ئالان بادیۆ لەبارەی پۆلەتیک و کۆمۆنیزم و خۆشەویستی

Loading

ئەنجامدانی چاوپێکەوتن: کۆستاس ماڤرۆیدیس 

له‌ئینگلیزیه‌وه‌ بۆ كوردی ؛ دڵشاد ئه‌بوبه‌كر

گۆڤاری “زە نیو ستێیتسمان The New Statesman” ئەوی بە “میراتگری ژان پۆڵ سارتەر و لویس ئالتوسەر” داناوە پاش بڵاوبوونەوەی تازەترین نووسینی بەناونیشانی “دژەفەلسەفەی ڤیتگینشتاین”. هه‌روه‌ها لەپاش گوتارێکی لە پەیمانگای فەرەنسایی لە یۆنان لەژێر ناوی “ئایا سیاسەتکردن چ مانایەکی هەیە ئەمڕۆ؟”، دامەزراوەی یۆنان ئەبدۆ  Grèce Hebdoهەڤپەیڤینێكی لەگەڵ (ئالان بادیۆ) کردووە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پۆلەتیکس و کۆمیونیزم و خۆشەویستی.

کۆستاس ماڤرۆیدیس: قسەوباسی زۆر کراوە لەبارەی فەرەنسا و بزوتنەوەی ” نوی دێبۆو Nuit Debout movement”. ئایا بوار هەیە بۆ گەشبینی لەو بارەیەوە؟ ئایا ئێمە کاراکردنەوەی پۆلەتیکس دەبینین لێرەدا؟

 

ئالان بادیۆ:  وەڵامێکی ناڕۆشنت دەدەمەوە. وەک خۆم، هەمیشە خۆشحاڵم کە بزوتنەوەیەک هەیە. سروشتیانە، پێمباشە بزوتنەوەیەک بوونی هەبێت، نەک هەر هیچ شتێک نەبێت. بۆیە لەم سۆنگەیەوە، دەبێت دانی پێدابنێین کە ئەم بزوتنەوەیە بوونی هەیە، کە ماوەیەکە بەرگەی گرتووە، و خەڵکێکی زۆر دێنە پاڵی و دەوەستن تا لێوه‌ی بڕوانن، ئیدی  وەک بەشێک له‌گه‌ڵیدان و هه‌ندێكیان ماونه‌ته‌وه‌ هێشتا به‌رده‌وامن له‌گه‌ڵ ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌دا ، دیاره‌   هێشتا کەشێکی گشتیی باش هەیە بۆ گفتوگۆکردن، گشت ئەمانە پۆزەتیڤانەیە. لەلایەکی دیکەوە، باوەڕم وایە، کە ئەمە دەکرێت شتێک نەبێت گۆڕانکاری قووڵ لە دۆخی سیاسیی فەرەنسادا بکات، کە من بە دۆخێکی زۆر قورس یان  تەنانەت بە دۆخێکی بەستووی ناودەنێم.

هۆکارگەلی ئەمەش بریتی نییە لە مەسەلەی باوەڕی باش یان هی خراپی یاریکەرە بەشداربووەکان، من بڕوام وایە کە زیاتر ئەوان دەبێت کار لەگەڵ ئەو ڕاستییەدا بکەن کە گەڕان بەدوای پۆلەتیکی نوێ لە سیاقی هەنوکەدا – شتێک کە  بتوانێت  پۆلەتیکی هەبوو تێكبشكێنێت – بەشێوەیەکی ئاسایی پرۆسەیەکی دوورودرێژ دەبێت. بۆیە لەدەمێکدا کە ئەم بزوتنەوەیە پۆزەتیڤە، نابێت ئێمە چاوەڕوانی ئەوەی لێ بکەین دەرئەنجامگەلی ڕاستەوخۆی دەبێت بۆ دۆخێکی گشتی.

