خه‌نده‌ حه‌مید

سەما چ بە من دەگەیەنێت


Loading

خه‌نده‌ حه‌مید له‌كاتی سه‌مادا

سەما قۆناغێکی تر بوو لە ژیانمدا، پەیوەندییەکانی منی باشتر کرد، وای لێکردم زۆربەی ڕۆتیناتەکانی ژیانم تێپەڕێنم. وای کرد پەیوەندییەکی باش نەک تەنیا لەگەڵ هاوپۆلانی سەماکەم، بەڵکو نزیک ببمەوە لە بینەری گشتی ئەمە بۆ من هەنگاوێکی یاخییانە بوو.

سەما ئەزموونێک بوو کە هەموو ژیانم دەتوانم چێژی لێوەربگرم. لەم کۆرسەدا هەستم کرد من هێندە نەشارەزا نیم لە سەمادا، لە کاتێکدا ترسی گەورەم ئەمە بوو. بەڵام کاروان عومەری سەماکار و کۆریۆگرافەر بەشێوەیەک مامەڵەی لەگەڵمان کرد کە ئێمە توانایی وشارەزایی سەمامان تێدایە، بۆیە هەموو ترس و سترێسەکانی منی ڕەواندەوە، هەربۆیە بە سەما ڕیتمی ژیانم وەرگرتەوە و مانایەکی ترم بە ژیانم بەخشی.

لێرە کە خەریکە ژیان دەوەستێ، سەما بۆ من  بەردەوامی دانە لەناو ئەو هەموو ناشیرینییەی هەیە، من خۆم خەریکی وردە جوانییەکانی سەماکردن کرد. ئەمە خۆگێل کردن نییە، بەڵکو دەمەوێ ئەو جیهانە بۆ خۆم دروست بکەم کە دەمەوێ هەم بێت؛ ئەمەش زۆر بەسادەیی لە ڕێگەی سەماوە. سەما توانای گەورەت پێدەدات، چونکە دوای ئەو کۆرسە هەست دەکەم سەرنجدانم وردتر و زیاترە، هەروەها باشتر دەتوانم بنووسم  دەروونم  زۆر ئارامترە.

سەما منی بەو شوێنە، بەو شتە گەیاند کە خۆم دەم ویست، ئەویش: جەستەیەکی پڕ لە جوڵە و وزە، تاکو بتوانم باشتر چێژ لە ژیان وەربگرم. من جەستەم خۆشدەوێ کاتێ جوانی ناوەوەی خۆم بنوێنێ، جوانییەک بە هەموو توڕەیی و هێورییەکانییەوە، لەبەرئەوە لە ڕێگەی سەماوە هەست دەکەم جەستەم لەگەڵ پێداویستییەکانم ڕێک دەکەوێت. هەربۆیە ئەو وزە هەڵچووە پۆزەتیڤانەی لەم ئەزموونەوە دروست بووە، هەستی سەلامەتی و ئاسایشم پێ دەبەخشێ. چونکە من فێربووم هەندێ کار لەگەڵ جەستەمدا بکەم، بەوەی ڕێز لە جەستەم بگرم، هەڵچوون و هەستەکانم زیاتر ئازاد بکەم. بە هەموو ئەوانەش توانیم جووڵە و هاوسەنگییەک لە بەشە بزوێنەرەکانی بوون و جەستەمدا پێکبهێنم.