چیرۆکی فەرەی دڵشکاو

Loading

کەسێک کێشای بەسەر شانما و بە ئاگای هێنامەوە . من هەردوو دەستم لە گیرفانم هاویشتبوو و خەریکبووم بەناو ئەو حەشاماتەدا دەهاتمە دەرەوە کە ریزیان بۆ چوونە ناو پێشانگەکە گرتبوو . پێشانگەی خانمێکی کورد لە شاری پاریس هەرای نابۆوە، خەڵک بەسەر سوڕمانەوە لەبەردەم نیگارەکانی دەوەستان و لە جوانی رەنگ و ڕۆشنایی فیگۆرەکانی لە پەلوپۆ دەکەوتن . کە ئاوڕێکم لە پشتەوەی خۆم دایەوە خانمێکی ڕەشپۆشم دی بەدەم خەندەیەکەوە لە پشتمەوە وێستابوو . کڵاوێکی قووچی لەسەردابوو و خەندەیێکی ناسکیش لەسەر لێوەکانی دەگەشایەوە . گوڵێکی سووریشی لەسەر ئێخەی دابوو، کە لەوە دەچوو تازە لە باخێکی کردبێتەوە .

من لە کەیەوە بانگی تۆ دەکەم، خەیاڵت لێرە نەبوو . خانمی ڕەشپۆش گووتی .

سەرسامی و ئەفسونی پێشانگەکەت هەموو خەیاڵی داگیرکردبووم . من گووتم .

زۆر بە ئەدەبەوە سەرێکم بۆ خانمی ڕەشپۆش نوشتاندەوە و خەندەیەکیشم هێندەی ناسکی خەندەکەی خۆی نیشان دا . دەستم هاویشتە ناو دەستی و توند دەستیم گوشی . ئەویش باوەشێکی گەرمی پیا کردم . ئەو خانمە ڕەشپۆشە، ئاسیای ئەلیاسی بوو و کە ڕۆژگارێکی دور و درێژ بوو من نەمدیبوو، ئێمە هەردوکمان خەڵکی یەکشاربووین و لە نزیکەوە یەکدیمان دەناسی . داوای لێکردم وێنەیەکی لەگەڵ بگرم، دڵیم نەشکاند و لەبەردەم یەکێک لەو تابلۆیانەی روخساری کیژۆڵەیەکی تێکشاوی تیابوو وێنەمان گرت . ئەمجا دەستی گرتم و لە یەکێک لەو تابلۆیانەی نزیک خستمەوە کە بەلای خۆیەوە لە ترۆپکی کارەکانی بوو و خەڵکانێکیش سەرەیان بۆ دەگرت تا کەمێک بۆیان بکرێ تەماشایەکی بکەن و گەر بۆشیان بلوێ وێنەیەکی لەپاڵا بگرن .

تابلۆکە، دیمەنی خۆرنشینی ئێوارەیەک بوو و لە دوورەوە باڵندەیەکی فڕیو ناوجەرگەی ئاسمانی شەق دەکرد و لە ژنێک نزیک دەبۆوە کە لە شوێنێکی تابلۆکەدا دانیشتبوو و ملوانکەیەکی درێژ و چەپکێ ڕیحانەی بە باوەشەوە گرتبوو و بە دوو چاوی کراوەی گریاوەوە تەماشای ئاسمانی دەکرد .

ئەو وێنەیەت بەلاوە چۆنە، پێت وانییە چیرۆکێک لە پشتیەوە خۆی مەڵاس دابێ . خانمی ئەلیاسی گووتی . من دەمێک بوو لە تابلۆکەم ڕوانی بوو، بەبێ ئەوەی جارێکی دی ئاوڕێک لە تابلۆکە بدەمەوە گووتم، هەست ناکەی ئەو باڵندەیە دەبێت کەمێک سەر باڵەکانی ڕوناکتر بێت بە تریفەی مانگی تازە هەڵاتوو .

ئەو لەوێدا وەستا، بۆی نەکرا وەڵامێک بۆ تێبینییەکەی من بدۆزێتەوە و خوداڕاسان کچێک پەلی گرت و لە منی دوور خستەوە .