کۆستاس ماڤرۆیدیس: هەموو وەک یەکن، ئایا ئێمە لە سەرەتای پڕۆسەیەکداین؟

ئالان بادیۆ: ئەوە ئەو شتەیە کە من هیوای بۆ دەخوازم. هیوادارم کە ئێمە لە سەرەتای  پرۆسەیەکدابین، چونکە ئەم جۆرە بزوتنەوەیە هەمیشە شوێنپێ بەجێدەهێڵێت. خەڵک هەیە لێی دێنەدەر بە باوەڕێکی بە‌هێزەوە کە پێویستە ئێمە شتێک بکەین و دەبێت بیری نوێمان هەبێت. گروپی گچکە هەن سەر هەڵدەدەن و ئەزمونی لۆکاڵی بڵاودەبێتەوە. بزوتنەوەی “نوی دێبۆو Nuit Debout” ئێستا زرینگاوەتەوە لە شارۆچکەکاندا. بەباشی نازانین چۆن ئەمە بەردەوامی بەخۆی دەدات. لەگەڵ ئەوەشدا، گشت ئەمە شوێنپێ بەجێدەهێڵێت. لەم سۆنگەیەشەوە، هیوادارم کە ئەمە جۆرە ئاماژەیەک بێت بۆ شتێک و هیوادارم دەنگی زەنگەکان بۆ ڕوودانی شتێک بێت.

کۆستاس ماڤرۆیدیس: ئایا بە بڕوای ئێوە تەرخانکردنەوەی فەزاگەلی گشتی، وەک ئەوەی ئێستا بزوتنەوەی نوی دیبوا دەیکات لە پاریس، گرنگە تا خەڵک دوبارە بتوانن بەشێوەیەکی سیاسی بدوێن؟

 

ئالان بادیۆ Alain Badiou
ئالان بادیۆ Alain Badiou

ئالان بادیۆ: بێگومان مژیلکردنی (اجتیاح) و داگیركردنی بواری گشتی هەمیشە گرنگە. نمونەگەلی رابردوو هەیە کە مژیلکردنی فەزاگەلی گشتی یان تەنانەت بیناگەلی گشتی و جێگەکانی بڕیاردانی سیاسی بووەتەهۆی دامەزراندنی پۆلەتیکی شۆڕشگێڕانە. دەمێک باس لە شۆڕش دەکەین، پەلاماردانی باستیل وەبیردەهێنینەوە، گرتنی تەلاری هاوینە Summer Palace و … هتد وەبیردێنینەوە. دەمێ بزوتنەوەیەک شوێنگەلێک دەگرێت کە تەرخانکراوە بۆ دەسەڵاتەکان یان بۆ ژیانی ئاسایی و دەیانکاتە شوێنگەلی نوێ کە بەهۆی ئیرادەی دەستەجەمعییەوە گۆڕاوە، ئەمانە هەمیشە گرنگن بۆ باسکردنی ئەڵقەکان. لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا دەبێت وریابین کە ئەوان خۆیشیان گانگەشەی ئایندەیەکی ڕوون ناکەن: واتە ئێمە لە گۆڕەپانەکاندا نامێنینەوە بۆ هەتاهەتایە. هەروەها دەشبێت بیربکەینەوە لەوەی پێویستە کاری داهاتوومان چی بێت لە مەودای درێژدا.

باوەڕم وایە کە کێشە گەورەکەی پۆلەتیکس بەگشتی ئەوەیە چۆن بتوانێت پێناسەی کاتیبوونی خۆی بکات: واتە نەبێتە بەندەی کاتیبوونێک کە بەسەریدا سەپێنرابێت. دۆخەکە شتێکە کە وەسفی زەمەنێک دەکات لەم ساتەدا، بۆ نمونه‌؛ هەر یەکێک ئیفلیجە بە بیرۆکەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی داهاتوو؛ واتە کێ دەبێتە کاندید لە ساڵی ٢٠١٧ ـدا؟ … هتد. کاتێک پۆلەتیکسی تازە دادەهێنین، زەمەنێکی نوێش دادەهێنین. مژیلکردنی فەزاگەلی گشتی بەشێکە لەوە.

 

کۆستاس ماڤرۆیدیس: ئایا زەنگەکان لە شوێنێکی دیکەش دەبیسترێن؟ ئایا بیر لە هیچ شوێنێکی دیاریکراو دەکەیتەوە؟

 

ئالان بادیۆ: لەسەر ئاستی جیهان، ئێستا ئێمە لە شتێکداین کە من پێی دەڵێم هیاتوسکـی مێژوویی (ده‌لاقه‌یه‌كی مێژوویی)  بەو واتایەی ئەزمونە مێژوویە گەورەکانی سەدەی بیستەم بەکۆتا گەیشتوون هەروەک چۆن ماوەی ئەزمونی وڵاتە سۆسیالیستە گەورەکان بەکۆتا هاتووە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە نازانین ئایندەی هەموو ئەمانە چی دەبێت.

