کەناڵی مەیمونە چەکدارەکان - کاروان کاکە سوور - ڕۆمان - دەزگای سەردەم

ڕۆمانی`کەناڵی مەیمونە چەکدارەکان` کاروان کاکەسوور


Loading

ڕۆمانی`کەناڵی مەیمونە چەکدارەکان` کاروان کاکەسوور

  نامەیەکی ئەدەبی بۆ کاروان کاکە سوور  ٢٠٠٨ 

ئیسماعیل حەمەئەمین

 

برای زێدە ئازیزم کاروان گیان … ئەم کاتەت باش و هیوام بەختەوەریتە.

ئازیزم ئەو چەند بەشەم لە ڕۆمانی (کەناڵی مەیمونە چەکدارەکان) خوێندەوە کەبە ئیمێل بۆمت ناردبوو. ڕاستیت دەوێت ماوەیەکی زۆر لەسەر لاپتۆیەکەم بوو، لەگەڵ چەند نوسینێکی هاوڕێی ئازیزمان (یوسف عزەدین) نەدەپەرژامە سەر خوێندنەوەیان. یەکێک لەو هۆکارانەی ژیانی خۆمە لێرە و لەوێ، هۆکارێکی دیکەش بەرنامەی خوێندنەوە و نوسین و کارکردنی خۆمە.

بەهەر حاڵ من ئێستا ئەم ماوەیە بەهۆی کارکردنەوە تۆزێک لە ماڵ و مناڵ دوورم و لەشارۆچکەیەکی بچوکی دامێن (شاخی ئەلب) لە ئاپارتمانێکی تەنیای سەر بەخەستەخانەی (ئۆبەر ئالگۆیی) دەژیم، دیارە هەر لەوێش کاردەکەم. هەرچەندە ترس و نیگەرانی و دڵەراوکێکەکی سەیرم بەرامبەر شاخ هەیە، بیرم لە ئانیتا ئەسپەندەری هاوڕێت کردەوە کەچەندە حەزی لەشاخە و منیش چەندە شاخ دڵتەنگم دەکات. من ویستم بەرەو ئەو سەری باکووری ئەڵمانیا بۆ سەر دەریا بگوێزمەوە، کەچی ژیان و کارکردن لە تەواوی باشووری ئەڵمانیا لەنێوان ئۆسترایخ (نەمسا)و سویسرادا گیرساومەتەوە، بەڵام ئەمجارەیان بەتەنها وەک ڕیشۆڵەیەکی تەنهای کۆچەر. بیر لەوەدەکەمەوە چەند مانگێکی دیکە منداڵەکانم بهێنم بۆ ئێرە. بەکورتی من ماوەیەکی زۆرە تەنها نەبووم، بەڵام ئەوەی لەم ماوە تەنهایەدا بەسەریدا کەوتم، خۆم بووم، وەک تەنیایەکی ئەبەدی… ئەمە جۆرێکە لەچێژ وەرگرتن کەنێزیکە لەماسۆشیەتێک، خود دەخاتە سەر لێوارەکانی دۆزینەوەی خۆی، وەک سوبێکتێکی تەنها بەرامبەر بەجیهان. بازیاتر نەفەلسەفێنم…

ئەو چەند بەشەی لەڕۆمانەکەتم خوێندەوە چێژێکی ئێجگار سەیرم لێ بینی، یەکمجار وامهەستکرد پەیوەندی بەدووری و تەنهایەوە هەیە، کە لەنێو ئەم شاخانەدا ژیان بەسەر دەبەم. دوایی بۆم دەکەوت کە شێوازی نوسینی ڕۆمانەکە زۆر لەوە بەهێزترە،  کەهیچ فاکتەرێکی دەرەکی، بەهێز یاخود لاوازی بکات. شێوازی نوسینێکە نەرم و هێمن و هاڕۆمۆنیەتێکی لەنێو خۆیدا هەڵگرتووە، کەهەموو خوێنەرێک والێدەکات لەدنیای فیگور و ڕووداوەکان نێزیکتر بێتەوە. جوانی ئەم ڕۆمانە لەوەدایە، کەچەندە کەسەکان جوڵەی ڕووکەشیان لەنێو خۆیدا شاردۆتەوە، ئەوەندە نهێنی و ساختەبازی و مەکر و نیگەرانی و بێباوەڕی و دوودڵی و ترسنۆکی وئازایەتیان لەنێوخۆدا حەشارداوە، ئەمەش ئەو ڕیالیستیە کە بەرەو ئەفسانە و جادووی دنیای کەسە ئاساییەکانمان ڕاپێچدەکات.

