هەڵاتن لە خێوەکانی بەرزە – موسوڵمان

 موسوڵمانی باڵا و مەرگ  یا ن هەڵاتن لە خێوەکانی بەرزە – موسوڵمان

(ئیسلام و دەروونشیکاریی)

وەرگێڕانی له‌عه‌ره‌بیه‌وه‌  بۆ كوردی 

ماری لۆمۆنێ: وەک چۆن هەر لە سەردەمی فرۆیدەوە باس لە (بەرزە – من) ی مرۆڤ دەکرێت، تۆیش وەک ئاماژەیەک بە حەز و خولیای هەندێک موسوڵمان بۆ شێوەیەک لە شێوەکانی بازرگانی و کڕین و فرۆشی ئایینی، باسی موسوڵمانی باڵا (بەرزە – موسوڵمان) دەکەیت. بەڵام ئەوە دۆخێکی تایبەت نییە و لە سەرتاپای بناغەی جیهانی ئیسلامیدا کاری خۆی دەکات. چۆن گەیشتیتە داهێنان و خوڵقاندنی ئەم چەمکە؟

فه‌تحی سه‌لامه‌
فه‌تحی سه‌لامه‌

فەتحی بن سەلامە: بەدرێژایی ١٥ ساڵ کارکردن لە بواری دەروونناسی کلینیکیدا لە ناوچەی (سین سان دۆنی) ی باکوری خۆرهەڵاتی پاریس، خێوی ئەم (بەرزە موسوڵمانە) بە دوامەوەیە و لێم نابێتەوە. من بە هۆی کارە کلینیکیەکانمەوە بۆم دەرکەوتوە، کە چۆن هەندێک لەو موسوڵمانانەی تا ئەو کاتە نەریتئاسا و بە شێوەیەکی ئارام پەیوەندی خۆیان بە ئیسلامەوە ژیاون، توشی جۆرێک لە دۆخی ئازار و ئەشکەنجەی دەروونی بێکۆتا هاتوون و پێیان وایە بەپێی پێویست موسوڵمان نین (واتە ئەوە نین کە دەبوو ببن)، بەڵکو کەوتونەتە دۆخێکەوە هاوشێوەی لادان و هەڵگەڕانەوە لە ئاینەکەیان. ەوان هەستێکی قوڵ بە گوناهه‌ دەژێن، پێیان وایە لە ئاست چاوەڕوانیەکانی موسوڵمانی باڵادا نین و ئارەزوویانە ئەو شکۆ و حورمەتە شکاو و لەدەستچووەی خۆیان بگەڕێننەوە، هەربۆیە دەبێت زۆر لەوە زیاتر موسوڵمانتربن کە ئێستا هەن، بەوەی ئەستۆی خۆیان لەگوناهه‌ و خراپەی زۆر موسوڵمان نەبوونەکەیان پاکبکەنەوە و داخوازی زیاتریان بۆ دادپەروەریی زیاتر بەرامبەر بەشوناسی موسوڵمانانەیان هەبێت.

لەیادمە ئەو کاتە بەردەوام باسمان لە فەندەمێنتالیزمی ئایینی دەکرد، بەڵام دواتر، پاش قوڵبوونەوەی زیاتر لەتوێژینەوەی گوتاری بزوتنەوەی ئیسلامیخوازی و سەرهەڵدانی، چەشنێکی دیکە لە موسوڵمانی بریندارم بۆ دەرکەوت کە بۆ خۆی پەناگە و شوێنێکی گونجاوی بانگەشەکردنە بۆ ڕیفۆرم (ئەمە گەر هاتوو نەڵێین تۆڵەسەندنەوە) لە ڕێی ئایینەوە. هەر ئەم پێکگەیشتنەی نێوان کلینیک و دۆخی کۆمەڵایەتیش بوو وایکرد وێنەی (بەرزە موسوڵمانێک) لەبەردەمدا قووتبێتەوە کەدەشێت لە شێوەی ئاڕاستەیەک یان لە چەندین شێوەی تری جیاوازدا بەرجەستە ببێت، کە خۆنمایشکردن و دەربڕینێتی لە خۆی، بۆئەوەی زۆر لەوە زیاتر موسوڵمانتر بێت کە هەیە، تا لە ڕێی ئەو کەفوکوڵە ئایینیە زیاد لە پێویستەوە، لەو هەستکردن بە شەرم و گوناهە ڕزگاری ببێت و کەمێک ئاسودەبێت.

