شانۆی باڵندەی کامەرانی
شانۆی باڵندەی کامەرانی

شانۆی ‘باڵندەی کامەرانی’ – هونەر بۆ بەرهەمهێنانی نائومێدی – یاد عەبدولقادر


Loading

شانۆی ‘باڵندەی کامەرانی’ – هونەر بۆ بەرهەمهێنانی نائومێدی

یاد عەبدولقادر

شانۆی باڵندەی کامەرانی
شانۆی باڵندەی کامەرانی

شانۆی ‘باڵندەی کامەرانی’ لە نووسین و دەرهێنانی شوان کەریم پێش ماوەیەک کۆتایی بە نمایشهێنان هێنا لە هۆڵی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەولێر. شانۆکە لە زۆربەی میدیاکاندا ڕووماڵکرا و و پێدەچێت خەڵکێکی زۆر ڕووی کردبێتە هۆڵەکە بۆ بینینی. بە حوکمی ئەوەی نمایش و ڕووداوی هونەری لەم شێوەیە لە شاری هەولێر زۆر کەم ڕوودەدات، کەسانێکی زۆر لە سۆشیال میدیا هانی خەڵکیان دەدا بۆ سەیرکردنی؛ بەشێکی بە ناوی پشتگیری کردنی هونەری کوردی و بەشێکی تریشی بە ناوی ئەوەی شانۆکە ڕەخنە لە دەسەڵات دەگرێت، ئەم کارەیان کرد.تا ئێستاش، کاردانەوەی خەڵک و ئەو چەند نووسینە کەمەی دەربارەی شانۆکە نووسراوە پڕە لە ستایشکردن. چ لە ڕووی تەکنیکەوە و چ لە ڕووی چیرۆک و پەیامەوە، شانۆکە وەکوو کارێکی باش وێنا کراوە و دەکرێت. ئەوەی لەم بەینەدا نادۆزرێتەوە، خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەیە بۆ شانۆکە. ئەم وتارە مەبەستیەتی ئەم کەلێنە پڕ بکاتەوە. بەڵام ئەم وتارە هیچ لەسەر تەکنیک و نواندن و دەرهێنان و شێوازی چیرۆک گێرانەوەکە ناڵێت، بەڵکوو خەریکی ئەوە دەبێت کە کێشەسازی بۆ شانۆکە بکات و بە پێی سیاقە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکەی کوردستان شیکاری بکات.

چیرۆکەکە

بە گشتی چیرۆکی شانۆگەریەکە بۆ سێ بەش و دوو گروپ لە کاراکتەر دابەش دەبێت. بەشی یەکەمی شانۆگەرییەکە بریتتیە لە کۆبوونەوەی کۆمەڵێک کەس لە هۆڵێکدا بە مەبەستی کۆبوونەوەی حەفتانە. لە ڕێگەی دایالۆگە تەنزئامێزەکانیانەوە، بینەر هەر زوو دەزانێت ئەم گروپە گوزارشت لە گروپێک لە سیاسەتمەداران دەکات، بەڵام نووسەر پێمان ناڵێت کە ئەمانە ئەندامی پەرلەمانن، کە وا وێنا دەکرێت هەندێکجار، یان بەشێکن لە دەزگایەکی حکومەت؛ پێدەچێت هەردووکیانی وەکوو یەک گروپ لە بکەری سیاسی وێنا کردبێت. لە بەشی دووەمەدا، گروپێکی ناڕازی و چەکدار، کە بە ‘یاخییەکان’ ناسراون، بەسەر دەزگاکەدا دەدەن و بە چەک دەیهێننە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان. لەم بەشەدا، نووسەر و دەرهێنەری شانۆکە خەریکی ئەوە دەبێت کە ناکۆیەکانی ناو ڕیزی ئەم گروپە پیشان بدات، بە ڕادەیەک کە بینەر ئەو ڕایەی تێدا دروست دەبێت کە ئەم گروپە نە شۆڕشگێرن، نە توانای گۆڕانکارییان هەیە و لە ڕاستیدا کۆپپیەکی هەمان دەسەڵاتن کە دەیانەوێت بیگۆڕن. لەم بەشەدا دەردەکەوێت کە سەرۆکی گروپەکە کارێکی کردووە، وەک ناردنی کۆمەڵێک هەرزەکاری ١٥ ساڵ بۆ خۆپیشاندانێک کە تێیدا دەکوژرێن، کە ئەندامانی تری ‘یاخییەکان’ لە لایان پەسەند نییە. هەر لەم بەشەدا دەردەکەوێت کە یەکێک لە ئەندامانی ئافرەتی ئەم گروپە کاتی خۆی پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ بەڕێوەبەری دەزگاکە هەبووە و ئەم هێرشەشی بۆ سەر دەزگاکە پاڵنەری دیکەی تێدایە وەک لە پاڵنەرە ئایدۆلۆژیەکەی ‘یاخییەکان’. ئینجا لە کۆتاییدا و لە هەمووی گرینگتر، دەردەکەوێت کە بەڕێوەبەری گروپی یەکەم، گروپە سیاسیەکە، لە ڕاستیدا هەموو ئەم ڕووداوانەی ڕێکخستووە و پلانی بۆ داناوە تاکوو هەموو ئەندامانی ‘یاخییەکان’ لە یەک شوێندا کۆبکاتەوە و بیانکوژێت. ئەمەشی بۆ کراوە چونکە یەکێک لە ئەندامەکانی گروپی یاخییەکان خیانەتەیان لێ دەکات و کار بۆ گروپە سیاسیەکە دەکات. لە دواهەمین ئاکتی شانۆکەدا، گروپی یاخییەکان هەموویان دەمرن و تەنها بەڕێوەبەری دەزگاکە و ئەندامە خیانەتکارەکە بە پێوە دەمێننەوە. 