لەدوای خوێندنەوەی ئەو چەند بەشەی مانوسکریپتی ڕۆمانەکەت، چێژم لەو سیحرە جوانە دەبینی کە لەنێو هەموو شتێکی سادەدا خۆی شاردۆتەوە. لێرەوە دێمە سەر خاڵی گرنگی ئیستاتیکای ئەم ڕۆمانەت کە ئەویش ئەوەیە؛ ئەم ڕۆمانە هیچ کۆدێکت ناداتە دەست و هیچ زیادەڕۆیی و تەنانەت فەلسەفاندنێکی ڕۆمانوسانەی تێدا نییە. لێرە و لەوێ ئەوە هەستپێدەکەیت، بەڵام جوانیەکەی لەوەدایە کە بەدیوێکدا کەسەکان وەک خۆیانن لەنێو ماکسی و کراس شەڕواڵ و پانتۆڵ و خۆیاندان، لەلایەکی دیکەوە لەودیوو هەڵسوکەوتیانەوە دونیایەک لە بۆگەنی و خۆشەویستی و خیانەت و نیگەرانی وەستاوە.

ئەوەی هەمیشە لەڕۆمانەکانی بەختیاری ئازیز بێزارم دەکات ئەوەیە، بەختیار خۆی ناگرێت و دوای چەند لاپەڕەیەک هەموو کۆدەکانی خۆی بەڕوونی و زۆرجار بەپەنجا شەست لاپەرە ئەو کۆدانە بۆ خوێنەری خۆی شیدەکاتەوە. بێگومان ئێستا خوێنەری کورد پێویستی پێیەتی و لەوبڕوایەشدام کارێکی جوانە بۆئەوەی خوێنەرێکی تەمەڵی کورد، فێرە ڕۆمان خوێندنەوە بکەیت. ئەمەش خۆی لەخۆیدا جوانی کارەکانی بەختیارە، بەڵام ئەوە من وەک چیرۆکنوسێک بێزار دەکات.

بەپێچەوانەی شێوازی بەختیار، تۆ زۆر چیرۆکنوسانە دەدوێیت. جوانی ئەم کارەت لەودایە کە خوێنەر سەربەست دەکەیت بۆ حوکمدان و دۆزینەوەی کۆد و سومبول و نیگەرانی و ڕق لێبوون و خۆشەویستی لەفیگورەکاندا. ئەمە جۆرێکە لەدیموکراسیەت کەتۆ بڕوات پێیەتی، تۆ ناتەوێت خوێنەر بەتەفسیرەکانی خۆت قورس بکەیت، تۆ ڕێگەنادەیت بەخۆت بەچەند لێکدانەوەیەک، خوێنەر پابەست بکەیت بە کۆدەکانی خۆتەوە.

ئەوەی ئەو ڕۆمانەی تۆ بخوێنێتەوە واهەستدەکات، کەئەم کەسانە بەنێو ژیاندا تێپەڕیبوون و تۆ تەنها ئەرکت ئەوە بوو باسیان بکەیت، نەک چیرۆکیان لەبارەیەوە بنوسیت. هەرچەندە ڕەمزەکانی وەک؛ ئامانج و ڕەمزی ئازادی و شۆڕش و دلارام و هەتاو و هەژار و شێرزادی مارکسی و ئیمان و زۆری دیکە خۆیان لەخۆیاندا جێگەی باسکردنێکی تایبەتی ڕەمزیەتن لەچیرۆکی کوردیدا. ڕەمزیەتێک بەبێئەوەی هیچ ناوێک لەخۆی بنێت، چونکە ئەمانە ئەو سومبۆلانەن کەلەنێو هەڵسوکەوتی فیگورەکاندا دروست دەبن و لەهەمان کاتیشدا دڕووخێن.

