نوسینی : كاثرین مالابۆ…
وه‌رگێڕانی له ئینگلیزیه‌وه : شارا تاهیر…
(سلاڤۆی ژیژه‌ك) له وتاره‌كه‌ی خۆیدا به ناوی (دیكارت و سوبێكتی پۆست تراومایی)ـەوە، ڕه‌خنه‌یه‌كی زۆر ورد‌و جوانی لێكدانه‌وه‌و شیكاری هه‌ردوو ڕێبازی نیرۆبایهلۆژی و نیرۆدهرونشیكاری بۆ تراوما واته (شۆكی ده‌رونی) ده‌كات. ژیژه‌ك تەحەدای ئه‌و ڕێگه و شێوازه ده‌كات كه ئه‌م ڕێبازانه ده‌یگرنه‌به‌ر تاوه‌كو جێى پێناسه فرۆید و لاكانیهكه بگرنه‌وه سەبارەت بە برین و زامی ده‌روونی.
ده‌كرێت ڕه‌خنه‌كه‌ی ژیژه‌ك له‌م سه‌رنجه‌ی خواره‌وه‌دا كورتبكه‌ینه‌وه:
له كاتێكدا نیرۆبایهلۆژی ڕه‌خنه‌ی خۆی هه‌یه سه‌باره‌ت به ده‌روونشیكاری و به تایبه‌تیش ئه‌وه‌ی فرۆید و لاكان، به‌ڵام بێ‌ئاگان له‌و ڕاستتیهی كه لاكان كتومت ئه‌وه‌ی گوتووه كه‌ئه‌مان وا هه‌ستده‌كه‌ن نهیگوتووهو باسینهكردوه. هه‌ربۆیه‌ش به لاكان ده‌میان داده‌خه‌ینه‌وه له‌و كاته‌ی كه پێیانوەهابێت ئه‌مان لهدیدوبۆچوونێكی جیا له‌وه‌ی (لاكان) قسه له‌سه‌ر ده‌روونشیكاری ده‌كه‌ن.
بۆچی ئه‌مه وایه؟ چۆن مومكنه لاكان دوبارهبكهیتهوه به بێئه‌وه‌ی بزانیت و هه‌ستی پێبكه‌یت كه دووبارهتكردۆتهوه؟ به‌ڕای (ژیژه‌ك )شێوازه هاوچه‌رخه‌كان بۆ لێكدانه‌وه‌ی ترواما وه‌ك خۆیان و به‌بێئاگایی ده‌مێننه‌وه، جا ئه‌مه له ڕق وكینهوه بێت یان بۆ خۆشی، وه‌ك چۆنیش په‌ی به‌وه ده‌سته‌واژه گرنگ و سه‌ره‌كییه‌ی لاكان نابه‌ن كه ده‌ڵێت: تراوما هه‌میشه و به‌به‌رده‌وامی له ڕووداندایه و ڕوویداوه. ره‌نگه تراومایه‌كی تایبه‌ت یان شۆكێكی ده‌روونی ڕووبدات له‌به‌رئه‌وه‌ی تراومایه‌كی تری بنه‌ڕه‌تی و ئه‌وه‌ی كه پێده‌ڵێین ڕیال یان تراومای تراسێندێنتاڵ هه‌میشه‌و به به‌رده‌وامی ڕوویداوه و هه‌بوه. تراوما هه‌میشه‌و به به‌رده‌وامی له ڕووداندایه. لاكان هه‌میشه وتویه‌تی هه‌میشه‌و به به‌رده‌وامی!
شێوازی نوێی لێكدانه‌وه‌ی تراوما ته‌نها تهئكیدكردنهوهیهكی هه‌میشه‌و بهردهوامیهكهی لاكانه نه‌ك نه‌فیكردنی هه‌میشه‌و به به‌رده‌وامی. به مانایه‌كی تر، ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌یڵێن به ته‌نیا ووتنه‌وه‌و دووباره‌كردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌یه كه ڕوویداوه‌و ووتراوه.
گه‌ر بڵێین تراوما شتێكه به به‌رده‌وامی ڕوویداوه، ئه‌مه بۆ خۆی ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه به چانس و سودفه ڕوونادات. به‌و مانایه‌ی هه‌ر ڕووداو و یان شۆكێكی تر ده‌بێته زیاتر ئازاردانی سوبێكته برینداره‌كه. دیاره لای هه‌ردوو، لاكان و فرۆیدیش نكوڵییهكی ئاشكرا‌و دیار هه‌یه بۆ چانس. له پشت پره‌نسیپی هه‌میشه‌و به به‌رده‌وامی، شتێك هه‌یه كه لاكان هه‌رگیز نه‌یوتوه به ڕداهیهك كه من حه‌ز ده‌كه‌م چانس به بیرۆكه‌ی تێپه‌ڕاندنی ده‌سه‌ڵاتی هه‌میشه و به بهردهوامیهكهی ئه‌و بده‌م، به مانایه‌كی تر حه‌ز ده‌كه‌م چانسێك، به چانس بده‌م.
به‌ر له‌وه‌ی جه‌خت لەسه‌ر چه‌مكی چانس بكەمەوە، ده‌مه‌وێت بڵێم ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی له پشته‌وه‌ی پرەنسیپهكەوەیه (كه ئه‌مه‌ش بۆ خۆی تێمای سه‌ره‌كی كتێبه‌كه‌ی منه)بۆ زانستی ئێستای نیرۆبایهلۆژی و دووباره پێناسه‌كردنه‌وه‌ی بۆ نه‌ست(كه پێده‌ڵێن نه‌ستی نیوڕاڵ یان ده‌رونی نیوراڵ)،و تراوما، ده‌رئه‌نجامیش بۆ پۆست تراوماتیك سوبژێكتیڤ كراوه‌یه. هه‌ردوو نیرۆبایهلۆژی و نیرۆدهرونشیكاری ململانێ ئه‌و تێگه‌شتنه فرۆیدییهی ڕووداو و شۆكی ده‌روونی ده‌كه‌ن كه به‌خاڵی گه‌یشتنی دوو مانا و تێگه‌شتن بۆ ڕووداوه‌كه ده‌بینرێت و ده‌ناسرێت. له لایه‌كه‌وه رووداوه‌كه وه‌ك هێزێكی جێگیری ناوه‌كی (ئیرلێبنیس)، و له‌لایه‌كی تریشه‌وه به به‌ركه‌وتنێك كه له ده‌ره‌وه (ئیریگنێس)دێت و ڕووده‌دات،ده‌بینرێت . بۆ ئه‌وه‌ی ڕووداوێك ببێته حاڵه‌تێكی ده‌روونی ئه‌وا پێویسته بچێته ناو مێژوو و حه‌تمیه‌تی ده‌روونی سوبێكتهكهوه. به‌مانایه‌كی تر،پێویسته هێزه ناوه‌كیه‌كه(ئیرلێبنیس)له‌گه‌ڵ هێزه ده‌ره‌كیه‌كه(ئیریگنێس) یه‌كبگرێت. نمونه‌یه‌كی دیاری ئه‌م پێناسه‌یه‌ی شۆك و حاڵه‌تی ده‌روونی ده‌كرێت ئه‌وه بێت كه فرۆید خۆی باسی ده‌كرد ، ئه‌ویش بریندارانی جه‌نگ. كاتێك سه‌ربازێك له به‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی جه‌نگدا بریندار ده‌بێت، ئه‌وا به‌هۆی برینه‌كه‌یه‌وه یان ترس له برینه‌كه‌ی و توشی تراوما و شۆك ده‌بێت. ڕوونتر بڵێین ئه‌و كێشه‌و گرفته‌ی كه‌له‌و كاته‌دا بۆ سه‌ربازه‌كه حه‌قیقه‌ته و تیایدا گلاوه دوباره‌بونه‌وه‌ی كێشه‌و گرفتێكی ناوه‌كی تره! به‌و مانایه‌ی شۆك هه‌میشه وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی شۆكێكی پێشتره. هه‌ربۆیه‌ش فرۆید پۆست تراماتیك سترێس سیندروم(PTSD) وه‌ك گوزارشتێك بۆ هه‌میشه‌و به‌رده‌وامییه‌كه‌ی شۆك یان تراوما ده‌بینێت.
به‌ڵام له‌ملایشه‌وه زانایانی نیرۆبایهلۆژی به پێچه‌وانه‌وه پێیانوایه كه تراومای توند:
- هێزێكی ده‌ره‌كیه(ئێریگنیس)، واتهترواما شتێكه له ده‌ره‌وه و به هۆی چانسه‌وه ڕووده‌دات.
