شۆڕشۆچكه‌ی مای ١٩٦٨ پاریس

فیلیکس گواتارى; وورده‌ شۆڕشه‌كان


Loading

 گەلێک شت هەن کە ئێستا دەمەوێت لەگەڵ ئێوە باسیان لێوە بکەم و مشتومڕى بکەم, بەڵام وا هەست دەکەم دەتوانم بە ڕەهایى دەربارەى هەرشتێک بدوێم کە دڵم بخوازێت (ژیانى تایبەتیم، چۆن دەنگ دەدەم) تەنیا دەربارەى ئارەزوو یان شۆڕش نەبێت. ئەمانە لێرە، لە زانکۆى کۆڵۆمبیا، بە ڕاستى قێزەون دێنە بەرچاو[1].

ئەمە گەیشتۆتە ئەو ڕادەیەى کە سەرم سوڕدەمێنێت لەوەى داخۆ ئەگەر کەسێک بیەوێت کارێک ]کارێکى جددى[ بکات، لەوپێناوەدا هەر بە ڕاستى نابێتە ئەندامى CIA!. لێرە هەندێ شتى وەکو ڤایرۆسى CIA هەن کە وا دەردەکەون تووشى خەڵکانێکى زۆر بوون و لە کاتە جیاوازەکاندا سەرهەڵدەدەنەوە, بۆیە ناتوانم لە خۆم نەپرسم کە تۆ بڵێى منیش تووشى ڤایرۆسەکە نەبووبم و پەتام نەگرتبێت[2].

 

ئەگەر کەسێک توانیبێتى بچێتە ئەودیوى ئەم دیوارانەوە یان, تەنانەت بچێتە ئەودیوى ئەم بێدەنگکەرانەوە کە جۆرێک دیوارییان بۆ دەنگ لە زانکۆدا دامەزراندووە، پێموایە ئیدى ڕەنگە ئەو کەسە دان بەوەدا بنێت کە قەیرانى جیهان بە خێراییەکى بەرچاو خێراترە. ئایا من هەر بە سادەیى کەوتوومەتە نێو پرۆسێسێکى شیزۆیى خێراوە؟ چەند ساڵێک لەمەوبەر ئەزموونى پرۆسێسێکمان کرد کە دەشیا بەوەى ساڵى 1929 بەراورد بکرێت- بوارێکى لەبار هەبوو بۆ ململانێى هەرێمى، بۆ ڕووبەڕوونەوەى سیاسیى لۆکاڵى، بۆ قەیرانى دارایى.  ئەوانە زێدەڕەویى نین کە کارەکتە دیارەکانى هیتلەرێک یان مۆسۆلینییەک هەتا ئێستایش لەسەر دیمەنى سیاسى بایەخیان هەیە و هێشتایش کەمپەکانى لەنێوبردن دروست دەکرێن. هەموو وڵاتى بەندگلادش لە کەمپێک دەچێت؛ هەزاران، بگرە دەیان هەزار خەڵک لەوێ دەمرن، یان لە لێوارى مردن و سەرەمەرگدان، چونکە لە دۆخێکى ئابووریى تایبەتدا قەتیس و گیرۆدە کراون کە بەرەنجانى ڕێوشوێنێکى پۆلیسى حکومەتدارانەى تایبەتە, جگە لە لەنێوبردنیشیان هیچ ئەڵتەرناتیڤێک بوونى نییە. من بڕوام بەوە هەیە کە زنجیرەى گشتیى فاکتەرەکان, لە هەموو شوێنێکى جیهان, دەبنە مایەى قەیرانێکى ڕەها لە سەرجەم ئاستەکانى ڕێکخستنى کۆمەڵایەتیدا. ئەم دۆخە دەبێت خواستى چارەسەرێکى شۆڕشگێڕانە بهێنێتە ئاراوە، بەڵام هیچ شتێک، نە کەسێک و نە ڕێکخستنێک ئامادە نییە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە و زەرورەتەکانیدا بکات. ئەو تێزە قێزەنەى کە دەخوازم ئێستا لەبەردەمى ئێوە داکۆکیى لێ بکەم ئەمەیە: هەموو ئەم ڕێکخستنانە -‘بەلشەڤیک’، ‘مارکسیست-لینینیست’, کۆمۆنیست’, ‘خۆڕسکخواز’ (لەیەک فۆڕم یان لە چەند فۆڕمێکدا)، ‘سۆشیال-دیموکرات’- لایەنێکى جەوهەریى و سەرەکیى ئەم خەباتە شۆڕشگێڕییانە و گەشەکردنى ئەم جۆرە خەباتەیان، فەرامۆش کردووە.

 

دوو ڕێگا هەیە بۆ ڕەتکردنەوەى شۆڕش. یەکەمیان ئەوەیە نایەوێت شۆڕش ببینێت لەو شوێنەى کە لێى هەیە؛ دووەمیان، ئەوەیە شۆڕش دەبینێت لەو شوێنەى کە بەشێوەیەکى ئاشکرا لێى ڕوونادات. کورت و پوخت بڵێین، ئەمانە ڕێرەوێکى ڕیفۆرمیستى و دۆگماتیکین. لە ڕاستیدا، شۆڕشێکى بەرفراوان بە توانایەکى گەورەوە لەمڕۆدا گەشەى کردووە، بەڵام لە ئاستى ورد یان لە ئاستى میکرۆسکۆبیدا.

 

فیلیكس گواتاری – گوێ له گه‌نجه‌كان ده‌گرێت

پێموایە تەنیا ئەم ووردە شۆڕشە (molecular revolution) دەتوانێت بەڕێگایەکى تەریب لەگەڵ گشت (general) و قەیرانى سیاسیدا پەرەبستێنێت. هەندێ کەس دەڵێن پشێووییە کۆمەڵایەتییەکان، بە درێژایى ساڵانى شەستەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، یان لە فەرەنسا لە ساڵى 1968دا، ڕووداوى خۆڕسک –کاتى و پەراوێزى- بوون، بۆیە لە شۆڕشى یۆتۆپى دەچوون کە گەیاندینیانە ئێستا و ئێرە. بەڵام بە بڕواى من شتە گرنگەکان تەنیا دواى ئەو شۆڕشانە ڕوویاندا، کە ڕەنگە دوایین شۆڕشبووبن بە ستایلە کۆنەکە. وردە شۆڕش بە ڕێژەیى، لە هەرێمە نەزانراوەکاندا گەشە دەکات. تەنیا ژیل دۆلۆز بوو پێیوتین شتانێکى زۆر بوونیان نییە کە هەوڵ بۆ تێگەیشتیان بدەین[3]. ئێمە دەبینین لاوان لە قوتابخانە باڵاکاندا ژیانیان دەگۆڕن؛ زیندانییەکان دەبینین نیوەى زیندانەکانى فەرەنسا جۆش دەهێنن. دەبينین سەرۆکەکانى کۆمارى فەرەنسا دەستى تەوقە بۆ زیندانییەکان درێژ دەکەن. یاخیبوونەکانى ژنان بە هەموو جۆرە ئاراستەکاندا، لە چەندین ئاستەوە دەجوڵێن: دژ بە سیاسەتە بۆماوە نەریتییەکان لەسەر کێشەى لەباربردن، لەسەر مەسەلەى داوێنپیسى. خەباتى کۆچبەران یان کەمینە نەتەوەییەکان (ethnic minorities) دەبینین، خەباتى هۆمۆسێکسواڵەکان دەبینین، خەباتى بەکارهێنەرانى مادەى هۆشبەر, خەباتى نەخۆشانى عەقڵى دەبینین. ئێمە تەنانەت بە ئاشکرا بوونى کاتیگۆرییە کۆمەڵایەتییە خەیاڵنەکراوەکان دەبینینەوە کە لە فەرەنسا, بۆ نموونە هەندێ دادوەرى مۆبیلیزە کردووە.

 

کاتێک هەموو ئەمانە پێکەوە دەخەینە سەر مێزەکە و دەیانخەینە پاڵ یەکترى، ڕەنگە بپرسین: هەموو ئەمانە پێکەوە دەتوانن چى بکەن؟ داخۆ دەتوانین هەموو ئەمانە بۆ دەستپێکردنى شۆڕش بەکاربهێنین؟ هیچ شتێکیان هەیە بیکەن، بۆ نموونە، لەگەڵ ئەو شتەى کە هەتا ئێستا لە پورتوگال دەگوزەرێت, کە لەوێ ئەفسەرانى سوپاى کۆلۆنیال ڕۆڵ بە “کوهن بێندیتیس (Cohn bendits) دەدەن؟[4] بێگومان دەتوانین ئەم دیاردانە وەک دیاردەى پەراوێزى لەبیرنەکەین، هەوڵدەدەین وەک زێدە-هێز (excess force) بەدەستیان بهێنینەوە، کە ئەمە ڕێک ئەو هەڵوێستەیە کە زۆرینەى وردە گروپە سیاسییەکان هەیانە؛ یان –ئەمە گریمانەکەى منە- دەتوانین وا دابنێین لێرەدا وردە شۆڕشى ئەوانەى باسمکردن, لە شێوازێکدا ڕوودەدات و گەشە دەکات کە بۆ پێچەوانەکردنەوە و سڕینەوە نابێت، هەموو کاتێکیش ئەم بزووتنەوانە بەو هۆیە شکست دەهێنن کە فۆڕم و ستراکتورە کۆنەکانى ڕێکخستن هێشتایش دەسەڵاتیان بەدەستە، ئەمانەیش ڕەگەزى ڕیزۆماتیکییانەى ئارەزوو (the rhizomatic elemnt of desire)  لەنێو سیستەمى دەسەڵاتى درەختییانە (system of arborescent power)ـدا دەکەن بەژێرەوە. لەبەرئەمە، پرسیارە سەرەکییەکە بۆ من پرسیارى گۆڕانێکى ڕادیکاڵە لە هەڵوێستدا بە جۆرێک کە کێشە سیاسییەکان بەهەند وەربگرێت. لەلایەکەوە، شتانێکى “جددى” (serious) هەن کە مرۆڤ دەتوانێت لە ڕۆژنامە، لەسەر شاشەى تەلەفزیۆن بیانبینێت (بۆ نموونە)- مەسەلەکانى دەسەڵات لە حزبەکاندا، یەکێتی و سەندیکاکان، وردە گروپە سیاسییەکان. لەلایەکى دیکەوە، شتانێکى چکۆلە هەن، شتانێکى پەیوەندیدار بە ژیانى تایبەتییەوە: هاوسەرى سەربازێک کە لەماڵ دەمێنێتەوە تاوەکو ئاگاى لە منداڵەکانى بێت، بیرۆکراتێکى گرگن لە ژوورێکى کۆنگرێسدا قەواڵەیەکى بازرگانى دەبەستێت- ئەمانە لە ڕەگى دابەشبوونە هەرە سیاسییەکاندان و گریمانەى لایەنێکى پرۆگراماتیک دەکەن، بەڵام بەردەوام پەیوەندیدارن بە دیاردەى بەگەڕخستنى بیرۆکراتیک و توێژێکى تایبەتیەوە کە ئەم ڕێکخستنانە بەرپا دەکات.

 

پێموایە بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکان هەرچییەک بن, بەهۆى زاڵێتى ئایدیۆلۆژیاوە ئاراستەى خۆیان ناگۆڕن. ئایدیۆلۆژیا بەراورد بەو گواستنەوە لیبیدۆییەى کە بەشێوەیەکى کارا لەنێو هەموو ئەم ڕێکخستنانەدا بەردەوام دەبێت, سەنگێکى زۆرى نییە. هەموو ئەمانە لە هەمان شتەوە دێن: یان ئامانجە سیاسییەکان زایەڵەى هەموو جۆرە خەباتەکانن و لە شیکارییەکدا بۆ دیاردەى ئارەزوو یان بۆ دیاردەى نەستە کۆمەڵایەتییەکان لەنێو ڕێکخستنەکانى ئێستادا، پێکەوە کۆدەبنەوە، یاخود بنبەستى بیرۆکراتیک و لەمەترسیداماڵینەکان (recuperations)ـن کە پێویستە دووبارە بکرێنەوە، ئارەزووى جەماوەر و ئارەزووى گروپە هاوبەرژەوەندییەکانن, کە لەڕێگەى نوێنەرەکانەوە و لە بەرەنجامەکانى نواندنەوەوە سەرهەڵدەدەن.

هەموومان ئەم جۆرە دەستێشخەرییەى ]ڕێکخستنى[ سەربازییمان ئەزموون کردووە. دەبێت لەوە تێبگەین کە بۆچى شتەکان بەم جۆرە کار دەکەن، بۆچى ئارەزوو هەموو جۆرەکانى نوێنەرایەتى و بیرۆکراتیەتى بەسەردا سەپێنراوە، بۆچى ئارەزووى شۆڕش گەڕاوەتەوە بۆ میکرۆفاشیزمى ئۆرگانیزەیى (organizationsal microfascism).

 

بێگومان دەبێت جێگرەوەیەکى بەهێزتر بێتە ئاراوە تاوەکو جێگاى ئارەزووى شۆڕشگێڕى بگرێتەوە. لەم کاتەدا, تەفسیرەکەى من لەو فاکتەوە سەرچاوە دەگرێت کە هێزى سەرمایەدارى, نە تەنیا لە بوارى ئابووریدا و لە ڕێگەى ملکەچپێکردنى چینەکانەوە مومارەسە دەکرێت، نە تەنیا لە ڕێگەى پۆلیس، سەرکار، مامۆستا و پرۆفیسۆرەکانەوە، بەڵکو لە لایەنى دیکەیشەوە مومارەسە دەکرێت، کە دەمەوێت ناوی بنێم ملکەچاندنى سیمیۆتیکى (semiotic subjugation)ـى هەموو تاکەکەسەکان. منداڵان هەر لەنێو لانکەوە و بەرلەوەى گەیشتبێتنە تەمەنى قسەکردن, لەبارەى سەرمایەدارییەوە فێر دەکرێن. لە ڕێگەى خێزانەوە و لەنێو دایەنگەوە فێر دەکرێن دەرک بە ئوبێکتە کاپیتالیستییەکان بکەن و پەیوەندیى لەگەڵ تەلەفزیرندا بگرن. ئەگەر بە جۆرێک لە جۆرەکان بیانەوێت لە ملکەچاندنى سیمیۆتیکى خۆیان دەرباز بکەن، ئەو کاتە دامەزراوە تایبەتییەکان هەن کە بەتەنگییانەوە دێن: سایکۆلۆژیا، دەروونشیکارى؛ یەکێکیان یان هەردووکیان.

 

کاپیتالیزم ناتوانێت بەشێوەیەکى سەرکەوتوو هێزى کارەکەى پێکەوە دابنێت تەنیا ئەو کاتە نەبێت کە هەر لە پێشەوە زنجیرەى ملکەچاندنە سیمیۆتیکییەکان ئەنجام بدات. مەسەلەى سەخت –هەر ئەو مەسەلەیەى کە کێشەیەکى سەرەکیى تیۆریى زەق کردۆتەوە- ئەوەیە کە چۆن لە هەموو ئەم لایەنانەوە وێناى لێکبەستنەوە و یەکخستنى خەباتەکان بکەین: لایەنى سیاسەتى نەریتى و خەباتى کۆمەڵایەتى؛ ڕزگاربوونى گروپ و هەرێمە ئێتنیکییە ستەملێکراوەکان؛ خەباتى زەمانەوانى؛ خەباتەکان بۆ دراوسێیەتییەکى باشتر (a better niegberhood)، بۆ شێوازێکى هاوبەشانەترى ژیان؛ خەبات بۆ گۆڕینى ژیانى خێزانى یان هەرشتێک کە جێگاى خێزان دەگرێتەوە؛ خەباتەکان بۆ گۆڕینى نموونەکانى ملکەچاندن کە لە پەیوەندیى دووکەسیدا دووبارە دەبنەوە، جا لە پەیوەندیى هێترۆسێکسواڵیدا یان لە هۆمۆسێکسواڵیدا. هەموو ئەم خەباتانە لەژێر ناوى “میکرۆفاشیست”ـدا دادەنێم، ئەگەرچى زۆریش حەزم لەمە نییە. من هەر بە سادەیى ئەو تێرمە بەکاردێنم چونکە ڕاچەڵەکێنەرە و خەڵکى پەست دەکات. میکرۆفاشیزمێک هەیە لە جەستەى تایبەتى یەکدا، لە ئۆرگانەکانى یەکدا، جۆرێک ئیشتیای زۆرخۆری (bulimia) کە دەبێتە مایەى کەمبوونەوەى ئیشتیاى خواردن (یان کەمخۆرى) (anorexia)، جۆرێک ئیشتیاى هەستیارانە کە وا لە مرۆڤ دەکات جگە لە بەهاى ئاڵوگۆڕ و بەهاى بەکارهێنانى شتەکان هیچ بەهایەکى دیکەیان نەبینێت، ئەمەیش لەسەر حسابى بەهاى ئارەزوو دەشکێتەوە.

 

ئەمە پرسیارێکى تیۆریى گرنگ دەوروژێنێت، پرسیارێک کە بۆ من و دۆلۆز و کەسانێکى دیکەیش، لەم دواییانەدا هەندێ شتى گۆڕیووە. ئێمە وا بیردەکەینەوە کە دوژمنى هەرە گەورە دەروونشیکارییە، چونکە هەموو فۆڕمەکانى ئارەزووى لە پێکهاتەیەکى تایبەتدا کورت کردۆتەوە، ئەویش خێزانە. بەڵام مەترسییەکى دیکەیش هەیە، کە ئەویش هەر دەروونشیکارییە ئەمجارەیان لە جێبەجێکردندا: بچووککردنەوەى هەموو شێوازەکانى بەنیشانەکردن (semiotization). مەبەستى من لە بەنیشانەکردن ئەوەیە کە لە دەرککردندا ڕوودەدات، لە جوڵان بەنێو فەزادا، لە ئاماژەداندا، لە سەمادا، لە لاساییکردنەوەدا، لە ئاوێزانبووندا، لە پەیوەندیدا، لە هەر شتێکى تردا کە جەستەى تێدا بێت. هەموو ئەم شێوازانەى بەنیشانەکردن لە زمانى باڵادەستدا کورتکراونەتەوە، لە زمانى دەسەڵاتدا کە ڕێکخستنە سینتاکتییەکەى تەریب دەڕوات لەگەڵ بەرهەمهێنانى ئاخاوتن (speech) لە گشتێتییەکەیدا. ئەوەى کەسێک لە قوتابخانە یان لە زانکۆ فێرى دەبێت، بەشێوەیەکى جەوهەریى ناوەڕۆک یان داتا نییە، بەڵکو مۆدێلێکى ڕەفتاریى گونجێنراوە بۆ هەندێ چینى کۆمەڵایەتى.

کاتێک ئێوە تاقیکردنەوەیەکى قوتابییەکانتان دەکەن، ئەوەى ئێوە لێیان داوا دەکەن پێش هەرشتێکى تر، ستایلێکى دیاریکراوى لەقاڵبدانى سیمیۆتیکییە, تەڵقینێکى دیاریکراوە بۆ چینە ئامادەکان. ئەم تەڵقینە لە کۆنتێسکتى فۆرماسیۆنە پێڕەوکراوەکاندا بۆ مەشقپێکردنى کارکەران, بە گشتى وەحشیترە. لە کارى کارگەییدا تاقیکردنەوەکان و بزاووت لە پێگەیەکەوە بۆ پێگەیەکى دیکە, هەمیشە پشتى بەستووە بەوەى داخۆ کەسێک ڕەشە، پیترۆ ڕیکییە (Petro Rican)، یان لە گەڕەکێکى دەوڵەمەندەوە پێگەیشتووە، یاخود دیالێکتى زمانەکەى دروستە، پیاوە یان ژنە و شتى لەم بابەتە. ئەمانە نیشانەکانى ناسینەوەن، نیشانەکانى دەسەڵاتن کە لە ماوەى فۆرماسیۆنى فێرکاریدا کاردەکەن، هەروەها لە دامودەزگادا سروتێکى حەتمین (veritable rites). من نموونەى زانکۆم هێناوە، دەمتوانى بە ئاسانى نموونە لە چەندین فۆرماسیۆنى ترى دەسەڵاتەوە بهێنمەوە.

دەسەڵاتى باڵادەست ملکەچاندنى سیمیۆتیکى تاکەکەسەکان بەرفراوان دەکات, تەنیا ئەو کاتە ناتوانێت لەمە بەردەوام بێت کە خەبات لە هەموو لایەنەکانەوە بەرپا ببێت، بە تایبەتیش خەباتەکان لە فۆرماسیۆنەکانى دەسەڵاتدا. زۆرینەى خەڵکى تەنانەت سەرنج لەم ملکەچاندنە سیمیۆتیکییەیش نادەن؛ وەک بڵێى نایانەوێت باوەڕ بەوە بکەن کە بوونى هەیە، کەچى ڕێکخستنە سیاسییەکان بە خۆیان و هەموو بیرۆکراتەکانیانەوە هەر لەپێناو ئەم ئامانجەدان؛ ئەمەیش بەشداری دەکات لە خوڵقاندن و هێنانەبوون و هێشتنەوەى هەموو فۆڕمەکانى لەمەترسیخستن.

له‌ 13.03.1968 له‌به‌رلین – خوێندكاران پۆسته‌ری (لیو ترۆسكی ) یان هه‌ڵگرتووه‌ – شۆڕشۆچكه‌ی ١٩٦٨

 

 

ئەمانە هەندێ شتن کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان زۆر سەرنجى منیان ڕاکێشاوە. بۆ ماوەى چەند ساڵێک ڕوودەدەن و بە تایبەتیش تووشى نەوەیەکى بەزیوو دێن, ڕەنگە ئەمەیش بەهۆى سەختى و گەورەیى ئەو کێشانەوە بێت کە پەیوەستن بە سیمیۆتیکەکانى جەستە و سیمیۆتیکەکانى دەرککردنەوە. ئەمە بۆ ئەوروپا زۆر ڕاست نییە، چونکە لەوێ مرۆڤ خۆى دەبەستێتەوە بە تێگەیشتنێکى فیکرى دیاریکراوى پەیوەندییەکان یان نائاگاییەکانەوە. لێرەدا چەندین بەعەقڵانیکردن و پاساودانەوە (justifications) خراونەتە بەردەست بۆ دووبارە پێناسەکردنەوەى سیمیتۆکاى جەستە کە بەلاى منەوە بایەخێکى کەمتریان هەیە. هەندێک کەس بەشداریى لە “زین بودیزم”، یان گەلێک فۆڕمى تەکنۆلۆژیدا دەکەن، وەکو “تاى چى” (Tai chi) کە هەتا ئێستا هەر لەسەر ستەیج ئەنجام دراوە… وا بۆم دەرکەوت لەوێدا بەشێوەیەکى کوێرانە بەدواى هەندێ شتدا عەوداڵن. کوێریى فۆڕمى هەمەجۆر وەردەگرێت. بۆ نموونە، لە فەرەنسا تۆڕەکانى ڕێنماییکارانمان لە کۆمەڵگەكانى دەروونشیکارى (psychoanalytic societies)دا هەیە؛ تەنانەت کەسایەتیى وەکو کەشیشى مانگ (Reverend Moon) هەیە کە سەرۆکایەتى دەزگایەکى گرنگى دەروونشیکارى دەکات. بەڵام دەروونشیکارەکان تەنیا سەروکاریان لەگەڵ توێژێکى تایبەتى خەڵکدا هەیە. لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، وەک بە ئاشکرا دیارە، ڤایرۆسى دەروونشیکاری کەمتازۆرێک وەلا نراوە، بەڵام هەندێ کات دەپرسم کە تۆبڵێى سیستەمە هیرارشییەکانى دەروونیشکارى لە سیستەمە ڕێنماییکارەکاندا، لە سیستەمەکانى نواندنەوەى ئارەزوودا بەرهەم نەهێنرابنەوە.

کێشەکە ئەمەیە: مرۆڤ ناتوانێت بەرەو ئامانجى سیاسى تێبکۆشێت بە بێ دیاریکردنى هەموو میکرۆفاشیزمەکان، هەموو شێوازەکانى ملکەچاندنى سیمیۆتیکیى دەسەڵات کە لە ڕێگەى خەباتەوە خۆیان بەرهەم دەهێننەوە، جا بۆیە نە ئەفسانەى گەڕانەوە بۆ خۆڕسکى و نە ئەفسانەى گەڕانەوە بۆ سروشت هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕن. سەرەڕاى ئەوەیش، کەسێکى ساویلکە پێیوایە لەم ئاستەدا بە دەروونێکى ئاسوودەوە پاکژ و بێتاوان دەمێنێتەوە، چ لە پەیوەندیدا بێت بە مناڵەکانمان و بە باوانمانەوە، یان بە قوتابییەکانمانەوە (ئەگەر قسە لەسەر پرۆفیسۆرەکان بێت)، پێموایە ئەم پاکژییە هاوتایە بە هەستکردن بە تاوان و بەرهەمهێنانى هەستکردن بە تاوان. پرسیارەکە نە پرسیارى پاکژییە و نە هەستکردن بە تاوان، بەڵکو پرسیارى دۆزینەوەى میکرۆفاشیزمە کە لە نێو کەسێکدا خۆى شاردۆتەوە، بە تایبەتیش کاتێک کەخۆى نەیبینێت. دوایین شتێک کە لێرەدا دەمەوێت باسى بکەم، بێگومان، ئەوەیە کە دەکرێت چارەسەرێکى تاکەکەسییانە وەربگرین. ئەمەیش دەکرێت تەنیا لەگەڵ تایپێکى نوێى ڕیزبەندیى گۆکردن (arrangement of enunciation)دا مامەڵەى لەگەڵدا بکرێت. نموونەیەک بۆ ئەم ڕیزبەندییەى گۆکردن –هەڵبەت لە ڕوانگەکانى ڕیزبەندیى ئارەزووەوە, ئەمە بە ڕاستى ڕیزبەندییەکى مەحاڵە- ئەم ژوورە خۆیەتى، لەوەدا کە هەندێک کەس خراونەتە سەرووى هەموو ئەوانى ترەوە، لەوەدا کە مشتومڕێکى ئامادەکراو هەیە کە بۆ کەسێک بیەوێت بە واقیعى دەست بکات بە مشتومڕ مەحاڵە بچێتە نێوییەوە. دوێنێ پێشنیارى گۆڕانى سەرجەمى فۆڕمبەندییەکان، سەرجەمى ئەو شێوازانەى کارکردنم کرد کە لێرەدا دەیکەین؛ بۆ سوپرایزە گەورەکەیشم[5]، من دەرکم بەوە کرد کە هەمووان دەیانویست کۆنفرانسەکە وەکو خۆى بمێنێتەوە. تەنانەت هەندێک کەس داوایان کرد پارەکانیان پێبدرێت، ئەگەرچى لێرە هیچ کەس لەبەرامبەر قسەکردندا پارەى پێنەدراوە[6].