ئەم کارە هونەریە لە چ سیاقێکی مێژوویدایە و چ مانایەکی پێبخەشین؟

هونەر قەت لە بۆشاییدا لە دایک نابێت، هەمیشە لە ناو سیاقێکی دیاریکراوی کۆمەڵایەی و سیاسیی و چرکە ساتێکی دیاریکراوی مێژووی کۆمەڵگایەکدا پەیدا دەبێت. هونەر لێرەدا دەبێتە بەشێک لەو کۆمەڵگایەی کە تێیدا سەری هەڵداوە، ئەمەش مانای ئەوەیە هونەرەکە یان ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگاکە دەکات، یان هاوکێشەکانی دووپات دەکاتەوە، یان دەبێتە بەشێک لە هونەری بەرگری؛ بەرگری لە کۆمەڵێک گوتار و ئایدیا و بەها و نۆرم کە باڵادەست نین لە هاوکێشەکانی دەسەڵاتی کۆمەڵگاکە. بۆ نموونە لە وڵاتی ئەڵمانیا لە سەردەمی نازییەکاندا هونەر لە ژێر سانسۆری دەوڵەتدا بوو، ئەو هونەرانەی بەرهەم دەهێنران دەبووایە پڕۆپاگەندە بۆ دەسەڵات بکەن و گوتارەکانی دەسەڵات دووپات بکەنەوە. لەو سەردەمەدا، هونەری بەرگری زۆر کەم بوو و بەردەوام لە ژێر هەڕەشەی دەوڵەتدا بوو؛ کەس نەیدەتوانی لە ڕێگەی هونەرەوە پرسیار لە بەها و نۆرمەکانی نازییەکان بکات. ئەگەر ئەم تێگەیشتنە کە هونەر دەبێت لە سیاقی خۆیدا بخوێندرێتەوە بۆ هەموو جۆرێک لە هونەریش ڕاست نەبێت، بۆ نموونە ئەم تێگەیشتنە بۆ کارێکی وەکوو ‘چاوەڕوانی گۆدۆت’ی ساموێل بێکێت ڕاست نییە چونکە ئەم کارە خەریکی لابردن و نەهێشتنی سیاقە لە بوونی مرۆڤ و باس لە حاڵەتی مرۆڤ بوون دەکات لەسەر ئاستێکی گەردوونی، یاخود تیۆری فۆرمالیستەکان کە پێیان وایە هونەر نابێت لە ناو سیاقدا بخوێندرێتەوە و تەنها دەبێت تەماشای لایەنە هونەرییەکەی بکەین. بەڵام بۆ شانۆی ‘باڵندەی کامەرانی’ ئەم تێگەیشتنەی کە هونەر لە سیاقدا بخوێنرێتەوە ڕاستە. ئەم شانۆیە خەریکی پرسیاری ئەبەدی و بوونگەرایی وەکوو ئێمە کێین و چی دەکەین لێرە و مرۆڤ بوون چ مانایەک دەدات نییە، بەڵکوو خەریکی پیشاندانی هەندێک هاوکێشەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کۆنکریتییە لە کوردستان، هەر بۆیە ئەم شانۆیە وەکوو کۆمێنتارێکی سیاسی دەرکەوتووە و خوێندراوەتەوە و پێشوازیلێکراوە. هیچ کەسێک نییە ئەم شانۆیە ببینێت و ڕاستەوخۆ بە دۆخی کوردستانی نەبەستێتەوە. بەڵام ئاخۆ دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستان چۆنە و ئەم شانۆیە لە کوێیدا جێی دەبێتەوە و دەکەوێتە ناو چ هاوکێشەیەکەوە؟ 

