سەباح ڕەنجدەر، سەرزەمینی هەموو ناوەکان، دیوانی شیعری، ٢٠٢٣ بڵاوکراوەکانی کەپر.

پڕکردنەوەی دوالیزمی شیعری, لە «ناونیشان بێ گۆڕەپانی جەنگەکان»ـی سەباح ڕەنجدەردا


لێکۆڵینەوەی شیعر

Loading

پڕکردنەوەی دوالیزمی شیعری, لە شیعری «ناونیشان بێ گۆڕەپانی جەنگەکان»ـی سەباح ڕەنجدەردا

پێشەوا کاکەیی

 

خەیاڵسازی و جوانیناسیی شیعر ڕوویەکی گرنگی پەیوەندی نێوان شیعر و شێوازە، کە بنەڕەتیترین واتای شیعر دەستگرتنە بە جوانیناسییەوە. لێرەدا باس لە گوتاری هەستی جوانیناسی ناونیشان دەکرێت، بەڵام لەو چەمکە شیعرییەی کە شاعیر خۆی لە ڕێی گوتاری ناو ناونیشانەکانیەوە، بێ ناوەرۆکی شیعرەکان یان ڕوونتر بڵێم بێ هەڵگیرساندنی جەنگی ناو ناونیشانەکان، گوتارێکی دیکەی فڕێداوەتە بەردەمی خوێنەر. شاعیر لە شیعری [دەنگ]ـدا، (١٠) ناونیشانی پڕ ململانێی زمانی شیعریی خوڵقاندووە، بەڵام لە شیعری [ناونیشان بێ گۆڕەپانی جەنگەکان]ـدا، سەرقاڵی پاککردنەوە یان سپیکردنەوەی هەر (١٠) ناونیشانەکەیە نەک ڕەشکردنەوەی لاپەڕەکان. شاعیر لێرەدا «بۆشایی» کردووەتە بیرکردنەوەی شیعریی تا خوێنەر خۆی لە ڕێی ناونیشانە بێ ناوەرۆکەکان، «خودێتی»ـی خۆیان لەگەڵ «بابەت»ـدا دەقئاێزان بکەن. یانی ناونیشان لە لایەن شاعیرەوە دیاری کراوە و ناوەرۆک خوێنەر خۆی تێدا بەیان دەکات کە خودێتی و بابەت دەقئاوێزانی ناونیشان دەبنەوە. ئەو هەستە جوانکارییەی کە باسی کردووە لە ناونیشانەکانی ناو [ناونیشان بێ گۆڕەپانی جەنگەکان]، لە بنەڕەتدا جۆرێکە لە واتاسازیی شیعری نوێخوازی و نزیکە لە هێماسازی و جوانیناسییشەوە. جوانیناسیی ئەو چێژە شیعرییەیە کە شیعری نوێخوازی لە شێوازناسیدا نیشانی دەدات و خوێنەر قووتی دەدات. ئەم (١٠) ناونیشانە، لەسەر بنەمای بیرلەخۆکردنەوە وەک شوێنی کۆتاییی ناو ناونیشانەکە و جەخت لەسەر «خۆبوون و گەشتی خود» دەکاتەوە بەناو شیعردا، لە کەشتی شاعیرێکدا. کە ئەو هەستە جوانکارییەی لە ناونیشانەکاندا باسی دەکات، لەسەر بنەمای ناسینەوەی ئەرێنی خودی شاعیر دامەزراوە.

