ئێمە هەموومان لەبرامبەر هەموو کەسدا بەرپرسین، بەڵام من لە هەموو کەس زۆرتر!
(ئالیووشا – ڕۆمانی: برایانی کارامازۆف)
![Emmanuel Levinas[1][2] (French: [emanɥɛl ləvinas];[3] 12 January 1906 – 25 December 1995](http://cultureproject.org.uk/kurdish/wp-content/uploads/2016/03/12787178_1526177877684274_90331914_o-696x520.jpg)
«ئەویدی» لەمیانەی ڕووخسارەوە خۆی بۆ سووژە دەردەخات و لەڕێگەی «وتن»یشەوە، سووژە بۆ تووندووتیژی نەکردن یان هەمان فەرمانی «مەکوژە» بانگهێشت دەکات. ئەم بانگهێشتنکردنە، بانگهێشتی قەبوڵکردنی بەرپرسیاریەتی[1] سووژەیە، لە بەرامبەر ئەویدیدا. بە زمانێکی ڕاشکاوانەتر دەتوانین بڵێین مەبەستی لێڤیناس لە ڕووخساری ئەویدی، هەر هەمان بەرپرسیاریەتی سووژەیە لە بەرامبەر ئەویدیدا. لەڕاستیدا لە ڕوانگەی لێڤیناسەوە ئەخلاق هیچ شتێک جگە لە، لەپەیوەندیدابوون لەگەڵ ئەویدیدا نیە؛ کە ئەم پەیوەستبوون بە ئەویدییەوە، تەنها وەکو بەرپرسیاریەتی لە بەرامبەر ئەویدیدا پێکدێت (لویناس، 1387، ص111).
لەڕووی «یاسایی»یەوە، بەرپرسیاریەتی هەمیشە دوای وەئەستۆگرتنی ئەرکێکی تایبەت دێتە کایەوە؛ هەروەها بەگوێرەی «ئەخلاقی باو»یش بەرپرسیاریەتی بە تەنها کردەوەکانی کەسی «بەرپرس» لەخۆدەگرێت. بەڵام لای لێڤیناس، بەرپرسیاریەتی وابەستەی قەبوڵکردن یان ڕەتکردنەوەی سووژەوە نیە. بە بێ گوێدان بە، ئاگاداربوون یان ئاگادارنەبوون لە شێوەی قەبوڵکردنی بەرپرسیاریەتی و هەروەها بە بێ سەرنجدان بە توانابوون یان ناتوانابوون لە ئەنجامدانی کارێکی دەستنیشانکراودا، سووژە لە بەرامبەر ئەویدیدا بەرپرسە (لویناس، 1387، 112-111). سووژە، ئەگەر بۆ بەرپرسیاریەتی خۆی سنوورێک لەبەرچاو بگرێت، ئەوە لە پانتایی ئەخلاق دەرچووە. بەم شێوەیە دەبێ بڵێین، لای لێڤیناس سووژە لە بەرامبەر ئەویدیدا خاوەن بەرپرسیاریەتییەکی بێ سنوور و بێ ڕادەیە، کە ئەو ناوی لێدەنێت «بەرپرسیاریەتی ناکۆتا»[2] (علیا، 1388، ص 157). ئەم جۆرە بەرپرسیاریەتییە، بەو مانایە دێت کە سووژە تەنانەت لە بەرامبەر ئەو شتەی کە «کردە»ی ئەویش نییە و لای ئەویش «گرنگ» نیە، بەرپرسە. «بەرپرسیاریەتی ناکۆتا»، بەرپرسیاریەتییەکی دێرین و کۆنە کە کەوتووەتە سەر ئەستۆی سووژە و تەنانەت ڕەگ و ڕیشەکانی لە پێش ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەویدی دایە. کەوابوو ئەم جۆرە لە بەرپرسیاریەتییە، بەرپرسیاریەتییەکی بەردەوام و هەمیشەییانەیە، بە چەشنێک کە «من تەنانەت لە بەرامبەر بەرپرسیاریەتی قەبوڵکردنی ئەویدیشدا، بەرپرسم» (لویناس ، 1387، ص 114).
لێڤیناس زۆر چاک دەزانێت و ئاگادارە کە ئەم ڕوونکردنەوانە و ئەم وەسفکردنانەی ئەو، دژە باو و نائاسایی و تەنانەت چاوەڕوان نەکراوانەشن! هەر بۆیەش ڕاشکاوانە دەڵێت ئەمانە «فۆرموڵەکردنن[3] لەڕێگەی دەستەواژەی زێدەڕۆیانەوە، کە نابێت لە کۆنتێکست و سیاقی خۆیان جیا ببنەوە» (لویناس، 1387، ص 114). ئەم کۆنتێکست و سیاقە، هەر هەمان گشتێتی فەلسەفەی لێڤیناسە، کە لەوێدا بەرپرسیاریەتی بە تەنها ئاواڵناوێک لە ئاواڵناوەکانی سووژە نیە، بەڵکوو «وەکوو بونیادی جەوهەری، یەکەمین و بنچینەیی زەینیەت[4] لەئارادایە» (لویناس، 1387، ص 109)؛ چونکە لێڤیناس، سووژە بە پێی کەتەگۆری و چەمکە ئەخلاقییەکانەوە وەسفدەکات. ئەم بەرپرسیاریەتییە زاتییە و ئەم خزمەتکردنە بێ پاداشت و بێ منەتە، درووستکەری منبوونی منە؛ منبوون واتا بێ توانابوون لەڕاکردن لە بەرپرسیاریەتی (علیا، 1388، ص 158). بە زمانێکی بێ گرێوگۆڵ لای لێڤیناس، سووژە لە بەرامبەر ئەویدیدا بەرپرس نیە، بەڵکوو «سووژەبوون» هیچ شتێک جگە لە بەرپرسیاریەتی نیە! ئەویش بەرپرسیاریەتییەکی ناکۆتا. لەسەر ئەم بنەمایە، بەرپرسیاریەتی قابیلی گوازتنەوە نیە و هیچ کەس ناتوانێت لەجیاتی من، بەرپرساریەتییەکەی من وەئەستۆبگرێت؛ ئەمە هەر هەمان شوناسی دانەبڕاوی «من»ە لە پێگەی سووژە بووندا. ڕێک هەر لەم مانایە دایە کە لێڤیناس لەمیانەی چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت: «بەرپرسیاریەتی من هەمیشە زۆرترە لە بەرپرسیاریەتی هەموو ئەوانی دیکە؛ هەر بەو شێوەیەی کە دۆستۆیڤسکی لە “برایانی کارامازۆف”دا دەڵێت: ئێمە هەموومان لە بەرامبەر هەموواندا بەرپرسی هەموو شتێک و هەموو کەسێکین و من پتر لە ئەوانی دیکە» (لویناس، 1373، ص 7).
