چەند سەرنج‌و ڕەخنەیەک لە “پڕۆژه‌” چاكسازییه‌كه‌ی گۆڕان

 

لە ١٥ ی شوباتی ٢٠١٦ دا بزوتنەوەی گۆڕان “پڕۆژەیەکی” چاکسازی خستەڕوو بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی ئەو قەیرانە سیاسیی‌و دارایی‌و ئابورییانەی کە ماوەی چەند ساڵێکە بەرۆکی هەرێمی کوردستانیان گرتوە.

بەگشتی “پڕۆژەکە” کۆمەڵێک خاڵی چاکی لەخۆگرتوە بەڵام وەک زۆربەی پڕۆژەو پۆلیسی (policy) لە کوردستان لە قاوغی داواکاری‌و شیعارات‌و ئامانج دەرنەچووەو نەگەیشتۆتە شتێک کە پێیبگوترێت پڕۆژە یان پۆلیسی. لەلایەکی دیکەوە “پڕۆژەکە”ی گۆڕان لەسەر هەندێک خاڵ وەستاوە کە زیاتر وەک ئاساییکردنەوەی بارودۆخی هەرێم دەکرا ناوزەدبکرێن نەک بکرێن بە بەشێک لە پڕۆژەی چاکسازی. لەم بابەتە هەوڵدەدەین، بەکورتی، لەسەر کورتهێنانەکانی “پڕۆژەکە”ی گۆڕان هەڵوەستەبکەین‌و هەندێک لە خاڵە بەهێزەکانیش دەستنیشانبکەین.

لەسەرەتا “پڕۆژەکە” تاڕادەیەک بەباشی هۆکارەکانی پشت قەیرانەکانی هەرێمی دەستنیشانکردوە بەوەی کە هۆکاری سەرەکی لە دەستبەسەرداگرتنی چەند “حیزب‌و بنەماڵە‌و گروپ‌و باند” ێکدا بەسەر کەرتی ئابوری‌و بازرگانی هەرێمدا دەبینێت، لەگەڵ بێباکی‌و خەمساردی دەسەڵات لە هەنگاونان بۆ چارسەرکردنی بارودۆخەکە.١. لەبواری سیاسیدا “پڕۆژەکە” داوای “گەڕانەوەی سەرۆکی پەرلەمان‌و دەسبەکاربوونەوە‌و کاراکردنی رۆڵی پەرلەمان” دەکات. لەڕاستیدا ئەمە ناکرێت وەک چاکسازی تەماشابکرێت چونکە تەنیا بەشێکە لە ئاساییکردنەوەی بارودۆخێک کە بەئانقەست لەلایەن پارتی شێوێنراوە تاوەکو پرسە سەرەکییەکانی هەرێم لەبیربکرێن. بۆیە دەتوانین بڵێین کە گۆڕان کەوتۆتە ئەو تەڵەیەی کە پارتی بۆی داناوە ئەویش بە بینینی ئەم خاڵە وەک چاکسازی.

  • “پڕۆژەکە” جەخت لەسەر “پرۆژە هاوبەشەکەی” یەکێتیی‌و گۆڕان‌و یەکگرتو و کۆمەڵ دەکات بەڵام مەعلوم نییە داخۆ، لانیکەم، یەکێتیی‌و یەکگرتو تا چەند پابەندن بەو پڕۆژەیە، بۆیە ناکرێت گۆڕان بەناوی ئەوانەوە قسەبکات بەڵکو دەیتوانی پێداگری خۆی لە پڕۆژەکەو هەوڵەکانی پەرلەمان نیشانبدات.

 

  • لە پەیوەند بە حکومەت “پڕۆژەکە” پێشنیازی “هەڵسەنگاندنی ئەدای حکومەت” دەکات لەگەڵ “بڕیاران لەسەر وەرگرتنەوەی متمانە لە کابینەی هەشت” یان “گۆڕین‌و بچوککردنەوەو رێکخستنەوەی”. ئەم خاڵە، یەکەم، میکانیزمی هەڵسەنگاندنی حکومەتی دەستنیشانەکردوە، داخۆ پەرلەمانە یان لیژنەیەکی پێکهێنراو. ئەمە ڕاست پشتڕاستی ئەو خاڵە دەکات کە لەسەرەتا پەنجەمان لەسەر دانا، لاوازی پڕۆژەکە لە میکانیزم‌و شۆڕنەبوونەوە بۆ وردەکارییەکان. دووەم، ئیشکالیەت‌و دژبەیەکیەک لەم خاڵە بەدی دەکرێت. لەکاتێکدا پڕۆژەکە پێشنیازی وەرگرتنەوەی متمانە دەکات، لە هەمان کاتدا، پێشنیازی گۆڕین‌و بچوککردنەوەو ڕێکخستنەوە دەکات. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە گۆڕان بەخۆی دڵنیانیە لەوەی کە ئەم کابینەیە دەبێت متمانەی لێبسێندرێتەوە یان بگۆڕدرێت یان بچوکبکرێتەوە یان ڕێکبخرێتەوە. دەبوایە پڕۆژەکە ڕونترو بەحەزمتر قسە لەسەر ئەم پرسە بکات.

