عسمەت سووفیە؛دوژمنانی دیموکراسی ناتوانن خەڵاتی دیموکراسی ببەخشن!

Loading

عیسمەت سووفیە
عیسمەت سووفیە

من پێموایە تا ئێستا ھیچ کەس بە قەد  (نادیە  موراد ) ڕەمزی مەزڵوومیەتی ڕەگەزی، نەتەوەیی، ئایینی نەبووە و نییە. ڕێزم بۆ نادیە مورادە و ڕێزیشم بەرامبەر بە نادیە کەم نابێتەوە کاتێک کە ڕەخنەی خۆمی ئاڕاستە دەکەم. بەڵام لە ھەمان کاتیشدا دڵم ژان دەکات بۆ ھاوار و ئازارەکانی ئەم ژنەو ھەزاران ژنی وەک ئەو.

نادیە موراد ھیمای بەرخۆدانی بوێرانە لە بەرامبەر وەحشیترین و دڕەندە ترین ھێزی ڕووی زەویە. ئەو قوربانی دەستدرێژی وەک ئامێرێکی شەڕ بوو. ماوەیەک لەمەو بەر، پۆزیشنی (باڵوێزی نیەت پاکی)  ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتوەکان و خەڵاتی واسڵاو ھاوێڵی پێ بەخشرا. ئەمە بارێکی گرانە کە دەدرێتە سەر شانی تاکە کەسێک لە کۆمەڵگایەک بە کەسێک کە تاقانەیە، کەسێک کە بوێرە و دەچێتە ناو ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وەکو قوربانی جنسی داعش و دەنگی خۆی دەگەیەنێ بە جیھان.

(بانکی مۆن)  نادیە مورادی وەک باڵوێزی نیەت پاکی مافی مرۆڤ ناساند و ئەوی وەک ھێماوی ھیوا نرخاند و وتیشی کە نادیە بە ژیانی خۆی، بە کارەکانی خۆی، بە بەرخۆدانی خۆی نیشانی داوە کە شەڕ لەگەڵ گروپێکی وا چەندە گرینگە وە پێویستە ئێمە یارمەتیان بدەین کە ئەمان بتوانن دونیایەکی تر ساز کەن. پرسیار ئەوەیە کەسێک وەک نادیە موراد دەتوانێ کارێکی وا بکات؟ ویستی نادیە چیە؟ وە بۆ گەیشتن بەم نیەتە خۆی دەتوانێ لەو ڕێگاو بە گرتنی شوینای خەڵات بگاتە ئامانجەکانی؟

ئەمە یەکەمجار بوو ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، پاشماوەی جینۆسایدێکی مرۆڤایەتی وەک باڵوێزی نیەت پاکی خۆی ھەڵبژارد، ئەوە خۆی خاڵێکی ئەرێنیە. لەبەر ئەوە کە نادیە دەرفەتی بۆ ڕەخسا کە لەڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و لە یەکێتی ئەوروپا قسە بکات، داوا بکات کە یاسای پەنابەری بۆ ژنانی ئێزدی ئاسانتر بکرێتەوە و وتارەکانی کاردانەوەیەکی گرینگی لە ئاستی جیھانی دا ھەبوو. ھەروەھا باسی کرد کە پێویستە ئەم دەستدرێژی و کۆمەڵ کوژی و ئەشکەنجدانەی کە داعش لە گەلی ئێزدی کرد، وەک ژینۆساید بناسرێ، مەحکووم بکردرێ و دۆسیەی ئەم گروپە لە دادگای سزای نێونەتەوەیی بەڕێ بکردرێ. ئەمانە خۆی بابەتێکی ئەرێنی بوو.

بەڵام لە بواری پراتیک و کردەوەیی دا کەسێک وەک نادیە موراد تا ڕادەیەک توانیوێتی کاریگەر بێ؟ کەسێک کە ژیانی خۆی بۆ خەبات دژ بە نا دادوەری و مەحکوم و ڕیسوا کردنی گروپی تێرۆرسیتی و جیھادی داعش داناوە تا ھێرش لەسەر گەلی ئێزدی وەک ژینۆساید بناسرێت؟ناسین باشە بەڵام پرس ئەمەیە ناسین بە چ شێوەیەک؟ ناسین ئەگەر ببێتە ھۆی گۆڕانکاری ئەرێنی بارودۆخ، زۆر باشە. بەڵام ناسین بە تەنیا خۆی ھیچ چارەساز نیە. تەنیا خەڵات کردنی قوربانیەک چارەساز نیە. ھەنگاو بۆ باشتر بوونی بارودۆخی ئێزدیەکان چیە؟