- ئه‌م تێڕوانینه‌ش بۆ تراوما ئه‌و تێگه‌شتنه‌مان بۆ به‌یه‌كگه‌شتنی هێزی ناوه‌وه(ئیرلێبنیس) و هێزی ده‌ره‌وه (ئێریگنیس) هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه، به ڕاده‌یه‌ك كه سوبێكت له‌تده‌كات و له پاشخانی بیروه‌ری و یاده‌وه‌ریه‌كانی(memory) جیایده‌كاته‌وه، ئێستای له ڕابردووی داده‌بڕێت. دیاره له پاش هه‌ندێ له حاڵه‌ته‌كانی داڕمانی مێشك، كه هه‌میشه ده‌بێته هۆی دروستبونی كون و لێكپچڕان له تۆڕی نیرۆتیكی مێشكدا. به ڕاده‌یه‌كیش كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌یه كه ئه‌و سوبێكته نوێیه‌ی دواتر دروستده‌بێت و دێته ژیانه‌وه هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی بۆ ژیانی یان شوناسی ڕابردووی نییه. لێكپچڕانی نیرۆتیكی هیچ كێشه‌و گرفتێك یان شۆكێكی پێشوتر ناجوڵێنێت، به‌ڵكو سوبێكت له پاش ئه‌و تراومایهوه له ستراكتوری هه‌میشه و به به‌رده‌وامی داده‌بڕێت. سوبێكتی پۆست تراوماتیك چیتر و هه‌رگیز به‌شێكی هه‌میشه‌و به به‌رده‌وامی نییه.
به‌و پێیه‌ش ده‌توانین بڵێین كه لێكپچڕانی نیرۆتیكی ناچێته‌وه سه‌ر هیچ كام له‌و تێرمانه‌ی كه فۆڕمه سیانییه‌كه‌ی لاكانیان دروستكردوه و ئه‌وانیش (خه‌یاڵی، ڕەمزى و ڕیاڵ)ن، له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕه‌گوڕیشه‌ی ئه‌م سیانییه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پرنسیپه تراسێندێنتاڵهكی هه‌میشه و به‌به‌رده‌وامی. هه‌ربۆیه پێده‌چێت پێویستمان به دروستكردنی ڕه‌هه‌ندی چواره‌م هەبێت، ڕه‌هه‌ندێك كه ده‌توانین ناوی ماتریاڵی لێ بنێین. له دیدی نیرۆبایهلۆژیهوه تراوما وه‌ك لێكدابڕانێكی ماتریاڵی ، ئەزموونى، بایه‌لۆژی و بێمانای تراسێندێنتاڵ خۆی ده‌بینرێت. هه‌ربۆیه‌ش سوبێكتی پۆست تراوماتیكی وه‌ك نمونه‌یه‌كی زیندووی پاڵنەری( drive) مەرگ، و ڕه‌هه‌ندی لەودیوى بنەماى چێژەوه(beyond the plesaure principle) داده‌نرێت. كه ئه‌مه‌ش بۆ خۆی هیچ كام له فرۆید و لاكان نه‌یانتوانیوه ده‌ستنیشان و كه‌شفی بكه‌ن. ژیژه‌ك جۆرێك له باوه‌ڕبوون به‌م ئایدیا و بیرۆكانه ده‌هێنێت به‌ڵام هه‌رزووش و له به‌ر سێ هۆی سه‌ره‌كی بەرپهرچیان ده‌داته‌وه:
- به ڕای ژیژه‌ك ئه‌م بیروبۆچونانه‌ی نیرۆبایهلۆژی سه‌باره‌ت به تراوما ئه‌و جیاكردنه‌وه‌یه‌ی لاكانی پشتگوێخستوه له نێوان چێژ‌و ژویسانسدا كردویه‌تی . چونكه له ڕاستیدا چێژ یاخود ژیوسانس بۆ خۆی شتێكه ده‌كه‌وێته پشت خۆشیه‌وه. به مانایه‌كی تر، ئه‌و زیاده‌ڕۆیه ئازاربه‌خشه‌ی خۆشییه كه‌له چوارچێوه‌ی پره‌نسیپی خۆشی‌دا ده‌مێنێته‌وه به‌ره‌نگاری ده‌كات. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه ژویسانس هه‌میشه و به به‌رده‌وامی ڕووبه‌ڕووی مه‌رگمان ده‌كاته‌وه گه‌ر نا ئه‌وا به ته‌نیا له ناو خۆشی‌دا نوقم ده‌بین. به مانایه‌كی تر، تراومای نیرۆتیكی هیچ نیه جگه له فۆرمێكی ژویسانس نه‌بێت. كه‌واته لاكان هه‌میشه و به‌به‌رده‌وامی باسی له‌م لێكدابڕانه نیرۆتیكیه، جیابوونه‌وه له ڕابردوو، له‌ده‌ستدانی بیره‌وه‌ری و بوون به كه‌سێكی جیاوازى كردوه، وهكچۆنیش هه‌موو ئه‌مانه‌ی به ده‌رئه‌نجام یان ده‌ركه‌وته‌كانی ژویسانس بینیوه. به‌و پێه‌ش نه‌ست هه‌میشه و به به‌رده‌وامی ئاماده‌ی وێرانكردن و داڕمانی خۆیه‌تی. ژیژه‌ك ده‌ڵێت: (ئه‌وه‌ی له پشت پره‌نسیپی خۆشیهوهیه، ئه‌نگێزه‌ی ژویسانس خۆیه‌تی).
- دووه‌م ڕه‌خنه‌و بەرپهرچدانهوهی ژیژه‌ك سه‌باره‌ت به مه‌فهومی وێرانكارییه، كه لاكان به (شت)(Thing) ناویده‌بات. ئه‌م (شت)ـەش بۆ خۆی هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌رگه. به‌و مانایه‌ی به‌بێ ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه ،كه به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌ی خه‌ساندن بۆ سوبێكت ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌زمونی هه‌موو مه‌ترسییه‌كی ئۆبژێكتیڤ بۆ ده‌روونی سوبێكت بێ‌مانا ده‌كه‌وێته‌وه. لێره‌ش جارێكی تر، مه‌فهومی هه‌میشه و به‌به‌رده‌وامی دێته‌وه: ( خه‌ساندن به ته‌نیا هۆریزۆنی هه‌ڕه‌شه نیه، و شتێك نیه هه‌میشه بێت به‌ڵكو شتێكه كه هه‌میشه‌و به به‌رده‌وامی ڕوویداوه و ڕووده‌دات، به‌وپێه‌ش سوبێكت به ته‌نیا له ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی جیابونه‌وه‌دا نیه به‌ڵكو خۆی ده‌رئه‌نجامی جیابونه‌وه‌یه له جەوهەر و زات (Substance).
- ئه‌م ڕسته‌یه‌ی كۆتاییش گوزارشت له ڕه‌خنه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ژیژه‌ك ده‌كات. چونكه به ڕای ژیژه‌ك سوبێكت هه‌ر له زه‌مه‌نی دیكارته‌وه، سوبێكتێكی پۆست تراوماتیكیه، بۆئه‌وه‌ی بشتوانێت سوبێكت بێت ئه‌وا به شێوه‌یه‌ك بونیادكراوه كه پێویسته به به‌رده‌وامی ئاسه‌وار و ئاشوبی ڕابردوو بسڕێته‌وه و له‌خۆی بكاته‌وه. هه‌ر بۆیه و جارێكی تریش، ئه‌زمونی دابڕان له خود شتێكی نوێ نیه و هیچی تازه‌مان پێناڵێت. ڕوونتر بڵێین نیرۆبایهلۆژی هیچ شتێكی تازه‌مان له‌م بواره‌دا فێر ناكات، به‌ڵكو ته‌نیا ته‌ئكیدكردنه‌وه‌یه لەسەر جه‌وهه‌ری سوبێكت. ژیژه‌ك ده‌ڵێت: ( ئه‌و قاوغه به‌تاڵه‌ی غه‌ریزه‌ی مه‌رگ مه‌رجێكی تراسیندێتاڵی سه‌ره‌كی سوبژەكتیڤیتەیە: ( ئه‌وه‌ی كه له سوبێكتی مرۆڤ ده‌مێنێته‌وه له پاش به‌ركه‌وتنی به تراومایه‌كی توندوتیژ كه ده‌بێته هۆی سڕینه‌وه‌ی هه‌موو پێكهاته بنچینه‌یه‌كانی، فۆڕمێكی په‌تی و بێگه‌ردی سوبژێكتیڤه. ئه‌و فۆڕمه‌ی كه ده‌بێت هه‌بێت و بووبێت). له‌وه‌ش زیاتر ( گه‌ر یه‌كێك بیه‌وێت شتێك له سه‌ر ئایدیای كۆگیتۆ (Cogito)له جوانترین و بێگهرترین شێوه‌یه‌دا واته له خاڵی سفردا بزانێت، ئه‌وا پێویسته سه‌یری ئه‌و ده‌عبا ئهوتیستیه بكات (كه‌سێكی تازه برینداربو)،كه نیگایه‌كی زۆر ئازاربه‌خش و وه‌ڕزكه‌ره.
هه‌ربۆیه‌ش له دیكارته‌وه بۆ لاكان و هه‌تا دامیسۆش ته‌نیا و ته‌نیا یه‌ك پره‌نسیپ هه‌یه بۆ تراوما ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه تراوما هه‌میشه‌و به به‌رده‌وامی ڕوویداوه و ڕووده‌دات.