“سەربەخۆبونی دەسەڵاتی دادوەری‌و ڕێگرتن لە دەستوەردانی حیزبی” کراوە بە خاڵێکی دیکەی “پڕۆژەکە”، هاوکات داوای “هاوسەنگی پێگەی داواکاری گشتی‌و دەستەی نەزاهە‌و دیوانی چاودێری دارایی’ دەکات. ئەم خاڵە هەزارانجار لە میدیاکان، بە میدیاکانی گۆڕانیشەوە، لەلایەن پسپۆڕو شارەزاو چاودێران‌و ئەکادیمییەکان ئاماژەیپێکراوە. دەبوایە “پڕۆژەکە” خاڵ بە خاڵ میکانیزمەکانی چۆنییەتی سەربەخۆییکردنی دەسەڵاتی دادوەری‌و چۆنییەتی دەستبڕینی حیزبی دەستنیشانکردبا نەک تەنیا داوایەک دووبارەو چەندبارە بکاتەوە. ئەم کورتهێنانەی پڕۆژەکە لەسەر ئەو خاڵانەش جێبەجێدەبێت کە دواتر پڕۆژەکەدا هاتون وەک پرسی “شەراکەتی راستەقینە” و بەدامەزراوەییکردنی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم‌و “نەهێشتنی شوێنەواری دوو ئیدارەیی‌”. “پڕۆژەکە” تۆزێک هەڵوەستەی لەسەر چۆنییەتی شەراکەتی ڕاستەقینە کردوە بەڵام پێمانناڵێت کە چۆن دامودەزگاکانی هەرێم بەدامەزراوەییدەکرێن‌و چۆن دەکرێت ئاسەواری دوو ئیدارەیی بنبڕبکەین.

  • لە خاڵێکی دیکەدا “پڕۆژەکە” داوای “دەستبەجێ” جێبەجێکردنی “بڕیاری لامەرکەزییەتی پارێزگاکان” دەکات، بەڵام پێمانناڵێت کامە بڕیار، ئەمەش دیسان کورتهێنانی پڕۆژەکە لە وردەکارییدا نیشاندەدات.

 

  • “پڕۆژەکە” دەڵێت “بۆ رێگرتن لە هەژمونی پاوانخوازی هەر حیزب‌و لایەنێکی سیاسی بەسەر پایتەختی هەرێمی کوردستاندا، پێویستە پاراستن‌و ئاسایشی هەولێرو دامەزراوەکانی بە هێزێکی پۆلیسی نیشتیمانی بسپێردرێت”. واچاکبوو کە تەنیا باس لە پاراستن‌و ئاسایشی هەولێر نەکرێت بەڵکو باس لە هەموو ئەو دامودەزگا بەناو نیشتیمانییانە بکرێت، کە لە ئەساسدا حزبین، وەک زانیاری‌و ئاسایشی سلێمانی. هاوکات “پڕۆژەکە” هیچ قسەی لەسەر چۆنییەتی دامەزراندن‌و ڕێکخستنی ئەو هێزەی “پۆلیسی نیشتیمانی” نەکردوە کە پێشنیازیکردوە. دەکرا لێرە پڕۆژەیەکی تۆکمەو پڕوردەکاری‌و پڕمیکانیزم، نەک هەر بۆ پۆلیس‌و ئاسایشی هەولێر، بەڵکو بۆ تەواوی پۆلیس‌و ئاسایش‌و هێزی پێشمەرگە بخرێتەڕوو.

 

  • لەمەڕ پرسی ڕێفراندۆم “پڕۆژەکە” باشی بۆچووە کە ئەم پرسەی وەک “پرسێکی نیشتمانیی” نەک “حیزبی” ناساندوەو ئەرکی ئەنجامدانی سپاردوە بە پەرلەمان بەڵام دەکرا هەندێک وردەکاری‌و میکانیزم بخاتەڕوو.

 

  • لەسەرەتای “پڕۆژەکە” ئاماژە بەوە کراوە کە وەزیری دارایی، لەسەرکارلادراو، پڕۆژەیەکی گشتگیری لەبواری دارایی گەڵاڵەکردبوو، ئەگەر دوورنەخرابایەوە، ئەوە لەوانەبوو بخرابایە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەگەر ئەمە وابێت، من مەبەستم ئەوە نییە کە وانییە، بەڵام بۆ دەبێت پڕۆژە داراییەکەی گۆڕان دوابخرێت. لانیکەم دەبوایە ئاماژە بە هۆکاری دواخستنەکەی بدرێت.
  • یەکێک لەو خاڵانەی کە دەبوایە پڕۆژەکە بە وردی‌و بەدرێژی هەڵوەستەی لەسەر کردبا دەستنیشانکردنی میکانیزمەکانی دووبارە نەبوونەوەی ئەوەیە کە لە “پڕۆژەکە” وەک ” تێکدانی دۆخی سیاسی‌و دیموکراتی هەرێمی کوردستان” ناوزەدکراوە. ڕاستە ئاماژە بەوەکراوە کە دەبێت “یاسایەک لە پەرلەمان دەربچێت‌ بۆ تەحریم‌و تەجریمی هەنگاوێکی” لەو چەشنە بەڵام بەوردی پەنجە لەسەر ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانە دانەنراوە، وەک ڕێگریکردن لە پەرلەمانتاران لە بازگەکان هەروەها شکاندنی حەرەمی پەرلەمان لەلایەن هێزە ئەمنییەکان. ئەم خاڵانە دەبوایە بەوردی سزاو میکانیزمەکانیان دەستنیشانکرابان.