ماری لۆمۆنێ: دەتوانین بزانین لەسەر ئاستی مێژوویی، ئیسلامیزم چۆن ئەم وێنەیەی بەرهەمهێناوە؟

فه‌تحی بن سەلامە: جیهانی ئیسلامی زیاد لە سەدەیەکە لە دۆخی جەنگدایە. بەدرێژایی هەموو ئەو ساڵانە کەوتۆتە بەر پەلاماری سەربازی و لە هەموو پارچەکانیدا بە شاراوەیی بووبێت یا بە ئاشکرا، دوچاری جەنگی ناوخۆ هاتووە.  ئەو بەردەوامیەی جەنگیش ئەو دۆخەی دروستکردووە کە ئێستا دەیبینین: ڕستێک کۆمەڵگەی تێکشکاو، لە هەندێک دۆخدا خودکوشندە و خۆوێرانکەر.

به‌ڵام دیمەنی یەکەم و سەرەتای ئیسلامگەرایی دەگەڕێتەوە بۆ هێرشەکەی ناپلیۆن بۆ سەر میسر و شۆکی ئەو بەریەککەوتنە توندوتیژە بە هێزی خۆرئاوایی. هەر خودی ئەو شۆکە ئازاربەخشەیشە کە جەنگێک لەناو خودی ئیسلامدا هەڵدەگیرسێنێت و دەیکات بە دوو بەرەوە، بەرەی ڕۆشنگەرەکان و بەرەی ئەوانەی داگیرکردنەکەی ناپلیۆن بە خاپورکردنی ژیارەکەیان دەزانن. ئەگەر هەندێک ئیلیت و هەڵاوێرد هەوڵیان دەدا هەڵبژاردنی سیاسیانەی ئەوروپی لە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکاندا بە گونجاو بزانن و بەکاری بهێنن، بەشێوەیەک کە چ وەک باوەڕ و چ وەک ئاکاریش لەگەڵ ئیسلامی وێناکراودا تەبادێتەوە – کە ئەمەیش لە سەدەی نۆزدەیەمدا دەبێتە مایەی لەدایکبوونی بزوتنەوەی ڕێنیسانسی عەرەبی- ئەوا کاردانەوەی هەندێکی تریان بریتی بوو لە ڕەتکردنەوە و دژایەتیکردنی ئەو بزاوتە ڕۆشنگەرانەیە.

چرکەساتی یەکاڵاکەرەوەی لەدایکبوونی کەڵکەڵەی ئیسلامگەرایی لەگەڵ داڕمانی ئیمپراتۆریای عوسمانی لە ساڵی 1924 دەستپێدەکات، دۆخێک کە زۆر کەس پێیان وابوو داڕمانی نمونە و ئیدیاڵی ئیسلامییە. خودی هەستکردنەکەیش بە ناپاکی و چەوسانەوە، ئا لێرەوە دێت، هەستێکی ئەوتۆ بە شکان و دۆڕاندن، هاوشێوەی ئەو شکستەی ئەڵمانیا لە جەنگی جیهانی یەکەمدا توشیهات. هەر لەساڵی  1924 یشەوەیە کە ئیسلامگەرایی لە یەکەمین فۆرم و بونیادی سەرەتایی خۆیدا لەڕێی (ئیخوان موسلمین) ەوە دەردەکەوێت و دەکەوێتە دژایەتیکردنی خۆرئاوا وەک داهێنراوێکی سیاسی، واتە ژیانێکی هاوبەش بەبێ دەستێوەردانی خودا.

بنەمای بیرکردنەوەی ئیخوانیانە بریتیە لە گەڕانەوە بۆ ئایین وەک چارەسەرێک بۆ هەموو گرفتەکان (دروشمەکەی ئیخوان بریتیە لە: ئیسلام چارەسەرە). خواست و ویستی موسوڵمانانیش بۆ چەمکی (بەرزەموسوڵمان) هەر لێرەوە لەدایک بووە، وەک چۆن هەر لەسەرەتایشەوە ئیسلامگەرایی جۆرێک بوو لە چاکە دژ بەوەی کە سیاسی بووە. ئا لەم ڕوانگەیەوەیە کە من پێم وایە پێناسەکردنی ئیسلامگەرایی وەک ئەوەی کە ئیسلامی سیاسی بێت بۆ خۆی بەربەستێکی گەورەیە لەبەردەم تێگەیشتنێکی ڕاستەقینە لە ئامانجە سەرەکیەکە، مەبەستم بەرهەمهێنانی هێزێکی بانئایینیە کە یسانەوە بمانبەستێتەوە بە موقەدەسێکی دێرین و سەرلەنوێ بەخەساربردنەوەی قوربانیەوە. دیارە ئەمانە کۆمەڵێک بۆچونن کە مرۆڤ لە ئەوروپا لەیادی کردوون و تەواو فەرامۆشکراون…

