فیلم؛ هیرۆشیما خۆشه‌ویسته‌كه‌م ١٩٥٩

هێرۆشیما، خۆشەویستەکەمان


Loading

ژان دۆمارشی، ژاک دۆنیۆل-ڤالکۆز، ژان-لوک گۆدار، پێر کاست، ژاک ڕیڤێت، ئێریک ڕۆمەر.

ڕۆمەر: پێموایە هەمووان لەگەڵمدا هاوڕان گەر بەوە دەستپێبکەم و بڵێم فیلمی هێرۆشیما، خۆشەویستەکەم فیلمێکە دەتوانی بڵێیت دەربارەی هەموو شتێکە.

 

گۆدار: کەواتە با بەوە دەستپێبکەین و بڵێین فیلمەکە ئەدەبیاتە.

 

ڕۆمەر: و جۆرە ئەدەبیاتێک کە کەمێک گومانکارانەیە، تا ڕادەیەکیش دەیەوێت قوتابخانەی ئەمریکی دووبارە بکاتەوە کە لە ساڵانی ١٩٤٠ـدا لە پاریسدا زۆر باو بوو.

 

کاست: پەیوەندی نێوان سینەما و ئەدەبیات نە باشە و نە ڕوونیشە. پێموایە ئەگەر قسەیەک بکرێت ئەوا جۆرێک لە هەستی سەرلێشێواویی سووکایەتی بەرامبەر سینەما و فیلم هەیە و خەڵکیش ئازار بە دەست هەستی خۆبەکەمزانینەوە دەچێژن. ناوازەیی فیلمی هێرۆشیما لەوەدایە، کە کاری هاوبەشیی دوراس-ڕێنەی ئاوارەتەی ئەو شتەیە کە باسم لێوە کرد.

گۆدار: کەواتە دەتوانین بڵێین یەکەمین شت لە فیلمەکەدا سەرنجی تۆی ڕاکێشا ئەوە بوو فیلمەکە بە تەواوی بەتاڵە لە سەرچاوە سینەماییەکان. دەتوانیت فیلمی هێرۆشیما بە فۆڵکنەر کۆ ستانسلاڤسکی وەسف بکەیت، بەڵام ناتوانی وەک ئەم و ئەو و فڵانە دەرهێنەر لەگەڵ فڵانە دەرهێنەرێکی تردا وەسف بکەیت.

 

 

ڕیڤێت: ڕەنگە فیلمەکەی ڕێنەی هیچ سەرچاوە و گەڕانەوەیەکی دیاریکراوی سینەمایی نەبێت، بەڵام پێموایە دەتوانی گەڕانەوەیەکی لار و قووڵی تێدا بدۆزیتەوە، چونکە فیلمەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئایزنشتاین. واتا دەتوانی هەندێک لە ئایدیاکانی ئایزنشتاین لە پراکتیکی فیلمەکەدا بدۆزیتەوە و لەوەش گرنگتر، بە شێوازێکی نوێ.

 

 

گۆدار: کاتێک گوتم هیچ سەرچاوەیەکی سینەمایی تێدا نییە، مەبەستم لەوە بوو کاتێک تەماشای هێرۆشیما دەکەی، لە کاتی تەماشاکردندا ئەو هەستەت پێ دەبەخشێت کە تەواو قایلکەر نییە لەگەڵ ئەو تێرمانەی پێشووتر کەسێک لە سینەمادا پێی ئاشنا بووە. بۆ نموونە: کاتێک تەماشای فیلمی “گۆرانیی هیندی – ١٩٧٥/ مارگرێت دوراس” دەکەیت تووشی سەرسووڕمان دەبیت، بەڵام کەم تا زۆر پێشبینی ئەو سەرسووڕمانێتییە دەکەی. هەروەک چۆن دەزانم فیلمی “ئەزموونە سامناکەکانی دکتۆر – ١٩٥٩” تووشی سەرسووڕمانم دەکات هەروەک فیلمی “ئێلینا و پیاوەکانی – ١٩٥٦” سەرسامی کردم. هەرچۆنێک بێت کاتێک تەماشای هێرۆشیما دەکەم وەک شتێک کە بەهیچ شێوەیەک چاوەڕێم نەدەکرد. […]

 

 

ڕۆمەر: با کەمێک باسی فیلمی “هەموو یادەوەریی جیهان[2]” بکەین. هێندەی من دەزانم ئەم فیلمە زۆر لێڵ و ناڕوونترە. بەڵام فیلمی هێرۆشیما لە زۆر لایەنەوە ڕەوانتر دەرهێنراوە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی نا.

 

 

 

ڕیڤێت: بێگومان ئەوە پڕ ڕازترین کورتە فیلمی ڕێنەیە. لەگەڵ ئەوەی بابەتێکی هەم مۆدێرنە و هەم وەڕزکەر، فیلمەکە زایەڵەی ئەو شتەیە ژان ڕێنوار لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئێمەدا گوتی: جەوهەری ئەو شتەی ئێستا لە شارستانێتیەکەماندا ڕوودەدات پڕۆسەی شارستانێتی پسپۆڕەکانە. هەر کامێکمان زیاتر و زیاتر لەو بوارە کەمەی خۆمان قفڵ بووین و ناتوانین لێی دەرباز بین. ئێستا ئیتر هیچ کەس ناتوانێت هێما و نووسینە دێرینەکان یاخود فۆڕموڵەی زانستی مۆدێرن پێکەوە کەشف بکات. کولتوور و خەزێنەی هاوبەشی مرۆڤەکان بۆتە نێچیری پسپۆڕەکان. پێموایە ئەمە هەمان ئەو شتە بووە ڕێنەی لە مێشکیدا بووە لە کاتی دروستکردنی فیلمی هەموو یادەوەریی جیهان. ویستوویەتی ئەوە پیشان بدات کە تەنیا کارێک بۆ مرۆڤ پێویست بێت گەڕانە بۆ یەکێتیی کولتوور، تاکەکان هەوڵبدەن دووبارە فراگمێنتە پەرش و بڵاوەکانی کولتووری جیهانی کە ون بووە کۆبکەنەوە. پێموایە هەربۆیە کورتەفیلمەکە بە گرتەی بەرز بەرزی ناوەڕاستی هۆڵەکە کۆتایی دێت، لەوێوە دەتوانی هەموو خوێنەرەکان و لێکۆڵەرەوەکان لە شوێنی خۆیان ببینی کە خۆیان بەسەر دەستنووسەکانیاندا چەماندۆتەوە، بەڵام هێشتا هەمووان و بە تەنیشت یەکتر لە گەڕان و هەوڵدان بۆ کۆکردنەوەی هەموو پارچە لێکهەڵوەشاوەکان، تاوەکو ڕازی مرۆڤایەتی بدۆزنەوە: ڕازێک کە ڕەنگە پێی بگوترێت خۆشبەختی.

دۆمارشی: کاتێک هەموو شتێک دەوترێت و دەکرێت، تێمایەکە هێندە لە تێمای فیلمی هێرۆشیماوە دوور نییە. ئێوە دەڵێن لە ئاستی فۆڕمێکدا ڕێنەی لە ئایزنشتاین نزیک دەبێتەوە، بەڵام لە ئاستی ناوەڕۆکیشدا بەهەمان شێوەیە و هەردووکیان هەوڵدەدەن دژیەکەکان یەکبخەن یاخود دەتوانین بڵێین هونەرەکیان هونەرێکی دیالێکتیکییە.

 

 

ڕیڤێت: گەورەترین وەسوەسەی ڕێنەی (ئەگەر بتوانم ئەو وشەیە بەکار بێنم)، ئەوە دابەشکردنی یەکێتیی سەرەتاییە – جیهان تێکشکاوە، بەش بەش بووە بۆ زنجیرە پارچەیەکی ورد و دەبیت پارچەکانی وەک یاری پەزڵ Puzzle بگەڕێنینەوە جێی خۆی. من وای بۆ دەچم ئەم دووبارە پێکهێنانەوەیەی ڕێنەی لە دوو ئاستدا کار دەکات؛ یەکەم لە ئاستی بە دراماییکردن، دووەم (کە پێموایە زۆر گرنگترە) ئەویش لە ئاستی ئایدیای خودی سینەمادایە. ئەو هەستەم هەیە کە سینەما بۆ ئالان ڕێنەی بریتییە لە هەوڵ بۆ دروستکردنی گشتێتییەک لەگەڵ فراگمێنتگەلێک جیاواز. بۆ نموونە: لە یەکێک لە فیلمەکانی ڕێنەیدا دوو دیاردە کە هیچ پەیوەندییەکی لۆجیکی و دراماییان نییە، پێکەوە گرێدراون چونکە هەردووکی بە تراکین شۆت و بە هەمان خێرایی وێنەی گیراوە.

 

 

گۆدار: دەتوانی هەموو ئەو ئایزنشتاینێتییە Eisensteinian لە هێرۆشیمادا ببینی، چونکە ئەو خاوەنی پێناسەی ئایدیای مۆنتاژە.

 

 

ڕیڤێت: بەڵێ. مۆنتاژ هەم بۆ ئایزنشتاین و هەم بۆ ڕێنەییش بریتییە لە دووبارە دۆزینەوەی یەکێتی لە بنچینەی پارچەپارچەبووندا بەڵام بەبێ شاردنەوەی ئەو پارچانەدا. بەپێچەوانەوە؛ جەختکردنەوە لە بەهای سەربەخۆیی گرتە. جوڵەیەکی دوولایەنە – جەختکردن لەسەر سەربەخۆیی گرتە و بەردەوامێتیی گەڕان لەناو ئەو گرتەیەی دەتوانێت داخڵ بە پەیوەندی گرتەیەک یاخود چەند گرتەیەکی دیکە ببێت و بەم شێوەیە لە کۆتاییدا فۆڕمێکی یەکێتیی دروست دەبێت. بەڵام لەیادتان بێت ئەم یەکێتییە بەردوامیدان بە کلاسیک نییە. بەڵکو یەکێتییەکی دژبەیەکە، یەکێتیی دیالێکتیکییەک وەک هیگڵ و دۆمارشی باسی دەکەن . (بە پێکەنینەوە.)

 

دۆنیۆل-ڤالکۆز: کەمکردنەوەی جیاوازییەکان.

 

ڕۆمەر: بۆ ئەوەی باسەکە کۆبکەینەوە، ئالان ڕێنەی هونەرمەندێکی کوبییە. مەبەستم ئەوەیە ئەو یەکەم دەرهێنەری مۆدێرنی فیلمی دەنگییە. زۆر دەرهێنەری مۆدێرنی دیکەی سینەمای بێدەنگ هەبوون: ئایزنشتاین، ئیکسپرێشیزمەکان و هەروەها درایەر. بەڵام پێموایە فیلمە دەنگییەکان ڕەنگە زۆر زیاتر کلاسیکی بن وەک لە فیلمە بێدەنگەکان. هێشتا سینەمای مۆدێرن نەیتوانیوە بە قووڵی ئەو هەوڵە بدات، کە لە نیگارکێشی و ڕۆمانی ئەدەبی ئەمریکیدا کوبیزم کردوویەتی، بە واتایەکی تر جۆرێک لە دووبارە بنیاتنانەوەی واقیع. لەم بنەمایەوە دەتوانرێت گرنگیی ڕێنەی بۆ تابلۆی گوێرنیکا شیبکرێتەوە، کە تابلۆیەکی کوبیی پیکاسۆیە کە بە تەواویشی کوبیی نییە بەڵکو زیاتر وەک گەڕانەوەیە بۆ کوبیزم – هەروەها ئەوە ڕاستییەی کە ویلیام فۆڵکنەر یاخود دۆس پاسۆسڕەنگە ئیلهامیان لێوەرگرتبێت، تەنانەت مارگرێت دوراسیش.

 

کاست: ئەو شتەی دەتوانین بیبینین، ڕێنەی داوای لە مارگرێت دوراس نەکردووە بۆ پارچەیەک دەقی ئەدەبیی مامناوەند و دواتر “بکرێت بە فیلم”، هەروەها بە پێچەوانەشەوە دوراسیش مەبەستی نەبووە شتێکی مامناوەند بڵێت، یاخود بنووسێت کە ڕەنگبێ لە دەرەوەی بواری سینەمادا بێت. پێویستە بگەڕێنەوە بۆ مێژووی زۆر دووری سینەما،  سەردەمی سادەیی و شەیدایی – بە شێوەیەکی ڕیژەیی بە دەگمەن دەخرایە پرکاتیزەوە – بۆ کەسێکی وەکو دێلوک مەبەستی بوو هیچ جیاوازییەک لەنێوان ئامانجی ئەدەبیات و پڕۆسەی دروستکردنی سینەمایی نەکات.

 

ڕۆمەر: ئەو خاڵی ڕوانینەی کە دەستم پێکرد خەریکە نامێنێت – هەندێک کەس دەتوانن سەرزەنشتی هەندێک لە دەرهێنەران بکەن بەوەی ئیلهامیان لە ڕۆمانە ئەمریکییەکانەوە وەردەگرن – لە باگراوەندێکی ڕواڵەتیدا. بەڵام لێرەدا پرسێکی تر هەیە لەسەر کاریگەریی یەکسانی، ڕەنگە هێرۆشیما بەڕاستی فیلمێکی تەواو نوێ بێت. کە بانگ لە پرسی تێز دەکات و دەبێت ددانی پیدابنێم تا ئێستا بیرۆکەی من بووە و ئیستاش تا زووە دەبێت دەستبەرداری بم (بە پێکەنینەوە) و ئەوەش کلاسیکیزمی سینەمایە لە پەیوەندی بە هونەرەکانی دیکەوە. هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە سینەماش توانی بە زووترین ماوە سەردەمی کلاسیکیی خۆی جێبهێڵێ و بێتە ناو سەردەمی مۆدێرن. پێموایە لە چەند ساڵێکی کەم، لە دە ساڵدا، بیست یاخود سی ساڵ، دەبێت هەمووان ئەوە بزانین هێرۆشما گرنگترین فیلمە لە کاتی جەنگەوە، یەکەم فیلمی مۆدێرنی سینەمای دەنگییە یان ڕەنگە هێندەش گرنگ نەبێ وەک ئەوەی ئێمە بیری لێدەکەینەوە. لە هەر حاڵێکدا بێت فیلمێکی ئێجگار گرنگە، بەڵام ڕەنگە بە تێپەڕبوونی ساڵ گرنگیی خۆی بە دەست بهێنێت، دەشکرێت گرنگیی خۆی کەمێک لەدەست بدات.

گۆدار: وەک فیلمی “ڕێسای گەمەکەژان ڕێنوار ١٩٣٩” لە لایەک و هەردوو فیلمی “بەندەری سێبەرمارسێل کارنێ ١٩٣٨” و “کازیوە – مارسێل کارنێ ١٩٣٩” لە لایەکی دیکە. هەردوو فیلمەکەی کارنێ زۆر زۆر گرنگن، بەڵام ئێستا کەمتر گرنگیان هەیە لەچاو فیلمەکەی ڕێنوار.

 

ڕۆمەر: بەڵێ.  لەسەر ئەو بنەمایە هەندێک توخمم لە هێرۆشیمادا دۆزییەوە کە کەمتر فریودەرن وەک لەوانی دیکە، شتێک لە یەکەمین فرەیمەکاندا هەبوو منی بێزار دەکرد. دواتر هەر خێرا فیلمەکە هەستی بێزاربوونەکەمی تێدا ون کردم، بەڵام دەتوانم تێبگەم کەسێک بتوانێت ستایشی فیلمکە بکا و حەزی لێبێت و لە هەمان کاتدا هەست بە تێکهەڵجوونی شوێنەکان بکات.

 

دۆنیۆل-ڤالکرۆز: لە ڕووی ئەخلاقییەوە یاخود جوانیناسی؟

 

گۆدار: هەمان شتن. گرتە تراکینەکان[3] پرسی ئەخلاقین.

 

کاست: بێ هیچ چەندوچوونێک هێرۆشیما فیلمێکی ئەدەبییە. ئێستا هەرکاتێک نازناوی “ئەدەبی” لە فەرهەنگی سینەمادا بەکار دەهێنرێت وەک سووکایەتی دەبینرێت. ئەوەی لە فیلمەکەدا زۆر گرنگە تێکشکاندنی واتا نێگەتیڤەکەی ئەم وشەیەیە. وەک ئەوەی ڕێنەی بیەوێت گەورەترین ئارەزووی سینەمایی تێکەڵ بە گەورەترین ئارەزووی ئەدەبی بکات. زۆرێک لەوانەی ڕەخنە دەگرن و دەڵێن؛ فیلمەکە زۆر جوانە، بەڵام دەقەکەی زۆر ئەدەبییە، زۆر نا سینەماییە و هتد و هتد… لە ڕاستیدا نازانم چۆن کەسێک دەتوانێت ئەم دوانە لێک جودا بکاتەوە.

 

گۆدار: ساشا گیتری بەوە زۆر دڵخۆش دەبێت.

 

دۆنێل-ڤالکرۆز: کەس ئەو پەیوەندییە نابینێت.

 

گۆدار: خۆشبەختانە ئێمە گەیشتووینەتە ئەو خاڵە کە تەنانەت کەسانی ئەدەبییش هاوڕان لەگەڵ ئەوانەی پێشەنگا دەکەنەوە چیتر لەسەر ئەو ڕایە نین کە ئەوەی گرنگە تەنیا وێنەیە، شتێک کە ساشا گیتری زۆر دەمێک بوو ئەوەی سەلماندبوو، بە مەبەستەوە دەڵێم “سەلماندی”. چونکە بۆ نموونە پاگنۆل نەیتوانی ئەوە بسەلمێنێت. مادەم ترۆفۆ لێرە نییە و من زۆر دڵخۆشم لەجێی ئەو ئاماژە بۆ ئەوە بکەم کە فیلمی هێرۆشیما لەلایەن ئەو کەسانەوە ڕەخنەی لێگیرا و تۆمەتبار کرا کە نەچوون بۆ بینینی سینەماتیکە دێرینەکەی ساشا گیتری[4].

دۆنێل-ڤالکرۆز: ئەگەر ڕۆمەر مەبەستی ئەوە بووبێت کە بەشێک لە فیلمەکە بێزارکەرە، ئەوە ئاگاداری ئەوەشم کە بەشیک لە فیلمکانی گیترییش بیزارکەرن. […]

بە شێوەیەکی بنچینەیی، زیاتر لە ئارەزووی تەماشاکردنی ژنێکی پێگەشتوو بۆ یەکەم جار لە فیلمدا، پێموایە ئەوە لێهاتویی کارەکتەری ئێمانوێل ڕیڤایە کە ئامانجی سایکۆلۆجی ژنێکی پێگەیشتوو(باڵغ) نییە، هەروەک ژان-پێر لۆد لە فیلمی ٤٠٠ زەڕبەدا کە ئامانجی سایکۆلۆجیی مناڵێک نییە، ستایلێک لە هەڵسوکەوت کە پیشتر ئامادەکاریی بۆ کراوە لەلایەن سیناریۆنووسە پڕۆفیشناڵەکان. ئێمانوێل ڕیڤا ژنێکی مۆدێرنە چونکە چیتر بەتەنیا ژنێکی پێگەیشتوو نییە بەس. تەواو بە پێچەوانەوە؛ ئەو زۆر منداڵانەیە،  هاندەرەکانی ئەو شتانەیە بەسەریدا دەسەپیندرێت نەک ئایدیاکانی. ئەنتۆنیۆنی یەکەم کەس بوو ئەم جۆرە ژنانەی پیشانمان دا.

ڕۆمەر: پیشتر هیچ ژنێکی باڵغ لە سینەمادا هەبووە؟

دۆمارشی: مادەم بۆڤاری.

گۆدار: ئەوانەی ڕێنوار و مینێلی؟

دۆمارشی: پێویست بە گوتن ناکات. (بە پێکەنینەوە.) کەواتە با بڵێین ئێلینا.

ڕیڤێت: ئێلینا ژنێکی پێگەیشتووە بەو مانایەی ئەو کارەکتەرە ژنانەی لەلایەن ئینگرید بێرگمانەوە[5] ڕۆڵی بینیووە کارەکتەری کلاسیکی نین، بەڵکو مۆدێرنزیمی کلاسیکین، وەک ژنەکانی ڕێنوار و ڕۆسێلینی. ئێلینا ژنێکی ڕۆشنبیرە، هەستیارە بەرامبەر کیشەکان و غەریزە و میکانیزمی قووڵی کێشەکان بەڵام هەمیشە دژوازە بەرامبەر هۆکارەکان و ئەوەش لە فۆڕمێکی سایکۆلۆجی کلاسییکیەوە داڕێژراوە؛ چەمکی تێکەڵبوونی مێشک و هەستەکان. لە کاتێکدا ئێمانوێل ڕیڤا کارەکتەرێکە نا عەقڵانی نییە، بەڵام عەقڵانیش نییە. ئەو لە خۆی تێناگات. ناتوانێت خۆی شیبکاتەوە. هەرچۆنێک بێت، کەمێک لەوە دەچێت کە ڕۆسۆلێنی لە فیلمی سترۆمبۆیلدا هەوڵیداوە ئەنجامی بدات. بەڵام لە فیلمی سترۆمبۆیلدا ئینگرید بێرگمان کارەکتەرێکە بە ڕوونی وەسفکراوە، ئەو کارەکتەرێکی “ئەخلاقی”ـیە بەڵام لەبری ئەوە  کارەکتەری ئێمانوێل ڕیڤا لێڵ و ناڕوونە. زیاتریش لەوە تێمای هێرۆشیمایە: ژنێک کە چیتر نازانێت لە کوێیە، ژنێک کە چیتر نازانێت کێیە، ژنێک کە ناچارە دووبارە پێناسەی خۆی بکاتەوە لەڕیی پەیوەندیی بە هێرۆشیماوە، بە پیوەندیی لەگەڵ پیاوە ژاپۆنییەکە و پەیوەندیی بە یادەوەرییەکانی شاری نێرڤەوە کە هەمیشە دەگەرێتەوە بۆ لای. لە کۆتاییدا ئەو ژنێکە دووبارە لە سەرەتاوە دەستپێدەکاتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتا، هەوڵدەدات پێناسەی خۆی بکات بەر لە جیهان و بەر لە ڕابردووی لە ڕێگەی چەمکی بوونگەراییەوە، وەک ئەوەی جارێکی تر ببێتەوە بە ماددەی پێکنەهاتوو بەر لە پڕۆسەی لەدایکبوون.

 

گۆدار: کەواتە دەتوانی بڵێی هێرۆشیما وەک کارەکانی سیمۆن دی بوڤوارە.

 

دۆمارشی: بەڵێ. ڕێنەی چەمکە سایکۆلۆجییە بوونگەراییەکان ڕووندەکاتەوە.

 

دۆنێل-ڤالکرۆز: هەروەک فیلمی گەشتێک بەرەو پاییز یاخود زۆر نزیک لە ژیان[6]، بەڵام بە جیاوازی و سیستەماتیکێکی زیاترەوە. […]

 

دۆمارشی:  لە ڕاستیدا فیلمەکە دۆکیۆمێنتێکە لەسەر ئێمانوێل ڕیڤا. زۆرم پێخۆشە بزانم ڕیڤا چۆن بیر لە فیلمەکە دەکاتەوە.

 

ڕیڤێت: ئاکتەکەی ڕیڤا هەمان ئاڕاستەی فیلمەکە دەگرێتە بەر. هەوڵێکی مەزنی پێکەوەگونجاندنە. پێموایە دووبارە دەگەڕێینەوە سەر ئەو سکێچەی کەمێک پێش ئێستا هەوڵمدا وێنەی بکێشم؛ هەوڵێک بۆ دووبارە پێکەوەنانی پارچەکان بەیەکەوە؛ لەناو هەست/ شعوری پاڵەوانەکەدا، هەوڵێک لە بەشەکانی خۆیدا بۆ یەکگرتنەوەی توخمە جیاوازەکان لە هەست و پێرسۆنایدا، بۆ بنیاتنانێک لە دەرەوەی ئەم فراگمێنتانە یاخود لانیکەم لە فراگمێنتەکانی ناخدا بە شۆکی ئەو دیدارەی هێرۆشیما. ئەگەر کەسێک وا بیربکاتەوە کە فیلمەکە دوو دەستپێکی هەیە لە دوای بۆمبەکەوە ئەوا راستییەکەی پێکاوە؛ لە ئاستی شێوەکاری و لە ئاستی ڕۆشنبیری، یەکەم وێنەی فیلمەکە وێنەیەکی ئەبستراکتی دوو خۆشەویستەکەیە کە خۆڵەمێش دەبارێت، هەروەها تەواوی دەستپێکەکە زۆر بە سادەیی مێدیتەیشنێکە بۆ هێرۆشیما لەدوای تەقینەوەی بۆمبەکە. بەڵام لە ئاستێکی دیکەشدا دەتوانی بڵییت فیلمەکە بۆ ئێمانوێل ڕیڤا دوای تەقینەوەکە دەستپێدەکات، لە دوای شۆکەکەوە دەستپیدەکات کە بەرئەنجامی  پەرتەوازەبوونی کەسایەتیی سایکۆلۆجییەتی، واتا ئێمە تەنیا دواتر دەزانین کە ئەو زەماوەندی کردووە، لە فەڕەنسا منداڵی هەیە و ئەکتەرە – بە کورتییەکەی ئەو ژیانێکی دروستکردووە. بەڵام لە هێرۆشیمادا ئەزموونی شۆکێک دەکات، “بۆمب”ـێکی لە شعوردا دەتەقێتەوە و ئەوە بۆ ئەو دەبێت بە پرسیارێک بۆ دووبارە دۆزینەوە و پێکهێنانەوەی خۆی. هەروەک هیرۆشیما کەدەبوایە دوای وێرانیی بۆمبە ئەتۆمییەکە دووبارە بنیات بنرێتەوە، ئێمانوێل ڕیڤا لە هێرۆشیمادا هەوڵ دەدات دووبارە واقیعی خۆی بنیاتبنێتەوە. ئەو دەتوانێت تەنیا بە بەکارهێنانی سەنتێزی ئیستا و ڕابردوو سەربکەوێت، چیی لە هێڕۆشیمادا کەشف کردووە، هەروەها لە ڕابردوودا و لە نێرڤدا چیی ئەزموون کردووە.

 

 

دۆنێل-ڤالکرۆز: واتای ئەو ڕستەیە چییە کە پیاوە ژاپۆنییەکە لە سەرەتای فیلمەکەوە بەردەوام دووبارەی دەکاتەوە “نا، تۆ هیچت لە هێرۆشیما نەبینی“؟

 

 

گۆدار: دەبێت بە سادەترین شیوە لێی تێبگەین. ئەو هیچی نەبینیووە چونکە لەوێ نەبوو، تەنانەت پیاوە ژاپۆنییەکەش. هەرچۆنێک بێت، ئەو هەروەها پێی دەڵێت کە ڕیڤا لە پاریسیش هیچی نەبینیووە، سەرەڕای ئەوەی خەڵکی پاریسە. خاڵی دەستپێک چرکەساتی ئاگاییە یاخود لانیکەم ئارەزوو بۆ ئاگامەندی. پێموایە ڕێنەی ویستوویەتی فیلمی ئەو ڕۆمانانە بگرێت کە ڕۆماننوسە گەنجە فەڕەنسییەکان هەوڵی نووسینی دەدەن، کەسانێکی وەک بۆتۆر، ئالان ڕۆب گرێی، باستای و بێگومان مارگرێت دوراسیش. لەبیرمە لە پڕۆگرامیکی رادیۆییدا ڕێژ باستای دەربارەی شیلکەکێوییەکانی بێرگمان قسەیدەکرد و لەناکاو بۆی دەرکەوت کە چۆن سینەما دەتوانێت گوزارشت لەو شتە بکات کە ئەو لەناو ئەدەبیاتدا بیری لیدەکردەوە، کێشەکەی ئەو وەک ڕۆماننووسێک لەوەدایە ناتوانێت لەسەر سینەما بۆستێک وەک خودی سینەما خۆی. پێموایە ئەوە خاڵێکی زۆر گرنگە.

 

 

 

کاست: هەروەها ئێمە زۆر فیلممان بینیووە کە هاوتەریبن لەگەڵ بنچینەی ڕێساکانی ڕۆماندا. هێرۆشیما لەوە زیاتریش دەڕواتە پیش. ئێمە لەناواخنی بیرکردنەوەی خودی گێڕانەوەیەکداین. ڕێرەوێک لە ئێستادا بەرەوە ڕابردوو، بەردەوامیی ڕابردوو لە ئیستادا، لێرەدا چیتر بە کەسایەتی، بە چیرۆک ڕابردوو دیاری ناکرێت بەڵکو بە جووڵە شاعیرانەکان. لە ڕاستیدا هێرۆشیما شەڕی بنچینەیی نێوان پڵۆت و ڕۆمان هەڵدەگیرسێنێت. لە ئێستادا لایەنگیرییەک هەیە کە دەیەوێت گێڕانەوەی سایکۆلۆجیی لە ڕۆماندا نەمێنێت. ئالان ڕێنەی تەواو هاوڕایە لەگەڵ گۆڕان و دەستکاری لە ڕۆماندا. هۆکاری ئەمەش زۆر سادەیە؛ هیچ ڕووداوێک بوونی نییە، تەنیا هەوڵێک بۆ تێگەیشتن لەوەی دەکرێت چیرۆکێکی خۆشەویستی چ مانایەک ببەخشێت. سەرەتاش لە ئاستی تاکەکەسیدا، لە هەوڵی بەربەرەکانێیەکی درێژخایەن لەنێوان ئەشق و نەمانی خۆی لە تێپەڕینی زەمەندا. وەک چۆن ئەشق لە ساتێکدا ڕوودەدات، هەروەها ئێمەش دەترسێنرێین بەوەی لەبیردەچینەوە و وێران دەبین. هەروەها لە ئاستی پەیوەندیی نێوان ئەزموونی تاکەکان و ئۆبژەی مێژوویی و بارودۆخی کۆمەڵایەتی. ئەڤینی ئەم کارەکتەرە نەناسراوانە لە دوورگەیەکی بیابانییدا ڕوونادات کە خۆیان لە گەمەکانی هەستوسۆز بەدوور بگرن. بەڵکو لە سنوورێکی دیاریکراودا ڕوودەدات، کە تەنیا لە کۆمەڵگەیەکی ترسناکی مۆدێرندا دروست دەبێت. فیلمەکەی وەک دۆکیۆمێنتەرییەکی بێ پڵۆت لەسەر هێرۆشیما دروستنەکراوە، وەک هەندێک کەس دەڵێن، کە کە کاتیان نییە بە جوانی تەماشای فیلمەکە بکەن.

 

ڕۆمەر: بە کورتییەکەی، چیدی ئەوەی بەم فیلمە بڵیی ئەدەبیات ڕەخنە و سەرزەنشت نییە، چونکە هێرۆشیما نەک تەنیا ئەدەبیاتی هەستاندەوە، بەڵکو بەپیش ئەدەبیاتیش کەوت. بێگومان کۆمەڵێک کارتێکەری دیاریکراو هەیە: پروست،  جۆیس و ئەمریکییەکان، بەڵام ئەمانە ئەسیمیلاسیۆن کراون لەلایەن رۆماننووسە گەنجەکانەوە، یەکەم ڕۆمان دەبێت بە ڕووداو، ڕۆژژمێرێکی دیاریکراو چونکە هەنگاوێک بەرەو پیشەوە دەڕوات.

 

 

گۆدار: لە ڕوانگەیەکی ئەدەبییەوە ڕەنگە ڕاستیی ئەو بێزارییە شیبکرێتەوە کە خەڵکی عادەتەن بێزار دەبن لە سینەما لەناو سینەما لە کاتێکدا شانۆ لەناو شانۆ یان ڕۆمان لەناو ڕۆمان بەهەمان شێوە کاریگەریی نییە بەسەریانەوە.

 

دۆنێل-ڤالکرۆز: لە ڕوانگەی منەوە ئالان ڕێنەی زۆر دەترسا کە فیلمەکەی وەک هیچ نەبینرێت تەنیا وەک فیلمێکی پڕوپاگەندەیی. نەیدەویست بە سوودی لایەنێکی سیاسیی دیاریکراو کۆتایی پێبێت. هەرچۆنێک بێت پەیامێکی سیاسیی واتادار دەبەخشێت بەڵکو لەبری پەیامێکی سیاسیی ڕووکەشانە. ڕەنگە هەر لەبەر هەمان هۆکار بێت بێلایەنییەک دەبەخشێتە دروشمی “جەنگ لە پێناو ئاشتی.” لەلایەن کچێکی سەرتاشراوەوە لە دوای ئازادی.

 

دۆمارشی: هەر لەبەر هەمان هۆکار ئەو کیژە بۆخۆی ئەکتەری فیلمە. ئەمەش ڕێ بۆ ڕێنەی خۆشدەکات تا پرسیارێک دروست بکات دەربارەی خەبات دژ بە بۆمبی ئەتۆمی، بۆ نموونە لەبری ئەوەی مارش و درووشمی خەڵکەکە بە ڕاستی وێنەبگرێت، لەبری ئەوە وێنەی فیلمێکی سازکراو دەگرێت لە کاتی هوتاف کێشاندا، ئەم وێنانە بەیادی بینەر دەهێننەوە کە ئەوەی تەماشای دەکەن فیلمە.

 

فیلم؛ هیرۆشیما خۆشه‌ویسته‌كه‌م ١٩٥٩

 

ڕیڤێت: هەمان ستراتیژیی پیر کلۆشۆڤسکی کە لە یەکەم ڕۆمانیدا[7] گرتوویەتیە بەر. پیش چاپبوونی کتێبەکە خوێندنەوەیەکی کتێبەکەی بڵاوکردەوە. هەردووکیان بزووتنەوەیەکی دوولایەنیی هۆشن و دەبێت دووبارە بگەڕێینەوە بۆ کلیلی وشەکان: دیالێکتیک – جوولەیەک کە پێکهاتووە لەو شتەی ئێستا  لەهەمان کاتدا کرداری دووری لە پەیوەندی ئەو شتەدا – بە واتایەکی دی نکوڵیکردن لە دووباتکردنەوە. بگەڕێنەوە سەر نموونەی مارشەکە، لەبری ئەوەی مارشەکە ئافرێندراوی دەرهێنەر بێت، دەبێتە ئۆبژەیەکی واقیعی کە دەرهێنەر دووجار وێنەیگرتووە. بۆ کلۆشۆڤسکی و ڕێنەی کێشەکە ئەوەیە هەستێک بە بینەر و خوێنەر ببەخشن کە ئەوەی دەیخوێننەوە یاخود دەیبینن ئافرێنراوی نووسەر یاخود دەرهێنەر نەبێت، بەڵکو توخمێک بێت لە ئۆبژەی جیهانی واقیعی. […]

 

 

 

مادەم ئێمە لە جیهانی جوانیناسیداین، هەر وەک گەڕانەوە بۆ فۆڵکنەر، بە بڕوای من گرنگە ناوی کەسێکی دیکەش بهێنین کە بێگومان پەیوەندیی بە گێڕانەوەی فیلمی هێرۆشیمادا هەیە: ستراڤینسکی. کیشەی ڕێنەی ئەوەیە هەمان ئەو شتە بەکار دەهێنێت کە ستراڤینسکی لە موزیکدا بەکاری دەهێنێت. بۆ نموونە ئەو پێناسەیەی ستراڤینسکی بۆ موزیکی هەیە – جێگرەوەی میراتێکی باڵا و هێمن – بۆ من وا دەردەکەوێت لەگەڵ فیلمەکانی ئالان رێنەیدا بە تەواوی دەگونجێت. واتای چییە؟ گەڕان بۆ هاوسەنگییەکی باڵا بۆ گشت ئافراندەکانی تاکەکان. پڕەنسیپی ستراڤینسکی بریتییە لە بەردەوام بڕینی ڕیتم. مەزنترین نوێگەرییش لە ئاوازی “مەراسیمی بەهار“ـدا، یەکەم کاری موزیکییە کە ڕیتمەکان سیستەماتیکی هەمەجۆر داڕێژراون. ڕیتمەکان نەک تەنێ نۆتەکانی، بەڵکو زنجیرەیەک موزیک بە ڕیتمی دژبەیەک چنراوە. هەروەها هەمان هەستم بەرامبەر ڕێنەی هەیە کاتێک کاتێک چوار گرتەی تراکین پێکەوە دەبڕێت و دواتر لەناکاو دەچێتە سەر گرتەی نەجووڵاو، دوو گرتەی نەجووڵاو و پاشان دەگەڕێتەوە سەر گرتەی تراکین. بە ڕیزکردنی گرتەی نەجووڵاو و تراکین هەوڵدەدات ئەو شتە بدۆزێتەوە کە پێکەوەیان دەبەستێتەوە. واتا ئەو بەردەوام دەگەڕێت بۆ کاریگەریی دژ و کاریگەریی یەکێتی.

 

گۆدار: هەمان ئەو شتەیە کە ڕۆمەر پێشتر باسی لێوەکرد. پیکاسۆ، بەڵام ماتیس نییە.

 

دۆمارشی: ڕۆسێلێنی ماتیسە (بە پێکەنینەوە.).

جۆرج براك

ڕیڤێت: هەست دەکەم زیاتر جۆرج براکە وەک لە پیکاسۆ، واتا تەواوی کارەکانی براک بۆ بیرکردنەوەیەکی دیاریکراو تەرخانکرابوو، بەڵام پیکاسۆفرەجۆرێکی مەزن و جیاوازە. پتر ئۆرسن وێلز لە پیکاسۆ دەچێت، بەڵام ئالان ڕێنەی زیاتر لە براک نزیکە بە پیوەرەی کە کاری هونەری بە شێوەیەکی سەرەکی بیرکردنەوە و ڕەنگدانەوەی ئاڕاستەیەکی دیاریکراوە.

 

 

 

گۆدار: کاتێک گوتم پیکاسۆ  بەتایبەتی بیرم لە ڕەنگەکان دەکردەوە.

ڕیڤێت: بەڵێ، بەڵام براکیش ڕەنگ بەکار دەهێنێت. ئەو نیگارکێشێکە دەیەوێت ڕەنگە تیژەکان نەرمبکاتەوە و ڕەنگە نەرمەکان تووندوتیژ دیاربخات. براکدەیەوێت زەردی کاڵ نەرم دەرکەوێ، بەڵام مانێ دەیەوێت ڕەنگی ڕەساسی تیژ بنوێنێت. ئێهـ ئیتر ئەوە ئاماژەمان بە  “ناو”ـی زۆر کەس کرد، وەک دەبینن زۆر ڕۆشنبیرین (بە پێکەنینەوە).

 

گۆدار: فیلمێک هەیە کە دەبێت شتێکی بە ئالان ڕێنەی بەخشی بێت تا بیری لێ بکاتەوە، زیاتر لەوە ئەو خۆی مۆنتاژی کردووە: فیلمی لا پۆینت کۆرت[8].

 

ڕیڤێت: بێگومان. پێموانییە ئەوە هەڵە بێت ئەگەر بگوترێت ئەو مۆنتاژەی ئالان ڕێنەی بۆ فیلمەکەی ئانیس ڤاردا کردوویەتی، بریتیبووە لەو شتەی ئانیس ڤاردا بیری لێدەکردەوە. لەڕاستیدا لە ئاستێکی بەرزدا ئانیس ڤاردا بۆتە فراگمێنتێک بۆ ئالان رێنەی و کریس مارکەریش.

 

 

دۆنێل-ڤالکرۆز: ئێستا کاتی ئەوەیە بێینە سەر “نەرمونیانیی سامناک”ـی ئالان ڕێنەی کە هاوڕێکانی لە ساتی ئاراندنی شەخسیدا لەناودەبات و جیادەبێتەوە. ڕێنەی ساتورنە و هەربۆیە هەموومان هەست بە لاوازی دەکەین کاتێک بەرانگاری دەبینەوە.

 

 

 

ڕۆمەر: هیچ کاممان حەزمان لە جیابوونەوە نییە. شتێکی باشە کە ئەو لە کەناری چەپی ڕووباری سینە و ئێمەش هیشتا لە کەناری ڕاستداین.[9]

 

 

مۆدیلیانی؛ تابلۆی ژان كۆكتۆ -ی شاعیری فه‌رێنسی ١٩١٦

گۆدار: کاتێک ڕێنەی هاواری “ئاکشن” دەکات دەنگ هەڵگری فیلمەکەی، بە زوحەل بانگی دەکات – واتا دەخولێتەوە – (بە پێکەنینەوە.) شتێکی تر، من بیر لە وتارێکی ڕۆڵان بارت دەکەمەوە دەربارەی فیلمی Les Cousins کە کەم تا زۆر دەڵێت بەهرەکان لە “ڕاست”ـدا خۆیان حەشار داوە. ئایا فیلمی هێرۆشیمافیلمێکی باڵی چەپە یاخود باڵی ڕاستڕەو؟

 

 

ڕیڤێت: با بڵێین هەمیشە جوانیناسییەکی چەپ لە ئارادایە، ئەو شتەی ژان کۆکتو لێوەی دەدوێ، ئەگەر فیلمی هێرۆشیما سەر بە باڵی چەپ بێت بە هیچ شێوەیەک نیگەرانم ناکات.

 

 

 

ڕۆمەر: لە ڕوانگەیەکی جوانیناسییەوە هونەری مۆدێرن هەمیشە سەر بە چەپڕەوە. بەڵام بەهەمان شێوە پێویست ناکار وا بیربکەینەوە کە دەبێت هەمیشە هونەری مۆدێرن سەر بە باڵی چەپ بێت. واتا بۆ نموونە دەکرێت چەمکێکی دیاریکراو لە هونەری مۆدێرن ڕەت بکرێتەوە و ڕێزی لە بگیرێت لە دەرەوی زەمەنێکی دیاریکراو، نەک بە هەمان شێوەی بەڵام وەک دژە مانای دیالێکتیک. لەگەڵ خۆشەویستی بۆ سینەمادا نابێت کەس گەشەسەندن ببەستێتەوە بە کرۆنۆلۆجییەوە. بۆ نموونە مێژووی فیلمی دەنگی لە سینەمادا زۆر ناڕوونە لە کاتێکدا مێژووی فیلمی بێدەنگ دەزانین. هەر بۆیە ڕێنەی فیلمێکی دروستکردووە کە دە ساڵ لە پێش سەردەمەکەیەتی، ئەوە هەڵەیە پێمان وابێت ئەو دە ساڵە سەردەمی ڕێنەی و دەبێت لە ئێستاوە شوێن ئەو زەمانە بکەوێت.

 

 

ڕیڤێت: بێگومان، مادەم ڕێنەی دە ساڵ لە پێش سەردەمەکەیەتی، بە گەڕانەوەیەکی ڕاستەقینە بۆ فیلمی ئۆکتۆبەر دەستەبەری دەکات، هەروەک تابلۆی Las Meninasـی پیکاسۆ گەڕانەوەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ ڤالاکوێز.

ڕۆمەر: بەڵێ. فیلمی هێرۆشیما فیلمێکە لە زەمەنی ڕابردوو، ئێستا و داهاتوودا نووقم بووە. گرنگییەکی زۆری بە داهتوو تیدایە، بە تایبەتی ئێش و ئازارەکانی داهاتوو.

ڕیڤێت: ئەگەر دەربارەی لایەنی زانستی-خەیاڵی[10]ـی ڕێنەی بدوێین بەهەڵەدا نەچووین. بەڵام لەهەمان کاتیشدا هەر هەڵەیە، چونکە ئەو تەنیا دەرهێنەرێکە ئەو هەستە دەگوازێتەوە وەک بڵێی کە ئەو گەیشتۆتە جیهانێک کە هیشتا لە چاوی خەڵکیدا داهاتووە. واتا ئەو تەنیا کەسێکە کە دەزانێت ئێمە لە سەردەمێکداین کە زانستی-خەیاڵی بووەتە واقیع. بە کورتییەکەی ئالان ڕێنەی تەنیا کەسێک لەناو ئێمەدا کە بەڕاستی لە ساڵی ١٩٥٩ـدا دەژی. وشەی زانستی-خەیاڵی بۆ ئەو هەموو واتا ناشرینەکان لە دەست دەدات چونکە ڕێنەی دەتوانێت جیهانی مۆدێرن وەک خۆی ببینێت. وەک نووسەرانی خەیاڵی-زانستی دەتوانێت هەموو هەڕەشە و مەترسییەکانمان پیشان بدات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەموو مەترسییەکان لە مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرن. بە پێچەوانەوەی فیلمی مێترۆپۆلیسی فرتز لانگ و ڕۆمانی “چارەنووسی بیگوم“ـی ژولی ڤێرنە و پاسکال گروسێت، جیاواز لەو قووتابخانە کلاسیکییەی زانستی-خەیاڵییەی نووسەرانی وەک ڕەی برادبیری و لۆڤکرافت و تەنانەت ڤان ڤۆگتیش – هەموو وەڵامەکانیان – لە کۆتاییدا دەدرێتەوە – بەڵام ڕێنەی ڕەسەنایەتییەکی گەورەی هەیە لەوەی لەناو خەیاڵی-زانستییەکەدا وەڵام نەداتەوە و کاردانەوەی نەبێت، نەک لەبەرئەوەی ئەو ئەم جیهانە مۆدێرن و فیوتۆرییە هەڵبژێریت و قبووڵی بکات، بەڵکو ئەو بە ئەشقەوە و بە قووڵی شییدەکاتەوە. مادەم لەم جیهانەدا دەژین و ئەڤیندارین، کەواتە بۆ ڕێنەی ئەم جیهانە باشە و واقیعیشە.

 

 

 

دۆمارشی: ئەوەش دەمانگەڕێنێتەوە بۆ ئادیایی “نەرمونیانیی سامناک” کە لە چەقی بیرکردنەوەی رێنەیدایە. بۆ ئەو کۆمەڵگا لەلایەن جۆرێک نەناسراوێتییەوە شکڵوشیوەی وەرگرتووە. کەساسیی جیهان لەو واقیعەوە داڕیژراوە کە کەس نازانێت کێ دەستدرێژکەرەکەیە. لە فیلمی شەو و تەم هەندێک کەس لە کارپێنتراس یان برێست لەدایکبوون و نازانن کە لە کۆتاییدا خۆیان لە کەمپی بە کۆمەڵدا دەبیننەوە، لە کاتێکدا لە چارەنووسیان نووسراوە. لە ڕوانگەی ڕێنەیەوە جیهان خۆی وەک هێزێکی نادیار و ئەبستراک دەردەخات. ئەمە لە دەرەوەی ئەو پێکدادانەی نێوان تاکەکان و گەردوونێکی تەواو نایاردایە، کە جۆرێک لە تراژیدیای جیهانی لەدایکبووە. ئەمە بەشی یەکەمی ئەندێشەی ڕێنەیە، دواتر بەشی دووەمی بیرکردنەوەی ڕێنەی لە گەڕانەوە بۆ بزوێنەری بەشی یەکەمدایە. ڕێنەی گەڕاوەتەوە بۆ تێماکانی سەردەمی ڕۆمانتیکی و شەڕی نێون تاک و کۆمەڵگا، هەروەک گۆتە و لاسییکەرەوەکانی، وەک ڕۆماننووسە ئینگلیزەکانی سەدەی نۆزدە، بەڵام لە کارەکانی ئەواندا شەڕی نێوان مرۆڤ و و فۆڕمی کۆمەڵگایەکی دیاریکراو بوو کە بە ڕوونی پێناس کراوە، لە کاتێکدا هیچ کام لەمانە لە کارەکانی ڕێنەیدا نییە. پێکدادان و شەڕەکە دووبارە خۆی نمایش دەکاتەوە بە شێوەیەکی تەواو ئەبستراکت؛ ئەویش نێوان مرۆڤ و گەردووندا.

 

 

 

ڕیڤێت: ڕێنەی بەرامبەر سرووشتی ئێستای جیهان زۆر هەستیارە. یەکەم قۆناغی کارەکانی ڕێنەی پیشاندانی ئەم ئەبستراکتەیە. دووەم قۆناغ زاڵبوونە بەسەر ئەم ئەبستراکتە بە بیرکردنەوە لێی، واتا  بە ڕیزکردنی ئەبستراکێک بۆ ئەبستراکتێکی تر بۆ دۆزینەوەی واقیعێکی کۆنکرێت.

 

گۆدار: ڕێک تەواو بە پیچەوانەی ڕۆسێلێنییەوە. میهرەبانیی ڕێنەی میتافیزیکییە نەک مەسیحی. هیچ ئەندێشەیەکی خێر و چاکە لە فیلمەکانیدا بوونی نییە.

 

 

ڕیڤێت: بێگومان. ڕێنەی ئاگنۆستیکە. ئەگەر خودایەک هەبێت و ئەو بڕوای پێبێت، زۆر لە خوداکەی قەدیس تۆماس ئەکوینێس خراپترە. ئەو بەم جۆرە بیردەکاتەوە: ڕەنگە خودا هەبێت، ڕەنگە تەفسیرێک بۆ هەموو شتەکان لە ئارادابێت بەڵام هیچ شتێک نییە ڕێگەمان بدات لەوە دڵنیابین.

 

 

گۆدار: وەک ستراڤۆگینی دۆستۆیۆڤسکی، کە ئەگەر ئیمان بهێنێت، ئیمان بەو شتە ناهێنێت کە ئیمانی پێی هەیە و ئەگەر ئیمان نەهێنێت، ئیمان بەوە ناهێنێت کە ئیمانی نەهێناوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئایا لە کۆتایی فیلمەکەدا ئێمانوێل ڕیڤا دەڕوات یاخود دەمێنێتەوە؟ دەتوانرێت هەمان پرسیار بکرێت دەربارەی فیلمی خانمانی پارکی ڕۆبێر بریسۆن، کە لە خۆت دەپرسیت ئایا ئانیس دەژیت یاخود دەمرێت.

 

 

ڕیڤێت: ئەوە گرنگ نییە. شتێکی باشە نیوە بینەران وا بیر بکەنەوە ئێمانوێل ڕیڤا لەگەڵ پیاوە ژاپۆنییەکەدا دەمێنێتەوە و نیوەکەی دیکە وا بیربکەنەوە کە ڕیڤادەگەڕێتەوە فەڕەنسا.

 

 

دۆمارشی: مارگرێت دوراس و ئالان ڕێنەی دەڵێن دەڕوات، دەڕوات لەبەر ئەوەی هەر ئەو ڕێیە دەمێنێتەوە.

گۆدار: ئەوا کاتە بڕوایان پێ دەکەم ئەگەر فیلمێکی تر دروست بکەن و بیسەلمێنن.

 

 

ڕیڤێت: پێم وانییە بە ڕاستی هیچ گرنگ بێت، هێرۆشیما فیلمێکی بازنەییە. لە کۆتا بەشدا دەتوانی بە ئاسانی بگەڕێیتەوە بۆ سەرەتا و بەم شێوەیە بەردەوام بێت. هێرۆشیما پارانتێزی زەمەنە.  فیلمێک دەربارەی بیرکردنەوە لە ڕابردوو و لە ئێستا. ڕێنەی زۆر نزیکە لە بۆرخیس، کە هەمیشە هەوڵیداوە بەجۆرێک چیرۆکگەلێک بنووسێت کاتێک دەگەیتە کۆتا دێڕ، خوێنەر دەبێت دووبارە بگەڕێتەوە سەر ڕستەی یەکەم بۆ ئەوەی بزانێت چیرۆکەکە لەسەر چییە – بەم جۆرە و بێ وەڕس بوون بەردەوام دەبێت – بۆ ڕێنەییش هەمان شتە.  ئایدیایی جاویدانییە بەڵام لە کۆمەڵیک پشووی کورت پێکهاتووە، زەمەن لە فیلمی هێرۆشیمادا دەکرێت هەم بیستوچوار کاتژمێر بخایەنێت و هەم یەک چرکە.

[…]

 

سه‌رچاوه‌كان 

[1] ‘Hiroshima, notre amour’, Cahiers du Cinema 97, July 1959.

[2] Toute la memoire du monde – Alain Resnais (1956)

[3] Tracking shots: “گرتە تراکینەکان پرسی ئەخلاقین” گۆدار ئەم دەربڕینەی بە مەبەست و لە وتارێکی لوک مۆڵی وەرگرتووە، کاتێک لە وتارێکیدا لە ساڵی ١٩٥٩، لە ژمارە ٩٠ کایە دو سینەمادا دەربارەی  ساموێڵ فوڵەر دەڵێت: “پرسە ئەخلاقییەکان بریتین لە گرتەی تراکین.”

[4] فرانسوا ترۆفۆ زۆر بە خۆشوخرۆشەوە دەبارەی کارەکانی ساشا گیترییەوە دەینووسی، زیاتریش سەرسامیی هاوڕێکانی لە کایە دو سینەما ساشا و دووبارە دیسان دۆزینەوەی گیتری لە لایەن کایەوە لە ساڵانی ١٩٦٠ـەکان. (بڕوانە کتێبەکەی فرانسوا ترۆفۆ، فیلمەکان لە ژیانی مندا، ل ٢١٤).

[5] ئینگرید بێرگمان لە فیلمی “ئێلینا و پیاوەکانی – ١٩٥٩”ـی ژان  ڕینواردا ڕۆڵی ئێلینا دەبینێت.

[6] گەشتێک بەرەو پاییزئینگمار بێرگمان – ١٩٥٥( بە “خەونەکان” بەناوبانگە). زۆر نزیک لە ژیانبێرگمان – ١٩٥٧ (هەروەها بە “لێواری ژیان” بەناوبانگە) بێرگمان لەو سەردەمەدا دڵخوازترین موئەلیفی کایە دو سینەما بوو، لە ساڵانی ١٩٥٨-٥٩ بە دەگمەن ژمارەیەکی کایە دو سینەما دەردەچوو بە بێ خوێندنەوە یاخود وتارێک دەربارەی بێرگمان.

[7] La vocation suspendue/ pierre Klossowski

[8] La point court – Agnes Varda –  (1955)

[9] ئالان ڕێنەی، کریس مارکەر و ئانیس ڤاردا و گرووپەکەیان وەکو “کەناری چەپ” دەناسران لەناو شەپۆلی نوێ، بەپێچەوانەشەوە ئەوانەی لە سەرەتاوە لە کایە دو سینەمادا بوون (گۆدار،ترۆفۆ، ڕیڤێت، ڕۆمەر، شابرۆل، دۆنێل-ڤالکرۆز) وەک کەناری ڕاست ناسرابوون. ئەوانەی سەر بە کەناری چەپ بوون لەوێ دەژیان، هەڵگری بیروباوەڕێکی چەپگەرایانە بوون و لە کەناری ڕاست جیادەکرانەوە.

[10] Science-Fiction

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. ولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