 ئێمە لە نێوان هەردووکیانداین و بڕوام وایە لە دۆخە ده‌لاقییەکاندا، شتەکان بە نیشانەی بچوک و بزوتنەوە و یاخیبوون بەردەوام دەبن. هەروەها لەگەڵ گەیشتنی مێژوویی گەنجی تازەش کە بە ئەزمونەکانی ڕابردوودا نەڕۆیشتووە، بۆیە خاڵگەلی دەستپێکردنی جیاوازی هەیە. کەواتە ئەمە ئەوەیە کە ئەمڕۆ خۆی نمایشدەکات. ئەمەش هەندێ پێکهاتەی نوێی تێدایە لەڕووی پرسی پۆله‌تیك  و پرسی ژیانی سیاسی، پرسی ڕێکخستنی ژیانی چڤاکی … ‌هتد. گشت ئەمانە لەمیانەی نادڵنیاییەکی گەورەی گەڕیدەدا ڕوودەدەن، بەڵام من بڕوام وایە کە زەمینە خۆش دەکات بۆ شتێک. ئەمڕۆ بەڕاستی خودان بزوتنەوەگەلی زۆر گرنگین لە جیهاندا. لە تورکیاوە بۆ قاهیرە و هۆنگ کۆنگ، مژیلکاریی خۆڕاگر بەگفتوگۆی گشتیی بەهێزەوە هاتوونەتە ئاراوە. گشت ئەمانە دەبنەهۆی هەندێ بەرهەم.

Nuit debout؛ Protestors occupy Paris's Place de la République, 10 April 2016
Nuit debout؛ Protestors occupy Paris’s Place de la République, 10 April 2016

کۆستاس ماڤرۆیدیس: ئایا هێزگەلێکی سیاسی وەک پۆدیمۆس، سایریزا لێرە لە یۆنان یان جێرەمی کۆربن لە بەریتانیا بەشێکن لەو پرۆسەیەی تۆ باسی دەکەیت؟

 

 ئالان بادیۆ: پێم وایە بەڵێ تا رادەیەکی زۆر بەشێکن لێی. بە تەماشاکردنێکی وردتر، لەنێو ئەم پێکهاتە نوێیەدا – یان خولیاگەلی نوێ لە پێکهاتەگەلی کۆندا – دەتوانین (بێرنی ساندەرس ) لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش بخەینە ناو پرۆسەکەوە. گشت ئەم شتانە بەشێکن لەوەی کە بزوتنەوەکان بەرهەمیان هێناون. دواجار، سایریزا بوونی نەدەبوو بەبێ بزوتنەوەکانی ساڵانی دووهه‌زاره‌كان.

 پۆدیمۆس بەرئەنجامی جوڵاندنی مەزنی ئیندیگنادۆس بوو و تەنانەت بێرنی ساندەرسیش دەرئەنجامی بزوتنەوەی “گرتنی وۆڵ ستریت Occupy Wall Street”ـە. لەڕاستیدا، ئەو هەمان ئەو گەنجانەن کە بەشێوەیەکی بنەڕەتی پشتیوانی لێدەکەن. ئەمەش یەکەمین هەوڵدانە بۆ کێشانی ئاراستەگەلی سیاسی دیاریکراو لەلایەن ئەم بزوتنەوانەوە.

سەرباری ئەوەش، ئەمە لەنێو چوارچێوە فەرمییەکەدا ڕوودەدات و لێرەشەوە ئەمە بەئاشکرا بەمانای بێئومێدبوونی گەورە دێت، چونکە چوارچێوە فەرمییەکە خاوەن مەنتیقی خۆیەتی و لەگەڵ بزوتنەوەکە دژبەیەکن. دەمێ پارتەکانی وەک سایریزا یان پۆدیمۆس گەمەیەکی فەرمی دەکەن، گران دەوەستێت بۆیان تا خۆیان هاوسەنگ بکەن لەگەڵ بزوتنەوەکە. لەگەڵ ئەوەشدا، کێشەیەکی زۆر گەورەمان هەیە لە قبوڵکردنی ئەو پارتانەی لە گەرمەی بزوتنەوەکەدا دروستبوونە و یاری گەمە فەرمییەکە دەکەن وەک ئەوەی کە هەیە. ئەوان خۆیان دەبینن کە ناچارن بەشێک لە پشتیوانەکانیان بێئومێدبکەن، لەڕاستیشدا، بەشێکی زۆری ئاوهایە.

