گریفز و گەڕان بەدوای زمانی سینەما


Loading

– سینەما فێرمان دەکات چۆن بڕوانین…ئێریک ڕۆمەر

                                                                    
– سینەمای بێدەنگ، سینەمای ژێستەکانە…مازیار ئیسلامی

 

١- لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە (برایانی لومێیر) یەکەم فیلمی خۆیان وێنەدەگرن “هاتنەدەرەوەی کرێکاران لە کارگە١٨٩٥[1] لەم فیلمە چل وپێنج چرکەییەدا،  کامێرا ڕاوەستاوە بەرامبەر دوو دەرگای کارگەیەک و کرێکارەکان لێی دێنە دەرەوە، لەگەڵ هاتنەدەرەوەی کرێکارەکان سینەما دەستپێدەکات.

لە هەموو فیلمە بێدەنگەکانی قۆناغی سەرەتای سینەمای بێدەنگ خاڵێکی هاوبەش، بەڵام نادیار هەست پێدەکەین کە دووبارە و دووبارە دەبێتەوە: سەرسامبوون بە جووڵە. ئەم سەرسامبوونەش لە هەموو ئەو فیلمە سەرەتاییانەدا دەبینینەوە کە تەنیا هەوڵیان دەدا وێنەی ئەو شتانە بگرن کە لە جووڵەدان: هاتنی شەمەندەفەر، شەپۆلی دەریا، ئەسپ و گالیسە، قەرەباڵغی شەقام و جموجۆڵی خەڵک و هەموو ئەو شتانەی لە جووڵەدا بوون ئەوان وێنەیان لێ دەگرت. بەڵام لەگەڵ دەستپێکی سەدەی بیستەم و پاش بێداربوونەوەی مرۆڤ لە شۆکی سینەما، فیلمسازەکان بیر لە کامێرای دەستیان دەکەنەوە و هاوکات لەگەڵ بیرکردنەوە لە کامێرا هەوڵدەدەن لە ڕێی کامێراوە بیر لە جیهان بکەنەوە.

 بیرکردنەوە لە جیهان لە ڕێی کامێراوە، نەک تەنیا ڕوانگەی ئێمەی بۆ جیهان و وێنەکان گۆڕی، بەڵکو سەرەتای گۆڕانکارییەک بوو بۆ خودی بینین و چاوی کامێرا. بەڵام خاڵێک کە گرنگە و دەبێت بیزانین، ئەوانەی کامێرایان دروستکرد هونەرمەندەکان نەبوون[2]، واتا دەبێت بزانین بەر لە هەر شتێک کامێرا ئامێرێکە و بەرهەمی شۆڕشی پیشەسازی بوو، بەڵام ئەوەی مانایەکی تری بەخشی بە کامێرا هونەرمەندەکان بوون. بۆیە کاتێک باس لە گۆڕانکاری فیلمسازەکان دەکەین لە کامێرا، ئەوا مەبەست لایەنی تەکنیکیه‌کانی کامێرایە لە کاتی وێنەگرتن و گۆشەی تایبەت بۆ وێنەگرتنی فیلم و مۆنتاژی گرتە فیلمەکان.

لەو ساڵانەدا کە کێشمەکێشی فیکری دەرهێنەرەکان لە ڕێی فیلمەکانەوە هەستپێدەکرا، د. دەبلیوو گریفز لەژێر هەتاوی گەرمی کالیفۆڕنیادا فیلمی ده‌رده‌كرد و بە دوای زمانێکی سینەماییدا دەگه‌ڕا.  لە هەمووشی گرنگتر گریفز  بۆی دەرکەوتبوو ئەو کارەی ئەو خەریکی دەیکات: هونەرە.

