كافكا

تەوڕات بە دەقچنیی کافکا


Loading

“ڕۆژێکیان کە گریگۆر سامسا لە کابووسگەلێکی جاڕسکەر بێداربووەوە، بینی کە لە پێخەفەکەیدا بووە بە مێروویەکى زەبەلاح.”

 

(کافکا؛ مێتامۆرفیۆسێس)

“خودا بینی ئەوەتا هەموو ئەوەى کە دروستى کردووە زۆر باشە. جا ئێوارە بوو و بووە بەیانى، ئەمە ڕۆژی شەشەم بوو.”

(پەیمانى کۆن)

لە حەوتەم ڕۆژی خەلیقەتدا، کاتێک چەند زیندەخەونێکى جاڕسکەر یەزدانین لە خەونوچکەکەى کرد، بینیی کە ئادەم لەژێر درەختی زانیندا بووەتە مێروویەکى زەبەلاح. ئەمە بووە هۆی نیشتنى غەمێکى قووڵ بەسەر ڕووى نەمری خوداوە. ئەو حەزی دەکرد تەماشای ئادەم بکات کاتێک لەسەر زەوى ژیان دەکات، حەزی بەوەبوو ئادەم ببینێت لەبەردەم ژیاندا، لەبەردەم ئازار و گوناهدا، لەبەردەم سەرکێشییەکانى ڕۆژ و هەڕەشەکانى شەودا، حەزی دەکرد مرۆڤ وێڵ و بێهودە ببینێت لەناو کاتدا؛ بەڵام ئەوەى لە بەرچاو ئەفرێنەری ئەرز و ئاسماندابوو، قالۆنچەیەکبوو هەمڕەوقی مرۆڤ، نەک مرۆڤ؛ مێروویەکى قەبەی بێبەریی لە سێوى ماریفەت کە لە سێبەرى داری زانیندا بە ئەرزەکەوە نووساوە و نازانێت خوداکەى تەماشای دەکات و بیری لێ دەکاتەوە، تەنانەت ناشتوانێت بزانێت کە خودایەک بوونی هەیە. ئاهێکى دا و بە خۆی گوت:”کێشە نابێت، گەر مار و ژن واى لێ نەکەن سێوەکە بخوات، خۆم ئەیکەم”. بەڵام دیسان دڕدۆنگییەکە شاڵاوی هێنایەوە: قالۆنچەیەک چییە تا وەک خودای لێبیت و بتوانێت باش و خراپ لە یەک جودا بکاتەوە؟ وا بووش، بەڵام قالۆنچە لەڕووى جەستەییەوە کێشەى هەیە، ئەو ناتوانێت وەک مرۆڤ چەک درووست بکات و جەنگ هەڵبگیرسێنێت، ناتوانێت وەک مرۆڤ سەما بکات یان گۆرانیی بڵێت یان جووتبوون بکات، ناتوانێت وەک مرۆڤ ئاشق ببێت؛ قالۆنچەکان ڕەنگە نەتوانن پێکڕا لە قوللەکەى بابلدا بژین تاکو خودا داببەزێتە لایان و تەفرەقەیان بکات، دەشێ نووحی قالۆنچە و خێزانەکەى لە سەروبەندی تۆفانەکەدا نەتوانن لە سندووقێکدا بژین و مردارببنەوە. خودا باوەڕی بەخۆی هەبوو وەک خودایەک بەڵام نەیدەتوانى باوەڕ بە قالۆنچە بهێنێت وەک مرۆڤێک، قالۆنچە ناتوانێت سەرڕەویی ئەو مێژووە بکات کە پەروەردگار بۆ نەوەکانى ئادەمى داناوە. لەو ساتەوەختەدا، بۆ خودا، واقیع لە ڕەقترین بەرجەستەبوون و سەختگیرترین ڕەوتیدابوو،  وەلێ حەز لە هەموو چەڵەمەکان زاڵتر بوو، بۆیە بڕیاریدا بازێکى ئیمانیی بدات و هەرچۆنێک بێت سێوەکە دەرخواردى ئادەمى قالۆنچە بدات.

كافكا

هاودەم لەگەڵ بیرکردنەوەکانى خوادا ئادەمى قالۆنچەش کەوتبووە جووڵە، دەیویست لە داری ماریفەت دووربکەوێتەوە، لە زانین هەڵدەهات و یەزدان بەدەم بیرکردنەوەوە ڕێی لێ دەگرت و دەیگێڕایەوە بەرەو لای درەختەکە، بەڵام قالۆنچەکە هەر کۆڵی نەدەدا و پەیتا پەیتا بەرەو داری ژیان دەڕۆیشت. زانی کە ئەمە سوودی نییە و دەبێت بە زەبر بیگێڕێتەوە لای درەختی زانین، چوو قوڵینەیەک بهێنێت تا حەوت دانە سێوى زانینی تێ بکات، تاکو بەو سێوانە ئادەم بەرەو درەختی زانین ڕاوبنێتەوە.

 خودا فرمانى بە چەند چیلکەیەکى درێژ دا کە نەرم بن و بنوشتێنەوە و پێکڕا شتێکی قووڵ درووست بکەن کە حەوت سێوى تێ بکرێت، ئیدی چیلکەکان بەگوێیان کرد، خودا بینی کە شتەکە باشە، بۆیە ناوى نا “قوڵینە”. لە میانى درووستکردنى قووڵینەکەدا بیرۆکەیەکى تر بە زەینیدا گوزەرى کرد، بیری لەوە کردەوە کە کۆڵ لە ئادەم بدات و مێژوو لە خەیاڵدا بەرپا بکات، تەنها پێویستى بە ئەفراندنى نووسەرێکى کامڵ هەبوو، ڕۆماننووسێکى پڕدەها کە دەتوانێت تەنها بە بزواندنى ئەندێشەکانى و نووسینەوەیان مێژوو بەڕێوە بەرێت. دواتر بە مێشکیدا هات کە ڕۆماننووس بۆ ئەوەى باسی مرۆڤ بکات لە مێژوودا، دەبێت سەرەتا مرۆڤی بینیبێت لە مێژوودا، بۆ ئەوەى باسی هەژاریی بکات، دەبێت لە شتێک مەحرووم بووبێت، بۆ ئەوەى پەسنی ئایین بکات، دەبێت ترس و کەبتى هەبێت؛ نەشیدەوێرا متمانە بە هونەروەرێک بکات لەم مەسەلەیەدا، دەیزانی کە دەشێت نووسەرە ئیلاهییەکەى هەموو قەدەر و یاساکانى بوون بگۆڕێت تا لەگەڵ کارێکتەرێکى شاجواندا بخەوێت کە خۆی خوڵقاندوویەتى، چونکە خودا دەیزانى کە قورسترین شت لای ڕۆماننووسان ئەوەیە کە عاشقی کارەکتەرەکان نەبن، کە خالیقان ئاشقی مەخلووقەکان نەبن؛ دەکرا بەڕێوەبردنى مێژوو بە شاعیرێک بسپێرێت، بەڵام لە دونیای شاعیراندا هیچ شتێک وەکو خۆی نەدەبوو یان لە ڕادەبەدەر خۆی دەبوو، هیچ لە جێی خۆی نەدەبوو یان لە ڕادەبەدر بەجێ دەبوو، لە گەردوونی شاعیرێکدا دەشیا ڕۆژێک خۆر لە ڕۆژهەڵاتەوە هەڵبێت و ڕۆژێکیش لە گیرفانى پاڵتۆیەکەوە سەردەربێنێت، ئیدی لەترساندا هەموو ئەم بیرۆکانەى لە هزری تووڕ دا، گەڕایەوە سەر داغی تێکچوون و پەککەوتنى خەلیقەت. لەبەر خۆیەوە دەیگوت:” ئەی باشە من نەوەکانى کێ بە خۆرهەڵات و خۆرئاوادا بڵاوبکەمەوە، کێ پیرۆزبکەم و بەرداری بکەم، کێ کڕنووشم بۆ ببات و تەماشاى ئازار و هەڵەکانى کێ بکەم؟ ئۆف خودایە!”

حەوت سێوى کردە قوڵینەکەوە و بە هەڵەداوان خۆی گەیاندە لای درەختى ژیان، لەوێ قالۆنچەکەى بینی کە بە دارەکەدا هەڵزنیوە، سێویکى پێدا کێشا و قالۆنچەى خست بە لادا، بە ناڕەحەتییەکى زۆرەوە قالۆنچەکە کەوتەوە سەر لاقە باریکەکانى و خودا ئەمجار قایمتر سێوى تێگرت، سێوەکە بەر پشتی کەوت، پشتى قالۆنچەکەى چاڵ کرد و تیایدا چەقی، بەم شێوەیە قالۆنچەکەى ڕاونایەوە بۆ لای درەختى زانین.

هەوڵێکى زۆری دا لەگەڵ قالۆنچەکەدا، چەندین جار سێوى لە دارەکە کردەوە و خستیە بەردەمى و ئەو نەیخوارد، پاشان چەندین جاری تر سێوەکەى بۆ قاش کرد، بەشکە بەو شێوەیە بیخوات، سوودی نەبوو؛ تەنانەت سێوەکەى بۆ کرد بە هەریسە و هەوڵیشیدا بە دەمیەوەى بکات، ئەویش هەر بێ ئەنجام کەوتەوە. بێهیوا و مەلوول بە خۆی گوت:”مەیخۆ، خۆ من هەر خۆت و نەوەکانیشت لەناو ئەبەم و بەس نووح ئەهێڵمەوە، تۆم بۆچیە؟” بەڵام هەر خۆیشی دەیزانى کە نووح پێویستى بە لامەکی باوکى هەیە، لامەکیش پێویستى بە متوشالەخی باوکى هەیە، متوشالەخیش پێویستى بە خەنۆکى باوکی هەیە، خەنۆکیش پێویستى بە یارەدى باوکى هەیە، یارەدیش پێویستى بە مەهلەلئێلی باوکى هەیە، مەهلەلئێلیش پێویستى بە قێینانى باوکى هەیە، قێینانیش پێویستى بە ئەنۆشی باوکى هەیە، ئەنۆشیش پێویستى بە شیتی باوکى هەیە، شیتیش پێویستى بە ئادەم هەیە تا باوکی بێت، هەموویان پێویستیان بە باوکێک هەیە تا بیانهێنێتە دونیاوە.

یەزدان چرپەکانى ژنی بەرگوێ کەوت کە کەمێک لەولاترەوە دانیشتووە و مار دەدوێنێت، تەواوى سەرنجی چووە لای جوانییەکەى، سەرسام بوو بەو نەشئە جادووییەى کە ئەو بوونەوەرە بە باغچەی عەدەندا پەخشی دەکات، بیریشی کردەوە کە ژن نابێت تەنیا بێت و بە زووترین کات دەبێت هاودەمێکی بۆ ببێت. بینی کە مار دەڕوات و ژن هەڵدەستێتە سەر پێ، خۆی دەکێشێتەوە و جەستە گەنجەکەى دەکشێنێت، ماتووڵ لە سێوى زانینیش نەخوات نازانێت کە ڕووتە. جا خودا بینی کە ئەمە باشە، ئیتر چوو بۆ لای ژن. ئەمە ڕۆژی حەوتەم بوو.

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی
تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین
                    ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی