Glauber Rocha 1967

جوانیناسیی برسێتی


Loading

سینەما نۆڤۆ[1] بزووتنەوەیەکی سینەمایی ئەمریکای لاتین بوو لە دەیەی پەنجا و شەستەکاندا لە بەڕازیل سەری هەڵدا. دەرهێنەرانی وەک: گلوبێر ڕۆشا، نیلسۆن پرێرا و دوس سانتۆس ئەم بزووتنەوەیەیان دامەزراند. دروشمی سەرەکیی ئەم دەرهێنەرانە بریتیبوو لە: ((کامێرایەک بە دەسته‌وه‌ و ئایدیایەک لە زیهندا)). جەوهەری سینەما نۆڤۆ دژە کۆڵۆنیالیزم بوو لە بەرامبەر داگیرکاریی ڕۆژئاوا لە جیهانی سێیەم و تەنانەت ئەورووپای ڕۆژهەڵاتیش، سینەما نۆڤۆ دژ بە سینەمای تەقلیدی بەڕازیل بوو کە لەژێر کاریگەری هۆلیوددا بووبووە سینەمای پیشەسازی. ئەم بزووتنەوەیە تا سەرەتاکانی دەیەی حەفتاکان بەردەوام بوو دواتر لەلایەن حکومەتی بەڕازیلەوە سەرکوت کراوە و کۆتایی بە کاری ئەم دەرهێنەرانە هات.

((جوانیناسیی برسێتی))ـی گلوبێر ڕۆشا لەنێوان فیلمسازەکاندا بووە مانیفێستۆی ئەم بزووتنەوەیە و گرنگیی وتارەکە هیچی لە ((مانیفێستۆی کۆمۆنیزم))ـی مارکس و ئەنگڵس کەمتر نەبوو بۆ کۆمینیستەکان.

Glauber Rocha

گەر واز لەو کەسانە بێنین کە بە پێشەکییەکی زانیاری بەسوود دەربارەی ئەمریکای لاتین گفتوگۆ دەکەن و ئێستاش بۆتە تایبەتمەندێتی گفتوگۆ لەبارەی ئەمریکای لاتین، من پێم باشترە دەربارەی کولتووری خۆمان و کولتووری “شارستانیەت” بە شێوەیەکی سادەتر وەک لە شیکەرەوە و چاودێرانی ئەورووپایی بدوێم. سەرەڕای ئەوەی، لە کاتێکدا ئەمریکای لاتین تووشی چارەڕەشیی سەرتاپاگیری بووە، لەلایەن شیکەرەوە بیانییەکان ئەم خەم و نەگبەتییە نەک وەکو نیشانە و دەردەئاماژەی نەخۆشییەکی پڕئازار، بەڵکو وەک توخمێکی سەرەکی لە خاکەکەی خۆیدا تەماشا دەکەن. نە ئەمریکای لاتین دەتوانێت ئازار و خەمە ڕاستەقینەکانی بە گوێی مرۆڤی شارستانیدا بدات و نە مرۆڤی شارستانی توانای هەیە لە ئازارەکانی ئەمریکای لاتین تێبگات.

 

ئەمە بابەتە سەرەکییەکەیە، بابەتی هونەری لە بەڕازیلدا تاوەکو ئێستا درۆ لە شێوەیە حەقیقەتدا درێژەی بە خۆی دەدا و خۆی دەردەخست (ئێگزۆتیزمێکی فەرمی کە کێشە کۆمەڵایەتییەکان بێبەها و سادە دەکاتەوە) و پێدانی کۆمەڵێک زانیاری هەڵە، نەک تەنیا لە بواری هونەردا بەڵکو زیاتر لەوەش و بە شێوەیەکی فراوان تەواوی کایەی سیاسەتیش تووش بووە. شیکەرەوە ئەورووپییەکان، تا ئەو جێیە گرنگی بە پڕۆسەی ئافراندنی هونەری وڵاتە گەشەنەسەندووەکان دەدەن، تا هەستی نۆستالۆژی ئەو بۆ بەدەوی[2] تێر بکەن، و ئەم بەدەویەتەش فۆڕمێکی دوولایەنەی هەیە، لە لایەک میراتی جیهانی “شارستانیەت” کە ئاریشت و جوانکراوە، لە لایەکی دیکە بەهۆی سەپاندنی بارودۆخی کۆڵۆنیایی(داگیرکاری)، کە ئەمەش بە باشی نەخوێندراوەتەوە.

 

بێ هیچ گومانێک ئەمریکای لاتین داگیرکراوە و تەنیا شتێک کۆڵۆنیای ڕابردوو لە ئەمڕۆ جیادەکاتەوە، فۆڕمی کامڵتری کۆڵۆنیاکانە. لە هەمانکاتدا، ئەو کەسانەی ئامادەکاری دەکەن بۆ جڵەوگرتنەدەستی دەسەڵاتی ئایندە، بە فۆڕمگەلی وردتر هەوڵی جێگرتنەوەی هەموو ئەمانە دەدەن. هێشتا کێشە نێودەوڵەتییەکانی جیهانی ئەمریکای لاتین، گۆڕانی داگیرکارەکانە، لەگەڵ ئەوەشدا هەر جۆرە ئازادییەک پێویستی بە پشتبەستن و پەیوەندییەکی نوێ هەیە.

 

ئەرم بارودۆخە سیاسی و ئابوورییە بە شێوەیەکی ئاگایانە و نائاگایانە بەرەو هەژاریی فەلسەفی و بێ هێزیمان دەبات، سەرەتا وەک بێ بەرهەمی و دواتر وەک هیستریا دەردەکەوێت. هەر بەم هۆکارەش برسێتی لە ئەمریکای لاتین دەردەئاماژەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکو جەوهەری کۆمەڵگای ئێمەیە. لێرەوە تراژیدیی ڕەسەنی سینەما نۆڤۆ پەیوەندی لەگەڵ جیهانی سینەمادا دەبەستێت. ڕەسەنایەتی ئێمە برسێتیمانە و گەورەترین ئازاریشمان ئەم برسێتییەیە کە هەستی پێدەکەین و بە شێوەیەکی ڕۆشنبرانەش ناتوانین لێی تێبگەین.

 

ئێمە لەم برسێتییە تێدەگەین لە کاتێکدا ئەورووپاییەکان و زیاتریش بەڕازیلییەکان ناتوانن درک بەم برسێتییە بکەن. بۆ ئەورووپییەکان ئەم برسێتییە سووڕیالیزمێکی سەیری ناوچەی کەمەرەییە[3] و بۆ بەڕازییلیەکانیش شەرم و ڕیسوایی نەتەوەیی. بەڕازیلییەکان نان ناخۆن، بەڵام لە گوتنی ئەم نان نەخواردنە شەرم دەکەن و هێشتاش نازانن ئەم برسێتییە لە کوێوە دێت. ئێمە دەزانین، ئێمەی دەرهێنەرانی ئەو فیلمە ناشرین و غەمگین، ئەو فیلمە پڕ لە قیژە و لێکدابڕانانە، نەک دەرهێنەری فیلمی سەر بە دەسەڵات و کۆشک و ئۆتۆمبێلەکانیان، فیلمگەلێک بە ڕیتمی خێرا و کاتبەسەربردن و سەرگەرمکردن بەڵام بێ ناوەڕۆک و پەیام. فیلمگەلێک بە ئامانجێکی سیاسی و ئابووری، فیلمگەلێک کە لە هەوڵی داپۆشینی برسێتیدان وەک ئەوەی ئەم درهێنەرانە لە ئەپارتمانە ڕەونەقەکانیاندا بتوانن ئەخلاقی بۆرژوازی بشارنەوە. ئێمە دەزانین کە ئەم برسێتییە بە فۆرمەکانی حکومەت دانامرکێتەوە و هەموو ئەو پینەکردنانە لە ڕێی تەکنی کەلەرەوە[4] نەک برسێتی ناشارێتەوە، بەڵکو وەک شێرپەنجەیەک زیادی دەکات. کەواتە تەنیا یەک کولتووری برسێتی دەتوانێت بەسەر بونیادی خۆیدا سەرکەوێت ئەویش لە ڕێی تێکدان و وێرانکردنەوە. پڕشکۆترین مانیفێستی کولتووری، تووندوتیژییە.

 

سینەما نۆڤۆ ئەوە پیشان دەدات کە تووندوتیژی هەڵسوکەوتی سرووشتیی مرۆڤی برسییە. تووندوتیژیی مرۆڤی برسی نیشانە نییە بۆ ئەقڵیەتی بەدەوی و دواکەوتوویی. ئایا فابیانۆ بەدەوییە؟ ئایا ئەنتوان بەدەوییە؟ ئایا کوریزکۆ[5] بەدەوییە؟ ئایا ژن لە پۆرتۆ داس کاساس بەدەوییە؟

سینەما نۆڤۆ ئەوە فێر دەکات کە جوانیناسیی تووندوتیژی شۆڕشگێڕانەیە وەک لەوەی بەدەویی و دواکەوتوویی بێت. ساتی تووندوتیژی ئەو ساتەیە کە داگیرکراو بەئاگا دێت لە بوونی داگیرکراوی خۆی. لەڕیی ئەو تووندوتیژی و ترسەوە داگیرکەر دەتوانێت تێبگات چ کولتوورێکی بەهێز دەچەوسێنێتەوە. تا ئەو کاتەی دەست نەدەنە چەک، مرۆڤی داگیرکراو وەک کۆیلە دەمێنیتەوە. سەرەتا دەبوایە پۆلیسێک بمرێت تا فەڕەنسییەکان لە بوونی جەزایرییەکان بە ئاگا بهاتنایەتەوە.