گونتەر گراس / گرافیک ؛ سۆفی چووە نێو قارچکەکانەوە
گونتەر گراس / گرافیک ؛ سۆفی چووە نێو قارچکەکانەوە

لەناو جەرگەی هەموو تابلۆکانی دا وێنەی ژنێکی تیابوو و ژنێکی مات و مەلوول، لە جێیەک غەمگین و لە جێیەک کوژراو . لە ناو هەموو تابلۆکانیشیا روخساری ئەو ژنە دووبارە دەبۆوە . زۆرێک لە بینەران و ئەوانەی کوردیان دەناسی، ئەو ژنەیان بە هێمای مێینەی کوژراو دەخوێندەوە کە لە کلتوری ئێمەدا مافی ژیانی پێ ڕەوا نابینرێت . زۆرینەی میدیای پاریس، بە ئەفسونێکەوە لەو ژنەیان دەڕوانی و بە نمونەی پاکیزەیی رەهای ژنانی جیهانیان دەشوپهاند . دوو چاوی قووڵی تاریک، وەکو دوو کانیلەی بچکۆلانە لە ناو جەرگی شاخێکی ڕەشەوە ئاوێکی سازگاریان لێدەهاتە دەرەوە و ئەفوسنیان لێدەڕژا . زۆربەی ژنەکان دەهاتنە لایەوە و دەگریان . یەکێک دەیگوت ئەوە ژنی کوردە بە درێژایی مێژوو بۆی نەڕەخساوە چاوەکانی وشک بکاتەوە و خەمگینی لە کۆڵ بێتەوە . یەکێکی دی دەیگوت ئەوە ناو دڵی ژنانی هەموو دونیایە کە هەمیشە تەڕە و ژیانی لێدەتکێتەوە . بەڵام من ئەو ژنانەم بەو پاکیزەییە نەدەهاتنە بەرچاو . هەرچیم دەکرد و دەمویست بە جۆرێکی دی لێی بڕوانم و بۆم نەدەکرا . ئەو ڕوخسارانە هەر هەمووی ڕوخساری ژنێکی بێوەفا و بۆگەن و تا سەر ئێسقان ناپاکی لە لا جێدەهێشتم . ژنێکی ناو جەرگ ڕەش، ئاوێکی ڕەش و تاریک لە ناخییەوە دەهاتە دەرەوە . هەر ئەوەش بوو وای لێکردم هەرچی زووترە ڕابکەمە دەرەوە . خەریکبوو لە شوێنی خۆم دەخنکام . بۆم نەدەکرا چی دی لەوێ بمێنمەوە و خۆم بخڵافێنم . هاتمە دەرەوە و هەر وەکو شێت بەسەر شەقامەکاندا دەخولامەوە و بۆ خۆشم نەمدەزانی چیم بەسەر هاتووە و بەرەو کوێ دەچم . ئەو شەوە تا درەنگانێک لەسەر شەقامەکان مامەوە . ڕێگای ئەو ئوتێلەم هەڵە کردبوو و کە دەبوو ئەو هەفتەیە لێی بمێنمەوە . لە نزیکی باخچەیەک لەژێر درەختێکا هەڵگورمام و هۆن هۆن فرمێسک بە چاوەکانما دەهاتنە خوارێ . من تەواو پەشۆکابووم .

ئاسیای ئەلیاسی، زۆر بە قووڵی برینداری کردبووم و پەیتا پەیتا دەیبردمەوە بۆ سلێمانی و بۆ لای یادی فەرهادی دڵشکاو . سیما و پەیکەری تێکشکاوی فەرهادی نیگارکێش تا دەهات لەبەر نیگاکانما دەردەکەوت و خۆی نیشان دەدام . ئەو گەنجە خەمگینەی تا ئیستا کەسێکم نەدیبوو وەکو ئەو عاشق، وەکو ئەو منداڵانە کیژۆڵەیەکی خۆش بوێ . من ئیدی ئەندێشە لەو شارە خەوناویەی فەرەنساوە هەڵیدەگرتم و بە دڵێکی پڕ لە پەژارەوە دەیکردمەوە بەناو ڕۆژگارە هەڵبزرکاوەکانی سلێمانیا . بۆ ئەو ڕۆژانەی مناڵیم کە گیانم پڕ بوو لە جوانی و قەشەنگی ژیان . ئای فەرەی دڵشکاو تۆ هێواش هێواش دێیت و لە دەرگای ماڵەکەمان دەدەی . دایکم دەرگات لێ دەکاتەوە . ئاگام لێیە دایکم دەرگاکە دەترازێنێ . گوێم لە دەنگی تۆشە لەو دیو دەرگاوە .

