![]()
سەر ئهژنۆكانی لەسەر زەوییهكه چەقاندبوو، بە ھەردوو دەستی خۆڵی دهخستهوه ناو قەبرەکە و ھاواری دەکرد (لێرە مەینێژن!) خەڵکەکە سەیریان دەکرد، ھەریەکەیان دەیان پرسیاری بۆ دروست ببوو.
مهلایهك کە بۆ تەلقیندان ھاتبوو، دەستی کردبووە ملی، ھەوڵیدەدا ھێوری بکاتەوە.
ـ کوڕم ھەموو کەسێک دەمرێت، ئەمڕۆ باوکی تۆ مرد، سبەی ئێمەش دەمرین، وا لە خۆت مەکە.
سەری سوڕاند و خۆی ڕاتەکاند و دەستی مهلاكه لەسەر ملی ترازا، ڕووی لە خەڵکەکە کرد و گووتی؛
ـ ئێوە نازانن ئەم پیاوە کێیە! تەنیا من دەزانم. لێرە مەینێژن. ئەم خاکە لە خۆی ناگرێت، ئەم گۆڕە فڕێی دەداتە دەرەوە، لە تەنیشت دایکم مەینێژن. چۆن دەتوانن بکوژی دایکم لە تەنیشت گۆڕەکەی دایکم بنێژن؟
تەرمەکەی بە ڕووباردا بدەن، یان لەسەر لوتکەی چیایەک بەجێیبهێڵن، تاکو قەلهڕەشەکان بیخۆن. گەر لێرە بینێژن، ھەورە بروسکە گۆڕەکەی ھەڵدەتەکێنێت، بورکانەکانی ژێر زەوی پێدا دەڕشێنەوە، کرم و مشک و بەکتریاکان ئەم گۆرستانە بەجێدەھێڵن، بۆ ھەتاھەتا بێز لە لاشەی مردووەکان دەکەنەوە. ئێسکە پەیکەری ناو ئەم گۆڕانەی دەوروبەری، لە گۆڕەکانیان دێنه دهر و وەک داھۆڵ لە دەوری خۆیان دەسوڕێنەوە و ناڕەزایەتی دەردەبڕن.
لهپر یەکێک قسەکانی پێ بڕی؛
ـ بێدەنگبە!
برا گەورەکەی بوو، لێی ھاتە پێش و زللەیەکی لێدا.
لە کاتێکدا بە دەستی فرمێسکەکانی خۆی دەسڕی، ڕووی لە برایەکەی کرد؛
ـ بێدەنگ نابم، گەر تۆش بێدەنگ بیت من بێدەنگ نابم! تۆ بۆ بێدەنگ دەبیت؟ تۆش نەتبینی چۆن دایکمان بەدەستی ئەمانە کوژرا؟ چۆن ڕێگە دەدەیت لە تەنیشت گۆڕەکەی دایکم ئەم پیاوە بینێژن.
دایکم بە ھۆی نەخۆشی دڵەوە، کە دەرمانی بەکاردەھێنا، ئەو پیاوە، کە باوکمانە و تەرمەکەی لەبەر دەمماندایە، لەگەڵ زڕدایکمان بەیەکەوە پیلانیان گێڕا بۆ کوشتنی دایکمان.
ئەو ڕۆژەی کە دایکم تەندروستی تێکچوو، ژوور بە ژووری ماڵەکە بە دوای دەرمانەکانیدا دەگەڕا، ئێمەش وەک بەچکەی مراوی کە بە دوای دایکیانەوەن، بەدوای دایکمانەوە بووین. چەند ڕۆژێک پێشتر ھەردووکمان بینیمان کە باوکمان دەرمانەکانی دا بە زڕدایکمان، کەچی کاتێک کە دایکم بەدوای دەرمانەکانیدا دەگەڕا، دەیانگووت: نەمانبینیووە…
دوای گەڕانێکی زۆر دایکمان تەندروستی زیاتر تێکچوو، لە ژووری نوستن کەوتە سەر زەوی. ئێمە کە بە سەر تەرمەکەیدا شۆڕ ببووینەوە و دەگریاین، کیسەی دەرمانەکانمان لە ژێر کانتۆرەکەدا بینی. بە خێرایی دەرمانەکانمان دەرھێنا و پێماندا، بەڵام جارێکی تر دایکمان ھەڵنەستایەوە.


