The Starry Night Over The Thone, by Vincent Van Gogh

دوو ئێوارەى ئاسایی


Loading

زانکۆى زەهرا

لە کتێبخانەى بایەزید هاتنە دەرەوە، دوو گەنجى چالاکى پڕ لە خەون. نوورسی کتێبێک بە دەستییەوە و بە دەموچاوى منداڵێکى بێگوناهەوە ڕێیدەکرد. تۆفیق بەگ بە کڵاوە سوورەکەى و سمێڵە تەقلیدییە تورکییەکەیەوە خەیاڵى بۆ شوێنێکى دوور ڕۆیشتبوو. ئاسمان شین و لێرە و لەوێ پەڵە هەورى سپیی دیار بوون. درەختە تازە چرۆکردووەکانى ئەو بەهارە خۆشییەکى بێئەندازەى خستبووە دڵى تۆفیق بەگەوە. لەوە دەچوو بیر لە درەختەکانى ماڵەکەى لە دوورگەى هەیبەلى لەناو دەریاى مەڕمەڕە، یان باخەکەیان لە گورگەدەر لە شارباژێڕ بکاتەوە. نوورسی ئەو رۆژانە بیرى لە دروستکردنى زانکۆیەکى پێشکەوتوو دەکردەوە، خوێندنى ئایینى و یەزدانناسی بباتە قۆناغێکی ترەوە. ئەو بۆ مۆڵەتى کردنەوەى زانکۆکەى ڕوویکردبووە ئیستەنبوڵ. دەستى دەستى زۆریان پێکردبوو، خەریکبوو بەتەواوى لەو خەونەى نائومێد دەبوو. تۆفیق بەگ لەو دڵخۆشتر و پڕژیانتر دەردەکەوت. بە پێچەوانەى هاوڕێکەیەوە، ئەو عاشقى ئیستەنبوڵ بوو. وەک ئەوەى هەردووکیان حەز نەکەن بەو زمانە فەرمییەى ئەوێ قسەبکەن، بەبێدەنگى شانبەشانى یەکتر دەرۆِیشتن. نوورسی جارجار سەیرى کتێبکەى دەستى دەکرد کە هەڵبژاردەیەک بوو لە وتارەکانى جەمالەددین ئەفغانى و لە بەرگێکى چەرمیی ئەستووردا کۆکرابوونەوە. ورتەورتێکى لەدەم دەردەچوو، تێگەیشتنى ئەستەم بوو. بەدەستى چەپدا پێچیانکردەوە و بەبەردەم ڕیزێک دوکانى قوماشفرۆشیدا تێپەڕین و گەیشتنە سەر جادەى دیوان، ئەوەى بۆ ئەنجوومەنى ئیمپڕاتۆریەتى ڕۆمى جاران دەچوو. کۆتایی شەقامەکە بە چەندین کۆشک و تەلار و باخی ڕازاوە و مزگەوتى گەورە کۆتایی دەهات. کۆمەڵێک سەربازى ئەسپسوار بە ئاراستەى کۆشکى سوڵتان بەلایاندا تێپەڕین، لەگەڵ ناڵەى بەریەککەوتنى سم و بەردەکان، هەم تۆفیق بەگ لەسەیرکردنى دەرەختەکان وەستا، هەم نوورسی لەناو خەیاڵى درووستکردنى زانکۆکەى هاتنە دەرەوە. ئەو ڕۆژانە ژمارەى سەربازەکان تا دەهات زۆرتر و زۆرتر دەبوون. وەک ئەوەى گۆڕانکارییەکى گەورە بەڕێوەبێت، هەموو شتەکان جۆرێک لە جوڵە و پەشۆکانیان پێوە دیاربوو. ئەوان بە نەزمى ئارامى خۆیان بەردەوامبوون. تۆفیق بەگ وەک ئەوەى بزانێ کە نوورسی بیر لە چى دەکاتەوە، گووتی”دڵنیام ڕۆژێک دێت زانکۆى زەهرا لە هەموو ناوچەکەدا دەنگ دەداتەوە و فێرخوازى لە هەموو لایەکى دونیاوە بۆ دێن. ئەم کۆسپ و