خۆی سروشتی مەسەلەکەیش هەر وایە، خۆ فەندەمێنتالیزم شتێک نیە بەتەنها تایبەت بێت بە جیهانی ئیسلامی. هەریەک لە (ئولیڤێ روا) و (مارسیل غۆشێ) دەریانخستووە کە ئیسلامی ڕادیکالی وەک دەرەنجامی خاپورکردنی بونیادە ترادسیۆنالیەکان لەلایەن مۆدێرنەوە، بەتەنها ڕوویەکە لە ڕووەکانی ئەو توندڕەویەی کە لە زۆربەی ئایینەکانی جیهاندا هەیە. رەنگە تایبەتمەندێتیەکەی ئیسلام لەوەدا بێت کە بەهۆی جەنگەکانەوە، بەشێک لە فەندەمێنتالیزمەکەی چەکدار بووبێت.

ماری لۆمۆنێ: ئەمە بەبێئەوەی ئەوەمان لە یادبچێت، کەئیسلامگەرایی گرەوی لەسەر ئەو بیرۆکەیەیە کە گوایە کۆتایی ئیمپراتۆریای خەلافەت واتە جیابوونەوە و نەمانی پەیوەندی موسوڵمان بەو (نەتەوە) یەوە کە وەک دایکێکی ئامێزگەرم و باوەشکەرەوە لەناوچووە و دەبێت دووبارە دروستبکرێتەوە. دیارە ئەمە بابەتێکی زۆر گرنگە و بۆتە مایەی دڵەڕاوکێ و پەشۆکانێکی زۆر بۆ هەوادارانی شوناسی ئیسلامی.

فەتحی بن سەلامە: لەبنەڕەتدا ئەمە ئەو سەرلێشێواندنە گەورەیەی ئیسلامگەراییە لە دروستکردنی ئەو وەهمەدا کە گوایە دەبێت گروپی ئایینی، هاوتا و تەبای ئیمپراتوریا بێت. لە دیدی موسوڵمانانەوە، نەتەوە واتە گروپێکی ڕۆحی، مێژووی جیهانی ئیسلامییش زۆری لەوە بە خۆیەوە بینیوە کە چۆن نەتەوە هاوشان و هاوتای ئیمپراتۆریای ئیسلامی بووە، بەڵام تازە ئیمپراتۆریاکە ڕوخاوە، بونیادنانەوەیشی کارێکی مەحاڵە.

پێویستە موسوڵمانان واز لەو ئایدیایە بهێنن. پێشتر بە لێشاو ئیمپراتۆریا لە مێژوودا هەبوون، ئیمپراتۆریای ڕۆمانی، فەرەنسی یا ئینگلیزی کە خەڵکی پێیان وابووە هەرگیز خۆریان لێ ئاوا نابێت و ناڕمێن… بەڵام نەشماون و لەناوچوون. لەناوچوونی ئیمپراتۆریای ئینگلیزی نەبووەتە بەربەست لەوەی کە ئینگلیز خاوەن ژیارێکی گەورە و مەزن بن. پەیوەندی نێوان ئیمپراتۆریای ڕۆمانی و کرستیانتی (مەسیحیەت) پچڕا، بەڵام کرستیانتی هەر بەردەوام بوو. بۆ نمونە فەرەنسا خۆی یەکێکە لەو وڵاتانەی کە هێشتا بەدەست تێپەڕاندنی ئەو ڕابردووە ئیمپراتۆریەیەوە دەناڵێنێت کە وەک خێوێک بە دوایەوەیەتی و لێی نابێتەوە، ئەی نابینیت؟ ڕۆژ نییە سیاسیەک نەیەتە سەر شاشە و نەڵێت: ((پێویستە فەرەنسا مەزنی و گەورەییەکەی خۆی بەدەستبهێنێتەوە)). بەڵام فەرەنسا بۆ ئەوەی مەزن بێت، پێویستی بەوە نیە ئیمپراتۆریا بێت: ژیاری فەرەنسی بوونی هەیە و لەبەرچاوماندایە و دەیبینین، ئەمە جگە لەوەی کە ژیارێکی زۆر مەزنە و چ وەک کولتور و چ وەک پێشکەوتنیش، گەورەیە. کەواتە پێویستە موسوڵمانانیش واز لە وەهمی ئیمپراتۆریا بهێنن و دانی پێدابنێن کە ئیمپراتۆریاکەیان ڕوخا و شکستی هێنا. ڕەنگە دۆڕان و شکستێک بێت زۆر سەربەرزانەتر بێت لە سەرکەوتنێک، ڕەنگە سەرکەوتنێکیش بێت کە لانیکەم هەرچی و پەرچیەکان (ئۆباشەکان) خاوەنی نین.

