ژنان و بەجیھانیبوون


Loading

نووسینی: نیشتمان روحانی

یەکێک لەو بابەتانەی کە لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەم هاتە نێو کایە رۆشنبیرییەکان و لە لایەن بیرمەندان و تیۆری دارێژەران گرینگی زیاتری پێدراوە و سەرنجی بیرمەندانی بۆلای خۆی راکیشا چەمکی ” بەجیهانیبوون ” (globalization) بوو.
ئەم چەمکە خۆی لە چەند وشەیەکی وەک (golobalizing , golobalization,golobalism) لە بابەتە زانستی وئەدەبیەکان زیاتر خۆی نواند. زانایەک بە ناوی ” ماڵکۆم واترز ” دەڵێ ئەگەر لە سەرەتای دەیەی ١٩٨٠ چەمکی پاش مۆدێرنیزم چەمكێکی باو لە زانستە کۆمەلایەتیەکان بوو، دوابەدوای ئەوە بەتایبەتی لە سەرەتاکانی دەیەی ١٩٩٠ چەمکی بەجێهانی بوون جێگای گرتەوە. هەروەها “ئیستیڤێن کرزنر” ئاماژە دەکات بەوەی کە ئەم چەمکە لە زانستە کۆمەلایەتیەکان ئەگەر ٢٠ جار لە ساڵی ١٩٨٠ بەکارھێنراوە بۆ زیاتر لە ١٠٠٠ جار لە ساڵی ١٩٩٨ گەیشتوە ، کە ئەمە ئاماژەیە بۆ خێرا بڵاوبوونی بەجێهانیبوون چ وەک چەمک وچ وەک دیاردەیەک کە ئەو سەردەمە زیاتر دیاردەیەکی ئابووری هەژمار دەکرا ، بەڵام دواتر پەلی هاوێشتە سەرجەم بوارەکانی ژیانی مرۆیی وەک بواری سیاسی، کۆمەلایەتی و فەرهەنگی و هەروەها کاریگەری لە سەر ،سەرجەم چین وتوێژەکانی کۆمەلگا هەبو (چینی سەرمایەدار،ناوەند وکرێکار ) و بەتایبەتی کاریگەرییەکی زۆری لەسەر رەگەزی مێینە هەبو کە دەمانەوی زیاتر لەم بابەتە باس لە کاریگەری وپێوەندی بەجیهانیبون بکەین لەسەر ئەم رەگەزە . پیش باسکردن لە کاریگەری وپیوەندی بەجیهانیبوون لە سەر ژنان پێویست بە پێناسە کردنی ئەم چەمکە دەکات کە لە روانگەی جیاواز ولە لایەن زانایانەوە پیناسەی جیاوازی بۆ کراوە ، کە لەم بابەتە تەنها پێناسەی زانایەک وەردەگرم ” جان تالینسۆن ” لە پیناسەکردنی ئەم چەمکە دەڵێ : بەجیهانیبوون ، بەواتای رەوتی پەرەسەندنی خێرای پێوەندییە ئاڵۆزەکانی نیوان کۆمەلگاکان ، کولتوورەکان ، دامەزراوەکان و تاکەکانە لە هەر شوێنێکی جیهان بن.
بەجێهانی بوون نەک هەر بوە بە پێوەرێکی سەرەکی ئەم سەردەمە ، بەڵکو رۆڵێکی چارەنووس ساز دەگێڕی لە هەمو کۆمەلگاکان. بێ گومان شۆڕشی پیشەسازی وبەرەوپێش چونی تێکنۆلۆژیا بە فاکتێکی گرینگ دادەنرێ لە توندوتۆڵ بوونی پێوەندی نێوان کۆمەڵگا جیاوازەکانی جیهان و بۆتە هۆی گەیشتنی خێرای زانیاری و گواستەنەوە وگەیاندن کە یەک لە ئاکامەکانی بەپیشەسازی بوون سەرهەڵدانی دیاردەی بەجیهانیبوونە . ئەم دیاردەیە وەک هەر دیاردەیەک کە سەرھەڵدەدا دوو لایەن لە خۆدەگرێ .لایەنی نگەتیڤ (رەش ) کە مەترسیەکە بۆ سەر وڵاتانی لە حاڵی پێشکەوتن و بەتایبەتی کاریگەری لە سەر کولتوور وداب ونەریتی ئەو کۆمەڵگایانە هەیە و هەندێ کەس بە ژینوسایدی فەرھەنگی دادەنن بۆ سەر کۆمەلگاکان ، و لایەنی پۆزتیڤ (سپی ) ئەو دەرفەتانەی کە ئەم دیاردەیە لە گەڵ خۆی دەیهێنێ بۆ ئەو وڵاتانە کە دەتوانن وڵاتەکانیان لە دواکەوتووی رزگار بکەن بەتایبەتی گەشە بە ئابووری وباری مادی خۆیان بدەن وکەڵک وەرگرتنی ئاسان و خێرا لە تێکنۆلۆژی وداھێنانەکان . بەجیهانیبوون لە گەل خۆی ئومێدو نیگەرانی هێنا بۆ ئەم وڵاتانە . کاریگەرییە نیگەتیڤ وپۆزتیڤەکانی ئەم دیاردەیە لە سەر وڵاتانی پێشکەوتوو ولە حاڵی پیشکەوتوو و دانێشتوانی شارو گوند وهەروەها ژنان وپیاوان زۆر جیاوازە و لەم نێوەدا کاریگەری ئەم دیاردەیە لە سەر ژنان قوڵ وئاڵوزە.
بەجێهانیبوون لە بوارە جۆراوجۆرەکان کاریگەری جیاوازی هەیە لە سەر رەگەزی مێینە. هەر وەک ئەم دیاردەیە سەرەتا کاریگەرییەکانی لە بواری ئابووری دەرکەوت بۆیە وەک یەکەم لایەنی باسی دەکەین لە سەر ژنان.
١- چالاکی و کارکردنی ژنان لە دەرەوەی ماڵ و هەوڵدان بۆ سەبەخۆیی ئابووری : پێشتر بە هۆی هەندێ یاسا یا زاڵبوونی داب ونەریتی دواکەوتوانە ئیزنی هاتنی ژنان بۆ نێو بازاری کار نەدەدرا . ئەگەرنەلێن بەشێکی زۆر بەڵام رەگەزی مێ وەک نیوەی کۆمەل پێشتر لە کارکردن وداهات وهەروەها بەرێوەبردنی ماڵ بێبەش دەکران کە ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزبوونی پیاوان وزیاتر سەپاندنی پێگەی خۆیان ولەئاکامدا پەرەدانی زیاتر بە پیاوسالاری و بەشێوەیەکی روونتر “پیاوسالاری” هێزی خۆی و چەسپاندنی خۆی لە بواری زاڵ بوونی بەسەر داهاتی خیزان و کۆمەلگا دەسەپێنێ ،بەڵام پەرەسەندنی بەجیھانیبوون ئەم دەرفەتەی بەژنان دا تا لە دەرەوەی ماڵ کار بکەن و ئیتر داب ونەریتە چەقبەستوکان بەرەو لاوازی رۆشت . ئەگەرچی ئەمە بە پێ کۆمەلگاکان و هەروەها قۆناغە مێژوویەکان جیاوازە ، و کارکردنی ژنان لە کۆمەڵگانی جیهانی سێهەم و یەک لەوانیش کوردستان هێشتا وەکو پێویست نیە و ژنان نەیاتوانیوە بەشێوەیەکی بەرچاو خۆیان بسەلمێنن لە بواری ئابووری بەلام بەبەراورد لە گەڵ ساڵانی پێشتر پیشکەوتنی باشی بەخۆیەوە بینیوە . کە وەکو یەکێک لە کاریگەرییە پۆزتیڤەکانی بەجیهانیبوون و هاتنە دەرەوەی ژنان و بەشداری کردن لە ئابووری خێزان وکۆمەڵگا دیاردەی پیاوسالاری ئیتر وەک جاران ئەو هێز وتوندوتیژییەی نەما.

jnan-001
وێنه‌ی ژماره یه‌ک

بۆ زیاتر روونکردنەوەی ئەم خاڵە بەراوردێکی ئاماری دەکەین سەبارەت بە رێژەی مامۆستایانی رەگەزی مێ لە نیوان ساڵانی (1990) و (2011) کە لە سایتی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان وەرگیراوە . وەک ئەوەی لە وێنەی (1) دەردەکەوێ.