کێشە درووستکردنە بۆ هەموو کارێک دێتەپێش، بەتایبەت کە ئێستا بارودۆخ بەتەواوى شێواوە. سەردەمەکە تێدەپەڕێ و تۆش دەگەیت بە خەونەکەت، ئەگەر تەمەن دەرفەت بدات، ڕۆژێک دێت بێم و سەر لە دانیشگاکەت بدەم.” نوورسی قەیرێ بێدەنگ بوو، دەیزانى هاوڕێکەى تەنها بۆئەوە وادەڵێت تا چیتر خەمگین نەبێت. ئەوان یەکتریان دەناسی و شارەزاى خەون و خەیاڵاتى یەکتر بوون، ئەو ماوەیەى کە بەیەکەوە لە یەک سلوولى بەندینخانەدا بوون، دۆستایەتییەکى پتەوى لەنێوانیاندا درووستکردبوو. نوورسی وەک ئەوەى لەبەرخۆیەوە قسە بکات، وەک ئەوەى تۆفیق بەگ لەمناوە نەبێت، بە دەنگێکى پڕ متمانەى یەک ڕیتم قسەیدەکرد “زەهرا خەونى منە، زەهرا دەبێت جۆرێکى نوێ لە دینناسی بێنێتە ئاراوە. نابێت لە زەهرا منداڵەکان بەم جۆرەى ئێستا شەرحى خوداناسییان بۆ بکرێت. ئەوەى من دەیبینم هیچ پەیوەندییەکى بە خودا و دیینەوە نییە. خوداى تەعالا چەندین پەیامى بۆ ناردووم و دەبێت بە میللەتەکەمى ڕابگەیەنم. خودا فێرى ئارامى و خۆشەویستى کردووم. ئەو هەمیشە لەگەڵمدایە. پەیامەکانى دەبێت بە ڕێکوپێکى بگەن بە خەڵک، زەهرا دەبێت ئەو بڵندگۆیە بێت کە ئەو پەیامانە بە گوێى نەوەکاندا بدات، بەڵام زەهرا وردە وردە دەبێت بە خەون. ئەو زاڵمى خودانەناسانە ئەوەندەى لەبیرى تەویلەى ئەسپەکانیاندان، ئەوەندە پەرۆشى کردنەوەى دانیشگا نین.” گەشتبوونە نزیک ئایا سۆفیا، لە مزگەوتە شینەکەى بەرانبەرى تەماى نوێژی عەسریان هەبوو، بەڵام کە ئەم هەموو سەرباز و ئەسپ و عەرەبانە پڕ لە چەک و تفاقانەیان بینى، نوورسی گووتى ناتوانم پەیوەندى بە خوداوە بگرم لە کاتیکدا ئەمانە لێرەن. تۆفیق بەگ پێشنیاریکرد هاوڕێکەى بچێتەوە ژوورەکەى خۆى کە لەپشت مزگەوتى فاتیح و نزیک ئەو ناوچەیە بەکرێى گرتبوو، بەڵام نوورسی نەیدەویست بەتەنیابێت، ئەم هەموو سەربازە و نەبوونى ئومێدێک بۆ کردنەوەى زەهرا دڵتەنگیانکردبوو، گەڕانەوە بۆ ژوورەکەى خەمگینتری دەکرد. بۆیە دەیوست هاوەڵى تۆفیق بەگ بکات تا بەندەرەکە، بەمزووانە کەشتییەکە دەگەیشت، دەبوو تۆفیق بەگ ڕێگەیەکى زیاد لە سێ کاتژمێرى ببڕێت، تا دەگاتە دوورگەى هەیبەلى لەناو دەریاى مەڕمەڕە، لەوێ لەناو ئەو بێدەنگییە ئارامییبەخشەدا، نەژاد و ویدادى کوڕی وەک هەموو ڕۆژێک لەسەر تەپۆلکەیەکى بەرزى نزیک کەنارەکە دادەنیشن و چاوەڕوانى گەڕانەوەى باوکیان دەکەن. لەدوورەوە هەر کە ڕووناکى کەشتییەک دەبینن، بە ڕاکردن بەرەو بەندەرەکە دەچنە خوارەوە.