چەندە دلارام ڕەمزە بۆ ژنی خەباتگێڕ، دەئەوەندە ڕەمزیەتی سۆزانییەکی بەهرەمەندی لەخۆدا هەڵگرتووە، چەندە دایکێکی بەوەفایە، ئەوەندەش بێوەفایە بەرامبەر ڕەمزەکانی مێرد. لەو کاتەی کە سومبولیزم لەدەقی تۆدا خۆی پێکدەهێنێت و یەک لەدوای یەک دروست دەبن، لەهەمانکاتدا یەک لەدوای یەک دەڕوخێن. هەر وەک ئەوەی هێزێکی نهێنی هەبێت کە نەیەوێت هیچ کاراکتەرێکی فیگورەکانت ببن بەڕەمز، بەمانای کەی ڕەمز دروست بێت، لەوێدا دەیڕوخێنیت. ئامانجی پێکهێنانی سومبولەکانی وەک شۆڕش و نیشتمان و بەوەفایی و خەبات و دڵسۆزی و خۆشەویستی، لەپێناو ئەوەدا نییە کە بچنە نێو ژوورەکانی ئایدیالستیەوە، هەر وەک چۆن لەچیرۆکی بەنێو (ئەدەبی بەرگری)دا بینیمان، بەڵکو لەپێناو لێدانی هەموو جەوهەرێکی ڕەمزیە کەدنیای ئێمە بەرەو ئیدیال ڕاپێچدەکات. ئەم سومبولیزمەی تۆ کاروان گیان، چرکەساتی لەدایکبوونی، هەمان ساتەوەختی مەرگێتی.

ئەم ڕۆمانەت لێدانە لەپیرۆزی کوردی، ئەو پیرۆزیەی جگە لەوەهم و پەردەیەک لەدرۆ نەبێت هیچی دیکە نەبووە، ئەزمونی ئێستای کوردی لەترۆپکی هەلی مێژوویی خۆیدایەتی، چەند ساڵە سمبولەکانی وەک شۆڕش و شەهید و پاکێتی و نیشتماپەروەری و پێشکەوتخوازی و هتد… بەرهەمهێناوە، و لەنێو ئەو سمبولانەدا شۆڕشی هەڵگیرساندووە. کەچی لەم هەلە مێژوویانەدا هەموو سمبولەکان لەجەوهەری خۆیان بەتاڵبوونەتەوە، ساتەوەختی مێژوویی لەسەرخۆیی پێکهێنانی سمبولەکان، لەهەلە مێژوویەکانی وەک ئێستادا چرکەساتی مەرگی خۆی بانگەشەکردووە.

لێرەوە دێمە سەر خاڵێکی دیکە کە پرسی مۆراڵی کەسی و مۆراڵی گشتیە لەم ڕۆمانەدا. بێگومان کەسێتیەکانی نێو ڕۆمانەکەت زۆر سەرنجڕاکێشن و هەموو یەکێکیان مێژوویەکی ئێمەن، مێژوویی کۆڵان و گەڕەک و ئیرۆتیکا و چەپاندن و برسێتی و شۆڕشێکن کە جگە لەوەهم و درۆ نەبێت هیچی دیکە نەبووە. شوڕشێکە هیچ مۆڕاڵێکی لەنێو خۆیدا هەڵنەگرتبوو، وەکو خۆی پروپاگەندەی بۆ دەکرد. هەر بۆیە لەهەلە مێژوویەکانیدا لە 1974 دا و لە 1984 و 1991 و 2003 تاوەکو ئێستا، ئەو بێ مۆڕاڵییە شاراوەیەی سیاسەتی کوردی لەمامەڵەی سیاسیدا پیادەی دەکات، جەوهەری خۆی دەرخستووە و هەموو هەڵە مێژوویەکانی، بەئێستاشەوە، لەدەستداوە، بەبێئەوەی تەنانەت دۆڕاندنیشیان دۆڕاندنێکی شکۆمەندانە بێت.

کەسێتی (شێرزاد ناجی ) هەموو ئەو (بێ جەوهەرییە)ی لەخۆیدا حەشارداوە، تەنانەت کەسانی مناڵی وەک ئامانج و شۆڕش، کە لەدوایدا دەبن بەپێشمەرگە، هەر لەمناڵیەوە هەڵگری ئەو دووفاقیە ئەخلاقیەن کەمۆرکێکی سەرەکی شۆڕشی ئێمە و کەسێتی ئێمەیە هەتاوەکو ئەمڕۆ. ئامانج وشۆڕش چەندە بێتاوانن و خاوەنی ئازاری کۆمەڵاتی و خێزانی و کەسی خۆیانن، دەئەوەندەش تاونباران بەرامبەر شۆفێری تراکتۆرێک کەسەری دەشکێنرێت و ئەویش کۆنترۆڵی بەسەر تراکتۆرکەیدا نامێنێت، ژنێک و دوومناڵ دەکات بەژێر دیواری ماڵی خۆیانەوە. ئەم ڕووداوە چەندە لەچیرۆکەکەدا بەسادەیی گێڕاوتەتەوە، دەئەوەندە ڕەهەندێکی ڕەمزیە ڕیالستیانەیە بۆ تەواوی ئەو بنەما ئەخلاقیانەی ئایدۆلۆژیست و ڕۆشنبیری سیاسەت لەمێژوویی دوورودرێژیدا.

هەموو کەسە ڕۆشنبیرەکان لەنێو ژیانی خەڵکی سادەدا چالاکن، بەبێئەوەی چالاکیەکانیان بتوانێت ئەو سادەیە بەرەو هۆشمەندێکی مێژوویی هەڵکشێنێت، بەمانای نە جەهەوی فیکری و نە بنەمای مێژوویی و نەئەخلاقیش ئەم ڕۆشنبیرە سیاسیانە پابەند دەکاتەوە بەجیهانی خۆیان. ئەوانە تەنها ماڵەکان تێکدەدن، خەڵکە سادەکان بەکاردەهێنن و بەجێیاندەهێڵن بۆ چارەنوسی خۆیان. تەنانەت ڕەمزیەتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و شۆڕش وەکو ئەو شۆفێرە دڵسۆزە وەهایە کە لەلایەن ڕۆشنبیرە سیاسیەکانەوە سەری دەشکێنرێت و بۆ چارەنوسی خۆی بەجێدەهێڵرێت.

شێرزاد ناجی حەیاچوونەکانی خەڵکی لەلاگرنگ نییە، بەڵکو گرنگ ئەوەیە لەسەر لیستی حەیاچوونەکان بیروباوەڕ و کەسێتی لاوازی خۆی هەڵکشێتە سەرەوە. ئازادیش کە هەڵە دەکات دەبێتە هۆی کوژرانی عیماد و ئیمان، ئامانج و شۆڕش کەهەڵە دەکەن دەبنە هۆی کوژرانی ژنێک و سێ مناڵ، ئەم ڕەمزانە خۆیان خۆیان بەرهەمدەهێنن و خۆشیان حەیاچوونی خۆیان بانگەشە دەکەن. بەداخەوە کە هەڵەبجە کیمیاوی بەسەردا کرا و هەزارەها تیاچوون، سەرکردەیەکی کورد بە ئەندامێکی سەرکەردایەتیەکەی گوتبوو: ئەمە هەڵەی تۆ بوو… ئەمە تاکە ڕستە بوو لەبەرامبەر ئەم هەموو هێنانی پاسدار بۆ ناوچەکان و باش لێکنەدانەوەی هەنگاوی داهاتوو لەجەنگێکدا کە لەنێوان دوودەوڵەتی گەورەی ناوچەکەداڕوویدا. وەک لەڕۆمانەکەدا هاتووە، ئەوە من و تۆی ڕۆشنبیری کوردین، کە سەرە ساغەکان دەشکێنین و بەرەو هەڵە و کوژران ڕاپێچیان دەکەین.

ئەنفال کەڕوویدا لەدوای ئەو هەنگاوە ترسناکەوە ڕوویدا کە پاسداری کۆماری ئیسلامی هاتنە نێزیک کەرکوک و بیرە نەتەوتەکانیان تۆپیاران کرد، گەیشتنی تۆپ بۆ نێو کۆمپانیای نەوتی ئێراقی، مانای گەیشتنی ئیمام خومەینی بوو بۆ سەر سەرچاوەکانی وزەی ئەوروپا و ئەمریکا، و هەڕەشەلێکردنی سەرچاوەی ئەو بیرە نەوتیەکان بوو. ئەوە هەڵەی ئەو سەرکردانەی وەک ئامانج و شۆرش بوون، کە سەری شۆڕش و هێزی پێشمەرگان شکاند بۆ ئەوەی کۆنترۆڵ لەدەست بدەن و خەڵکی بێتاوان ببنە قوربانی. سەیر لەوەدایە هەمووشیان وەک شێرزاد هەوڵدەدەن قوربانیەکان بکەنەوە نێو کەناڵەکانی زوڕنای سەرکەوتنە مێژوویەکان، ئەمە بازرگانیەکە بەگۆشتی مرۆڤەوە، بازرگانیەکە ئایدۆلۆژیا و سیاسەتی بێ کولتور هەمیشە بەدوویی نێچیرەکانیدا دەگەڕێت.

 

لەم چەند دێڕەی سەرەوە دەمەوێت بگەمە ئەو سەرسامیەی خۆم بەم ڕۆمانەت، ئازیزم سەیرم لەو توانا بێسنوورەی تۆ دێت کە ئاوا لەشتە وورەدکانی ژیانەوە، سەرجەم ئەڵقە گەورە ونبووەکانی ژیانی کوردی، مێژوویی کوردی تەفسیر دەکەیت، بەبێئەوەی یەک وشە چیە زیادە ڕۆیی تێدابکەیت. من سەرسامم بەم ڕۆمانەت وبەم هەموو تێکچرژانە سەیرە لەکەسییەتی و ڕووداکان. ئەوەی کەزیاتر سەرسامم دەکات ئەو ئازایەتیە سەیرەتە لەوەی زۆر بەنەرمی چەند فەسڵێک لەڕۆمانەکانت دەنێریت، زۆر جار واهەستدەکەم دەتەوێت لە کاراکتەرەکان ڕابکەیت، ئەوانەی لەبەردەمی ماڵەکەتدا بەخۆیان و جانتاکانیانەوە چاوەڕێت دەکەن بۆ ئەوەی چیرۆکی ئەوان بگێڕیتەوە. ئەمە ئازایتەتیەکە کە شایەنی ئەوەیە من دەستەکانت بگوشم و ئەملاو ئەولات ماچ بکەم، چونکە هێزێکی ئێجگار سەیر بەمنیش دەبەخشێت بۆ ەوەی بەردەوام بم لەنوسینی چیرۆک، لەزۆر بەشدا وامهەستدەکرد کە من و تۆ لەمناڵیدا پێکەوە بووین، وەک ئامانج و شۆڕش چەقاوەسوو، سەرکێش، خەوبینەر.

جوانترین خاڵی ئەم ڕۆمانە ئەوەیە، کەئیدی ئەدەبی ئێمە ماڵئاوایی لە (سلێمانی سێنترالیزم) دەکات، کە ئەدەبی گێڕانەوەی ئێمەی تاوەکو ئێستا داگیر کردووە. لەوانەشە منیش لەڕۆمانی ئێستام و تەنانەت لەکەوتنە خوارەوەی گورگیشدا، بێگومان لەگەڵ ڕۆمانەکانی هیواقادر و بەختیاردا، زیاتر ئەو (سلێمانی سێنترالیزمەمان) بەبێ ویستی خۆمان زاڵکردبێت. ئەوە باسی حوسێن عارف و ئیبراهیم ئەحمەد ناکەم، کەئەوانیش بەردەوام شوێن لەگێڕانەوەکانیاندا سلێمانی زەق و دیار کردووە. لەتۆوە کاروان گیان، هەولێر دەبێتە چیرۆکەوە، تەنانەت سەیر لەوەدایە شێرزاد حەسەنیش لەچیرۆکەکانیدا سلێمانی سێنتراڵ بووە!

بەمانای شوێنی چیرۆک هەمیشە سلێمانی بووە، بەردەرکی سەرا، کانێسکان، کۆڵانی قەزازەکان، مزگەوتی گەورە و چوارباخ و جولەکان و مەیدانی ماستەکەوشوێنەکانی دیکە، هەمیشە گۆڕەپانی هونەری گێڕانەوە بوون. لەبەرامبەر ئەمەدا وەک من تێبینیم کردبێت هونەری گێڕانەوەی چیرۆکنوسەکانی شاری هەولێر هەمیشە لەنێو شوێنە ئەفسانیەکاندا بوون، بەمانای شوێن و مێژووی شوێنەکان زیاتر گشتگیری بوون وەک لەوەی تایبەت بوو بێتن. هەروەک ئەوەی نوسەرەکانی هەولێر لەنەستیاندا ڕقێکی سەیریان لەهەولێر بووبێت، وەک ئەوەی  هونەری گێڕانەوە لەهەموو شوێنێکدا بوونی هەبووبێت،  بەڵام لەهەولێردا بوونی نەبێت.

سەیر نەبێت کەپێت بڵێم؛ هەمیشە هونەری چیرۆک لەم ڕوانگەیەوە بەسلێمانیەوە پابەند بووە و شیعریی سەرکێش و تەلیعیش بەهەولێرەوە. لەم ڕۆمانەی تۆوە بیرکردنەوەی ئەدەبی جارێکی دیکە وەڕگێرانێکی گەورەی بەسەردا دێت، وەرچەرخانێک کە من (بەدابڕانێکی مەعریفی) یاخود هۆشمەندیەکی نوێی ناولێدەنێم لەچیرۆکی کوردیدا، ئەویش دۆزینەوەی هەولێرە لەسەر پانتایی هونەری گێڕانەوەدا. بەدیوێکی دیکەشدا لێدانی سلێمانی سێنترالیستە کەهونەری گێڕانەوەی بۆ ماوەی زیاتر لە نیوسەدەیە مۆنۆپۆلکردووە. گێڕانەوەی چیرۆکەکانی هەولێر ئەو ئاشناکرنەوەی هۆشمەندی کوردییەبە شوێنەوە، کە پێموایە ئەمە ئەرکی چیرۆکنوسە، بۆنموونە؛ ئەوەی سەلیم بەرەکات بخوێنێتەوە قامیشلیی و عامودا بەشێوەیەکی دیکە دەناسێت. ئێمە ماکاوندۆی  گابرێل گارسیا مارکێز  وەک هەموو ئەمریکای لاتین دەناسین. ئاوەها لەپشت هەر چیرۆکنوسێکەوە شارێک، شوێنێک هەیە کە هەموو دنیای تێدا قەتیس بووە. ئەمە خاڵێکی دیکەی سەرکەوتووی ئەم دەقەی تۆیە ئازیزم کاروان گیان.

دواجار کەئەم چەند بەشەی ڕۆمانەکەی تۆم خوێندەوە قاقا پێکەنیم، لەبەر خۆمەوە گووتم؛ دەبێت قەدەری من و تۆ ئەوەبێت، کە مێژووی ئەم پارچەیەی کوردستان بەدیووە ڕاستەقینە خەیاڵ بۆکراوەکەیدا بنوسینەوە….

ئازیزم کاروان گیان،  خۆت دەزانی چەند جار هەبووە ڕەخنەی توندو بێبەزەیانەم لێگرتوویی، خاڵ بەخاڵ قسەم لەسەر ڕۆمانەکەی دیکەت کردووە. لەبەرئەوە خۆشت دەزانی کەمن موجامەلەی کەس ناکەم، بەڵام ئایا لەبەرامبەر ئەم ڕۆمانە نوێیەی تۆدا، هیچ وشەیەک هەیە جگە لەستایش و دەست گوشین و ئەملاو ئەولات ماچکردن؟، بێگومان نییە… دەستەکانت دەگووشم و سوپاست دەکەم کەزۆر ساتی پڕ بەختەوەری و چێژم لەگەڵ مانوسکریپەکەتدا بەسەر برد، سارتەر جارێکیان گووتبووی؛ کامۆ بەخۆی نەزانیوە، کە ڕۆمانووسێکی گەورەیە… منیش بەم ڕۆشنبیریە کەمەوە و وەک خوێنەرێک دەڵێم: ئازیزم کاروان تۆ ڕۆمانوسێکی گەورەی. 

دەستەکانت دەگووشم

هاوڕێت

ئیسماعیل حەمەئەمین

ئیمین شتاد ـ نوربێرگ 16.08.2008

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