٢- مافی بەرابەری حەقدەستی ژنان لە گەڵ پیاوان:
لە سەرەتاکانی شۆڕشی پیشەسازی یەکێک لە هەڵاواردنە زۆر ستەمکارانەکان لە کۆمەلگاکان، جیاوازی حەقدەستی ژنان لە گەل پیاوان لە پیشەی هاوشێوە و وەک یەک بوو. پێشتر ژنان بە هۆی هەندی باوەڕ کە گوایە ژنان لە بواری جەستە لاوازن و ھەروەھا ھەژاری ناچاربوون بۆ دابین کردنی بژێوی ژیان کاتی زیاتر کار بکەن . بە پێ لێکۆڵینەوەیەک کە کراوە لە ژێر ناوی “لێکدانەوەی بەربەست وکیشەکانی بەردەم کارکردنی ژنان لە ناوەندە فەرمیەکان” هاتوە: تا رادەیەک لە هەمو جیهان ، ژنان کاتی زیاتر بە حەقدەستی کەمتر بەبەراورد لە گەڵ پیاوان لە پیشەی وەک یەک کار دەکەن ، لە وڵاتانی پێشکەوتوو ژنان لانیکەم لەهەفتە ٢تا ١٠ کاتژمێر زیاتر لە پیاوان کار دەکەن . کە رەنگە ئەم ژمارەیە لە وڵاتانی لە حالی پیشکەوتن زیاتریش بێت . هەروەها لە لێکۆڵینەوەیەک کە چەند ساڵ پیش لە سەر ١٠٠٣ کەس لە ژنان وپیاوان لە

شاری تاران کراوە ، نێوەنجی حەقدەستی ژنان لە دەزگا دەوڵەتیەکان (٢٠٦٠٦) تمەن و پیاوان(٢٥٧٤٠) تمەن بوە کە رێژەی ئەم بەراورد کردنە ئەگەر پیاوان ١٠٠ بێت ئەوا ژنان ٨٠ دەبیت . هەروەک لە وێنەی (2) دەبینرێ .ئەگەرچی ئاماری تایبەت بەمە لە هەرێمی کوردستان دەستم نەکەوت بۆیە بۆ زیاتر روون کردنەوەی بابەتەکە ئاماری توێژینەوەیەک کە لە شاری تاران کراوە وەک نمونە ھێناومە.

بەڵام پەلهاوێشتنی بەجیهانبوون بۆتە هۆی بەرفراوان بوونی بەشداری ژنان لە بواری ئابووری و بەتایبەتی بەشەکانی بەڕێوەبەری و بڕیاردان لەسەر بارودۆخی ئابووری ، سیستمەکانی وچاودێری کردن ، کە بوار بۆ کەمرەنگ کردنی ئەم جیاوازییانە رەخساوە . بەتایبەتی زیاتر لە وڵاتانی ئیسکاندیناوی و فینلاند بەشێوەیەکی بەرچاو دەردەکەوێ . بە خۆشیەوە لە کوردستان چ بە هۆی یاسای کار وچ بە هۆی هەوڵی رێکخراوەکان وچالاکانی مەدەنی ئەم جیاوازە وەک جاران نیە.
٣- دابەشکردنی کارو رەخساندنی بواری زیاتر بۆ کارکردنی ژنان.
٤- زۆربوونی داهاتی ژنان و توانای بەڕێوەبەری خۆیان وخێزانەکەیان.
٥-زۆربوون و هاتنە کایەی پیشەی جۆراوجۆر کە هەلی کاری زیاتر دەبەخشی بە ژنان: ئەگەرچی ئیستاش لە وڵاتە پیشکەوتوەکانیش بواری کاری ژنان زیاتر لە بەشی خزمەتگوزاری وتەندروستیە ، ولە بوارەکانی سیاسی وئابووری ژنان وەکوو پیویست بەرادەی پیاوان نەیانتوانیوە چالاکی بەرچاویان هەبێ.

وێنه‌ی ژماره دوو
وێنه‌ی ژماره دوو

بەکارهێنانی ئینتەرنێت وەکو یەکێک لە نێشانەکانی بەجیهانیبوون دەرفەتی زیاتری بۆ ژنان رەخساندوە لە بواری بازرگانی ئیلکترۆنی. بۆ نمونە لە هیندوستان پەیداکردنی بازاری فرۆش لە رێگای وێنەی دیجیتاڵی بەرهەمهێنەکان، زیاتر لە ٦٠٠٠ هەزار لە ژنانی گوندنشین توانیویانە بەرهەمەکانی خۆیان بخەنە بازار و بەم شێوەیە داهاتی زیاتریان دەستدەکەوێ.
کاریگەری بواری کۆمەڵایەتی بە جیهانیبوون لە سەر ژنان بەپلەی یەکەم دەتوانین ئاماژە بە تاکگەرایی بکەین کە ژنانیش وەک پیاوان بێ بەش نەبوونە لەم رەوتە و هەروەها خوێندن لە ئاستەکانی باڵاتر وچونەسەرەوی ئاستی هوشیاری و بەدەستهێنانی پێگەی کۆمەڵایەتی بەرزتر بە بەراورد لە گەل پێشوتر . ئازادی هەڵبژادنی هاوسەر وبڕیاردان لە سەر چارەنووس وژیانی خۆیان ، دەست پێ راگەیشتنی ژنان بە خزمەتگوزاری گشتی وەکو پەروەردە و تەندروستی، پەروەردە کردنی بەهائەخلاقیە باشەکان لە خۆیان و شارەزاییان لە بواری پەروەردە کردنی منداڵانیان و گرینگی دان بە تەندروستی وجوانکاری خۆیان . هەروەها لە بەشی خزمەتگوزاری بواری چالاکی کردنیان زیاتر بوە لە چالاکیە فەرمی و نافەرمیەکانی وەک پۆست، گەشتوگوزاری، فرۆکەوانی وبەشێوەیەکی بەرچاو کارکردن لە بانکەکان . لەنێوچوونی داب ونەریتە کۆنەکان کە زیاتر بە دژی ژنان و چەوساندنەوەی زیاتری ئەوان بوو . ئەگەرچی هەمو ئەمانە بەرپرسایەتی زۆرتری خستۆتە ئەستۆی ژنان.
هەروەها کاریگەرییە سیاسی و یاساییەکانی ئەم دیاردەیە لە سەر رەگەزی مێینە: مافی دەنگدانی ژنان بەتایبەتی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست کە هیشتا لەم سەردەمەش چەند وڵاتیک ئەو مافەیان بە ژنان نەداوە، بەشداری کردنی زیاتری ژنان لە ناوەندەکانی پلان دانان وبڕیاردان ، بەدەستھێنانی پلەی حکومی بەرز لە دەسەڵات کە لەم سەردەمە چەندین وڵات سەرۆکەکانیان ژنن .
ھەر دیاردەیەک کە سەرھەلدەدات کاریگەرییەکانی بە دوو شێوازی باش وخراپ خۆی دەنوێنێ، بەجیھانیبوونیش یەک لەو دیاردانە بوو کە لە گەڵ سەرھەڵدانی لە دەیەی 1980 بەولاوە کاریگەری لە سەر سەرجەم کۆمەلگاکان و قۆناغە مێژووییەکان و چین و توێژەکان ھەبوە و رێژەی ئەم کاریگەرییانەش بە جیاوازی کۆمەڵگاکان وسەردەمەکان جیاواز بوە . ھەروەھا بەستراوەتەوە بە بەرنامەی رێکخستن وپلان دانانی حکومەتەکان بۆ قبوڵکردن یا رووبەروو بونەوە لە گەل ئەم دیاردەیە . ئەگەرچی ئەم دیاردەیە ھەرلە سەرەتای سەرھەڵدانی لە بواری ئابووری دەرکەوت کاریگەری ئابووریشی کۆمەڵگای کوردەواری گرتەوە بەڵام نەلە بەرژەوەندی ئەم نەتەوەیە بەڵکو دەرفەتێکی ئابووری باش بوو بۆ وڵاتانی دیکە کە بیکەنە گۆڕەپانی بازرگانی خۆیان وشوێنێک وەک بازاری بەکارھێنان بۆ ساقکردنەوەی کاڵاکانیان، ھەرچەند کاریگەری سیاسی ئەم دیاردەیە ھەلێکی دا بە نەتەوەی کورد و دەتوانین بڵێن دروست بوونی ھەرێمێک لە پارچەیەکی کوردستان یەک لەو لایەنە باشانە بوو کە رەنگە وەکوو پێویست نەمانتوانی بێت کەڵکی لێ وەربگرین . ھەروەھا لە بواری زانست و تەکنوڵۆژیاش بەھەمان شێوە کاریگەری ھەبوو بەڵام ئەوەی جێگای داخە لەم بوارە نەمانتوانیوە وەک خۆی کەڵکی لێوەرگرین وزۆرتر بەلایەنی خراپ بەکارمان ھێناوە کە نمونەی ئەمە ، رۆژانە کوشتنی ژنان بە ھۆی مۆبایل وبەکارھێنانی کە نمونە زۆرە لەم بوارە . کاریگەری ئەم دیاردەیە وەکوو پێویست لە وڵاتی ئێمە بۆ رەگەزی مێ نەبوە وژنانیش بۆ خۆیان نەیانتوانیوەو ھەروەھا ناشیانەوێ وەک دەرفەتێکی باش بۆ بەرژەوەندی خۆیان بیقۆزنەوە . و بەداخەوە تا ئێستاش ژنانی کۆمەلگای ئێمە زۆر بەتوند وتۆڵی خۆیان بەستۆتەوە بە داب ونەریتە کۆنەکان کە زیاتر دژی ژنان خۆیانە وپێویست بە بەئاگاھاتنی خودی ژنان دەکات لەوەی خۆیان لەو دیلی ودواکەوتوویە رزگار بکەن.

دەتوانین کاریگەری وپێوەندی “ژنان وبەجیھانی بوون” لەم خشتەیە ببینین

خشتەی (1) تەرازووی کاریگەرییە پۆزتیڤەکان (دەرفەتەکان) و نگەتیڤەکان (مەترسیەکان )ی بەجێھانیبوون لە سەر ژنان.

زۆربوونی داھات زۆربوونی پیشە جۆراوجۆرەکان زۆربوونی بەرھەمداری کەمبوونەوەی زاوزێ پەرەسەندنی سەرمایەی کۆمەڵایەتی چونەسەرەوەی ئاستی ھوشیاری زۆربوونی مافی ھەڵبژاردن پەرەسەندنی تاکگرایی دەرفەتی زیاتر بۆ دۆزینەوەی بازار بۆ بەرھەمەکانیان

زۆربوونی داھات زۆربوونی پیشەی نافەرمی زۆربوونی پیشە جۆراوجۆرەکان حەقدەستی کەمتر زۆربوونی بەرھەمداری مەترسی زۆربوونی رێژەی بێکاری کەمبوونەوەی زاوزێ راپەراندنی کاری قورس و زەحمەت پەرەسەندنی سەرمایەی کۆمەڵایەتی کەمبوونەوەی ئەمنیەتی خۆراکی و تەندروستی چونەسەرەوەی ئاستی ھوشیاری زۆربوونی کۆچ کردن زۆربوونی مافی ھەڵبژاردن کەمبوونەوەی پشتیوانی کۆمەڵایەتی پەرەسەندنی تاکگرایی نەبوونی ئەمنیەتی پیشەیی دەرفەتی زیاتر بۆ دۆزینەوەی بازار بۆ بەرھەمەکانیان کەمبوونەوەی رۆڵی ژنان لە پەروەردەو پێگەیاندنی منداڵەکانیان بڵاوبوونەوەی کولتووری بەکارھێنان چونەسەرەوەی تەمەن ھاوسەرگیری پەرەسەندنی بازرگانی جیھانی سێکس