 

  • لەمەڕ “پەیوەندی نیشتمانی‌و نەتەوەیی‌و ناوچەیی” دیسان “پڕۆژەکە” لە وردەکاری‌و میکانیزمدا کورتیهێناوە. “پڕۆژەکە دەڵێت حکومەت دەبێت “ستراتیژێکی هاوبەشی کوردستانی” و “سەربەخۆ”ی هەبێت بۆ دروستکردنی پەیوەندی هاوسەنگ “لەگەڵ حکومەتی ناوەندو لایەنە هەرێمی‌و نێودەوڵەتییەکان.” دەبوایە پڕۆژەکە پێشنیازی لیژنەیەکی باڵا بکات بۆ داڕشتن‌و جێبەجێکردنی سیاسەتێکی لەو جۆرەو بەڕونی دەستنیشانیبکات کە لێژنەکە دەبێت لە کێ پێکبێت. کێشەی سەرەکی لەم پرسە ئەوەیە کە پارتی پۆستە سەرەکییەکانی کاروباری سیاسەتی دەرەوەی قۆرغکردوە کە بەگشتی لە هەموو وڵاتێک لە سەرۆک، سەرۆک وەزیران، وەزیری دەرەوە، وەزیری ناوخۆ، وەزیری بەرگری‌و بەرپرسی ئاسایشی نیشتیمانی، پێکدێت، کە هەموو ئەم پۆستانە لە حالی حازردا لەلایەن پارتی پڕکراونەتەوە. هەر پڕۆژەیەک لەم پەیوەندەدا دەستنیشانی ئەم خاڵە نەکات‌و داوای سەرلەنوێ داڕشتنەوەی نەکات‌و میکانیزمەکانی نەخاتەڕوو بەکەڵک نایەت.

خاڵەکانی بەشی کۆتایی “پڕۆژەکە”، کە زیاتر بە پرسی نەوت‌و گازو داهاتەکانیانەوە پەیوندارن، وردترو تۆکمەترن بەڵام هێشتان لە دەستنیشانکردنی میکانیزمەکانی جێبەجێکردن‌و دەسەڵاتەکانی جێبەجێکار کورتیانهێناوە.

بەکورتی، سەرەڕای ئەوەی کە “پڕۆژەکە”ی گۆڕان زۆر لە “پڕۆژەکە”ی حکومەت، کە تەنیا خۆی لە سیاستەی زگکوشین (austerity) دەبینێتەوە، زۆر دەوڵەمەنترە بەڵام ئەوەی نەک هەر لە بەرنامەو پڕۆژەکانی گۆڕان بەڵکو تەواوی حزبەکانی کوردستان بەدیدەکرێت ئەوەیە کە پڕۆژەو پۆلیسی لە داواکاری‌و ئامانجی سیاسی جیاناکرێنەوە. ئەوەی پڕۆژە و پۆلیسی لە شیعارات‌و ئامانج‌و داواکاری جیادەکاتەوە ئەوەیە کە پڕۆژە و پۆلیسی پڕن لە وردەکاری‌و چارەسەرو میکانیزم، کە “پڕۆژەکەی” گۆڕان تێیدا کورتیهێناوە.

تەواو 

 

 

 

تێبینی کولتور مەگەزین ؛ خۆزگە پڕۆژەی چاکسازی گۆڕان واوەکانی خۆیانی دەگرتەوە. لەمەڕ  چاکسازی لە یەک (و)  و بەکردنی لەشوێنی خۆیدا بە دوو  (وو )واو !   هەر کاتێک سیاسەت  نەتوانێت لەساناترین ڕستەی نوسیندا چاکسازی بکات، لەپنتە کولتوریی و زمانەوانیەکاندا  لەقەیراندا بێت، ئەوا لەپرسە گەورەکاندا دەکەوێتە  تەڵەزگەوە .  ئێمە وەک کولتور مەگەزین لەم پرسەدا تەنها ئەم قسەیەمان هەیە و ئەویتر بۆ کەسانی تایبەتمەند و سیاسی جیدی (گەر بوونی هەبێت) بەجێدەهێڵن !

 

kurdish-lang