بیانییەک لەسەر شانۆ

Loading

کتێبێک دەربارەی ئەکتەری کورد-سوێدی و بەرجەستەکردنی شووناس

پرسیارەکانی شووناس لە هونەردا، بە تایبەتی (منی) هونەرمەند لەسەر شانۆ یان لە هەر کارێکی هونەری تردا، چۆن لای بینەران دەخوێندرێتەوە و شووناسی مرۆڤ، له‌ چوارچێوه‌ی تێگه‌‌ی ئه‌وانی تره‌وه، چۆن لێك ده‌درێته‌وه‌‌؟ لەوانەیە ئەم پرسە لە وڵاتێکی تر و لەگەڵ هونەرمەندانی تاراوگە چەمک و تێڕوانین و بۆچوونی تر لەخۆ بگرێت و بەشێوەیەکی تر مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، بۆ نموونە لەوانەیە سوێدییەکان، بینەر یاخود ڕەخنەگرەکان هەمان تێڕوانینیان بۆ ئەکتەری کورد یان هەر میللەتێکی تر، کە لە سوێد دەژین نەبێت و لەگەڵ ئەکتەرە سوێدییەکاندا بەرواردیان نەکەن. ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ چه‌ندان فاکتەری سیکۆلۆژی، کۆمەڵایەتی و ژینگە و تێڕوانینی ئەو بینەرە جیاوازەی بەر کار و پرۆژە بیانییەکان دەکەوێت. ئەو بیانیانە هاوڵاتی ئەو وڵاتەن و پرۆژەکانیان لە وڵاتێکی ترەوە نەهاتوون و دوای نەمایشەکانییان ناگەڕێنەوە، لەگەڵ ئەوەیشدا بە دیوێکی تر و لە ئاقارێکی تردا خەڵکی ئەو وڵاتەن نین و ئەو وڵاتە، وەکوو شوێن، پانتاییەکی تاراوگەیە بۆ ئەوان.

14193798_10209248038691506_1691337461_nزۆرجار جۆرە تێڕوانینێک، سنوورێک لەنێوان خەڵکی ئەو وڵاتە و ئەوانەی لە تاراوگە دەژین و بەکاری هونەرییەوە خەریکن، دروست دەبێت و بینەرانی ئەو وڵاتە بۆچوونی پێشوه‌خته‌یان هەیە و ئەمەیش لە چەمکە سۆسیۆکولتوورییەکانی ئەو کۆمەڵگایەوە سەرچاوە ده‌گرێت. هەر لەم دەروازەیەشەوە چەمکەکانی (دەسەڵات) و بەکارهێنانی دەسەڵاتە نەبینراوەکان و هه‌ستنه‌کردن بە نەبوونی (ماڵێک) و نامۆبوونێکی رۆحی، کاریگەری بەسەر فۆرم و تەکنیکە هونەرییەکانی هونەرمەندانی تاراوگەوە دەبێت و ئەزموونێکی تر بۆ خۆیان و بۆ بینەرە جیاوازەکەیش دەستەبەر ده‌که‌ن. ئەم گرفتە لەنێوان (من لێرەم، لە هەمان کاتیشدا لێرە نیم) چڕ دەبێتەوە و پرۆسەیەکی هونەری جیاوازتر لە هونه‌ری باو، له‌وه‌ی گوێچکه‌ و چاوی بینه‌ر پێی ڕاهاتووه‌ بەرجەستە دەکات.

(کریستینا سڤێنس) لێکۆڵەرەوەی شانۆ و پسپۆری زانستە شانۆییەکان لە زانکۆی ئومیۆ، لە تێزێکی چڕ و لێکۆڵینەوەیەکی ئەکادیمیدا، هەوڵی داوە وەڵامی هەندێک لە پرسەکانی شووناس، لە کتێبێکی ناوازەی ١٨٢ لاپەڕەیدا، بە ناوی ( “بیانییەک” لەسەر شانۆ/ ئەکتەری کورد‌ ـ سوێدی و بەرجەستەکردنی شووناس) بداتەوە، هاوکات شرۆڤە بۆ کارە شانۆییەکانی هەندێک لە شانۆکارانی کوردی وڵاتی سوێد، لە تێڕوانینی چەمکەکانی شووناس و تاراوگەوە بکات.

سڤێنس بۆ ئەم لێکۆڵینەوەیەی چەند شانۆکارێکی لە باشوور و باکووری کوردستان، بە تایبەتی ئەوانەی بە زمانی سوێدی کاردەکەن و پلاتفۆرمێکی هونەری و کارەکتەرێکی کولتوورییان لە نێوندە هونەرییەکەی سوێدا هەیە، هەڵبژاردووە و چەمکەکانی شووناس و تاراوگە و زمان و کولتوور و پێگەی هونەرییان لە تێڕوانینێکی پۆستکۆلۆنیالیزم و ئێستاتیکی و سوسیۆکولتوورییەوە شی دەکاتەوە. هەروەها لە دیدی شووناسی سیاسی، کە دەیبەستێتەوە بە چەمکە تیۆرییەکانەوە، بە مەسەلەکانی بیانی بوون و نامۆبوون، وەک هونەرمەندی شانۆیی قووڵ دەبێتەوە.

نووسەر بۆ ئەم مەبەستە کتێبەکەی دابەش کردووە بەسەر پێشەکی و دەروازەیەک و پێنج بەشدا، لە پێشەکییەکەدا چەمکەکانی شووناس و سۆسیۆکولتوور ڕوون دەکاتەوە و دەشیان بەستێتەوە بە پرۆژە و کارەکانی ئەو شانۆکارە کوردانەوە، کە لە کتێبەکەیدا باسی کردوون. سڤێنس بۆ نموونە باسی گروپی شانۆی کوردی، کە لە هەشتاکاندا شانۆنامەی (زمانی چیا)ی هارۆڵد پینتەر نەمایش دەکەن، دەکات. ئەم نەمایشەیش بۆ نووسەر چەمکێکی سیاسی لەخۆ دەگرێت، کە هەموو گروپەکە بە جووڵانەوەیەکی سەرەتایی لە سوێد هەژمار دەکات و ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە، کە شانۆ چۆن شووناسێکی کوردی/کۆلێکتیڤی دروست دەکات، بەڵام ئەو دەرگایەش دەکاتەوە، کە بوار بۆ ڕاڤەکردنی ئەو شووناسە کۆلێکتیڤییەیش بخوڵقێنێت. ئەوەی لەم پرۆژەیەدا بۆ نووسەر جێگای سەرنجە، ئەوەیە گروپی (شانۆی کوردی) گرفتە خودگەراییەکان چر دەکاتەوە و لەنێو کۆدە سیاسییەکانی ئەو ڕۆژگارەی دۆزی کوردا و بە تایبەتی (من وەک مرۆڤێکی کورد مافم هەیە یان نیمە)دا دەبەستێتەوە بە (زمانی چیا)ی پینتەرەوە.

بەشێکی تری کتێبەکە باسی یەکێک لە نەمایشەکانی ئەکتەری کوردستانی باکوور (ئوز نوێین) دەکات، کە (میستێرۆ بۆفۆ)ی داریۆ فۆ پێشکەش دەکات. ئوز لە بەرگی گاڵتەگێڕەکانی سەدەی ناوەڕاستدا بە باشی دەگونجێت و ئەو دەرفەتە بۆ ئەکتەرێکی کۆمیدی (ئوز زیاتر وەک ئەکتەرێکی کۆمیدی و ستان ئاپ ناسراوە)، کە دیدێکی ڕەخنەئامێزی توندی بۆ کۆمەڵ و داموودەزگاکانی دەوڵەت هەبێت، دەکاتەوە. فیگوری گاڵتەگێڕەکە و چەندان کارەکتەر لەنێو نەمایشەکەدا، کە تەنها یەک ئەکتەر ڕۆڵەکانییان دەبینێت، ئەو بوارە بۆ ئوز دەکاتەوە، کە گەمە بە چەمکەکانی شووناس بکات، خۆی وەکوو کەسێکی کورد و موسڵمانیش لە کۆنتێکستی کۆمەڵ و تێڕوانینێکی سوێدی و هەستەوەرێکی کۆلێکتیڤ-ەوە، بەرجەستە بکات و بە ئاسانی گەمە بەم دەستەواژانە بکات. ئەم گەمەی ناو گەمە و شانۆی ناو شانۆیە، فۆرمی گاڵتەگێڕەکانی سەدەکانی ناوەڕاست و لێبوکە مۆدێرنەکانی شانۆ، لەنێو چەمکەکانی شووناس و ڕەخنەیەکی بەهێزی کۆمەڵدا یەکانگیر دەکات و سنوورەکانی نێوان چەمک و تێڕوانینە فەلسەفی، سیکۆلۆژی، کۆمەڵایەتی و سۆسیۆکولتوورییەکان ناهێڵێت و لە کۆنتێکستێکی تری ئەنترۆپۆلۆژییەوە دەڕوانێتە مەسەلەکانی شووناس و فرە فەرهەنگی و فرە کولتوورییەوە.

میستێرۆ بۆفۆ لە فۆرمێکی شانۆی میللیی و پەیوەندییەکی دینامیکی نێوان ئەکتەر و بینەراندا، هەروەک گاڵتەگێڕەکانی سەدەی ناوەڕاست، هەنگاوێکی گەورەی بەرەوپێشەوەچوونی ئەزموونی داریۆ فۆیە. ئەم دەقە و فۆرمی نەمایشەکە ڕۆڵێکی دیار و بەهێزی لە شانۆی سوێدیدا گێڕاوە، هونەرمەندێکی بەتوانای وەک (بیۆن گرانات)، کە چەندان ساڵە ئەم داب و نەریتەی فۆ و شانۆی گاڵتەگێڕەکانی لەم دەقەی فۆوە (میستێرۆ بۆفۆ) بەرجەستە کردووە و لەسەر شانۆ گەورەکانی سوێد نەمایشی کردووە، ئێستا هەر لە ریژی خۆی ئەو بەردەوامییە لە ڕێگای ئەکتەرێکی کوردەوە (ئوز) بەم دەقە و بەو فۆرمە میللییەی شانۆ دەبەخشێت. ئوزیش بە نەمایشەکەی خۆی فۆرمێکی تر و چەند تۆێژاڵێکی تری کولتووری لە دەقەکەدا دەدۆزێتەوە و لە تەکنیکەکەی فۆوە، فۆرمێکی تری میللیی بۆ مەسەلە کولتووری و شووناسە جیاوازەکان دەدۆزێتەوە.

هەروەها نووسەر بەشێکی کتێبەکەی بۆ نەمایشی (بەرەو دیمەشق)ی ستریندبێرگ تەرخان کردووە، کە بەندە (دانا ڕەئووف) لە یەکێک لە فارگۆنی شەمەندەفەری هێڵی ناوخۆی ستۆکهۆڵمدا، لە کاتی ڤیستیڤاڵی ستریندبێرگی نێونەتەوەیی پێشکه‌شم کردبوو‌. خاتوو سڤێنس باسی ئەو سمبۆلانە دەکات، کە لەم نەمایشەدا بە شێوەیەکی تەریبی خەونە ئاڵۆز و وڕێنەکانی (کەسی نەناسراو) لە چەندین شوێنی (بەرەو دیمەشق)ەوە، لە ژێر زەمینەکانەوە، بەرەو دونیایەکی تر و واقیعیێکی تر، بەڵام لە فۆرمێکی ناواقیعیدا دەبات. ئەو سمبۆلانەی نووسەری ئەم کتێبە باسی دەکات، هاوپێچە بە پرۆسەی ڕه‌وتی ژیانی‌ خودی خۆمانەوە، کە لە گەشتی ژیاندا دەردەکەوێت و لەم نەمایشەدا هێڵێکی تەریبی لەنێوان کارەکتەر و دەق و شووناس و چەمکی شاریشدا دەکێشێت. لەم نەمایشەدا پێوەندییەکانی بینەر و نەمایش دەبێتە گەمەیەکی چاودێری کردن و بەشدارییەکی ڕاستەوخۆ، ئەمەیش لە تێگەیشتن و پەرچە کردار و مامەڵەی بینەرانەوە، بە خودی گەمە شانۆییەکەوە ڕەنگ دەداتەوە. (دانا لە نەمایشەکەیدا و لە دیدی خۆشیدا بۆ بنەما دراماتیکییەکان و بۆ ئەو پرۆسە هەنووکەییەی ئەکتەری کورد-سوێدی لە کۆنتێکستی کولتووردا هەیەتی، ستراکتوورێکی هونەری بۆ کارەکەی دۆزیوەتەوە/…/ مرۆڤ هەمیشە زانیاری خۆی سەبارەت بە دونیا هەیە) ئەم نەمایشە چەمکەکانی نامۆبوون دەکاتە کێشەیەکی فرە ڕەهەند و فرە مەودا، بۆ نموونە ڕەگەز و جەندەر و شووناس بە ڕوونی لە بنەما دەرەکییەکان و تەنانەت لە بنەماکانی خۆشیان جیا دەکاتەوە و مەسەلەکانی ژن/پیاو لە پرۆسەیەکی هونەریدا بەرجەستە دەکات و مەودایەکی قووڵ و جیاوازیان پێ دەبەخشێت. هەرەرها نووسەر ئەو بنەما هونەرییانە ڕوون دەکاتەوە، کە گەمە لەنێوان ئەندێشە و واقیعدا دەکات، بۆ نموونە شانۆی ناو شانۆ، گەمەکردن لەگەڵ ڕەگەزی مرۆڤدا، ڕۆڵ گۆڕینەوە و تێکەڵاوکردنی دەنگەکان.

لێکۆڵینەوەکەی سڤێنیس ئەوەمان بۆ دووپات دەکاتەوە، کە ئەکتەرە سوێدییه‌ به‌ڕه‌گه‌ز کورده‌کان، وەک هونەرمەندی شانۆکار، توانیویانە شانۆیەک پێشکەش بکەن، کە جۆرە هاوپەیمانییەتێکی ڕانەگەیەنراویان لەگەڵ بینەرەکانیاندا پێك هێناوه‌، بۆ ڕووبەرووبوونەوەی مەسەلەکانی دەسەڵات و دەسەڵاتی سۆسیۆکولتوورییەکان و خوڵقاندنی پلاتفۆرمێکی هونەری بەهێز، کە دەسەڵاتە هونەرییە سوێدییەکان و داموودەزگا هونەرییەکانیان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.