بان کی مون و نادیە موراد لە UN
بان کی مون و نادیە موراد لە UN

ئەمەیە کە چارەسازە. کە دەتوانێ کاریگەری ھەبێ. وەک ئەوەیە کە تۆپێک لە گۆڕەپانی یاریە بخرێتە دەست کەسێک کە دەسەڵاتی نییە، ئەوانی تر چەپڵەی بۆ لێدەدەن. ئەوانی تر کە لە واقع دا لە دەستیان دێ کارێک بکەن و تۆپە کە بخەنە ناو تۆڕ،  واتە ھێزیان بە دەستە، تەنیا لە دوورەوە ڕاوەستاون و کەسێک وەک نادیە مورادیان خستۆتە ناو گۆڕەپان.

لەلایەکی ترەوە ئەو شتەی کە داعش نەیتوانی بە زۆر و تووندوتیژی لە ڕێگای نادیە موراد بگاتە ئامانجەکانی خەڵاتگەلی مافی مرۆڤ وە شوێنایەک  کە ئەدرێ بە نادیە و کەسانێک وەک ئەو، بە شێوازێکی چاپلووسانە و ستایەشکردنێکی چاپلوسانە، خەریکە لەو ڕێگایەوە ئەمانە ئەنجامیدەدەن و ئامانجی داعش بەدیدێنن !

نادیە موراد بە ڕای من لە ڕێگای کەسانێکەوە کە من تەنیا ناویان نانێم ڕۆژئاوا، بەڵکو لایەن ھێزگەلێکی سوپێر و لە بازنەیەکی سوپێر سیرکڵ، جەزبی ئەم ھێزگەلە بووە. کە ڕەنگە وا دیار بکا کە ئیدەی باشیان ھەیە. بەڵام ھاو کات یان ھێزی پراکتیکیان نییە، یان ئەوە کە دەتوانن کاری پراکتیک بکەن بەڵام ناخوازن و تەنیا دەیانەوێ تەماشاچی بن. وە لەواقع دا پەردە پۆشی دەکەن بۆ کارەکانیان.

بەڕای من نادیە موراد جەنگێکی باشی دەستپێکرد، بەڵام شەڕی باش شەڕێکی درێژخایەنە، شەڕی ئەو شەڕێک نییە ،کە تەنیا بە خەڵاتێک قەرەبوو بکرێتەوە یان پشتوانی لێ بکرێت. چونکە شەڕی ئەو شەڕێکە دژی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، دژی پیاو سالاری و نێر سالارییە. تەنانەت ئەم شەڕە تەنیا شەڕێک لەگەڵ کەسانی نامۆ وەک پیاوێکی عەرەب یان کەسانێک کە ھێمای ئایینی ئیسلامن نییە . بەڵکو جاری وایە شەڕێکە لەگەڵ نزیکەکانی خۆی وەک دایک، باب و قەوم و کەسی خۆی. بابەتێکی گرنگە، ئەوە کە پرسی ژن زەمانێک دەتوانێ کاریگەر بێ کە بەڕێکخستن بووبێ.

پرسی ژن بە شێوازێکی بە ڕێکخستن کراو و ڕێکو پێک دەتوانێ کاریگەر و چارەساز بێ. نە بە تاکە کەس و پۆزیشێنی تاکە کەسی سفارشی. تەنیا کاتێک دەتوانێ کاریگەر بێ کە بێ لە ڕیشە و بنەما بکۆڵێتەوە و بەرەنگاریان بێتەوە، نە لە لەقوپۆیەک کە لەو ڕیشانە بۆتەوە. ھەروا کە دەبینین لە تەواوی دوونیا لە پۆلەند و ئیسلەند، کاتێک ژنان بە یەکگرتووی لە بەرامبەر کێشەیەک بە کۆمەڵ ھەڵوێست دەگرن، ئەو کاتەیە کە دەتوانن کێشەکانیان چارەسەر کەن.

لێرەدا خستنی بەپرسایەتێکی کۆمەڵی و کۆمەڵگایی، تەنیا بەسەر شانی تاکێک، وە خەڵات کردنی قوربانی، سەرپۆشێکە بە سیاسەتی قڕێژی جیھانی ئیمپریالیزمی. لە ھەمان کات دا کە بە پێی رژەوەندی سیاسی ئابووری خۆیان ئەم وڵاتانە، تێرۆریسم بە ھێزدەکەن. لە لایەکی ترەوە قوربانی ئەم تێرۆریزمە خەڵاتدەکەن. ئەوە ھەڵوێستێکی چەواشەکارانەیە، خەڵاتێک ناتوانێ ھیچ شتێک بگۆڕێت.

