مانیفێستەكەی ڕۆشنبیران

لە دوای تێوەگلانی بەشێكی زۆری كارەكتەری سیاسی و حزبەكان بە گەندەڵییەوە، بزووتنەوەیەكی رۆشنبیریی ئۆپۆزسیۆنی سەری هەڵدا، ئەم بزووتنەوەیە بەهۆی تەنگژەی بێ متمانەیی و بێ‌ سەركردەیی و بێ‌ ئەزموونییەوە، نەیتوانی ببێتە ئەلتەرناتیڤی سیاسی و دواجار پاشەكشەی كرد، لە بەرامبەر ئەمەدا لەبری چارەسەركردنی دۆخەكە لە رێگەی رەخنە و ئامادەكردنی خەڵك بۆ ناڕەزایەتی، بەشێك لەو رۆشنبیرانەی خۆیان وەك تیۆریزەكاری ژیانی سیاسی و فەرهەنگی كوردستان دەزانی، مانیفێستێكیان بۆ بزووتنەوەی گۆڕان نووسی كە نەك هەر نەیتوانی خەڵك پەروەردە و ئاراستە بكات، بگرە خەم و دەنگە ناڕازییەكانیشی خستە خزمەتی حزبێكی تری دەسەڵاتخواز.

Artist; Saman Dartash Kareem
کورسیەکان ؛ کورسیەکانی دەسەڵات !

ئەو ریفۆرمەی رۆشنبیر بوو بە سەرمەشقی هێزێكی بەناو لیبراڵ و رەخنەگر لەوانی تر كە ئەزموونێكی خراپیان پێشكەش كرد، گفتوگۆیەكی جیاوازیان پێشكەش نەكرد كە خەڵك فێر بن لەگەڵ حزبییەكان بەرخودیان بكەن، بەڵكو بەپێچەوانەوە فێرە زمانێكیان كردن تەنیا خۆنواندن و رەخنەی بازاڕی بوو لە هەموو ئەو رەفتارانەی هەردوو حزبی باڵادەست پێشتر تێوەی گلابوون، ئەم بەناو گفتوگۆ میدیاییە لەبری ئەوەی خزمەت بە تووڕەبوونی خەڵك بكات و دۆخەكە بگۆڕێت بۆ بارێكی تر، خۆی بوو بە زمانێكی توندوتیژی فەرهەنگی و سیاسی و شارچێتی و جۆرێكی تری حزبی لێ بەرهەم هات كە بەر لە هەر توێژێكی تر، رۆشنبیرانی بەناو تیۆریستینی ناڕەزایەتی لێی بەرپرسیارن.

هەڵبەت رەخنەگرتن لەو فۆڕمە سیاسییەی كاپیتاڵیزمی هاوچەرخ بووەتە باو لە دنیادا، رەخنەیەك نییە بۆ پێشكەشكردنی ئەلتەرناتیڤی یەكسانیخوازی، بەقەد ئەوەی رەخنەیە لەوەی نەیتوانیوە خۆشگوزەرانی پێشكەش بكات، ئەم مانیفێستەی بەناو رۆشنبیران پێشكەشیان كرد بۆ گۆڕانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری، یەكەم فێڵێكی فكری بوو بۆ دەمكوتكردنی رۆشنبیرانی بێدەنگی تر و ئەوانەی بەرگری لە حزبەكان دەكەن، چونكە لە هەموو حاڵەتێكدا زمانی یەكسانیخوازی كە نەغمەیەكی كۆنی شەقامە، بایەخی باشتری هەیە، خاڵی دووەم فێڵی سیاسی بوو لە سیاسییەكان لەژێر ناونیشانی رۆشنبیرێكی خەمخۆری سەرشەقام وەك نوێنەری خەڵك بەناوی جیاوازی چینایەتییەوە، بەو پێیەی ئەم ئەزموونەی لە دوای ساڵی 1991 كورد دەسەڵات و حوكمڕانی وەرگرتبوو، نمایشێكی لەو چەشنەی بەخۆیەوە نەبینیبوو لە میدیادا و بە بەرچاوی خەڵكەوە رەخنەی چینایەتی بگیرێ‌ و لە هەناویشیدا لێبراڵێكی نابەرپرس.

ئەو مانیفێستەی بۆ گۆڕان نووسرا، سەرباری ئەوەی دیقەتی سیاسیی تێدا نەبوو، لەلایەك شان خاڵیكردنەوە بوو لە ئەركێكی رۆشنبیری بۆ ئایندە، لەلایەكی تر تێوەگلانی رۆشنبیرانی تر بوو تا بكەونە نێوان هەڵوێست وەرگرتن یان پاڵپشتیكردن، ئەمە تەنیا بۆ رۆشنبیرانی بازنە بچووكەكە نەبوو، هێندەی بۆ تێوەگلانی هەموو رۆشنبیران بوو، چوونی بەشێك لەو بەناو رۆشنبیرانە بۆ هۆڵی پەرلەمان و بوونیان بە بووكەشووشەی سەر شاشەی میدیا، بەشێك لەو گەمە سیاسییە ئاشكرا دەكات كە بوێری تیادا نەبووە، هێندەی ئەوەی پێچەوانەوە سەلەفییەكانی هێنایە پێشەوە كە دەوڵەتی هەرێمایەتی كەڵكی لێ وەرگرت، دەنگی بەرزی سەروەختی 17ی شوبات لەبری دەنگی هەموو خەڵك بەبێ‌ ئینتیمای سیاسی و ئاینی و نەتەوەیی و شارچێتی، هەموو ناڕەزایەتییەكان لە خزمەتی یەك گوتاری دیاری ئاینی و نەتەوەیی بوون و بەتایبەتیش حزبێكی دیاریكراو كە خۆی تێوەگلابوو بە گەندەڵییەوە.

تەواو

 مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە! ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی .
مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی .

کولتور مەگەزین: ئەم نوسینە ڕەخنەیە لەدیمەنێکی ڕۆشنبیری لە چوارچێوەیەکی میژوویدا. کولتور مەگەزین خۆشحاڵیشە ئەنتی ئەم تێزەش بڵاوبکاتەوە و  بەختەوەر دەبێت گەر دیالۆگ بکرێت، چونکە کۆی دیمەنەکە گرنگە قسەی لەسەر بکرێت .  لێرەوە دەرگای کولتور مەگەزین واڵایە بۆ هەر ڕایەک بەپێجەوانەی ئەم ڕایەوە بێت.