ئاڤان عومه‌ر - پێرفۆرمانس: من و شار یه‌كتری بریندار ده‌كه‌ین

دەربارەى مرۆڤ و شار، توندوتیژی، شلێتیی


Loading

 

 

Ein undatiertes Archivbild zeigt den deutschen Philosophen Theodor W. Adorno

 

ئەگەر کارێک بە تەواوى خۆی بکاتەوە، ئەوا وەک پرسیارێک خۆی نمایش دەکات و داواى وەڵام دەکات؛ تەنها بۆ ئەوەى دواتر بگەڕێتەوە بەردەم ئەوانەى کە وایانزانى تێیگەیشتوون و بپرسێتەوە: من چیم؟”

  • تیۆدۆر ئەدۆرنۆ

 

 

 

(1)

شار بریندارمان دەکات، ئێمەش بە دەوری خۆمان شار بریندار دەکەین. ئەم پەیوەندیی بریندارکردنە کە سەبجێکت جەمسەرێکیەتى و شوێن –بە ئۆبجێکتەکانى ناویەوە- جەمسەرێکی تریەتى، پەیوەندیەکى ئاڵۆز و دیالێکتیکیە، دیالێکتیکێک کە ڕەنگە بتوانین بە سەرێکدا بە هیگڵیی ناوی ببەین و بە سەرێکیشدا نێگەتیڤ، بەو پێیەی بە لایەکدا ئەم پەیوەندیە دەشێ حاڵەتێکى تر (یان بە چەمکسازیی فیختە، سێنتێزێک) بهێنێتە ئاراوە، بە لایەکی تر و لە ئەگەرێکى تریشدا دەشێ ئەم پەویوەندییە وەک پەیوەندییەکى نەفیکاری پڕکارلێک بەردەوام ببێت. واتە دەشێ بریندارکردنى ئێمە بۆ شار و بریندارکردنى شار(شوێن) بۆ ئێمە بگاتە ئەنجامێک، ئەگەریشی هەیە ئەم بریندارکارییە ترۆپکێکى نەبێت تا پێی بگات.

بۆ جیابوونەوە لە بیرکردنەوەى هاوشوناس و هۆمۆجین، ئەدۆرنۆ دیاڵکتیکی هیگڵ (بە چرکەساتێکى –بەپێی سیستمەکەى هیگڵ- نادیالێکتیکیدا دەبات(  ئەویش لابردنى تێهەڵکێشە(سێنتێز)ە. ئەگەر لای هیگڵ تێز(پۆزەتیڤ) و دژەتێز(نێگەتیڤ) هێند بەهێز بکەونە ململانێوە کە لە کۆتاییدا تێکەڵ ببن بۆ بەرهەمهێنانى تێهەڵکێشەیەکى تەواوتر لە تێز و دژەکەى، تێهەڵکێشەیەک کە نەفیی نەفیکردن بکات؛ ئەوا لە پاش مۆدێرنێتیەوە، لای ئەدۆرنۆ و لە دیالێکتیکی نێگەتیڤدا، تێز لەگەڵ دژەکەیدا لە ململانێیەکى بەردەوامدان؛ بەمەش دەگوترێت دیالێکتیکی نێگەتیڤ.

 

(2)

بە گشتی لە مێژوودا نیشتەجێبوون، هەر لە درووستبوونى گوندەکانەوە تا دەگاتە بونیادنانى شار، بەرهەمى کۆنترۆڵکردن و داگیرکردنی سرووشتە لە لایەن مرۆڤەوە؛ ئەم داگیرکاریی و فۆرمگییرکردنەش جۆرێکە لە توندوتیژیی بەرامبەر سرووشت، پاشتریش جێگیربوونى مرۆڤ لەناو شاردا، بۆ نمونە لەڕێی دەستکارییکردن یان پیسکردنى ژینگەوە، دەبێتەوە بە توندوتیژیی. شار لەڕێی نەزمەکان و نۆرمەکان و ستیریۆتایپەکانیەوە، لەڕێی پەیمانى کۆمەڵایەتیەوە، لەڕێی ئەو غەڵبەغەڵبە بەرجەستە یان سیمبولیکیەوە کە لە خۆیدا چڕی دەکاتەوە، توندوتیژی ئاراستەى شارنشین دەکات. گەر بە ئیلهاموەرگرتن و مێتافۆڕکردن لە فرانز فانۆنەوە گوزارشت لەم توندوتیژیە بکەین، دەتوانین بڵێین: توندوتیژی دۆخی سرووشتیی شارنشینبوونە.

