پێشەوا کاکەیی - لە نەمرەڕێ دا

کێشەکانی [زمان و زەمان] لەناو شیعردا بە دەست شاعیرانی ئەمڕۆکە


Loading

کێشەکانی [زمان و زەمان] لەناو شیعردا بە دەست شاعیرانی ئەمڕۆکە

 بە بۆنەی ڕۆژی شیعرەوە، کە شیعر لە دەرەوەی ڕۆژە-(کاتپێو نییە)، چونکە شیعر خۆی کاتە!

پێشەوا کاکەیی

 

 

 دەمەوێت لە ڕۆژی جیهانی شیعردا، هەندێک کێشە بەر باس بدەم کە لەناو [زمان و زەمان]ـدا، هەم جیهانی شیعر تووشی بووە و هەمیش تووشی کراوە. زمان و زەمان لەناو شیعردا، بە دەم کێشەی شاعیرانەوە دەناڵێت کە لە زماندا [دەزانم] و لەناو زەماندا [زەماوەند]ی خۆیان دەکەن. بێ ئەوەی ئاگاداری زمان بن، کە [دەزانم] هەڵگری ڕیشەی [زمان] و [زەماوەند]یش پێکهاتەی زەمەن و زەمانی لە خۆدا هەڵگرتووە، کە شاعیرانی ئەم [دوو دەیەی سەدەی بیستویەک]، لەسەر زانین قسە دەکەن و پێیان وایە زۆر لە زمان [دەزانن]! ئەگەرچی لەو ڕووەوە، تووشی عاسێبوونی زمان هاتوون، لێ زەماوەندی شیعر هەر دەکەن. کاتێک شاعیر دەگاتە ئەو باوەڕەی [لە زماندا دەگاتە زانین]، ئەوا شاعیر دەگاتە سەرەتای ڕێ و دەڵێت: [نازانم!] چونکوو نازانم هەمان ڕیشەی زمانی تێدایە، بەڵام باڵاترە لەوەی کە دەڵێت: دەزانم. لە نازانمدا، شاعیر گەیشتووەتە نزیکی زمان، کە زمان هێجگار قووڵ و پێچاوپێچ و تەقەڵپێچە؛ بۆیە لە سەرهێشەی زمان و برینی دەگەن، زەماوەندی زەمان ناکەن، بەڵکوو تەپڵی ئەوە لێ دەدەن کە [نازانن] و ئەمەیش تێگەییشتنە لە قووڵاییی شیعر کە لە کوێی زماندایە. کە شاعیر تێگەییشت خۆی لە کوێی زماندایە، قووڵاییی زمان وەک شادی دەبینێت و بەو زانینەی کە درکی پێ کردووە، بۆی دەبێتە زەماوەند، ئەمەیش درکبوونی شاعیرە لە زماندا کە لە کوێی زەماندایە. تا لە [زمان] تێنەگەییت، لە [زەمان]ـدا شاد نابیت. دەکرێت لە زماندا قووڵ نەبیتەوە و لە زەمانیشدا بیت، بەڵام ئەم شادییە بۆ شیعرەکەیە نەک زمان! کاتێک کە دەڵێم شیعر بە جۆرێک تووشی تەمومژاوی کراوە، واتە شیعر خۆی تەمومژی نییە، ئەگەر شاعیر تووشی تەمومژاوی نەکات.

شیعری هاوچەرخ، بە دەست شاعیرانێکەوە ڕووبەڕووی شارێک کراوەتەوە کە [شار و شیعر] هاوتای [تەکساس و چەقۆکێشەکان]ـی لێ هاتووە. شاعیری جیهانیخواز [نەک کۆنخواز و نوێخواز]، هەست بە ناڕەزایەتییەکی دیاریکراو دەکات، هەمیشە گومانێک لە هۆشیدا هەیە کە دەبێت تێبگات، نەبوونی ئامڕازی شیکاری هەیە. ئەم باوەڕە بە نرخە سەبارەت بە شیعر کە ڕەخنەی نوێ لە سەرەتای سەدەی ڕابردوودا هێناویەتیە ئاراوە، واتە «ئەو باوەڕە پتەوەی کە هەموو شیعر لێکدانەوەیە»، خاڵی دەستپێکە بۆ ئەم کێشانەی ئەمڕۆکە ڕووبەڕووی شیعر دەکرێتەوە. ئەم جۆرە لە «لێکدانەوە»، بەو مانایە نییە کە هەموو شیعرێک وەک تاقیکردنەوەی تێگەییشتن لە خوێندنەوەی  وەڵامێکی ستاندارد لە پشتیەوە بشارێتەوە، هەروەها بەو مانایەیش نییە کە شیعرێک دەتوانرێت هاوتا بکرێت لەگەڵ زانیاری جۆراوجۆر سەبارەت بە زمان و زەمان لە شیعردا، بەڵکوو ئەم باوەڕە «ڕوونکردنەوە»، تاقیکردنەوەیەکی گەورەیە بۆ شیعر، بەو پێیەی پێویستە متمانەی تەواو بە شیعرێک بکەین، کە دەبێت ئەوەندە بەهێز بێت، شایەنی ئەو متمانەیە بێت، بزانین لە کوێدا «هەموو شیعرێک نووسراوێکە»! چونکوو نووسراو دەبێت بەرگەی لێکدانەوە بگرێت، وەک نووسراوەکان. کاتێک ڕەخنەی نوێ دەستەواژەی «شیعر» بە کار دەهێنێت، ئەوا پێناسەی پێوەری بە کار دەهێنێت نەک ستاییشی ستاییشکەر؛ واتە تەنیا شیعری باش دەتوانرێت ناوی لێ بنرێت شیعر.

