شاعیر؛ ستەمکاری چەوساوە

١

زاڵترین ڕەگەزی ئەدەبی لە ڕۆشنبیری ئێمەدا بریتیە لە شیعر، شیعر وەک ساتی بەرکەوتنی تاکی کوردی بە دونیای دەرەوەی خۆی، شیعر وەک زمانێکی میتافۆریانەی پیاو بۆ فانتازیکردن و دروستکردنی ئەو جیهانەی کە مەرامی بووە بیخوڵقێنێت. هیچ کام لەو تێکستانە لە لاپەڕەی دیوانە شیعریەکاندا بە بێدەنگی نامێننەوە، بەڵکو دێنە دەرێ تاوەکو لە نەست و نائاگایی ئێمەدا خۆیان قایم بکەن و دواتر لە ڕێی کار و کردەوەکانمان لەگەڵ  ئەوانی تردا، خۆیان نمایش بکەنەوە. ئەوەی من لێرەدا زیاتر مەبەستمە بە تەنها وێناکردنی ژنە: ژن وەک میتافۆڕ لە هزری شاعیری پیاوی کوردا.

دیارە بە ووردبونەوە لە تێکستە شیعرییەکانی زمانی  کوردی جا  کلاسیک بن یان ڕۆمانسی و مۆدێرن،  ئەوا ژن بە پێچەوانەی واقیعی خۆیەوە بوونەوەريکی زاڵم و ستەمکار و چەوسێنەوەرەی پیاوە کە هیچ باکی بە بوون و نەبوونی ئەو نیە، لەم لایشەوە پیاو وەک ئۆبێکیتکی بێدەرەتان و زەلیل ئامادەیە کە بە بەردەوامی لە لایەن  تیر و تیغ و برژانگ و موژگانی ژنەوە لێی دەدرێت، دەبڕدرێت، برینداردەکرێت، دەربەدەردەکرێت، دەکوژرێت و لە چاڵدەنرێت. بە مانایەکی تر، ئەوە ئارەزوو و سێکسوالیتی پیاوە کە بە بەردەوامی لە ژێر هەڕەشە و ئاکت و فریوی بێ بەزەییانەی ژندایە.

ژولیا کریستیڤا فەیلەسوف و ڕەخنەگری فەڕەنسی
ژولیا کریستیڤا فەیلەسوف و ڕەخنەگری فەڕەنسی

دەمەوێت لەبەر ڕۆشنایی تیۆرەی زمان و تێزەی شۆڕشی شیعریی (ژولیا کرستیڤا) دا لەسەر وێنای ژن لە شیعری کوردیدا و پەیوەندی بە توندوتیژیەوە لە واقیعدا، بوەستم. کریستیڤا ڕای وایە مرۆڤ هەڵگری هەمان ئەو بونیادی زمانەیە کە پێی دەئاخڤێت. زمان بۆخۆی هيترۆجین (واتە جیاواز و ناچونیەک)ە هاوشێوەی هەمان دیالێکتی هیگلی، چونکە لە دووبەشی ناچونیەکی جیاواز پێکهاتووە کە بریتین لە  (سیمۆتیکی) و (سیمبولی). سیموتیکی ئەو دەنگەیە کە لە نەستەوە دێت بۆ دەرەوە، بۆ لای سوبێکت خۆی تا لەنەستەوە ببێت بە هەست: سیمۆتیکی لەسەر بنەمای ژیانی هەستیی مرۆڤ دروست بووە کە هەیەتی بۆ چواردەورە کۆمەڵایەتیەکەی (سیمبولی). بەڵام بەشەکەی تری زمان (واتە سیمبولی) دەربڕی هەموو ئەو نۆرم و بەها کولتوریانەیە کە پێیان گۆشکراوین، ئەو زمانەیە کە فێری بووین (بەتەواوی ووردەکاریەکانی و جیاوازیە ڕەگەزی و ڕەفتاریەکانی ناویەوە). زمانیش بۆخۆی گەمە یان جوڵەیەکی بەردەوام بزواوی نێوان سیمبولی و سیمۆتیکیە: سیمبولی وەک ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و سیمۆتیکییش وەک سایکۆلۆژیای ناوەوەی مرۆڤ و جەستەی.

کرستیڤا ڕای وایە زمانی شیعر باشترین نمونەی ئەم پەیوەندیە بەردەوامەی نێوان سیمۆتیکی و سیمبولییە، چونکە لەیەک کاتدا هەم هەڵگری مۆرکی ڕێکخستن و ڕێزمان و یاسایەکی دیاریکراوی بەکارهێنانە کە لەهەر زمانێکدا هەیە، هەم جۆرێک لە داهێنان و تێکدان و ڕیتم خوڵقاندنیشە. ئەو پەیوەندیە دیالەکتیکیەی نێوان ئەو دوو بەشە ناچونیەکە (سیمۆتیکی و سیمبولی) ئەو کاتە زیاتر دەردەکەوێت کە مرۆڤ دەیەوێت ناو لە دۆخ و دیاردەکان بنێت، وشەی تریان بۆ بدۆزێتەوە گەورەتر لە قەبارەی خۆیان وەک وشە بەو شێوە سیمبولی و کۆمەڵایەتیەی کە هەن، بەتایبەتی دۆخەکانی وەک ڕق، خۆشەویستی و تۆقین کە هەستگەلێکی سایکۆلۆژی زێدەڕەون و پێویستیان بە جۆرێکی دیکە لە باسکردن و قسەلەسەرکردن هەیە گەورەتر بێت لە تێگەیشتنی ئێمە بۆیان وەک ئەوەی کە لەناو زمان خۆیدا، لە سیمبولییدا هەن و دروستبوون. هەربۆیە کاتێک گوزارشت لەمانە دەکەین زمانی سیمبولی بەکاردەهێنین تا ڕاوی ئەو ناوەرۆکە سیمۆتیکیەی پێ بکەین کە لە ووشە خۆی زیاترە. لای کریستیڤا سیمۆتیکی بۆیە گرنگە چونکە تاکە بوارێکی فێمنیستیە کە تیایدا بشێت بتوانین لێکدژەکان تێکبشکێنین بۆ نمونە، سروشت/کولتور، پیابوون/ژنبوون. ئەم دژانە هەم بۆ یاخیبوون لە دۆخە جێگیرەکە و هەم بۆ پاراستنیشی بەکاردێن و سوودیان لێ وەردەگیرێت. لە دۆخە جێگیر (سیمبولی) یەکەدا دەسەڵاتدار هەموو ئەو شتانە دەچەوسێنێتەوە کە (سیمۆتیکی) ین تا هەژموون و دەسەڵاتی خۆی لە ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیدا بپارێزێت. بێگومان مەبەستی کرستیڤا لە سیمۆتیکی هەموو چەشنەکانی ئەدەب و میوزیک و هونەرە کە دەسەڵاتێکی سیمبولی جێگیر (دەوڵەتێک، مێنتاڵتیەک یان ترادسیۆنێک) ڕەتیاندەکاتەوە، لەکاتێکدا من دەمەوێت بڵێم ئەوەی کە سیمۆتیکیشە (مەبەستم لە میتافۆرە شیعریەکانی پیاوە لەسەر ژن لە ئەدەبی کوردیدا) هێندەی سیمبولی خۆی چەوسێنەرە! ئەوەی لە واقیعی ئەدەبی شیعری کوردی (سیمۆتیک) دا دەیبینین بوونی پیاوێکە چەوسێنراوە و زەلیلی دەستی ژن، لەکاتێکدا لە (سیمبولی) واتە ژیانی کۆمەڵایەتیدا ڕيک پێچەوانەکەی دەبینین: ژنە چەوساوە و پیاوە چەوسێنەر.  مایەی توێژینەوە و هەڵوەستە لەسەرکردنە لەکاتێکدا کە دەبوو سیمۆتیک (شیعر) شوێنی دەربڕینی ئازار و فشار و چەوسانەوەی دەروونی ئازاردراوە سەرەکیەکە بێت کە ژنە لە سیمبولیدا، کەچی دەبینین شیعری کوردی تەواو بە پێچەوانەوەیە، پیاو هەموو دۆخە دەروونی و جەستە چەوساوەکەی ژنی بۆ خۆی دزیوە و هاوشوناسبووە لەگەڵی: گەمەیەکی ساختە، پارادۆکسی و هەڵخەڵەتێنەرانە کە بۆتە مایەی سەرلێشيواندن و ڕەوایەتیدان بە توندوتیژیەکی بەردەوام.

