پۆسته‌رك ؛ فزه‌ مه‌كه‌!

باخان جه‌عفه‌ر؛ ئافرەتی خەسێنراو


Loading

 

نووسینی: باخان جه‌عفه‌ر

گومان لەوەدا نییە بێ ئاوردانەوە لە ڕەگەزی مێ و هەست نەکردن بە گرنگی ئەم ڕەگەزە لە کایەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و پلەو پۆستە باڵاکان ناتەندروستە، بەڵام کاتێک ژنانی نائەکادیمی و بێ ئەزمون پۆست و بەرپرسیاریەتییەکان وەردەگرن، ئەو وەختە کۆمەڵگا زۆر ناتەندروست تر دەبێت لەوەی کە هەیە. ئەمەش لەو کاتەدا سەر هەڵدەدات کا ئافرەتەکانمان بە رێکەوت دەبن بە سیاسی، بە بێ بوونی شارەزای و ئەزموون و لیهاتووی و بێ ئاگا لەو کێشەو ململانێیانەی لەو کایەیەدا رووبەروویان دەبیتەوە.

پۆسته‌رك ؛ فزه‌ مه‌كه‌!
پۆسته‌رك ؛ فزه‌ مه‌كه‌!

گەر بێن لێکدانەوەییەک بۆ بەشداری سیاسیانەی ژنان و بەرەوپێش چوونیان لە حزبەکاندا بکەین دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە زۆر کات “ڕوانینی نێرانە” [1]بۆ دەستەبەرکردنی سێکس بە لارێدابردنی تەندروستی و سکێچی ئەسڵی سێکس و چاوچنۆکی پیاوان لە بەدەست هێنانی ئەم غەریزەیە رێیکردۆتەوە بۆ بەشداریکردنەکە، نەک ئەوەی کە حزبی سیایسی بە متمانەوە بە بەرنامەو پرۆگرامی پەروەردەی کادیرەکانی و بەتایبەت ژنان گەیشتبێتە ئەو بڕوایەی کە ئەم کەسە دەبێت بچێتە پێشەوە، وە لەزۆر کاتدا ژنان ناچاری قبوڵ کردنی ئەم خراپ سود وەرگرتنەن لە توانا و جەستەیان چونکە متمانەیان بە تواناو ئیرادەی خۆیان بۆ دروست نەبووه‌. نمونەیەکی ڕوون سیستمی کۆتایە لە هەڵبژاردنی ئەندامانی پەڕڵەمان. ئەگەر پارتی سیاسی ئامانجی بەرەو پێش چوونی ژنان بێت، دەبێت یەکەمین کارێک کە  بیکات لابردنی ئەو سیستمە بێت بۆ ئەوەی ژنیش وەک پیاوان هەوڵ بدەن بە دەنگی یاسای خۆیان تێپەرن نەک بە خاتر گرتن کە نمونەی روونی پەرلەمان لە بەرچاومانە زۆر دەگمەنن ئەو ژنانەی بە دەنگی خۆیان تێدەپەرن،بەڵام نەخێر زۆر کات حزبەکان ژنان وەک جوانکاری و یاخود بۆ خۆ دەرخستن بە لیبراڵ بەکار دێنن.

ئەوەی گرنگە بیڵێین ئەوەیە ئەم جۆرە بەشداریکردنەی ژنان لە سیاسەت بە سپۆنسەری پیاوان ژنانێک بەرهەمدێنێت کە پێی دەڵێن “ئافرەتی خەسێنراو” ئەم جۆرە خانمانە لە ڕووی لۆجستی و هزرییەوە دەتوانن ئەرک و بەرپرسیارییەتی بەشێوەیەکی باش بگرنە ئەستۆ، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئیرادەو نەبوونی توانای دەرچوون لە ژێر ڕکێفی پیاوانی حزب وا دەکات نەتوانن بە ئەرکی خۆیان هەستن .

ئەم چەمکە دەگشتێنین بۆ ژنانی رێکخراوەکانێش کە زۆر جار بە ناوی داکۆکی کردن له‌ مافی هاورەگەزەکانیان یان ژنان دێنە دەنگ و دەبنە خاوەن پلەو پۆست لەو هەڕەشانە بەدەر نین کە له‌لایەن پیاوانی باڵادەستەوە لەسەریانە.

باشترین کارێک کە دەبێت ژنان بیکەن هاتنە دەرەوەیە لە هەژموونی پیاوانی حزب و دەستکردن بە خۆ پەروەردەکردن بێ ئامانجی سیاسی سەرەتا بۆ مرۆڤبوون بۆ مافی  ڕادەربرین دواتر هەنگاو نان بەرەو ئامانجی گەورەتر.

[1] له‌ وتارێكی خاتوو شیلان به‌كار هاتووه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ی فیلمێك، له‌ سایتی كولتوور مه‌گه‌زین