لە نێوان ساڵانی ١٩١٠-١٩١٣ بە تەماشاکردنی کورتەفیلمەکانی گریفز، بەتایبەت   فیلمگەلێکی وەک The Lonedale Operator – 1911 و A beast At bay – 1912 هەست بەو جۆش و هەیەجانەی  دەکەین بۆ دۆزینەوەی تواناکانی سینەما و ئەو ئەگەرانەی دەکرێت لە سینەمادا ڕووبدەن. گریفز لەو ساڵانەدا شتێکی نوێ لە کامێرادا دەدۆزێتەوە، هاوکات کاریگەری کامێرا و ژێستی کارەکتەرەکان لە ڕەوتی گێڕانەوەی فیلمدا هەست پێدەکات. ئەو دەیویست سێنتاکس و گرامەری سینەما کەشف بکات.  گریفز لەو دوو فیلمەدا بەو ئەنجامە دەگات، تا گرتەی  Shot  فیلمەکان خێرا ببڕین Cut ڕیتمی فیلمەکە خێرا دەبێت و  زیاتر هه‌ڵچوون دەبەخشێت بە فیلمەکە، ئەمەش باشتر دەتوانێت هەستی بینەر بجووڵێنیت لە هۆڵەکانی سینەمادا.

 گریفز وەک خۆی دەڵێت؛  ئەو هەمیشە لەژێر کاریگەریی ئەو چیرۆکانەدا بووە کە باوکی دەربارەی شەڕی ناوخۆی ئەمریکا بۆی دەگێڕایەوە. لێرەوە گێڕانەوە گرنگیەکی تایبەتی دەبێت لە سینەمای گریفزدا و لە ڕێگه‌ی  (کامێرا – مۆنتاژ)ەوە دەیویست فرەمانایی ببەخشێتە گێڕانەوەی سینەمایی، هەر لەو ساڵانەدا گریفز مۆنتاژی تەریبی[3] کەشف دەکات کە گریفز لە ڕۆمانەکانی چارڵز دیکنزەوە دەیگوازێتەوە بۆ ناو سینەما. مۆنتاژی تەریبی بریتییە لە چەندین گرتەی شوێنی جیاواز، بەڵام لە پڕۆسەی مۆنتاژدا و لە درێژەی تەماشای فیلمەکەدا بەو جۆرە دەردەکەوێت هەردوو  (گرتە  – ڕووداو ) لە یەک کاتدا ڕوو دەدەن،  بەڵام لە دوو شوێنی جیاواز، ئەم پڕۆسەی مۆنتاژە بووە شۆڕشێک هەم لە سینەمای گریفزدا و هەم لە مێژووی سینەما، هاوکات جۆرەکانی مۆنتاژ ئەوەی لای گریفز کەشف کرد، بڕین و پێکەوەلیکاندنی گرتەکان، هەندەسە و بیناسازیی زەمەنن.

٢-کڵۆز-ئەپ[4]  دۆزینەوەی ڕۆحی شتەبچووکەکان بوو[5] ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گەورەترین شتی ژیانیش لە شتە بچووکەکان پێکهاتووە.[6] کڵۆز-ئەپ دەتوانێت پێمان بڵێت دەست چیدەکات، دەستەکان شتێک دەدرکێنن کە لە ڕووخسارەکاندا خۆیان حەشار داوە. دەست دەمانچە و چەقۆ دەگرێت و پارە ئاڵوگۆڕ دەکات، دەکرێت بە دەستەکانمان تەرمێک ڕابکێشین و ڕووخسارمان هیچ کاردانەوەیەک نیشان نەدەن. کامێرا سێبەرێکت لەسەر دیوار نیشان دەدا، شتێک لەگەڵیدا ژیاوی بێ ئەوەی هەستی پێ بکەیت.

دەمارگیری/ د. دەبلیوو گریفز (١٩١٦)

بێلا بالاژ پێی وایە فیلمە باشەکان و (کلۆز -ئەپەکانی)  شارەوەترین لایەنی ژیانمان دەردەخەن و فێرماندەکەن بڕوانینە وردترین لایەنی ژیانمان. ئەو شتەی لە ڕووکەشدا دەردەکەوێت و خۆی دەنوێنێت، کلۆز ئەپ دەتوانێت هەقیقەتی ئەو شتانەمان بۆ بەدیار بخات. لەگەڵ ئەوەی بالاژ  (کڵۆز-ئەپ)  وەک لیریک و شیعر وەسفدەکات.  هاوکات دەتوانێ دەرخەری ئازارێکی ڕۆحی گەورە بێت لە ڕووخساری مرۆڤدا. لە کڵۆز-ئەپدا پێویستیت بە دیالۆگ و میوزیک نییە، ڕووخسار لێرە هەموو ئازارەکان دەردەبڕێت، هەندێکجار ئازارێکی هێندە بێڕەحم، کە لەرز دەخاتە جەستەی مردووشەوە.