(٢)

مەرگ زەقترین دیاردەی ناو تێکستی شیعرییە لە ئەدەبی کوردیدا ! مەرگ وەک تاکە ئەڵتەرناتیڤيک بۆ گەشتن بە باوەش و خۆشەویستی یار، یار وەک شەونمی نێوان کتێبە دۆزەخییەکان و تاقانەترین شەرابی  ناو تاعونەکان: یاری بێ مروەت و بێوەفا، دڵفریو ، فیتنگەر و کافری خوونخوار، پەری ڕوخسار، زاڵمی غەدار و بەدی بەدکار.

ئەم مەرگە تا توندوتیژتر بێت، هێندە شیرینتر و نەرمتر خۆی نمایشدەکات بە جۆرێک کە ناتوانین لە خودی شاعیری جیابکەینەوە، شاعیر  وەک عاشقێکی بێچارە و سەرگەردان. بۆ ئەوەی شوناسی شاعیری کوردت بۆ یەکاڵابێتەوە و باوەڕ و متمانە بەو تۆن و ڕیتۆریکە سادۆمازۆشی، دەسەڵاتخواز/خۆچەوسێنەرەوەیەی بکەیت، دەبێت پەردە لە سەر نهێنیەکانی ئەو یارە دڵدارە هەڵماڵیت کە شاعیری توشی ئەو قەیرانە  میلانکۆلییە سایکۆلۆژییە کردوە. ئەم کارەش وامان لێدەکات بڵێین: ئیدی کاتی ئەوە هاتوە بزانین ئایا ئەو یارە بوونی هەیە؟

وەک درێژەپێدانيک بۆ ستونی پێشووم، ئەمجارەیان بە تێرمێکی تری (جولیا کرستیڤا) کە بریتیە لە (چۆرا)، هەوڵدەدەم لە ڕەهەندە دەروونیەکانی ئەم خەسڵەتە شیعرییەی شاعیری کورد بکۆڵمەوە و ڕاڤەی بکەم .

بە ڕای کرستیڤا مناڵ لە شەش مانگی تەمەنیدا بە جۆرێک لەگەڵ  جەستەی دایکی هاوژین و هاوتایە  کە هیچ جیاوازییەک لە نێوان خۆی و ئەو جەستەیەدا نابینێت، ئەو قۆناغەی کە لای فرۆید بە (نارسیزمی سەرەتایی ) ناودەبرێت، واتە بوونی سوبێکت لە خاڵی سفردا، قۆناغێکە پڕە لە کاوس و قەیران. لەم قۆناغەدا جەستەی دایک هەم ژیانبەخشە و هەم مەرگئامێزیش، ژیانبەخشە چونکە سەرچاوەی ژیان و ئارامییە بۆ مناڵ و خۆراک و پێداویستیەکانی خۆی لێوە وەردەگرێت، مەرگئامێزیشە چونکە باوەش و ئامێزی دایک ڕێ لە مناڵ دەگرێت بۆ خۆی ببێتە کەسێکی سەربەخۆ. کرستیڤا ئەم پەناگە سەرەتاییەی مناڵ بە  (چۆرا) ناودەبات .

چۆرا (Chora) ووشەیەکی گریکیە و کریستیڤا وەک زاراوەیەک لە پلاتۆوە وەریگرتووە کە بە مانای شوێن یان فەزایەک دێت، لێ لای ئەم وەک هاومانای مناڵدانی دایک بەکاردێت لەو قۆناغەدا کە هێشتا توانای زمان گەشەی نەکردووە و دۆخێکە پڕ لە هەڵچوون، کاوس، ئاژاوە و ژاوەژاوی هەستەوەر و پێداویستیەکان، دۆخێک کە هێشتا مناڵ تیایدا نازانێت ئەوی تر لە دەرەوەی خۆی و جەستەی دایکی بوونی هەیە. ئەوەی کە لەم قۆناغەدا جڵەوی مناڵ دەکات هەردوو غەریزەکانی ژیان و مەرگن.

