پاش بڵاوبوونەوەی بەشی یەکەم و بەشی دووەم و بەشی سێیەم
(بەشی چوارەم و کۆتایی)
شەشەم: ئایدیۆلۆژیا و ده‌سه‌ڵات:
له نێو فیكری ماركسیزمی ئۆرسۆكسدا دابه‌شكارییه‌كی تۆبۆگرافیی باو هه‌یه بۆ كۆمه‌ڵگا و سیسته‌می كۆمه‌ڵایه‌تی. ئه‌م دابه‌شكارییه دوالیزمێكه كه به‌شێكی زۆری ڕه‌گه‌زه ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و كولتوری و زانستی و ئایینییه‌كان و زمان و زانستیش له خۆ ده‌گرن. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م دوالیزمه ژێرخان/سه‌رخانه. به گوێره‌ی فیكری ماركسیزمی ئه‌رسۆدۆكس، هه‌ر دووی جه‌مسه‌ری ئه‌م دووالیزمه هه‌مان سه‌نگ و به‌هایان له گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا نییه، به‌ڵكو ژێرخان جه‌مسه‌ره یه‌كلاكه‌ره‌وه‌كه‌یه.
ژێرخان واته بنچینه‌ی ماتریالی و ئابووری، كه له به‌شێكیدا وه‌كو مه‌رجه سروشییه‌كان و سیسته‌می ئیكۆلۆژی وێنا كراوه، به‌و مانایه‌ی دیارده‌كانی ژێرخان جۆرێك سه‌ربه‌خۆیی و تۆكمه‌یی خۆیان هه‌یه كه له ئاگایی و ئیراده‌ی مرۆڤ سه‌ربه‌خۆن، به‌م پێیه ژێرخان له‌بری ئه‌وه‌ی به‌رهه‌می دیارده هزریی و ئاگاییه‌كان بێت، خۆی ئاستی ئاگایی و فیكری و كولتوری دیاری ده‌كات، له‌بری ئه‌وه‌ی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئاگایی بێت ئاگایی ئاوه‌ژووی ده‌كاته‌وه و ده‌ینوێنێته‌وه، ئه‌مه‌یش واته ژێرخان ڕه‌گه‌زی كارای گۆڕان و په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تییه و خۆیشی ته‌نیا به گوێره‌ی هه‌لومه‌رجی مێژوویی و به‌كاریگه‌ریی ده‌ره‌نجامه ماتریالییه‌كان گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت. سه‌رخانیش برتییه له بواره سیاسی و مافییه‌كان، ده‌وڵه‌ت و ئایدیۆلۆژیا. له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌یشدا كۆمه‌ڵێك دیارده‌ی دیكه‌ی ده‌گرێته‌وه، له‌وانه فه‌لسه‌فه، هونه‌ر، ئایین، شێوازه‌كانی ڕه‌فتار و ته‌نانه‌ت زانست و زمانیش. ته‌فسیری باو ئه‌وه‌یه كه سه‌رخان ته‌نیا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ژێرخانه، كۆی ئه‌م دیارده سه‌رخانیانه به‌رهه‌می ئه‌و ئاست و دۆخه‌یه كه له ژێرخاندا هه‌یه، واته لێكه‌وته‌ی ئابوورین (په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و خاوه‌ندارێتی كه‌ره‌سته‌كانی به‌رهه‌مهێنان، كه شێوازی به‌رهه‌مهێنان دیاریی ده‌كه‌ن).
تێزه‌كانی ماركس خۆی ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌یان داوه كه سكێچێكی ئاوا بۆ كۆمه‌ڵگه بكرێت، به‌ڵام بێگومان له ماركسیزمی ئۆرسۆدۆكسدا زێده‌ڕه‌وییه‌كی زۆری تێدا كراوه، چونكه بۆچوونه‌كانی ماركسیان به جۆرێك لێكداوه‌ته‌وه كه ماركسیێكی “ئابووریگه‌رای پوخت”ـیان لێ دروست كردووه و ئه‌وه‌یان داوه‌ته‌وه پاڵ هزری ماركس كه هه‌موو مێژوو و گه‌ردوون و جیهان ئابووریی هه‌ڵی ده‌سوڕێنێت، له كاتێكدا فریدریك جه‌یمسن پێیوایه ئه‌م دابه‌شكارییه له‌بری ئه‌وه‌ی حه‌قیقه‌تێكی ڕه‌های سه‌رمه‌دیی، ین له‌بری ئه‌وه‌ی هۆكارگه‌رایی بێت (أ ده‌بێته هۆی ب) “سه‌رخان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ژێرخانه) ته‌نیا سكێچێكی شیكارییه. ته‌نانه‌ت ماركس خۆی ئه‌گه‌ر هه‌ندێك كایه‌ی به ئاڵۆزی و ناڕوونی جێهێشتبێت، ماركسیسته‌كانی دواتر به‌پێی ئه‌م دابه‌شكارییه ئه‌و كایه‌یان یه‌كلایی كردۆته‌وه، بۆ نموونه به گوێره‌ی بۆچوونی هه‌ندێك ماركسیست، ماركس به ڕوونی “زانست”ـی له دیارده‌كانی سه‌رخان حسێب نه‌كردووه، به‌ڵام ده‌بینین گرامشی وای داده‌نێت “بێ چه‌ند و چون” زانستیش دیارده‌یه‌كی سه‌رخانییه. ده‌مه‌وێت بڵێم كه به پێی ئه‌م دابه‌شكارییه، ئابووری بونیادییه و سیاسی و ئایدیۆلۆژیش سه‌رخان پێكدێنن. سه‌رخان هه‌وڵ ده‌دات ململانێ و به‌ریه‌ككه‌وتنه‌كان له‌نێو خۆیدا بڕه‌وێنێته‌وه به‌رله‌وه‌ی پریشكیان بگاته ژێرخان و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر دابنێن. سیاسه‌ت له ڕێگه‌ی ده‌وڵه‌ت و یاساوه و ئایدیۆلۆژیایش له ڕێگه‌ی ئاگایی ساخته‌وه دۆخی باوی ئابووری ده‌پارێزن و درێژه‌ی پێده‌ده‌ن. به مانایه‌كی تر، ئه‌وه‌ی ژێرخان ده‌پارێزێت زه‌بر و فریوودانه.
له سه‌رده‌می سه‌رمایه‌داریی دواییندا ئه‌م دابه‌شكارییه و ئه‌م ته‌فسیره، جگه له‌وه‌ی ڕووبه‌ڕووی ڕه‌خنه كراوه‌ته‌وه، هاوكات چیتر بۆ خوێندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و ئایدیۆلۆیا زۆر ده‌قیق نییه، چونكه هه‌م ده‌سه‌ڵات گۆڕاوه و هه‌م ئایدیۆلۆژیا. نه ده‌سه‌ڵات ده‌سه‌ڵاتێكه كه زه‌بر و سه‌ركوتكاریی ئیش بكات (هه‌رچه‌ند به ته‌واوی ده‌ستبه‌رداریی نابێت) و نه ئایدیۆلۆژیایش ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیی به ئاگاییه‌وه هه‌یه. یه‌كێك له تێزه به ناوبانگه‌كان بۆ خوێندنه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی ئایدیۆلۆژیا بێگومان تێزه‌كانی ئاڵتوسێره و بۆ خوێندنه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی ده‌سه‌ڵاتیش بێگومان تێزه‌كانی میشێل فۆكۆیه. لێره‌دا ته‌نیا ئاماژه به یه‌ك خاڵی تێزه‌كانی فۆكۆ ده‌كه‌ین و له‌دواییشدا سه‌رنجێكی كورت له‌سه‌ر ئایدیۆلۆژیا ده‌رده‌بڕین.
به بڕوای فۆكۆ ده‌سه‌ڵات له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ده‌سه‌ڵاتێكه كه ئه‌و ناوی ده‌نێت “بایۆ-ده‌سه‌ڵات” Bio-power یان “بایۆ-سیاسه‌ت”bio-politics . فۆكۆ ڕیشه‌كانی ئه‌م فۆڕمه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌باته‌وه بۆ سه‌ده‌كانی هه‌ژده و نۆزده و جۆرجیۆ ئاگامبێنێش (كه دواتر په‌ره به تێزه‌كانی فۆكۆ ده‌دات) ده‌یباته‌وه بۆ یۆنانی كۆن. بایۆ-پۆله‌تیك، ته‌نیا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته نییه كه پێشتر فۆكۆ ناوینابوو میكرۆ-پۆله‌تیك یان میكرۆ-فیزیای ده‌سه‌ڵات، به‌ڵكو بایۆ-پۆله‌تیك میكرۆفیزیا له‌خۆیدا هه‌ڵده‌گرێت و ته‌جاوزی ده‌كات. چونكه چیتر مه‌سه‌له‌كه ته‌نیا دیسپلینكردنی ژماره‌یه‌ك خه‌ڵكی، یان گروپێكی دیاریكراو، یان كۆمه‌ڵه كه‌سێك نییه له چواچێوه‌ی دامه‌زراوه‌یه‌كدا یان شوێنێكی جوگرافیی به‌رته‌سكدا، چیتر ته‌نیا به‌ندكردنی شێته‌كان، ڕاهێنانی سه‌ربازه‌كان، چاودێریكردنی نه‌خۆشه‌كان، په‌روه‌رده‌كردنی قوتابیان نییه، له دامه‌زراوه‌كانی په‌یوه‌ست به به‌خۆیاندا، به‌ڵكو ده‌سه‌ڵاتێكه كه ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به دانیشتوانه‌وه هه‌یه، واته سیاسه‌تێكه تێكه‌ڵ به ژیانی خه‌ڵكییه و چاودێریی گشتی به‌رهه‌م ده‌هێنێت. ده‌سه‌ڵاتی دیسپلینكاریی ڕاسته‌وخۆ له‌سه‌ر جه‌سته موماره‌سه ده‌كرێت، به‌ڵام باپۆ-پۆله‌تیك ڕاسته‌وخۆ موماره‌سه له‌سه‌ر ژیان ده‌كات، ده‌سه‌ڵاتێكه كه كار له‌سه‌ر ته‌ندروستی و زه‌واج و نه‌خۆشی و دیاریكردنی ڕێژه‌ی منداڵبوون و ژینگه و دابه‌شبوونی ئه‌ندازه‌یی گه‌ڕه‌ك و شاره‌كان و ئاساییش و ئارامی و بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و خزمه‌تگوزارییه گشتییه‌كان…هتد ده‌كات. به بڕوای فۆكۆ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته له سه‌ره‌وه به‌سه‌ر دانیشتواندا پراكتیزه ناكرێت، به‌ڵكو له ڕێگه‌ی كه‌ره‌سته زۆر و زه‌به‌نده‌كانه‌وه له‌نێو خودی ژیاندا و له ئاستی دانیشتووانه‌وه داده‌ڕێژرێت و موماره‌سه ده‌كرێت، به مانایه‌كیتر له‌و بوارانه‌وه كه ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیدارن به ژیانی خه‌ڵكییه‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی باسه‌كه زۆر درێژنه‌بێته‌وه، ده‌مه‌وێت بڵێم گه‌رچی له ڕوانگه‌ی جیاوازه‌وه ڕه‌خنه‌ی ئه‌م تێزانه‌ی فۆكۆ بكرێت، به‌ڵام هیچ كه‌سێك ناتوانێت به ئاسانی بوێریی ئه‌وه‌ی هه‌بێت ڕه‌تیان بكاته‌وه (مه‌گه‌ر ئه‌مه هه‌ر له نووسه‌ری كورد بوه‌شێته‌وه)، هه‌ر له‌به‌رئه‌مه‌یشه دواتر چه‌ندین فه‌یله‌سوف و بیرمه‌ند په‌ره‌یان به‌م تێزه‌ی فۆكۆ داوه و فراوانیان كردووه، له‌وانه دۆلۆز و ئاگامبێن و ئه‌نتۆنیۆ نێگری و مایكل هارت.