شیعر لێکدەرەوەیە، بەڵام پێشمەرج و ڕێباز و خاڵی کۆتایی لێکدانەوەیە، هەر دەبێت بە مانایەکی بەرفراوان شیعر بێت. لە ئێستادا شیعر و لێکدانەوەی شیعریی، لە ئاستی ناشیعریی و نالێکدانەوەییەوە ئەنجام دەدرێت. ئەم «ناشیعرییە»، لە دوو بارودۆخدا ڕەنگ دەداتەوە؛ پێمان دەڵێت شاعیر باسی چی دەکات و دەیەوێت چی بکات، ئەویتریان کە سەرقاڵی شیعرییە، پەیوەندیکردنیەتی بە فەلسەفەوە، لە هەندێک وشە و وێنەی سەرەکییەوە دەست پێ دەکات، بە یارمەتی [دەستەواژە] و پەیوەندیی بێ وەستان و بوون. پێشتر (هایدیگەر، کیرکەگارد، فۆکۆ، دێریدا و ئێستا ئاگامبێن و ژاک ڕانسیێر…) باسیان لەم دوو لێکدانەوە ناشیعرییە کردووە؛ یەکێکیان شیعر دەکێشێتە ناو قوڕی نووسراوەوە، ئەوی دیکەشیان شیعر دەکێشێتە ئاسمانی فەلسەفەوە. گرنگ نییە چ هەستێکی کۆتایی لێی دەست دەکەوێت، چ باش بێت یان خراپ، لە پەیوەندی بە ڕەسەنێتی شیعرەوە.

هۆکاری ئەوەی ئەمڕۆکە بۆچی شیعر لە ڕەسەنێتی دوور دەخرێتەوە نەک دوور دەکەوێتەوە، خودی شیعرنووسانن و ئەنجا لەولایشەوە دوژمنانی شیعر، [هەر لە ناوەندی چاپ و بازاڕ و ئاڕاستەکردنی سیستەمی سەرمایەداری و زۆرینەی شیعرنووس و میعرنووس لە سەرانسەری جیهان خۆیان هاویشتووەتە ناو جیهانە بازاڕییەکەوە]، بۆیە ئەمڕۆکە شیعر بەرەو ڕواڵەتی ڕۆ چووە، نەک بەرەو ڕووتبوونەوەی زمان تا قووڵاییی شیعر وەک ڕەسەنێتی دەر بخات. ئەم جۆرە دۆخە [هەستپێنەکراوە] ئەوەیە کە نووسەران و خوێنەرانی شیعری هاوچەرخ لە مێژە پشتیان بە شیعری وەرگێڕراو بەستووە.