هەر کەسێک ئەمڕۆ پیاسەیەک بە ناو هەر شارێکی کوردستاندا بکات و لەگەڵ هەندێک خەڵک قسە بکات، یەکەم شتێک هەستی پێبکات بێهیوایی خەڵکەکەیە. بێهیواییەک کە تاقەتی بە خەڵکەکە نەهێشتووە بە جۆرێک کە لای بەشێکی گەورەی کۆمەڵگاکە پرسیاری سەرەکی بریتییە لەوەی ئایا درێژە بە ژیانیان لە سەرزەمینی نیشتمانیان بدەن یاخود کۆچ بکەن بۆ وڵاتێکی تر. ئەم بێهیواییە بە پلەی یەک بێهیواییەکی سیاسییە؛ بێهیواییە لەوەی کە ئەگەری گۆڕانکاری لە هیچ شوێنێکدا نابیندرێت. ئەمە زۆر قورس نییە لێی تێبگەین کە لە کاتێکدا بەشێکی زۆری کۆمەڵگاکە سێ مانگی تاقەتپڕوکێن و گەرمای هاوینیان تەنها بە یەک مووچە بەسەربردووە؛ لە کاتێکدا کە بە لێشاو خەڵک و گەنجی ئەم نیشتیمانە ڕادەکەن لە سەرزەمینەکەی، ئەگەرچی لە ڕێگادا تووشی کارەسات و مەرگ ببنەوە؛ لە کاتێکدا کە بازنەکانی ئازادی، بە هەموو پێوەرێک، ڕۆژ بە ڕۆژ بچووکتر دەبێتەوە؛ لە کاتێکدا کە میدیای وڵاتەکە بۆتە مینبەرێک بۆ درۆکردن و بڵاوکردنەوەی دەنگی ناڕاست و شێواندن و گاڵتەپێکردن بە بژێوی ژیانی خەڵک؛ لە کاتێکدا کە توانای خەونبینین گرێدراوە بە ڕادەی حزبیبوون نەک شایستەیی؛ لە کاتێکدا کە هیچ نرخێک بۆ کۆمەڵگاکە داناندرێت و گەمە بە ژیانی کۆمەڵگاکە دەکرێت بۆ بەدەستهێنانی زیاتری سەرمایە؛ لە کاتێکدا کە سەرمایەی وڵاتەکە بە پێش چاوی هەموو خەڵکیەوە تاڵان دەکرێت؛ لە کاتێکدا کە هیچ هێزێک نادۆزرێتەوە کە توانای گۆڕانکاری لە وڵاتەکەدا هەبێت.

لە  کوردستاندا، هەبوونی هیوا بە شێوەیەکی گشتی گرێدراوە بە سەرهەڵدانی ئۆپۆزسیۆن و گروپی تازە. بەشی زۆری کۆمەڵگاکە هیچ جۆرە هیوایەکیان بەو نوخبە دەسەڵاتدارە کۆنە نەماوە بۆ گۆڕانکاری لە سیستەمە ئابووری و سیاسیەکە؛ لە ڕاستیشدا بەشی زۆری خەڵک پێی وایە کە نەوەی دووەم و سێیەمی ئەم دەسەڵاتدارانەی کوردستان حوکم دەکەن، دۆخێکی زۆر ئاڵۆزتر و خراپتر دەهێننە ئاراوە. بۆیە تەنها سەرهەڵدانی گروپێک کە لە دەرەوەی ئەمانەدا کار بکات دەکرێت توانای ئەوەی هەبێت گۆڕانکاری دروستبکات. 

لەم چوارچێوەیەدا دەتوانین بڵێین بەرهەمهێنانی بێهیوایی دەبێتە بەشێک لە کارکردنی دەسەڵات، چونکە هەبوونی هیوا و خەیاڵی دواهاتوویەکی گەش مانای کارکردن بۆ ئەم داهاتووە دەگەیەنێت، مانای هەبوونی وزەیەکی ناوەکی دەگەیەنێت کە لە خەمی داهاتوویەکی باشتر بێت، داهاتوویەک کە دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆ لە قازانجیاندا نییە و ئەستەمە بەشێک بن لێی. بە پێچەوانەشەوە، بێهیوایی مانای ئیفلیج بوون و  نەبوونی هیچ ویست و ئیرادەیەک بۆ دەسکاریکردنی واقع دەگەینێت، کە ئەمەش لە بەرژەوەندی ئەو دەسەڵاتدارانەیە کە سوودمەندبووی ژمارە یەکی ئەم واقیعە سیاسی و ئابووریەن کە دروستیان کردووە و نیازیانە هەر وا بمێنێتەوە. لەم هاوکێشەیەدا، ئاسانە تێبگەین کە بۆچی دەسەڵاتدارانی هەرێم ماکیڤیلیانە و بە شێوەیەکی سیستەماتیکی خەریکی بەرهەمهێنانی نائومێدین. 

بە بڕوای من چیرۆکی ئەم شانۆیە دەبێت لەم سیاقە سیاسیەدا بخوێندرێتەوە. لەم سیاقەش بخوێندرێتەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە “باڵندەی کامەرانی” فوو بە هەمان گوتاری دەسەڵات دەکات و نائومێدی بە شێوە و فۆڕمێکی تر بەرهەمدێنێتەوە. ‘باڵندەی کامەرانی’ خۆی وەکوو جۆرێک لە ڕەخنەی دەسەڵات پیشان دەدات، بەڵام لە ڕاستیدا نوقم بووە لەو چیرۆکەی دەسەڵاتی کوردی پێمان دەفرۆشێتەوە: کە جگە لە ئێمە و ئەو دونیایەی دروستمان کردووە، شتێکی تر مومکین نییە لە کوردستانددا. هەبوونی چەند دیالۆگێکی تەنزئامێز دەربارەی بێباکبوونی کۆمەڵێک سیاسەتمەدار لە کێشەی خەڵک، کە بەشی زۆری گفتوگۆکان بۆ خەڵک ناسراوبوون، بۆ نموونە ئەو گفتوگۆیەی کە یەکێک لە سیاسەتمەدارەکان تەنها گرنگی بە ‘باخ’ەکەی دەدات و تەنها خەریکی کەیف و سەفا و گۆرانی وتنن و ‘کێشەی خەڵک’ بە خەیاڵیاندا نایەت. و لە ڕاستیدا ئەم وێناکردنە بۆ سیاستەمەداری کورد گەیشتوەتە ئاستی ئەوەی ببێتە کلتوری پۆپی کوردی، شتێکی نوێ نەبوو. تەنها شتێک لەم کارەدا نوێبێت لەم لایەنەوە ئەوەیە کە لە هەولێر نمایشکراوە، لەگەڵ ئەوەی خەریکی بە خراپ پیشاندانی هەموو هێزێکە کە کار بۆ گۆڕانکاری بکات. کێشەی ئەم بیرکردنەوەیە تەنها لەوەدا نییە کە هیوا لە خەڵک دەسێنێتەوە، بەڵکوو لەوەدایە کە بە هەمان بڕ ڕەخنە لە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن دەگرێت و لێرەوە دەبێتە ڕێگر لەوەی تێبگەین کە کێ بە ڕاستی بەرپرسیارە لەو کێشانەی لە کوردستاندا هەن. بە مانایەکی تر، ڕەخنە گرتن لە ئۆپۆزسیۆن لێرەدا نابێت هەموو جۆرە ئەگەرێک لە ئۆپۆزسیۆن بسێنێتەوە و هەموو جۆرە ئۆپۆزسیۆنێک، بە وانەی کە هێشتا سەریشیانهەڵنەداوە، بە هەمان جۆر وێنا بکات. 