لێرەدا هەرچەندە بنچینەی سەرەکی دوالیزمی ناونیشان و ناوەرۆک نییە، بەڵام دوالیزمەکەی بە بیرکردنەوەی شێواز پڕ دەکاتەوە کە ئەم شێوازەیش بە بیرکردنەوەی خوێنەر لە بۆشایی بێ ناوەرۆکدا، ناوەرۆک وەک خود و بابەت دادەڕێژێت و شیعر بەرهەم دەهێنێت. ئەم سپیکردنەوەیە، ئەستەم نییە بۆ خوێنەرێک کە ئاگاداری شیعر بێت یان ڕەخنەگرێک یاخود هەر کەسێک کە حەزی شیعری هەبێت. شاعیر لێرەدا جوانیناسییەکەی فڕێداوەتە بەردەمی خوێنەرەوە تا چێژی شیعریی لە ڕێی ناو ناونیشانەکانەوە کە هەیە بە نووسینی شیعر یاخود بیرکردنەوە لە بۆشایی شیعرەکان وەربگرێت. لەبەر ئەوە، چێژی شیعریی، سیمای بنچینەیی شیعرە. ڕاستییەکەی هەمان شت بۆ ئەو زەمینە جوانکارییەی کە بۆ ناونیشانەکانی شیعری بێ ناوەرۆک ڕەخساوە، ڕاستە. ئەوەیش ڕاستە کە چێژی شیعری ڕەگوڕیشەی لە نووسینی شیعردا هەیە وەک تایبەتمەندییەکی ڕەگەزیی، بۆیە شاعیر ئەم چێژە شیعرییە بە خوێنەر پڕ دەکاتەوە کە خۆی جارێکی تر هەم وەک شاعیر چێژ ببەخشێت بە خوێنەر لە ڕێی ناونیشانەوە و هەمیش چێژ وەربگرێتەوە لە ڕێی بۆشایی ناوەرۆکەکانەوە. لێرەدا چێژی شیعری پەیوەندی بە نهێنی بێ ناوەرۆکی و ئاشکرایی ناونیشانی شیعرەوە هەیە. کە بە دیوێکدا، نهێنی جیاکاری نێوان شیعر و ناشیعریشمان بۆ دەخاتە ڕوو. دەکرێت بڵێم شاعیر لە مێژووی شیعری نوێدا، بە دوای نووسینی شیعردا دەگەڕێت. نووسینی شیعری نوێی ئەو، ئاڕاستەی بەدواداچوونی ئاگاییانەیە بۆ چێژی شیعری. شیعری نوێ، پێویستە زۆر پشت بە جوانیناسیی شیعریی دەروونناسی ببەستێت. لەگەڵ ئەوەیشدا، شاعیر لە ڕێی ناونیشانی بێ ناوەرۆک، پەیڕەوی لە شیعری هێماگەرایی شیعری نوێدا کردووە.

 

سەباح ڕەنجدەر، سەرزەمینی هەموو ناوەکان، دیوانی شیعری، ٢٠٢٣ بڵاوکراوەکانی کەپر.

پڕکردنەوەی دوالیزمی شیعری، لە ڕێی ناونیشانەوە بە بێ ناوەرک ئەنجام دەدرێت، کە ئەمەیش دەتوانم بڵێم کە «پڕکردنەوەی دوالیزمی شیعری»، داڕێژەری ئەم بیرۆکەیە خۆمم و لە ڕێی ناونیشانەوە پێی گەییشتوم و لێرەدا لەگەڵ ڕاڤەکردنمان بۆ شیعرەکە ئەم بیرۆکەیەتان لا گەڵاڵە دەبێت. ئەمە دوالیزمی شیعری نییە، بەڵکوو چۆن دوالیزم بە بونیاد دێت. دوالیزمی شیعری، لە ڕێی ناوەرۆک و ناونیشانەوە بە تێکەڵبوونی خودی بابەت لەناو بابەتدا دێتە دی، بە کۆمەڵێک خاڵی ترەوە کە ئێرە جێی باس نییە، بەڵکوو قسە لەسەر پڕکردنەوەی دوالیزمی شیعری دەکەم کە ئەمیش لە پێنج خاڵدا دەیخەمە ڕوو؛

١- شاعیر خۆی ئەم «بێ دوالیزم»ـیەی خوڵقاندووە، تا خوێنەر خۆی پڕی بکاتەوە؛

٢- شاعیر لە ڕێی «خود و بابەت»ـی خوێنەرەوە کە لە بۆشایی بێ ناوەرۆکەکەیدا پێی دەگات، ئاوێزان بە ناونیشانەکەی دەکات و لە بۆشایی ناوەرۆکەکەیدا چێژی شیعری بە ناونیشانەوە دەبەستێتەوە، تا خوێنەر خۆی لە بۆشایی بێ ناوەرۆکدا چێژەکە پڕ بکاتەوە؛