هیرا

The Starry Night Over The Thone, by Vincent Van Gogh

خەریکى شۆردنى چەند پەرداخێکى بیرەو فنجانى قاوە بووم کە ماتێلدا بانگیکردم و گووتى هیرا لێرەیە. بەپەلە دەستەکانم بە فانیلەکەى بەرم وشککردەوە و بەرەو مێزەکەى ئەو چووم. لەوەته‌ى لێرە بینیومە هەر لەو سوچە لەسەر هەمان کورسی دادەنیشێت. بەرەو ڕووى دەچم و وەک هەموو جارێک ئەو دەست درێژ دەکات بۆ تەوقە و ماچى گۆناکانم دەکات. لووتم پڕدەبێت لە بۆنى شانێل. ماکیاجەکەیم بەدڵە لەبەر ئەوەى هەرگیز نایه‌ڵێت زیادەڕەویکردن لە بەکارهێنانى، جوانییە سرووشتییەکەى بشارێتەوە. پێى دەڵێم کەمێکیتر چاوەرێم بکات، هەر کە ئیشەکانم تەواو کرد، مۆڵەت لە ماتێلداى خاوەنکار دەخوازم و دەڕۆین. دەگەڕێمەوە بۆ لاى قاپ و پەرداخەکان و هیرا لەگەڵ پەرداخێک شەرابى ئیتاڵى جێدەهێڵم. هیرا خۆشیدەوێم، دەزانم کە خۆشیدەوێم، بەڵام هێشتا زووە بۆ بەیەکتر گووتنى ئەم وشەیە. ئیمە هەردووکمان تا ئێستا خۆمان لە بەکارهێنانى ئەم وشەیە پاراستووە. بۆ یەکەمجار هیرام لێرە بینى، ئەو هەندێکجار بە دیار قاوەیەک یا بیرەیەکى ساردەوە دادەنیشت و سکێچى دەکێشا، چاوى بە کتێبەکانى ناو (کافەکتێب)ەکەدا دەخشاند. من سەرەتا تەنها بەخێرهاتن و ماڵئاواییم لێدەکرد. کە لە زارى ماتێلداو لۆرینزۆ وە بیستبووى بەشێکى زۆرى کتێبەکان هى منن، لە باشوورى کوردستانەوە هاتووم و خەونى سەفەر بەرەو نادیار لەسەرمدایە، کونجکوڵى و هەوڵەکانى بۆ نزیکبوونەوە لێم ئاشکرا هەستى پێدەکرا. ئێمە بەهۆى کتێبەکانەوە، بەهۆى دیوانەکانى نالى و مەولاناو پیرەمێرد و خانى و مەحوى و عەبدولحەق حامد و زۆریترەوە بووینە ئاشنا، بەڵام ژیانم هەروا جێگیر نەبوو سەرەتا، من خەونى ڕۆشتن بۆ سەرزەمینێکیتر بەردەوام لە خەیاڵمدابووە، پشتکردنە هەرشتێک بەنیشتمانەوە بمبەستێتەوە. وەک ئەوەى بێوەفاییم بەرانبەر نیشتیمانکردبێت، هەرچى ناخۆشی و تاڵاوى دونیا هەیە لێرە چەشتم. قاچاخچى و ڕێبەرانى ڕێگا کردمیان بە پەند، دەستى دەستى و بەڵێنە بەتاڵەکانیان یەک لیرەیان پێنەهێشتم. وایلێهات لە بەندەرەکان و پارکەکان لەسەر مقەبا دەخەوتم، لە وێستگەى