو، بۆ پۆ، بۆ باوکی ئەدەبی گۆتیک، هەمیشە مەیدانێک بووە بۆ خستنەڕووی ترس، باسکردنی ترس، خوڵقاندنی ترس؛ سەبارەت بە دووری بینینی شەو لە نووسینی شەویشەوە، پێم وایە نووسەرێک کە باسی شەوی کردووە، لەڕاستیدا هەمیشە باسی شتیکی تری کردووە: نووسەران باسی ناو شەویان کردووە، باسی ئەودیو شەویانکردووە، بەڵام شەو لەخۆیدا، شەو وەک خۆی(گەر ئەمە نەوەستێنم خۆم فڕێدەدەمە گرێکوێرەیەکی کانتییەوە)… بەهەرحاڵ، سەبارەت بە بەلاغەتی داماوی خۆم، دڵنیا نیم کە لەبەردەم شەودا کورت دەهێنێت، یان شەوەکەی دوێنێ خۆی نایەوێت بێتە ناویەوە. لەگەڵ بیرکەوتنەوەی قەلەڕەشەکەی پۆدا بڕیارم دابوو دەستکاریەکی دەقێکی خۆشم بکەم، بڕیارم دابوو “لینۆر” لە ‘قەلەڕەشێک لە ناخمدا’ لابەرم؛ لینۆری سیمبولی پاکیزەی لەدەستچوو، خەسڵەتێک لە ئەدەبی پۆدا کە دەبێت بڵێم حەزم پێی نییە. جگەرەکەم فڕێدا، گەڕامەوە ژوورەوە، دەروازەکەم دانەخستەوە. بەر لەوەی بگەمە لای کۆمپیوتەرەکە، چاوم کەوتەوە سەر کتێبەکەی لێڤیس. دیسانەوە ڕێکەوتنێکی سەیر: ڕەخنەگرێکی ئینگلیز قسە لەسەر ڕۆمانێکی دیکێنز دەکات. لەملاشەوە پۆ، کە ئەویش چەند جارێک لەسەر کارەکانی دیکێنز دەنووسێت. لە کۆمپیوتەرەکەدا فایلی دەقەکەمم کردەوە. زووزوو دەیانکەمەوە، زووزوو ئیدیتی هەر شتێک دەکەم کە نووسیومە، بە بڵاوبووەوە و بڵاونەبووەوەشیەوە؛ پێم وایە نووسینی دەقێک تەنیا بە مردنی نووسەرەکەی تەواو دەبێت، هەموو دەقێک لە دۆخی نووسینیدایە و تەواو نابێت تا نووسەرەکەی دەمرێت، وەک چۆن خوێندنەوە و تێگەیشتن و ماناپێدانی دەقێک تەنها بە مردنی خوێنەرەکەی تەواو دەبێت، دواجار دەقیش هیچ نییە جگە لە سەیروورەیەک. نەمتوانی “لینۆر” لابەرم، نەمتوانی وشەکە بگۆڕم بە هیچ وشەیەکی تر، نەشمتوانی بگەڕێمەوە سەر خوێندنەوەی لێڤیس. گەڕانێکی خێرام بە ئینتەرنێتدا کرد، بۆم دەرکەوت کە سبەی دەکاتە بەرواری لەدایکبوونی پۆ … کەوتمە بیرکردنەوە لە پۆ، لە زمانی پۆ، لە ژیانی پۆ، لە مردنەکەی پۆ؛ پیاوێک کە دەیویست بە داهاتی نووسین بژی و هەم خەسووی و هەم هاوسەرەکەشی بەخێو بکات، بەیانییەک لە دۆخێکی خراپدا و بەدەم وڕێنەکردنەوە لەسەر شەقامێکی بالتیمۆر دەیدۆزنەوە. پاش بەسەربردنی چەند ڕۆژێکیش لە بیمارستان، دەمرێت و بەپێی دوکتۆرەکەشی، “خودایە یارمەتی ڕوحی بەستەزمانم بدە” دوایین وشەکانی دەبن.