 

ئازارەکانی جۆن ئارک – کارڵ تیۆدۆر درایەر (١٩٢٨)

کڵۆز-ئەپ کە دەتوانێت بەو خەسڵەتە شاعیرانەیی هەیەتی، هەموو ڕاز و نهێنییە ڕوحیەکان لە ژێستەکانی کارەکتەردا بنوێنێتەوە. لە زۆربەی فیلمەکانی مێژووی سینەمادا هەمیشە نموونەیەکی تایبەتی کڵۆز-ئەپ دووبارە کاری لەسەر دەکرێتەوە. نموونەی کەسێکی ئارام و لەسەرخۆ، دانیشتووە و بە ڕووخسارێکی سارد و بێهەست گفتوگۆ دەکات. بەڵام کلۆز-ئەپ دەتوانێت دەستیمان پیشان بدات کە چۆن دەلەرزێت و نیگه‌رانیه‌كی قووڵ نیشتۆتە سەر دەروونی.  ڕاستی مرۆڤ دەکرێت لە بچووکترین ژێستیدا خۆی حەشار دابێت، لێره‌وه‌  فیلمە باشەکان هەرگیز ناتوانن بەبێ کڵۆز-ئەپ لەدایک ببن.  بەبێ کڵۆز-ئەپ بینەر هەرگیز ناتوانرێت بزانێ بەڕاستی خەریکە چی ڕوودەدات.

 “کاتێک تۆ تەماشەی پەنجەی کەسێک دەکەیت و دەستی لە سەر پەلەپیلتکەی دەمانچەکەیە و و دواتر یەکێک بریندار دەکات، ئەوا تۆ ڕووداوێکت لە سەرەتاوە تا کۆتایی تەماشا کردووە، هەموو ئەو شتانەی لەو مەودایەدا ڕوودەدان نادیارن، وەک گولـلەکە.”[7]

یەکێک لە هاتنە کایەکانی کڵۆز ئەپ گەشەسەندی ته‌کنه‌لۆژییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، بەرئەنجامی ڕوانگەی هونەرییە. گرتەی نزیک لە سەدەی بیستەوە کەم کەم لەگەڵ پێشکەوتنی کامێرادا دێتە ئاراوە، بەڵام وەک پۆڵ شرایدەر ئاماژەی بۆ دەکات، یەکەم کڵۆز-ئەپ، بە مانا هونەرییەکەی لە فیلمی (هاوڕێیان – ١٩١٢)ـی گریفزدایە[8].

هاوڕێیان – دەرهێنانی: د. دەبلیوو گریفز – ١٩١٢

 لە کۆتایی فیلمی هاوڕێیان ماری پیکفۆرد بە شێوەی گۆشەنیگا P.O.V تەماشای وێنەی خۆشەویستەکەی دەکات. تەماشاکردنی کارەکتەر لە شتەکانی دەوروبەر و فۆکۆس خستنەسەریان بەر لە گریفزیش هەبووە. بەڵام گریفز لە ڕێی کڵۆز-ئەپەوە دەیەوێت بمانهێنێتە باری بینینی کارەکتەر و هەستی پێ بکەین.

 کڵۆز-ئەپ شیعریترین و پڕئیحساسترین و دەروونناسیترین گرتەی سینەمایە. هاوکات کڵۆز-ئەپ لێدانێک بوو لە زەوق ئارەزووی [بینەر]،  چونكه‌ بە درێژایی سەدەکان چاوی بینەر و مرۆڤ بە شانۆ و تابلۆکان ڕاهاتبوو، نزیکی سینەماش لە شانۆوە هەمیشە ئەو چاوەڕوانیەی لای بینەر دروستدەکرد بە چاوێکی شانۆوە بڕواننە سینەما. واتا دەیانەوێت هەموو لاشەی کارەکتەرەکە ببین، نەک بە تەنیا دەست یا ڕووخسار یا قاچ و مەچەک.