دایکم لە حەوشەکەوە لەژێر دارهەنجیرەکەمان ڕاوەستاوە و بانگم دەکات .

ڕۆڵە، وەرە ئەو کوڕە بانگت دەکات . گوێم لە دەنگی دایکمە و تا دێت ڕۆشنتر خۆی دەکاتەوە بەناو یادەوەریما .

کوڕ کێیە دایە ؟

فەرەی دڵشکاو . ئەو هاوڕێیەت کە بەردەوام لەبەر دەرگاکەمان دەگری . من پێدەکەنم و هەر وەکو جاران هەڵدەستم باوەشێکی پیا دەکەم . کە بەئاگا دێمەوە درەختێکی نیوەشەوی پاریسم لەباوەش گرتووە .

من زۆر بە قووڵی بەر فەرهاد کەوتووم، بۆیە دەمەوێت هەر وەکو ئەوەی هەیە زۆر بە قووڵی بۆتانی بگێڕمەوە . بە هێندەی نزیکبوون لە هەناسەکانی خۆم لەوەوە نزیک بووم . ئەگەرچی ئیستاش لە دونیایەکی دی دەژیم و لێی دوورم، هەر وا دەزانم شەو و ڕۆژ لەگەڵمایە و بە سینەیەک هەناسە دەدەین . پیاوێک کە دواجار من لەوێ نەبووم و زۆرێک نەبوو لێی دابڕابووم و بەجێمهێشتبوو، زۆر دڵڕەقانە ئەو کچەی خۆشیدەویست، ئاسیای ئەلیاسی، سنگی هەڵدڕی و دڵی لێوە هێنایە دەرێ و بردی . ئیستا ئەو لە هەر کوێیەک بێ بەبێ دڵ دەژی . من دەمەوێت دەربارەی پیاوێک بۆتان بدوێم کە ئیستا لەو شارەی ئێوەدا بەبێ دڵ، بە کوچە و کۆڵانەکان دا دێت و دەڕوات و لە نزیکی ئێوەوەیە و کەس هەستی پێناکات . دوور نییە هەموو ڕۆژێک بە دوو چاوی خۆتان بیبینن و لەگەڵی بدوێن و بیرتان لێ نەکردبێتەوە، بڕواش ناکەم هەرگیز بیری لێ بکەنەوە . هەر هەمووشتان دەیناسن، هونەرمەندێکی شێوەکارە و سەدان تابلۆی ڕەنگینی نەخشاندووە . بۆیە لە هەر شوێنێکا ناچاربووم ناوی بهێنم ناوێکی خوازراوی بۆ ئەدۆزمەوە .

هەر ئەوەندەی بە تۆی بڵێم من پیاوێک لە سلێمانی دەناسم بەبێ دڵ دەژی، تۆی خوێنەر وڕکم لێدەگری و بە قسەی هەلەق و مەلەقم تاوانبار دەکەی، چونکە هەرگیز بیرت لەوە نەکردۆتەوە لەو وڵاتەی ئێمەدا دەشێ پیاوێک یاوەخوود ژنێک بەبێ دڵ بژی . من ئەو چیرۆکەم لە ئەندێشەی خۆمەوە نەهێناوەتە دەرێ و ناشمەوێت شاخ و باڵ لە ڕوداوێکی سادە و بێنەزاکەتی ئەو دونیایەی خۆمان بڕوێنم .

کاتێکیش ئەو چیرۆکە بۆ ئێوە دەگێڕمەوە، دڵنیام ئەو بۆ خۆی دەمبەخشێ و لێم نیگەران نابێت . ئاخر نیگەران بوون لەپای چی کە منیش ڕۆژگارێک لە نزیک خۆیەوە هەستم بە ماتەم و هەناسە قووڵ و پڕ لە ئازارەکانی ئەو کردووە . سەرباری ئەوەش چارەنووس بەشێکی ئەو چیرۆکەی داوە بەسەر شانی منا، تا لەگەڵ خۆما بیهێنمە دەرەوە .