به پێی ئه‌م خوێندنه‌وه‌ی فۆكۆ ده‌سه‌ڵات چیتر ده‌وڵه‌ت نییه كه له كۆمه‌ڵگه سه‌ربه‌خۆیه و وه‌ك كیانێك له‌سه‌رووی كۆمه‌ڵگه‌وه ڕاوه‌ده‌ستێت، پاشان له‌وێوه ده‌سه‌ڵاتی خۆی ده‌سه‌پێنێت (پێناسه ماركسیستییه ته‌قلیدییه‌كه)، به‌ڵكو ده‌وڵه‌ت خۆی شێوازی حوكمه‌تداریی (governmentality) وه‌ده‌گرێت كه كار به سیاسه‌تی ژیان ده‌كات و ڕاسته‌وخۆ تێكه‌ڵ به ژیانی دانیشتوان ده‌بێت.
ئه‌ی ده‌رباره‌ی ئایدیۆلۆژیا چی؟ هه‌ڵبه‌ت له پاشكۆی كتێبی (دژ به لێخۆشبوو‌ن)ـدا وتوومه، وه‌زیفه‌كانی ئایدیۆلۆیا لای لووی ئالتۆسێر تاڕاده‌یه‌كی زۆر له وه‌زیفه‌كانی ده‌سه‌ڵات ده‌چن لای میشێل فۆكۆ؛ ئه‌گه‌ر یه‌كێك نه‌یه‌وێت له‌م خاڵه تێبگات كه‌واته باشتره بچێت نوكته‌ی ئه‌خۆل بخوێنێته‌وه نه‌ك خه‌ریكی فیكر بێت، چونكه ئه‌م تۆمه‌ته ده‌درێته پاڵ فۆكۆ كه گوایه باسی ئایدیۆلۆژیای نه‌كردووه. ئه‌مه‌یش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه له‌وه تێناگه‌ن كه ئایدیۆلۆژیا خۆیشی گۆڕاوه و ڕاستوخۆ بۆته كرده و پراكتیك، ئینجا ڕاسته‌وخۆیش تێكه‌ڵ به ده‌سه‌ڵات و میكانیزمه‌كانی دیكه‌ی ده‌سه‌ڵات بووه. به‌شێك له بیرمه‌ندانی چه‌پی ئه‌مڕۆ پێیانوایه ئایدیۆلۆژیا له‌مڕۆدا ئه‌وه نییه كه چۆن بیربكه‌یته‌وه له دۆخی و گوزارانی خۆت، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه چۆن ئه‌وه بكه‌یت كه سیسته‌م داوای ده‌كات. به بڕوای “نیكۆس پۆلانزاس” چیتر خورافه‌ت و ئایین و ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و فانتازیا و به‌ڵێنی درۆ و فه‌لسه‌فه ئایدیۆلۆژیا پێكناهێنن، به‌ڵكو زانست و مه‌عریفه ڕاسته‌قینه‌كانیش تێێدا به‌شدارن، لای پۆلانزاس له‌مه‌یش زیاتر ئه‌وه‌یه كه ئایدیۆلۆژیا ته‌نیا ڕه‌گه‌زێكی سه‌رخانیی نییه (وه‌ك ئه‌وه‌ی لای گرامشی هه‌بوو)، به‌ڵكو وه‌ك ڕه‌گه‌زێكی چالاكیی بونیادیی له‌گه‌ڵ بونیادی ئابووری و سیاسی‌دا كار ده‌كات. كه‌واته له‌مڕۆدا ده‌شێت حه‌قیقه‌ت و حه‌قیقه‌تی زانستییش ڕۆڵی ئایدیۆلۆژییان هه‌بێت، یان با به كورتی بڵێین جاری وا هه‌یه ده‌شێت هۆشیاریی ڕاسته‌قینه خۆی ڕۆڵی هۆشیاریی ساخته بگێڕێت. پۆینته‌كه ئه‌وه‌یه چیتر هۆشیاربوونه‌وه (وێرای گرنگییه‌كه‌ی) ناتوانێت ببێته مایه‌ی دروستكردنی گۆڕانێكی جددی، له‌به‌رئه‌وه‌ی سوبێكت به ده‌یه‌ها داوی دیكه به‌ستراوه‌ته‌وه. به‌ڵام با ئێمه به جۆرێكیتر ئه‌م كێشه باس بكه‌ین. گه‌ر ئایدیۆلۆژیا چیتر ئاگایی ساخته نه‌بێت، كه‌واته ئاگایی ڕاسته‌قینه ده‌توانێت چی بگۆڕێت؟ دوالیزمی “ئاگایی ساخته/ئاگایی ڕاسته‌قینه” ته‌نیا پێكه‌وه ده‌توانن كار بكه‌ن، به‌و مانایه‌ی گه‌ر ئاگایی ساخته كارا بێت و شتێكی ڕاگرتبێت ئه‌وا ئاگایی ڕاسته‌قینه ده‌توانێت ئه‌و شته بشێوێنێت و تێك بدات. به‌ڵام له سه‌رده‌می سه‌رمایه‌داریی دواییندا ئه‌م دوالیزمه وه‌ك سه‌رجه‌م دوالیزمه‌كانی دیكه به جۆرێك تێكه‌ڵی یه‌كتری بوون كه به زه‌حمه‌ت ده‌توانین دیاری‌یان بكه‌ین، چونكه له ئێستادا ده‌سه‌ڵات ته‌نیا پشت به ئاگایی ساخته نابه‌ستێت، به‌ڵكو میكانیزمی زۆر و زه‌به‌ندی هه‌یه بۆ ڕازیكردن و دیسپلینكردن و فریوودان و سه‌ركوتكردنی چینه‌كان و سوبێكته‌كان، به‌ڵام له هه‌موویشی گرنگتر ئه‌وه‌یه كه ڕاسته‌وخۆ خۆی به ژیانی هه‌موو دانیشتوانه‌وه به‌ستۆته‌وه. ئێستا ئه‌ركی كه‌سانی ڕادیكاڵ و دژه سیسته‌م ئه‌وه نییه به تێزی وه‌همی و یۆتۆپی و “ئینكاگه‌رایی” بیه‌وێت هه‌مان خوێندنه‌وه ته‌قلیدییه‌كه بۆ ده‌سه‌ڵات و ئایدیۆلۆژیا بكات، به‌ڵكو ئه‌ركه‌كه له جارانیش سه‌ختتره و ئه‌وه‌یه چۆن به وردی ده‌ستنیشانی دۆخه‌كه و سه‌رده‌مه‌كه بكات تاوه‌كو گۆڕانه‌كان ببینێت و كه‌ره‌سته‌ی نوێ بۆ به‌ره‌نگاریی بدۆزێته‌وه.