کریستیڤا پێی وایە مانەوە لەم قۆناغەدا یان گەڕانەوە بۆی لە قۆناغەکانی تری تەمەندا،  واتە توشبوون بە نەخۆشی دەروونی و سیکۆس کە لە فۆڕمی میلانخۆلیا ( خەمۆکی و ڕەشبینی) دا خۆیان نمایش دەکەن . کەسی میلانخۆلی لە زماندا ويڵی ئەو دایکەیە کە لە قۆناغی پێش ئۆدیپیدا هەیبووە، دایکێک کە ئەستەم بووە بتوانێت لێی جیاببێتەوە، هەر بۆیە ئەم تازێباری و ناسۆرییەی شاعیر وەک کەسێکی مێلانخۆلی دەگەڕيیتەوە بۆ ئەو جیابوونەوە سەرەتاییەی یەکەمجار لە جەستەی دایک کە کریستیڤا بە (ئابجێکشن) ناویدەبات، منیش و لە ستوونی ئایندەدا باسی دەکەم.

بۆ ڕونکردنەوەی خاسیەتەکانی کەسێتی مێلانخۆلی کرستیڤا لە کتێبی (خۆری ڕەش) دا باس لە بوونی شتێک (Thing) دەکات، شتێک وەک خۆرێکی فانتازی کە هەم ڕۆشنە و هەم تاریک: (شت) ێکە کە کەسی مێلانخۆلی بە هۆی نەبوون و لەدەستدانی (ئەوی دی) یەوە ئاوێزانی بووە، ئەوی دییەک کە هەم جوانە، هەم خراپ و دزێویش. کریستیڤا دەڵێت: ((من ڕقم لەو (شت)ە دەبێتەوە چونکە خۆشم دەوێت، تاوەکو لێم وون نەبێت، دەیخەمە ناو خۆمەوە و توند لە خۆمیەوە دەئاڵێنم، بەڵام  لەو کاتەشدا هەر ڕقم لێیەتی. ئەوی دیی ناو من، منێکی ناشرین و دزێوە، هەر بۆیە من خراپم، من بوونم نیە، من دەمەوێت خۆم بکوژم)).

لەبەرئەوەی کەسی مێلانخۆلی هەستێکی بەردەوامی خۆشەویستی/ ڕقی بۆ ئەو (شت) ە (جەستەی دایک) هەیە، دەبیین کە چەندەها جار خۆی کەمنرخ و بچووکدەکاتەوە. ئەو (شت)ە دۆخێک لە سەرلێشێوان و شپرزەیی ئیرۆتیکی بۆ دروستدەکات، هەر بۆیەش کەسی مێلانخۆلی لەگەڵ کەمترین ناڕە‌‌حەتی ژیانی ڕۆژانەدا ئامادەیە خۆی فڕێبداتە ناو جۆرێک لە فەوتان و لە ناوچوونی ئەبەدیەوە تا بە ئۆبێکتە لەدەستچوە کۆنەکەی (جەستەی دایک) شاد بێتەوە.

پەنابردنی من بۆ ئەم تێرمەی کرستیڤا لەبەرئەوە بوو تا تیشک بخەمە سەر ئەو ڕەهەندە بەرلەئۆیدیپۆسیەی شاعیری کورد بە هەموو دەرکەوتە سیکۆسی و مێلانکۆلیەکانیەوە لە تێکستەکانیدا. تامەزرۆیی و عەوداڵی شاعیر بۆ چۆرا (جەستەی دایک) کە لە شیعردا بە دەمامکی فیگەری (یار) ەوە خۆی نیشاندەدات و دەردەکەوێت، دیارکەوتنەکانی توندوتیژ و مەرگئامێزن، زیاتر بریتین لە خودسزادانێکی مازۆخیانە، خۆدارکاریکردنێک پڕ لە هەستی پەشیمانی، بوونی عەشق و ‌حەزێکی سێکسی فیتیشییانە کە هیچیان مژدەی پەیوەندیەکی تەندروستی نێوان دوو عاشق نین، بەڵکو باشترین گوزارشتن لە ڕەفتارێکی لادەرانە، لە فۆبیای جیابوونەوە: جیابوونەوە لە جەستەی دایک.