لە وەرگێڕانی شیعرێکدا، لە زمانی ڕەسەنەوە بۆ زمانی تر، ئەوەی دەکرێت تا ئەوپەڕی ڕادە بپارێزرێت، [مانا و ناوەرۆک و فۆڕم و گرنگی زۆربەی ئەو وێنانەیە کە شیعرەکە مەبەستیەتی دەریببڕێت!] بۆیە شیعر بەرەو ڕواڵەتی هەنگاو دەنێت، چونکە بیرکردنەوە لە زمان ونە و ون کراوە. [لە کاتێکی دیکەدا، لەسەر شیعری ڕواڵەتی و ڕۆچوون بە وردی دەدوێم]. واتە هێڵکاریی نووسراو و پارچە فەلسەفییەکانی تێدا شاراوەتەوە. کاتێک شیعر لە زمانی ڕەسەن دوور دەکەوێتەوە، هەر گوتراو دەگوترێتەوە! زمان دەکوترێتەوە! شیعرێک لە زمان دوور بکەوێتەوە، یانی [ڕستەسازی، هەوا، دەنگسازی، خەیاڵی زمان، هونەری زمان و هتد…] لە زمان دەسەنرێتەوە. زمان بە  هەموو ئەمانەوە دەبێت سەرقاڵی کوت کوت کردنی خۆی بێت و لە خوێنچۆڕانی خۆیەوە لە ڕۆحی خۆی بدوێت. زمان پێویستی بە ناسینەوەی ورد و ئەزموونی پەیوەندی ناوەوە هەیە، هەروەها ئەو هەست و شێوازە بیرکردنەوە کە بەستراوەتەوە بەم پەیوەندییە ناوەکییەوە، (زمانناسانی نوێخوازی دەیسەلمێنن کە ئێمە وشە بە کار ناهێنین، بەڵام ڕاستەوخۆ دەستەواژە و ڕستە بە کار دەهێنین بۆ بیرکردنەوە)، بۆیە زۆربەیان لە وەرگێڕاندا ون دەبن. شاعیری ڕاستەقینە، بۆ زمان ناڕوانێتە جیهانی هیچ زمانێکی تر، هەر زمانێک جیهانێکی گەردوونی لە خۆیدا هەڵگرتووە! شاعیری ڕاستەقینە، تەنیا دەتوانێت لەم زمانە ورد ببێتەوە کە جیهانە ڕاستەقینەکەی لەناو بیریدایە؛ بەڵام لەکاتی خوێندنەوەی شیعری وەرگێڕاندا، بۆ بەردەنگ نا، بۆ شاعیر، تەنیا دەبێت وەک هەسارە و مانگ و ئەستێرەی ناو گەردوونەکەی لێوەی بڕوانێت نەک خودی گەردوون. وەک [بابەت و خود] لێوەی بڕوانن کە ئاخۆ لەم جۆرە هەلومەرجەدا، لە ڕێی شیعری وەرگێڕراوەوە لە کوێی شیعری کولتووری جیاواز و جیهانی شیعردا بێت. کە نەتوانن قووتدانی تەواوێتی زمان و دەرهێنانی لەو چوارچێوەدا بۆ تێگەییشتنیان لە شیعر بێت، ئەی خۆیان دەخەنە چ خانەیەکی شیعرەوە؟

گوتنی ئەمە، بۆ ڕەتکردنەوەی وەرگێڕانی شیعر نییە، (خۆم شیعرم بۆ چەند زمانێک وەرگێڕراوە!) بەڵکوو پێویستیشە بەردەوام شیعری شاعیرانی جیهان وەرگێڕرێت بۆ ئاگاداربوون لە جیهانی شیعر و کولتووری شیعریی! گوتنی ئەم قسەیە، بۆ دانپێدانانە کە پەیوەندییەکی ئاوێتەسازی لە نێوان لێکدانەوەی شیعریی و وەرگێڕاندا هەبێت، تا لە زمان و زەمان و کێشەکانی شیعر تێبگەیین کە ئاخۆ لە کوێی خوڵقاندنی ئەم کێشەیەداین! خودی لێکدانەوەی شیعر وەرگێڕانە؛ بە پێچەوانەیشەوە، هەموو لێکدانەوەیەکی شیعریی، وەرگێڕانێکی ترە بۆ شیعر و بەرهەمهێناوەی شیعر و نیشاندانەوەی. کاتێک شیعرێک بە پێی خووی ئاسایی وەرگێڕان و خوێندنەوەی شیعرە وەرگێڕراوەکان لێک دەدەینەوە، لەوانەیە ئەو ئەزموونە لە دەست بدەین کە نابێت شیعرێک لە پڕۆسەی گەیاندن و پەیوەندیکردندا لە دەستی بدات.

ئەو ئەزموونەی شیعر دەیھێنێت، یەکەمیان بیستنە، دووەمیان بینراوە. لە نێوان بینراو و بیستراودا چی لە زمان و زەماندا دەر دەکەوێت، ئەوا ئەو هێزی درکپێکردنە لای شاعیرە. بۆیە لێرەدا کەمێک جەختم لەسەر وەرگێڕان کردەوە، تا کێشەکان لێوەی ئاوەڵەتر بکەینەوە کە تووشی زمان کراوە لە ڕێی شیعرنووسەکانەوە نەک خودی شیعر تووشی هاتبێت. شیعر لەناو زماندا و زمان لەناو شیعردا، لەگەڵ ئەوەی پەیوەندییەکی ڕۆحییە، هەستێکی جەستەیی زۆر بەهێز و تایبەتیشە، هەستێکی زۆر ڕاستگۆیانەیشە کە ناتوانرێت فریو بدرێت. ئەم هەستە، وەک هەستی خۆشەویستی، ناتوانین سەرەتا ناوی بهێنین. ئەم هەستە، سەرەتا وشەیە بەناو وشەدا، دواتر دەبێتە گۆشت و لەناو ئێمەدا نیشتەجێ دەبێت. کە ئەم هەستە دەبێت لە زمانی دایکیەوە بێت.

شیعر لەمڕۆدا خێرا گۆڕانگارییە فۆڕمییەکان بە خۆوە دەبینێت، خێراش شیعرنووسە- [بەدووکەوتووەکان] خۆ دەدەنە بەر فۆڕمەکان، بێ ئەوەی لە هێزی زمان تێبگەن کە چۆن بەسەر ئەو فۆڕمەدا سەرکەوتوو دەبن. شیعر شتێکە کە ئەو تەزووەی لە زمانەوە وەریگرتووە، دێتەوە سەر زمان و ددانمان پێدا دەنێت کە ئەوە زمانە ناچارمان دەکات بیری پێ بکەینەوە و ئەوە شیعریشە وا دەکات بە هۆی بیرمانەوە پاڵ بە زمانەوە بنێین کە شتێکی تر بهاوێژینە ناو زمانەوە. یانی شیعر شتێکە وەهامان لێ دەکات، هەم زمان چڕ بکەینەوە و هەمیش بیکشێنین تا خۆمان بهاوێژینە ناو زمانەوە و فراوانتر بێت. کاتێک باس لە فۆڕم دەکەین بێ تێگەییشتن لە زمان، ئەوا ناتوانین زمان بیکشێنین تا خۆ بهاوێژینەوە ناو زمانەوە، بەڵکوو خۆمان بە زمانەوە هەڵواسیوە. کاتێک خۆ بە زمانەوە هەڵدەواسین، لە دەرەوەی زەمانین. چۆن هەموو فۆڕمێکی شیعری بە پێی زمانی ڕەسەنێتی خۆی، فۆڕمێکی تر لە خۆیدا هەڵدەگرێت. لەبەر ئەوە شیعر لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا، لەگەڵ ئەوەی ڕووبەڕووی کێشە بووەتەوە، تووشی کێشەیش کراوەتەوە لە لایەن خودی بەناو شاعیرانەوە لە سەرتاسەری جیهان.

دەبێت شیعر توانای ئەوەی هەبێت لە گوتراو و دەربڕین خۆی دەرهاوێژێت و خۆی بخاتەوە ناو زمان، تا دەربڕین و فۆڕم و گوتنێکی دیکە بەرهەم بهێنێت. ئەویش لە ڕێی ئافراندنەوە، دەنا ناتوانێت خۆی لە پۆشاکەکە ڕزگار بکات.

کاتێک باس لە کێشەکانی زمان و زەمان دەکەین کە تووشی بووە و تووشی کراوە، ئەوەیە کە ڕووبەڕووی جیهانی ئەو شاعیرانە ببینەوە، کە دەمانەوێت شاعیر بن و پێوەری شاعیربوونیان هەیە. ئەم بەڵایەی کە تووشی کراوەتەوە، شاعیری زۆرە، لەناو جیهانی هاوچەرخدا، هیچ زمانێک نییە کە شیعری پێ بنووسرێت، بەر ئەو کێشەیە نەکەوێت کە کێشەی زمان و زەمان ئاڕاستەی شیعری کردووەتەوە. سەرەڕای ئەوەی کە هەزاران شاعیر لەمڕۆدا هەیە، زمان و زەمانیان تووشی کێشەی شیعری کردووە، چونکە ئەوانە دەیانەوێت دەست بەسەر زەمەندا بگرن، بێ ئەوەی لەناو زماندا بن. ئەوانە خۆیان لە زمان هەڵدەسوون بۆ ئەوەی لە زەمەنی خۆیاندا دەر بکەون، بەڵام چونکە زمانیان نەسویوە، ئەم زەمەنە چرکەساتییە بۆیان. ((هەڵبەت لە کتێبی [بیری شیعر و خەیاڵی زمان]ـدا، باسی جۆری شیعری زەمەنیم کردووە کە لەناو زمان و زەماندا نامێننەوە، بەسەر [شیعرە چرکەسات] و [شیعری لەبارچوو]دا دابەشم کردووە، ئەوەیشی لەناو زمان و زەماندا دەمێنێتەوە، چووەتە ناو بوونەکەوەیە.))

کاتێک ڕووبەڕووی ئەم کێشانە دەبینەوە، ئەرکی هەر شاعیرێکە ئەرکی شیعری خۆی لە جیهاندا تەواو بکات، کە کێشەکانی زمان و زەمان لەگەڵ خۆیدا چارەسەر بکات. یەکێک لەو کێشانە، بە باوەڕی من ئەوەیە کە ئەرکی شاعیر هەیە و ئەرکی شیعریش هەیە، بەڵام شاعیر بە هۆی ئەرکی شاعیربوونیەوە، ئەرکی شیعربوونی بیر دەچێتەوە. شیعر تا ئەرکی خۆی لەناو زماندا تەواو نەکات، شاعیر ئەرکی زەمانی تەواو نابێت. زمانی شیعر، زمانی زەمانە بە چوونە ناو ئاژاوەگێڕییەوە لەگەڵ بیر و خەیاڵدا. بۆ ئەوەی زمان لەگەڵ ئاژاوەگێڕی شتەکاندا خۆی بگونجێت، دەبێت شتەکان دەر بخات، تا شیعر کەڵکی لێ وەربگرێت و زەمان لەگەڵ خۆیدا هەڵبگرێت. نابێت بە هۆی سەدەی نەخۆشیبوونی دەرکەوتنمان لە زەمەنی خۆماندا، زمان بخەینە ناو جیهانێکی سەرلێشێواوییەوە. ئەو کات، زمانی شیعر دەچەوسێنرێتەوە بە دەست زەمەنی شاعیرانەوە. زمان مەزەی شیعرە، بەڵام شیعر شەرابی زمانە. بۆ ئەوەی ئەم کێشەیه چارەسەر بکەین، دەبێت شیعر بە پێودانگی مەزە و شەراب لێی بڕوانرێت و لە قاپی زەماندا بخورێتەوە، تا زەمان و زمان لە شیعردا مەستی یەکدی بن.