حەوتەم: جیهانگیری و ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه:
جیهانگیریی پرۆژه‌یه‌كی دوای جه‌نگی سارده بۆ سه‌رده‌مێكی نوێ، كه هه‌ندێك پێی ده‌ڵێن سه‌ده‌می باڵاده‌ستیی ئه‌مریكی. ئه‌م پرۆژه‌یه ته‌نیا داگیركاری سه‌ربازی و كولتووری نییه، به‌ڵكو زۆرینه‌ی چه‌مك و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی سه‌رده‌مانی پێش خۆی گۆڕیوه، به‌م مانایه جیهانگیریی پرۆژه‌یه‌كی ئیمپریالیستی نییه، به‌ڵكو به ته‌واوی شتێكی نوێیه؛ مه‌سه‌له‌كه‌یش ئه‌وه‌یه ئیمپریالیزم خۆی درێژبوونه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ته-نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی ئه‌وروپا بوو بۆ ئه‌و دیوی سنووره‌كانی خۆیان؛ له ئێستادا سنووره‌كانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه ڕه‌قێتییان له ده‌ست داوه و بوونه‌ته سنووری نه‌رم و سنووره جوگرافیه-سیاسییه‌كانی نه‌ته‌وه‌كان چیتر سه‌نگی خۆیان نه‌ماوه، به‌ڵكو نه‌ته‌وه‌كان له‌نێو په‌لكه‌زێڕینه‌یه‌كی جیهانیدا تێكه‌ڵ به یه‌كتری بوون، ئینجا پرۆژه‌ی ئیپریالستی پێویستی به سه‌نته‌رێكی چڕی ده‌سه‌ڵات بوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت وڵاتێكی تر داگیر بكات، ئێستا گه‌ر هه‌موو جیهان ببێته پانتایی و گۆڕه‌پانی پرۆژه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له هه‌موو به‌شێكی ئه‌و جیهانه‌دا كار بكات و تێیدا سه‌رمایه كه‌ڵه‌كه بكات، ئایا هێشتایش پێویست به سه‌نته‌رێكی چڕی ده‌سه‌ڵات ده‌كات؟
هه‌ڵبه‌ت جه‌نگ و ناعه‌داله‌تی و چه‌وساندنه‌وه كۆتاییان پێنایه‌ت به‌ڵكو به جۆرێكی دیكه و له‌نێو پرۆژه‌ی نوێ‌دا به‌رهه‌م ده‌هێنرێنه‌وه. بۆ نموونه له سه‌رده‌می جیهانگیریدا ڕاسیزم كۆتایی پێنایه‌ت، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان له‌بری ئه‌وه‌ی ڕاسیزمێكی بایۆلۆژی بێت، ڕاسیزمێكی كولتوورییه. بێگومان ئه‌م پرۆژه‌یه له‌گه‌ڵ نیولیبرالیزمدا ته‌واو گونجاو و ته‌با و هاوئاهه‌نگه، بۆ ئه‌وه‌ی جیهانیش بگرێته‌وه زیاتر پێویستی به بازاڕ و به‌رهه‌مهێنانی مۆدێلات و ته‌كنۆلۆژیای پێشكه‌وتووه. جیهانگیریی بۆ ئه‌وه‌ی چالاك بێت ده‌بێت سنووره‌كان كاڵ بكاته‌وه و بیانكاته سنووری فشۆڵ، بۆ ئه‌مه‌یش به پله‌ی یه‌كه‌م پشت به داگیركاریی سه‌ربازی و بڵاوكردنه‌وه‌ی سوپای گه‌وره نابه‌ستێت (وه‌ك هه‌ندێك ڕۆشنبیری كورد له كاتی داگیركاریی عێراقدا ئه‌م ته‌فسیره‌یان بۆ كرد)، به‌ڵكو سوپا و چه‌ك ته‌نیا وه‌ك بژارده و له حاڵه‌تی ئاوارته و ناچاریدا به‌كارده‌هێنێت، یان ئه‌و كاته‌ی كه خزمه‌ت به دیوه‌كانی دیكه‌ی جیهانگیریی بكات.
دیاره كه باس له جیهانگیریی ده‌كه‌ین به‌و مانایه نییه نه‌ته‌وه‌كان هه‌موو ده‌بنه یه‌ك نه‌ته‌وه و جیاوازییه‌كان ده‌سڕدرێنه‌وه و هه‌موو به یه‌ك زمان قسه ده‌كه‌ن و یه‌ك ده‌وڵه‌تی گه‌وره‌یشیان ده‌بێت، به‌ڵكو وێڕای پاراستنی هه‌موو جیاوازیی و دابه‌شكارییه‌كان و مانه‌وه‌ی نایه‌كسانییه‌كان، هه‌ندێ شتی‌تر هه‌موویان كۆده‌كاته‌وه و وه‌ك كۆمه‌ڵێك دا‌و ئه‌مسه‌ری جیهان به‌وسه‌ری جیهانه‌وه گرێ ده‌ده‌نه‌وه و ده‌بنه زمانی هاوبه‌شییان، وه‌كو: بازاڕ، ته‌كنۆلۆژیا، گه‌شتوگوزار، فۆتبۆڵ و..هتد. چیتر مه‌سه‌له‌كه پێشێلكردنی سه‌روه‌ری ده‌وڵه‌تێك نییه له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تێكی دیكه‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌سه‌رده‌می ئیمپریالیزمدا هه‌بوو، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه چۆن هاوكاریی و یارمه‌تی، دیموكراسی و مافی مرۆڤ به ده‌وڵه‌ته دواكه‌وتووه‌كانیش بگه‌یه‌نرێت. ڕێكخراوه ناحكومییه‌كان و خێرخوازییه‌كان و ڕۆژنامه‌نووسانی بێ‌سنوور و هیومان ڕایتس وۆچ و ده‌یان ڕێكخراویتر هه‌رهه‌موویان به‌رهه‌می جیهانگیرییه‌كن كه چیتر سنووری ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه ناتوانێت بیانوه‌ستێنێت، وه‌ك چۆن له پێشتر سوپای وڵاتێك هه‌وڵیده‌دات به‌ر به سوپای وڵاتێكی داگیركه‌ر بگرێت. جارێكیان ڕۆشنبیرێكی كورد گووتی (قسه‌كان له به‌رنامه‌یه‌كی ته‌له‌فزیۆنیدا كراون و ته‌نیا به‌و جۆره ده‌یانووسم كه له یاده‌وه‌ریمدا ماون) : “ئه‌مرۆ وێڕای ئه‌وه‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا سیاسه‌تێكی ترسناكه، به‌ڵام ئه‌مریكا خۆی ڕۆڵی گه‌وره ده‌گێڕێت و به‌رپرسیارێتییه‌كی قورسی له ئه‌ستۆیه، له هه‌ر وڵاتێك بومه‌له‌رزه ده‌بێت یه‌كسه‌ر خه‌ڵك ده‌پرسن ڕۆڵی ئه‌مریكا چییه، لافاوێك ڕووده‌دات خه‌ڵك ده‌پرسن ڕۆڵی ئه‌مریكا چییه و)..هتد. ئه‌م ڕۆشنبیره ڕاست ده‌ڵێت، ئه‌مڕۆ ئه‌مریكا به‌رپرسیارێتی گه‌وره‌ی له ئه‌ستۆیه، هه‌ر به ناوی ئه‌م به‌رپرسیارێتیه‌شه‌وه‌یه كه جیهانگیریی ده‌توانێت كار بكات. دیاره من ئه‌و بۆچوونه ڕه‌تده‌كه‌مه‌وه كه له سه‌ره‌تاوه وتم هه‌ندێك بیرمه‌ند پێیانوایه جیهانگیریی واته سه‌رده‌می باڵاده‌ستی ئه‌مریكی. بێگومان ئه‌مریكا سه‌ركردایه‌تی ئه‌م پرۆژه‌یه ده‌كات و هێڵه سه‌ره‌كییه‌كانی داده‌ڕێژێت، به‌ڵام به مه‌رجێك ئه‌مه وه‌ك ئیمپریالیزم تێنه‌گه‌ین، چونكه زیاتر پرۆژه‌یه‌كی “ئیمپراتۆری”ـیه كه ده‌یه‌وێت هه‌موو جیهان تێیدا به‌شداربێت و سوود له توانای هه‌مووان وه‌ربگرێت بۆ داڕشتنی سیاسه‌ته‌كانی، ئه‌وه بۆیه له ئه‌مریكا سه‌ده‌ها زانا و بیرمه‌ند و ڕاوێژكاری یابانی و چینی و كۆری و به‌ریتانی و ڕووسی و فه‌ره‌نسی و ئیسلامی هه‌یه و زۆربه‌یشیان له‌نێو ده‌زگا ستراتیژی و لێكۆڵینه‌وه‌كانی ئه‌مریكادا كار ده‌كه‌ن. ڕۆڵی وڵاتانی تر ته‌نیا ڕۆڵی پاسه‌وانی كرد نییه له ئه‌مریكا، وه‌ك ئه‌وه‌ی چۆمسكی ده‌ڵێت: به‌ریتانیا سه‌گی ئه‌مریكایه، هه‌ر كات بیه‌وێت ئه‌توانێت به‌ریبداته وڵاتانی دیكه. جیهانگیریی زیاتر له ڕێگه‌ی زانیاریی و ته‌كنۆلۆژیا و خێرخوازی و ڕێكخراوه جیهانییه‌كان و ڕێكخراوه جاسووسی و هه‌واڵگرییه‌كان و میدیا و سۆشیال میدیا و بازاڕ و به‌رهه‌مهێنانی مه‌سره‌فگه‌راییه‌وه ڕووده‌دات، هه‌ر ئه‌مانه‌یشه كه سنووره‌كان به جۆرێك فشۆڵ ده‌كه‌ن كه هه‌ر ده‌ستێوه‌ردانێكی ئیمپراتۆریی ئه‌مریكی فۆڕمی به‌رپرسیارێتی و هاوكاری وه‌ربگرێت، واته جۆرێك ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌خلاقی و مافخوازی. ئه‌مه‌یش ته‌نیا گۆڕانی ناو نییه، به‌ڵكو گۆڕانی ناوه‌ڕكیشه و لێره‌دا ده‌رفه‌تی ئه‌وه نییه زیاتری له‌سه‌ر بڵێین، به‌ڵكو ده‌مه‌وێت ته‌نیا دوا سه‌رنج له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه ده‌رببڕم.
گه‌ر سیسته‌می سیاسی ئه‌م سه‌رده‌مه‌مان جیهانگیریی بێت و سنووره‌كانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه فشۆڵ ببوبن و پرۆژه‌یه‌كی ئیمپراتۆری جیهانیی گرتبێته‌وه، واتای ئه‌وه‌یه هه‌ر خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ سیسته‌می ئه‌مڕۆ به چه‌مكه‌كانی سه‌رده‌می ئیمپرالیزم خوێندنه‌وه‌یه‌كی ورد و ده‌قیق نییه و به‌كارهێنانی هه‌ر كه‌ره‌سته‌یه‌كی به‌ره‌نگاریی سه‌رده‌می ئیمپریالیزمیش (وه‌كو چه‌پی ناسیۆنالیستی) بۆ خۆی مه‌حكومه به شكست.
