ژنانی یه‌زیدی وه‌ك كۆیله‌ی جه‌نگ له‌ بازاڕی موسڵ ده‌فرۆشرێن ٢٠١٥

جینۆسایدی یەزیدییەکان، دەستدرێژی بۆ سەر ئافرەتان و قوربانییەکانی شەڕ


Loading

ئەوەی بەدەستی چەکدارانی داعش بەسەر یەزیدییەکاندا هاتووە، ئەوەندە دڕندانە و دژە مرۆڤانەیە کە دەنگدانەوەیەکی بەرینی نێونەتەوەیی هەبووە. دیارە ئەم کارەساتەی داعش، مەسیحی و تورکمان و شەبەك و کاکەیی و هی‌تریشی گرتووەتەوە.

دیمەنی ئاوارەیی، لێقەومان و کوشت و بڕی پیاوانی بەتەمەن، ژنان وپیاوان، کچان و منداڵانی دەڤەری شنگال لە زۆربەی هەرە زۆری میدیاکانی جیهاندا ڕەنگدانەوەی هەبووەو بیروڕای گشتی وڵاتانی دەرەوەی هەژاندووە. کەم وابووە کە بۆ ڕووداوێكی وەها دڵتەزێن لە کوردستان، لە دەرەوەی وڵات لە مەودای چەند ڕۆژێكدا ئەو ڕادەیە لە خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتی و هەڵمەتی کۆکردنەوەی یارمەتی و کەمپەینی ڕاگەیاندن و نووسین و قسەکردن لە میدیاکانی دەرەوەدا ئەنجام درابێت.

ڕفاندن و دەستدرێژی بۆ سەر کچان و ژنانی یەزیدی و ئاکامە ڕووخێنەرەکانی تایبەتمەندییەکی هەیە کە لەناو ئەم دۆخە هەرە دژوارەی یەزیدییەکاندا پێویستە سەرنجێکی تایبەتی بدرێتێ. دام‌ودەزگاکانی سەر بە دەسەڵات و هەروەها ڕێکخراوە مەدەنییەکان و ڕێکخراوەکانی ژنان کە لەو ماوەیەدا چالاک بوون و دەنگیان بەرزکردووەتەوە ئەرکێکی زۆر ئەکەوێتە سەرشانیان.

دیاردەی ئەتک کردن و دەستدرێژی کردنە سەر کچان و ژنان، وەنەبێت هەر تەنها تایبەت بێت بەم شەڕە و بە چەکدارەکانی داعش و دژ بە یەزیدییەکان. لە مێژوودا لەشی ژنان بووەتە مەیدانی ململانێی هێزە نەیارەکان و سەرەڕای دڕندەیی و کاری نامرۆڤانە بەرامبەر بە هەموو دانیشتووان، ژنان و کچان بەتایبەتی کراونەتە ئامانج بەمەبەستی سووکایەتیکردن و بێڕێزی بە نەتەوەیەك، ئایینێك، تاقمێکی کۆمەڵایەتی و هەروەها لە پێناوی تێرکردنی هەوەسی سێکسی هێزی چەکداری دوژمن.

دەستدرێژی سێکسی لە هەر کات و شوێنێکدا کارەساتێکی گەورەیە. ئەم تاوانە کاتێك کە ئامانجەکەی بە ئەنقەست و بە مەبەست، ژنان و کچانی میللەتێك، ئایینێک یان تاقمێکی کۆمەڵایەتی بێت دەچێتە خانەی جینۆسایدەوە. مێژووی دەستدرێژی سێکسی –  تەنانەت بەرامبەر بە کوڕان و پیاوانیش – لە هەموو شەڕە گەورەکاندا هەبووە.

ئاوڕدانەویەکی مێژوویی

لە سەردەمی یۆنانییەکان و ڕۆمییەکانەوە لە شەڕەکاندا دەستدرێژی سێکسی هەبووە و نووسەرانی وەکوو هۆمێر و هێرۆدۆت لەسەریان نووسیووە. ڤایکینگەکانی سکاندیناڤییا کە لە نێوان سەدەی هەشتەم و یازدەهەمدا هێرشیان کردووەتە سەر ئەورووپا، ناوباگیان دەرکردووە لە تاڵان کردن و دەستدرێژی سێکسیدا. کاتێك مەنچوورییەکان لەشکرکێشییان کرد بۆ سەر پاشایەتی کۆریا لە سەدەی حەفدەهەمدا، دەستدرێژی کرایە سەر ژنانێکی زۆر و کاتێك لەبەرامبەر زێڕ و پارەدا ژنەکانیان ئازاد دەکرد، بنەماڵەی ئەو ئافرەتە لێقەوماوانە بەخێریان نەدەهێنانەوە.