پرس ئەمەیە ئایا ئەو نیەتەی کە نادیە موراد ھەیەتی کە بارو دۆخی ژنانی ئێزدی بەرەو باش بوون ببا گەیشتە ئەنجام؟ ڕۆژێ سەدان کەس گیانیان لە دەست دەدەن. ئێستا خەڵاتێک چ دەتوانێ بکات؟ قوربانیەکان خەڵات دەکرێن. نادیەش قوربانیەکە وەک تەواوی قوربانیەکانی تر. ھیچ جیاوازیەکی نیە تەک ئەوانی تر.

ئەمە لە واقع دا پەیامێکی قیزەونە کە بەڵێ، جینۆساید بن. کۆمەڵ کوژ بن، دەستدرێژیتان پێ بکردرێ تا ئێمە خەڵاتتانکەین. ئەوان کە سانێک کەئەو خەڵاتانە پێیاندەدرێ لە ئاستی جیھانیدا گەورەیان دەکەنەوە و ئەو کاتە بە شێوازێکی شاراوە دەیانھەوێ سەرچاوەی کێشەکان بەلاڕێداببەن. لە ھەمان کات دا ئەو خەڵاتە ھێمای پڕ لەنھێنی ھێزەکان و دەسەڵاتە گەورە جیھانیەکانە لە مەراسیمێکی چەواشە کراو جوانکراودا.

ئەوانەی کە پێداگریان لە سەر مافی مرۆڤ ھەیە زەق دەکەنەوە و لەو چەشنە مەراسمانە بە بێ ئەمە کە بیر لە بنەمای کێشەکان بکەنەوە یەک نەفەر کە دەزانن ھێزی نیە و ناتوانێ ھیچ کارێک بکا دەیھێننە بەرچاوان و گەورەی دەکەنەوە. کێشەکە ئەوە یە ئەم چەشنە خەڵاتانە تەنیا میداڵ و ڕێز لێنانێک نیە بەڵکو ھێمایەکن بۆ ئەو ھێزانەی کە ھاتونەتە ناو ژیانی تاکە کەسی ڕۆژھەڵاتی ناوین. ئەو کەسانەی کە ئەو خەڵاتانە دەبەخشن کێن؟ ساخاروڤ و نۆبێل کێ داینا؟ ئەوانە ھەمان کەسانێکن کە درووستکەری بۆمبی ئەتۆمن کە نیسەی شوومی دەسەڵاتیان کەوتۆتە سەر ژیانی خەڵک. مەگەر ئەمانە دەتوانن چ ڕۆڵێکی کاریگەریان ھەبێ لەسەر سیاسەتی زل ھێزەکان و سیاسەتی نیزامی گەری ئەوان و تا کوێ دەتوانن پێش بکەون؟

ئەوانە وڵاتەکانمان وێراندەکەن. ماڵەکانمان وێران دەکەن. گرووپێکی قیزەون وەک داعش ساز دەکەن و یارمەتیان دەدەن، چه‌كیان  پێدەدەن. لە ئەنجام دا ھەر ئەو ھێزانە خۆیان بە ڕزگار کەری مافی مرۆڤ پێناسە دەکەن. بەداخەوە لە ئامێزی کەسانێک خۆمان جێدەکەینەوە کە چەوسێنەرانی ڕاستەقینەی ئێمەن. ئەمانە نەخشەی ھەرچی گەمەی قیزەونی کۆلۆنیالستی و ئیمپریالیستیانەیە لەسەر ژیانی ئێمە پەیڕەوی دەکەن و سوودی لێ وەردەگرن.

لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك کە لە دوایین ھەواڵ لەسەر مێدیایەکی ئاڵمانی خوێندمەوەئەوە بوو کە ئەم وڵاتە  به‌شێك  له‌داھاتەکەی لە ڕێگای فرۆشتنی چەک چۆتە سەرەوە. کە ئەو چەکانە دەنێرێتە سعودیە و سعودیە ئەم چەکانە ھەناردەی داعش دەکات. دەبێت باش بزانین ئەمانە کە دڵسۆزی خۆیان نیشاندەدەن، لە ھەمان کاتدا کە تاوانبارەکان پڕ چەک دەکەن، قوربانیەکانیش خەڵات دەکەن.