 “کە لە شەقامێکدا دەڕۆم، قاچەکان دەبینم دەڕۆن، بۆیە دوودڵ نیم لە وێنەگرتنی قاچەکان… پاسکاڵ لە جێیەک دەڵێت: ڕوح دەستی خۆش دەوێت و ئەگەر دەست توانای هەبوایە خۆی خۆش دەویست بەهەمان شێوەی ڕوح.  ڕۆبێر بریسۆن.” ڕۆبێر بریسۆن لە ڕێی کڵۆز-ئەپەوە ئازادی دەداتە دەست، جوڵەی ئۆتۆماتیکی دەست دەبەستێتەوە بە جوڵەی ئۆتۆماتیکی ژیانمان. بریسۆن دەڵێ تۆ ئاگادار نیت کاتێک دەستەکانت دەچنە سەر ئەژنۆت، تۆ نەتخستوونەتە ئەوێ ئەو بۆخۆی چۆتە ئەوێ.[9] هەموو ئەو شتانەی لە ژیانماندا ڕوودەدەن، لە دەست و قاچەوە دەستپێدەکەن و هەموو ئەو هەستانەی شاردوومانەتەوە وان لە نێوان پەنجەکاندا.

سێ گرته‌ی په‌نجه‌كان

٣-لە هەمان ئەو ساڵانەدا کە گریفز خەریک بوو زمانی سینەمای دەدۆزییەوە و هەوڵی دەدا سێنتاکس و گرامەری سینەما ئەزموون بکات. بەر لە دروستکردنی گرنگترین فیلمی “لەدایکبوونی نەتەوەیەک – ١٩١٥“، پەیوەندی نێوان ژێست و گێڕانەوە لە سینەمادا دەدۆزێتەوە و پەرەی پێدەدات. چیتر کارەکتەرەکان پێویستیان بەوە نییە شتێک بڵێن و بە شێوەی تێکست لە سەر شاشە دەربکەوێت. هەروەها چیتر پێویستیش ناکات بە جوڵەی زەق، دیار و ئاشکرا(کە میراتێک بوو لە شانۆ بۆ سینەما مابۆوە) ئارەزووەکانیان بدرکێنن. ئەوەی گریفز دۆزیەوە جووڵە بچووکەکان بوو کە چۆن دەتوانن ڕێڕەوی گێڕانەوەی چیرۆک بۆخۆیان خۆش بکەن. یەکێک لە نموونەکان فیلمی “A beast at bay – 1912”ـە. لە کۆتایی فیلمەکەدا کاتێک ماری پیکفۆرد و ئێدون ئۆگست پێکەوە دەبن و ماری ئاماژە بۆ دەستی دەکات و دەڵێت؛ ئێرەم بریندار بووە، ئەتوانی چاکی بکەیتەوە؟”…ئیتر ئەوەی دواتر ڕوو دەدات، بەردەوامبوونی چیرۆکی فیلمەکەیە لە ڕێی جەستە بەبێ بوونی دیالۆگ.

گرتەی یەکەم

                                                                        گرتەی یەکەم

گرتەی دووەم

گرتەی دووەم

گرتەی سێیەم، ماری ئاماژە بۆ سەری دەکات.

گرتەی چوارەم

له‌م خاڵه‌دا  ده‌ڵێین؛  خەریکە لێرە چی ڕوودەدات؟ بێگومان تەنیا وەڵامێک هەبێت: سینەمایە.

گریفز لە کۆتا ساڵەکانی تەمەنیدا لەبیرکراو  و ساڵەکانی کۆتایی ژیانی بە خواردنەوەی کحوول بەسەر دەبرد. چیتر لە هۆلیوودا، هۆلیوودی خیانەتکار، شوێنێک نەمابوویەوە لێی فیلمی لێ دروست بکات!  کاتێک گریفز لە ساڵی ١٩٤٨ گیان لە دەست دەدات. لیلیەن گیش دەڵێت: “ئەو باوکی سینەما بوو.”

 

 

 

سه‌رچاوه‌ و په‌راوێزه‌كان

 

[1] https://www.youtube.com/watch?v=DEQeIRLxaM4

[2] https://www.filmcomment.com/article/the-birth-of-narrative/

[3] Parallel Editing

[4] گرتەی نزیک/ Close-up

[5] Thing

[6] Bela Balazs: Early film theory, Berghahn Books 2010, p38.

[7] Ibid.

[8] https://www.filmcomment.com/article/the-close-up-films-that-changed-filmmaking/

[9] http://www.robert-bresson.com/Words/TransAtlanticReview.html

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.