پێرفۆرمانس – ئاڤان عومه‌ر : من و شار یه‌كتری بریندار ده‌كه‌ین.

(3)

فیکری فانۆن، گەر بە بنەماى ڕەوتى پۆست-کۆلۆنیالیزمیش دانەنرێت، ئەوا بێگومان لە دەستپێشخەرە گرنگەکانێتی، ئەمە لەڕێی ڕاڤەکردنى دۆخی وجوودیانەى داگیرکراوەکان(ڕەشپێستەکان)ەوە بێت، یان بەهۆی شێوازە دەروونشیکاریی و دیالێکتیکیە سەرنجڕاکێشەکەیەوە بێت؛ گەرچی خۆرهەڵات هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستى تەفسیرکردن و بەکارهێنانێکى شایستەى فیکری فانۆن، وەک ئێدوار سەعید دەڵێت: ” هەست دەکەم خوێندنەوە گەورەکە بۆ کاری فانۆن هێشتا نەکراوە”.

لێرەدا من نامەوێت بەلای پاش-ئیستیعمار و ئۆریێنتاڵیزمدا بڕۆم، بەڵام گەر پەیوەندییەکان لە چەند بەشێکى دیاریکراوى تیۆریی فانۆندا وەربگرین و جەمسەرەکانى هەر پەیوەندیەک لەگەڵ دوو جەمسەرى ناو یەکێک لە دوو کارەکەى (ئاڤان عومەر) دا ئاڵوگۆڕ پێبکەین(كه‌ بریتیبوو لە چوونە ناوبازار و تەوقەکردن لەگەڵ ئەو پیاوانەى کە بە ئاشکرا سەیری دەکەن، پاشان نمایشکردنى ئەو وێنانەى لە کاتى تەوقەکردنەکەدا گیراون)، ئەوا ڕەنگە دیدێکى کەمێک سەرنجڕاکێش دەربکەوێت: کە (من)ی کۆلۆنیالایزکراو لەبەردەم ئەویتری کۆلۆنیالایزکەردا شوناسی خۆی بەدەست دەهێنێتەوە.

بەهۆی خواردن لە بەری داری زانینەوە، لە پەیمانى کۆندا خودا بە ژن دەڵێت: “حەزت بۆ مێردەکەت دەبێت و ئەویش حوکمت دەکات(پەیدابوون 3:16)”(1). لەپاڵ زۆرینەى بەسەرهات و چیرۆکەکاندا، قورئان ئەدگارە سەرەکییەکانى خوداش لە تەوراتەوە وەردەگرێت؛ لە توێژینەوە گرنگەکەى فیراس سەواحدا(الرحمن و الشیطان)، لەو دایگنۆسە وردەوە کە بۆ کەسێتیی یەهوەی دەکات کە خوداکەى ئیبراهیمە، بە ڕوونی دەتوانین ئەو لێکچوونانە لەمس بکەین کە لە پرۆسێسی جوڵە و ورووژانە ئینسانیەکانى هەریەک لە خوداى عیبریی و عەرەبییدا هەیە، بەو پێیەش کە لۆژیکی بیرکردنەوەى ئیمانداری ئایینە بەدامەزراوەکراوەکان لۆژیکی نەقڵە، کەواتە حاشاهەڵنەگر دەبێت کە هەر بونیادێکى کۆمەڵایەتی پشتبەستوو بەو دوو دەقە و دەقەکەى نێوانیان(پەیمانى نوێ)، بونیادێکى کۆمەڵایەتی نێرسالارانە دەبێت، بونیادێک دەبێت کە تێیدا پیاو وەک جۆرێک لە موڵک یان زەوی، وەک ئەوى تر-ێک کە قابیلی دەستبەسەرداگرتن و بە بابەتکردنە، لە ئافرەت بڕوانێت. لێرەوە پیاو دێت و ئافرەت دەکاتە ئۆبجێکتى خۆی، شوناسی ئافرەت وەک مرۆڤێک لەبەردەم شوناسی نوێی بەسەرداسەێندراویدا پاشەکشە دەکات؛ بە زمانى فانۆن و لە دۆخێکى مێتافۆڕکراودا، دەبێت بەو ڕەشپێستەى کە لەسەر زەوی خۆی، ناچار دەکرێت ماسکى سپی بپۆشێت.