گشت هاوڕێ ئەمەریکاییەکانم زۆر دڵخۆشن بە (بێرنی ساندەرس،) چونکە دواجار ببینیت لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا تەنانەت کەسێک هەیە شەرمنانە باسی سۆشیالیزم دەکات بەڕاستی کارێکی سەرسوڕ‌هێنەرە. لەگەڵ ئەوەشدا، هەموو کەسێک دەزانێت کە لە ساتێکی دیاریکراودا، بێرنی ساندەرس  له‌هه‌ڵبژارده‌كانی سه‌رۆكی ئه‌مریكای ٢٠١٦ ناچارە بڵێت پێویستە دەنگ بە هیلاری کلنتۆن بدەن!

ئەمەش کێشەکەیە و هەموومان باش دەزانین کە هیلاری کلنتۆن کەسایەتییەکی فەرمی دامەزراوەیە. کەمێک وەک ئەو ساتە وایە کە (ئەلێکسس تزیپراس) ناچار بوو بڵێت؛ هیچ چارەیەکی دیکە نییە لە کۆتاییدا ئەوە نەبێت کە داواکارییەکانی ئەوروپا قبوڵ بکرێت.

ئەمانە به‌گشتی بریتین لەو ئەڵقانە کە تێیدا بەرهەمەکانی بزوتنەوەکە دەگەڕێنەوە ناو پێکهاتە فەرمییەکان. دەربازبوون نییە لە ڕوودانی ئەمە، ئەمەش هەروەها بەشێکە لە ئەزمونە نێگەتیڤەکان کە کەسێک یان بزوتنەوەیەک توشی دەبێت. دواجار، پرۆسەی فێربوونی سیاسی بنەڕەتییانە سیاسییە بەڵام نێگەتیڤیشە.

 

کۆستاس ماڤرۆیدیس: کەواتە چارەنوسی بزوتنەوەکان بەشێوەیەکی حەتمی نەبەستراوەتەوە بە هێزگەلی سیاسییەوە تا بگەڕێنەوە دۆخی پێشوو؟

ئالان بادیۆ: من ناڵێم حەتمی نییە، بەڵکو ئەزمونێکی نزیک لە حەتمییە. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو، هەمیشە بزوتنەوەگەلی مەزن هەبوونە کە کۆتاییان هاتووە بە گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشوو بەهۆی چوارچێوە فەرمییەکەوە. ئەمەش ڕاستە بۆ ئەو بزوتنەوانە کە زۆر گرنگتر بوون لە بزوتنەوەی نوی دیبۆ یان پۆیدمۆس. بۆ نمونە لەگەڵ گەڕانەوەی ناپلیۆنی سێیەم بۆ هەموو شۆڕشەکانی ساڵی ١٨٤٨، یاخود داڕشتنەوەی بڕیارەکانی [ناپلیۆنی یەکەم]، یان ئەو راستییەی کە “سێ ڕۆژە شکۆدارەکانی” ساڵی ١٨٣٠ بە دامەزراندنەوەی شانشینی کۆتایی هات.

کەواتە مەسەلەکە یاسای مێژووە کە هیچ بزوتنەوەیەک ناتوانێت بۆ هەتاهەتایە بەردەوامی بە هەنگاوی خۆی بدات. دژە ئاڕاستە هەیە، رژێمێکی دامەزراو هەیە و هەڵە دەبین ئەگەر بەرگرییەکەی بەکەم بزانین. ئێمە لە ده‌لاقه‌یه‌كی  کاتداین کە دەبێت هەموو کەسێک پێوانەی ڕێگاچارە و ئەگەرەکانیان بکەن و ئەو ئەزمونگەلە تاڵەی ڕژێمە دامەزراوەکەش دەگرێتەوە کە بەشێوەیەکی حەتمی ئەوەی بەدەستهاتووە دەگێڕێتەوە بۆ دۆخی پێشوو. پێویست ناکات بۆ ئەوە بگرین. مێژوو چەندین نمونەمان نیشان دەدات. پاشان ڕۆژێک دێت کە شکاندنێک ڕووبدات لە بەستەڵەکەکەدا. من باوەڕم بە قەزاوقەدەر نییە، بەڵکو زیاتر خوویەکی گەشبینانەم هەیە. باوەڕم وایە کە دەبێت ئێمە ڕوون لەبارەی ئەو ڕاستییەی کە لە کاتێکدا ئەم جۆرە شتە ڕوو دەدات، ئەوە هۆکارێک نییە بۆ گەیشتن بەو دەرئەنجامەی کە ئەوە حەتمییە.