من لەسەرەتادا ئەوم وەکو شێوەکارێک ناسی و دڵی هێندەی پەڕی گوڵێک ناسک و تەنک بوو، بڕوا دەکەم هەر بە تەماشاکردنێکی ڕاگوزاری لە خۆوە دەژاکاو تەنگ دەبوو . ئەو لە دونیایەک دەژیا بۆ خۆی باش دەیزانی کە زۆر دژوارە و بۆی ناکرێ لەوێ دا ژیان بە سادەیی بەڕێ بکا و ئاسودەبوونی زەحمەتە . بۆ ئەوەی هەر وا سادە و زوو لەناو نەچێ، ئەو هونەرەشی پێنەدەزانی کە چۆن بەردەوام گیان و ژیانی خۆی لە دوای ئەشکەنجە و ئازارەکان تازە بکاتەوە . ئێواران شەپۆلی دڵتەنگی وەکو باڵندەیێکی تەنیا پەلەقاژێ ماندووی کردبێ، هەڵیدەگرت و لەگەڵ خۆی دەیهێنایە دەم دەرگای ماڵی ئێمە . من هەر لە دوورەوە بە لەسەرخۆیی و سستی ڕۆیینیا هەستم بە ترپەی خێرا و پەشێوانی دڵی دەکرد، هەر وەکو چۆن ڕێبوارێکی ماندوو، پێ بەناو بەفرا بنێ ئاوا لێم دەهاتە پێشێ . کاری من ئەوە بوو دڵی گریاوی ئەو بهێنمەوە شوێنی خۆی . هێواش هێواش فرمێسکەکانی لەناو پێڵووی چاوەکانی بهێنمە دەرێ و بزە و خەندەیان لە شوێن دانێم . کاری منیش ئاسان نەبوو و دەبوو هەزار و یەک درۆ بکەم بۆ ئەوەی دڵی گریاوی ئەو ژیر بکەمەوە . دەبوو خۆم لەسەر هەزار فێڵ و تەڵەکە و زۆرزانی ڕابهێنم بۆ ئەوەی نەهێڵم فەرەی دڵشکاو، هەڵبوەرێ و لە دەست دەربچێ . شەوانە کتێبی جۆراوجۆرم دەخوێندەوە و دەچوومە ناو دونیای ئەفسونباز و جادوبازەکانەوە تا بۆمبکرێ لە کوێ دا خەریکە دوایین هەودای ژیان لەیەک بێتەوە، بە فریای بکەوم .

هەر وەکو تەنافبازێک کە دەتوانێ خۆی لەم درەخت بۆ ئەو درەخت و لەم کوچە بۆ ئەو کوچە بگوازێتەوە، ئاوا لە دووی دەچووم . ئەو کە لەپاشی گریانێکی بە کوڵ ژیردەبۆوە، کەمێک پێدەکەنی و چاوە گەورە و قووڵەکانی وەکو دوو چرای تەڕ دادەگیرسان . ئەوجا توزێک لێم وورد دەبۆوە و بێدەنگ دەبوو، من لەو کاتانەدا دەمزانی بیر لە چی دەکاتەوە . دەمی هەڵبزرکاندن و وڕێنە و خەون بینینە . ساتی گۆڕین و دەستکاری کردنی دونیایە . ئیدی بەدەم خەونێکەوە دەکەوتە دەستکاری کردنی ئەندازە و هەڵکەوتەی شار . لەپڕ بە ڕوانینی هونەری خۆی گەڕەکێکی لە شوێنیک هەڵدەگرت و دەیبرد لە شوێنێکی دی فڕێی دەدا . من تا گەڕەکەکەی دادەنایەوە، دڵم هەزار ختورەی دەکرد، دەستیم توند دەگرت و هەرچیم دەکرد نەهێڵم لە ڕاچڵەکینێکا ماڵێک، دیوارێک، سەربانێک لە شوێنی خۆی بترازێ . ئەو حەزی بەوە بوو هەموو ماڵەکان لە یەک ئاست و بەرزی دابن، داخی بەوە دەخوارد خانوویێکی بچکۆلانەی پشتکۆمی لە تەنیشت خانوویێکی باڵابەرز و ساخ و قیتەوە دەدی . خەمی بۆ خانووە بچکۆلانەکە دەخوارد، دەیزانی ئەگەر خاوەنەکەی نەدار نەبووایە خانووێکی جوانتری لە شوێن دادەنا . ئیدی خەیاڵی ئەو بەو جۆرە دوور دەڕۆی و هەوڵی دەدا هەرچۆنێک بووە دەست بخاتە ژێر باڵی و لە شوێنی خۆی بەرزی بکاتەوە . دواتر ئەندێشەیێک لە مێشکی فرتەی دەکرد و بیری لەوە دەکردەوە کە چۆن خوار و ژووری شاری هەموو ڕەنگ بکردایە . لایەکی شار پرتەقاڵی و لایەکی دی ئەرخەوانی . هەر جارەی ناوڕاستی شاری بە رەنگێک دەنەخشاند، جارێ زەرد و جارێ شین و جارێ قەرسیلی . ئەو حەزی دەکرد زۆرترین ڕەنگی شینایی برژێ . ئەو دەیگووت ڕۆژێک هەر دێ رێگەیەک بدۆزمەوە دەریایەک، زەریایەک، بهێنمە ناو جەرگەی سلێمانیەوە .