قەتار و بەردەم دوکانەکانى نزیک مەیدانى ناوەڕاستى شار ڕۆژمدەکردەوە. گەنجانى وەک منى توڕە لە نیشتیمان بەردەوام دەهاتن، دەیانزانى کوردم و بێ نەوا و پارە، یارمەتیاندەدام. نزیکەى شەش مانگ بەمشێوەیە ژیام و ئامادەى گەڕانەوە نەبووم. وەک ناخودایەکى کەلەڕەق گوێم بە تۆفان و گێژەڵوکەى دەریا نەدەدا و بەردەوام بووم. تا کوڕێکى بەدلیسى کە پێى ناخۆشبوو هاوخوێنێکى لەسەر جادەکان بمرێت، بە ماتێلدا و لۆرێنزۆى ناساندم. ئەم پیرەژن و پیرەمێردە ئیتاڵییە لەخۆیانگرتم. ئەوان لە بڵاوکەرەوەکانى ئایینى مەسیحى بوون، بەر لە ئیستەنبوڵ لە چەندین شوێنیترى وەک هیند، یەمەن، جەزائیر، مەنگۆلیا ژیابوون، هەتا ماوەیەکیش چووبوون بۆ دوورگەکانى زەریاى باشوور. بە ڕۆژ کارى پاککردنەوەو ئیشەکانیترم ڕاییدەکرد و شەوانیش هەر لەوێ دەخەوتم. چەند لیرەیەکیان دەدامێ کە بتوانم پێداویستییەکانم پڕ بکەمەوە، وردە وردە دەبوومەوە بە کوڕە خەونبینەکەى جاران. ناسینى هیرا و پیاسەى جارجارەمان بە لێوارى بۆسفۆڕدا، هەندێک ئومێدیان تێدا سەوزکردمەوە. هیرا هونەرمەندێک لەناخیدایە، بەڵام هێشتا ڕێگەى ڕاستەقینەى خۆى نەدۆزیوەتەوە. هەر چ تابلۆیەک تا ئێستا کێشاویەتى پێیوایە هەوڵێکى ناجیز و شکستخواردووە. ئەو پۆرترێتانەى کە نیشانى منى دابوون، سەرسامیاندەکردم. ئەو قسانەى ئەوم وەک جۆرێک لە بەخۆدانازینى هونەرمەندانە لێکدایەوە. پۆرترێتى زۆرێک لە هونەرمەند و نوسەر و شاعیرانى تورک و کوردو ڕووس و شوێنەکانیترى دونیاى کێشابوو. لەناو ناودارانى کورددا زیاتر وێنەى پیرەمێردى شاعیرى کێشابوو. دانەیەکیان هى ئەو کاتەیە کۆلێژى ماف تەواو دەکات و لەسەر کورسییەک دانیشتووە، کڵاوێکى تورکى و سمێڵى باوى سەرەتاى سەدەى بیستەم، ئاوڕى بۆ کامێراکە داوەتەوە و خەندەیەک لەسەر لێویەتى. دانەیەکیتر پیرەمێرد لەسەر گردى یارەیە و ئامادەکارى بۆ ئاگرى نەورۆز دەکات، وەک ئەوەى دڵڕەقى ئەم هەموو ساڵانە پڕ بووبن لە شادیى، گەشبینى لە چاوەکانى حاجى تۆفیقى پیردا ڕوون دیارە. هیرا بە ستاییشەکانى من نیگەران دەبێت، پێى وایە هونەر دوور لە هونەرمەند دەبێت هەڵسەنگێنرێت.