لە زۆربەى کاتەکاندا هەوڵ هەیە بۆ بەرهەمهێنانەوەى ئەم جۆرە لە دیالۆگ. هەر ئەو خەڵکانەى کە هاتنە پێشەوە و هەوڵیاندا دەست بە دیالۆگێک بکەن –دیالۆگێکى تەواو ڕواڵەتى، بەڵام پڕ بوو لە ئارەزووی واقیعى- ئەوانەبوون کە, بە شکستەوە, ئێمەیان بە کارمەندى CIA تۆمەتبار دەکرد.

وەک کەسێک کە لە ئابووریى لیبیدۆیى میکرۆپۆلەتیکى ئارەزوودا, لە ئابووریى لیبیدۆیى میکرۆفاشیزمدا سەرمایەگوزاریى کردبێت، پێویستە مرۆڤ بە وردى ئەو هاوپەیمانێتی و شیمانانە دیاریى بکات کە بەشێوەیەکى کۆنکریت لە ئاستى خەباتە سیاسییەکاندا هەن و لە ڕووى سروشتەوە بە تەواوەتى جیاوازن. جارێکیان سەبارەت بەو وۆرکشۆپەى کە لەبارەى پورتوگالەوە سازیکرد، بە “جان جاک لێبێل”م گوت کە ئەو حوکمەى (judgment) لەبارەى هەڵسوکەوتى حزبى کۆمۆنیستى پورتوگالییەوە دەریدەکەن بە زەرورەت جیاوازە لەوەى سپینۆلاس و حیزبەکەى، لەگەڵ ئەوەیشدا میکانیزمى بیرۆکراتیزەیشن و بێئاگایى دەربارەى ئارەزووى جەماوەر لە هەدوو حاڵەتەکەدا لەیەک نزیکە.

نموونەیەکى دیکە: لە فەرەنسا ئێمە هەندێک گروپمان هەن، لەو شەقاوانە پێکهاتوون کە نیشانەى خاچى شکاو دەکەن بە پشتى پۆشاکەکانیانەوە, یان ئەوانەن کە بەو جلوبەرگانەوە دەسوڕێنەوە وا هەموو جۆرە نیشانە فاشیستییەکانیان پێوەیە. بەڵام نابێت میکرۆفاشیزمى ئەمانە لەگەڵ فاشیزمى گروپە سیاسییەکانى وەکو گروپى خۆرئاوا (Occident)دا تێکەڵ بکەین و لێمان تێکبچن. مرۆڤ چەندە دەتوانێت لە ئاستە وردەکەدا بەگژ میکرۆفاشیزمدا بچێتەوە، هێندەیش دەتوانێت لە ئاستى گروپى گەورەى سیاسیشدا پێش بە ڕوودانى فاشیزم بگرێت. خۆ ئەگەر کەسێک بڕواى وابێت هەریەکێک لە ئێمە پارێزبەندیى بۆ دانراوە (immunized) دژ بە پەیوەندیگیریى میکرۆفاشیستى، دژ بە پەتاى سیمیۆتیکى (semiotic contamination) لەڕێگەى کاپیتالیزمەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەو کاتە دەتوانین چاوەڕوانى بینینى فۆڕمە سەرکێشەکانى میکرۆفاشیزم بین کە بە زەقى سەرهەڵدەدەن.

ته‌واو

*   سەرچاوەى وەرگێڕانى ئەم وتارە:

Félix Guattari: Molecular Revolution, in ”Chaosophy- Texts and Interviws 1972-1977”, Edited by Sylvère Lotringer, trans. By David L. Sweet, Jarred Becker, and Taylor Adkins, Semiotext(e), 2009, Pp. 275-281.

پەراوێزەکان:

[1] لێرەدا فیلیکس گواتارى ئاماژە بە کۆنفرانسى شیزۆ-کولتوور دەکات کە لە نۆڤەمبەرى 1975دا لە زانکۆى کۆڵۆمبیا، لەلایەن Semiotexet(e) ـەوە ڕێکخرابوو. ئەم کۆنفرانسە یەکەمین ڕووبەڕووبوونەوە بوو لە ویلایەتە یەکگرتووەکان لەنێوان تیۆریستە فەرەنسییەکانى پاش-68 (میشێل فۆکۆ، فیلیکس گواتارى, ژیل دۆلۆز، جان فرانسوا لیوتار) و ر. د. لەین, لەگەڵ جیهانى هونەریى نیویۆرک (جۆن کەیج، ویلیام بۆرۆگس، ڕیچارد فۆرمان) و لایەنگرانى ئەکادیمیاى “ڕادیکاڵ” (تاى-گرەیس، جۆیل کۆڤێل و …هتد). لایەنگرانى ئەتکینسۆن لە وتارەکەى گواتاری چوونە دەرەوە، کە ڕاستەوخۆ لە دواى ئەو لەسەر مەنەسەکە قسەى کرد، فۆکۆیش بەوە تۆمەتبار کرا کە لەلایەن CIA پارەى پێدراوە. بۆ ماوەى دوو ڕۆژ، نزیکەى دوو هەزار کەس ئامادەى چەندین وۆرکشۆپ، وانەوتار، مشتومڕ بوون لەبارەى پزیشکیى دەروونى، شێتى، سەرکوتکردنى سیاسیەوە و ..هتد.

[2] لێرەدا گواتارى بە تەوسەوە قسە دەکات، چونکە لەڕێگەى سەنجڕاکێشانى پەخشى میدیایى جیهانیییەوە، کارمەندانى ئیستیفزازچی کە لەلایەن کۆمیتەى کارى لارۆشەوە دانرابوون، هەندێکات هەوڵیاندا کۆنفرانسەکە پەک بخەن، ئەویش بە تۆمەتبارکردنى ر. د. لەین و میشێل فۆکۆ بەوەى گوایە لەلایەن CIAـیەوە پارەکەیان پێدراوە. بڕوانە:

Foucault Live, New York: Semiotext(e), (1995). Ed.

[3] دوا نیوەڕۆکەى، ژیل دۆلۆز بە زمانى فەرەنسى قسەى لەبارەى “درەختەکان و ڕیزۆمەکان”ـەوە کرد و لە هەمان کاتیشدا هێڵکاریى لەسەر تەختەڕەشەکە دەکێشا؛ ئەمە ئایدیایەک بوو کە دواتر لە “ڕیزۆمەکان”ـدا پەرەى پێدا. بڕوانە:

On the line, New York, Semiotext(e), (1993), Ed.

[4] دانیال کوهن-بێندیت، کە پێی دەوترا “دانیە سوور” (Danny the Red), لە ڕابەرە هەرە ڕاشکاوەکانى ڕاپەڕینى ئایارى 68 بوو. (ئیدیۆر).

[5] مەبەستى بەجێهێشتنى هۆڵى سەرەکیى کۆنفراسەکەیە.

[6] ڕۆژى پێشتر، گواتارى پێشنیارى ئەوەى کرد کە لەبرى ئەوەى وانەوتارى فەرمى بڵێتەوە, کورتەیەکى بابەتەکە پێشکەش بکات و دواتر مشتومڕى لەسەر بکرێت؛ جەماوەرەکە لە ناوەڕاستى وتارەکەى جۆیل کۆڤێلدا، دابەشبوون بەسەر دوو لایەندا. نیوەى گوێگران لە هۆڵە سەرەکییەکە مانەوە و نیوەکەى تریشیان لەگەڵ گواتاریدا چوونە ژوورێکى چکۆلەوە کە لەوێ فۆکۆ بە ئینگلیزى وتارەکەى خۆى لەبارەى “سێکسواڵیتەى منداڵى شیرەخۆرە”وە دەخوێندەوە. ئەمە لەو خاڵەدا بوو کە ئیتسفزازچییەکان فۆکۆیان بە کارمەندى CIA تۆمەتبار کرد. پێویستە بووترێت کۆنفرانسەکە لەلایەن زانکۆى کۆڵۆمبیاوە سپۆنسەر نەکرا و تۆمارى تێچوونى کۆنفرانسەکە بە تەواوەتى بەکارهێنرا بۆ پارەدانى ژوورى وانەوتنەوەکان لە کۆلێژى مامۆستایان. (ئیدیتۆر).