کۆستاس ماڤرۆیدیس: کەواتە تۆ بەردەوام دەبیت لە ڕوانینت بۆ کۆمیونیزم وەک ئاسۆیەک؟

 

ئالان بادیۆ: بەڵێ، نەک تەنها من ئەم ئاسۆیە بەکراوەیی دەهێڵمەوە، بەڵکو بڕوام وایە کە زۆر گرنگە بەکراوەیی بهێڵڕێتەوە، چونکە ئەگەر هیچ بیرۆکەیەکی ستراتیژی نەبێت ئەوا بزوتنەوەکان توشی مەترسی پاشەکشە یان گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشوو دەبن، کە دەبێتەهۆی کاریگەری بابەتی وێرانکەر. لەوێدا، تۆ وازهێنان لە ئەرکی بزوتنەوەکە دەخەیتە مەترسییەوە،  ئەویش ئەو بیرۆکەیە کە دەڵێت “ئەو کاتە گەنج بووم و خۆم فڕێدایە ناو ئەم سەرکێشییە، بەڵام سوودی نەبوو.”

پێویستە بیرکردنەوەمان وەها بێت کە دەمێک پاشەکشەی ستراتیجی دەبێت، ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر ڕەوتی خۆمان سەرباری پێچ و قۆرتەکانی مێژوو. مێژوو لەسەر ڕاستەرێیەک ناڕوات، بەڵکو لەسەر ڕێیەکی زۆر ناڕەحەت دەڕوات و نابێت وێنای هیچ ڕێیەکی شاهانە بکەین بەرەو ڕزگاربوون. ڕێی پێچەوانە و شتی نێگەتیڤ هەن، بۆیە پێویستیمان بە قیبلەنما (کۆمپاس) هەیە تا پێمان بڵێ چی دێت. ئەگەر قیبلەنمامان پێنەبێت، ئەوا پیر و بێ هیوا سەر دەنێینەوە.

ماوتسی تۆنگ؛ سەرۆکی ئەبەدی میللەت!
ماوتسی تۆنگ؛ سەرۆکی ئەبەدی میللەت!

کۆستاس ماڤرۆیدیس: لەبەر ئەم گۆڕانگارییە لەناکاوانەیە کە تۆ باسی “کۆمیونیزمی نوێ” دەکەیت. ئایا دەتوانین وێنای کۆمیونیزمێک بکەین تازەتر بێت لەوەی لە “دەقە پیرۆزەکان”ـدا هەیە؟

 

 

ئالان بادیۆ: بەڵێ، نەک تەنها من باوەڕم وایە کە پێویستیمان بەو وێناکردنە هەیە، بەڵکو بڕوایشم وایە کە توانامان هەیە بزانین هەڵەی مەزنەکان چی بوون کە لە ڕابردوودا ئەنجام دراون. بۆ نمونە، دەزانین کارێکی هەڵەیە وەها وێنا بکەیت کە دەسەڵاتی دەوڵەت چارەسەرە بۆ هەموو کێشەکانی ڕزگاربوون. تەنانەت دەزانین کە ئەگەر بە توندوتیژیش بیبەینەوە مانای ئەوە نییە کە توندوتیژی هۆیەکی ڕۆژانەی حوکمڕانی بێت. دەزانین کە ئەوە شتێکی باش نییە بۆ رێکخراوی سیاسی، بۆ حزب، تا بەتەواوی لەگەڵ دەوڵەتدا تێکەڵ بێت. ئەم تێکەڵبوونە خزمەت بە دوورخستنەوەی خەڵک لە پڕۆژەکە دەکات و لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی دروستبوونی تیرۆر. هەندێک لە کەرەستەکانمان هەیە بۆ هەڵسەنگاندنی گرنگی یەکەم قۆناغی کۆمۆنیزم، کەبڕوام وایە ئەو قۆناغە بوو کە سەرکەوتنی شۆڕشەکە سەرتاپای تەنیبوو. ئەگەر بەووردی قسەبکەین، لەبنەڕەتدا، گشت مێژووی سەدەی بیستەم مێژووی گروپە سیاسییەکانە کە بڕوایان وابوو ئەو شێوازگەلەی کە بووەهۆی سەرکەوتنی شۆڕشەکە دەتوانن ببنە شێوازگەلێکیش بۆ داڕشتنی جیهانێکی نوێ. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمە ڕاست نییە. شێوازگەلێک کە بەکاردێن بۆ تێکشکاندنی دوژمن هەمان شێوازگەل نین کە بەکاردێن بۆ خڕکردنەوە و جوڵاندنی هاوڕێ.