بەخێرایی ئیشەکان تەواو دەکەم و ماڵئاوایی لە ماتێلدا دەکەم، لۆرێنزۆ لەم ناوە دیار نییە، دڵنیام وەک هەموو ڕۆێکیتر لەسەر پردەکە قولاپەکەى شۆڕکردۆتەوە و خەریکى ماسیگرتنە، لەڕاستیدا من تا ئێستا نەمبینیوە یەک دانەش بە قولاپەکەیەوە بووبێت. بە ماتێلدا دەڵێم ئەمشەو نایەمەوە، دەتوانێت دەرگاکە قوفڵ بدات و گڵۆپەکان بکوژێنێتەوە. ئەم پیرەژنە بۆ من دڵخۆشە، دەزانێت ئەمشەو لەگەڵ هیرا دەچمە ماڵەوە و بە خێزانەکەیم دەناسێنێت و سوپرایزێکیشى بۆم هەیە، دەزانێت شەوێکى خۆش لەسەر دوورگەى هەیبەلى لەپاڵ ئەودا دەبەمەسەر. هیرا من دەبینێت و لەسەر کورسییەکەى هەڵدەستێت، دەڵێم ببورە کە زۆر چاوەڕێتکردم، ئەو دەڵێت هێشتا زووە و فریاى بەلەمەکەى کاتژمێر چوار دەکەوین. لە کافێکە دێینە دەرەوە و شانبەشانى یەکتر بەرەو نزیکترین وێستگەى میترۆ دەڕۆین.

گەشتێکى کورتى بیستوپێنج ساڵە

خۆر هێندەى بۆ ئاوابوون نەمابوو کە دوو هاوڕێکە گەیشتنە بەندەرەکەى ئەمینۆنو، بە بێدەنگى سەیرى بورجى گاڵاتا و تەنگەى بۆسفوڕیان دەکرد. کەشتییەکەى تۆفیق بەگ هێشتا نەگەیشتبوو، لەسەر گابەردەکانى نزیک گوێ ئاوەکە دانیشتن و بەبێدەنگى لە هاموشۆى بەلەمەکانیان دەڕوانى. بیرکردنەوە لە سلێمانى، تۆفیق بەگى خەمگین دەکرد، بۆیە دەیەویست توند دەست بەشارەکەوە بگرێت و جێگەى ماڵى ڕاستەقینەى بگرێتەوە، جێگەى نیشتیمانێک بگرێتەوە کە بۆ گەشتیکى کورتى چەند هەفتەیی لێى هاتە دەرەوە و نەیدەزانى زیاتر لە بیست و پێنج ساڵ ئەم غوربەتە درێژە دەکێشێت. بۆئەوەى غەریب نەبێت، تۆفیق بەگ دەستیکرد بە بونیادنانى ژیانێکى تازە. کۆلیژى مافى خوێند و پلەى میری وەرگرت و ڕۆژنامەى دەرکرد و ژنى هێنا و وەچەى خستەوە و عاشقى شارەکە بوو. چوو بۆ حەج و ڕێگایەکى درێژى گرتەبەر، ڕێگایەک نە چوون، نە هاتنەوەى نەیەتەوە نزیک سلێمانى. لە باکۆوە بە قەزویندا بۆ مەککە ڕۆیشت و نەگەڕایەوە زێد، وەفایی شاعیرى لە حیجاز بە لم سپارد و زیندانى سوڵتان و کۆماریی دی و نەگەڕایەوە. هەموو ئەمانەى بیردەهاتەوە و هێشتا دڵى بە ماڵەکەى لە دوورگەى هەیبەلى و نەژاد و ویدادى کوڕى خۆشبوو. ئومێدێک هەبوو ڕۆژنامەیەکى تازە دەربکات، منداڵى زۆرتر و شیعرى جوانتر بنووسێت. کە سەیرى مانگى شکاوى سەر لە ئێوارەى دەکرد، لەناو شەپۆلە بچووکەکانى سەر ڕووى دەریا، لەبەرخۆیەوە گووتى “ئەم شارە چەند جوانە!” تا نوورسى بە خەمگینییەوە نەیگووت “لێ حەیف نە وەڵاتێ مەیێ کوردانە!” نەیزانى لە کوێیە. کەشتییەکە گەیشتبوو، باوەشیان لێکدا و تۆفیق بەگ بازێکیدا و سەرکەوت، بەبێ ئەوەى ئاوڕ لە هاوڕێکەى بداتەوە، چووە بەشى دواوە و پاڵیدا بە دیوارە تەختەکانییەوە. نوورسی هەر لەسەر گابەردەکان دانیشتبوو تا کەشتییەکە دوورکەوتەوە و چیتر نەیدەتوانی لە تاریکییەکەدا بیبینێت. مانگیش ئیدى سەر شەپۆلەکانی جێهێشتبوو. کتێبەکەى جەمالەدین ئەفغانى هەڵگرت و بەرەو شارەکە ڕۆیشت. نەیدەزانى هەرگیز جارێکیتر هاوڕێکەى نابینێتەوە.