 

دوای مەرگە لەپڕ و بەناوبانگەکەی پۆ، پاش ئەوەی چارلز دیکێنز دەزانێت کە خەسووی ئەو لەسەرجێگا و موحتاجە، سەردانێکی دەکات و بەشێکی زۆر لە تێچووی ژیانی ئەو خانمە نەخۆشە لە ئەستۆ دەگرێت. ئاشنایی دیکێنز و پۆ دەگەڕێتەوە بۆ یەکتربینینێکیان لە ئەمریکا، یەکتربینینێک کە پۆ لەڕێی نامە و ناردنی دوو بەرگ کتێبی خۆیەوە ڕێکی خستبوو، کاتێک دیکێنز بە سەفەر لەوێ مابووەوە. ئەو دەمێک بوو موتاڵای دیکێنزی کردبوو، هەروەها لە گۆڤاری گراهام خوێندنەوەی بۆ چوار بەشی سەرەتای ڕۆمانی ‘بارنەبی ڕۆدج’یش کردبوو، ڕۆمانێکی مێژوویی دیکێنز کە ساڵی ١٨٤١ بە زنجیرە بڵاوبووەوە(لە ڕیڤیوەکەیدا، پۆ توانی پێشبینی ڕووداوەکانی دواتری ڕۆمانەکە بکات). پۆ، لەو ڕۆمانەی دیکێنزدا، سەرسامی قەلەڕەشێک بوو بە ناوی ‘گریپ’ەوە کە لە خوێندنەوەکەی خۆیدا بە ‘زۆر قەشەنگ’ وەسفی کردووە. پاشتریش، لە یەکتربینینەکەیاندا، کاتێک پۆ بۆیدەردەکەوێت گریپی کارەکتەر هەر خودی ئەو قەلەڕەشە ڕاستەقینەیەیە کە دیکێنز ڕایدەگرێت و بەخێوی دەکات، زۆر مەفتوون و سەرسام دەبێت؛ سەرسامییەک کە چەند ساڵێک دواتر دەبێتە هەوێنی نووسینی شیعرە زۆر ناودارەکەی خۆی، قەلەڕەشەکە(وەختە بنووسم ‘قەلەڕەشێک لەناخمدا…)

گریپ قەلەڕەشێکی تا بڵێیت ورد و وریایە کە بە ڕستەسازیی و ڕێزمانێکی پتەوەوە، لە ڕۆمانەکەی دیکێنزدا، هاودەمی بارنەبیی کاڵفامە، بارنەبی کە بە نیوەی گریپی قەلەڕەشیش زیرەک نییە. “بیرۆکەکەم ئەوەیە کە قەلەڕەشێک وەک هاودەم بۆ بارنەبی دابنێم، قەلەڕەشێک کە لەڕادەبەدەر لە بارنەبی زاناترە. تا ئێرە من خەریکی چاودێریکردنی باڵندەکەی خۆم بووم، کە پێموایە دەتوانم بیکەمە کارەکتەرێکی زۆر سەیر”، وەک دیکێنز لە نامەیەکدا بۆ هاوڕێیەکی دەنووسێت.

پۆ و دیکێنز، جگە لە یەکتربینینە کورتەکەیان، قەلەڕەشێکیش هەیە کۆیانبکاتەوە. پۆ و دیکێنز هەردووک لە ‘گریپ’دا بەیەک دەگەنەوە: یەکەمیان، بە گێڕانەوە توندوتۆڵەکەی و بەو پاڵەوانانەیەوە کە هەرگیز لەیادناکرێن، وەک ڕۆماننووسی هەرە بەتوانای ئەدەبی ڤیکتۆری؛ دووەمیان بە چیرۆک و وتار و شیعرەکانیەوە، وەک یەکێک لە پایە گرنگەکانی کورتەگێڕانەوە و وەک باوکی ئەدەبی گۆتیکی.(گەرچی من خاڵێکی تریش دەبینم بۆ بەیەک گەیشتنەوەی ئەم دوانە، کە کارلۆس رویز زافۆنی ئیسپانییە. گەر یەکێک ئەو دوانەی ورد خوێندبێتەوە، کاتی خوێندنەوەی سێبەری با، لە دیمەنی ژووری پڕ لە خاچ و شێوازی میعماردا ناکرێت گۆتیک و ئیدگەر ئالان پۆی بیرنەکەوێتەوە، هەروەها لە ئاستی بونیاد و کارەکتەرسازییداناکرێت بەر شوێنەواری ئەدەبیاتی ڤیکتۆری نەکەوێت).