هەشتەم: تیرۆر، فه‌نده‌مێنتالیزم:
تیرۆر یه‌كێكه له دیارده هه‌ره زه‌قه‌كانی نێو دنیای گڵۆباڵ و تایبه‌ت به‌م سیسته‌مه جیهانییه، كه زۆرجار به فه‌نده‌مێنتالیزمه‌وه گرێ ده‌درێته‌وه. له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا تیرۆر به شێوه‌ی جیاواز جیاواز بوونی هه‌بووه، به‌ڵام هه‌رگیز به‌و جۆره‌ی ئه‌مڕۆ هه‌یه و لێیتێده‌گه‌ین تایبه‌تمه‌ندیی قۆناغێك نه‌بووه، هه‌ر له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئه‌مڕۆیشماندایه كه فه‌نده‌مێنتالیزم، هه‌م وه‌ك ڕه‌تكردنه‌وه‌ی مۆدێرنیزم و هه‌م وه‌ك نۆستالژیا بۆ سه‌رده‌مانی ڕابردوو، گه‌شه ده‌كات.
جیاوازی تیرۆری نێو سیسته‌می سه‌رمایه‌داریی دوایین له تیرۆری سه‌رده‌مانی پێشتر ئه‌وه‌یه كه هه‌م به‌شێكی سه‌ره‌كییه بۆ ستراتیژی ئیشكردنی سیسته‌م و هه‌میش ده‌ره‌نجامی لۆژیكی سیسته‌مه‌كه‌یه. ژاك دێریدا له چاوپێكه‌وتنێكیدا ده‌ڵێت تیرۆریزم به هیچ یه‌كێك له چه‌مكه‌كانی پێشتر و به تایبه‌تیش به دوالیزمه‌كان ناخوێنرێته‌وه، به‌ڵكو دیارده‌یه‌كی ته‌واو تایبه‌ته كه پێویستی داهێنانی چه‌مكی نوێیه. بۆ نموونه جه‌نگ له‌گه‌ڵ تیرۆریزمدا وه‌ك جه‌نگه‌كانی پێشتری سه‌رده‌می مۆدێرنیزم نییه، چونكه جه‌نگ له سه‌ده‌ی نۆزده و بیستدا جه‌نگی نێوان دوو ده‌وڵه‌ت بوو، به‌ڵام جه‌نگ له‌گه‌ڵ تیرۆردا جه‌نگی ده‌وڵه‌ت و نا-ده‌وڵه‌ته. تیرۆریزم ده‌وڵه‌تی نییه، به‌ڵكو په‌رت و بڵاو و بێ چه‌قه. به‌م واتایه سه‌رجه‌می ئه‌و چه‌مكانه‌ی بۆ جه‌نگی دوو ده‌وڵه‌ت به‌كارده‌هێنران، بۆ وه‌سفكردن و خوێندنه‌وه‌ی جه‌نگ دژی تیرۆریزم له‌كار ده‌كه‌ون. ڕه‌نگه كه‌سێك بپرسێ ئه‌وه‌تا داعش بانگه‌شه‌ی “ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌ت” ده‌كات. بێگومان هه‌ركاتێك تیرۆریزم بۆی بلوێت هه‌وڵێكی له‌م جۆره ده‌دات، به‌ڵام له باشترین حاڵه‌تدا به گریمانه‌ی ڕوخانی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی داعش‌یش هێشتا ئه‌و ئه‌گه‌ره دووره تیرۆریزم كۆتایی پێ بێت، وه‌ك چۆن به لابردنی تالیبان له ئه‌فغانستان تیرۆر كۆتایی پێنه‌هات. وێرای ئه‌مه‌یش، دروستكردنی ده‌وڵه‌ت له‌لایه‌ن تیرۆریسته‌كانه‌وه ته‌نیا دوای زنجیره‌یه‌ك كرده‌وه ده‌بێت كه له ڕاستیدا ئامانجی دروستكردنی ده‌وڵه‌ت نه‌بووه، به‌ڵكو شێواندن و شپرزه‌كردن و خاپووركردنی ده‌وڵه‌تانی دیكه بووه، به‌م واتایه ده‌وڵه‌ت جۆرێكه له گه‌مه‌ی ستراتیژیی كه ده‌شێت هه‌ر كاتێك پێویست نه‌بێت هه‌ڵبوه‌شێته‌وه و وازی لێ بهێنرێت.
تیرۆر نه توندوتیژی و كوشتوبڕه و نه له‌نێوبردنی به كۆمه‌ڵ و نه ته‌قینه‌وه و جه‌نگ، به‌ڵكو هه‌ر به ساده‌یی “بڵاوكردنه‌وه‌ی ترس و تۆقاندنه” به‌شێوه‌یه‌كی ڕه‌مزی. گه‌ر تیرۆریسته‌كان ته‌قینه‌وه ده‌كه‌ن و ده‌كوژن و سه‌رده‌بڕن، ئه‌وا هه‌موو ئامانجی ئه‌م كاره بۆ كوشتن و له‌نێو بردنی كه‌سێك یان گروپێكی دیاریكراو نییه كه به هه‌ر پاساوێك بێت ڕه‌وایه‌تی به كوشتن‌یان دراوه، به‌ڵكو ئامانجه‌كه ته‌واو ڕه‌مزییه و مه‌به‌ستیش دروستكردنی فۆبیای گشتییه، بۆیه ده‌شێت هه‌ركه‌سێك ببێته كه‌ره‌سته‌ی كوشتن و سه‌ربڕین تاوه‌كو له‌و ڕێگه‌یه‌وه ترس و تۆقاندن بڵاوبكرێته‌وه. به بڕوای ژان بۆدردیار كرده‌ی تیرۆریستی و به تایبه‌تیش “خۆكوژی” یان “خۆته‌قاندنه‌وه” كرده‌یه‌كی ڕه‌مزییه و ناردنی په‌یامێكه بۆ سیسته‌م، ئه‌م په‌یامه به‌شێك نییه له ده‌ره‌وه‌ی سیسته‌مه‌كه، به‌ڵكو ئه‌و كه‌لێنه‌یه كه له به‌ره‌نجامی ڕه‌قیی سیسته‌مه‌كه خۆیه‌وه دروستبووه، شه‌به‌قێكه كه ده‌شێت بكه‌وێته نێو دڵی هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكی وه‌ها گه‌ردوونی و گلۆباڵه‌وه كه بانگه‌شه‌ی سه‌راپاگیریی بكات، بۆیه هه‌ر سیسته‌مێكی جیهانگیریی له‌م جۆره‌ی ئه‌مڕۆ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه ببێته به‌شدار له خۆكوشتن و له‌نێوبردنی خۆیشیدا. لای بۆدریار “خۆكوژی” بۆیه كارێكی ڕه‌مزییه چونكه سیسته‌م گره‌وی له‌سه‌ر جه‌نگێكی له‌م جۆره نه‌كردووه، واته بڕیار نه‌بووه خۆكوژی ببێته بنه‌مای گه‌مه‌كه، هه‌ر ئه‌مه‌یشه ته‌حه‌دای تیرۆریسته‌كان بۆ سیسته‌م، به‌و مانایه‌ی گه‌ر سیسته‌مه‌كه ده‌یه‌وێت زیاتر و زیاتر جیهانی ببێته‌وه و به‌رده‌وام له ئاستی گشتیتردا خۆی بسه‌پێنێت و بانگه‌شه‌ی “هه‌موو شت توانی” ]كلی القدره[ بكات، ئه‌وا هێشتا شتێك ماوه‌ته‌وه كه ئه‌و ناتونێت بیكات ئه‌ویش خۆكوژیی بكاته چه‌كی خۆی. دیاره مه‌به‌ستی بۆدیار ئه‌وه نییه كه بۆ ئه‌وه‌ی دژی سیسته‌م بین ده‌بێت ببینه خۆكوژ و تیرۆریست، به‌ڵكو زیاتر ده‌یه‌وێت دووخاڵ زه‌ق بكاته‌وه، ئه‌ویش:
- گه‌ر سیسته‌م تا ئه‌م ڕاده‌یه گشتگیر و جیهانی بێت بێگومان له ڕووی لۆژیكییه‌وه تیرۆریزم به‌رهه‌مدێنێت كه جه‌نگی ڕه‌مزیی له‌گه‌ڵدا ده‌كا.
- ده‌بێت گروپه به‌ره‌نگاریكه‌ره‌كان جگه له‌م ستراتیژ و گره‌وه بیر له شێوازی دیكه‌ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه بكه‌نه‌وه، چونكه تیرۆریزم چه‌نده كاریگه‌ریش بێت هێشتایش به‌شێكه له نه‌زمه‌كه خۆی.
بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سێك نه‌ڵێت باسكردنی تیرۆر له‌م فراگمێنته‌دا هه‌ر له گروپه تیرۆریستییه‌كاندا كورتكراوه‌ته‌وه، ده‌توانین مشتومڕی ئه‌و خاڵه‌یش بكه‌ین كه پێی ده‌وترێت “تیرۆری ده‌وڵه‌تی”. ئه‌م جۆره تیرۆره زۆربه‌یجار له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌كان و به‌تایبه‌تیش ده‌وڵه‌ته نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و به‌تایبه‌تتریش له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته دیكتاتۆره‌كانه‌وه به‌كارهێنراوه، به‌ڵام وه‌ك پێشتر وتمان چیتر ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه چه‌ق و قورسایی و هه‌ڵسوڕێنه‌ری ململانێكان و ده‌سه‌ڵات نییه، به‌ڵكو سیسته‌مێكی جیهانیه كه ئه‌وه‌نده‌ی كه‌ره‌سته‌ی دیكه‌ی له‌نێوبردن و دروستكردنی ترس و تۆقاندن و هه‌ڕه‌شه‌ی وه‌همی هه‌یه زۆر پێویستی به كرده‌وه‌ی زه‌قی تیرۆریستی نه‌ماوه. بۆ نموونه بڵاوكردنه‌وه‌ی نه‌خۆشی و ڤایرۆسه‌كان بۆ له‌نێوبردنی ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵكی و به‌م هۆیه‌وه دروستكردنی بازاڕی ده‌رمان، شێوازێكی نوێی كۆكوژییه كه زۆر ئاسایی و نادیار و تێده‌په‌ڕێت. یاخود دروستكردنی ترس و تۆقاندنی گشتگیر له‌ڕێگه‌ی زانست و فیلم و لێكۆڵینه‌وه فه‌زاییه‌كانه‌وه، كه هێدمه‌ی قورسی ده‌روونی دروست ده‌كه‌ن، بۆ نموونه په‌ره‌دان به بیرۆكه‌ی بوونه‌وه‌ری فه‌زایی ترسناك و وێرانبوونی زه‌وی و هێرشی نه‌یزه‌كه‌كان و..هتد، دواجار ده‌زگاكانی سیسته‌مه جیهانییه‌كه له هه‌موو شتێك ئاگادارمان ده‌كاته‌وه و ئارامیشیمان پێده‌داته‌وه. بگره ئه‌م جۆره تیرۆره نوێیه پێویستی به به‌كارهێنانی چه‌كه ترسناكه‌كانی نییه، ئه‌وه‌نده به‌سه نمایشیان بكات، یان یه‌ك دووجار تاقیی بكاته‌وه (وه‌كو ئه‌وه‌ی له هێرۆشیما و ناكازاكی ڕوویدا)، یاخود فیلمی دیكۆمێنتاریی و گریمانه‌ییان له‌باره‌وه دروست بكات تاوه‌كو هه‌مووان بتۆقین.
به هه‌رحاڵ، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه بڵێم تیرۆر و فه‌نده‌مێنتالیزمی كۆتایی سه‌ده‌ی بیست و سه‌ده‌ی بیستویه‌ك دیارده‌یه‌كی ته‌واو نوێیه و هه‌ر بانگه‌شه‌یه‌ك كه بیه‌وێت به مه‌سه‌له‌ی ئابووریی په‌تی، چینایه‌تی، جه‌نگی هه‌ژاران، توتدوتیژیی ئایینی، ئایدیۆلۆژیا و…هتد بیخوێنێته‌وه ناتوانێت شتێكی ورد و بنه‌ڕه‌تیمان له‌باره‌یه‌وه پێ بڵێت، بۆیه له‌به‌رچاونه‌گرتنی ئه‌م دیارده نوێیه‌ی سیسته‌م وه‌ك گۆڕانێكی جددی له سیسته‌مه‌كه‌دا، وه‌ك دیارده‌یه‌ك كه ئه‌ركی سه‌خت ده‌خاته سه‌ر فیكر بۆ پشكنین و دیاریكردنی ورد، جگه له گه‌مژه‌یی هیچی دیكه نییه. مه‌به‌ستیشم ئه‌وه‌یه ناكرێت به چه‌كی سواو سیسته‌م بگۆڕین، به‌ر له هه‌ر شتێك پێویسته دۆخی ئه‌مڕۆی جیهان به وردی ده‌ستنیشان بكرێن ئینجا ستراتیژیی گۆڕان له فشۆڵی و كه‌لێنه‌كانه‌وه ده‌ست پێبكات؛ به مانایه‌كی دیكه چه‌مكه‌كانیش وه‌كو چه‌كه‌كان وان، گه‌ر بسوێن و له‌كاربكه‌ون ناتوانن هیچ كارگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆیان هه‌بێت، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی چه‌مكێك له‌كار نه‌كه‌وێت پێویسته تازه‌بكرێته‌وه و ده‌وڵه‌مه‌ند بكرێت و وزه‌ی نوێی پێبدرێت، ئه‌وه‌یش به‌وه ده‌بێت له‌نێو یه‌ك مه‌نزمه و ڕه‌وتێكی فیكرییدا نه‌یخنكێنین (وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ندێك هه‌وڵ ده‌دەن ماركس له ئابووریدا بخنكێنن).
نۆیەم: فه‌زای مه‌جازی:
هه‌موو هه‌وڵه‌كانی مێژوو بۆ گۆڕینی دونیا هه‌وڵ بووه بۆ گۆڕینی واقیع. واقیعی باو تاڕاده‌یه‌كی زۆر ویستوویه‌تی ڕه‌ق و نه‌گۆڕ و جێگیر خۆی پیشان بدات، بۆیه هه‌ر هه‌وڵێكیش بۆ گۆڕینی پێویستی به به‌رهه‌ڵستییه‌كی ڕه‌ق و گه‌وره‌ی وه‌كو شۆڕش بووه. ئێستایش واقیع ده‌یه‌وێت به بێ ئه‌وه‌ی هێنده‌یش ڕه‌ق و نه‌گۆڕ و خۆی پیشان بدات، بمێنێته‌وه و ئه‌دبه‌ییش بێت، له‌به‌رامبه‌ریشدا فیكری شۆڕشگێڕیی سووره له‌سه‌ر دانانی ئه‌ڵته‌رناتیڤ و دروستكردنی دنیایه‌كی دیكه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه سه‌رنجی لێ بده‌ین ئه‌وه‌ی واقیع هێدی هێدی خۆی له‌نێو دنیایه‌كی دیكه‌دا هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه كه فه‌زای مه‌جازییه. یان ده‌توانین به پێچه‌وانه‌وه‌یش بیڵێین: فه‌زای مه‌جازی له‌نێو خۆیدا واقیعی هه‌ڵمژیوه و فۆرموله‌ی كردۆته‌وه. گه‌ر كه‌مێك نه‌رمتریش قسه بكه‌ین ئه‌وپه‌ڕی ده‌ڵێین فه‌زای مه‌جازی واقیعی له‌ناوه‌وه پارچه‌پارچه كردووه بۆ ئه‌وه‌ی نه‌گیرێت و هه‌ڵنه‌وه‌شێته‌وه. به‌م واتایه دوالیزمی واقیعی-مه‌جازی چیتر به ساده‌یی دژی یه‌كتر نین، به‌ڵكو به‌رده‌وام شوێنه‌كانیان ئاڵوگۆڕ ده‌كه‌ن و یه‌كتری تۆخ ده‌كه‌نه‌وه. له سه‌رده‌مانی پێشتردا خه‌ون و فانتازیا له شوێنێكی تردا بوون، له ده‌ره‌وه‌ی واقیع بوون، بۆیه هه‌ر گۆڕانێكی واقیع له‌نێو ئه‌م ده‌ره‌وه‌یه‌وه ده‌هات، له‌نێو فانتازكردنی جیهانێكی دیكه، خه‌ونبینین به جیهانێكی دیكه‌وه. به‌م جۆره كاری مه‌جاز ئه‌وه‌بوو واقیع به واقیعێكی تر بگۆڕێت. له سه‌رده‌می ته‌كنۆلۆژیا و ئینته‌رنێت و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و میدیا و وێنه و (3D)ـدا نه‌ك مه‌جاز بۆته به‌شێك له واقیع به‌ڵكو واقیعی له‌نێو خۆیدا ون كردووه، به مانایه‌كیتر واقیعیشی كردۆته مه‌جاز كه چیتر ناتوانین بیناسینه‌وه. كه‌واته مه‌به‌ستمان ئه‌وه نییه بڵێین هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه ڕوویداوه، هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی واقع-مه‌جاز، بۆ مه‌جاز-واقیع. واته گه‌ر پێشتر واقیع ئه‌سڵ و بنه‌ڕه‌تی مه‌جاز بووبێت، ئێستا ئه‌مه هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ته‌وه و مه‌جاز بۆته ئه‌سڵی واقیع، چونكه گه‌ر وابێت شتێكی ئه‌وتۆ نه‌گۆڕاوه. پۆینته‌كه ئه‌وه‌یه كۆی واقیع و مه‌جازیش له‌نێو فه‌زایه‌كی مه‌جازی و نه‌گیراودان، واقیع بۆته واقیعێكی مه‌جازی كه به ئاسته‌م ده‌ناسرێته‌وه. سیسته‌م چیتر خاسیه‌تی ڕه‌قێتی و سه‌ختی و ئه‌سڵ و زه‌بری واقیعییانه‌ی نییه، به‌ڵكو تیشك و خێرایی و نه‌رمی و په‌ژمورده‌یی و دوگمه و شه‌پۆله كاره‌باییه‌كان و مانگه ده‌ستكردن به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن.