زمان لە شیعردا بیرکردنەوەیەکی فەلسەفی قۆناغبەندی لە بەردەمدایە، کە لە نێوان ئاژاوەییبوون و هیچبوونیدا تەواو گەمە دەکات، تا لە زەماندا شوێنپێی هەبێت. بە پێوەری بوونگەرایی، ئەوەی پێی دەگوترێت: [کات، فەزا، هۆکارگەرایی، فەرمانگەرایی، تاکایەتی و پێکهاتەگەرایی]، هەموو بەرهەمی بوونی چالاکانەی مرۆڤن، کاتێک لە بەرکەوتندایە لەگەڵ جیهاندا و ڕەنگدانەوەی دۆخی بوونی مرۆڤن. بەو پێیه، زمانی شیعر بریتییە لە تەواوکردنی پرسیارە کۆتاییەکانی بوون و هیچبوون تا [زمان] لە ئاژەوەییی خۆیدا بهێڵێتەوە کە [زەمان] ئارام بکات. تا زمان لەناو خۆیدا بە دووی ئاژاوەییبوونی خۆیەوە نەبێت، ناتوانێت زەمان ئارام بکات. وەک چۆن هەموو بوونێک یەکسەر جێگای جۆرێکی دیکەی هەبوون دەگرێتەوە و بوونیش ئەو کات تەنها مانای نەبوونە؛ ئاوهایش [زمان و زەمان] دەبێت لە شیعردا ئەم وێناکردنەیان لە خۆدا هەڵبگرن. یەکێک لەو کێشانەی کە ڕووبەڕووی شیعر بووەتەوە، پشتکردنە لە ناوەوەی شیعر، کە یاسای هەموو شتەکانی ئاشکرا کردووە و بەرەو ڕووکەشگەرایی هەنگاو نراوە. لەبەر ئەوە، ئەو کێشەیەی کە تووشی زەمان هاتووە، زمانیان تووشی هەموو شتێک کردووەتەوە کە [لەناوچوون و ڕژان]ـی ڕووبەڕوو کراوەتەوە. کاتێک زمان لەم یاسایە دەرچوو، تووشی ناڕێکی دەبێت. بەرجەستەکردنی ناڕێکییش فۆڕمی شیعر لە گۆڕ دەنێت، نەک بەردەوام لە گۆڕانی خۆیدا بێت. شیعر تا لە گۆڕاندا نەبێت، کێشەکانی زمان و زەمانمان بۆ دەر ناخات. ئەگەر کێشەکانی ڕووبەڕوو بووبێتەوە، بێمانایی و نادڵنیایی جیهان ئاشکرا دەکات. ڕاستییەکەی، لە نائاگایی هەر یەکێک لە ئێمەدا، هەموومان خەریکە ڕەسەنایەتی ئەم دونیایە دەخەینە ژێر پرسیارەوە و ڕقمان لە بێمانایی ئەم دونیایەیە، بەڵام درکی پێناکەین. ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی شیعر دەکرێنەوە، تێنەگەییشەنە لە زمان و زەمان، کات و شوێن. کە ئەمەیش بەرەو وێرانکەریمان دەبات تا بونیادی.

زمانی شیعریی ئەمڕۆکە پڕە لە بۆشایی، کە لە دۆخی فرەکولتووری پارچەپارچەبووی جیهاندا دەژین. هەرچەندە شێوازی ئەدەبی بە شێوەیەکی سەرەکی، پرسیارێکە بۆ نووسەر کە لە ڕووی دەربڕینەوە چۆن وشە و ڕستە بە کار دەهێنێت، بە پێچەوانەوەش پرسیارێکە کە نووسەر چۆن هەست بە ئەزموونی ژیان دەکات، شێوازی هەستکردن و ئەزموون ئەو زمانە دیاری دەکات کە بۆ دەربڕینی ئەو جۆرە زمانە بە کار دێت. بە بڕوای (جۆرج لاکۆف) و ئەوانی تر… مرۆڤ لەسەر بنەمای ئەزموونی هاوبەش چەمکەکان پێک دەهێنێت و ئەو زمانەی بۆ دەربڕینی چەمکەکان بە کار دێت لە سرووشتدا خواستنە/ مێتافۆرییە، بۆیە چەمکەکان خوازراون.