 بە هێزی فیزیكی ئێمە دەتوانین دوژمن تێک بشکێنین – هەندێکجار ناچارین – بەڵام ناتوانیت هاوڕێیان ناچاربکەیت ئەوە بکەن کە بۆیان داوادەکەیت. دەبێت ئێمە هەموو وانەکانی فێربوون لەمەوە هەڵێنجین.

بە بڕوای من، وانەی سەرەکی ئەوەیە کە نابێت ئێمە شتەکان کەم بکەینەوە بۆ دوو ماوە، بەڵکو دەبێت کورتیان بکەینەوە بۆ سێ ماوە. یەکەم، پێویستە بزوتنەوەیەکی جەماوەری بێتەئاراوە، کە بەجێ بهێڵدرێت بۆ ڕووداوە پێشبینی نەکراوەکانی خۆی، کە ساتەکانی گەشەسەندنی خۆیشی تێدابێت. پێویستە گەنجان و کرێکاران بتوانن خڕببنەوە تا ئەوە بڵێن کە پێویستە بیڵێن کاتێک هەست دەکەن دۆخەکە دەیخوازێت.

دەبێت بزوتنەوە جەماوەرییەکە بە زیندوویی بمێنێتەوە، بەپێچەوانەی ئەزمونەکانی ڕابردوو کە تێیاندا بزوتنەوە جەماوەرییەکە کوژراوە.

وانەی دووەم ئەوەیە تا ئەو کاتەی ناتوانرێت دەوڵەتەکە بەتەواوی لاببرێت یان جێی بگیرێتەوە بە شتێکی دیکە، ئەوا دەبێت بێگومان شێوازێک هەبێت بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەتەکە.

سێیەم، پێویستە رێکخستن هەبێت ، ڕێکخستنێک لە شوێنێکدا لەنێوان ئەو دووانەدا. ئەمەش مانای وایە رێکخستنێک کە هاوکات دوو سیفەتی هەبێت: ناوخۆیی بێت بۆ بزوتنەوە جەماوەرییەکە لە کاتێکدا بوونی هەیە و هەروەها دەسەڵاتێکی دیاریکراویشی هەبێت بەسەر دەوڵەتەکەوە.

کۆستاس ماڤرۆیدیس: لەم هێڵکارییەدا، ئایا هێشتا جێگەیەک بۆ ئەوروپا و فیدراڵیزم و لەدوای دەوڵەتەوە هەیە؟

 

ئالان بادیۆ: باوەڕم وایە کە حەزێکی دیاریکراو هەیە لە هەر پرۆژەیەکەدا کە دەگەڕێت بەدوای تێپەڕکردنی چوارچێوە نیشتمانییەکە. تەنانەت ئەگەر ناڕەحەتی زۆر ترسناکیش بهێنێت، پێویستە ئێمە هەرگیز ئەوە لەیادنەکەین کە بانگەشە بنەڕەتییەکەی پۆلەتیکسی ڕزگاریخوازی دەبێت ئینتەرناسیۆنالیست بێت. ناتوانین لەمڕۆدا چوارچێوە نیشتمانییەکە بە چوارچێوەیەکی گونجاو دابنێین بۆ پۆلەتیک. لەوەش زیاتر، ئەگەر بزوتنەوەکانی ئەم ماوە تازانە شیبکەیتەوە – دۆخەکەی ساڵانی شەستەکان وەها بوو – ئەوان بزوتنەوەی جیهانین. ئەوان هەموویان لێکچوو نین، بەڵام بزوتنەوەگەلێ لەسەر ئاستی جیهان هەن. ئەوان دەبێت پێوەندی پێکەوە بکەن و یەک بگرن. دەبێت ئێمە لەسەر ئاستی جیهانی کارەکانمان بکەین. لە کۆتاییدا، سەرمایەداری (کاپیتالیزم) ئەمڕۆ بەجیهانی کراوە و تۆ بەلاوازی ئامادەکراویت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لە کاتێکدا گشت ڕێکخراوە پێشکەوتووخوازەکان ساکارانە سنوردارکراون بەرامبەر بە چوارچێوە نیشتمانیەکە.

 بە بڕوای من، گشتییان وەک یەکن کە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ وتەکەی مارکس کە گوتویەتی:”کرێکاران خاوەنی نیشتمان نین”. ئەمەش گشتی زیاتر ڕاستە بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە خاوەن پرۆلیتاریای ئینتەرناسیۆنالین. ڕێژەیەکی زۆری لەبەرچاوی کرێکاران لە وڵاتی مندا، واتە فەرەنسا، ڕەسەنیان مەغریبیە و مالییە و … ‌هتد. ئینتەرناسیۆنالەکە بۆ خۆی  بوونی هەیە لە هەر یەکێک لە وڵاتەکانماندا. بەهەمان شێوەش، ئەگەر تۆ ژمارەیەکی دیاریکراو لە پەناهەندە وەربگریت، هەندێکیان دەمێننەوە و دەبنە بەشێک لە دیدی تۆ بۆ جیهان. کەواتە پێویستیمان بە دیدێکی ئینتەرناسیۆنالیستی زۆر بەهێزتر لەوەی ڕابردوو هەیە. بۆ من، ئەوروپا شەولەبان نییە؛ دەکرا ئەو ببێتە شتێکی پۆزەتیڤ تا ئەو جێیەی کە ئەو بەتەنها ئەوروپای بیرۆکراتییەکان نەبوو. 

کۆستاس ماڤرۆیدیس: ڕووداوێک کە هەموومان دەیبینین گەیشتنی بەکۆمەڵی پەناهەندەیە. ئایا تێگەیشتنی تۆ چییە لەبارەی هەڵوێستی یۆنانییەوە بەرانبەر ئەم دیاردەیە؟

 

ئالان بادیۆ: هێندەی من بزانم، لەبنەڕەتدا خەڵکێک کە ناڕەحەتن، باشتر لەو کەسانە تێدەگەن کە ناڕەحەتن تا ئەو خەڵکانەی سەنگینن لە خۆپەرستی بێ جوڵەیاندا. پێدەچێت لەڕاستیدا یۆنان توانایەکی دیاریکراوی پێشاندابێت – بێگومان توانایەکی پێچەوانە – تا بزانێت چی دەکرێت و شتێک لەگەڵ ئەو پەناهەندانە رێکبخات. لە گشتیان سەرسوڕهێنەرترە بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی یۆنانیەکان لە دۆخێکی ئاساندا نین – بەڕاستی، ئەوان دووبارە ناڕەزایەتی دەردەبڕن ئەمڕۆ. من بڕوام وایە کە ئەمە بابەتیبوونێکی گرنگە بۆ ئاییندە – پێکەوەەبەستن لەگەڵ خەڵکێک کە لە جیهانی تۆ نین تا شتێک بکەن پێکەوە. پێموایە کە ئینتەرناسیۆنالیزمە کۆنەکە زۆر زیاتر نیشتیمانی بوو، ماتریاڵێك بوو بۆ یەکگرتن. ئینتەرناسیۆنالەکە خاوەنی نوێنەر بوو بۆ هەر وڵاتێک. لەگەڵ ئەوەشدا، جۆرە نمونەیەکە ئینتەرنسیۆنالێکی ڕاستەقینە بونیات دەنێت، کە ئینتەرناسیۆنالی خەڵکەکانە.

کۆستاس ماڤرۆیدیس: تۆ قسە بەتەنها لە پۆلەتیک ناکەیت، بەڵکو قسەیش لەسەر خۆشەویستی دەکەیت وەک پڕۆسەیەکی راستی. بە بڕوای تۆ، چۆن دەکرێت جادووی خۆشەویستی وه‌های لێبکرێت بەردەوام بێت، سەرباری لەمپەری کۆمەڵایەتی و تێپەڕبوونی کات؟

 

ئالان بادیۆ: بەشێوەیەک پارادۆكسی، سیمای لێکچوون هەیە لەنێوان خۆشەویستی و سیاسه‌تی شۆڕشگێڕانە، واتە لەبەر ئەوەی هەموو شتێک لە بنەڕەتدا بە ڕووداوگەلێك دەستپێدەکات.  خۆشەویستی بە بینین و بەرکەوتن دەست پێدەکات، جۆرە ترپەیەکی نەرمی دەرفەتێک کە ئەگەری ئەم خۆشەویستیە دروستدەکات. ئەوە دەرفەتێکە لە واقیعدا نەخێشنراوە.