ئەو لەپڕ ڕۆژێک هات و پێی گوتم عاشقبووە، ئەمڕۆ کیژۆڵەیەک لە پۆلی وێنەکێشان تیرێکی لە جگەری داوە و هەموو ئەندێشە و ڕوانینی لێدزیوە . من گوێم بۆ ڕاگرتبوو . تۆ وەرە دەست بە لە گیانمەوە، فەرەی دڵشکاو دەیگووت . بزانە چۆن هەر دەڵێی تەنوورە و داگیرساوە . وەرە و لە چاوم وردبەرەوە، هەست دەکەم پێڵووەکانی چاوم وەکو ڕۆژانی پێشووتری خۆیان نین و جوان بۆم هەڵنایەن . کەمێک دەوەستا و دەستی دەگرت بە سنگییەوە، پێی وابو بۆی دەکرێ نەهێڵێت دڵی لە قەفەزەی سنگییەوە بڕواتە دەرەوە . کەمێک دەوەستا و دوو چرای چاوی بە بریسکە بریسک دەکەوتن . باسی داهاتووی دەکرد کە چۆن ماڵێکی رەنگینی بۆ دروست دەکات، ئەگەر لە پووش و پەڵاشیش بووە ماڵێکی وای بۆ دروست دەکات هەتا هەتایە بەپێوە خۆی ڕابگرێت . لەپڕ سەرنجی شوێنێکی دەدا و کەمێک دادەما و هەناسەبڕكێی پێدەکەوت، من نەمدەزانی لەو دەمانەدا چی ڕوو دەدات . ئیدی ددانی بەخۆدا نەدەگرت و وەکو بێچوە پشیلەیەکی لاواز دەیقریشقاند . من لە شوێنی خۆم ڕادەچڵەکام . ئەو کەمێک ڕادەما و بەدەم شەرمێکەوە دەستی ڕادەکێشا بۆ حەوشەی ماڵێک و دەیگووت ئەو دار هەنجیرە دەبینی لەوێ دا .

بەڵێ دار هەنجیرێکی زەبەلاح، خەریکە هەڵدەکشێ بۆ ناو هەورەکان . من دەمگووت .

هەست ناکەی ئەو دارهەنجیرە زەبەلاحە هەموو حەوشەی ماڵەکەی داپۆشی بێت . شوێنێک بۆ هەناسەدان نەماوەتەوە . ئەو دەیگووت .