ئەمەیش لەبەر ئەوەیە کە «کرۆکی خواستن پێک دێت لە تێگەییشتن و ئەزموونکردنی جۆرێکی جیاواز لە شتێک لە ڕێی یەک شتەوە». ئێمە دەتوانین دەربڕینەکانی زمانی خواستن بۆ لێکۆڵینەوە بە کار بهێنین تا لە سرووشتی ئەزموونی خۆمان تێبگەیین. ئەوەی دەبێتە غەمباری زمان، شاعیری زمانناسی خوددە، مەبەست لە زمانناسیی ڕەسەنێتییە؛ نەک شاعیری قسەکەر و خۆهەڵکێش بە زمانی دیکە! چونکە لە ڕێی بیرکردنەوە لە بونیادی زمانی دایکەوە، بە قووڵی هەست بە قەیرانی زمان و قەیرانی نوێنەرایەتی دەکەیت. بێگومان ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە قەیرانی زمان تایبەتە بە نووسەرانی هاوچەخ، زۆرێک لە شاعیران لە سەردەمە جیاوازەکاندا تووشی ئەم قەیرانە بوون، لێ ئامڕازی نوێ بۆ کەڵک وەرگرتن لە سەرچاوەکانی زمان، هۆکاری سەرەکی ئەوەیە هەست دەکەن کە ئەم پێکهاتە خەریکە لەیەک دەچێت و چیتر یەکگرتوویییەکی کرۆکی نییە.

زمان لەناو شیعر سەرقاڵی تاقیکردنەوەیە، چونکە زەمان کاتێک لە شیعردا دەر دەکەوێت کە شیعریەتی لە خۆدا هەڵگرتبێت. بە واتایەکی دیکە، زەمان منداڵی شیعر و زمانە، کاتێک کە خۆ لێک دەسوون. ئەگەر خۆ لێک نەسوون، ئەوا کێشەکان لەناو کاتدا دەتەقنەوە. جێفری هارتمان، ئاماژەی بەوە داوە کە کاتێک دێڕێکی پچڕاو دەخوێنینەوە، بۆ ماوەیەک بە مەبەست بێت یان بەبێ مەبەست، دەوەستین! ئەمەیش ڕاستی زمانمان بۆ دەر دەخات لە هێڵی خۆیدا ون بووە و وەک ئەستێرە ڕاخووشاوە. لە «ئاماژە/ دال»ـدا خزانی «واتا/ مەدلوول» ڕوو نادات. کاتێک ڕوودانی واتا ڕووی نەدا، زەمان ون دەبێت لە شیعردا، زمانێکی ڕووتەڵە نیشان دەدرێت. خۆی لە «ئەزموونی کاتی»ـدا نیشان دەدات. بۆ ئەوەی کە «بونیاتنانەوەی کات» بە دەست بهێنین، ئەوەیە کە لە بنەڕەتدا جڵەوی مەبەستدار لە سنووری زماندا (واتە: درێژیی ماوەی کات)، بە ئاگا بین. شیعری ئەمڕۆکە زۆرێکی تووشی لەبارچوون هاتوون و دەبن، چونکە زمان و زەمانیان لێ تێک چووە لە شیعردا. شیعریان لێ بووەتە زمان و خۆیشیان بە زەمان دەچوێنن. لەگەڵ زەمەنی باوی ژێردەستەی سەرمایەداریدا دەڕۆن، زمان سنووردار دەکرێت.

یەکێکی تر لەو کێشانە ئەوەیە کە (شیعرنووسان) پێش ئەوەی بیر لە [وەرچەرخانی زمان لەناو شیعر]دا بکەنەوە، بیر لە [وەرچەرخانی شیعر دەکەنەوە بە کەرەستەی زمان!] ڕاستە بیر پاڵنانی هەیە بۆ ئەوەی زمان تێیدا بزێتەوە، بەڵام ئێستاکە ئەو شاعیرانە کەم و دەگمەنن کە غەمی زمانیانە تا لەناو شیعردا بزێت. لێ شیعرنووسانی بەدووکەوتوو (چاولێکەری) و ڕەگەڵکەوتوو (گرووپبازی)، زمانیان هەر ئەوەیە کە بیستوویانە و دەیزانن، ئیدی شیعری پێ دەنووسن، هەر لەبەر ئەوەیشە کە زەمان تووشی سووڕی خۆی بووە! ناچن بیر لە زمان بکەنەوە و تووشی ئاقاری فەلسەفەی شیکاری زمان ببنەوە. بۆ ئەوەی کێشەکانی زمان و زەمان چارەسەر بکەین، بەوەی تووشی بووە و تووشیشی کراوە، ئەوەیە کە تیشک بخرێتە سەر زمان، چونکە لە زماندا هەم بۆ شیعر و هەمیش بۆ زەمان دەگەڕێیت.

کاتێک پەیامێک لەبارەی کێشەکانەوە دەدەین کە بەرەو ئاقارێکی لاکراو و لادەر دەچێت، واتە ڕەخنە دەگرین کە کێشەیەک لە ئارادایە و دەبێت بخرێتە ڕوو. ئەم ڕەخنەیە، دیوەکەی دیکەمان مەبەستە کە «پان‌ئاخاوتن»ـە، ئاماژەیە بۆ گشتاندنی شیعری قسەکراو. زۆرێک لە شیعرەکانی ئەمڕۆ بوونەتە [لەبەرگیراو یان وەرگیراو] و لاساییکردنی زمانی ڕۆژانە، کە زمان ئەرکی دیکەی هەیە، خەوشی لابدرێت. ئەمەیش بووەتە هۆی ئەوەی سنووری نێوان شیعر و ناشیعر بە تەواوەتی نەمێنێت. فۆڕمی شیعری پان‌زارەکی، وشە مەیلی سادە و ناوەرۆک مەیلی بۆ ڕاستگۆیی هەیە، ئەمەیش وایکردووە شیعر ببێتە شتێکی ئاسان و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی بێ بەرهەمهێنانەوە! و ڕاهێنان بەبێ «ناوەرۆکی هونەریی»، لە بنەڕەتدا بەبێ ناوەرۆکی مرۆڤدۆستانە و مانای ڕۆحی؛ بەڵام ڕاستییەکەی تەنها کردەوەیەکی ڕۆژانەیە یان بەکارهێنانی وشەکانە. تایبەتترین دیاردەی شیعری پان‌ئاخاوتنی لەم ساڵانەی دواییدا، چەندین تیۆری دژ بەیەک هەیە سەبارەت بە هۆکاری ئەم ڕووداوە، ھاوشێوەکردنی کە دەتوانرێت وەک «ڕاستکردنەوەیەک» لە لایەن هێزە دەرەکییەکانی دەستوەردان لە جیهانی شیعردا و ڕاستکردنەوەیەکی ناچاری بۆ نووسینی شیعر کە بەلاڕێدا ڕۆیشتووە. پان‌ئاخاوتنی ئێستا چووەتە ناو تێگەییشتنێکی هەڵەوە، شیعری بۆ ئاستی بەکارهێنانی ڕۆژانە دابەزاندووە و بووەتە بابەتی بەکاربردن و کاتبەسەربردن لە ژیانی ڕۆژانەدا. بەو هۆیەوە، ڕوانگەی ڕەخنەگرانەی بەها و تایبەتمەندییە مرۆڤدۆستییەکەی نەماوە. دیتمان زمانی پان‌ئاخاوتن پەیوەندی بە کاتبەسەربردن و یاریکردنی شیعرەوە نییە، زمانی قسەکردنە، ئەگەری زیاتر بۆ کاتبەسەربردن و بەکاربردن بۆ شیعر دەڕەخسێنێت.

لێهاتوویی و دیاردەناسیی و زیادەڕۆیی لە جەختکردنەوە لەسەر پێشکەشکردن هەموو شتێکە، وا دەکات «قسەکردن» بەبێ هیچ هەوڵێک ببێتە «شیعری باو». کرۆکی شیعر، بریتییە لە پابەندبوون بە ڕوانگەی ڕۆحی شیعر و مەرجی خودێتی شیعرەوە. لە هەمان کاتدا، بەرپرسیارێتییەکی نەپارێزراوە بۆ زاڵبوون بەسەر جۆراوجۆرە دژوارەکانی نووسیندا. تاکە ڕێ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ چاڵێکی بێبنی دژواری نووسین ئەوەیە کە ڕووبەڕووی ببیتەوە لە سەری؛ نەک بە سووک تێپەڕاندنی. نووسینی شیعری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەم لەباربردنەی پێوە دیارە. نووسینی پان‌ئاخاوتن لادانێکە لە ڕوانگەی ڕۆحی و هۆشیاری زمان و پێداویستییەکانی سەختی شیعر. تەنیا بە دەرچوون لە تاڵاوی زمانی پان‌ئاخاوتن دەتوانێت شیعر گەشە بکات.

بۆیە هەمەچەشنی و خۆشگوزەرانی و داهێنان و ئازادی لەسەر ڕووی شیعری ئەمڕۆ تا ڕادەیەکی زۆر توخمی تر لە خۆ دەگرێت کە وەهمێکە. هەرچەندە ئەم نووسینە بە شێوەیەکی سەرەکی باس لە کێشە نەرێنی و نەرێنییەکانی شیعری ئەمڕۆ دەکات، بەڵام مەبەست لێی، وردە وردە هیوای ئەرێنی و بنیاتنەرانە بۆ گەشەسەندنی شیعرێکی ڕێکوپێکتر و خوڵقاندنی پاڵاوتەتر و بوێرانەترە تا زیاتر زیندوویی و خەیاڵی ئازادی هێز لە خۆ بگرێت.