ڕه‌نگه كه‌سێك بپرسێت: ئایا چه‌وساندنه‌وه و سته‌م و تیرۆر و هه‌ژاری و جه‌نگ هه‌ر هه‌مان زبری و سه‌ختی و ئازاری پێشتریان نییه؟ بۆچی ده‌بێت پێمان وابێت ئه‌مانه هه‌موو جۆرێك خه‌یاڵ و فانتازیان و ڕاسته‌قینه نین؟ هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه پرسیارێكی باو و ڕه‌وا و گرنگیشه. بێگومان كاتێك ده‌ڵێین فه‌زای مه‌جازی واقیعی هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه بۆ ئه‌وه نییه نكوڵی له بوونی ئه‌م دیاردانه بكه‌ین؛ ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌نێو ده‌ریای ئیجه‌دا ده‌مرن به واقیعی ده‌مرن، به‌ڵام ئێمه ته‌نیا وێنه‌كانیان ده‌بینین، هه‌ر له‌به‌رئه‌مه‌یش دوای مه‌رگی “ئایلان كورد”ی دنیا پڕ ده‌بێت له وێنه‌ی ئه‌و و قسه‌و باسی میدیاكان، به‌ڵام گۆڕانێكی سه‌ره‌كیی ڕوونادات. مه‌سه‌له‌كه ئه‌وه‌یه ئه‌م دیاردانه چیتر زه‌بری واقیعییانه‌ی خۆیان نه‌ماوه، وه‌ك شتێكی ئاسایی و سروشتی و ڕۆژانه‌یان لێهاتووه و بوونه‌ته وێنه‌ی میدیایی. هیچ سه‌رده‌مێك وه‌ك ئه‌مڕۆ ڕووداوه‌كان و جه‌نگه‌كان و دیمه‌نه ترسناكه‌كان بۆ به‌رچاوی خه‌ڵكی نه‌گوزاراونه‌ته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا هیچ كاتێك مرۆڤ هێنده له ئاست سته‌م و مه‌رگ و چه‌وساندنه‌وه‌ی ئه‌وانیدیكه‌دا بێده‌ربه‌ست و بێ‌باك نه‌بووه، چونكه له ڕێگه‌ی دووباره‌بوونه‌وه‌ی به‌رده‌وامی وێنه‌كانه‌وه كۆی ڕووداوه‌كان وه‌ك ڕووداوی نێو میدیا و سۆشیال میدیا ده‌بینین. بۆدریار كاتێك وتی “جه‌نگی كه‌نداو ڕووینه‌داوه” مه‌به‌ستی ئه‌وه نه‌بوو نكوڵی له خوێنی ئه‌و خه‌ڵكانه بكات كه له جه‌نگه‌كه‌دا كوژراون، یان نكوڵی له تاوانه‌كان بكات، به‌ڵكو ده‌یه‌ویست بڵێت جه‌نگه‌كه به جۆرێكی ئه‌وه‌نده مه‌جازی ده‌بینرا كه خه‌ڵكی وه‌كو جه‌نگ و كوشتنی نێو یارییه ئه‌لیكترۆنییه‌كان لێی تێده‌گه‌یشتن، هه‌ر چۆن كوشتنی كه‌سێك له‌نێو یارییه ئه‌لیكترۆنییه‌كاندا ساده و ساكاره و نامانهه‌ژێنێت، جه‌نگی كه‌نداویش هه‌ر به‌و شێوه‌یه بوو.
چه‌ند مانگێك له‌مه‌وپێش له‌نێو تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فیسبوكدا كۆمه‌ڵێك وێنه‌ی ترسناك و تۆقێنه‌ر بڵاوكرایه‌وه كه گوایه وێنه‌ی قه‌تڵوعامكردنی موسوڵمانانی “بۆرما”ن له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵكانی هیندۆسی ئه‌و وڵاته‌وه. كۆمه‌ڵێك موسوڵمان هه‌ر به زوویی هاوسۆزی بۆ ئه‌و خه‌ڵكانه ده‌ربڕی و كاردانه‌وه‌ی تووندیان نواند، له به‌رامبه‌ریشدا كه‌سانێكی دی به گاڵته‌جاڕییه‌وه ڕه‌تیان كردووه شتێكی له‌و جۆره ڕاست بێت و به سیناریۆ و “درۆ و ده‌له‌سه”ی موسوڵمانان دایانه قه‌ڵه‌م. ئێستا با پرسین كامیان له‌سه‌ر هه‌قیبوون؟ به‌ڕاست ئه‌وه‌ی بینیمان ڕاستی بوو یان سیناریۆ؟ بێگومان ئێمه وێنه‌كانمان بینی و بێگومانیش كۆمه‌ڵه كه‌سانێك بوون كه ده‌كوژران و ده‌سوتێنران و به لاشه‌كانیان قه‌ڵای گه‌وره‌ی وه‌كو فیلمی “چڵ پاڵه‌وانه ئه‌سیناییه‌كه”یان لێ هه‌ڵده‌چنرا. ڕووداوه‌كان ئاسایی تێپه‌ڕین و شتێكی ئه‌وتۆ ڕووینه‌دا، نه ئه‌و موسوڵمانانه‌ی كه هاوسۆزییان نواند، چوون بۆ بۆرما بۆ به‌رگریكردن له برا موسڵمانه‌كانیان و نه ئه‌وانه‌یشی به سیناریۆیان له‌قه‌ڵه‌مدا ویژدانیان جوڵا بۆ مه‌رگی خه‌ڵك. هه‌موو گه‌مه‌كه له‌سه‌ر سه‌تحی فەیسبووك ڕوویدا و كوژایه‌وه. فەیسبووك و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی دیكه ده‌ستكاریی شوێن و بگره بوونیشیان كردووه، گرنگ ئه‌وه‌یه له فیسبووكدا شوێنێك، پێگه‌یه‌ك، دیوارێكت هه‌بێت، چونكه ئیتر تۆ له هه‌موو جیهاندایت، له شوێنی خۆتدا دانه‌نیشتوویت، به‌ڵكو له نێو فیسبووكدا نیشته‌جێیت و هاوڵاتییه‌كی ئه‌و جیهانه‌یت، له‌وێدا ده‌بیته شۆڕشگێڕ، ده‌بیته ئه‌ستێره، ده‌بیته وه‌زشه‌وان، ده‌بیته شیكاریی سیاسی، ده‌بیته عاشق، ده‌بیته هاككه‌ر، ده‌بیته جاسوس، ده‌بیته شاعیر، ده‌بیته كه‌سێكی جوان له ڕێگه‌ی فۆتۆشۆپ و فیلته‌ری وێنه‌كانه‌وه و…هتد.
دواخاڵ كه گرنگه ڕوونی بكه‌ینه‌وه ئه‌وه‌یه كه فه‌زای مه‌جازی و فیسبووك مه‌رج نییه به‌رده‌وام به‌شداربێت له هێشتنه‌وه‌ی دۆخی و باودا و هه‌رگیز ڕۆڵی ڕادیكاڵ نه‌گێڕن، ، چونكه ڕاستییه‌كه‌ی هه‌ندێجار ته‌كنۆلۆژیا ده‌توانێت جێگای ئایدیۆلۆژیا بگرێته‌وه و یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ كرده‌ی سیاسی، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مه ڕووبدات ده‌بێت له مه‌جاز خۆیه‌وه ده‌ست پێبكه‌ین، ده‌بێت خودی خه‌ون بگۆڕین و گۆڕان و شۆڕش له‌سه‌ر ئه‌و هێڵه مه‌جازییه خۆی ڕووبدات و بۆ شه‌قامیش درێژ ببێته‌وه؛ ده‌بێت فیسبووك له مانای خۆخاڵیكردنه‌وه و جنێودان و شۆڕشی وه‌همی پاكبكرێته‌وه و بكرێته پانتاییه‌ك بۆ هاوڕێیه‌تی ڕادیكاڵ و كۆكردنه‌وه‌ی وزه و ڕێكخستنی ئه‌كتی سیاسی خێرا و گه‌یاندنی په‌یام به یه‌كتر و په‌ردان به ناڕه‌زایه‌تی. به‌م واتیه بۆ گۆڕینی جیهان چیتر ئه‌سته‌مه له واقیعه‌وه ده‌ست پێبكه‌ین، به‌ڵكو ده‌بێت له گۆڕینی خودی مه‌جازه‌وه ده‌ست پێبكه‌ین، له گۆڕینی خه‌ون خۆیه‌وه.
دەیەم: سه‌رمایه‌داری نه‌وتی:
شێوازی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری ناتوانێت خۆی له كه‌ڵه‌كه‌كردن لابدات، له‌به‌رئه‌وه‌ی كۆی سیسته‌مه‌کە به‌نده به كه‌ڵه‌كه‌كردنی سه‌رمایه‌وه كه پشت به زێده‌به‌هایی ده‌به‌ستێت. زێده‌به‌هاییش پشت به زێده‌كاریی كرێكار ده‌به‌ستێت، واته ئه‌و كاره‌ی كه له كاتی پێویستی به‌رهه‌مهێنان به‌رامبه‌ر كرێكه‌ی، زیاتره. كه‌ڵه‌كه‌كردنی سه‌رمایه‌داریی واته گۆڕینی به‌شێكی زێده به‌رهه‌مهێنان، یان زێده‌به‌هایی بۆ هێزی نوێی به‌رهه‌مهێنان، بۆیه سوڕی سه‌رمایه ته‌نیا چاوی له قازانج نه‌بڕیوه، به‌و جۆره‌ی كه به‌رده‌وام سه‌رمایه بخرێته‌گه‌ڕ له پرۆژه‌یه‌كدا تاوه‌كو دواجار قازانج بكات، به‌ڵكو ئه‌و زێده‌به‌هایه‌ی كه له سوڕی سه‌رمایه ده‌ست ده‌كه‌وێت به‌شێكی (یان هه‌مووی) ته‌رخان ده‌كرێت بۆ كڕین كه‌ره‌سته‌ی نوێی به‌رهه‌مهێنان و هێزی زیاتری به‌رهه‌مهێنان؛ واتایه‌كی تر فراوانكردنی به‌رده‌وامی به‌رهه‌مهێنان، ئه‌مه‌یش واتای كه‌ڵه‌كردنی سه‌رمایه‌ی زیاتره و له هه‌مان كاتدا واتای زۆربوونی ژماره‌ی كرێكار یان پرۆلیتاریایشه، چونكه زێده‌به‌هایی به پله‌ی یه‌كه‌م له‌سه‌ر بنه‌مای قازانجه‌وه دروست نابێت، به‌ڵكو له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و فه‌رقه‌وه دروست ده‌بێت كه له‌نێوان كرێی كرێكار و به‌های به‌رهه‌مه‌كه‌ی كاره‌كه‌یدایه، ئه‌م فه‌رقه ده‌چێته ده‌ستی سه‌رمایه‌دارانه‌وه و بۆ كرێكاریش ده‌بێته چه‌وساندنه‌وه.
ڕه‌نگه ئه‌م سكێچه كورته پێویستی به‌وه بێت به درێژی باس بكرێت، بۆ نموونه ده‌بێت باس له سه‌رمایی جێگیر و سه‌رمایه‌ی گۆڕاو بكه‌ین، به‌ڵام هیوادارم وێنه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی گه‌یشتبێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم له ڕێگه‌یه‌وه خالێك ڕوون بكه‌مه‌وه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه: بێگومان له شێوازی به‌رهه‌مهێنانی كاڵاییدا ئه‌م شیكارییانه وه‌كو یاسایان لێهاتووه و دروستی خۆیان سه‌لماندووه، به‌ڵام ده‌توانین شێوازی دیكه‌ی كه‌ڵه‌كه‌كردنی سه‌رمایه ببینین به بێ ئه‌وه‌ی به‌نێو ئه‌م پرۆسه‌یه‌ی به‌رهه‌مهێناندا تێپه‌ڕێت، مه‌به‌ستیشم ئه‌وه‌یه، شێوازی دیكه‌ی دروستبوونی سه‌رمایه‌دار هه‌یه كه ده‌شێت له ناوچه و هه‌رێم یان كیشوه‌رێكی تایبه‌تدا بێت، كه‌چی كارا و به‌رچاویشه و پێویستی به سه‌رنج لێدانه. بۆ نموونه ده‌توانین به‌و وڵاتانه، كه سه‌رمایه له ڕێگه‌ی نه‌وت و وزه‌ی سروشتییه‌وه كه‌ڵه‌كه ده‌بێت، بڵێین “سه‌رمایه‌داریی نه‌وتی”. هه‌ڵبه‌ت كاك “به‌ختیار عه‌لی” به شێوازی سه‌رمایه‌داریی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست تاوه‌كو كۆریا و چین ده‌ڵێت سه‌رمایه‌داریی ڕۆژهه‌ڵاتی. دیاره به‌ختیار عه‌لی ئه‌م چه‌مكه بۆیه به‌و شێوه فراوانه به‌كارده‌هێنێت بۆ ئه‌وه‌ی كۆی ئه‌و شێوازانه جیاوازانه بگرێته‌وه كه له سعودیه و قه‌ته‌ر و كۆریای باشوور و چین و ..هتدیش هه‌یه، تاوه‌كو بیانبه‌ستێته‌وه به كۆمه‌ڵێك دیارده‌ی گشتیی دیكه‌وه، له‌وانه فاشیزم. به مانایه‌كی تر ئه‌وه‌ی ئه‌م شێوازه جیاوازانه‌ی سه‌رمایه‌داریی له‌گه‌ڵ یه‌كتردا كۆده‌كاته‌وه و هێڵی هاوبه‌شی نێوانیانه دیارده‌گه‌لی وه‌كو فاشیزمه، هه‌ر له‌به‌رئه‌مه‌یش له‌نێو چه‌مكێكی گشتیدا كۆیان ده‌كاته‌وه كه پێیانده‌ڵێت “فاشیزمی ڕۆژهه‌ڵاتی”. كه‌وایه سه‌رنجی سه‌ره‌كی كاك به‌ختیار له‌سه‌ر ئه‌وه نییه كه فۆڕمێكی گشتیی سه‌رمایه‌داریی بۆ هه‌موویان دیاریی بكات، به‌ڵكو ده‌یه‌وێت فۆڕمێكی گشتی فاشیزم له‌نێوان هه‌موو سیسته‌مه سه‌رمایه‌دارییه جیاوازییه‌كانی ئه‌م ناوچه‌یدا بدۆزێته‌وه (بێگومان تێزه‌كانی كاك به‌ختیار پێویستیان به فراوانكردنی زیاتر و ورده‌كاریی زیاتریش هه‌یه، ئه‌مه‌یش ئه‌و كاره‌یه كه ئه‌و ده‌یكات و هێشتا پرۆژه‌كه‌ی ته‌واو نه‌بووه). به‌ڵام من ئه‌م شیكارییه به دوو خاڵی كورت له‌وه‌ی به‌ختیار عه‌لی جیا ده‌كه‌مه‌وه. یه‌كه‌م، ده‌مه‌وێت سه‌رنج له فۆڕمێكی سه‌رمایه‌داریی بده‌م كه تایبه‌ته به وڵاته نه‌وتییه‌كان، دووه‌میش، گه‌ر له ڕووی تیۆرییه‌وه بكرێت فۆڕمه جیاوازه‌كانی سه‌رمایه‌داریی ئه‌م ناوچه‌یه به فاشیزمی ڕۆژهه‌ڵاتی دابنێین، ئه‌وا ناتوانین هه‌مان تێرم به شێوازی “سه‌رمایه‌داریی ڕۆژهه‌ڵاتی” به‌كاربهێنین، چونكه فۆڕمی سه‌رمایه‌داریی له وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتدا له هه‌رێمه‌كان یان ناوچه‌كاندا جیاوازیی هه‌یه، بۆ نموونه ئه‌و سیسته‌مه سه‌رمایه‌دارییه‌ی له چین هه‌یه ئه‌و سیسته‌مه نییه كه له ئیمارات هه‌یه، سه‌رنجی منیش له‌سه‌ر وڵاته نه‌وتییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاته.
ئه‌وه هیچ گومانی تێدا نییه كه به‌شێكی زۆر وڵاتانی خاوه‌ن نه‌وتی ئه‌م ناوچه‌یه ده‌سه‌ڵاتدار و كاره‌به‌ده‌سته‌كانیان بوونه‌ته سه‌رمایه‌داری گه‌وره‌یش. به‌ڵام به‌رده‌وامیش ئه‌وه ده‌زانین كه ئێمه كارگه‌ی گه‌وره و پرۆژه‌ی گه‌وره به‌رهه‌مهێنانمان نه‌بووه، به ده‌ربڕینه میلییه‌كه به‌م جۆره سه‌رمایه‌دارانه ده‌ڵێت “سه‌رمایه‌داریه‌داری هه‌ڵتۆقیو”، له ناكاو به بێ بوونی سه‌رمایه‌یه‌كی گه‌وره تاوه‌كو بیخه‌نه گه‌ڕ و به بێ بوونی كارگه و پرۆژه و كۆمپانیای زه‌به‌لاح (له سه‌ره‌تاوه) بوونه سه‌رمایه‌داری گه‌وره و جیهانی. بێگومان گه‌وره‌ترین سه‌رمایه‌داره‌كانی وڵاته نه‌وتییه‌كان ده‌سه‌ڵاتداره سیاسییه‌كانن، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه ده‌شێت له پاڵ هه‌موو ناوه‌كانی دیكه‌ی ئه‌م سیسته‌مه حوكمڕانییانه‌ی ئه‌م ناوچه‌یه‌دا، ناویشیان لێ بنێین “ده‌سه‌ڵاتی سه‌رمایه‌داران”. ئه‌م چه‌مكه به جۆرێك به‌كارده‌هێنم كه جیای بكه‌ینه‌وه له “ده‌سه‌ڵاتی سه‌رمایه‌داریی”، مه‌به‌ستیشم له ده‌سه‌ڵاتی سه‌رمایه‌داریی ئه‌و سیسته سیاسییانه‌ن كه شێوازی به‌رهه‌مهێنان تیایاندا كاڵاییه و زێده‌به‌هایی و كه‌ڵه‌كه‌كردنی سه‌رمایه له ڕێگه‌ی زنجیره‌یه‌ك پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ئاڵۆزه‌وه ڕووده‌دات، كه له سه‌ره‌وه سكێچێكی گشتیی هه‌ره سه‌ره‌تاییمان لێ كێشا. به‌لای منه‌وه جیاوازییه‌كه‌یش ئه‌وه‌یه كه ئه‌م جۆره ده‌سه‌ڵاته‌ی سه‌رمایه‌داران به‌ر له هه‌موو شتێك به كاریگه‌ری و به‌هۆی پێگه‌ی سیاسی و فه‌رمانڕه‌وایه‌تی بووه. بنه‌ماڵه فه‌رمانڕه‌واكانی سعودیه و ئیمارات و قه‌ته‌ر به‌ر له‌وه‌ی سه‌رمایه‌دار بن حاكم و فه‌رمانڕه‌وای وڵاتانی خۆیان بوون، هه‌ر به‌هۆی ئه‌م پێگه‌یه‌یشه‌وه كاتێك ڕێژه‌یه‌كی زۆر نه‌وت و ماده‌ی خاو له‌م ناوچه‌یه ده‌دۆزرێته‌وه و ده‌رده‌هێنرێت پاره‌كه‌ی ده‌چێته گیرفانی ئه‌وانه‌وه، كۆبوونه‌وه و كه‌ڵه‌كه‌بوونی زیاتری ئه‌م پاره‌یه كۆمه‌كی پێكردوون كه پرۆژه‌ی دیكه‌ی سه‌رمایه‌دارییش دابمه‌زرێنن و ببنه خاوه‌نی كۆمپانیای گه‌وره گه‌وره. به‌م جۆره بنه‌مای دروستبوونی سه‌رمایه‌داران له‌م ناوچه نه‌وتییانه‌دا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بووه. لێره‌وه ده‌سه‌ڵاتی ئابووری ناتوانێت هیچی تر بكات جگه له‌وه‌ی زه‌واج له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا بكات، بۆیه هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاته‌كه له‌ده‌ست حاكمانی ئه‌م ناوچانه‌دا كۆده‌بنه‌وه.