دوورگەى هەیبەلى

ناو میترۆکە پڕبوو، خەڵکانیکى زۆرێکیش بە پێوە وەستابوون، من دەستێک بە خۆهەڵواسەرەکە و ئەویتر لە گیرفاندا، هیرا بەرامبەرم، دەستێک بە خۆهەڵواسەرەکە و ئەویتر بە جانتاوە. دەستەیەک کوڕ و کچى گەنجى عەرەبى سعودى هەواى ئازادى شێتگیریکردبوون، بە دەنگى بەرز دەدوان و قاقایان تا واگۆنەکانیتر دەڕۆیشت. لەگەڵ وەستانى لە هەر وێستگەیەکدا میترۆ ژێرزەمینییەکە لەترێکى دەدا و هیرا، قۆڵى، ڕانى یان هەر شوێنێکیترى بەر من دەکەوت، وەک ئەوەى داوای لێبوردن بکات بزەیەکى بۆ دەکردم. من دەمویست بزانم ئەو سوپرایزە چییە بۆ منى ئامادەکردووە لەسەر ئەو دوورگەیە. لەناکاو گووتى: “دەزانىت پیرەمێرد ماڵى لەو دوورگەیە بووە کە ئێستا بۆى دەڕۆین؟” سەرم بە نیشانەى بەڵێ لەقاند. دواى قەیرێ گووتى: “ئەىدەزانىت ئەتێلا نەژاد، مەبەستم نەوەى تۆفیق بەگە هێشتا لەو دوورگەیە دەژى؟” بە چاوانى ئەبڵەق و سیمایەکى پڕ لە پرسیارەوە سەیرمکرد. لەناو جانتاکەى ڕۆژنامەیەکى نمرە دووى دەرهێنا و وتارێکى ئەتێلاى پیشاندام دەربارەى پاراستنى شوێنەوارە دێرینەکانى ئیمپراتۆریەتى ڕۆمانى بوو لە تورکیا. لە وێنەکەدا ئەتێلا جگە لە لووتى کەمێك گەورە و چاوانى خەمگینى هچ شتێکیترى نەدەچووەوە سەر پیرەمێرد. کاتێ ڕۆژنامەکەى دەخستە ناو جانتاکەى پرسیارى ویدادم لێکرد، گووتى: “چى دەزانىت؟”. کەمێک لێى نزیکبوومەوە و گووتم: ” پێش ئەوەى بڕوا بۆ هندستانء زمانى سانسکریتى بخوێنێ چووەتە لاى باوکى لە سلێمانى، دواتر چووە بۆ بەغدا و لەوێوە بۆ دەلهى.” لە وێستگەیەکى سەر زەویدا میترۆکە وەستا و عەرەبە سعودییەکان دابەزین. گووتى: “لەوێ، لە هندستان مرد و گۆڕەگەى لە شارى (گۆوا)یە.” دواى ئەوە هەردووکمان بێدەنگ بووین و سەیرى تاریکایی ناو تونێلەکەمان دەکرد. دوو وێستگە دواتر دابەزین و تا بەندەرەکەمان بە پیادە بڕى. هۆڵەکە پڕ بوو لە گەشتیارى بیانى، چاوەڕوانى دەرچوونى کەشتییەکەیان دەکرد بۆ کۆدوورگەى شازادەکان. لەپاڵ دیوارى هۆڵەکە بەبێدەگى چاوەڕوانى کردنەوەى دەروازەکانمان