 

ھەروەک لەم خشتەیە دەردەکەوێ کاریگەری بەجیھانیبوون بەتایبەتی لە وڵاتانی لە حاڵی پەرەسەندن مەترسیەکانی بە بەراورد لە گەڵ دەرفەتەکانی زۆرترە و نەتوانراوە وەک پێویست لەم دیاردەیە کەڵکی باشتر وەرگرن. کە نەریتی بوونی کۆمەلگا کاریگەری زیاتری ھەیە لەم بوارە بۆ نمونە کاتێکی ژنان لە دەرەوەی ماڵ کاردەکەن تۆشی چەندھا کیشە دەبنەوە کە رێگرییان دەکات لە چالاکی نواندنیان وەک ئەوانەی کە لە بەشی مەترسیەکاندا ھاتوە.
سەرەرای ھەمو کاریگەرییە خراپ و باشەکانی بەجیھانیبوون بەڵام ئەم دیاردەیە نابێت ببێتە ھۆی سەپاندنی خەساری زیاتر بەسەرچین و توێژە جۆراوجۆر وخەسارھەڵگرەکانی کۆمەلگا بەتایبەتی ژنان . بۆیە پێویست بە توێژینەوە وخوێندنەوەیەکی زیاتر بۆ ئەم دیاردەیە و ھەوڵی کەمکردنەوەی کاریگەری نیگەتیڤەکانی بدرێ لە سەر ژنان بەتایبەتی بۆ بەرنامەدارێژەران و پلان دانانی کۆمەڵکا لە ھەردوو بەشی فەرمی ونافەرمی.

• جەخت کردنەوە لە سەر مافەکانی ژنان
• پەرەدان بە پەروەردە و لێھاتووی پیشەیی ژنان
• پشتیوانی لە مافەکانی ژنانی کرێکار و ئەمنیەتی پیشەیی ئەوان
• دابین کردنی ئەمنیەتی ژنان لە دەستراگەیشتنیان بە پێداویستیە سەرەتاییەکانی وەک تەندروستی ، دەرمان ، خۆراک ، نیشتەجێ بوون و پۆشین
• دابین کردنی دەرفەتی بەرابەر وەکو ئازادی رادەربڕین و سەرجەم ئازادییە سیاسیەکان
• بەھێزکردنی ژنان و یارمەتیدانیان لە بواری بەکارھێنانی زانست و زانیاری وتێکنۆلۆژیا
• ھەوڵدان بۆ سڕینەوەی ئەو داب ونەریتانەی کە دژی ژنانە
• دانانی یاسای پشتوانی کردن لە مافەکانی ژنان
• لابردنی ئەو خاڵە یاساییانەی کە پیشێلی مافەکانی ژنانە
• پەرەدان بە کەرتی تایبەت تا ژنانیش خۆیان زیاتر لەو بەشە ببینەوە
• یارمەتی و پێگەیاندنی ژنان لە بواری بەڕێوەبەری.

سەرچاوەکان:
1. سایتی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان krso.net/.
2. بشریه، حسین، جامعه شناسی سیاسی معاصر، جهانی شدن، سیاست، قدرت تهران، كویر، 1380.
3. پژوهش زنان، دورە ٢، شمارە ١، بهار١٣٨٣ : ١١١_٩٣،طاهرخانی ،مهدی ،آثار جهانی شدن بر زنان.
4. فدراسیون بین المللی زنان دانشگاهی، ٢٠٠٠.
5. yaranesabz.ir/index.php?option=com_content&task=view&id=50&Itemid=10 .
6. danoush.ir/Archive/?News=82.


بابه‌تی گۆڤاری مه‌ده‌نیه‌ت