لەڕاستیدا، بەشیکی گەورەی ئه‌ده‌بی جیهان لەبارەی دژیەکبوونی نێوان ئەم ترپەی دەرفەتە و هاوسەرگیریی ڕێکخراوەیە لەلایەن باوانەوە. ژمارەی ئەو کارە وێژەییانە یاخود ئەو شانۆیانەی تەرخانکراون بۆ پەیوەندیی خۆشەویستی نێوان خەڵکانی گەنج کە خۆشەویستییان بۆ یەکتر تووشی بەرکەوتن دەبێت لەگەڵ ئەوەی خێزانەکانیان بۆیان ڕێکخستوون، ئه‌مه‌ بەباشی دەریدەخات کە هەموو کەسێک لەمێژە سەرنجیداوە کە خۆشەویستی تایبەتمەندییەکی ئەفرێنەرە. له‌به‌رئه‌وه‌  مه‌سه‌له‌ی  خۆشه‌ویستی مانانی  بەتەنها مەسەلەی لەناوبردنی چینی کۆمەڵایەتیی هەبوو نییە کە شتەکان تێکدەدات  وه‌ك چینی بۆرژوازی .  نه‌خێر ، لە هەموو حاڵەتێکدا، ئێمە هەمان کێشەمان هەیە کە چی بەدوادا دێت؛ پێویستە ئێمە شتێک بونیاد بنێین. خۆشەویستی لەنمایشی یەزدانی بەرامبەرەکەدا ناوەستێت، بەڵکو هەروەها دەشبێتە دروستبوونێک. بەکورتی ئەوەی کە دەبێت دروست بکرێت ئەزمونێکە بۆ جیهانی “دوو کەسەکە”.

بەتەواوی ئەمە سەرسوڕهێنەرە، چونکە ئێمە سروشتیانە ئەزمونی جیهان دەکەین وەک ئەوەی ئەزمونی تایبەتی خۆمان بێت: واتە ئەوەی دەیبینم و ئەوەی هەستی پێدەکەم. لەگەڵ خۆشەویستی، دەبێت شتەکان بەڕاستی بۆ دوو کەسەکە ڕووبدەن، ئەمەش مانای ئەوەیە کاتێک دوو کەس دەست دەدەنە گەشتێک، ئەوا ئەوان بەڕاستی وەک دوو کەس گەشت دەکەن. ئەوان شتگەلی لێکچوو دەبینن بەڵام جیاواز دەیانبینن، ئەو باسی ئەم جیاوازییە دەکات، ئەو لەناو ئەم جیاوازییەدایە. بێگومان ئەو کاتە پەیوەندیشی دەبێت بەو بڕیارەوە کە پێکەوە بژین، یاخود ئەو بڕیارەی کە منداڵ بخەنەوە. هەموو بڕیارێکی بچوکی لەم چەشنە لەکۆتاییدا دەگۆڕێت بەهۆی ئەو ڕاستییەی کە ئەوە بڕیارێکی کەسێکی تەنیا نییە، بەڵکو بڕیارێکە دوو کەس داویانە.

کەواتە خۆشەویستی ئەزمونێکی بەردەوامی بونیاتنانی شتێکە پێکەوە لەگەڵ کەسێکی دیکە. ئەمەش زەمەنی خۆڕاگرتنی خۆشەویستییە. هەندێک جار ئەمە سەرناکەوێت، هەروەک چۆن دەوڵەتە سۆسیالیستیەکان سەرنەکەوتن، چونکە لە ساتێکی دیاریکراودا یەکێک لەو دوو کەسە یاخود هەردووکیان پێکەوە چیتر ناتوانن بەرگەی ئەم دوانەییە لەناو خۆیاندا بگرن، مەبەست لە دوانەییی بڕیارەکانیان. دژیەکی دێتەئاراوە کە ئیدارەی نادەین مەبەستی چارەسەر. پێموایە کە سامان و هێزی خۆشەویستی ئەو کاتەیە کە لە تەنگژەی بەهێزدا سەردەکەوێت. هیچ شتێک لەبارەی خۆشەویستییەوە گەورەتر نییە لەئاشتبوونەوە کە بەدوای تەنگژەکاندا دێت.

ئه‌مە مانای وایە، کە لە کۆتایدا هەستدەکەین دەتوانین شتێک بونیاد بنێین، کە وێنامان نەکردووە. لەبەر ئەمەیە کە نابێت لە تەنگژەکان بترسین کە هەر ڕوودەدەن و لەبەر ئەمەیە کە خۆشەویستی هاوشێوەی سیاسه‌ت بریتییە لە چارەسەری کێشەکان. ئاشکرایە، ئەگەر بکەوینە خۆشەویستییەوە و بەخۆمان بڵێین کە ئەمە هەمووی لەخۆیەوە ئیشدەکات و کێشە دروست نابێت، ئەوا بەخراپی دەستمان کردووە بە خۆشەویستیەکە.

 


مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە! ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.
مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.