دیاره بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م ڕه‌خنانه‌ی ژیژه‌ك پێوست ده‌كات سور بین له سه‌ر مۆتیڤی چانس و سودفه، كه به شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت ته‌وزیفكراوه و هه‌رخۆشی ده‌بێته تێكده‌ری پره‌نسپی هه‌میشه به به‌رده‌وامی. وهكچۆنیش ده‌بێته ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م ئه‌وه‌ی كه ده‌بێت ببێت. به‌مانای ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م وێرانكاریدا. گه‌ر ئێمه پێمان وا بێت وێرانكاری شتێكه هه‌میشه‌و به به‌رده‌وامی ڕوویداوه، گه‌ر شتێك هه‌بێت به ناوی وێرانكاری تراسێندێنتاڵەوە كه‌واته وێرانكارییه‌كه جارێكی تر تێكناشكێنرێت و وێرانتر ناكرێت. وه ئه‌مه‌شه لای فرۆید و لاكانیش ده‌بێته كێشه و گرفت، به‌و مانایه‌ی كه وێرانكاری بۆ ئه‌وان وه‌ك ستراكتور و دووباره‌بونه‌وه‌ی تراومایه‌كی پێشوتر ده‌مێنێته‌وه. ئه‌ی چی ده‌بێت گه‌ر ئه‌م هه‌میشه و به به‌رده‌وامییه بته‌قێته‌وه؟ ئه‌ی چۆن ده‌بێت گه‌ر ئه‌و هه‌میشه و به به‌رده‌وامییه خود وێرانكه‌ر بێت و بتوانێت ونبێت و نه‌مێنێت هه‌ر به یاسای ده‌روون خۆی؟
بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین به‌وردی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه بده‌ینه‌وه، ئه‌وا هه‌وڵ ده‌ده‌ین ته‌ركیز بكه‌ینه سه‌ر پێگه‌ی چانس و سودفه له خه‌وێكدا كه فرۆید له به‌شی حه‌وته‌می كتێبی (لێكدانه‌وه‌ی خهونهكان) دا، شیكار و ڕاڤه‌ی ده‌كات. له‌م لاشه‌وه لاكان له سیمیناری یانزه‌دا و له به‌شی پێنجه‌می كتێبی ( چوار چه‌مكی سه‌ره‌كی ده‌رونشیكاری)دا، له به‌شی شه‌شه‌میش له هه‌مان كتێب و له ژێر ناونیشانی درز له نێوان چاو و نیگادا)، (Tuche and Automation )كۆمێنتی له سه‌ر ده‌دات.
فرۆید ده‌نوسێت:
باوكێك به دیار مناڵه نه‌خۆشه‌كه‌یه‌وه به شه‌و و ڕۆژ ئه‌شك ده‌گرێت و ناخه‌وێت. دوای ئه‌وه‌ی كه مناڵه‌كه‌ی ده‌مرێت، به‌جێدێڵێت و ده‌چێته ژوورێكی تر تا ڕابكشێت و تاوێك بحه‌وێته‌وه. به‌ڵام ده‌رگای ژووری نوستنه‌كه‌ی خۆی به كراوه‌یی به‌جێدێڵێت تاوه‌كو له ژووره‌كه‌ی خۆیه‌وه جاوی له‌و ژووره بێت كه لاشه‌ی مناڵه مردووه‌كه‌ی لێڕاكشابوو. مۆم به چوار ده‌وری مناڵه مردوهكهدا داگیرسابوو، هه‌ر له‌وێشدا پیاوێكی به‌ته‌مه‌ن له ژوور سه‌ری مناڵه مردووهكهیهوه خه‌ریكی دوعاكردن و پاڕانه‌وه بوو. دوای چه‌ند سه‌عاتێك له خه‌و، باوكه‌كه خه‌و به كوڕه‌كه‌یه‌وه ده‌بینێت كه له ته‌نیشتیه‌وه وه‌ستاوه و قۆڵى ده‌گرێت و به چرپه و حه‌سره‌ته‌وه پێی پێده‌ڵێت:باوكه نامبینى چۆن ده‌سوتێم ؟ باوكه‌كه به‌ئاگا دێت و ده‌بینێت ڕووناكی و گڕێك له ژووره‌كه‌ی به‌رامبه‌ریه‌وه دێته ده‌رێ. باوكه‌كه ده‌ستبه‌جێ ڕاده‌كات به‌ره‌و ژووره‌كه كه ده‌بینێت پیاوه پیره‌كه خه‌وی لێكه‌وتوه و مۆمێك به گڕه‌وه كه‌وتۆته سه‌ر جێگای مناڵه‌كه‌ی، سهرجێگاكهی و ده‌ستێكی مناڵه مردوه نازداره‌كه‌ی سوتاندوه.
ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ی كه ده‌ستبه‌جێ لای فرۆید ده‌بێت به پرسیار ئه‌وه‌یه، ئایا ده‌توانین ئه‌م خه‌ونه به ڕازیبون و به‌جێهێنانی ئاره‌زوو ببینین؟ یان به پێچه‌وانه‌وه نكۆڵی‌كردن و نمونه‌یه‌كی پێچه‌وانه‌ی تیۆری خه‌ونه وه‌ك به‌جێهێنانی ئاره‌زوو.
با له‌م لاشه‌وه سه‌یری وه‌ڵامی لاكان بۆ ئه‌م بابه‌ته بكه‌ین. به‌ر له هه‌موو شتێك، له‌به‌رئه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی ئه‌م خه‌ونه‌مان به بیری خۆمان هێنایه‌وه، ئه‌وا ده‌بێت بزانین كه لاكان پێیوایه ده‌رونشیكاری (به‌ركه‌وتنه، به‌ركه‌وتنێكی بنه‌ڕه‌تی، یاخود بهیهكگهشتنێكی ئه‌وه‌ی كه هه‌میشه به ڕیالێك ناوی ده‌به‌ین كه ونمان ده‌كات). ئه‌م به‌ركه‌وتنه لهدەستچووە بنه‌ڕه‌تییه ، یان ئه‌م بهرنهوكهوتنه له‌گه‌ڵ ڕیال بۆ خۆی به‌ركه‌وتنه له‌گه‌ڵ تراوما. به بیروڕای لاكان ئه‌م خه‌ونه ده‌گاته ئه‌م قۆناغه له به‌ركه‌وتن. لێره‌دا پرسیاره‌كه‌ی فرۆید جارێكی تر دێته‌وه و له‌و خاڵه‌دا خۆی دەردەبڕێتەوە: گه‌ر ئه‌م خه‌ونه بگاته قۆناغی به‌ركه‌وتن له‌گه‌ڵ تراوما، ئه‌وا چۆن ده‌توانین به به‌جێهێنانی حه‌زو ئاره‌زووه‌كان بیبینین ؟
هه‌ربۆیه پێویستمان به‌وه‌یه كه به‌وردی له بیرۆكه‌ی (به‌ركه‌وتن له‌گه‌ڵ ڕیاڵ) تێبگه‌ین و بزانین مه‌به‌ست چیه لێی؟
دیاره پێویستمان به‌وه‌یه كه زۆر به‌وردی له چەمك و ماناى(به‌ركه‌وتن له‌گه‌ڵ ڕیاڵدا) تێبگه‌ین و بزانین مانای چییه؟ شیكار و ڕاڤه‌ی ئه‌م فۆرمه‌له‌یه واته (به‌ركه‌وتن له‌گه‌ڵ ڕیاڵدا) ناوه‌ڕۆكی به‌شی (پێنجه‌م و شه‌شه‌م)ـه. ئه‌م فۆرمه‌له‌یه به ڕاده‌یه‌ك دژیه‌ك و ناكۆكه، كه (به‌ركه‌وتن) ئاماژه‌یه بۆ شتێكی ناجه‌وهه‌ری و ڕووداوهەڵگر و ڕێكەوت، واته شتێك كه ده‌كرێت ڕووبدات یان روونه‌دات! له كاتێكدا لای لاكان به پێچه‌وانه‌وه ده‌بینین (ڕیاڵ)به شێوه‌یه‌ك دیاریكراوه، كه میكانیزمێكی حه‌تمی و پێویستی دووباره‌بونه‌وه‌ی هه‌میشه‌و به به‌رده‌وامییه‌كه‌ی تراومایه. ئه‌ی كه‌واته چۆن ئه‌م ئه‌گه‌ری به‌ركه‌وتنه ده‌بێته زه‌روره‌تێك بۆ تراوما؟ لێره‌دا ده‌بینین كه مه‌فهومی سودفه جارێكی تر تێكهڵدهبێتهوه و خۆی نمایشده‌كات. ئه‌ی كه‌واته چۆن ئێمه به‌ركه‌وتنی(به سودفه) له‌گه‌ڵ (زه‌رووره‌تی) تراوما كه هه‌میشه‌و به‌به‌رده‌وامی هه‌بووه لێكبده‌ینه‌وه و ته‌فسیری بكه‌ین؟
لاكان له‌م خاڵه‌دا ئاماژه به ئه‌رستۆ ده‌دات، به‌وه‌ی كه ئه‌و له فیزیكدا (Physic) باس له دوو جۆر له ڕووداو و حاڵه‌ت ده‌كات. یه‌كه‌میان (Tuche) كه به مانای شانس و به‌خت دێت و شتێكی حه‌تمی نییه، دووه‌میان(Automaton) كه زه‌روره‌تێكی كوێرانه‌ی میكانیزمی دووباره‌بونه‌وه‌یه. به مانایه‌كی تر، به‌زۆر دووبارهپێكردنهوه. به‌وپێیه‌ش له‌لایه‌كه‌وه سودفهمان هه‌یه و له لایه‌كی تریشه‌وه حه‌تمیه‌ت(Determinism). هه‌ربۆیه‌ش به ڕای ئه‌رستۆ هه‌رشتێك كه ڕووده‌دات و به لاماندا تێده‌په‌ڕێت به هۆی یه‌كێك له‌م دوو ڕه‌هه‌نده زهمهنیهوهیه.بۆ نمونه شانس بڕیار ده‌دات كه تۆ ئه‌مڕۆ له ئاگۆراو به سودفه هاوڕێیه‌كت ببینیت، به‌ڵام ئه‌وه (Automaton) كه‌ده‌سه‌ڵاتی به سه‌ر خۆرهه‌ڵاتن و خۆرئاوابوون و هاتنی وه‌رزه‌كاندا هه‌یه، هتد.
