دابان عه‌تار

نۆتەی پێنجەمی فریشتەی گیانکێشان ویستی ڕاکات


Loading

 “ئحو ئحو ئحو ئحو ئح”

“خوا ڕوحمی پێبکا  چیتر ڕەزیل نەبێت”

کوڕە گەورەکەی ئەمەی بە برابچووکەکەی گووت و هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا

“لەماوەیەکی کەمدا کێشی لەشی زۆر دابەزیوە، تەنیا ئێسک و پێست ماوەتەوە”

کوڕە بچووکەکەی ئەمەی بە زاواکەیان گووت و هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا.

“ژنەکەم گوتی دکتۆر گووتویەتی ئیدی بەرگەی چارەسەری کیمیایی ناگرێت، چارەسەرەکانیش ئیدی تەنیا ماندووی دەکەن و هیچ سوودێکی پێناگەیەنن”

هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا و درێژەی بە قسەکانی دا

” منداڵەبچووکەکەمان زۆر نەخۆشبوو بۆیە نەیتوانی لەگەڵمدابێت”

“ئحو ئحو ئحو ئحو ئح”

“کاکە وەرە خەریکە لەگەڵ کۆکین هەناسەی  دەپچڕێت”

لودڤیك ڤۆن بێتهۆڤن ١٧٧٠-١٨٢٧
– نۆته‌ی پێنجه‌م Ludwig van Beethoven About 17 December 1770 – 26 March 1827)

برا بچووکەکە وایگووت و هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا

“خودایە نەجاتی بدەی”

براگەورەکە وایگووت”ئحو”

“سەری بەسەرشانی باوکیدا لاربووەوە و بەلاداهات”

“پیاوەکە ڕاکە وابزانم مام مالیکی جیرانمان وەفاتی کرد”

ژنی دراوسێی چەپیان بەپەلە ڕایکردەوە ژوورەوە و ئەمەی بە پیاوەکەی گووت

“ژنەکە ئاگات لە منداڵەکان بێت، وابزانم مام مالیک وەفاتی کردووە دەبێ بچم”

دراوسێی لای ڕاستیان بەپەلە پەل جەمەدانییەکی لەسەری پێچاو وای بە هاوسەرەکەی گووت و دەرپەڕی.

“ئحو ئحو ئحو ئحو ئح”

“ئەیەڕۆ پیاوەکە ئەوەچیتە، پیاوەکککک بۆ قسەناککک”

ژنەکەی بە قیژە و لەخۆدان ئەم قسەیەی گووت و”ئحو”

“بەچاوی خۆم دیتم ژنەکەشی کۆکەیەکی کرد، بەسەر سینگی پیاوەکەیدا کەوت و نوتقی لێبڕا”

“ژنەکە زوو خۆت بگەیەنە ئێرە، مرد!”

“زاواکەیان لە تەلەفۆنەکەوە ئەو قسەیەی بە ژنەکەی گووت”

“ئەلوو! چیبووە باوکم مرد؟”

” لەتەلەفۆنەکەوە گوێم لە ژنەکەی بوو دوای ئەو قسەیە هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا”

“هەموومان ماوەیەک وەستابووین و نوتقمان گیرابوو، برابچووکەکە خۆی لە سووچێک نابوو، بەئاستەم هەناسەی دەدا. زاواکەیان لەفکران ڕاچووبوو. هیچ کەسێک هیچ قسەیەکی نەدەکرد، هەموومان بە واقوڕماوی سەیری ئەو دیمەنەمان دەکرد، لەو کاتەدا بە کۆکینی مام مالیک بەئاگاهاتین”

“ئحو ئحو ئحو ئحو ئح”

“مام مالیک دوای کۆکینەکەی نووزەیەکی کرد و بێدەنگ بوو”

“کاکە ئادەم هەڵسەوە! تکایە هەڵسەوە!”

“کوڕەبچووکەکەیم بینی لەوکاتەدا لەسەر براگەورەکەی دەگریا و هاواری دەکرد، دواتر کۆکەیەکی کرد و بەلادا هات”

“لەوکاتەدا خووشکەکەیان بە باوکەڕۆ باوکەڕۆ خۆی بە ژوورداکرد”

“ژنەکە دەبێ ئێمە ڕاکەین و لەم ماڵە نەفرەتیە نەمێنینەوە”

“زانەمێنینەوە”

“گوێم لە زاواکەیان بوو هاوری کرد و ڕایکردەلای ژنەکەی”

” چیبووە تێمبگەیەنن؟ براکانم بۆ ئاوا کەوتوون؟”

“ئحو ئحو ئحو ئحو ئح”

“چیییی! باوکە!””ئحو”

“بینیم کچەکەی مام مالیک کۆکی و سەری بەسینگی پیاوەکەی کەوت و بەربووەوە”

“پیاوەکەی بازێکی بەسەر تەرمی ژنەکەیدا دا و ڕایکردە دەرەوەی ژوورەکە”

“گوێم لە مام مالیک بوو چەندجارێک کۆکی”

“ئحو ئحو ئحو ئحو ئح”

“ئح”

“گوێمان لە دەنگی کۆکەیەک بوو، ڕامانکردە دەرەوە”

” زاواکەی مام مالیکمان بینی لەلای دەرگەی حەوشەکەدا بەدەمدا کەوتبوو”

” لەسەر تەرمی زاواکەیدا بووین، کە گوێمان لە جیڕەی دەرگەی ژوورەوەبوو”

“مام مالیک لە دەرگەی هۆڵەکەی کردووە و هاتەدەرێ، تەماشای هەموومانی کرد”

” کەسمان نوقەمان نەکرد، ترسم لە چاوی هەموواندا بینی”

” چاومان زەقبووبووە و تەماشای مام مالیکمان دەکرد”

“مام مالیک بە ئاماژەی سەر سڵاوی لە هەموومان کرد و بەبێدەنگی لە دەرگای حەوشەکە چووە دەرێ”

“بێدەنگییەکی ترسێنەر ماڵەکەی داگرت”

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