خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ فیلمی (هیرۆشیما، خۆشه‌ویسته‌كه‌م)
یادكردنه‌وه‌ی یادی حه‌فتاهه‌مین ساڵیادی كاره‌ساتی هیرۆشیما له‌م ساڵدا و بایه‌خپێدانێكی بێشوماری میدیا جیهانیه‌كان به‌و تراژیدیا مرۆییه، ئه‌گه‌رچی وا ده‌رده‌كه‌وت ئه‌جێندایه‌كی ئیدیۆلۆژی مه‌به‌ستداری سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی زۆربه‌ی وڵاتان بێت، به‌تایبه‌تی چین و ڕوسیا و ده‌وڵه‌ته نه‌یاره‌كانی ئه‌مریكا، به‌ڵام بۆ خودی ژاپۆن و خه‌ڵكه‌كه‌ی دیسان كولانه‌وه‌ی برینه‌كه بوون و گوزارشتێكی دروست و ڕاسته‌وخۆ بوون له ساڕێژنه‌بوونی ئه‌و زامه، له فهرامۆشنهكردن و له‌بیرچوونه‌وه‌ی. ئه‌و سروته گه‌وره‌یه بۆ ئه‌و مه‌رگه به‌كۆمه‌ڵه، دیسان ئه‌و په‌یامه‌ی دایه‌وه به ئێمه كه ئه‌مڕۆ مرۆڤ پێی ناوه‌ته قۆناغێكی تری په‌یوه‌ندی عاشقانه و هێزسالارانهی خۆی به بۆمب و چه‌كی كۆكوژهوه، خۆشه‌ویستیه‌كی زۆر بۆ خاوه‌ندارێتی بۆمبی كۆكوژ و ئاره‌زوویه‌كی بێئه‌ندازه بۆ زۆر به‌خێرایی له‌ناوبردنی نه‌یاران بۆته خولیا و ڕه‌فتار، كه هیچ كام له هێزه دێوانه و نابه‌رپرسه‌كانی گۆی زه‌وی شه‌رم و ترسێكی ئاكارییان له ووزه وێرانكاره‌كانی نیه، به‌ڵكو هه‌ڵپه‌ی به‌ده‌ستخستنی ئه‌و چه‌كه كۆكوژه خێرا كوژانهیانه و هه‌ڕه‌شه‌ی به‌كارهێنانێكی دڵڕهقانهیشی له یه‌كدی، پێ ده‌كه‌ن.
یادكردنه‌وه‌كه دیسان ئه‌و پرسیاره‌ی هێنایه‌وه به‌ر باس كه داخۆ هیرۆشیما چی بوو؟ به‌ته‌نها كاره‌سات و قه‌سابخانه‌یه‌كی كۆگه‌لی بوو بۆ خه‌ڵكانێكی بێگوناه و برژاندنیان وه‌ك قۆچی قوربانی له پێناوی ترساندنی هێزه‌كانی تری ململانێكه‌دا؟ ئایا چركه‌ساتی بردنه‌وه‌ی جه‌نگی جیهانی دووه‌م و یه‌كاڵاكردنه‌وه‌ی بوو له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه یان سه‌ركه‌وتن، گه‌شه‌سه‌ندن و باڵانمابوونی خراپه و مرۆڤی به‌د بوون تا دوا ئاسته‌كانی دڕنده‌یی؟
خۆشه‌ویستی و حه‌زی دێوانه‌ئاسا، ئاره‌زووی وێرانكاری و جهنگههڵگیرساندن، دواجاریش یادهێنانه‌وه‌ی برین و مه‌ترسیه‌كانی جه‌نگ و زاڵبوونی مرۆڤی به‌د له تێما سه‌ره‌كیه‌كانی فیلمه به‌ناوبانگه‌كه‌ی (ئالان ڕینێ) ن به ناونیشانی (هیرۆشیما … خۆشه‌ویسته‌كه‌م) كه نوسینی ڕۆماننوس (ماگرێت دوراس) ه و ساڵی ١٩٥٩ به‌رهه‌مهێنراوه. به‌ڵام بۆ له‌ناو ئه‌و هه‌موو كاره سینه‌ماییه‌دا به‌تایبه‌تی ئه‌م فیلمه؟ ئایا ئه‌مه به‌و مانایه دێت كه له ماوه‌ی ئه‌و ٧٠ ساڵه‌دا هیج فیلمێكی دیكه‌ی شایسته به ڕووداوه‌كه به‌رهه‌منه‌هێنراوه؟ ده‌بێت ئه‌فسونی كاره‌كه‌ی ڕینێ له چیدا بێت؟
سه‌ره‌تا با ئه‌وه‌مان له‌یاد نه‌چێت كه ڕینێ خولیایه‌تی كارێكی دۆكیومێنتاری له‌سه‌ر هیرۆشیما بكات، كارێك كه زیاتر پشت به گێڕانه‌وه‌ی مێژوو و نیشاندانهوهیهكی ڕیالیستیانه‌ی واقیع خۆی ده‌به‌ستێت، ته‌واو هاوشێوه‌ی كاره‌كانی تری ده‌رباره‌ی ئۆردوگا زۆره‌ملێكانی نازیزم بۆ نمونه. به‌ڵام ناتوانێت نكوڵی له‌وه بكات كه دڵڕه‌قی دیمه‌نه‌كان، قه‌به‌یی ئه‌و زیانه مرۆییه كوشنده خێرایه‌ی له ٩ چركه‌دا ٨٠ هه‌زار كه‌س ده‌كوژێت و زیاد له ٢٠٠ هه‌زاریش بریندار و كه‌له‌پاچه و په‌كده‌خات، تراوما و كاره‌ساتێك كه شارێك ده‌كات به تۆز و خاپوری ده‌كات، شتێك نیه هه‌روا به ئاسان بگێڕدرێته‌وه و كاریگه‌ریه‌كانی خۆی له‌ده‌ستنه‌دات، هه‌ربۆیه پێویستی به زمانێكی تره جیاواز له زمانی دۆكیومێنتاریی. به‌ڕای ڕینێ، هیرۆشیما ترسێكه كه ناونانرێت، هه‌ربۆیه ته‌نها شتێك كه بتوانین له‌سه‌ر هیرۆشیما بیڵێین ئه‌وه‌یه كه مه‌حاڵه بتوانین باسی هیرۆشیما بكه‌ین. هه‌ر ئه‌م مه‌حاڵی نیشاندانه‌وه و نمایشكردنهوهیهیشیهتی وای لێده‌كات په‌نا بباته به‌ر ئه‌فسوونی وشه و داوا له (ماگرێت دوراس) بكات سیناریۆی ده‌قه‌كه‌ی بۆ بنوسێت.
دوراس جگه‌له‌وه‌ی كه نوسه‌رێكی به‌ناوبانگه، خاوه‌ن زمانێكی شیعری به‌رجه‌سته‌كه‌ر و هه‌ستیاری ژنانه‌ی تایبه‌ت به خۆیشیه‌تی، سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه شاره‌زاییه‌كی باشیشی له كولتوری هیندۆچینیدا هه‌یه. دوراس هه‌م ژیا‌و و له‌دایكبووی ناوچه كۆڵۆنیهكانی نزیك چیینه وه‌ك ژیانی خێزانه‌كه‌ی، هه‌م خاوه‌ن چه‌ندین ئه‌زموونی شكست و تراومای عه‌شقیشه له و جوگرافیا كولتوریه دهرهخۆرئاواییانهدا. هه‌ربۆیه ده‌بینین كه فیلمه‌كه به شكاندنی ڕۆتینی گێڕانه‌وه‌ی دۆكیومێنتاریانه و خولیای ئاماركردنی كاره‌سات، به زمانێكی پتر شیعریی و هه‌ڵبژاردنی تێمای خۆشه‌ویستیه‌كی خێرای نێوان دوو كاره‌كته‌ری نامۆ به یه‌ك ده‌ستپێده‌كات له چوارچێوه‌ی خۆشه‌ویستی و ئاره‌زوویه‌كی خێرا بۆ یه‌كتری: ژنه ئه‌كته‌رێكی فه‌ره‌نسی (كه بۆ به‌رهه‌مهێنانی فیلمێك ده‌رباره‌ی ئاشتی هاتووه‌ته هیرۆشیما) و ئه‌ندازیار و سیاسه‌تمه‌دارێكی ژاپۆنی (كه ته‌واوی خێزانه‌كه‌ی له هیرۆشیما له‌ناوچوون). سووربوونێكی زۆر له زمان و نیشاندانی وێنه‌كانی ڕینێدا هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه هێشتا هیچمان نه‌بینیوه، ئه‌وه‌ی كه پێمان وایه ده‌یزانین له‌باره‌ی هیرۆشیماوه، هیچ نیه و زۆر له‌وه كه‌متره كه نایزانین و نه‌مانبینیوه. سه‌ره‌تای فیلمه‌كه‌ش به پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و وه‌همه ده‌ستپێده‌كات كه هه‌ر كه‌سێكی ده‌ره هێرۆشیمایی پێی وایه له‌و ئازار و ناڵینه تێده‌گات كه مۆزه‌خانه و دراما و گێڕانه‌وه‌كان ده‌یانه‌وێت ده‌رباره‌ی ئه‌و كاره‌ساته بیگه‌یه‌نن.
له باسكردنی هیرۆشیمادا بۆ پیاوه ژاپۆنیه‌كه، ژنه فه‌ره‌نسیه‌كه پێی وایه كه زۆرشت له‌باره‌ی قه‌باره‌ی ئه‌و توندوتیژیه‌وه ده‌زانێت كه مرۆڤ و سروشت، كو‌لتور و ئاینده پێكه‌وه له‌و شاره‌دا، دووچاری هاتوون، هه‌ربۆیه ده‌ڵێت:
((من سه‌ردانی خهستهخانهكانم كرد، چووم بۆ مۆزه‌خانه‌كه، ئه‌وانه‌ی له مۆزهخانهكهدابوون له نێو وێنه‌كاندا سه‌ریان لێ تێكچوو بوو. باس باسی وێنه‌كان بوو، باسی ڕاڤه‌كردنی كاره‌ساته‌كه و سه‌رله‌نوێ بونیادنانه‌وه‌ی هیرۆشیما بوو.
من چوار جار چووم بۆم مۆزه‌خانه‌كه‌ی هیرۆشیما، مێشكم تێكچوو، مێشكم تێكچوو كه بینیم كانزا چۆن گڕی گرتبوو.
سه‌رم لێ شێوا كه ڕوانیم ئاسن چۆن نوشتاوه‌ته‌وه و وه‌ك گۆشت نه‌رم و لاواز بوو بوو.
شوشه‌كان توابوونه‌وه،
گۆشتی مرۆڤ وه‌ك ئه‌وه‌ی كه هێشتا ڕۆحی تێدا مابێت و زیندوو بێت، نمایشكرابوو
هێشتا ناڵه و ئازاری خاوه‌نه‌كانیان به گۆشته نمایشكراوهكانهوه، ده‌بینران
ئه‌ی به‌رده‌كان بۆ ناڵێیت، به‌رده بهخهڵوزبووه، لهتوپهتبووه ووردوخاشكراوهكان
خه‌ڵكی ئه‌وه نازانن كه ئه‌و به‌یانیه، كاتێك ژنانی هیرۆشیما له خه‌وهه‌ستان، بینیان قژیان وه‌ریوه و ڕووتاوه‌ته‌وه
بینیم، من هیرۆشیمایهكم بینی پڕوكاو له‌ژێر گڕوتینی گهرمایهكدا هاوشێوه‌ی گڕوتینی خۆر
ژنه‌كانم بینی كه سور ده‌یانزانی مناڵدروستكردن ڕیسك و مه‌ترسیه و هه‌ر ده‌یانكرد
پیاوه‌كان ده‌ترسان نه‌زۆك بن، كه‌چی هه‌ر به‌رده‌وامبوون
ده‌ریا و ماسیه‌كان ژه‌هراوی بوون
خه‌ڵكی هاوشێوه‌ی ته‌رمی مردووه‌كانیان، چی خواردن و كه‌لوپه‌لیان هه‌بوو ده‌یانكرد به‌ژێرخۆڵه‌وه
چی خوارده‌مه‌نی هه‌یه هه‌مووی توڕدرابوون و خراپبوو بوون
من هیرۆشیمام بینی…)).
بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رگایه‌كی تر، دیدێكی تر بۆ بینینی هیرۆشیما بكاته‌وه (دوراس) خۆشه‌ویستیه‌كی سه‌رپێی نێوان دوو كولتوری جیاوز ده‌باته ناو كۆنتێكستێكی سیاسیه‌وه. خۆشه‌ویستیه‌كی ئیدیۆلیژیزهكراو، ڕه‌نگكراو به تام و مۆركی نه‌ته‌وه‌یی جودا كه هه‌ریه‌كه‌یان دیدێكی جیاوازیان هه‌یه له‌سه‌ر شاره سوتماكهكه. به‌لای ئهكتهرهكهوه هیرۆشیما چركه‌ساتی وه‌ستانی بهدییهكانی جه‌نگه، ئه‌و كاته‌یه كه ئیدی مرۆڤی به‌د شه‌ڕێكی سه‌ختی جیهانی یهكاڵادهكاتهوه و جۆرێك له ئاشتی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ر شانۆی سیاسی جیهان، فه‌ره‌نسا ئازاد ده‌بێت، ئه‌ڵمانه‌كان ده‌ركراون، دۆسته هه‌ره خۆشه‌ویسته نازیهكهی ئه‌و كچه فه‌ره‌نسیه كوژراوه، خۆی له‌و ژێرزه‌مینه هاتۆته ده‌ر و ڕویكردۆته پاریس بۆ بوونی به ئه‌كته‌ر و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ژیانێكی نوێ، له كاتێكدا بۆ ژاپۆنیه‌كه سه‌ره‌تای بهدیهكانه، سه‌ره‌تای ژماردنی زیان و خهسارهتهكانه: ترۆپكی شكستی مرۆڤی ژاپۆنیه له چركه‌ساتێكی مێژوویی‌دا كه وه‌ك تراوما، وه‌ك خێوێكی ئه‌به‌دیانه‌ی جه‌نگ به دوایه‌وه‌یه‌تی.
هه‌تا له‌م فیلمه ووردهبیتهوه، ناكۆكی و دژبه‌یه‌كی نێوان دوو كاره‌كته‌ره‌كه و مێژووه‌كانیان ده‌بینیت:
- قه‌سابخانه‌یه‌كی كۆگه‌لی وه‌ك شۆكی ژاپۆنیهك ده‌بینیت به‌رامبه‌ر به تراومایه‌كی تاكه‌كه‌سی.
2.. دوو مرۆڤی عاشقی جیاواز له یه‌ك ده‌بینیت وه‌ك كولتوور، مێژوو و پاشخان.
- دوو شار (هیرۆشیما) ی ژاپۆنی و (ناڤیر) ی فه‌ره‌نسی ده‌بینیت كه له‌دۆخی ڕمان/ درووستبوونهوهدان.
- دوو چركه‌ساتی زه‌مه‌نی كه بۆ یه‌كێكیان جه‌نگ ماڵوێرانیه و بۆ ئه‌وی تریان پێویستیه‌كی مێژوویی ڕزگاربوونه.
به‌ڵام دواجار ئه‌وه‌ی كه له‌بنه‌ڕه‌ته‌دا ئه‌و هه‌موو جیاوازیه‌ی ڕاگرتووه و بۆته بنه‌مای ئه‌و خۆشه‌ویستیه‌ی كه دوراس و ڕینێ ده‌یانه‌وێت ئازاره‌كانی پێ بگێڕنه‌وه، دیالهكتیكێكی ناوه‌كی تۆكمه‌یه كه بریتیه له فه‌رامۆشكردن / لهیادنهكردن. فه‌رامۆشكردنی عه‌شقی یه‌كه‌می خۆت، فه‌رامۆشنه‌كردنی زێدی یه‌كه‌می خۆت، یادكردنه‌وه‌ی چركه‌ساته پڕ چێژ و سۆزداریه‌كانی دڵداری خۆت و دۆستی یه‌كه‌مت، لهیادبردنهوهی كاره‌ساته خوێناویه‌كان و برینه ساڕێژنهبووهكانت، لێخۆشبوو‌ن له تاوانباره‌كان یان سزادانیان، فه‌رامۆشكردنیان یا به‌به‌رده‌وامی یادخستنه‌وه‌یان.
له‌ئێستادا ئاوڕدانه‌وه له‌م فیلمه بۆ خۆی زاده‌ی جۆرێكی تر له فۆبیایه، فۆبیای دووباره‌بوونه‌وی مێژوو: له‌سه‌رله‌نوێ به‌كارهێنانه‌وه‌ی چه‌كی كۆكوژ وه‌ك زۆربه‌ی زۆری ده‌وڵه‌ته دیكتاتۆری و دڕنده‌كانی خۆرهه‌ڵات لێره و له‌وێ ههڕێشهی پێده‌كه‌ن. ئێران نزیكترین هاوسێی من و تۆیه كه زیاد له ده‌یه‌یه‌كه ته‌قه‌لای به‌ده‌ستهێنانی ده‌دات له كاتێكدا هێشتا هه‌مووی چاره‌كه‌سه‌ده‌یه‌ك تێپه‌ڕیوه به‌سه‌ر كیمیاییبارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌ی هیرۆشیمای كورداندا (وه‌ك زمانی میدیا و ئه‌ده‌بیاتی حیزبی ناویان ناوه)، هه‌ر دوێنێیش بوو له ڕۆژئاوا و لهباكوریش كورد دیسان كه‌وته‌وه به‌ر هه‌ڕه‌شه‌كانی. هه‌ربۆیه به‌ڕای من، ئه‌م فیلمه‌ی ئالان ڕینێ به تۆنی دوراس، هێشتا بایی ئه‌وه‌نده هێز و به‌های تێدا ماوه كه له‌سه‌ر تێڕوانینه‌كانمان بۆ مرۆڤی به‌د، بۆ كێشه‌ی دێوانه‌بوون به خراپه بمانوه‌ستێنێت. ئه‌م فیلمه لانیكه‌م ده‌توانێت پرسیاركردن بێت له كزۆڵهیی و لاوازیی یاده‌وه‌ریی ئه‌وانه‌ی كۆمهڵكوژهكانیان له‌یادچۆته‌وه و بۆ لێخۆش‌بوونیان ده‌پاڕێنه‌وه، یان بكه‌ر و بكوژه‌كان به پیاده و فڕۆكه‌وانه‌وه، بێ دادگاییكردن ئازاد ده‌كه‌ن.
ئه‌م فیلمه لانیكه‌م شهپازڵهیهكی مۆڕاڵییه له ڕووی قایمی ئه‌و سه‌ركرده ماسۆشیانهی، له پێناوی ڕاكێشانی ده‌نگی ئه‌وانی تردا، به مه‌به‌ستی قه‌به‌كردنی وێنه‌ی خۆیان و كوژاندنه‌وه‌ی ئاگری جه‌نگی بێگانه‌كان به جه‌سته‌ی ئێمه، تامه‌زرۆی به‌قۆچی قوربانیكردنی مناڵهكانمانن و ته‌مه‌نای دووباره‌بوونه‌وه‌ی چه‌ندین هه‌ڵه‌بجه‌ی تر ده‌كەن.