با شیكارییه‌كه زیاتر ڕوون بكه‌ینه‌وه. له‌م ناوچه‌یه‌دا سه‌رمایه به‌رده‌وام كه‌ڵه‌كه بووه و ده‌بێت، به‌شێوه‌یه‌كی ئێجگار خێرا و بێ پێشینه، له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكی كه‌مدا سه‌رمایه‌داری گه‌وره گه‌وره دروست بوون، ئه‌م سه‌رمایه له هیچه‌وه نه‌هاتووه له فرۆشتنی ڕاسته‌وخۆی نه‌وت و وز سروشتییه‌كانه‌وه نه‌بێت، واته ئه‌م پاره‌یه به‌نێو پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنان و زێده‌به‌هایی و زێده‌كاری و ..هتددا تێنه‌په‌ڕیوه، به‌ڵكو ڕاسته‌وخۆ له فرۆشتن و ناردنی نه‌وته‌وه بووه، كه زیاتر پشت به كاری ته‌كنیكی ده‌به‌ستێت بۆ ده‌رهێنان له‌ژێر زه‌ویدا و ئه‌ویش له‌لایه‌ن كۆمپانیا بیانییه‌كانه‌وه ئه‌نجام دراوه، كه له‌م ڕێگه‌یه‌وه به‌خێرایی سه‌رمایه‌یه‌كی زۆر له ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتداراندا كۆبۆته‌وه، هاوڕێم “ئه‌كره‌م سه‌عید” (كه ڕۆشنبیرێكی چه‌په و كه‌متر ده‌نووسێت، به‌ڵام كاتێك قسه ده‌كه‌ین شیكارییه‌كانی قوڵ و وردن)، زۆرجار به‌م جۆره سه‌رمایه‌یه ده‌ڵێت “سه‌رمایه‌ی هار”، سه‌رمایه‌یه‌ك كه به‌خێراییه‌كی زۆر له ڕێگه‌ی پرۆسه‌ی خێرای ده‌رهێنان و ناردن و گۆڕینه‌وه‌یه‌وه به پاره ڕووده‌دات.
به هه‌رحاڵ هه‌موو ده‌زانین لای ماركس زێده‌به‌هایی له فرۆشتنی ڕاسته‌وخۆوه دروست نابێت، به‌و مانایه‌ی له گۆڕینه‌وه‌ی كاڵا (یان ماده‌ی خاو) بۆ پاره‌وه دروست نابێت، به‌ڵكو له ڕێگه‌ی كاری زیاده‌ی كرێكار و چه‌وساندنه‌وه‌ی كرێكاره‌وه دروست ده‌بێت. پاشانیش ده‌توانین وای دابنێن ماده‌ی خاو له‌نێو دیاریكردنه ماركسییه‌كه‌دا له خانه‌ی سه‌رمایه‌ی سوڕاودایه كه هه‌میشه گه‌شه‌كردنه‌كه‌ی له سه‌رمایه‌ی جێگیر خاوتره، به‌ڵام به پێی ئه‌م دیاریكردنه‌ی ئێمه و به بڕوای ئێمه، ئه‌م جۆره له سه‌رمایه‌داریی ئه‌م ناوچه‌یه ته‌نیا به‌شێك نییه له سیسته‌مه سه‌رمایه‌دارییه كاڵاییه‌كه، به‌ڵكو خۆیشی به ته‌واوی بۆته فۆڕمێكی نوێی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رمایه و پاره، فۆڕمێكی نوێ و ئێجگار خێرای دروستبوونی سه‌رمایه‌داریی كه سه‌رمایه‌داریی ده‌وڵه‌تی نییه، به‌ڵكو “سه‌رمایه‌داری ده‌سه‌ڵاتداران”ـه (كه كوردستانی خۆیشمان سه‌ر به هه‌مان مۆدێله). دیاره نامانه‌وێت بڵێین ئه‌و پاره‌یه‌ی كه كۆده‌بێته‌وه له‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتداراندا هه‌ر له بانك و (ژێرزه‌مینه‌كان)ـدا هه‌ڵده‌گیرێت، بێگومان به‌شێكی له پرۆژه‌كان و سه‌رماگوزاریی زیاتردا ده‌خرێنه‌وه گه‌ڕ و ئه‌مه‌یش ده‌توانێت به شێوازی دیكه سه‌رمایه‌ی زیاتر كه‌ڵه‌كه بكات. بۆنموونه شارێكی وه‌كو دوبه‌ی له ئێستادا شارێكی ته‌واو سه‌رمایه‌دارییه، كه به پله‌ی یه‌كه‌م موڵكی ده‌سه‌ڵاتدارانی كه‌نداو و هاوڕێ ڕۆژئاواییه‌كانیانه. دوبه‌ی جگه له‌وه‌ی شاری وڵاتێكی نێو سه‌رمایه‌داریی نه‌وتییه هاوكات به‌هۆی ئه‌و گه‌شه‌كردن و بیناسازییه‌یشیه‌وه بۆته شارێكی گه‌شتیاری، له ڕێگه‌ی گه‌شتیارییشه‌وه سه‌رمایه‌یه‌كی یه‌كجار زۆر كۆده‌كاته‌وه، هه‌ر له‌به‌رئه‌مه‌یش بوو ئه‌و وه‌خته‌ی نرخی نه‌وت له بازاڕی جیهانیدا زۆر دابه‌زیبوو، ئیمارات و قه‌ته‌ر ئه‌وه‌یان بڵاوكرده‌وه كه چیتر نه‌وت نانێرن و “بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو” هه‌ڵیده‌گرن. به واتایه‌كی دیكه به‌شێك له وڵاتانی نه‌وتی و به‌تایبه‌تیش كه‌نداو، ده‌توانن بۆ به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه پشت به كه‌رتێكی وه‌كو گه‌شتوگوزاریی ببه‌ستن، دیسان كه‌رتی گه‌شتوگوزارییش به‌و سكێچه‌ی به‌هه‌مهێنانی كاڵاییدا ناڕوات كه باسمان كرد، به‌ڵكو زیاتر په‌یوه‌سته به‌رهه‌مهێنانی زه‌وق و چێژ و سه‌ردانی ئه‌ستێره‌كان و ده‌وڵه‌مه‌ندان و سه‌رمایه‌ی ڕه‌مزیی گه‌شتیارانه‌وه. هه‌موویشمان ده‌زانین گه‌شتوگوزار له‌مڕۆدا كه‌رتێكی سه‌ره‌كیی به‌رهه‌مهێنانی سه‌مایه‌یه و یه‌كێكه له كۆڵه‌كه سه‌ره‌كییه‌كانی ئابووریی چه‌ند وڵاتێك، له‌وانه توركیا و مالیزیا و میسر.
بۆ ئه‌وه‌ی وتاره‌كه له ڕاده‌ی خۆی درێژ نه‌بێته‌وه لێره‌دا كۆتایی پێده‌هێنین، به‌ڵام بێگومان سه‌رجه‌م تێز و ئایدیاكانی نێو ئه‌و وتاره پێویستیان به فراوانكردن و ورده‌كاری و ڕوونكردنه‌وه‌ی زیاتر هه‌یه، ئه‌مه‌یش كارێكه كه به‌نیازین له داهاتوودا، به وه‌رگێڕان و نووسین كاری له‌سه‌ر بكه‌ین. مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیی من له نووسینی ئه‌م وتاره چه‌ند به‌شییه ئه‌وه‌بوو كه هه‌ندێ پۆینت پرۆبڵماتیزه بكه‌م كه له ته‌فسیری هه‌ندێك نووسه‌ر و ڕۆشنبیریی “پێنه‌گه‌یشتوو”ـی ئێمه‌دا وه‌ك پنتی جێگیر و چه‌سپاو و به‌ڵگه‌نه‌ویست ده‌رده‌كه‌ون، به‌م جۆره هه‌ندێك ئایدیا و بۆچوون لایان بۆته كڵێشه و قاڵب كه كردوویانه به پێوه‌ری حه‌قیقه‌ت و حوكمدان له‌سه‌ر كۆی هه‌وڵه‌كانی دیكه‌ی فیكری جیهانی، به‌تایبه‌تیش ڕه‌وته به‌ره‌نگاریكه‌ره‌كان، هه‌ربۆیه بێ هیچ دوودڵی و بیركردنه‌وه و قوڵبوونه‌وه‌یه‌ك له تێزه‌كاندا، ڕاست و چه‌پ به‌سه‌ر فه‌یله‌سوفه هه‌ره دیاره‌كاندا ده‌هێنێت به بێ ئه‌وه‌ی هیچ هه‌وڵێك بۆ ڕادیكاڵكردنه‌وه‌یان بدات و سوود له شیكارییه‌كانیان وه‌ربگرێت بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی كه‌ره‌سته چه‌مكییه‌كان و فراوانكردنی پنه‌كانی به‌رگری، له ئه‌نجامی ئه‌م په‌له‌كردن و هه‌ڵچوون و غه‌ریزه‌نووسیانه‌وه توشی هه‌ڵه‌ی فیكری گه‌وره ده‌بن و دواتریش خۆیان به‌رده‌وام ئایدیاكانی پێشتر و پاڵه‌وانه‌كانی پێشتریان (فه‌یله‌سوفه‌كانیان) ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه و به نه‌فره‌تیان ده‌كه‌ن. فیكر نه په‌له‌كردنه له حوكمدان و دۆزینه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ت، نه ته‌وه‌همی خۆ به پێشه‌نگدانان و ماراسۆنه و نه وه‌رگرتنی تێزه‌كانه به تامی دین و دواییش هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه له‌و تێزانه تا ڕاده‌ی به نه‌فره‌تكردن. ناوه‌ڕۆكی وتاره‌كه‌یش شتێكی زۆر زیاتر بوو له ناونیشانه‌كه‌ی، به‌ڵام ئێمه به ئه‌نقه‌ست و بۆ ئاراسته‌كردن ئه‌م ناونیشانه‌مان هه‌ڵبژارد تاوه‌كو كۆی وتاره‌كه‌مان دژ به‌و عه‌قڵییه‌ته بێت كه به ناوی “سته‌ملێكراوان”ـه‌وه ده‌یه‌وێت شه‌رعییه‌ت بۆ گوتاری غه‌ریزه‌نووسانه‌ی خۆی وه‌ربگرێت، ئینجا خۆی بكاته ئه‌ستێره و ڕزگاركه‌ری سته‌ملێكراوان.