لای فرانز فانۆن، تاکە ڕێگا بۆ سەربەخۆبوونەوە و ڕزگاربوون لە ئیستیعمار، توندوتیژیە؛ بەڵام توندوتیژیی فانۆن کردەیەکى ئەنارشیستیانە و هێرشبردنێکى ڕووت نییە، بەڵکو هەڵگێرانەوەى زەبرەکانى داگیرکەرە بەڕووى خۆیدا، داخڵبوونى جەدەلەکەیە بە هەمان شێوازى جەمسەری بەرامبەر، ڕاگەیاندنى خودبوون و دەرچوون لە ئۆبجێکتێتیە لەڕێی ئەو جووڵەیەوە کە هەر خودێک دەشێ بیکات. لێرەدایە کە فانۆن پەنا بۆ دیالێکتیکی هیگڵ دەبات؛ بەو پێیەی داگیرکەر بە توندوتیژیەوە پێ دەنێتە ناو زەویی داگیرکراوەوە، ئەوا پێویستە داگیرکراویش هەمان جۆری توندوتیژی بەکاربهێنێت تاکو بتوانێت ببێتە دژەتێزى، لێرەوە دیالێکتیکى سەردار/کۆیلە دەگۆڕێت بۆ دیالێکتیکی دەستدرێژیکەر/دەستدرێژیبۆکراو، یان فانۆنییانە: دیالێکتیکی سەردار/ڕەشپێست. لەم جێیەوە ئەگەری گۆڕان، ئەگەری ئازادبوون، ئەگەری نەفیکردنى نەفیکردن، یان دیسان فانۆنییانە: ئەگەری نەفیکردنى توندوتیژی و بەرهەمهاتنى سێنتێز(تێهەڵکێشە) دێتە ئاراوە.

کەواتە پیاو لەڕێی جۆرە نەزەرێکى کۆمەڵایەتیانە شەرعیەتپێدراوەوە ژن دەکات بە شتێک بۆ چێژ، بە بابەتێک بۆ تەماشا؛ تاکە ڕێگا بۆ دەرچوون لەم توندووتیژیە وەڵامدانەوەیەتى، ئەم وەڵامدانەوەیە لەوێدا دەبێتە زەروورەت کە سەر بە هەمان نەسەقی توەندوتیژیی سیمبوڵیکیانەى بەرامبەرە و ئاکامەکەى دەستدرێژیکردنە سەر سپەیسی کۆمەڵایەتى و وجوودیی ڕەگەزەکەى ترە، باشترین دەستدرێژیکردن بۆ سەر سپەیسی پیاوێکیش لە بازاردا و ڕاچڵەکاندنى، تەوقەکردنە لەگەڵیدا: “ئەو (شت)ەى کە ئیستیعمار کراوە لە میانى هەمان پرۆسێسدا دەبێتە مرۆڤ، کە خۆی لەڕێیەوە ئازاد دەکات.”(2)

 

(3)

ئازادی، بەختەوەری و دڵنیایی و سەقامگیری، لە ڕیزی ئەو بەها گرنگانەدابوون کە مۆدێرنە بانگەشەی هێنانیانى دەکرد؛  بەڵام تەنها یەک ئاوڕدانەوە لە کارەساتەکانى سەدەى بیست و دۆخی دەیەی ڕابردووى سەدەى بیستویەک، بەسە بۆ ئەوەى ئینسان دڵنیا ببێت، کە مرۆڤایەتی تا ئێستاش خاوەنى هیچکام لەم بەهایانە نییە. لە ڕاستیدا خەسڵەتى زاڵ لە ڕۆژگاری هاوچەرخدا نادڵنایی و ناجێگیری و نابەردەوامیە، دۆخی هاوچەرخ دۆخێکە بە کردار و پەرچەکرداری نادڵنیا، بە گوزەران و ژیانی ناجێگیر، بە بونیادى کۆمەڵایەتیی هەمیشەگۆڕاو دەناسرێتەوە؛ دۆخێک کە زیگمۆنت باومەن بە “شل” – نەک پۆست مۆدێرن- ناوى دەبات:  “ئەوەى قەرارە ڕوون بە (مۆدێرنێتی شل) ناوی بەرم، ئەو باوەڕە ڕوولەزیادبوونەیە بە گۆڕان وەک تاکە سەقامگیرییەک، بە نادڵنیایی وەک تاکە دڵنیایی؛ مۆدێرنێتى لە سەد ساڵی ڕابردوودا ماناى گەیشتن بە دوایین دۆخی کەماڵی هەبوو، بەڵام ئێستا وەک پرۆسەیەکى چاکسازی و پێشخستنى بێسنوور دەردەخرێت، بە بێ هەبوونى هیچ کۆتاییەک لە ئاسۆدا و بە بێ بوونى هیچ خواستێک بۆ هەبوونى ئەم کۆتاییە”(3). دەشێت دوو دیو لە مۆدێرنەدا ببینینەوە، دیوێک کە هەمیشە لەپێناو خواستى کۆنترۆڵکردن و لێتێگەیشتندا دەیەوێت شتەکان ماڵیی بکات، بیانخاتە کاتیگۆریەوە و ئەقڵانییان بکات؛ لە دیوێکى تریشدا مۆدێرنە بەردەوام لە گۆڕاندا بووە، لە فڕێدانى ترادیشن و سیستمى ئابووری و پەیوەندیە کۆنەکانیدا بووە، لای باومەن دۆخی نوێ بەرهەمى شکستى مۆدێرنەیە لە بەئەقڵانیکردنی دونیادا، لە کۆنترۆڵکردنیدا و لە هێشتنەوەیدا وەک مۆدێرنەیەکى “ڕەق”.

هیچ بونیاد و یاسایەکى “ڕەق” نەماوە کە مرۆڤ بۆ پێشبینیکردن و پشتپێبەستن بەکاری بهێنێت، حکومەتێکى هێند بەهێز نەماوە کە بتوانێت کۆی بەڵێنەکانى بەجێبهێنێت، ڕەنگە کارمەندی بەهێزترین و دەوڵەمەندترین کۆمپانیا بەیانیەک بە بێکاریی لەخەو هەڵسێت، تەنانەت پەیوەندیەکانى تاکەکەس بە ئەوانى ترەوە ناڕوونە و بەرمەبناى چێژ یان سوودە و نازانرێت لەکوێدا سوود یان چێژ نامێنێت و پەیوەندیەکە کۆتایی پێ دەهێنرێت؛ خاڵی هاوبەشی هەموو ئەو ئەگەرانە، نادڵنیایی و ناجێگیریە. بە وەرگرتنى هەردوو دۆخی “ڕەق” و “شل” وەک چەمک لە فیزیاوە، بەرئەساسى ئەم تێگەیشتنە، باومەن زنجیرە کتێبە بەناوبانگەکەى بۆ قسەکردن لەسەر دۆخی “شل” دەنووسێت، هەڵبەت یەکێک لەو کتێبانەش “ترسی شل”ە، کە تێیدا باومان باس لە دڕدۆنگی و ترسی بەردەوامى مرۆڤی هاوچەرخ دەکات، ترسێکى دیارینەکراو و ناکۆتا و کۆنترۆڵنەکراو، ترسێک کە هیچ ورووژێنەرێکى دیاریكراوی  نییە و ناتوانین بزانین لەکوێوە دێت، ترس لەو کارەساتانەى نازانین کەی و لە کوێدا و چۆنچۆنى ڕوودەدەن؛ باومەن بۆ ڕوونکردنەوەى ئەم ترسە نوێیە مێتافۆڕێک دووبارە دەکاتەوە: وەک ئەوەیە بەسەر زەویەکى مینڕێژکراودا بڕۆین و بزانین کە زەویەکە پڕ لە مینە، کێشەکەش ئەوەیە ناتوانین بزانین چ کاتێک و لە چ شوێنێکدا تەقینەوەکە ڕوودەدات.

شه‌مێران- پێرفۆرمانس: من و شار یه‌كتری بریندار ده‌كه‌ین.

بەو پێیەی لە کارەکەى شەمێراندا(کە دوو تەختەى هێناوە و سەرێکیانى لە دیوارەکە گیرکردووە و سەرەکەى تریش بە تەل ڕاکێشراوە و چەمانەوەى لە تەختەکەدا درووستکردووە، بەشێوەیەک وا هەست بکرێت کە تەلەکان دەپسێن و دوو تەختەکە بەر هێلکەى دانراو لەسەر ئەرزەکە دەکەون) ماتێریاڵی بیناسازى بەکارهێنراوە، ئەوا ڕەنگە بکرێت وەک مێتافۆڕێک بۆ مەترسیەکانى سەر ژیانى کرێکار سەیری بکەین، بەڵام من دەمەوێت وەک مێتافۆڕ بۆ جۆرێک لە “ترسی شل” بیبینم. ئەگەر کەمێک پشت بە بنەما سادەکانی فیزیا ببەستین: بەو پێیەی دوو تەختەکە چەمێندراونەتەوە و هێشتا نەشکاون و یەکپارچەن، دەزانین کە کار (بە مانا فیزیاییەکەى) لەسەر تەنەکە بەرپا کراوە و کاردانەوە ڕوودەدات، تەلەکە کە سەرێکى بە دیوارەکەوە قایمکراوە،  بە شێوەیەکى کاتیی ڕێگرە لە ڕوودانى کاردانەوەکە؛ هێلکەیەک خوارتر لەسەر زەویەکە دانراوە. ئەوەى هێلکەکە لە دۆخی “ترسی شل” نزیکدەکاتەوە، گۆڕینەوەى بڕێک لە بەنەماى ئاساییشە بە ئازادیی -کە باومەن بە یەکێک لە هۆکارەکانى دۆخی شلی دەزانێت، وەک لای پێشینانمان هەبووە: ئازادیی دەگۆڕدرێتەوە بە ئاساییش، ئەمیش واتە دڵنیایی زیاتر-، چونکە ئەگەر هێلکەکە بۆ وێنە لە پاکەتێک، یان هەر کۆنتەینەرێکدا بوایە (دەسەڵاتێکى نادیموکراسیی) لە “ئازادی”تاک و “ئینسانیەت”ێکى کەمتردا دەبوو، بەڵام بە ئاساییشەوە. کەواتە ترس لێرەدا لە دۆخی شلییدایە، کارەساتێک لەڕووداندایە، دوو تەختە لە کەوتندان، نازانرێت کەی و نازانرێت چۆن؛ مەرج نییە هەردوو تەختەکە بەر هێلکەکە بکەون، ڕەنگە یەکیان بکەوێت و هێلکەکە سەلامەت بمێنێتەوە، ڕەنگیشە هەردووکیان بکەون؛ ئەڵقەیەک لەژێر هیلکەکەدایە، ڕەنگە شتێک هێلکەکە بجووڵێنێت و لە ئەڵقەکەى جیابکاتەوە کە بووە بە بناغە بۆی، ئەمیشیان نازانرێت کەى و چۆنچۆنی.

 

سه‌چاوه‌كان؛

 

(1)     THE HOLY BIBLE، NEW INTERNATIONAL VERSION. Copyright © 1973، 1978، 1984 by  international bible society

(2)     معذبو الارض، فرانز فانون – ترجمة: د.سامی الدروبي و د. جمال اتاسی

(3)     Liquid Modernity، Zygmunt Bauman. Publisher: Wiley، 2000