بە زۆر مانا، ئەم کارە پیشاندانی گروپە سیاسیەکانی دەرەوەی دەسەڵاتە وەک گروپی بەتاڵ و پڕ کێشە و کۆپی دەسەڵات. پیشاندانی ئەم گروپانەیە کە نەک تەنها ئەگەری سەرکەوتنیان نییە و هەمیشە دۆڕاون بەرانبەر بە دەسەڵات، بەڵکوو خۆشیان پڕن لە کێشە و گرفت و لە توانایاندا نییە دۆخێکی باشتر دروست بکەن. وێناکردنی ئۆپۆزسیۆن وەک هێزێک کە گوێ نادات چەند هەرزەکارێک بنێرێت بۆ خۆپیشاندان و بکوژرێن، یان هەندێک لە ئەندامەکانی پاڵنەریان تۆڵەکردنەوەی شەخسییە لە هەندێک سیاسەتمەدار، یان ئەندامەکانی دەکرێت بکڕدرێنەوە و خیانەت لە بزووتنەوەکەیان بکەن.. ئەم وێناکردنە بۆ ئۆپۆزسیۆن، بە بڕوای من، مەبەست لێی تەنها یەک شتە: هیچ هیوایەک نییە بۆ گۆڕانکاری و دەچێتەوە خزمەت ئەو گوتارەی کە دەڵێت لە کوردستاندا ئۆپۆزسیۆن سەرچاوەی کێشەکانن، نەوەک دەسەڵات. 

ئەرکی هونەر لە شوێنێکی وەک کوردستان دەکرێت بەرهەمهێنان و پیشاندان و خەیاڵکردنی دونیایەکی جیاواز بێت، بە تایبەتی لە کاتێکدا گوتارە باڵاکە پێمان دەڵێت کە هیچ ئەلتەرناتیڤێک بوونی نییە. کێشەی سەرەکی ئەم شانۆیە ئەوەیە ڕێک پێچەوانەی ئەم ئەرکە کار دەکات. پەیوەندیەکی پتەو لە نێوان هونەر و بەرهەمهێنانی ئومێد هەیە. کێشانی وێنەیەکی دار زەیتون لەسەر دیوارێکی شاری غەزە ژیان دەکاتەوە بەبەر ئەو خەیاڵەی کە دەکرێت لە داهاتوودا دۆخێکی باشتر و هێمن بێتە ئاراوە، هەرچەندە لە ژێر چەوسانەوەدا بژین لە ئێستادا. هونەر لێرەدا تەنها دڵدانەوە نییە، بەڵکوو گەڕانەوەی توانای خەیاڵیشە؛ خەیاڵێک بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی ئازادتر و مرۆڤانەتر. ڕاستە هونەری باش دەبێت نائومێدی پیشان بدات، بەڵام نابێت نائومێدی قبوڵ بکات. کێشەی “باڵندەی کامەرانی” ئەم قبوڵکردنەی نائومێدیە؛ قبوڵکردنێک کە لە بەرژەوەندی دەسەڵاتدایە. هونەر دەبێت بەرگری لە ئومێد بکات و نەهێڵێت توانا و هەوڵەکانی دەسەڵات بۆ نەهێشتنی خەیاڵکردنی داهاتوویەکی جیاواز براوە بێت. ئەگەر دەسەڵاتدارانی هەرێم زۆربەی بوارەکانی ژیانیان داگیرکردبێت، ئەوا ئەم شانۆیە دێت و خەیاڵیشمان داگیردەکات. نەک لە واقیعدا ناتوانین گۆڕانکاری ببینین، بەڵکوو لە خەیاڵیشدا ناتوانین وێنای گۆڕانکاری بکەین، ئەم کارەش ڕەنگە خراپترین کارێک بێت کە کارێکی هونەری ئەنجامی بدات.

ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.