كۆمێنتی لاكان بۆ ئه‌م دوو ڕه‌هه‌نده ئه‌وه‌یه كه: (Tuche) شانسی باش یان خراپه، (Automaton)یش ڤێرژنه گریكییهكهی به‌زۆر دووبارهپێكردنهوهیه. ته‌نانه‌ت گه‌ر ئه‌مه به‌ركه‌وتنی دوو سیستمی ڕووداو یان دوو ڕه‌هه‌ندی هۆكارمهندانه (Causality) بێت و دواجاریش ئه‌گه‌ر به نا به‌ركه‌وتنیشی دابنێین، ئه‌وا هه‌ر به‌ركه‌وتنه! دیسان ئه‌ی چۆن ئه‌مه مومكینه؟
ئا لێره‌دا ڕاڤه‌و ته‌فسیری خه‌ونه‌كه ده‌ست پێده‌كات. بابزانین له‌م خه‌ونه‌دا چی ده‌بێت به (Tuche) شانس و چیش ده‌بێت به (Automaton)؟ له مباره‌یه‌وه لاكان خۆی به‌م شێوه‌یه پرسیار ده‌كات: (له‌م ڕووداوه‌دا حه‌قیقه‌ت له كوێدایه؟) وه‌یان ( له‌م حه‌قیقه‌ته‌دا ڕووداو له كوێدایه؟).
له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ (Tuche) واته شانس،كه‌وتنه خواره‌وه‌ی مۆمه‌كان و سوتانی قۆڵی مناڵه‌كه‌یه! لاكان ده‌ڵێت:(ئه‌مه حه‌قیقه‌ته‌كه‌یه به‌ڵام ڕیاڵ نییه، به‌ڵكو ڕیاڵ ناڕاستی (زیندووبونه‌وه‌ی) مناڵه‌كه و ووشه‌ی (باوكه) نا‌بینیت كه من ده‌سوتێم؟).
هه‌ربۆیه‌ش لاكان ده‌ستده‌كات به شیكار و ته‌فسیری (Tuche) شانس وه‌ك جۆرێكی لاوه‌كیی هۆكار یان حه‌قیقه‌ت. سوتاندنی قۆڵی مناڵه‌كه ڕووداوه ڕاستیه‌كه‌ی ئه‌م خه‌ونه نییه، واته ئه‌مه ڕیال نییه. به‌ڵكو ڕیاڵ له‌گه‌ڵ قسه‌كردنه‌كه‌دا دێت، واته ئه‌و كاته‌ی كه مناڵه‌كه بانگی باوكی ده‌كات. ڕوونتر بڵێین شانس شتێكی ئۆتۆنۆم و سه‌ربه‌خۆ نییه، له‌ڕاستیدا ته‌نها وه‌سیله‌یه‌كه بۆ ڕیاڵ یان (Automaton) تاوه‌كو تێكه‌ڵ بێت و جارێكی تر بێته ناوه‌وه. به‌وپێیه‌ش ته‌نها یه‌ك شێوازی ڕوودان هه‌یه و ئه‌ویش (Automaton)ه، له‌گه‌ڵ ڤێرژنێكی ڕووپۆشكراو، یان ده‌مامكێك كه پێى ده‌ڵێین(Tuche). هه‌ربۆیه سودفه یان شانس ته‌نها ڕووكه‌شه، ئه‌وه‌ی كه ڕووده‌دات گه‌ر به سودفهش بێت ئه‌وا له ڕاستیدا و هه‌میشه ئۆتۆماتیزمێكی دووبارهكردنهوهكهیه! دووباره‌كردنه‌وه‌ی تراوما سه‌ره‌كیه‌كه: ڕوونتر بڵێین:( له ڕاستیدا ئه‌وه‌ی كه دووباره‌ده‌بێته‌وه هه‌میشه شتێكه وه‌ك ئه‌وه‌ی به سودفه ڕوویدابێت و هه‌بووبێت).
لاكان له خۆی ده‌پرسێت و ده‌ڵێت: ئه‌وه چییه كه له‌ڕاستیدا له خه‌ونه‌كه‌دا ده‌سوتێت؟ قۆڵی مناڵه‌كه‌یه یان ئه‌و ڕسته‌یه كه مناڵه‌كه ده‌یڵێت:(باوكه نایبینیت كه من ده‌سوتێم؟). پرسیاره‌كه‌ی لاكان ئه‌وه‌یه كه( ئایا ئه‌م ڕسته‌یه به هۆی كاریگه‌ری لهرزوتاكهوه نه‌وتراوه؟(ئه‌مه‌م له یه‌كێك له موحازهرهكانمدا باسكردووه و پێى ده‌ڵێم هۆكاری له‌رزوتا). ئه‌ی كه‌واته چ به‌ركه‌وتنێك له‌گه‌ڵ ئه‌وه كائینه خامۆشه‌دا هه‌یه، گه‌رچی ئێستا به پشكۆی ئاگره‌كه ده‌سوتێت، ئه‌ی ئه‌وه ئه‌و به‌ركه‌وتنه نییه كه به‌ته‌واوی به شێوه‌یه‌ك ڕووده‌دات له ساته‌وه‌ختی ڕووداوه‌كه‌دا وه‌ك ئه‌وه‌ی به سودفه‌و چانس پشكۆی ئاگره‌كه كڵپه بسێنێت و قۆڵی مناڵه‌كه بسوتێنێت؟ له‌م ڕووداوه‌دا حه‌قیقه‌ت له كوێدایه؟ گه‌ر دووباره‌كردنه‌وه‌ی شتێكی زۆر قه‌ده‌ری نه‌بێت به ناوی حه‌قیقه‌ته‌وه،ڕاستییه‌ك كه تیایدا ئه‌و كه‌سه‌ی، كه ده‌بوو ئاگای له جه‌سته‌ی مناڵه‌كه بێت، هێشتا هه‌ر خه‌وتووه، ته‌نانه‌ت دوای ئه‌وه‌ش كه باوكه‌كه به‌ئاگا دێت، دێته‌وه ناو ڕووداوه‌كه.
ئاشكرایه، گه‌ر حه‌قیقه‌تێكی مومكین هه‌میشه شێوازێك بێت بۆ ڕیاڵ تا له ڕێییه‌وه بێته‌وه ڕووناكی و ده‌ركه‌وێت، ئه‌وا دیسان هه‌ر لاوه‌كییه. كاتێك لاكان ده‌پرسێت حه‌قیقه‌ت چییه له‌م ڕووداوه‌دا، ئه‌وا مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه كه شتێكی زیاتر له ڕووداوه‌كه‌دایه، وه‌ك له‌وه‌ی ئێمه له ڕووداوه‌كه‌دا ده‌یبینین:(ئایا حه‌قیقه‌تێكی زیاتر له‌م مەسجەدانییه وه‌ك له‌و بێدارییهی كه وا ده‌كات باوكه‌كه‌ش ڕاستییه‌كی سهیروسهمهرهتری بۆ ده‌ركه‌وێت، ئه‌وه‌ی كه له ژووره‌كه‌ی به‌رامبه‌ریدا ڕووده‌دات؟).
ئه‌و به‌ركه‌وتنه ده‌ره‌كییه مومكینه‌ی حه‌قیقه‌ت، ئه‌ویش( مۆمه‌كان ده‌كه‌ون و ئاگر له‌و به‌رگ و نوێنه به‌رده‌بێت كه به سه‌ر لاشه‌ی مناڵه مردوهكهوهیه، بۆن و دوكه‌ڵی ئاگره‌كه‌ش باوكه‌كه ناڕه‌حه‌ت و بێ‌دار ده‌كات) ڕیاڵی ڕاسته‌قینه ده‌وروژێنێت، كه ئه‌ویش نزیك بوونه‌وه‌ی مناڵه‌كه‌یه له باوكی وه‌ك تارمایى و فەنتازیایهكی بێتام و نه‌خوازراو. دیسانه‌وه جارێكی تر ئه‌وه‌ی كه ده‌سوتێت، وشه‌كانه ، نه‌ك قۆڵی مناڵه‌كه(باوكه نابینینت كه من ده‌سوتێم؟)ئه‌م ڕسته‌یه بۆ خۆی ئاگره‌كه‌یه كه ده‌سوتێت! یاخود خۆیان ئاگر به‌ر ده‌ده‌نه ئه‌و شوێنه‌ی كه لێی ده‌كه‌ونه خوارێ. ڕوونتر بڵێین ئه‌و مانا شاراوه‌یه خۆی حه‌قیقه‌ته ڕاسته‌كه‌ی ئه‌و (مه‌شهه‌ده سه‌ره‌تاییه).به مانایه‌كی تر، كه‌لێنێك و درزێك له نێوان حه‌قیقه‌ت و ڕیاڵدا دروستده‌بێت.
ئێستا كاتی ئه‌وه هاتوه له كێشه‌ی (به جێهێنانی ئاره‌زوو) نزیكبینه‌وه. لاكان ده‌نوسێت:(مه‌سه‌له‌كه ئه‌وه نییه كه له‌م خه‌ونه‌دا باوكه‌كه بیه‌وێت قه‌ناعه‌ت بە خۆى بكات كه كوڕه‌كه‌ی هێشتا زیندووه. به‌ڵكو ئه‌و ڤێرژنه نه‌خوازراو و به‌ئازاره‌ی كوڕه مردووهكهیهتی كه ده‌ستی باوكه‌كه ده‌گرێت و له‌وه‌ش زیاتر ده‌ڕوات له خه‌ونه‌كه‌دا تا ده‌نگی ببیسترێت و باوكی به‌خه‌به‌ر بهێنێت. ئاره‌زوو له‌م خهونهداخۆی مانیفێست ده‌كات، له ڕێی گوزارشتكردن بۆ ئه‌و له ده‌ستچوونه، له وێنایهكدا كه چاره‌نوسێكی خراپى ئۆبێكته‌كه نیشانده‌دات. هه‌ر بۆیه ته‌نها له خه‌ونه‌كه‌دا ئه‌م به‌ركه‌وتنه دانسقه و ڕاسته‌قینه‌یه ڕووده‌دات. ته‌نها ڕیتوالێك، ئه‌كتێكی به‌رده‌وام و دووباره‌بوه‌وه، خۆی نمایش ده‌كات…به‌ركه‌وتن).
كه‌واته ئه‌م خه‌ونه بۆ خۆی شێوه‌یه‌كه له (به‌جێهێنان) تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی كه به‌ركه‌وتن له گه‌ڵ ژویسانس و جێژدا مومكین ده‌كات. لاكان ده‌ڵێت: مه‌رج نییه هه‌میشه ( هاتنه‌دی) په‌یوه‌ست بێت به جێژهوه به‌ڵكو ده‌شێت به ژویسانسهوه په‌یوه‌ست بێت. هه‌ڵبه‌ت له بیریشمانه كه ژیژه‌ك (ژویسانس) به (له‌ودیو بنەماى چێژ)ـه‌وه پێناسه ده‌كات، ئه‌و چێژه زیاده‌یه‌ی(surplus) كه خۆی ده‌گۆرێت به جۆرێك له ئازار كه ئه‌میش بۆ خۆی گوزارشته ڕاسهقینهكهی پاڵنه‌ری مه‌رگه. وه له‌به‌رئه‌وه‌ی ته‌نها ئێمه له خه‌وندا ده‌توانن به ژویسانس بگه‌ین، هه‌ربۆیه له‌م ڕووه‌وه ئه‌م خه‌ونه به هاتنه‌دی حه‌ز و ئاره‌زوو داده‌نرێت.
ئایا له‌م خه‌ونه‌دا لاكان به‌م شێوه‌یه دوو حه‌قیقه‌ت له یه‌ك جیاده‌كاته‌وه، حه‌قیقه‌تی ڕاست و یه‌كێكی لاوه‌كی، كه درووست و گونجاو نییه؟ئه‌ی ناتوانین وایدابنێن كه ڕووداوی كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی مۆمه‌كه بۆ سه‌ر ده‌ستی مناڵه‌كه تراوماتیزهكردنه بۆ خۆی، به‌و مانایه‌ی مه‌رج نییه ئه‌م ڕووداوه میكانیزمی دووباره‌كردنه‌وه‌ی تراومایه‌كی كۆن و پێشوو بێت؟ هه‌ربۆیه‌ش ئه‌م خه‌ونه بۆ خۆی ده‌بێته ڕیاڵ به‌و شێوه‌یه‌ی كه وشه‌كان خۆیان ده‌وروژێنن و دنه ده‌ده‌ن.
گه‌ر شتێك هه‌بێت به ناوی له‌ودیوى بنەماى چێژه‌وه، ئایا هێشتا هه‌ر ده‌توانین له‌ودیوی سودفه‌وه، له‌و دیو ڕووداوەوە، یان له‌و دیوی مومكینهوه ته‌ماشای بكه‌ین لێى تێبگه‌ین؟ كه ئه‌مه‌ش بۆ خۆی چی تر شتێكی دروست و مومكین نییه. ئه‌و كاته‌ی قوربانییه‌كانی تراوما (ده‌سوتێن)، ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه ئێمه مافی ئه‌وه‌مان نییه پرسیار بكه‌ین: حه‌قیقه‌ت له‌م ڕوودانه‌دا له كوێدایه؟به‌دڵنییایه‌وه مافی ئه‌وه‌مان نییه شكمان له مومكینی شاردنه‌وه‌ی ڕووداوێكی وا قوڵ هەبێت، كه ده‌بێته ڕوویه‌كی شاراوه‌ی به زۆر دووبارهپێكردنهوه. خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م ته‌فسیره لاكانییه بۆ جیاكردنه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ت له ڕیاڵ، مومكین له زەرووره‌ت، ترانسێندێنتاڵ له ئه‌زمونكراو یان شانسی باش له خراپ واته (Tuche)له زه‌روره‌تی (Automaton)وامان لێده‌كات ده‌روونشیكار به پیاوی ئاگركوژهرهوه بیبینین كاتێك سه‌یری كاره‌ساتێك ده‌كات و ده‌ڵێت(ده‌كرێت شتێكی زه‌رورتر و په‌له‌تر هه‌بێت، من ئیشم ئه‌وه‌یه ئاگاداری ئه‌و شتانه بم كه به پله‌ی یه‌ك دێن و ئیمێرجنسین).
هه‌رگیز ئه‌م ڕووداوه شتێكی نه‌شاردۆته‌وه، وهكچۆنیش جگه له خودی ڕووداوه‌كه خۆی هیچ شتێكی تریشی ئاشكرا نه‌كردوه. لێره‌دا پێویسته بیر له تێك‌شكان و وێرانكردنی پلاستكیانه بكه‌ینه‌وه، واته توانایه‌ك بۆ ته‌قینه‌وه، كه به هیچ شێوازێك ده‌روون خۆی ته‌نانه‌ت له خه‌ونیشدا لێ تێناگات.
ئه‌و وه‌ڵامه‌ی كه ده‌توانین بیده‌ینه‌وه سه‌باره‌ت به ناڕهزایبون و ڕه‌خنه‌ی دووه‌م، ده‌رباره‌ی خه‌ساندن وه‌ك شتێك كه هه‌میشه‌و به به‌رده‌وامی ڕوویداوه. ئه‌وه‌یه كه هه‌ڕه‌شه‌ی خه‌ساندن خۆی یارمه‌تی لاكانی داوه ئه‌و هه‌میشه‌ییه ببینیێت، ئه‌گه‌ر چى ئه‌و خۆی پێچه‌وانه‌كه‌ی ده‌ڵێت، واته سیمبولیك و ڕه‌مزیه‌تی ئیشكردن له‌گه‌ڵ ڕیاڵ.
بۆ فرۆید خه‌ساندن فۆڕمه دیاردهییهكهی هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌رگه. له‌به‌رئه‌وه‌ی خه‌ساندن به مانای جیابوونه‌وه دێت. به‌و پێه‌ش مه‌رگ وه‌ك فیگه‌رێكی به ناوهڕۆك و ناواخن نیشانده‌دات. سه‌باره‌ت به جیابوونه‌وه لاكان ده‌ڵێت:(پێویسته له‌م ڕسته‌یه‌دا ئه‌وه‌مان بۆ ده‌ركه‌وێت(باوكه نا‌بینیت كه من ده‌سوتێم؟)دیاره ئه‌وه‌ی لای باوكه‌كه بۆ ئه‌به‌د ده‌مێنێته‌وه ئه‌و وشانه‌یه كه له مناڵه‌كه دێته ده‌ره‌وه‌و به‌وی ده‌ڵێت. ئه‌وه‌ی لێره‌دا دیاره مۆتیڤی جیابونهوهكهیه، به مانایه‌كی تر، جیابونه‌وه خۆی مردنی مناڵه‌كه‌یه؛ به‌ڵام جیابونه‌وه له مناڵه‌كه بۆخۆی تراومایه واته (Automaton)ـه. به‌ڵام له كاتێكدا ئه‌م جیابونه‌وه‌یه ده‌كرێت له ڕێی جیابونه‌وه‌یه‌كی تره‌وه گوزارشتی لێبكرێت، واته له ڕێی ووشه‌كانی مناڵه‌كه‌وه بۆ باوكی. ووشهگهلێك كه له جه‌سته‌ی ده‌بێته‌وه، ئه‌وا تراوماكه ده‌بێته به‌ركه‌وتن له گه‌ڵ( ڕه‌مزی) و هه‌رگیز ناتوانێت لێ هه‌ڵبێت. ده‌توانین بڵێین سوپاس بۆ ووشه‌كان و بۆ (ڕه‌مزی) كه وا ده‌كات ڕیاڵ بتتوانێت له‌خۆی جیابێته‌وه.
ئه‌وه‌ی ده‌بێته ته‌حه‌دایه‌ك بۆبیرۆكهی خه‌ساندن یان جیابونه‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی شتێكه هه‌میشه‌و به به‌رده‌وامی ڕوویداوه، ئه‌و ڕاستییه دروسته‌یه كه هه‌میشه و به‌به‌رده‌وامیی له (ڕه‌مزی) و ڕیاڵدا ئاماده‌یه. به‌و پێیه‌ش ئه‌مه ده‌رئه‌نجام ده‌بێت به جۆرێك له سڕینه‌وه‌ی تراوماكه. ڕونتر بڵێین ڕیاڵی (پاك و بێگه‌رد) بوونی نییه.
ئه‌وه‌ی كه داڕمانی مێشك (Barin Damage) نیشانمان ده‌دات بینینی توندوتیژیه‌كه‌ی تراوماتیزهكردنی زام و برینه‌كانه كه له بڕین و له‌تبونی سوبێكته‌وه دروستده‌بێت. وه‌ك ئه‌وه‌ی له پاشخانی یاده‌وه‌رییه‌كاندا تێبینیمان كرد. هه‌ربۆیه‌ش قسه‌كانی قوربانییه‌كی تراوماتیزهكراو هیچ مانایهكیی به‌سودی نییه وهكچۆنیش هیچ شتێكمان بۆ كه‌شف ناكات. به مانایه‌كی تر، نه‌خۆشیه‌كه‌یان هیچ جۆرێك له حه‌قیقه‌ت دروست ناكات كه په‌یوه‌ندی به مێژووی ڕابردوویانه‌وه هه‌بێت. واته مومكن نییه ئه‌م كه‌سانه بتوانن به هه‌موو برینه‌كانی خۆیان و پارچهكانیانهوه له ئێستادا ئاماده بن. به پێچه‌وانه‌ی خه‌ساندنه‌وه كه هیچ نواندنەوەیەك(Representation) ، دیارده‌یه‌ك و نمونه‌یه‌كی جیابوونه‌وه نییه كه سوبێكت چاوه‌ڕێ بكات و فانتازی به‌وه بكات كه چ شكانێكیی له تۆڕی سێربراڵی مێشكدا دروستكردوه. ته‌نانه‌ت مرۆڤ ناتوانێت خه‌ویشی پێوه ببینێت. هیچ مه‌شهه‌دێك بۆ ئه‌م (شته) نییه، وه‌كچۆن هیچ ووشه‌یه‌كیش نییه گوزارشتی لێ بكات.
دیاره باوه‌ڕمان به ئه‌گه‌ری خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ نه‌بوون و غیابی مانا نییه، له رێی پێشكه‌شكردنی جۆرێك له دووباره‌بوونه‌وه‌ی شاراوه‌ی ڕیاڵ. به‌ڵكو به پێجه‌وانه‌وه ده‌بێت دان به‌و ڕاستییه‌دا بنێین كه غیابی ته‌واوه‌تی مانا بۆخۆی ئه‌و مانایه كه‌له ئێستادا هه‌مانه.
هه‌ڵبه‌ت نیرۆبایۆلۆژی كاردانه‌وه‌یه‌كی گڵۆباڵی و لێكچووی هه‌یه سه‌باره‌ت به تراوما، جا ئیتر تروامای سیاسی، سروشتی یان پاتۆلۆژی بێت(ژیژه‌ك ئه‌مه به ڕووه لێكچووه نوێیه‌كه‌ی شه‌ڕه‌نگێزی داده‌نێت).
پێش هه‌موو شتێك، شهڕهنگێزیهكی ده‌ره‌كی و بروتاڵ و هه‌مه‌جی هه‌یه: بۆ نمونه په‌لاماره تیرۆریهكهی 11\9، توندوتیژی سه‌ر شه‌قام، لاقه‌كردن، هتد. دووه‌م: كاره‌ساته سروشتییه‌كان، له‌وانه‌ش: بومه‌له‌رزه، تسونامی، هتد. كه‌واته وێرانكارییهكیی نامه‌تیقی( بێ‌مانا) بۆ جه‌وهه‌ره ماتریاڵییهكه و حه‌قیقه‌ته ناوهكیهكهیی ئێمه هه‌یه.(وه‌رهه‌می مێشك، نه‌خۆشیه‌كانی زه‌هایمه‌ر،برین و زامه‌كانی سێریبراڵی مێشك، پۆست ترواماتیك داون سیندروم ،هتد..)كه نه‌ك هه‌ر گۆڕانێكی ڕووكهشیین به‌ڵكو كه‌سێتی قوربانیه‌كه‌ش وێران ده‌كه‌ن. هه‌ربۆیه‌ش ناتوانین جیاوازی بكه‌ین له نێوان توندوتیژی و شه‌ڕه‌نگێزیی سروشتی ، سیاسی یان سۆسیۆ سیمبۆلیك. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ئه‌زمونی ده‌كه‌ین تێكه‌ڵه‌یه‌كی جۆراوجۆری سروشتی و سیاسییه، به جۆرێك كه تراوما سیاسیه‌كه خۆی ده‌سڕێته‌وه و به‌رگێكی سروشتی به به‌ردا ده‌كات، له‌ملاشه‌وه سروشتیه‌كه خۆی ووندهكات تا بتوانێت ده‌مامكی سیاسه‌ت بپۆشێت.
پێده‌چێت ئه‌وه‌ی كه لێره‌دا ژیژه‌ك دانی پیا نه‌نێت ئه‌وه‌یه ،كه له‌مڕۆدا جۆرێكیی نوێی شه‌ڕه‌نگێزی هاتۆته كایه‌وه، دانه‌یه‌ك كه گوزارشتێكی نوێ بۆ مه‌فهومی ڕیال یان با بڵێین مه‌فهومی ئه‌وه‌ی كه ده‌سوتێت، ده‌خاته‌ڕوو. مه‌فهومێك كه شانس ده‌دات به‌سودفه و شانس، شانسێك كه هه‌رگیز ڕوونادات( ئه‌گه‌ر و ته‌نیا ئه‌گه‌ر به شانس نه‌بێت).
با بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ناڕهزایبون و ڕه‌خنه‌ی سێهه‌م : وه‌ك ده‌زانین به ڕای ژیژه‌ك (پۆست تراوماتیك سوبژێكتیڤ) هیچ نیه جگه له فۆڕمه دیكارتییه كلاسیكیه‌كه‌ی سوبژێكتیڤ. به‌و مانایه‌ی كه سوبێكت نمونه‌یه‌كی به توانایه بۆ سڕینه‌وه‌و شتنه‌وه‌ی هه‌موو جه‌وهه‌ریی خۆی ، تا بتوانێت هه‌میشه نوێ و ئاماده بێته‌وه بۆ خۆی بۆ ئه‌وه جیهانه‌ش كه تیایدا ده‌ژی. ئه‌مه‌ش بۆ خۆی هێنده‌ی هه‌موو مێژووی میتافیزیك ڕاسته.
ڕه‌نگه ئه‌مه ڕاست بێت، به‌ڵام ئه‌سته‌میشه بڕوا بكه‌ین كه له هه‌موو جارێكدا به‌بێ فۆڕمبوونی سوبێكتێكیی نوێ سڕینه‌وه‌ی تراوما ڕووبدات، به بێ ئاگا له فۆڕمه‌كه‌ی پێشوویی خۆی. به مانایه‌كی تر دووباره‌بوونه‌وه شتێكی پلاستیكییه و فۆڕم ده‌داته ئه‌و شته‌ی كه وێرانی ده‌كات. لێره‌دا پێویسته بیر له‌و فۆڕمه بكه‌ینه‌وه كه وێرانكارییه‌كه دروستیكردووه، فۆڕمیی كه‌سێكی نوێ كه سوبێكتێكی تراسێندێنتاڵ نییه، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه كه حوكمی ده‌كات وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بۆ ته‌قینه‌وه‌كانی. واته سیفه‌تی پلاستیكیبوونی ڕێكه‌وت و مومكن ئه‌و هێز و ده‌سه‌ڵاته‌ی هه‌یه، تا بیداته فۆڕمهكهیی خۆی و ئه‌میش بتوانێت به‌رگه‌ی ئه‌و شتانه پێبگرێت كه شۆكی ده‌كات . واته ئه‌و سوبێكته‌ی ده‌سوتێت و واشمان لێده‌كات له كۆتایییدا ببینین كه به ڕاستی ده‌سوتێت.
ئه‌ی تراوما یان شۆك چییه؟ ئایا ده‌رئه‌نجامی كاره‌سات و زه‌بر و لێدانێك نیه، شتێك نییه كه به هیچ شێوه‌یه‌ك نا‌توانیت چاوه‌ڕوانی بكه‌یت، شتێكی كتوپڕ كه‌له ده‌ره‌وه دێت، به‌چاو پۆشی له‌وه‌ی كه كێین، دهمانشكێنێت و چۆكمان پێدا ده‌دات ؟ یان به پێجه‌وانه‌وه هه‌میشه تراوما و شۆك به‌ركه‌وتنێكی حه‌تمییه و بۆمان دانراوه؟ شتێكه كه زۆرمان لێده‌كات ( جا هه‌ر كه‌سێك بین) كهچارهنوس وقه‌ده‌ری پێشومان بسڕینه‌وه به ڕاده‌یه‌ك كه به‌ركه‌وتنه‌كه خۆی چاره‌نوسمان بۆ دیاریده‌كات. به مانایه‌كی تر، قه‌ده‌رێك، یان شتێك كه ته‌نیا به سه‌ر تۆدا دێت، بۆ تۆ كراوه و گونجاوه نه‌ك بۆ كه‌سێكی تر؟
به پێی ئه‌م دیده‌ی دووه‌م ، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه فرۆید باسی لێوه ده‌كات، كه‌واته تراوما هه‌میشه ده‌رئه‌نجامی به‌ركه‌وتنی نێوان زه‌بری لێدانێك و چارهنوسیی پێشوه‌ختی ده‌روون خۆیه‌تی. ئایا ئه‌م مه‌فهومه فرۆیدییه وه‌سفێكی ووردو دروستی ئه‌و توندتیژییه سایكۆلۆژییه گلۆباڵییه‌ی ئێستا نییه؟ یان كاتی ئه‌وه نه‌هاتوه باوه‌ڕ بێنین كه زه‌بری لێدانه‌كان یان شۆكهكان له هه‌ر كامێكمان بدات به‌بێ جیاوازی ئه‌وه‌ی كه كێین، شوناس و مێژووی شه‌خسیمان ده‌سڕێته‌وه، وهكچۆنیش هه‌مان زه‌بر چاره‌نوسی ده‌روونمان، مناڵیمان، ڕابردوومان ته‌نانه‌ت نه‌ستیشمان وێران و كاول ده‌كات.
هه‌ڵبه‌ت بۆ هه‌ردوو فرۆید و لاكانیش ڕوون و ئاشكرایه كه هه‌ر تراومایه‌كی ده‌ره‌كی ناواخندهكرێت (Internalize). ته‌نانه‌ت توند‌وتیژترین بڕینی ده‌ره‌كی ڕاسته‌قینه‌ش قه‌رزاری كاریگه‌رییه تراوماتیكیهكهیانن بۆ ئه‌و سه‌دایه‌ی كه دوا جار له كێشه‌و گرفته ده‌روونیه سه‌ره‌تاییه‌كاندا ده‌یبیننه‌وه.
كاتێك دێته سه‌ر نیرۆسهكانی جه‌نگ، ئه‌وا فرۆید له‌پێشه‌كی ( ده‌رونشیكاری و نیرۆسهكانی جه‌نگ) دا باس له‌و ڕووداوه ده‌ره‌كییانه ده‌كات كه ده‌بێته‌هۆی دروستبوونی تراوما له‌هه‌مان كاتیش‌دا هۆكاره ڕاسته‌قینه‌كانی تراوما خۆی نین. به مانایه‌كی تر، ئه‌مانه وه‌ك شۆكێك یان زه‌برێكی به‌هێز ئه‌كت ده‌نوێنن بۆ به‌ئاگاهێنانه‌وه‌ی ( كێشهیهكیی كۆنی ئێگۆ). ڕوونتر بڵێین، دوژمنه ڕاسته‌قینه‌كه هه‌میشه(دوژمنێكی ناوه‌كییه). به ڕای فرۆید ته‌نها یه‌ك جۆریی مومكنی هۆكارناسیی_ نیرۆس ،عصابی (Neurosis Etiology) هه‌یه، و ئه‌ویش جۆره سێكسوالیهكهیهتی. ئه‌م بیروڕایهشی زۆر به ڕوونی له هه‌ندێ دێڕی (سێكسوالیتی) له هۆكارناسیی نیرۆسهكاندا وه له (دیدی من سه‌باره‌ت به ڕۆڵی سێكسوالیتی له( هۆكارناسیی نیرۆسهكان) دا، ده‌بینرێت. بۆ نمونه له تێكستی یه‌كه‌میاندا ئاماژه به‌وه ده‌كات كه:( هۆكار یان هۆكارناسیی ڕاسته‌قینه‌ی سایكۆنیرۆسهكان ناگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و هۆكارانه‌ی كه به‌شداربوون له دروستبونیان).
له تێكستی دووه‌مدا فرۆید هه‌موو تێزه‌كه‌ی خۆی سه‌باره‌ت به تراوما مناڵانهكهی كۆده‌كاته‌وه و هه‌موو ئه‌و گۆڕانانه‌ش كه تیایدا كردوه كورتده‌كاته‌وه و ده‌ڵێت: كه ناچار بووه واز له گرنگی و ڕۆڵی (كاریگه‌رییه ڕووكهشهكان) بهێنێت له دروستكردنی تراومادا. چونكه تراوما به‌هۆی كاریگه‌ری كاره‌سات و ڕووداوه‌كانه‌وه دروست نابێت به‌ڵكو به هۆی خه‌یاڵ وه‌همه‌وه دروست ده‌بێت. فرۆید ده‌نوسێت:( كاریگه‌رییه سه‌تحی و ڕووكهشهكان له‌و ئه‌زمونانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن كه خۆیان خزانۆته پاشخان و باكگراوندهوه، دیاره دیسانه‌وه هۆكاری بۆماوه‌وه جیناتیش ده‌ستێكی باڵا له دروستكردنی ئه‌م فاكتهرانهدا ده‌بینێت).
به ڕای فرۆید له‌به‌رئه‌وه‌ی زام و برینه‌كانی مێشك، به ته‌نیا ده‌ره‌كیین ئه‌وا زه‌برو كاریگه‌رییه‌كی ته‌واویان نییه. به مانایه‌كی تر، مێشك ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی چۆنیه‌تی ژیانه ده‌روونییه‌كه و بونیادیی سوبژێكتیڤهكهی نییه. واته مێشك به‌رپرسیار نییه، كه ئه‌مه‌ش بۆ خۆی ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه به گشتی ناتوانێت وه‌ڵامی گونجاو بۆ پرسیاره‌كانی وه‌ك مه‌ترسی، هیچبوون و ئهتكبوون بداته‌وه.
ڕوونتر بڵێین مێشك به‌ر ڕووداوه‌كان ده‌كه‌وێت، به‌ڵام به‌ر سیمبولیك و مانای ده‌روونی رووداوه‌كان ناكه‌وێت. دیاره بۆ فرۆید سێكسوالیته له پێش هه‌موو شتێكه‌وه دێت، نه‌ك به ته‌نهاش (ژیانی سێكسوال)یش به‌ڵكو جۆرێكی تایبه‌ت له هۆكار كه هه‌ر خۆی ده‌توانێت بونیاد و دروستبونی شوناسه شهخسیهكهمان، مێژوومان و چاره‌نوسمان ته‌فسیر بكات. كه‌لێنێكی گه‌وره له نێوان تراومای ده‌ره‌كی و ناوه‌كی هه‌یه ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه ده‌زانیین لای فرۆید هه‌میشه سنوری نێوان ناوه‌وه و ده‌ره‌وه دهكێشرێتهوهو دیاریده‌كرێت. هه‌رچه‌نده ڕوون و ئاشكرایشه كه هۆكاره‌كانی هیچ كام له‌و ڕووداوه سه‌پێنراوانه‌ی ژیانی ده‌روونیمان ئۆرگانی و فیسۆلۆژی نین. بگره تا ڕاده‌یه‌كیش ئه‌م جۆره هیچ كات له ده‌ره‌وه نه‌هاتوون. ڕوونتر بڵێین، هیچ ڕووداوێكی سێكسوالی بوونی نییه.
له تێزی (له‌ودیو پره‌نسیپی چێژه‌وه) زۆر ده‌ڕوات تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی ده‌ڵێت ده‌ركه‌وتنی نیرۆس و به‌ركه‌وتن و ئه‌زیه‌تی فیزیكی دوو شتی دژبه‌یه‌ك و لێكنه‌چوون. ( له حاڵه‌تی تراومای نیرۆسی ئاسایی‌دا دوو خاسیه‌ت زۆر به ڕوونی و ئاشكرا ده‌رده‌كه‌ون: یه‌كه‌م، قورساییه زۆره‌كه‌ی هۆكاره‌كانیان ده‌كه‌وێته سه‌ر فاكته‌ره‌كانی سوپرایزی ترس و تۆقین. دووه‌م، به‌ركه‌وتنێك یان برینێك كه له‌یه‌ك كاتدا دروست بێت و ته‌شه‌نه بكات ئه‌وا وه‌ك یاسایه‌ك له دژی گه‌شه‌و په‌ره‌سه‌ندنی نیرۆسهكان خۆی ده‌وه‌ستێته‌وه).
هه‌ڵبه‌ت فرۆید لێره‌دا گرنگی و كاریگه‌ری سوپرایز و تیرۆر ده‌ناسێته‌وه و دیاریده‌كات . پێده‌چێت دواتریش دان به هێز و جه‌به‌روتی سودفه و غیابی چاوه‌ڕوانی بێنێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه ئه‌م هێزه‌ش بۆ خۆی یان برینێكی فیزیكی، وه‌یان زامێكی ده‌روونی دروستده‌كات . له‌حاڵه‌تی یه‌كه‌مدا ئه‌وا جه‌سته‌ی مرۆڤ خۆی تهوزیفێكی نه‌رسیسی هه‌یه كه ده‌توانێت ئاگاداری برینكه‌ی خۆی پێ بكات، هه‌ر وه‌كچۆن ئه‌و بریندارانه‌ی كه زامی ئۆرگانیان هه‌بووه توانیویانه چاره‌ی زامه‌كانی خۆیان بكه‌ن به بێ هیچ یارمه‌تیه‌ك و چاره‌سه‌رێكی ده‌روونی. هه‌ر وه‌ك بڵێیت كه زام و برینی ده‌روونی و فیزیكی هیچ شتێكی هاوبه‌شیان له نێواندا نییه ، ته‌نها له‌و كاتانه‌دا نه‌بێت كه یه‌كه‌میان ده‌گۆڕێت بۆ سه‌ر زمانی دووه‌میان. به مانایه‌كی تر له‌و كاتانه‌دا كه وه‌ك (نیشانه‌ی نه‌خۆشی سه‌مپتۆم) ده‌بینرێن. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه به ڕای فرۆید ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌ناڵێنن به ده‌ست نه‌خۆشیه‌كانی مێشكه‌وه ناچنه بازنه و پرۆفیشناڵی دهورنشیكاریهوه. ڕه‌نگه هه‌ر له به‌ر ئه‌م هۆیه‌ش بێت كه ناتوانین پشتگیری له هیچ جۆره له دراسه‌یه‌كی كلینیكی فرۆید سه‌باره‌ت به خه‌مۆكی بكه‌ین.
له‌به‌رئه‌وه دێینه سه‌ر ئه‌وه بیروڕایه‌ی كه ژیانی ده‌روونی شتێكه شیاوی شكاندن و وێرانبوون نییه: فرۆید ده‌نوسێت(ئه‌قڵی سه‌ره‌تایی، به پڕاو پڕی مانای ووشهكه، شتێكی ئه‌به‌دییه و شیاوی له‌ناوچون نییه. ئه‌مه‌ى كه پێی ده‌وترێت نه‌خۆشی ئه‌قڵی بێهودانه ئه‌و ئینتباعه ده‌دات به پیاوی ئاسایی كه زیره‌كی و ژیانه ئهقڵیهكه بۆ خۆی به هۆی نه‌خۆشیه‌كه‌وه وێران بووه. له ڕاستیدا، وێرانكارییه‌كه زیاتر به سه‌ر ده‌ستكه‌وت و ڕووداوه‌كانی دواتردا پیاده ده‌بێت. نمونه‌یه‌كی زۆر باش له‌سه‌ر پلاستیكی ژیانی ئهقڵیمان خه‌وتنه، كه ئه‌میش ئامانجی هه‌موو شهوێكمانه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌توانین و فێربووین كه ته‌نانه‌ت خه‌ونه بێماناو تێكه‌ڵ و پێكهڵهكانیش ته‌فسیر بكه‌ین، هه‌ربۆیه‌ش ده‌زانین هه‌ركاتێك ده‌ڕۆین و ده‌خه‌وین ئه‌وا هه‌موو مۆڕاڵی خۆمان وه‌ك كراسێكی به‌رمان داده‌كه‌نین و بۆ ڕۆژی دواتر دیسانه‌وه ده‌یكه‌ینه‌وه به‌رمان).
هه‌رچه‌نده لاكان زۆرێك له گوزارشت و ڕاكانی فرۆیدی گۆڕیوه، به‌ڵام له زۆریشیانه هاوڕایه به تایبه‌تی ئه‌وه‌ی كه باس له ژیانی ده‌روونی ده‌كات وه‌ك شتێك كه شیاوی تیاچوون و وێرانكردن نییه، كه ئه‌میش بۆ خۆی ناوێكی تره بۆ هه‌میشه و بهبهردهوامیهكهی لاكان . لێره‌دا نیرۆبایهلۆژی نه‌مری و مانه‌وه‌ی ده‌روون ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه. دیاره حه‌قیقه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیمان ڤێرژنی جیاواز و جۆراوجۆر له ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی و تراوما ده‌سپێنێت به‌سه‌رماندا، كه به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك بێمانان. ڕوونتر بڵێن ئه‌مانه هێنده بڕینێكی به‌ربه‌ری و بروتاڵن كه بونیاده ڕه‌مزی و سیمبولیهكهیی شوناسی سوبێكت وێران ده‌كات، وهكچۆنیش ئه‌گه‌ری هه‌موو جۆره‌كانی ناواخنكردن (Internalization ) دووباره گه‌ڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كه و سوبژێكتیڤهكردن له‌ناوده‌بات. ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ندێ به‌شی مێشك تێكشكاوه و وێران بووه. هه‌ربۆیه‌ش هیچ شتێك له ژیانی ده‌روونیدا شیاوی وێرانكردن نییه.
هه‌ڵبه‌ت له هه‌ندێ خاڵی پیادهچونهوهكهیدا ژیژه‌ك ئاماژه به‌وه‌ده‌كات كه زانایانی نیرۆبایهلۆژی بێئه‌وه‌ی باسی لێوه بكه‌ن به‌ته‌نها حه‌زو ئاره‌زووی خۆیان ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه. پرسیاری ژیژه‌ك سه‌باره‌ت به ڕای ئه‌وان ده‌رباره‌ی قوربانیه‌كانی نیرۆبایهلۆژی و تراومای بێ‌مانا ئه‌مه‌یه: ئایا ئه‌وان بیریان نه‌چووه كه (خۆشیان) و حه‌ز و ئاره‌زووشیان بخه‌نه ناو ئه‌و دیاردهییهی كه لێدهكۆڵنهوه.
لێره‌دا دیسان مه‌فهومی ئاره‌زوو دێته‌وه! به‌ڵام به دڵنییایه‌وه ئێمه‌ش ده‌توانین ناڕه‌زایی و ڕه‌خنه‌كه‌ی ژیژیك پێچه‌وانه بكه‌ینه‌وه و بڵێین: ئایا ئه‌وه ژیژه‌ك خۆی نییه كه له ڕێی ڕه‌تكردنه‌وه‌و نكولیكردن ده‌یه‌وێت حه‌زوئاره‌زووی خۆی بۆ هه‌میشه و به به‌ره‌ده‌وامی بخاته ڕوو؟ هه‌رچه‌نده به پێی ئه‌و مانیفێسته‌ی كه‌له كتێبه گهورهكهیدایه، ژیژه‌ك به یه‌كێك له خوێنه‌ره جدی و چاونهترسهكانی زانستی نیرۆبایهلۆژی هاوچه‌رخ داده‌نرێت. ده‌توانین لێره‌دا ته‌فسیری مانای ئه‌م جۆره له حه‌زوئاره‌زوو بكه‌ین به‌وه‌ی كه ترسی ژیژه‌ك خۆیه‌تی له تراومای به ته‌واوی جیابونه‌وه له لاكان.
سه‌رچاوه:
Freud, Sigmund. The Standard Edition of the Complete Psychological Works of Sigmund Freud. 24 vols. London: Hogarth Press, 1956–74.
Lacan, Jacques. The Four Fundamental Concepts of Psychoanalysis. Trans. Alan Sheridan. New York: W.W. Norton, 1978.
Žižek, Slavoj. “Descartes and the Post-Traumatic Subject: On Catherine Malabou’s Les Nouveaux Blessés.”Qui Parle. 17.2 (2009): 123–147.