ماری لۆمۆنێ: لەگەڵ هەموو ئەو ڕاستیانەیشدا کە تۆ باستکردن، هێشتا هەر کەسانێک دەبینین پێیان باشترە لە پێناوی ئەو (خەلافەتە) فانتازی و خەیاڵیەدا خۆیان بدەن بەکوشت. بەڕای تۆ بۆچی ئەو چەشنە مەرگە (خۆکوژیە، خۆتەقاندنەوەییە) زیاتر لەناو هەرزەکاراندا ئارەزووکراوە (سێ بەشی ئەو خۆکوژانەی کردەوەی خۆتەقاندنەوەکان ئەنجام دەدەن تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ٢٥ ساڵاندایە)، بە تایبەتیش لەناو لاوانی خۆرئاوادا کە وەک پرەنسیپ هیچ گرنگیەک بەو ئایدیاڵە ئیسلامیە بریندارە نادەن و باکیان پێی نیە؟

فەتحی بن سەلامە: مەرگ زۆر لەوە زیاتر ئارەزووکراوترە کە ئێمە دەیزانین و باوەڕمان پێیەتی: لە فەرەنسادا ساڵانە ٢٠٠ هەزار هەوڵی خۆکوشتن هەیە، هەر بەڕاستیش بەهۆی کوشتنەوە، ساڵانە ١٠ هەزار کەس دەمرن، ١٠٠٠ کەس لەو ١٠ هەزار کەسە لاوانن. لەمڕۆدا جۆرێک لە بانگەشە و داخوازی بۆ خودکوژی و شەهیدبوون ئاڕاستەی لاوانی موسوڵمان دەکرێت کە گوتارێکی تر پاڵپشتیەتی و دەیبزوێنێت: ئەویش مەرگە لە پێناوی بەرگریکردن لە مەسەلەیەکی بەرز و پیرۆزدا.

کەواتە ئەوە خودی داخوازیەکەیە کە هەوڵدان بۆ خۆکوشتن بەهۆی نائومێدی و شکستی دەروونیەوە دەگۆڕێت بە کردەیەکی پاڵەوانانە. ئەڵبەتە ئێمە کێشەکە بە زاراوەکانی داخوازی یان کڕین و فرۆشی بازرگانیی ناپێوین، بەڵام دواجار بازاڕێکیش هەیە بۆ مەرگی ئارەزوکراو، یان خۆقوربانیکردن.

بانگەشەخوازەکانی ئایین بۆ ئەنجامدانی کارەکەیان په‌نا دەبەنە بەر هەرزەکاران، لەبەرئەوەی بە سروشتی خۆیان زیاتر جۆرێک لە نەرێنی و دۆخی نێگەتڤ بەرامبەر بە ژیان سەرنجیان دەبات، جگە لەوەی کە هەرزەکاران قۆناغێکی ئاڵۆز لە گۆڕانی خود و خۆدورگرتن لە ئایدیالیزم دەژێن، قۆناغێک کە تیایدا دەستەوسانن بەرامبەر بەژینکردنیان لەجیهانە ئەرێنی و پۆزەتڤەکەی مناڵییان و لەڕێی سەرلەنوێ خودداڕشتنەوەوە، بەدوای لایەنگیریی بۆ مەسەلە و گروپی نوێدا دەگەڕێن.