 

لە لایەنی ئەخلاقییەوە، ئەم جۆرە تووندوتیژییە نە بریتییە لە ڕق، نە هیچ پەیوەندییەکی بە هیومانیزمە کۆنەکەی داگیرکەرەوە هەیە. ئەو ئەشقەی ئەم تووندوتیژییە لە خۆی گرتووە هێندەی خودی تووندوتیژی دڵڕەقانەیە چونکە ئەم جۆرە ئەشقە بریتی نییە لە کەمتەرخەمی و بیرکردنەوە، بەڵکو ئەشقی کردار و گۆڕان. هەر لەبەر ئەم هۆکارە سینەما نۆڤۆ میلۆدراما بەرهەمناهێنێت. ژنانی ناو فیلمەکانی سینەما نۆڤۆ هەمیشە بەدوای هەلیکدان تا لە دەستی ئەشق بێنە دەرێ، لەبەرئەوەی ئاشقبوون لە کاتی برسێتی مەحاڵە.

 

ئەو سەردەمەی کە دەبوایە سینەما نۆڤۆ بوونی خۆی بسەلمێنێت، ئیتر بەسەرچوو. سینەما نۆڤۆ بەرەو پڕۆسەی شیکاری دەڕوات کە ئەوەش لە بیروڕاگۆڕین و وڕینەی برسێتی دوورمان دەخاتەوە و بیرکردنەوەمان ڕوونتر دەکات. تا ئەو دەمەی سینەما نۆڤۆ لە پەراوێزی فەرهەنگ و کولتووری کیشوەری ئەمریکای لاتیندا بێت، ناتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەرییانە بەروەپیش بچێت. بەتایبەت کە سینەما نۆڤۆ دەربارەی ئەو مرۆڤە داگیرکارەکانن و هاتوونەتە ئێرە، نەک دەربارەی ژیانی خۆشگوزەرانی قەوارەیەکی بەڕازیلیی. لە هەرجێیەک دەرهێنەرێک ویستی دروستکردنی فیلمێکی هەبوو لە واقیعەوە و دژ بە پۆلیس و دووڕوویی و کپکردنی ڕۆشنبیرانەی سانسۆر وەستایەوە، سینەما نۆڤۆ لەوێ بوونی هەیە. لە هەرجێیەک دەرهێنەرێک ویستی دژ بە بازرگانی، چەوساندنەوە، پۆڕنۆگرافی و ستەمکاری وەستایەوە، ڕوحی سینەما نۆڤۆ لەوێ ئامادەیە. لە هەرجێیەک هەر دەرهێنەرێک لە هەر تەمەن و پیشخانێکی مەعریفیدا بێت، ئامادەبێت سینەماکەی لە خزمەت ئامانجە گرنگەکانی سەردەمی خۆی بێت، ڕوحی زیندووی سینەما نۆڤۆ لەوێیە. ئەمە پێناسەیەکی تەواوە کە سینەما نۆڤۆ لە سینەمای بازرگانی و پیشەسازی جیادەکاتەوە چونکە ئەرکی سینەمای پیشەسازی بریتییە لە درۆ و چەوساندنەوە.

 

یەکخستنی سینەما نۆڤۆ لەگەڵ ئابووری و پیشەسازی لە پێناو ئازادیی ئەمریکای لاتیندایە. سینەما نۆڤۆ لە پێناو ئەم ئازادییەدا سوێند دەخوات بە ناوی خۆی، بەناوی نزیکترین و دوورترین ئەندامانی، بە ناوی بێ بەهرەترین و هونەرمەندترینیان و بە ناوی بەهێزترین و لاوازترینیان، کە ئەمە پرسێکی ئەخلاقییە و لە فیلمەکانماندا ڕەنگ دەداتەوە، لەکاتی وێنەگرتنی پیاوێک یاخود ماڵێک گرنگ نییە چ وردەکارییەک بەدیاردەکەوێت، ئێمە بەرەڕووی ئەم فەلسەفەیەین: ئەوە تەنیا یەک فیلم نییە بەڵکو گەشەی کۆمەڵە فیلمێکی ئاڵۆزە کە سەرنجام کۆمەڵگا لە دەرد و خەمی خۆی بە ئاگا دێنێت.

 

هەر لەبەر ئەم هۆکارە ئێمە خاڵێکی هاوبەشیی فراوانمان لەگەڵ سینەمای جیهاندا نییە، جگە لە لایەنی هونەری و تەکنیکی.

سینەما نۆڤۆ پڕۆژەیەکە کە لەناو سیاسەتی برسێتی و ئازارچەشتنەوە دێتە دەرێ و بەناویدا تێپەڕیووە.

 

سەرچاوە:

https://www.amherst.edu/media/view/38122/original/ROCHA_Aesth_Hunger.pdf

[1] Cinema novo

[2] Primitivism

[3] Tropical

[4] Technicolor

[5] کارەکتەرانی پێرا دۆس سانتۆس و گلوبێر ڕۆشا

 

ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.