 

‘گریپ دەبێتە شوێنەوارێک بۆ پەیوەندیی پۆ و دیکێنز، دەقەکانی هەردووکیان دەبنە پانتاییەک بۆ نەمربوونی گریپ … ‘گریپ’ لەنێوان پۆ و دیکێنزدا دابەش دەبێت، پۆ و دیکێنز هەردووک لە ‘گریپ’دان؛ ‘گریپ’، هەم ‘قەلەڕەشەکە’ و هەم هاودەمەکەی ‘بارنەبی ڕۆدج’یشە، هەم قەلەڕەشە ماڵیەکەی دیکێنز و هەم هاودەمەکەی ئێدگەر ئالان پۆیشە … ڕەنگە کەس نەتوانێت لە جەیمس ڕەسێڵ لۆوێل-ی شاعیری ڕۆمانتیکیی ئەمەریکی جوانتر ئەم پەیوەندییە دەرببڕێت؛ ئەو چرکەساتەی تێیدا دوو شاخ لە ئەدەبیات پێکەوە بیر لە هەمان گیانلەبەر دەکەنەوە، بیر لە هەمان گیانلەبەر دەکەنەوە و وێنای هەمان کارەکتەر دەکەن کە قەلەڕەشێکی قسەزانە، گەرچی دەقەکەی ئەو خاڵییش نییە لە لێدان لە پۆ:

“ئەوا هات پۆ، بە قەلەڕەشەکەیەوە، وەک بارنەبی ڕۆدج،

سێ لەسەر پێنجی بلیمەتی و دوو لەسەر پێنجیشی پڕوپوچییەکی ڕەها…”

 

سەرما لە دەروازەکەوە دەهاتە ژوورەوە، سەرما منی لە بیرکردنەوە کرد. هەڵسام تا دەروازەکە دابخەمەوە، لەودیویەوە شەوەکە وەک خۆی قورس، وەک خۆی کپ، وەک خۆی ئەستوور و دەرەوەسف مابوو، تاریکی وەک خۆی مابوو، مانگ وەک خۆی مابوو، وا دیاربوو کە هەر وەک خۆشیان دەمێنن. بیرمدەکردەوە کە هەموو ئەوەی لەمێشکمدایە لە شوێنەواری گریپ زیاتر نییە، لە شوێنپێی گریپی قەلەڕەس زیاتر نییە کە بەسەر مێژووەوە ماوە: دەقەکانی دیکێنز و پۆ کە لە کتێبخانەکەی من و میلیۆنان کەسی تریشدا هەن و دەمێنن؛ قەلەڕەشەکە و بارنەبی کە لە یادگەی زۆرێک خوێنەر و نووسەردا دەمێنن، پێکڕا شوێنەواری گریپن. گریپ، قەلەڕەشێک کە لە هێلکەیەکی ناو ملیۆنەها هێلکەوە تروکا و دەرهات، کە دەشیا نەتروکێت و دەرنەیەت؛ بووە ئاژەڵی دیکێنز کە دەشیا نەبێت؛ دیکێنز کە بارنەبی نووسی و پۆ خوێندیەوە، کە دەشیا نەینووسێت و پۆش نەیخوینێتەوە؛ من کە خوێنەربووم و هەردووکیانم ناسی و خوێندمنەوە، کە دەشیا خوێنەر نەبم و هیچیان نەناسم و نەخوێنمەوە؛ ئەو یەک-دوو نووسینەی لە پەیوەندیدا بەوانەوە نووسیمن و چەند کەسێک خوێندیانەوە و بینیانن، کە دەشیا نەیاننوسم و کەسیش نەیانخوێنێتەوە و نەیانبینێت: هەمووی پێکڕا شوێنەواری گریپن، قەلەڕەشێکی ماڵیی کە پاش مرداربوونەوەی، دیکێنز وشکی دەکاتەوە و هەڵیدەگرێت، پاش مردنی دیکێنزیش بە وشککراوەی دەبێتە مۆزە و نمایش دەکرێت.

کاتێک دەروازەکەم داخستەوە، بڕیارمدابوو شتێک لەبارەی پۆوە بنووسم. کە گەیشتمەوە لای کۆمپیوتەرەکە، ناونیشانەکە لە زەینمدا خۆی ئامادە کردبوو: “شوێنەوارەکانی ‘گریپ’؛ لە یادی دووسەد و دە ساڵەی لەدایکبوونی ئێدگەر ئالان پۆدا یاداشتێک”. دەستم کرد بە نووسین. بەر لە تەواوبوونم شەوەکە ڕۆیشت، شەوەکە بوو بەژێر بەیانیەوە. شەوەکە کەوتە بەر کەڵبەکانی خۆر، خۆر پەلاماری شەوی دا و کەڵبەکانی خۆی لێ گیر کرد، لەژێر ئەو کەڵبە شەبەنگییانەدا شەو دەیزریکاند، خوێنی لەبەر دەڕۆیشت، زوڵمەتی لەبەر دەڕۆیشت، شەو کوژرا و ڕۆژ بەرپابوو، من هێشتا خەریکی نووسین بووم.

*پێچەوانەی “نەمر”

١٩ی جێنیوەری، ٢٠١٩

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.