ئا لێرەدا کە (گەر بە سوکە ئاماژەیەکیش بێت) پێیان دەوترێت دەتوانن لە ڕێگەی گیانفیدایی و خۆقوربانیکردنەوە بگەنە ئەو چێژە ڕەها و پاڵەوانانەیە، هاوکات بیشگەن بە جیهانێکی باشتر لە قیامەتدا. خۆی ئەمەیشە کە مانا دەبەخشێتە مەرگ، یا رەنگە لەوە زیاتریش بڵێین: ئەوە پاشەڕۆژێک دەبەخشێتە مەرگ و قیامەت. ئەمە خۆی مانای ئاواتی ئایینیە. ئەو لاوانە ساویلکە نین وەک هەندێک کەس پێماندەڵێن، بێگومان لە ناویاندا کەسی ساویلکە و سادە هەن، بەڵام ئارەزوو بۆ مەرگ شتێکە بوونی هەیە، شتێکی بێمانا و هەروا بە خۆڕایی نییە، هەر بۆیە دەبێت بە هەند وەری بگرین.

ماری لۆمۆنێ: لە ئێستادا توێژەران سەرقاڵی گفتوگۆی ئەوەن کە داخۆ تا چ ڕادەیەک دەکرێت زاراوەی (بە ڕیشەییکردن) ڕادیکالیزەکردن بۆ ئەو مۆبەلایز و سازکردنە جیهادیە بەکاربهێنن. ئەی تۆ بۆچی هەمان زاراوەت هەڵبژاردوە و بەکاری دەهێنیت؟

فەتحی بن سەلامە: هەندێک پێیان وایە کە ئەوە چەمکێکی بەرفراوانە، دیارە ئەوە هەڵە نییە، بەڵام کاتیگۆریەکانی وەک (لادان) یا (تاوانکاری) یش بەرفراوانن و زۆر شتی دیکە لە خۆ دەگرن. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا بەڕیشەییکردن و بنچینەخوازی وەک ئەوەی کە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ بنچینە، بەلای منەوە بایەخێکی زۆری هەیە. بەم مانایەیش، بە ڕیشەییکردن و بە بنچینەییکردن هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی ڕیشە و بنچینە، ئەوەیش مانای وایە ئەو لاوانەی کە بە لای ئیسلامی رادیکاڵ و فەندەمێنتالیزمدا دەچن، لەبنەڕەتدا ئەوانەن کە بەدوای ڕیشە و بنچینەیەکدا دەگەڕێن بۆ خۆیان.

هەموو ئەوانەی کە من لە کلینیکەکەی خۆمدا لە ناوچەی سین – سان دۆنێ چاوپێکەوتنم لەگەڵ کردوون و بینیومن، ئەوانەی کە لەپڕێکدا حەز بە ژیانێکی باڵا و خۆشگوزەرانانەی ئیسلامی دەکەن، ئارەزوویەکیشیان تێدایە بۆ ڕادیکاڵیزم و بنچینەخوازی یا بۆ سەرلەنوێ بوونەوە بەبنچینە لەئاسمان، ئەوەیش بەهۆی ئەوەی کە لەسەر زەوی نەیانتوانیوە ئەو بنچینەخوازیە بەدیبهێنن. هۆکارەکەیشی ئەوەیە کە هەموو ئەو شتانەی لە دەوروبەریان دەگوزەرێت و گەمارۆیداون، بەڵگەی دابڕان و پچڕانیانە لە زەوی و ژیانیان: مێژووی خێزانەکانیان، دیمەنی شارەکانیان، وێنەیان لە چاوی ئەوانیتردا، یان ئەو بێماناییەی کە لە پاشەڕۆژدا چاوەڕوانیانە وەک چارەنووس...

بەپێچەوانەوەی ئەوەوە، من تەواو دژ بە ئایدیای لەڕەگدەرهێنان و ڕیشەکێشکردنم. زۆر ناماقوڵە پێشنیاری ڕیشەکێشکردن و لە بنچینەدەرهێنان وەک چارەسەر بۆ ئەوانە بکەین، چونکە کەس حەزناکات و قبوڵی ناکات لەڕیشەی خۆی هەڵبکێشرێت، بەرباد و بەڕەڵا بێت. لەسەر ئاستی دەروونی کارەکە ئەوەیە کە یارمەتی ئەو لاوانە بدەین سەرلەنوێ تاکێتی و تایبەتمەندێتی خۆیان بەدەستبهێننەوە، مەبەستم لەو تاکەکەسە تایبەتەی نێو کەسایەتییانە کە لە هوروژمی هەڵچونی دەمارگیرانە و توانەوەیاندا لە ناو گروپێکی توندڕەودا، لە دەستیانداوە. چونکە ڕەتکردنەوەی سنورە تاکەکەسیەکان لەناو گروپە تایفیەکاندا زیاترین هۆکار و ئەنگێزەی خۆقوربانیکردنن. لەوەیش زیاتر، مەسەلەکە پەیوەندی بە سەرلەنوێ بونیادنانەوەی خودی لاوەوە هەیە وەک کەسێکی بەرپرس لە خۆی و بژاردەکانی.

ماری لۆمۆنێ: دەتەوێ بڵێیت لەبەرئەوەی بەمانایەک لەماناکان خود لە دیدی تاکەکەسدا مردووە، ئیدی ئەو هەستکردنە بەخۆ وەک مردوو، یارمەتیدەرە بۆ خۆقوربانیکردن و گیانفیدایی؟

فەتحی بن سەلامە: من ئەم دۆخە بەراوردەکەم بە ئاماژەنەخۆشیەکانی (وەهمی کۆتار – Cotard delusion). وەهمی کۆتار بریتیە لە دۆخێکی پەڕگیر لە خەم و پەژارە کە کەسە تووشبووەکە هەستدەکات ئیدی بوونەوەرێکی ماتەریاڵی نییە و هیچ بوونێکی فیزیکیانەی لەسەر زەوی نیە. وەک خۆم، من ئەمە ناو دەنێم خەمۆکی بوون بە دەد یا مێلانکۆلیای بە هۆڤبوون (اكتئاب التوحّش). ئەو لاوانەی کە حەزیان بە خۆتەقاندنەوە و خۆشەهیدکردنە، لەبنەڕەتدا دەیانەوێت دۆخی مرۆییانەی خۆیان بەجێبهێڵن و تێبپەڕێنن تا ببنە بوونەوەری باڵا و بانزەمینی. بەهۆ و لە ڕێی گوتاری بانگخوازەکانەوە، قیامەت لە هزر و زەینی ئەواندا ڕیشەییە و ڕەگداکوتاو. بانگخوازەکان لەو چرکەساتەدا  دەتوانن سنوری فانتازیا نائاگاکانی ئەوان ببڕن کە ئیدی سنووری نێوان من و نامن، واقیعی و ناواقیعی، سنوری نێوان ژیان و  مەرگ هێند لەرزۆک و تەنکوتیواڵە کە ئیدی کرداری خۆقوربانیکردنە زۆر ئاسانە و بەتەنها وەک کۆتایی کۆی پڕۆسەکە دەبینرێت. لەم چرکەساتەدا مەرگی فانتازیکراو بە جۆرێک پەلاماری خود دەدات کە ئیدی لەگەڵیدا مەرگ خۆیشی مانا کردەگیەکەی خۆی لەدەست دەدات.

ماری لۆمۆنێ: نوسیوتە گوایە بەرزە موسوڵمان خوازیاری چێژێکی تایبەتە کە بریتیە لە چێژی (سێکس لەگەڵ مەحرەم ((Incest)) لەنێوان مرۆڤ و خوادا). مرۆڤ چەشنێکی تایبەتمەندی زیندەوەرە کە حەزێکی بەردەوامی بەدەرچوون لە سروشتی چەشنەکەی خۆی، هەیە. لە کۆنیشدا باس لەمە کراوە. هەستدەکەم کارەساتەکە لەوەدایە کاتێک غرور و لوتبەرزیی مرۆڤ دەردەکەوێت، مەبەستم ئەو چرکەساتەی کە دەخوازن ببنە خاوەنی چێژ و ئارەزووە خودایی و یەزدانیەکان. ئەوەی کە دەمارگیرەکان دەیکەن لەوە تێپەڕناکات کاتێک بانگەشەی ئەو جۆرە ئاوێتەیی و تێکەڵاوبوونە بەخودا دەکەن تا بتوانن لەجیاتی ئەو ڕەفتاربکەن، وەک ئەوەی دەستی خوا بن، بەناویەوە خەڵکی دەکوژن. ئایا چۆن ئیسلام دەتوانێت لە ئایندەدا ئەو موسوڵمانە باڵایە تێبپەڕێنێت؟

فەتحی بن سەلامە: من کە پێشنیاری موسوڵمانی باڵام کردوە، هەرگیز نەمویستوە بڵێم موسوڵمانان بوون بە مرۆڤی باڵا، بەڵکو ڕێک بە پێچەوانەوە، خوازیاربووم موسوڵمانان لەوە ئاگاداربکەمەوە کە ئیسلامخوازیی جۆرێک لە ئەگەری لە منی باڵای کولتورەکەیاندا چاندووە کە دەبێت دانی پێدابنین و ڕەتیبکەنەوە.

کاری سەرەکی و گەورەی موسوڵمانانی ئەمڕۆ گەڕانەوەیە بۆ پێچەوانەی موسوڵمانی باڵا کە ئەویش بریتیە لەسنگفراوانی وەک یەکێک لە بنەما ئاکاریەکانیان. موسوڵمان واتە ئەو کەسەی کە بەرامبەر بە خودا سنگفراوانە. دەبێت بگەڕێینەوە بۆ سنگفراوانیی کەسی چاکەکار، نەوەک سنگفراوانیی کەسی زەلیل و ژێردەستە. دەبێت موسوڵمانان واز لەو کەڵکەڵەی خودپاکژیی و ئەستۆپاکیە بهێنن کە گوایە لەناوەوەی ئیسلامدا مەحاڵە دڕندەیی و مرۆڤی بەد بەرهەمبهێنرێت.

بەڵێ،  ئیسلامیش وەک هەموو ژیارەکانی تر هۆڤێکی بەد و دڕندەی بەرهەمهێناوە کە هەڕەشە لە خۆیان و ئاین و کولتورەکەیان دەکات. دەبێت موسوڵمانان هۆشیار بن بەرامبەر بەم گرفتە. زۆرن ئەوانەی کە لە دەرەوەی ئیسلامەوە ئەم ڕاستیە دەدرکێنن، بەڵام لە زۆربەی کاتەکاندا بۆ زیاتر چەوساندنەوە و زەلیلکردنی موسوڵمانان، دەیڵێن. ئاواتی من ئەوەیە کە زیاتر لە ناوەوەی ئیسلام خۆیدا، ئەم ڕاستیە ببیستم.

ماری لۆمۆنێ: تۆ یەکێک بوویت لەوانەی بەردەوام دیدێکی پۆزەتڤ و ئەرێنیت بۆ شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی لە ساڵی ٢٠١١ دا هەبوو (ئەگەرچی ڕۆژ بەڕۆژ ژمارەی گەشبینەکان کەمی دەکرد)، بۆچی؟

فەتحی بن سەلامە: کارەساتە مرۆڤ پاڵپشتی لەو بۆچوونە بکات کەدەیویست ئەو ئومێدە لەناو بچێت کەسەریهەڵدا، ئەوەیش شتێکە کە من دڵنیام سەرلەنوێ سەهەڵدەداتەوە و دەگەڕێتەوە. تازە کۆمەڵێک سوبێکتی سیاسی نوێ چێندراون. بەڵام با بپرسین کێ شۆڕشە عەرەبیەکانی لەباربرد؟ ئەوە مەملەکەتی عەرەبیی سعودیە و دەوڵەتانی کەنداو بوون کە ڕاستەوخۆ لە دۆخی سوریادا چەکیان هەڵڕشت و کەوتنە هەناردەکردنی جیهادییەکان تا پڕۆسەکە لەشۆڕشێکی ئاشتیخوازانەوە بگۆڕن بە شۆڕشێکی چەکدارانە.

دیارە لە تونس شکستیان هێنا، چونکە کۆمەڵگەی شارستانی لەناو تونسدا بکەرێکی زیندوو بوو، وەک چۆن ژنانیش ئامادەییەکی تایبەتییان هەبوو. هەر بۆیە بە بۆنەی بوونی ئازادیخوازان و ئەو ئامادەییە بەرچاوەی ژنانەوە ئیسلامیەکان بۆیان دەرکەوت کە ناتوانن پڕۆژەکەیان تەواو بکەن، بەڵکو بە پێچەوانەوە ناچاربوون بەشداری لە نووسینەوەی دەستورێکدا بکەن کە دان بە ئازادی ویژداندا دەنێت کە بۆ خۆی مانای وایە مرۆڤ سەربەستە لەوەی دەستبەرداری باوەڕە ئایینیەکەی خۆی بێت! لانیکەم ئەو نەوەیەی کە دێت و تەمەنی لە نێوان ١٥ بۆ ٢٥ ساڵاندایە ئەو مافەی خۆت پراکسیس دەکات: مافی ئازادی ویژدان.

چالی ئیبدۆ مه‌گه‌زین ؛ قوونم ، ئەی قنگی منت بەدڵە!
چالی ئیبدۆ مه‌گه‌زین ؛ قوونم ، ئەی قنگی منت بەدڵە!

بەڕای من، کۆتایی سەدەی بیستویەک لە جیهانی ئیسلامیدا، ئایینیانە نابێت. من کە ئەم ڕایە دەڵێم، ڕیسک دەکەم، چونکە گرەو لەسەر زەینی مرۆیی دەکەم. نەوجەوانان و لاوانی نوێ تەنها یەک ڕێگەیان لەبەردەمدایە، کە ئەویش بریتیە لە نەفرەتکردن لە دەمارگیریی، بەتایبەتی نەفرەتکردن لەو دڕندەیی و بەدیەی بەناوی ئیسلامەوە دەکرێت، چەشنێک لە دەدی و بەدیی کە هەروا سادە نییە و بەڕاستی و کردەگیانە لە قوڵایی جیهانی ئیسلامدا بوونی هەیە، بەشێوەیەک کە هەر لە سەرەتاوە دەرکەوتەکانیمان بینی.

بۆ نمونە لەو ڕۆژانەی دواییدا مشتومڕێک لە تونس دروستبوو، پاش ئەوەی وەزیری کاروباری ئایینی داوای کرد مناڵان لەکاتی پشووەکانیاندا لە ماڵەوە قورئان دەرخ و ئەزبەربکەن. دەمودەست ژنان کردیان بە هەرا و پەژواک، هەندێکیان لەسەر تیڤیەکانەوە گووتیان: چی فێری مناڵەکانمان بکەین، ئەو ئایەتانەی دنەیان دەدات و فێریان دەکات کافران بکوژن و لە ژنان بدەن؟ شتی وا نەبووە و نابێت!  ئەوروپا چەشنێک ڕێکخستنی بۆ کۆمەڵگە داهێنا کە بەهۆیەوە توانی خواستەکانی ئایین بۆ فەرمانڕەوایەتی جیهان، لە دەستی پیاوانی ئایینی دەربهێنێت. دەبێت وانەیەک لەوەوە وەرگرین، بەتایبەت سەربارەت بەو شتەی کە پێی دەڵێن ڕیفۆرمی لاهوتیانەی ئیسلام. ئەو بانگەشانە بۆ ڕیفۆرم لە ئیسلامدا شتێکی بێمانا و ڕووپۆشن، چونکە ئایین شتێک نییە بە ویستی خۆی بەسەر بیرکردنەوە و ئازادی و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتیدا کرابێتەوە.

ئێمە بۆیە دەتوانین ئایین بگۆڕین چونکە کۆمەڵگە دەگۆڕێت. مەسیحیەت بەبێ فشاری ئەو کۆمەڵگەیەی کە گۆڕدرا، هەرگیز گەشەی نەدەکرد، جۆریک لە پەرەسەندن و گۆڕانکاری کە تاوەکو ئەمڕۆیش هەر بەردەوامە. من لەیادم نەچووە و دەزانم کە چەندین کتێبخانەی تەواومان هەن بۆ ڕاڤەکردنی قورئان، لە نێویشیاندا هەندێک ڕاڤەی زۆر لیبراڵ دەبینین. بەڵام جارێکی تریش دووبارەی دەکەمەوە، ئەوەی کە ئیسلام دەگۆڕێت خودی کۆمەڵگە ئیسلامیەکان خۆیانن. بێگومان پاشەڕۆژیش لە دەستی زانا ئایینیەکاندا نییە. گۆڕانی ئیسلام یان کۆمەڵایەتییانە دەبێت یا هەر نابێت.

کەواتە با کۆمەڵگاکان بگۆڕین، ئەوکات جموجۆڵ و چالاکی زیاتر ڕوودەدات.

سەرچاوە:

http://archive.alawan.org/%D8%AD%D9%88%D8%A7%D8%B1-%D8%AE%D8%A7%D8%B5%D9%91-%D9%85%D8%B9-%D9%81%D8%AA%D8%AD%D9%8A-%D8%A8%D9%86-%D8%B3%D9%84%D8%A7%D9%85%D8%A9.html