دەکرد، ژنێکى قژ ڕەشى باریک کە نەدەکرا ڕووخسارى ببینم، بە دانیشتنەوە پشتى دابووە دیوارەکەوە لە مۆبایلەکەیەوە وتارێکى لەبارەى پرسی ئازادى ڕادەربڕین لە تورکیاى نوێدا دەخوێندەوە. دەرگاکان کرانەوە و ژنە فریاى تەواوکردنى وتارەکە نەکەوت، شەپۆلێک لە مرۆڤ بەرەو کەشتییە سێ نهۆمییەکە چوون. دواى دووجار لە شووتى ئاگادارکردنەوە کەشتییەکە کەوتە ڕێ. تا گەیشتیینە دوورگەى هەیبەلى، سەرنشینەکان خواردن و دۆنەتیان بۆ ئەو نەورەسانە هەڵدەدا کە دواى ئێمە کەوتبوون.
من یەکەمین جار بوو پێ بخەمە سەر هەیبەلى. لە بەندەرەکەوە ڕێگا سەرەکیەکەمان گرتەبەر و لە کۆڵانێکى پڕ لە درەختى سەوز چووینە ژوورە. هیرا کلیلێکى لەجانتاکەى دەرهێنا و دەرگاى ڤێلایەى ڕازاوەى کردەوە. دایکى خەریکى ئاودانى گوڵەکان بوو، دەستى گوشیم و فەرمووى ژوورەوەى لێکردم. لە ژوورى دانیشتن هیچ سەرسام نەبووم کە ڕەسمێکى پیرەمێردم بە دیوارەکەوە بینى، چونکە ئەو پیرەپیاوەى بەرەو ڕووم دەهات تا تەوقەم لەگەڵ بکات، ئەتێلا نەژاد تۆفیق بوو. ئەو پیاوەى هیرا لە میترۆکەدا وێنە و وتارەکەى نیشاندام.
بۆ بالکۆنییەکەى دواوەى خانووەکە ڕێنوێنی کردم، مێزێکى شووشەیی خڕ و چوار کورسی دەیانڕوانیە سەر دەریا. “هیرا کچم شەرابمان بۆ بێنە”، ئەتێلا بە ڕوویەکى خۆشەوە ئەمەى گووت. لەو بەرزییەوە بەندەرکەمان لێوە دیار بوو، بەلەمێک خەریكبوو دەکەوتە جوڵە. نەورەسەکان بێ هەدا بە ئاسماندا دەسوڕانەوە. هەموو شتێک جوان بوو. دوورگەکە و سوپرایزەکەى هیرا و ئەو گردەى لاى ڕاست کە وەک برۆکلى سەوز بوو. بیرم لە پیرەمێرد دەکردەوە، نزیکەى سەدەیەک بەر لە ئێستا لەم شوێنەى منەوە لەهەمان دیمەنى ڕوانیووە. ئەتێلا هێنامیەوە بۆ دوورگەکە: “هیرا پێى گووتم کە ئێوە ئێرە جێدەهێڵن، ئەمجارە بەرەو کوێ کوڕى گەنج؟” دەمویست بڵێم ئیدى بیر لە ڕۆیشتن ناکەمەوە، بەڵام بەبێ ئەوەى وەڵامى بدەمەوە سەیرى بزەى سەر لێوى هیرام دەکرد کە بە خۆى و شەرابەکەى دەستییەوە بەرەو ئێمە دەهات.

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.