داعش لە پێشبڕکێی کاریکاتێری تاران مای ٢٠١٥
داعش لە پێشبڕکێی کاریکاتێری تاران مای ٢٠١٥

سیستەمی نیو لیبراڵی وڵاتانی ڕۆژئاوا، لە پشت ھەرچی گەندەڵی و کوشتارو دژە مرۆڤایەتیەکانن و لە ھەمان کاتیش دا لە میدیاکان وڕاگەیاندنیاندا، وەک ڕێکخراوەی مافی مرۆڤ و نەتەوە یەکگرتووەکان، بانگەشەی مرۆڤ دۆستی و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ دەکەن. کە بەداخەوە (نادیە موراد)  وەک قوربانی ناسراوە .  ئه‌ویش ئێستا نەیتوانیوە دەنگی ژنانی شەنگاڵ بگەیەنەتە ئاستی جیھان. بۆ نمونە ئێستا نەیتوانیوە ئەو هەقیقەتەی ڕابگەیەنێ کە دەسەڵاتی بنە ماڵەیی و عەشیرەتی بوو کە شەنگالیان بە بێ ھیچ بەرگریەک ڕادەستی داعش کرد.

ھەزاران میداڵ و خەڵاتیش ھەبێ تا ئەو نەتوانێ، دەردی ژنانی ئێزیدی پێناسە بکات، ناتوانێ لە دەردی ئەوان کەم کاتەوە. جادووی ئەم خەڵاتە کە بەردەوام دەبەخشرێ بە مرۆڤی ڕۆژھەڵاتی ناوین لە ژێر نێوی جیا جیا، بۆ ئەوەیە کە لغاو ببەستن. تا ئەو کەسانە نەتوانن ھێڵە سوورەکانی ئەوان تێپەڕێنن. وە کەسانێک وەک نادیە موراد ئاگاداری ئەم بابەتە نین. وێڕای ڕێزم ئەو کردەوانە بەلا ڕێدابردنی دۆزی ژنانی ئێزدیە. تەنانەت دەمبەستێک نیە، بەڵکوو بیانوویەکە کە ھەزاران نمایشی پێ دەدرێ لە لایەن زل ھێزەکانەوە.

لە ھەمان کاتدا ئێمە ھەر ناتوانین تەنیا، ڕەخنەکان ئاراستەی وڵاتە ڕۆژئاوایەکان بکەین. داعش وەک فکر، کەرەستە و کەس ھەر لە ناخی ئێمە دابوون. ھەر لە وڵاتانی ئێمە بوون. بەڵام وا دیارە لە لایەن کاپیتالیستەکانەوە ھێزیان پێ بەخشراوە و بۆتە بەشێک لە ململانێکانیان. ئەوە گەورەترین درۆی دونیایە کە ئێمە ڕووبەڕووی بە ھێزترین ھێزی دونیا بووینەوە. لانی کەم میدیاکان ئەوەمان پێ دەبێژن. تەواوی وڵاتانی ڕۆژئاوا و رۆژھەڵات دژی ئەم ھێزە ڕاوستاون نەیانتوانیوە ھێزێک کە تەنیا چەکی سووکی ھەیە بەرەنگاری ببنەوە. ئەوە گەورەترین درۆیە لەلایەن زل ھێزەکان.

دروستکردنی داعش، شەڕکردن دژی داعش و خەڵاتکردنی قوربانیەکانی. لە ڕوانگەی من ھێزە غەربیەکان، ئەمانە کە خۆیان بە دەسەڵاتدار دادەنێن ،لە پاڵ ئەمانە ئەو ڕێکخراوە NGO یانە ی کە ھاوتەریب بەو ھێزانە دروست دەکرێن و یارمەتی دەری ھێژمۆنی وسیاسەتی غەربیەکانن. یانی بە باوەڕی من ئەو NGO یانەی سەبارەت بە دۆخی ژن ساز دەکرێن کە سیاسەتی وڵاتە ڕۆژئاواییه‌كان  دەبەنە پێشەوە، لە ھەمان کاتیشدا لەبەرامبەری ھەر ڕێکخراوەو تاکێکی ژن دەوەستن کە ھاوتەریبی ئامانجە کانی ئەوان نییە. بۆیە باس لەوەی دەکەم تا بیر لەوە بکەینەوە، کە ئایا بەڕاستی نادیە موراد وکەسانی وەک ئەو دەتوانن بەو خەڵاتە بە ھێز بن؟

بە بڕوای من ناتوانن بە ھێزبن. چوون ئەمانە خۆیان قوربانی سیستەمێکن کە ئەوانی وەک قوربانی دەوێت. ئەو سیستمە قەت نایەت خەڵاتی کەسێک بکا کە ڕاوەستاوە لە بەرامبەر سەرکوت. بەڵکو کەسێک خەڵات دەکا کە سەرکوت کراوە. پێویستە ئەمە ڕەخنە بکەین. ڕەخنەکردنی ئەم بابەتانە زۆر گرنگە .