دەستدرێژی کردنی هێزی کۆلۆنیال و بەتایبەت بەریتانیا بۆ سەر کچان و ژنانی هێندوستان چووەتە ناو مێژووەوە. کاتێك هەواڵی پێچەوانەکەی واتە دەستدرێژی چەکدارانی هێندی بۆ سەر ٤٨ ژن و کچی بەریتانی لە ڕۆژنامەی تایمزدا (ساڵی ١٨٥٧) بڵاو کرایەوە، یەکێك لەوانە کە بەدرۆی دەخاتەوە کارل مارکس بوو. وادیارە ئەم چەشنە هەواڵی چەواشەکارانە بۆ داپۆشانی دەستدرێژی سەربازانی بەریتانیا بووە بۆ سەر ئافرەتانی هێندی. لەشکری ئەڵمانیایش لە یەکەم ساڵەکانی سەرەتای سەدەی بیستەمدا دەستیدایە جینۆسایدی خەڵکی هێرێرۆ و ناماکوا (ئەکەوێتە نامیبیای ئێستا) و پێش کوشتنی ژنەکان بەکۆمەڵ دەستدرێژی دەکرایە سەریان.

Punishment aboard a slave ship, 1792. سزادانی ژنانی کۆیلە لەلیەن بریتانیەکانەوە Originally published in London, April 10, 1792. (Library of Congress), Prints
Punishment aboard a slave ship, 1792.
سزادانی ژنانی کۆیلە لەلایەن بریتانیەکانەوە
Originally published in London, April 10, 1792. (Library of Congress, Prints

دوای “یاخیبوونی بۆکسێرەکان” لە چین لە دووسێ ساڵی نێوان سەدەی نۆزدەهەم و بیستەمدا، هێزەکانی چەندین وڵات لەوانە ژاپۆن، ئەمریکا، ڕووسیا، فەرانسە و بەریتانیا دوای تێکشکانی سەرهەڵدانەکە، سەرەڕای سەربڕین و ئێعدامی بە شێوەی جۆراوجۆر، دەستدرێژی دەکەنە سەر هەزاران ئافرەتی چینی. ڕۆژنامەنووسێکی ڕۆژئاوایی بەنێوی جۆرج لینچ دەلێ: “شتی واهەیە کە من بۆم نییە لەسەری بنووسم و لەوانەیە لە بەریتانیایش چاپی نەکەن. چونکوو نیشاندەدا کە چۆن ئەم شارستانییەتە ڕۆژئاواییەی ئێمە تەنیا ڕووکەشێکە بۆ سەر وەحشی بوون و دڕندەیی”!

لە ساڵی ١٩٣٧ و لە ئەنجامی لەشکرکێشی ژاپۆن بۆ سەر وڵاتی چین‌دا، تەنها لە شاری نانکین نزیکەی ٤٠ هەزار ئافرەتی چینی کوژراون و یان بەکۆمەڵ دەستدرێژی کراوەتە سەریان. هەر لێرەشەوە “دەستدرێژییەکانی نانکین” چووەتە ناو مێژووەوە. لە جەنگی دووهەمی جیهانیدا بەتایبەتی دەستدرێژی سێکسی زۆر بەربڵاو بووە و نزیکەی هەموو هێزەچەکدارەکانی هەموو وڵاتانی بەشداری تێوە گلاون، هی وایە کەمتر هی وایە زۆرتر. ئەوەی هەرە بەرچاویان تاوانەکانی ئەرتەشی ژاپۆن بوو کە نزیکەی ٢٠٠هەزار ئافرەتی کوریا، چین، تایوان و فیلیپین‌یان وەکوو “ژنانی ئیسراحەت” ڕێكخستبوو.

بەگوێڕەی ڕاپۆرتێکی ئەمنێستی ئینترناشناڵ، بەکارهێنانی دەستدرێژی سێکسی لە کاتی شەڕدا تەنها بەرهەمێکی لاوەکی شەڕ نییە بەڵکوو ستڕاتێژییەکی چەکداریی بە ئەنقەستە کە لەپێشدا پلانی بۆ داڕێژراوە. لە نزیکەی هەموو شەڕەکانی دواتر لە جیهاندا دەستدرێژی سێکسی وەکوو دیاردەیەك دەبینرێت.

یەکەم جار کە ئەم تاوانە وەکوو ستڕاتێژییەکی سەربازی لە ئاستی نێونەتەوەییدا سەرنجی ڕاکێشا ساڵی ١٩٧١ لە کاتی شەڕی بەنگلادێش‌دا بۆ سەربەخۆیی بوو. دوابەدوای ئەم شەڕە بوو کە ئاکامە ڕووخێنەرە کۆمەڵایەتییەکان و لایەنە شاراوەکانی ئەم تاوانانە بەرامبەر بە ژنان کەوتە بەر لێکۆڵینەوە و سەرنجی توێژەران و دام‌ودەزگا نێونەتەوەییەکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا. ئامارەکان زۆر جیاوازن بەڵام زۆربەیان قسە لە یەکسەد تا دووسەد هەزار ئافرەت دەکەن کە لە لایەن ئەرتەشی پاکستان و “جاشەکانی” بەنگال‌ەوە دەستدرێژی کراوەتە سەریان. زۆربەی ژنە قوربانییەکان وەکوو سەرچاوەی شەرم و بوونە هۆی پیسکردنی کۆمەڵگا چاویان لێدەکرا. هەربۆیەش زۆر کەمیان دەیانتوانی بگەڕێنەوە ناو بنەماڵە و کەس‌وکاری خۆیان. هەرچەند یەکەم سەرەککۆماری بەنگلادێش شێخ موجیب ئەلڕەحمان لە دەستپێشخەرییەکی گرینگدا وشەی قارەمانی بۆ ئەو ژنانە بەکارهێنا، بەڵام سەرەڕای ئەوەیش لەبەشی هەرەزۆری کۆمەڵگاکەدا ئەوانە وەکوو “بێ‌نامووس” پێناسە دەکران. گرتەیەکی ڤیدیۆیی لەسەر یووتووب هەیە کە هەواڵنێری کاناڵی ئێن بی سی ئەمریکا چەند مانگ دوای شەڕەکە لەگەڵ چەند ژن و کچێکی بەنگلادێشی گفتوگۆ دەکات. بۆ نموونە کچێکی ١٤ ساڵان کە سکی حەوت مانگە باسی ئەوە دەکات کە هێندێک لەو ئافرەتانە لای دایک و باوکیان ماونەتەوە، هێندێك هیچ دەروویەکی ڕوونیان نییە و ئەوانەیش کە نەیانتوانیووە منداڵەکەیان لەبار ببەن، دەیاندەن بە شوێنی هەڵگرتنەوەی مناڵ.

نموونەیەکی‌تر کە نزیکەی بیست ساڵ لەمەوبەر ڕوویدا، شەڕی باڵکان  و دەستدرێژی کردن بۆ سەر دەیان هەزار ژن و کچی بۆسنیایی موسوڵمان بوو لەلایەن سەربەکانەوە. لێکۆڵینەوەی زۆر کراوە سەبارەت بە چارەنووسی ئەم ژنانە و تەنانەت لەلایەن خانمە دەرهێنەرێکی خەڵکی بۆسنیاوە بەناوی ژاسمیلا زبانیچ‌ فیلمێکی سینەمایی دروستکراوە کە بریتییە لە بەسەرهاتی یەکێك لەم ژنانە کە هەتا ماوەیەکی زۆر کچەکەی – کە بەرهەمی دەستدرێژی سێکسییە، نەیزانیووە دایکی بە چ قۆناخێکی پڕ لە ئێش و ئازار لە ژیانیدا تێپەڕیووە؛ ئەم فیلمە خەڵاتی گەورەیشی بردووەتەوە.

هەر لەم دە بیست ساڵەی ڕابردوودا لە وڵاتانی‌تریش کە شەڕیان تێدا کراوە وەکوو سییەرالیۆن، ڕوواندا، لیبێریا، سوودان، ئووگاندا و کۆنگۆ و هی‌تریش ئەم تاوانە گەورانە ئەنجام دراون کە ئەوانەیش کەوتوونەتە ژێر دەستەواژەی ‘جینۆسایدی دەستدرێژی سێکسی’ و لەلایەن ڕۆژنامەوانان و توێژەرانی کۆمەڵایەتییەوە لێکدانەوەی لەسەر کراوە و بوونەتە بابەتی ریپۆرتاژی گرینگ.

کوشتن و خۆکوشتن

چەندین لێکۆڵینەوەی ئاکادێمیك کراوە لەسەر دیاردەی خۆکوشتن و یان بەرزبوونەوەی ئاستی مەیلی خۆکوشتن لەناو قوربانییەکانی ئەم تاوانانەدا. توێژینەوەکان دەریانخستووە کە زەرەر و زیانی جەستەیی و دەروونی دەستدرێژی سێکسی و ئەو شەرمەزاری و پەڵەی شەرمەی مرۆڤەکە دەگرێتەوە، زۆر بەربڵاوە. قوربانییەکە بۆ دەربازبوون لەو دۆخە و بۆ ئەوەی هیچ دەروویەکی ڕوون لە ناو کۆمەڵگا و بنەماڵەکەیدا بەدیناکات، بەردەوام بیر لە خۆکوشتن دەکاتەوە. دیارە کارتێکردنی فەرهەنگ و ئایین و داب‌ونەریتی عەشیرەتی و ئاستی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی ڕۆڵی گرینگیان هەیە لە بەهێزکردن و یان لاوازکردنی ئەم هەستی خۆ بە کەم زانییە لەناو قوربانییەکاندا.

ئەم دیاردەیە لە هەر شوێنێك و بە شێوەیەك خۆی دەنوێنێت؛ بۆ نموونە لە شەڕی ئەرمەنستان و ئازربایجاندا، چەند حاڵەتێك هەبووە کە ئەو ژن و کچە ئەرمەنییانەی مەترسی ئەوەیان کردووە بکەونە دەستی سەربازی دوژمن، پێش ئەوەی ئەسیر بکرێن خۆیان کوشتووە! واتە بە چەندین هەنگاو کەوتوونەتە پێش ڕووداوەکەوە.

کچان و ژنانی یەزیدی

ژنانی یەزیدی وەک کۆیلەی شەڕ لەبازاڕی ڕەقە و موسڵ دەفرۆشرێن ٢٠١٥
ژنانی یەزیدی وەک کۆیلەی شەڕ لەبازاڕی ڕەقە و موسڵ دەفرۆشرێن ٢٠١٥

دوابەدوای شەڕی داعش بۆ سەر شنگال، لەناو قوربانییانی یەزیدییدا ژنان و کچان چارەنووسێکی جیاوازیان هەبوو. دیارە کوشتن و ئەسیرکردن و ئەشکەنجەدان و ناچارکردن بە گۆڕینی ئایین هەڕەشەیەك بوو لەبەردەم هەموو یەزیدییەکاندا. لە کەش و هەوای تۆقاندن و دڕندەیی داعش و ئەو تراژێدیایەی بەسەر یەزیدییەکان بەژن و پیاوەوە هاتووە، چەندەها راپۆرت و هەواڵی جۆراوجۆر لە کاناڵەکانی تەلەڤیزیۆن و لەسەر سایتەکان بڵاوکراوەتەوە.

کاناڵی چواری تەلەڤیزیۆنی سوید ڕۆژنامەوانێکی ناوداری خۆی “لۆتیە کرۆنێستراند”، ناردووە بۆ ناو ئاوارە یەزیدییەکان. بەشێکی ڕاپۆرتەکەی ئەم خانمە سەبارەت بە دەستدرێژی کردنە سەر ئافرەتان و ئاکامەکانییەتی؛ ئەمە دەقی بەشێکی ئەو ڕاپۆرتەیە کە ئێوارەی ٢٠/٨/٢٠١٤ بڵاو کرایەوە:

دەستدرێژی کردنی سێکسی بۆ سەر ژنێکی یەزیدی لە عێراق بەکردەوە وەك سزای مەرگە. فاتمە جردۆ خەڵەف ئەڵێ “ژنێك کە لە ئێمە ببردرێت و هێشتایش دەستی لێنەدرابێت، دەتوانێت رزگاری بێت. ئەگەر بێتوو دەستیان بۆ بردبێت، باش وایە بمرێت. باشتر ئەوەیە کە خۆی کۆتایی بە ژیانی خۆی بێنێت.” یەزیدییەکان تەنها لەگەڵ کەسانی سەربە ئایینی خۆیان هاوسەرگیری دەکەن و فەرهەنگێکی بەهێزی نامووسپەرستییان تێدایە. بەواتای موراد کۆتی، یەکێك لەو پیاوانەی ئێمە گفتوگۆمان لەگەڵ کرد، ئەو ژنەی کە دەستدرێژیکراوەتە سەری و خۆی ناکوژێت، دەکوژرێت. “بەپێی داب‌ونەریتی ئێمە، دەبێ ژنەکە بکوژرێت ئەگەر دەستدرێژی کرابێتە سەری. ئێمە ناهێڵین ئەو بژیێت. ئەو چیدی ناتوانێت لە کۆمەڵگای ئێمەدا بژی.”

http://www.tv4play.se/program/nyheterna?video_id=2928137

هەر هەمان ڕۆژ ژنێکی یەزیدی بە هەواڵنێری تەلەڤیزیۆنی ڕووداو ئەڵێ: ” سێ لە کچەکانم لەلایەن داعشەوە دەستدرێژی کرایە سەریان و دوایە گەڕاندنیانەوە ناو ئێمە؛ ئەوان زۆریان گوت بمانکوژن، کەس جوابی نەدایەوە و ئەوانیش خۆیان لە شاخی شنگال فڕێدایە خوارەوە؛ ژمارەیەکی‌تریش هەر هەمان شت دەگێڕنەوە سەبارەت بە چەندین ژن و کچی‌تر کە خۆیان کوشتووە.”

http://rudaw.net/english/kurdistan/140820142

هەواڵەکانی دواتر زۆر دڵخۆشکەر نین بەتایبەت کە دەرکەوتووە ئەو ژن و کچانە فرۆشراون لە دەوروبەری موسڵ و تەنانەت لە سووریا. ئەندامی پارلەمانی عێراق ڕێزان شێخ دلێر رۆژی ٢٧/٨ لەسەر کوردستات دەلێ: “ئەو کچ و ژنانە لە ڕێگای مۆبایلەکانیانەوە بەردەوام کارەسات و بەسەرهاتی خۆیان بۆ خزم و کەسیان دەگێڕنەوە . . “

ڕووداو تی‌ڤی ٢٦/٨ لە ریپۆرتاژێکدا ئەڵێ گەورەترین کارەسات بۆ یەزیدییەکان ڕفاندنی ژن و کچەکانیانە . . . و ئەوە لە هەموو شت گرانترە”.

سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ لە كوردستان، زیا بەترس بۆ خەندان:

 ئەم ئافرەتانە كۆمەڵێكیان بردراون بۆ بەرپرسەكانی داعش‌و هەندێكی دیكەشیان بەنرخی (150-250) دۆلار بازرگانییان پێوە كراوە كە ئەوەش تاوانە، هەروەها وتی: “هەندێك لایەن پەیوەندییان پێوە كردوین كە دەیانەوێت بەمەبەستی گەڕانەوەی ئەو ئافرەتانە بۆ لای كەسوكاریان بیانكڕنەوەو ئێمەش ئاسانكارییان بۆ دەكەین، بەڵام نەك ئەو كڕینەوەیە بۆ مەبەستی دیكە بێت”.

 ئەو ئافرەتانە تەنها یەزیدی نین، بەڵكو مەسیحی و شەبەك و توركمانی تەلەعفەریشیان تێدایە و هەندێكیشیان رزگاریان بووە، بۆیە وەك دەستەی مافەكانی مرۆڤ، پەیوەندییان بەپیاوانی ئاینی (مەسیحی و یەزیدی و شەبەك) کردووە بۆئەوەی بەشێوەیەكی باش پێشوازی لەو ئافرەتانە بكەن و باری دەرونییان هێور بكەنەوە.”

هۆگر هرووری کە ڕۆژنامەوانێکی گەنجی کوردی دانیشتووی سویدە، زۆر دڵسۆزانە و بە لێهاتوویەوە چووەتە ناو ئاوارە یەزیدییەکان و ڕێپۆرتاژێکی شایستەی لەسەر ئەوان تۆمار کرد کە ئێوارەی ٤/٩/٢٠١٤ لە کاناڵی چواری تەلەڤیزیۆنی سویدەوە بڵاو کرایەوە. لە سەرەتای فیلمەکەدا بووکێكی گەنج دەبینین کە دوو ڕۆژ پێش کارەساتەکە لەگەڵ خۆشەویستەکەی زەماوەندیان کردووە و دواتر هیچ ئاگایەکی لە تازە زاواکەی نەمابوو و مەترسی دەکرد نەمابێت یان کەوتبێتە دەستی داعش. هۆگر وەکوو ڕۆژنامەوانێکی دڵسۆز و بە هاوخەمییەکی زۆرەوە وێنەی ئەم تازەبووکەی لەسەر مۆبایلەکەی داناوە و بەردەوام دەگەڕێت بزانێت چارەنووسی بەکوێ گەیشت. لە نزیکەی کۆتایی ڕێپۆرتاژەکەیدا دەردەکەوێت کە خۆشبەختانە زاواکە ڕزگاری بووە و گەڕاوەتەوە لای هاوسەر و خزم و کەس‌وکاری. ئەم بەشەی فیلمەکە لەناو ئەو دەریای پڕ لە خەم وپەژارەدا خۆشییەک دەبەخشێت بە بینەر و بە کەسانی ناو فیلمەکە.

گەڕانەوەی ئازیزێك – چ تازە زاوا بێت یان تازە بووك، کچ بێت یان کوڕ، ژن یان پیاو – دەبێ هەر هەمان خۆشی و شادمانی ببەخشێت بە بنەماڵە و کەس و کار و دۆستانی. ئەمەیان تەنها کاتێك بۆ کچان و ژنان دەست دەدات کە هەڵمەتێكی وشیارکردنەوە و لەهەمان کاتیشدا هۆشداریدان دەستپێبکات بۆ ڕەخساندنی بەردەوامی ژیان بۆ قوربانییەکانی دەستدرێژی بە دەستی داعش‌ەوە. دەبێ هەمووان بیسەلمێنن کە تاوانبار ئەو کەسە نامرۆڤانەن کە دەستدرێژی دەکەن، نەك قوربانییەکی بێدەسەڵات لە لەشی ئافرەتێکی یەزیدی بێتاواندا.

گرینگە وەزارەتی تەندروستی و وەزارەت و دەزگا پەیوەندیدارەکانی‌تر و هەروەها ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و پشتگیری لە مافی ژنان، لە هەمان کاتدا کە بەدواداچوون دەکەن بۆ ئەو کچ و ژنانەی کە ڕفێندراون و فرۆشراون، بەتایبەتی بۆ ئەوانەیش کە دەگەڕێنەوە ناو کۆمەڵگا و کەس و کاریان هەمان بەدواداچوون بکەن. ژیان و داهاتووی ئەو ژنانە ئەبێ گرینگییەکی تایبەتی پێ بدرێت و بەوردی ئاگادارییان لێبکرێت و ناویان تۆمار بکرێت بەمەبەستی ئاگالێبوونیان. ئەم ئافرەتانە تووشی تراوما و برینی دەروونی وەها بوون کە کاردانەوەی قووڵی دەبێت لەسەر خۆیشیان دەوروبەریان. هەر بۆیە پێویستیان بە هەموو چەشنە چاوەدێرییەك دەبێت. ئەوانە نەك هەر خۆیان شکێنەر و قابیلی ئەوەن کە گیان و لەشی خۆیان بخەنە مەترسییەوە، بەڵکوو مەترسی ئەوەیش هەیە کە لەلایەن کەس و کار و کۆمەڵگاکەیشەوە بکەونە ژێر فشارەوە.

ئەو کەمپەینەی لە باشووری کوردستان بۆ هەوڵی ئازادکردنی ئەو کچ و ژنانە دەستی پێکردووە جێگای دەستخۆشیکردن و دڵخۆشییە. هاوکات زۆر گرینگە لەم بوارەدا چالاکانی یەزیدی بە ژن و پیاوەوە بەشداری بدرێن لەم چالاکییانەدا. گەڕانەوەی ئازادەنەی ئەو ئافرەتانە بۆ باوەشی بنەماڵە و بۆ ناو کەس‌وکاریان پێویستی بە کاری دڵسۆزانە و بەدەربەستبوونە بۆ دواڕۆژی ئەوان. کۆمەڵگایەك تەندروستە کە ژنان و کچان شانبەشانی باوک و برا و هاوسەرەکانیان بە ڕێز و کەرامەتەوە لە هێمنایەتیدا بژین. بەو هیوایەی دوای ئەم تاوانە گەورەیەی بەرامبەر بە گەلی یەزیدی کراوە و دوای ئەو هەموو کارەساتەی لە مێژوودا بینیوویانە، بتوانن بەسەر هەموو کۆسپەکاندا زاڵ بن و بەتایبەتی کۆمەڵگایەك پێکبێنن کە ببێتە شوێنێکی هێمن و ئارام بۆ کچان و ژنان بەتایبەتی و هەموو یەزیدییەکان بە گشتی.

ئەحمەد ئەسکەندەری

٥/٩/٢٠١٤

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
Culture Project