من لە دار هەنجیرەکەم دەڕوانی و لەو ڕوانینە تیژەی ئەو ڕادەمام . ئەو هەر خێرا و بەبێ ئەوەی چاوەڕوانی وەڵامی من بکات، دار هەنجیرەکەی لەوێ دا هەڵدەگرت و دار توویەکی بچکۆلانەی نازداری لە شوێنەکەی جێدەهێشت . ئای خودایە ئەو ئارەزووی بوو هەر بە ئەندێشە هەموو شار بخاتەوە ناو وێنە و نیگارە ڕاست و دروستەکانی خۆی . ئەو بە دەم ڕێوە وێنەی دەکێشا . هەندێک جار پەلی دەگرتم و دەیبردمە سەر گردۆڵکەکەی نزیکی ماڵەوەمان و چرکەساتی خۆرنشینی پێنیشان دەدام و پێیدەگوتم، ئەو تابلۆیەت پێچۆنە دوێنێ کێشاومە و هێشتا کەمە دەستکارییەکیشی دەوێ . جارێ چاوەڕێی وەڵامی منی نەدەکرد و پەنجەکانی وەکو پەرەموچەیەکی تەڕبوو بە شەونمی بەیانی، ڕادەگرت و بەدەم خەندەیێکی شەکریینەوە، سەری پێهەڵدەبڕیم بۆ شوێنێکی دی ئەو ئێوارەیە و باڵندەیەکی فڕیووی ناو ئاسمانی دەدۆزییەوە و دەیگووت، ئەی چۆن لەو تابلۆیەم دەڕوانی . هەست ناکەی ئەو باڵندەیە دەبێت کەمێک سەر باڵەکانی رووناکتر بێت بە تریفەی مانگی تازە هەڵاتوو . ئاخر ئەو باڵندەیە دەیەوێت خۆی بکات بە حەوشەی ماڵێکا کە شازادەکەی من لەوێیە . نەک هەر سەرباڵەکانی دەبێ سەرتاپا گیانی شەڵاڵی خوێنی ڕوناکی بێ . سەرتاپا گیانی تەڕ بێ تەڕ . کە دەیگووت تەڕ هەستم بە هاژەی تاڤگەیەک دەکرد لەناو دڵیا هەڵدەقوڵا .

ئای خودایە من ئەو هاوڕێیەم هەرگیز لە یاد ناچێت . نیگارکێشێک تا لە نزیکییەوە بووم ئاگام لێی بوو، چۆن شارێکی دەخوڵقاند و تێکی دەدایەوە . بە پەرەموچەکەی زەمین و ئاسمانی بۆ دەکێشا، شەو و ڕۆژی بۆ دەخوڵقاند و مانگ و خۆرو ئەستێرەی تیا دەنەخشاند . ئەگەر بەبەرچاوی خۆمەوە نەبوایە هەرگیز بڕوام نەدەکرد چۆن هەر چوار دەوری شاری کرد بە شاخ و داخ، بە پەلە و هەر وەکو شێت دونیایەک خەڵکییشی لەناو ماڵەکانەوە هێنایە دەرێ و دونیایەک باڵندەشی هەڵفڕاند بۆ ئاسمان . ئەو هەر بۆ خۆی و بەبێ دەستگیرۆیی هیچ کەسێک هەر بە ئەندێشە و قووڵی ڕوانین، شارێکی دروستکرد و ناوی نا سلێمانی . بەڵام لەبەرئەوەی تەنیا بیری لە خۆی نەدەکردەوە و داهێنان خولیای بوو، بۆی نەدەکرا بە هیچ جۆرێک دڵی فڕیوی کیژۆڵەکەی بۆ چوونە نێو دونیای فراوان پەژیوان بکاتەوە . ئەو لە خوڵقاندنی هەموو شتێکا بە دەستوبرد بوو، وەستابوو، تەنیا لە ڕازی کردنی دڵی کیژێکا دەستوسان . ئەگەرچی تەمەنێکە لێم دوورە بەڵام من لە هەر کوێیەک بم ساردی هەناسە و بەختی گیراوی ئەو هەست پێدەکەم . هەر لە دووریشەوە دەتوانم تارمایی ئەو بهێنمەوە پێشچاوی خۆم . ئەو چۆن شاری دروستدەکرد و تێکیشی دەدایەوە، ئاواش کیژۆڵەی خۆی پارچە پارچە دەکرد و سەرلەنوێ بەو جۆرەی دڵی دەیخواست زیندوی دەکردەوە . تەنیا بۆی نەدەکرا بڕواتە ناو دڵییەوە . کیژۆڵە قفڵێکی لە دڵی خۆی دابوو و کلیلی نەبوو، ئەگەر کلیلیشی هەبوو بێ، ئەو کلیلە بۆ فەرەی دڵشکاو نەدەدۆزرایەوە . ئەو دڵە زەلیلەی ئاسیای ئەلیاسی، هەرگیز بە ئەو نەدەکرایەوە . تا رۆژێک من لە شاری ئەستەنبوڵ لەسەر شەقامێک جگەرەم دەکێشا و ئەو شارە نەفرەتییە لەناو خۆیا ونی کردبووم .

لەپڕ دوو دەست لە پشتەوە هەردوو چاوی داپۆشیم . من لە شوێنی خۆم داچڵەکیم . من لێرە نە دۆستم هەیە نە هاوڕێ .

هەموو ناوی جنۆکە و خێوەکانی دونیام هێنا و ناوی ئەو کەسەم بۆ نەدۆزرایەوە کە هەردوو چاوی شاردبوومەوە .

خۆ تۆ گێل نیت، دوو دەستی ناسکی کیژۆڵەیەکت بۆ جوێ ناکرێتەوە . دەنگی کیژۆڵەیەک بوو هاتە گوێم . دەنگی کیژۆڵەیەکی ناسک .

دەنگی ئاسیای ئەلیاسی بوو . من دەنگی ئەوم نەناسییەوە، دەنگی لەجاران شیرینتر و مناڵانەتر بوو . کاتێک چاوم کردەوە ئاسیا لە تەنیشتی پیاوێکی شەلەوە وێستابوو بە گۆچان دەڕۆی .

خەریک بوو بڵێم، ئەمە کێیە ئاسیا . مامت یان خاڵت . ئەی کوا فەرهادی دڵشکاو . من درەنگ زانیم کەسێک دواجار هاتووە و کلیلی دڵی ئاسیای دۆزیوەتەوە . ئەو کەسە بە گۆچانێکەوە چوو بووە شەڕی ئەژدیها و کلیلی ئەو دڵەی ئاسیای لە کۆشکەکەی هێنابووە دەرێ .

ئەو زوو بە فریا کەوت و دۆستی تازەی بەناوی تارۆی خەمڕەوێن، پێناساندم . ئەو دۆستەی خەونی نێو چوونە دونیای فراوانی بۆ هێنابوو . ئاسیا، ڕووی دەکردە دۆستی تازە و بۆ منی دەگێڕایەوە کە چۆن لە کاتی خۆی لە مناڵیدا تارۆی خەمڕەوێنی، خۆشویستووە و بەڵێنی مەرگ و ژیانیان بەیەکدی داوە . تارۆ ڕۆیشت و منی لە تەنیایی جێهێشت . من تەنیابووم، ئاسیا گووتی . بەڵام تەنیایی بە هیچ جۆرێک دڵی منی نەگۆڕی و من دڵم بە تەنیا بۆ ئەو هەڵگرتبوو . ئای کە دونیام تاریک و نوتەک بوو تا تارۆی خەمڕەوێنی من گەڕایەوە . هەزار بەرد لە پشتی ئەو ڕۆژگارانە . لەو ڕۆژە پڕ لە گریان و ڕەشپۆشی و چارەڕەشیانە .

من لە شوێنی خۆم بێدەنگ وێستابووم و چاوم بڕیبووە لێوەکانی ئاسیای ئەلیاسی، کە چۆن بۆیان دەکرێ هەر وا سووک و ئاسان درۆی ئاوا گەورە و شاخداریان لێوە بێتە دەرێ . بیرم لەوە دەکردەوە چۆن جارێکی دی ئاسیا، دەتوانێ وێنە بکێشی و پەرەمووچە بە دەستەکانییەوە بگرێت . ماشێنەکان بەناو شەقامەکانی ئەستەبول دا خێرا خێرا تێدەپەڕین و لێشاوی هاتوچۆی حەشاماتی خەڵک خەریکبوو سەریان بەگێژ دەهێنام .

من دەرۆیشتم و تەنیا و غەریب لە ڕۆژگارێکم دەڕوانی کە درۆ و بۆگەنی خەریکە دونیا داگیر دەکات . لە ڕۆژگارێک ئیدی سلێمانی بە دەستی بێ وەفاییەوە دەناڵێنێ .