 باس لە کێڵگەی شیعری نییە، بەڵکوو ژینگەی داهاتووە کە شیعر چۆن خۆی لە زمان دەسوێت، زەمان چۆن دەیپێوێت. لە ژینگەی ئێستادا، بە پێی چۆنیەتی شیکردنەوەمان کە ئەگەری نووسینی داهاتوو چییە، ترسێک هەیە. جگە لەوەیش بە دڵنیاییەوە تێگەییشتنی ڕوونمان لە دەستکەوت و زیانەکانی خۆمان بە نووسین لە خۆ دەگرێت. ئەو ژینگەیەی کە شیعری هاوچەرخی جیهانی تێدا دەژی، ڕەچاوی ماڵی بوونی خۆی نەکات کە [زمان مەکینەی شیعر و شیعر سووکانی زەمان و زەمان هەناسەی شیعر و شیعریش زانی زمان و خزانی زەمانە]، ئەوا ئەو سیستەمەی تێیدایە، خۆی تێدا دەنێژێت.

لەبەر ئەوە دەمەوێت هاوکێشەیەک لە هەمبەر ئەو مەترسییەدا بخەمە ڕوو؛

زمان

                           زمان                      شیعر                    زەمان    

شوێنکات

کاتێک شیعر لە کێشەدا دەمێنێتەوە، کە لە دەرەوەی زمان و زەماندا ڕەگی خۆی دادەکوتێت. ئەم ڕەگەیش، وەک «کۆنکرێتێکی ڕەق و تەق» ڕووکاری خۆی نیشان دەدات. بەمەیش زیادبوونی نووسینی شیعری هاوچەرخ لەناو ئەم کۆنکرێتییەدا دەمێنێتەوە. کێشەی بنەڕەتی نووسین دەبێت لە خودی دەقەوە دەست پێ بکات. لە «دیالۆگەکانی ئەفڵاتوون»ـدا ئەفسانەیەکی بیرکردنەوە لەبارەی وشەکانەوە هەیە. [ئەفسانەیەک باس لەوە دەکات کە خوداوەندێکی کۆنی تووتی لە نزیک «ناوکراتیس» لە میسری کۆن ژیاوە، ژمارە و ژمێریاری و ئەندازەیی و فەلەکناسی داهێناوە و لە هەمووی گرنگتر نووسینی داهێناوە. تووتی داهێنانە جۆراوجۆرەکانی خۆی پیشانی تامووسی فەرمانڕەوای میسر دا و پێشنیاری کرد کە ئەمەی دووەمیان بەرز بکرێتەوە بۆ هەموو میسر. تووتی کاتێک باسی سوودەکانی نووسینی دەکرد، گوتی: ئاغا گیان، ئەم داهێنانە دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی میسرییەکان بتوانن پەروەردەی زیاتر وەربگرن و یادەوەرییەکی باشتریان هەبێت، دەرمانێکی باشە بۆ چارەسەرکردنی پەروەردە و یادەوەری! بەڵام پاشا وەڵامی دایەوە: ئێستا تۆ باوکی وشەکانیت، چونکە کوڕەکەت خۆش دەوێت، ئەرکی وشەکانت پێچەوانە کردووەتەوە! ئەنجامی داهێنانەکەت وا دەکات ئەو کەسانەی فێری وشەکان بوون، لە بیریان بچێت، چونکە چیتر هەوڵی لەبیرکردن نادەن.]

مرۆڤ هەمیشە حەزی لەوەیە بە نەمری بمێنێتەوە، چونکە حەزی لە شیعرە و تەنیا لە شیعردا دەزانێت نەمری دەدۆزێتەوە. چونکە شیعر هەمیشە لە تەمەنی ڕۆحی درێژخایەنی مرۆڤەکاندا بوونی هەبووە. شیعر «فۆڕمێکی ڕۆحی»ـی نەمرە، ئەمە دەڵێم تەنیا لەبەر ئەوە نییە کە من وەک فۆڕمێکی شیعریی لەگەڵ شیعردا هاوڕام، بەڵکوو لەبەر ئەوەیە کە شیعر لە کۆنەوە تا ئێستا بە درێژایی کات ڕۆحی مرۆڤی ئارام کردووەتەوە، ڕۆحی مرۆڤ چاکە و جوانی تێدایە. شیعر هێمایەکی گەورەی نێوان ئەقڵانیەت و نائەقڵانیەتە، هاوکات پردێکە لە نێوان جیهانی خودی مرۆڤ و جیهانی دەرەکی بابەت، لەسەر ڕووباری [کات و مێژوو]. شیعر بەهای نەمری ژیانی ڕۆحی مرۆڤ بەرجەستە دەکات، لەبەر ئەوەیشە، کە دەڵێم: [زمان و زەمان] کەوتووەتە کێشەوە و تێوەگلاوە لە سەرتاسەری جیهانی شیعری ئەمڕۆدا. زمان و زەمان لە شیعردا دەر بهێنیت، ئەو ڕۆحە نەمرییە نادۆزیتەوە کە مرۆڤ بۆی دەگەڕێت هەمیشە تێیدا نیشتەجێ بێت.

ئازاری ٢٠٢٣، گوندی بناوێ- سەردەشت

 

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