٣- پڕکردنەوەی دوالیزمی شیعری، پڕکردنەوەی چێژە لە ڕێی خوێنەرەوە. چونکە چێژی شیعریی دوالیزمی شیعری، لە ناونیشان و ناوەرۆکەوە سەرچاوە دەگرێت. زۆر جاریش شیعر بێ ناونیشان بووە و بەڵام دوالیزمی لە خۆیدا هەڵگرتووە؛ ئەمەیان پڕکردنەوەی دوالیزمی شیعرییە لە ڕێی خوێنەرەوە کە پەیوەستە بە چێژەوەیە، ئەم چێژەیش دەبێت لە ناونیشانەکاندا هەبێت؛

٤- هەموو ناونیشانێکی بێ ناوەرۆک نابێتە هۆی پڕکردنەوەی دوالیزمی شیعری، ئەگەر خودی ناونیشانەکە خۆی سەرڕێژی چێژی شیعری نەبێت. واتە ئەگەر بەر چێژی ناونیشان نەکەویت، ناگەیت بەوەی پڕکردنەوەی دوالیزمی شیعری لە ڕێی خەیاڵدانتەوە پڕ بکرێتەوە؛

٥- لەکارخستنی ناوەرۆکە تا خوێنەر لە ڕێی چێژەوە ناوەرۆک بخاتەوە گەڕ و پڕکردنەوەی دوالیزمی شیعری بە بونیاد بنێت.

بە گشتی شیعر ناتوانێت دیدگای گەورە و تەوەرە درێژخایەنەکان وەک جیهان و ڕۆح لە خۆیدا بە دەر بنێت. وەک چۆن شیعر ناتوانێت خۆی لە پۆلێنە فەلسەفییە مێتافیزیکییەکانی وەک: [کات و فەزا، ئەقڵ، بوون و هیچبوون] خۆی بەدوور بگرێت؛ چونکە شیعر گۆڕان و گۆرانییەکی بەردەوامی مرۆڤایەتییە، کە لەوانەیە بیرکردنەوەی نووسەر، پرسیارکردن و دەستگرتنی بێت بە [جیهان و کات و شوێن و جیهانی مرۆڤایەتی]ـیەوە. بە گشتی [ئەوەی ئاگاداری شیعر نەبێت]، ئەستمە بۆی ڕاستەوخۆ ئەم ناونیشانانە وەک شیعر وەربگرێت، چونکە ئەم جۆرە تەوەرە زەحمەتە ئەگەر تێیدا شارەزا نەبیت، بتوانیت پڕکردنەوەی دوالیزمی شیعری لە چێژدا بخوڵقێنیت. هەروەها ئاسانیشە گێڕانەوەی گەورەی خەیاڵی تێدا بە کار بهێنیت بۆ دەربڕین، ئەمەیش وا دەکات دەقەکە بکەوێتە ناو چەشنێکەوە کە چەقبەستوویی درۆینە بەتاڵ بێت. بێگومان ناونیشانی شیعر بۆ شیعرێک زۆر گرنگە، تەنانەت ئەگەر «بێ ناوەرۆک»ـیش بێت. ڕەنگە خەڵک وا بیر بکەنەوە کە ناونیشانی شیعرێک وەک ناوی مرۆڤێک وایە، گرنگی و ئەرکەکەی خۆبەخۆیە، بۆیە پێویست بە هەموو ئەو ناونیشانانەی ناو ناونیشانەکە ناکات بە بێ ناوەرۆک، بەڵام بە ڕای من ئەمە خوڵقاندنی دەقێکی نوێی شیعرییە لە ڕێی چێژی ناونیشانەوە کە ڕۆڵ و گرنگی ناونیشانی شیعرەکان لە لەکارخستنی ناوەرۆکدا دەر دەکەوێت! تا خوێنەر لە ڕێی چێژەوە ناوەرۆک بخاتەوە گەڕ.

ئەگەر سەرنج بدەیەنە هەر (١٠) ناونیشانە شیعرییەکە، هەر هەموویان شیعریین و چێژیان فڕێداوەتە بەر دەمی خوێنەر، تا لە ڕێی چێژەوە ناونیشان وەک کلیلی دەق بکاتەوە. ئەم ناونیشانانە کە لەناو [ناونیشان بێ گۆڕەپانی جەنگەکان]ـدایە، خۆیشیان شیعرن؛ بەڵام شاعیر بە شارەوەیی ناوەرۆکەکانی بۆ خوێنەری جێ هێشتووە و بە ئاشکرایش سەری ناونیشانەکانی وەک دێڕێک لە شیعری نوێدا جێ هێشتووە. یانی شاعیر لە ناونیشانە سەرەکییەکەدا کە [ناونیشان بێ گۆڕەپانی جەنگەکان]ـە، خۆی ساغ کردووەتەوە کە ناوەرۆکەکان بێ جەنگن، بێ ململانێ و گرژی شیعریی و دەقئاوێزانەکەیان بەتاڵە و لە ڕێی چێژی ناونیشانەکانەوە کە شیعریین و چێژیان زاڵە، خوێنەر لە بۆشایی بێ ناوەرۆکدا دەگاتە چێژێکی تر کە دەقئاوێزانی دەکاتەوە بە بیرکردنەوە لە شیعر.

ئەمەیش پێنج لە ناونیشانەکانی ناو [ناونیشان بی گۆڕەپانی جەنگەکان]ـی سەباح رەنجدەرە کە لەژێر هەر دانەیەکیاندا، بە کورتی سەرنجی خۆم دەخەمە ڕوو؛

١- لەکاتی خۆیدا لە قووڵاییدا هەڵدەلەرزم[1]

شاعیر ئامادەیی خۆی وەک بیرکەرەوەیەک لە شیعر و نووسینی شیعردا ڕاگەیاندووە. «لەکاتی خۆیدا»، ئەمە سەرنجدانە بەوەی خوێنەر ئامادەیی خۆی نیشان بدات لەوەی چی شتێک لەکاتی خۆیدا؟ خوێنەر بە دوای وەڵامدا دەگەڕێت. کاتێک دەڵێت: «لە قووڵاییدا هەڵدەلەرزم» بیرکردنەوە شیعرییەکە دەر دەخات کە پێشمەرجی ئەوە بووە لەکاتی خۆیدا بیر لە شیعر بکاتەوە. هەر لەبەر ئەمەیشە ئەم گۆڕەپانەی بێ جەنگ هێشتووەتەوە تا خوێنەر خۆی ململانێیەکی شیعریی لەگەڵ ناونیشانە پڕ شیعریی و چێژە شیعرییەکەیدا بهێنێتە کایەوە.

٢– گرەو لەگەڵ کلیلسازی گەنجینەی پاشا و داهاتووی پێشبینیکراو[2]

ئەمەیش بە وەڵامی شاراوەی شاعیر و سەرسڕمانی خوێنەر دەست پێ دەکات؛ کە چ شتێک جێی گرەوە لەسەر گەنجینە و داهاتوو. چێژەکە لێرەدا لەسەر مەتەڵە کە خوێنەر ئەو مەتەڵە شیعرییە پڕ بکاتەوە.

٣- پێم بوونەتە ڕووبار و خۆم بۆ شەڕی دنیا ئامادە کردووە[3]  

یەکێکە لە جوانترین ناونیشانە پڕ شیعریی و چێژی و وەڵامییەکان و پرسیاریشی بۆ خوێنەر جێ هێشتووە بۆ پڕکردنەوە لە بیرکردنەوەی شیعرییەکە. کاتێک شاعیر لە ناونیشانە سەرەکییەکەدا دەڵێت: [ناونیشان بێ گۆڕەپانی جەنگەکان]، ئەی کە وەڵامی داوەتەوە، بۆچی پرسیار درووست دەکات؟ تا تۆی خوێنەر بگەڕێنێتەوە سەرەتای ناونیشانی سەرەکی و خۆت بۆ شیعرێک ئامادە بکەیت لەو گۆڕەپانەدا.

٤- قەلەڕەشێک بە قەوارەی هەورێکی زەرد[4]

قەلەڕەش هەمیشە بە دوای شوێنی جەنگەوەیە کە ئەمیش مرۆڤ تێیدا بەرپای دەکات. ئەم قەوارەیە، هەورێکی لچداشۆڕاوی زەردە کە بە دیار کوشتن و کوشتنکارییەوە سەرقاڵە کە لە گۆڕەپانەکەدا جەنگی داگیرساندووە و خوێنەری تووشی دۆشداماوی کردووە و بەسەر لاشەکانیدا قەلەڕەشێک دەنووک لە کوژراوەکانی دەدات. ئەمە ئەو ناونیشانەیە کە ڕەهەندێکی سیاسی هەیە و پڕ لە جوانیناسییە و خوێنەر لە ڕێی چێژی جوانیناسییەکەوە بیر لە ڕەخنەی شیعری دەکاتەوە تا شیعرەکە پڕ بکاتەوە و دوالیزمی شیعری پێ بونیاد بنێت.

٥- گوڵەخوریی زمانی سەرکردەیەکی ئەژنۆ شلی بزمارڕێژ کرد[5]

دیسانەوە بە هەمان وێنەی ناونیشانی چوارەم و بە هەمان کردەی ناو ناونیشانەکە ئەنجامی داوە، بەڵام لەمەیاندا لەسەر زمانشڕێکی ناوخۆ و ئەژنۆ شلێکی سیاسیی حیزبێکی خێڵەکیی کوردستانی باشوو کردووە. لە چوارەم لەسەر پارتێکی خێڵەکییە و لە هی پێنجەمدا لەسەر سەرکردەی پارتە خێڵەکییەکەیە. ئەگەر سەیری ناونیشانی شەشەم تا دەیەمیش بدەین، هەریەکەیان لەژێر ڕۆشنایی ئەو خاڵانەی سەرەوەدا کە بەر باسم داون، کاری تێدا کردووە.

         شیعر گوزارشت لە ئاواتەکانی مرۆڤ دەکات، دڵ ئاواتەکانی مرۆڤە، قسەی مرۆڤیش شیعرە، هەر بۆیە وشەی شیعر بە دوای وەڵامی ناونیشانەکانی شاعیردا دەگەڕێت. کە شاعیر «شوین»ـی تەنیا لە ناونیشانەکاندا داگیر کردووە و لە ناوەرۆکدا ماڵۆچکەکەی بۆ خوێنەری جێ هێشتووە. ئەم ناونیشانە شیعرییانە وەکوو خانوویەک وان، بەڵام بێ ماڵن و خوێنەر دەبێت خۆی ماڵسازی تێدا بکات. کاتێک دەڵێین شیعر گوزارشت لە ئاواتەکان دەکات، واتە شیعر گوزارشت لە بیرکردنەوە و خواست و هەستی مرۆڤەکان دەکات. شاعیران بە درێژایی سەردەمەکان شیعریان بە کار هێناوە بۆ دەربڕینی هەست و ئاواتەکانیان. بۆیەشە شاعیر ناونیشانە بێ ناوەرۆکەکانی جێ هێشتووە بۆ خوێنەر تا خوێنەر خۆی گوزارشت لە بیرکردنەوەی شیعریی بکاتەوە و پڕکردنەوەی دوالیزمی شیعری وەک تەواوکەرێکی شاعیر ئەنجامی بدات.

شوێنپێ: قەڵادزێ

حوزەیرانی ٢٠٢٣

[1]. سەرزەمینی هەموو ناوەکان، سەباح ڕەنجدەر، بڵاوکراوەی کەپر، ز.٢٧، چاپی یەکەم، ٢٠٢٣، سوید، ل٤٩

[2]. هەمان سەرچاوە، ل٥٠

[3]. هەمان سەرچاوە، ل٥١

[4]. هەمان سەرچاوە، ل٥٢

[5]. هەمان سەرچاوە، ل٥٣

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و شێوازی نوسین و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