ئێمە وەک ژن، وەک ڕێکخراو، ئەگەر ڕەخنە لەئیسلام بگرین، زۆبەی NGO  ژنان و یان ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ وەک کەسانێک بە (ئیسلام فۆبیا ) بەرەنگارمان دەبنەوە. ئەوان پارادایمێکی ئۆریانتالیستیان ھەیە و پێیانوایە، پێویستە وەک ژنێکی موسوڵمانی خۆ بەختکردوو و گوێ ڕاگربێت لەبەرامبەر ئەوانتر.

جوانی تێکۆشانی ژنانی کوردە، کە بە پێچەوانەی ئەم ڕەوتە ھەڵسوکەوت بکەن. پرسیار ئەمەیە نادیە موراد تا چ ڕادەیەک دەتوانێ بە پێچەوانەی ئەم NGO سەر دەستانە بجوڵێتەوە؟ پێموایە خەڵاتێکی ئاوا، لەو پەنجەرەیەی کە من باسم کرد، دەتوانێ دووبارە بەرھەمھێنەری سیستەم و فکری پیاو سالارانە بێت. چوون پرسی ژن بە بڕوای من پرسێکی جیھانیە.

لە ھەمان کاتدا   ئه‌م  بابه‌ته‌ تایبەتمەندی کۆمەڵایەتی خۆی ھەیە. و ژنانی کورد تا ئێستا گیرۆدەی ئەدەبیاتی حیزبی و پرۆگرامەکانیانن و دەیان و سەدان ڕێکخراوە لە کوردستاندا ھەن کە نەیانتوانیوە خۆیان لەو مژارە دەرباز بکەن. ئایا کەسێک وەک نادیە موراد، کەسێک کە خاوەن خەڵاتە دەتوانێ لە کۆمەڵگایەکی ئاوا دوور لە ھێژمونی حیزبەکان بێ؟ و دەتوانێ چی بکات؟ ئایا دەتوانێ هۆشیاریه‌كی  فێمێنیستی بە وجود بێنێ؟ لە کاتێک دا ئێمە کۆمەڵگایەکی داخراوین و لە ژێر گوشاری کەلتوری، ئایینی و حیزبین ئایا دەتوانێت ڕێکخراوەیەکی دابمەزرێنێ و ژنان بە ڕێکخستن بکات؟

و تا چ ڕادەیەک دەتوانێ لە سیستمێکی پیاو سالاری، سەرمایە داری، عەشیرەیی و ناسیۆنالیستی وەک کوردستان سەرکەوتوو بێت. ئەگەر بمانەوێ واقعبین بین دەتوانیین بڵێین؛ لە ئەم چەشنە کۆمەڵگه‌یەدا دەسکەوتێکی کەمی دەبێت.  له‌به‌رئه‌وه‌ی ئەوەی کە ئەو خەڵاتانە بوێری و چالاکی ئەم کەسانە بە سێ شێوازی، برۆکتراریزە، پرۆفیشناڵیز و ئەنیستیتۆسیاناڵنیزە کردن، سنوور دار دەکات. ئەوەش مەترسیەکە کە لە لەبەرامبه‌ر چالاکیەکانی نادیە موراد دا ھەیە.

 وەک دوایین وتە ژنانی کورد وەک نادیە موراد بە دەستی دوژمانی دیمۆکراسی، ئەگەر پەروەردەی دیمۆکراسی ببینن، ناتوانن یارمەتیبدەن. چوون ڕەوتی مۆدێرنیزەکردنی سوستمی پیاو سالاری و نێرسالاری لە ناخی ئەم سیستەمانە دایە کە ئێمە بە دیمۆکڕاسی ئامریکایی و ئیمپریالیستی ناوی دەبەین.

ئێمە دە بێ ئەم خاڵانە باس بکەین چوون ئەگەر ڕەخنە نەکرێ بەلا ڕێدا دەڕۆن. دوژمنانی دیموکراسی ناتوانن پەروەردەی دیمۆکڕاسی بدەن. دوژمنانی دیمۆکراسی ناتوانن خەڵاتی دیمۆکراسی بدەن. لەگەل ئەو ڕەخنەیه‌مدا .  ڕێزی من بۆ نادیە مورادو ژنانی خێرله‌خۆ نه‌دیوو، ئەوم ڕەخنانە له‌ نادیە موراد نییه‌،  بەڵکو بۆ خەڵاتێکە کە بەئەو دراوە. لە بەر ئەوەی دڵم ژاندەکات کە ئێش و ئازاری ئەم ژنانە دەبینم.

 تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین ڕێنوس و خالبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی
تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین
ڕێنوس و خالبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی