رۆشنبیری کورد لە ناو دوکەڵ و ئاگردا

Last updated:

 106 جار خوێنراوه‌ته‌وه

نوسینێک لەسەر رۆمانی “کچانی دوکەڵ و ئاگر”ی ئاڤا هۆما

نووسینی: ئیردیس مسته‌فا


“زمان و شیوازی نوسین و ئاستی وێژەیی ئەو شتانەن کە ئارایشتی رۆمان دەکەن، بەڵام ئەو تێگەیشتن و چەمک و دەستەواژانەی لە سەر گرفت و کێشە و رووداوەکان دەردەبڕدرێن کرۆکی رۆمان پێکدەهێنن.”

ئیدریس مسته‌فا

ساڵی ٢٠٢٠، کاتێک رۆمانی “کچانی دوکەڵ و ئاگر”ی ئاڤا هۆما بڵاوبۆیەوە یەکسەر کڕیم و وەک هەر کوردێکی تر خۆشحاڵ بووم کە کجە کوردێک بە زمانی ئینگلیزی رۆمانێکی لەسەر کورد نووسیوە. دوای ئەوەی خوێندمەوە هەندێ تێبینی و رەخنەم لە لا دروست بوون.  هەر ئەو دەم ویستم شتێکی لەسەر بنوسم بەڵام وازم لێهێنا و گوتم با پەلەی لێنەکەم و بە کاوەخۆ جارێکی تر دەیخوێنمەوە. دیارە لێرەدا بە هیچ شیوەیەک مەبەستم شکاندنی نوسەر یاخود رۆمانەکەی نیە بەڵکو وەک خوێنەرێک ئەوەی بەرچآوم کەوتووە و جیگەی رەخنەمە ئەوەم نوسیوە و بەس. ئەم رۆمانە دوای ماوەیەک وەرگێڕدرایە سەر زمانی کوردی و لە نێو خوێنەران و چاپەمەنی کوردیدا پێشوازیەکی بێ ئەندازەی لێکرا کە تا ئیستاش ستایش کردنی بەردەوامە لە لایەن میدیا و نوسەرانی فەیسبوک و هەندێ کەسانی سیاسی و چەند قەڵەم بەدەستێکی ترەوە. هەر ئەو پێشوازی و ستایشە بێ وێنەیە  وەهای لێکردم کە دەبێ جارێکی دیکە بیخوێنمەوە بەڵام ئەمجارە دەبێ بە کوردی کردنەکەی بخوێنمەوە ئینجا بە تەواوی قسەی خۆمی لەسەر بکەم. لێرەدا دەمەوێ زۆر سوپاسی کاک شەفیقی حاجی خدر وەرگێڕی کوردی رۆمانەکە بکەم کە توانیتی بە زوویی بیگەێنێتە دەستم چونکە بەهۆی دووریەوە زەحمەت بوو لەو ماوەیەدا بە دەست من بگات کە دەمویست.

پێشبار: دەمەوێ ئاماژە بەوەبدەم کە رۆمانەکە چونکە لەسەر رووداوێکی سیاسی و بابەگەلێکی سیاسی ترە بۆیە نوسینەکەی منیش زۆرتر سیاسی-ئەدەبیە وەک لەوەی بە تەنها ئەدەبی بێ وبەس. میدیا و چاپەمەنی و بەشێکی لە خوێنەران و رۆشنبیران پێشوازیەکی لەم رۆمانە کرد و ستایشێکی بێ وێنەیان پیاهەڵدا بەو رادەیەی کە بە شاکار و سەفیری ئەدەبی کوردی ناوبرا لە دەرەوەی وڵات. ئەمە بۆخۆی بەڵگەی نەبوونی هزرێکی رەخنەگرانەیە لە نیوەندی رۆشنبیری کوردیدا چونکە کاتێک بە وردی ئەو رۆمانە دەخوێنیتەوە تێدەگەی بیری نوسەری ئەو کتێبە قوڵ نیە و رووکەشیانە لەسەر چەندان بابەتی سیاسی و رۆژگاری رابردوو و ئیستە دەدوێ. تەنانەت کاتێک ناونیشانی رۆمانەکە و بەرگەکەی دەبینی و بە تەواوی لە خوێندنەوەی دەبیتەوە ئەو پرسیارەت لە لا دروست دەبێ ئایا ئەم رۆمانە شایەنی ئەو هەموو پیاهەڵدان و پێشوازیە بوو؟ بۆ من و بۆ زۆریک و بگرە بۆ ئەوانەشی کە ستایشیان کردووە ئەو پرسیارە دەبێ بکرێ ئایا ئەو رۆمانە گەر بە زمانی ئینگلیزی نەنوسرایە و نوسەرەکەی ژن نەبوایە ئایا ئەو بایەخەی پی دەدرا؟ هزری رەخنەگرانە نابێ گوێ بە جێندەری نوسەر یاخود لە ژیر ناوی فیمینیزم و دەرکەوتنی خامەی ژنانی نووسەر لە نیو ئەدەبیاتی کوردیدا ئەو خەوش و تێگەیشتنە رووکەشیانە نەبینێت کە لەو رۆماەندا هەیە. مەسەلەی فیمینیزم لەوەدا نیە ژن نوسەر بێ بەلکو لە بەرهەمەکەدایە، ئاخۆ ئەو بەرهەمە چەند و چۆن لە ژن و مەسەلەی ژن دەڕوانێ جا نوسەر مێ بێ یان نێر، هەر ئەمەش کرۆکی فیمینیزمە. بابەتەکەی نێوی ئەو رۆمانە رەنگ بێ بۆ خوێنەری رۆژئاوایی شتێکی نوێ بێت بەڵام بۆ خوێنەری کورد ئەوەندە هەناو سووتێن نیە نەک لەبەر ئەوەی رووداوەکانی ناوی گرنگ نین بەڵکو هەر یەک لە ئێمەی کورد یان لە ناو بابەتی ناخهەژێنتردا بووینە یاخود لەبەرچاومان روویداوە یان بەلایەنی کەمەوە بیستومانەوە و دەستوپەنجەمان لەگەڵدا نەرمکردووە. لە لایەکی ترەوە، ئەو رۆمانە رۆچووە لە هەندێ بابەتدا کە تەواوی بەرهەمەکە دەخاتە ژێر مەنگەنەی رەخنەگەلێکەوە کە ئەستەمە ئەو رۆمانە شایەنی ئەو لایەق پیدانە بێت.

نەوەی میللەتانی سەرکوتکراو مۆراڵیان خراپ دەبێت.” ئیبن خەلدون

ئێمەی کورد لە لایەنێکی زۆریدا دەکەوینە بەر ئەو تئیۆریە گرنگەی ئیبن خەلدونەوە. ئەو تیۆریانە دروستن کە یاخی بوون و راپەڕین و شؤڕش بە یەکێک لە تایبەتمەندێتیەکانی میللەتی ژێر دەست دادەنێن، بەڵام کاتێک ئەو یاخی بوون و شؤڕشە نەیانگەێنێت بە ئاسۆی خۆی بەهەر هۆیەکەوە بێت ئەوا ئەو میللەتە هەر بە ژێر دەستەیی دەمێنێتەوە. لەو پرۆسە دوودرێژە ژێردەستەییەدا ئیرادەەیەکی ئەوتۆی سەربەخۆی خۆی نامێنێ و بواری هەر داهێنانێکی خودی خۆی لە دەست دەدا و بۆ ئەوەی بگات بە ئاستێک بەوانی تر دەبێ وەک ئەوان بکات و چاوی لەو رێگایانە بێت ئەوان ئاویان پێدا رشتووە. پێی وایە میللەتی سەردەست لە خۆیان لە پێشترن گەر بیەوێ بە لای هەر داهێنان و عەقڵ و کارێکی بەرهەمهێنانەدا بەتایبەت فەرهەنگی و ئەدەبیدا بچێ ئەوا زۆرتر لاسایی میللەتی سەردەست دەکاتەوە.

دیارە ئەمە بەو مانایە نیە کە نەوەی میللەتی ژێر دەست ئەوە چارەنوسەکەیەتی و ئیدی ئەوە حەتمیە، نا، بەڵکو داهێنان هەولدان و ماندووبوون و شەیدایی دەوێ و بەشێکی زۆر لە نەوە بن دەستەکان دەیانەوێ بگەن بە پلەیەک لە ناوبانگ دەرکردن وەک ئەوانی سەردەست و لەم راستایەشەوە لاسایی کردنەوە بەڵام بە چەندان شێوازی فێڵاوی و زۆرزانیانە جێگەی کاری داهێنانی خودی یان خۆماڵیانە دەگرێتەوە و ئەوەی لەو نێوەدا چانس بەم دەرکەوتوانە دەدات خوێنەری ئاست نزم و کەم ئەزمون و نارۆشنبیری میللەتە بن دەستەکەیە کە ئەوانیش وەک تینویەک بۆ قومێک ئاو حەز دەکەن نوسەرەکانیان ناوبانگ دەربکا و بەرهەمەکانیان وەربگێدرێتە سەر زمانانی تر و بە هەر نرخێک بێت دەستی پیوە دەگرن لەگەڵ ئەوەی هەندێکیان بشزانن ئەوانە زۆرتر نوسەری کۆپی و نەقڵن وەک لە داهێنان.

کاتێک فارس و تورک و عەرەب لە ژیر کاریگەری فەرهەنگ و کەلتوری رۆژئاوادابن ئاخۆ کورد دەبێ لە ج دۆخێکی لاسایی کردنەوەدا بیت. لەم سۆنگەیەوە هەم نوسەر و هەم نێوەندەکەش مۆراڵیان تێکدەچێ و لاسایی کردنەوەی ئەوانی دی بە گرنگ و گەورە دەزانن.   دیارە لێرەدا باس لە کاریگەری ناکەم چونکە کاریگەری داهینانەکان بەرهەم دەهێنێ؛ بەلکو باس لە لاسایی کردنەوە دەکەم ئەویش وەک  وشەیەک و مانایەکی ئاسایی نا بەڵکو وەک چەمکێک کە داهێنان دەگۆڕدرێ بە نەقڵ، مۆراڵ و شتەکانی ئەوانی دی بە بەرز و گرنگ و خۆتیش بە نزم و کەم بایەخ تەماشا بکەی. لێرەدا داهێنان لە بواری ئەدەبیدا کەمتر بوونی دەبێ و کۆپی و نەقڵکردن دەبێتە خووی ئەدەبی. زۆربەی بەشەکانی ئەم نوسینەم لەبەر رەنگدانەوەی ئەم تئیۆرییەی ئیبن خەلدونە.

پەنابردن بۆ ستایشی نوسەرانی دی

لە پشتی بەرگی رۆمانەکەی ئاڤا هومادا هەندێ کەسانی دیاری دنیای ئەکادیمی و سیاسی کوردی و فارسی و ئینگلیزی ستایشی بەرهەمەکەیان کردووە. نوسینی کورتە پەرەگرافێک یاخود چەند دێڕێک لە لایەن کەسانێکی دیارەوە لەسەر بەرگی دواوی کتێبێک یاخود لە لاپەرەکانی ئەوەڵی کتێبێک تارادەیەک باوە لە نێوەندە سیاسی و رۆشنبیریەکاندا بەڵام  لەسەر رۆمان کەمتر ئەو عادەتە هەیە بەتایبەتی رۆمانێک کە بە شاکار ناوببرێ زۆر پێویستی بەوانی تر نیە لە بەرگەکەی شتی لەسەر بنوسن. مەبەستەکەش سێ هۆکارە: یەکێکیان بە نرخی بەرهەمەکە؛ دووەمیان تێگەیشتنی تیژپەڕیانە بۆ ئەو کتێبە و زۆر جاران بەهۆی شتێکی ئاوهاوە خوێنەر بڕیار لەسەر کڕینی کتێبەکە دەدات؛ لێرەوە ئێمە دەچین بۆ هۆکاری سێهەم کە مەبەست لە نوسینی کەسێکی ناودار لەسەر بەرگی کتیبەکە فرۆشیاری زیاتری بە دوادا دێت. ئەم ئەخلاقیاتە زیاتر لە خاوەن چاپەمەنی و کتێبفرۆشە جیهانیەکانەوە برەوی پێدراوە بەڵام لە نێو کۆمەڵگەیەکی وەک ئێمەدا تەنها مەبەست لێی خۆدەرخستن و خۆهەڵکێشانە. پەنابردن بۆ ئەوەی نوسەرانی ناودار یاخود ناوی  دونیای سیاست بهێنی و شایەدی لەسەر باشی رۆمانەکەی بدەن بەوەی دوو سێ دێڕیکت بۆ بنوسن، بە رواڵەت دیارە شتێکی گرنگ بێت بەڵام لە ناوەڕۆکدا مانایەکی پێچەوانە تری دەبێ. متمانە بەخشین بە رۆمانەکەت لە رێگەی کەسانی دیکەوە بەڵکو قورساییەک ببەخشێ بە کتێبەکە و خوێنەرانێش پێی سەرسام بن جۆرێکە لە گرفتی مۆراڵی نوسین. تەکلیفکردن لە کەسانی ناودار بەوەی شتێک لەسەر دوا پەرەی بەرگی کتێبەکەت بنوسن و ئینجا بڵاوبکرێتەوە ئەوە هەمان ئەو زەلیلیە کە ئیبن خەلدون دەیڵی و من ئیقتیباسی ئەوەی لێدەکەم کە نەوەی بندەست ئەوەندەی بە دوای ناودەرکردنەوەیە ئەوەندە بە دوای داهێنانەوە یاخود بەرهەمێکی دانسقەوە نیە. ئەگەرنا ، کتێبی باش خۆی باڵ دەگرێ و پیویستی بە دەستەکانی تر نیە بچنە ژێر باڵی بۆ فڕین. تەنها ئەو بەرهەمانە بە دوای هەڵکێشان و ستایشەوەن کە گومانی داهێنانی لێدەکرێت وەک ئەوەی لەم پەرەگرافەی دادێ ئاماژەی پێ دەدەم.

کچانی دوکەڵ و ئاگر یان کچانی دوکەڵ و ئێسکوپروسک

ساڵی ٢٠١١ ژنە نوسەری ئەمریکی، لەینی تایلۆر، رۆمانێکی نوسی بە ناوی “کچی دوکەڵ و ئێسکوپروسک.” کچانی دوکەڵ و ئیسکوپروسک  رۆمانێکی سێیینەیە کە بەرگی دووەمی ساڵی ٢٠١٢ و بەرگی سێیەمی ساڵی ٢٠١٤ بڵاوبۆیەوە. بڕیاربوو بکرێ بە فیلم بەڵام تاکو ئێستا ئەو پرۆژەیە هەر وا ماوەتەوە. بەهەرحاڵ، رۆمانی خانمە ئەمریکیە: وەکو شوێن ئەو رۆمانە لە هەمان وڵات و کیشوەر بڵاوبۆتەوە کە ئاڤا هۆمای لێدەژی؛ بە هەمان زمان کە ئینگلیزیە نوسراوە؛ و لە هەمان ئەو ساڵەدا هاتۆتە پەخش کردن کە ئاڤا هۆما دەست دەکات بە نوسینی رۆمانەکەی چونکە وەک خۆی لە جاوپێکەوتنێکی دەنگی ئەمریکادا دەڵێ دە سال بەو رۆمانەوە خەریک بووە هەرچەندە رۆژئاڤا کە روحی رومانەکە و تایتڵ و وێنەی بەرگەکەی و پاڵەوانی سەرەکیەکانی بەو هەوایە دەژین کە لە دەلاقەی ئەویوە دیت، ئەو کاتە بوونی نەبووە کە ئاڤا هۆما دەستی بە نوسینی رۆمانەکەی کردووە. خوێندەوەی ئەو رۆمانەی خاتوو لەینی تایلۆر لە لایەن حاڤا هۆماوە شتێکی حاشا هەڵنەگرە چونکە هەمان دونیای ئەدەبی و رۆمانە و لە هەمووشی گرنگتر ژنە نوسەرێکە کە ئاڤا هۆما باش ئاگای لە نوسەرە ژنەکانی ئەمریکا و کەنەدا هەیە. من خوێنەرێک و چاودێرێکی ئاسایی دونیای چیرۆک و ئەدەبم کە دەزانم رۆمانێکی ئاوها بەو شێوەیە هەیە، تۆ بڵێی ئاڤا هۆما کە خۆی لە نیوەندەکەدایە، وەک کورد دەڵێن خۆی لە ناو ئاشەکەدایە، ئاگای لەو رۆمانە و ساڵەکەی و ناوەکەی و سکێچیەکانی ناوەوەی نەبێت؟

رۆمانی کچانی دوکەڵ و ئێسکوپروسک سەر بە ژانرێکی ئەدەبی فانتازیایە کە رووداوەکانی لەسەر خەیاڵ بونیاد نراوە و کاراکتەرەکانیشی خەیاڵین و زۆرتر لە چیرۆک و ئەفسانەی خەیاڵی یاخود خەیاڵی زانستی ئێستە دەچن. سەرباری جیاوازی ژانرە ئەدەبیەکە کەچی سکێچیە سەرەکیەکان و تایتڵ و تەنانەت ناوی کاراکتەریش رەنگی داوەتەوە لە رۆمانەکەی ئاڤا هۆمادا. رووداوەکانی ناو رۆمانە ئەمریکیەکە بریتین لە هەمان کێشمەکێش و شەڕ و ململانێیانەی کە لە رۆمانەکەی ئاڤا هۆمادا دەچنە پێشەوە بەڵام مرۆڤ لە لایەک و بونەوەری جانەوەر ئاسا و فریشتە لە لایەکی تر. کاراکتەرەکان لە یەک دەوربەری تەمەندا دەسوڕێنەوە. یەکێک لە پاڵەوانەکانی رۆمانی “کچی دوکەڵ و ئێسکوپروسک” ناوی کارۆیە و حەڤدە ساڵە و خوێندکارە لە بواری هونەردا و  خولیای هونەریی هەیە بەڵام دەکەوێتە نیو گێژاوی شەڕ و هەراوە. بە هەمان شێوە لە رۆمانەکەی ئاڤا هۆمادا خولیای پاڵەوان بواری هونەریە ، و یەکێک لە پاڵەوانە سەرەکیەکانیش ناوی کارۆیە. هەڵوێستەکە لێرەدایە: ناونیشان هەمان ناونیشان، رووداوەکان لەیەکچوون، خولیا کان هەمان خولیان و بگرە ناوی پاڵەوانیش یەکە و رۆمانی کچانی دوکەڵ و ئێسکوپروسک دە ساڵ پێش ئێستا نوسراوە و رۆمانی کچانی دوکەڵ و ئاگریش وەک نوسەر خۆی دەڵێ دە ساڵی پێچووە تاکو نوسینەکەی تەواو بووە واتە ئاڤا هۆما لەو سالەوە دەستی بە نوسینی (کچانی دوکەڵ و ئاگر) کردووە کە رۆمانەکەی لەینی تایلۆر(کچانی دوکەڵ و ئێسکوپروسک)ی تێدا نوسراوە، زمان هەمان زمانی ئینگلیزی و وڵات هەمان وڵات. پرسیار ئەمەیە: ئایا ئەمە گەر نەقڵ و کۆپی کردنی بەرهەمی کەسێکی تر نەبێ ئەی چیە؟ خۆزگە بمتوانیابەیە بوارێک یاخود چوارچێوەیەک بدۆزمەوە بۆ بەراوردکاریەک و تا لەوێوە بە تئۆری ئەدەبی بەراوردکاری شتیکی لەسەر بڵێین بەڵام نەوەی میللەتی سەرکوتکراو هەرچەندە ئەو نەوەیە لە دەرەوە بژی هێندەی بە دوای لاسایی کردنەوە و هەڵگرتنەوەی شتی ئەوانی دی دایە ئەوەندە بە دوای داهێنانی خۆیەوە نیە. دیارە ئەم نەخۆشیە زۆرێک لە رۆماننوسەکانی ئێمەی گرتۆتەوە و لێرەدا نامەوێ ناویان بهێنم ، بەڵام نەوەی نوێ چ لە کوردستان و چ لە دەرەوە بە تایبەتر ئەوانەی لە جیهانیێکی ئازادی دوور لە ژیان و چەمکی بندەستی و سەردەستی لە دایک دەبن یاخود گەورەدەبن دەبی ئاسان لەوە تێبگەن کە هەوڵدان و شەیدا بوون بۆ نوسینی داهێنەرانە و کەسێتیەکی ئەدەبی تەنها رێگەیە بۆ لە دایک بوونی بەرهەمی راستەقینەی خۆیان و شکاندنی ئەو کەمەربەندیە تئیۆریەی ئیبن خەلدون.

تێکشکانی دیالەکتیک لە ناوهێنانی رۆمانەکەدا

هەور دروست دەبێ، گرمە و هەورە تریشقە پەیدا دەبێ ئینجا باران دەبارێ. ئەم پلە یەک لە دوای یەکانە دیالەکتیکی سروشتیانەی پرۆسەی چۆنێتی باران بارینە بۆیە گەر کەسێک بیەوێ بڵی باران پێش هەورە گرمە دێت ئەوا پێچەوانەی یاسا زانستی فیزیکی سروشت قسەدەکات کە بێ شک ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە. کاتێک خانمە ئەمریکیەکە ناوی رۆمانەکەی خۆی دەنێ کچانی دوکەڵ و ئیسکوپروسک لەو یاسا دیالەکتیکیە تێدەگات کە دوکەڵ دووەم هەنگاوی دوای ئاگرە و ئیسکوپروسکیش سێیەم هەنگاوی ئەو یاسا فیزیکیەیە. واتە ئاگر دەکەوێتەوە و دواتر دوکەڵی لێ پەیدا دەبێ و ئیسکوپروسکەیش ئەنجامی ئاگرودوکەڵەکەن. بەڵام، ئاڤا هۆما چونکە تایتڵی رۆمانەکەی هەڵگرتۆتەوە و ویستویەتی جەمالیەتێک بە ناوی رۆمانەکەی بدات بە بێ ئەوەی ئاگای لەوە بێت کە دیالەکتیکی سروشتی تێکشکاندووە لە ناوهێنانی رۆمانەکەیدا (دوکەڵ و ئاگر) بەوەی دوکەڵی پێش ئاگر خستووە لە کاتێکد ئاگر ئینجا دوکەڵ، هەر کات ئاگر کوژایەوە دوکەڵی لێ پەیدادەبێ.

ناکۆکی تایتڵ و بەرگ لەگەڵ ناوەڕۆکدا

کاتێک خوێنەر ناونیشانی رۆمانەکە و پۆستەری سەر بەرگەکەی دەبینی راستەوخۆ هزر و هەستی بۆە ئەوە دەجێ کە ئەم بەرهەمە چیرۆکی کچان و ژنانی شەڕڤانانی رۆژئاڤایە لە کاتێکدا زەمینەی هەموو رووداوەکان ئێران و کەنەدایە و بۆ چرکەیەکیش و بستێک چیە لە زەمینەی ئەو رۆمانە نە لە رۆژئاڤا و نە لە قەندیل و نە لە هەرێمی کوردستانە و سێ لەسەر چواری شوێن لە رۆمانەکەدا ئێران و بەشەکەی تری کەنەدایە وەک شوێن. بەرگە کوردیەکەی وێنەی ئافرەتێکی جلک لەبەر کوردی چەک بە دەستە و بەرگە ئینگلیزکەشی، کە من  هەمە، ئافرەتێک و وێنەی شاری خاپورکراوی کۆبانی تێدا نەخشینراوە، ئەم دوو شتە یەکسەر بۆ کێشەی رۆژئاڤا و نەبەردی کچان و ژنانی رۆژئاڤا نیشان دەدایت دژ بە هێزی چەکدارانی داعشی ئیسلامی. مەبەست لە پشت ئەم تایتڵ و بەرگەوە ئەوەیە کە خوێنەر رابکێشێ بەلای خۆیدا بە تایەبت خوێنەری ئینگلیزی چونکە شەڕی کچانی رۆژئاڤا بەرامبەر داعش دەنگدانەوەیەکی جیهانی لێکەوتەوە کە هاوسۆزی و پشتیوانیەکی بێ وێنەی جیهانی بە دوای خۆیدا بەدوای خۆیدا هێنا. وەک پێشتر ئاماژەم پێدا ناوەڕۆکی ئەو رۆمانە پێچوانەیە لەگەڵ تایتڵ و بەرگەکەیدا چونکە خوێەنر چاوەڕ ئەوەیە کە سەرگوزشتەی کۆمەڵی کچی مەیدانی جەنگی رۆژئاڤا و ئەو زەمینە و دیمەنە ئاگر و دوکەڵاویەی کە جیهان رۆژانە دەیانبینی لە شاشەی تەلەفزیۆنەکان و تۆڕە کۆمەڵایتیە جیهانیەکانەوە. لە ناو رۆمانەکەدا باس لە خۆسووتاندنی کچان و ژنان دەکات بەڵام ئەوە دیاردەیەکە کە لە ناو کۆمەڵگەی ئێرانی و کوردستانی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاسیشدا هەیە و لە رۆمانەکەشدا وەک کێشەی سەرەکی رۆمانەکە باس نەکراوە بۆیە ناتوانرێ ئەو خالە بکرێتە ناوونانیشانی کتێبەکە.

 ناولێنانی لەم شێوەیە هەر لە دوورەوە پەیامێکی نەرێیی دەنێرێ سەبارەت بەوەی وڵاتانی وەک ئێمە و مانان هەمووی شەڕ و ئاژاواەیە بەتایبەت زەمینەی رووداوەکان لە ئێرانە چونکە  بۆ خوینەری دەرەوە یاخود ئینگلیز یەک قازانجێکی تێدایە کە رووداوەکە لە ئێران روودەدا و ئێرانیش وڵاتێکی نابود بووە لەسەر ئاستی جیهانی رۆژئاوا و چ خوێنەر و  چ ئەکادیمیستی دەرەوەش ئەوەی لە راگەیاندنی وڵاتەکەیەوە وەریگرتووە و سیاسەتی ولاتەکەیان چیە سەبارەت بە ئێران کە چەندە وڵاتێکی دڕەندەیە دژ بە ژن و دیموکراسی و مافی مرۆڤ جا هەر بابەتێک لەم بارەیەوە جێگەی پێشوازیەکی گەرم دەبێت. لە بەشەکانی تردا ئاماژەی زیاتر بەم خاڵە دەدەم. خاڵیکی تر هەر سەبارەت بە بەرگی کتێبەکە ئەوەیە کە زۆرتر سەبارەت بە شلێری کاراکتەرە کە پاڵەوانێکی پلە خوارەوەی ناو رۆمانەکەیە و دەبێتە شەڕوانێکی رۆژئاڤا و جار ناجاری ناوی دەهێنرێ ئەگەرنا، لەیلا پاڵەوانی سەرەکی رۆمانەکە و پنتی سەرەکی هەموو رووداوەکانە.  

بەرهەمی ئەدەبی یان گوتاری سیاسی

یەکێک لەو خاسیەتانەی رۆمانی پێ دەناسرێتەوە خاڵی بوونێتی لەوەی بە راستەوخۆ بە زمانێکی سیاسیانە قسان بکات. ئەم رۆمانە بە گشتی و بە دیاریکراوی لە چەند شوێنێکدا لە زمانی نوسەرەوە نەک گفتوگۆکانی نێوان کاراکتەرەکانەوە گوتاری سیاسی لاگیری دەدات کە بۆخۆی ماکی رۆمان بوون کاڵ دەکاتەوە و دەجێتە سەنگەری نوسینەوەی گوتاری سیاسی. بۆ نموونە نوسەر دەبێ کامێرەوانێک بێ و تەناه وینەکان بگرێ و بگوازێتەوە بۆ خوێنەر نەک بە پێناسەی سیاسی بدات لەسەر شتەکان. دیارە کامیروانێکی کورد جیاوازی هەیە لەگەڵ کامیرەوانێکی رژێم چونکە کامێراکوردەکە لایەنە کوردەواریەکە و پەلامار و سەرکوتەکە نیشان دەدات و ئەم راگواستنەوەیە بۆخۆی شتەکان بە خوێنەر دەڵێ بێ ئەوەی هیچ رایەک و وەسفێکی سیاسی بدەیت لەسەر کەس و رژێم و رووداوەکان ئەگەرنا ئەوا لە شەوق و زەوقی چیرۆک نوسین کەم دەکاتەوە. بەکارهێنانی دەستەواژەی وەک (پاسداری ریش پیس) هیچ زەروور نیە چونکە خودی وشەی پاسدار مانای سەرکوت و پەلامار و شەڕ دەگەێنێ. بەردەوام دەبێت لەم دەسەتەواژانە و دەڵێ، لا٤٦٤، “ئاخر دەمەویست بە شکۆوە بمرم نەوەک دەستی هەیتەیەکی پیسی کۆماری ئیسلامی یان دزێک.” کەچی لە لایەکی تر، لا ١٩٢، گلەییان لێدەکات بەوەی بێ رەحمن، وەک ئەوەی هەستی رەحمیان هەبووبێ، کە تەواو تامی وێژە لە دەقەکەدا نامێنێ “هەر لە گۆترەش پاسدارە بێڕەحمەکانی ئێرانی تەقەیان.” لە لاپەرە ١٧٧ دەڵێ “پاسدار بە پاڵپشتی تانک و فڕۆکەوە کوشتاریان لە کورد کرد. کورد بە تەنیا مایەوە، لە سەر ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتی فەرامۆش کرا.” ئەمە جگە لە بەیاننامەیەکی سیاسی پارتێک هیچ مۆرکێکی ئەدەبی پێوە نیە. لە گوتاری سیاسی لە دژە رژێمەوە دەگۆڕدرێ بە بزواندنی هەستی نەتەوەیی کاتێک لە لا پەڕە ٣٩٣دا دەلێ “ڕۆژێکیش دێ دزەکان دیواری زیندانەکە دەڕوخێنن و قوتابییەکانیش ڕێگەیان دەدرێ بە ئاشکرا مێژووی کورد بخوێنن. لەیلاش بەهێز دەبێ.” لە یەک دوو شوێنی تریشدا، وەک سرودی ئەی رەقیب، کار لەسەر بزواندنی ئەم هەستە نەتەوەییە دەکات کە لە دونیای ئێستادا و لە گوتاری نەتەوەییشدا بە گشتی و لە باشوری کوردستان بە تایبەتی لە ژێر پرسیار و مەنگەنەی فەنابووندایە. نوسەر ئەوەندە ئەم خاڵەی بۆ گرنگە سرودی ئەی رەقیبی بە کوردی لاتینی نوسیوە لە ناو دەقە ئینگلیزیەکەدا کە ئەمە مانای سووربوونی ئەوە لەسەر ئەو گوتار و بزواندنی هەستە نەتەوەییە کە لە مانای وێژەیی بەرهەمەکەی کەم کردۆتەوە ئەمە جگە لەوەی ئاست نزمی هزری ناو رۆمانەکە دەگەێنێ. بەڵام لە بەشەکانی تردا ئەم گوتارە سیاسیە نەتەوەیی نیشتمانیەی ئیهمال, وێڵ, دەکات و ئەو بزواندنی هەستە نەتەوەییە دەکات بە  قوربانی بزواندنی هەستێکی تر لە وڵاتێکی تر کاتێک دیمەنی سروشتی و خانوو و شەقام و ئاستە تەکنۆلۆجیەکەی دەبینێ.

 ئایا ئێمە نەتەوەیەکی ژنکوژین؟

لە لاپەڕە (١٧١)دا دەڵێت “”من و تۆ قوربانیی دەستی شێتایەتیی نەتەوەیەکین، کە سزای ژنایەتی و هونەر دەدا و ڕێزیش لە دز و بکوژان دەگرێت.” لێرەدا گەر بیوتایە ئێمە قوربانی دەستی شێتایەتی رژێمێکین یان حوکمەتێکن ئەوە دیاریکراو بوو کە مەبەستەکە ئاماژە پێکراوە بەڵام کە دەلێت ئێمە قوربانی دەستی شێتایەتی نەتەوەیەکین ئەوە بە واتای نەتەوەی کورد دێت. گەر مەبەستەکە نەتەوەی فارسیش بێت ئەوا هیچ جیاوازیەک ناکات چونکە فەرهەنگ و کەلتوری نەتەوەی کورد و فارس نزیکن لەیەکەوە بۆ ئافرەت و مەسەلەی ئافرەت بوون. لە کۆپیە ئینلیزیەکەشدا سەیری ئەو وشەیەم کرد هەر ریک وشەی نەتەوەی داناوە. پێش ئەوەی لەسەر ئەم دێرە قسە بکەین ئەم پێشبارە پێویستە بۆ باشتر تێگەیشتن لە مەبەستەکەمان.

پیاوسالاری بیری باوی ناو هەموو کۆمەڵگەیەکە هەر لە رۆژهەڵاتەوە تاکو رۆژئاوا، بەڵام ئاستی ئەو پیاوسالاریە و ئەو یاسا و رێسیانەی لە وڵاتەکاندا چەند و چۆنە ئەوە رێژەکەی لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵەگەیەکی تر دەگۆڕێت. نەتەوەی کورد و هەر نەتەوەیەکی تر نەتەوەیەکی ژنکوژ نیە و وەک هەر کۆمەڵگەیەکی تری دنیا پیاوسالاری و مەیلی کۆنەپەرستی تێدا هەیە بەڵام ئەوە هێزە سیاسی و ئادیۆلۆجیەکانن کە دیاردەی کوشتن دەبەنە رێژەیەکی باڵا و ترسناک. هیزە کوردیەکان چ لە شاخ و چ لە شار ئەو پیاوسالاری و کۆنەپەرستیەیان بەرجەستە کرد لە سیاسەتی خۆیاندا بۆ بەرژەوەندیە سیاسی و حزبیەکانی خۆیان.  نەتەوەی کورد و هەر نەتەوەیەکی تر نەتەوەیەکی ژنکوژ نیە و وەک هەر کۆمەڵگەیەکی تری دنیا پیاوسالاری و مەیلی کۆنەپەرستی تێدا هەیە بەڵام ئەوە هێزە سیاسی و ئادیۆلۆجیەکانن کە دیاردەی کوشتن دەبەنە رێژەیەکی باڵا و ترسناک. هیزە کوردیەکان چ لە شاخ و چ لە شار ئەو پیاوسالاری و کۆنەپەرستیەیان بەرجەستە کرد لە سیاسەتی خۆیاندا بۆ بەرژەوەندیە سیاسی و حزبیەکانی خۆیان. هێزە سیاسیە کوردیەکانی هەرێم چ ئەوسا و چ ئێستاش بەکارهێنانی ژن و رسواکردنیان و تەنانەت کوشتنی ژنیان لە پێناو سوڵحێکی عەشایەریدا یاخود بۆ بەرژەوەندیە سیاسی و حزبی و شەخسی خۆیان ئەنجامدەدا.  

کۆمەڵگە رۆژئاواییەکان کە نموونەی بەرجەستەی مافەکانی ئافرەتان و ئازادیە شەخسیەکانن لە دونیای ئێستای ئێمەدا، پیاوسالاری تێیدا زاڵە لە هەندێ ئاستی فەرهەنگی و سەکسی و سیاسیشدا. ژنان کە مێرد دەکەن راستەوخۆ ناوی سێیەم یاخود لەقەبی مێردەکانیان دەکرێ بە ناویانەوە هەرچەندە کەسەکان ئازادن لەوەی ئەمە رەت بکەنەوە و ناوی خۆیان بەکاربهێنن بەڵام مەسەلەی موڵکایەتی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاینی زۆرتر بە لایەنی یەکەمدا دەیشکێنێتەوە. ژنان کەمترین بەختیان هەیە بۆ بوون بە سەرۆک کۆمار یاخود سەرک وەزیران بە تایبەت لە کیشوەری ئەمریکای باکور (کەنەدا و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا) خودی ئۆڤا هۆما لەوێ دەژی. بە درێژایی مێژووی ئەو دوو وڵاتە تاکو ئەم ساتەی من ئەم نوسینەی تیدا دەنوسم یەک ئافرەت نە لە ئەمریکا بووە بە سەرۆک و نە لە کەنەداش بوونە بە سەرک وەزیران. لە کەنەدا یەک جار ژنێک بە ناوی “کیم کامبڵ” بۆ ماوەی چوار مانگ بوو بە سەرۆک وەزیران ئەویش لە دەرئەنجامی کێشەیەکی سیاسی ناوخۆی پارتەکەی لە ناو پەرلەماندا و دەشزانرا کە چوار مانگ بوار ماوە بۆ هەڵبژاردنێکی تر. لەگەڵ ئەوەی خەڵکی کەنەدا زۆر لێی رازی بوون بەڵام دەنگی نەهێنایەوە خۆی هەڵبژێرێتەوە بۆ سەرۆکی پارتەکەی و لەوێوە ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران.

 تێگەیشتن لە مەسەلەی پێشێلکردنی مافەکانی ئافرەتان لە ئاستە جیهانیەکەیەوە مانا پەیدا دەکات و خودی ناوچەکەی ئێمەش لەو ئاستەوە مانایەکی دروست پەیدا دەکات سەبارەت بە توندوتیژی دژ بە ژنان. (تێبینیەک بچوک، پێش ئەوەی ئەم باسە ئاماریە پێشکەش بکەم جیاوازی ژمارەی دانیشتوان لەبەرچآو دەگرم بەڵام ئەسڵی مەسەلەکە کوشتنی ژنانە و کاتێکیش کرۆکی بابەتێک هاتە سەر کوشتن ئەوا رێژەی دانیشتوان دەبێ پلە دوو.) لە تازەترین راپۆرتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەمەڕ توندوتیژی ژنانەوە ئەوەیە کە لە هەر سێ ئافرەتێک لە جیهاندا یەکێکیان لە رویی جەستەییەوە لە لایەن مێردەکەیەوە یان هاوسەرینەکەیەوە لێی دەدرێ و توندوتیژی سەکسی بەرامبەر دەکرێ. هەروەها راپۆرتەکە دەڵێ توندوتیژی نێوخۆیی وڵاتەکان زۆرن و ژمێریاریەکی بەرچاو و ورد لەبەردەستدا نین تاکو بە ژمارە بیخەنە روو. پرسیار ئەوەیە ئایا لەو سێ ژنەی کە یەکێکیان توندوتیژی جەستەیی و سەکسی دەرهەق دەکرێ تۆ بڵێی کۆمەڵەگە رۆژئاواییەکانی تێدا نەبێ. تەنها لە وڵاتی کەنەدا، بە پێی سەرچآوەی رەسمی دەزگای ژمێریاری وڵاتی فدراڵی کەنەدا، کە لە ساڵی ٢٠٢١دا لە ٪٤٤ واتە لەهەر دە ژنێک چواریان بەرەو رووی توندوتیژی سەکسی و فیزیکی و تۆقاندنی سایکۆلۆجی و بێ رێزی رەگەزی بوونەتەوە لە لایەن هاوسەر و هاوڕێ پیاوەکانیانەوە. لە ئەمریکا لە هەر چوار ژنێک یەکێکیان بەرەو رووی ئەو دۆخە دەبێتەوە کە لەوەی کەنەدا ئاماژەم پێکرد.

سەبارەت بە کوشتن، تەنها لە ماوەی ٣٦ رۆژدا لە وڵاتی کەنەدا لە یەکی مانگی چواری ٢٠٢٠ ەوە تاکو ناوەراستی مانگی پێنجی هەمان ساڵ ١١ کچ و ژن کوژراون بە دەستی پیاو، بەڵام لە هەریمی کوردستان “بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مارسی ٢٠٢٠ هەتا مارسی ٢٠٢١، لانیکەم ٢٩ ژن لە شارە جیاجیاکانی کوردستان کوژراون کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو ٥ حاڵەت واتە ١٧٪ کەمی کردووە.”

میدیاکانی کەنەدا رۆژانە دیار نەمان و کوشتنی کچان و ژنانی نەتەوە بومیەکان (هندیە سوورەکان) بڵاو دەکەنەوە. لە نێوان ساڵانی ١٩٨٢ تاکو ٢٠١٢ زیاتر لە چوار هەزار ژن و کچی نەتەوە بومیەکان کوژراون. هەر لەو ماوەیەدا بیست هەزار و سێ سەد و سیانزە کەس (٢٠٣١٣) کەس کوژراون یان خۆیان کوشتووە کە رێژەی لە ٣٢٪یان ژنانن. دیاردەی خۆکوشتن لە کەنەدا: لە ساڵی ٢٠١٨ دا لە کەنەدا ٥٨٠٠ حالەتی خۆکوشتنی هەبووە لە نیو گەنجاندا کە زۆربەیان لە رەگەزی مێینە بوون. لە شارۆچکەی وودستۆک لە ساڵی ٢٠١٦دا لە ماوەی چوار مانگدا گەیشتە ٥ کچی گەنجی تەمەن شانزە ساڵ و ژمارەکە خەریک بوو دەڕۆیشتە سەرووتر و پێشتریش شاری سارنیای دراوسێی توشی حالەتێکی ئاوها سەیر ببوون بەتایبەت شارەکە بە یەکێک لە شارە وەزع باشە ئابوریەکان دادەنرێت. ئەم حاڵەتە شێوانێکی لە کۆمەڵەگەی کەنەدیدا دروست کرد و هۆکارە کۆمەڵایەتیە دوورەپەرێزیەکان و سۆشیال میدیا و باری تەندروستی و سایکۆلۆجی دەوری هەبووە لەم حاڵەتی خۆکوشتنانەدا. لە ئەمریکا، بە پێی سەرچآوەی رەسمی وڵاتی ئەمریکا کە لینکەکەیم لەم نوسینەدا داگرتووە. لەو ساڵەوەی ئاڤا هۆما دەستی کردووە بە نوسینی ئەم رۆمانەی تا تەوابوونی ٢٠١٠-  ٢٠٢٠ ژمارەی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان بەرەو سەرەوە چووە. تەنها لە ساڵی ٢٠١٩ لە ئەمریکا ١٨٣٢ ژن کوژراون. لە ساڵی ٢٠١٩ دا ژمارەی خۆکوشتن لە ئەمریکا گەیشتۆتە ٤٧٥١١ کەس کە رێژە زۆرەکەی بەر رەگەزی مێینە دەکەوێت. ئەم هەواڵ و ئامارانە رۆژانە و مانگانە و سالانە بڵاودەبنەوە گەر بە پێی لۆجیکی نوسەر بێت لە رۆمانەکەدا ئەوا هەموو نەتەوەکان دەبێ ژنکوژبن نەک هەر نەتەوەی کورد یان فارس. بۆیە تێگەیشتن لە ەمسەلەی خۆکوشتن و کوشتنی ژنان و هەروەها پیاوانیش بەو شێوە روکەشی و قەتعیە لێک نادرێتەوە و دەبێ خوێندنەوەی بابەتیانە و قوڵی بۆ بکرێت.

دیارە من لێرەدا ئەوە بە سفر ناکەمەوە کە ژنان لە کەنەدا و ولاتانی تری رۆژئاوا لە کۆمەڵی مافی سەرەکی و گرنگدا بەهرەمەندن و قانونێک هەیە داکۆکیان لیدەکات لەبەرامبەر ئەخلاقیاتی توندوتیژیدا، بەڵام بەو مانایە نیە گەر بتەوێ لای خۆمان وەک دۆزەخێک بۆ ژنان پێناسە بکەی و ئێرە وەک بەهەشت، چونکە لە بەشەکانی دادێ بە ئاشکرا داچەمینەوە بۆ دنیای رۆژئاوا لە لایەن نوسەرەوە دەبێتە زەلیلیەک کە پاڵەوانی رۆمانەکەی، لەیلا، تێدا دەگەوزێ.

 لە کۆمەڵگە رۆژهەڵاتیەکانی خۆمان دیارە رێژەی پیاوسالاریەکە زۆر بەرزە بەڵام هێشتا بەو رادەیە نیە کە ژنکوشتن ئاسایی بێت. نە لە قانونی هیچ وڵاتێکی رۆژهەڵاتی و نە لە تێکستی ئاینیدا و نە لە فەرهەنگی کۆمەڵایەتی و هزری مرۆڤەکانیشدا ژنکوشتن کارێکی ئەوەندە رێگەپێدراو نیە و بگرە لە هەموو رووکیەوە حوکمی تاوانبارێتی بوون دەدرێ بەسەر بکەرەکەیدا؛ بەڵام ئایا تا چەند بکەر دەگیرێ و تا چەند حوکم دەدرێ و تا چەند کۆمەڵگە قبوڵی دەکەنەوە ئەوە مەسەلەیەکی ترە. لەگەڵ ئەوەشدا ژنکوشتن دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیش نیە و بریتیە لە پەرجەکردارێکی کۆنەپەرستێتی و  پیاوسالارانەی بەرامبەر ئافرەت ئەنجام دەدرێ.

گەر بە دیاریکراوی قسە لەسەر خۆکوشتنی ژنان بکەین ئەوا نوسەر دەبوو سەیرێکی دونیای رۆژئاوای بکردایە کە ئایا خۆکوشتنی ژنان لەوێ چۆنە. باسکردنی خۆکوشتنی ژنان لە وڵاتانی خۆمان و هانابردن بۆ یارمەتی لە وڵاتانی رۆژئاوا و کارکردن لە خوێنەری رۆژئاوایی بەوەی وڵاتی ئێمە وڵاتی خۆکوشنتنی ژنانە یاخود ئێمە نەتەوەی ژن کوژین ئەوپەڕی بەیبردنێکی لاوازانە و بگرە هەزیلانەشە. گەر سەیری ژمێریاری خۆکوشتنی مرۆڤ بە گشتی لە رۆژئاوا و ژنان بە تایبەتی بۆت دەردەکەوێ کە ئەو دیاردەیە لە هەموو ولاتانی دنیا بوونی هەیە و وڵاتانی رۆژئاوا بەتایبەت ئەمریکا بەرزترین رێژەی خۆکوشتنی تێدایە هەروەک چۆن بەرزترین رێژەی ژنکوشتنی تیدایە. بۆ نموونە لە ئەمریکا، تەنها لە ساڵی٢٠١٨ کە سەنتەری کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیەکان و پێشگیریکردنی یاخود بەرگرتن بڵاوی کردۆتەوە، رێژەی نزیک بە ٤٩ هەزار کەس بە هەموو تەمەنەکانەوە خۆیان وکشتووە و لەو رێژەیەدا ژمارەی خۆکوشتنی ژنان کە لە تەمەنی دە ساڵیە تێیدا یە تاکو حەفتاوپێنچ ساڵی، نزیکە ١٢ هەزار دەبێت. بەرێووەبەرایەتی ئامار لە وڵاتی کەنەدا رایگەیاند کە تەنها لە ساڵی دا٢٠١٣ رێژەی خۆکوشتنی کچان و ژنان گەیشتۆتە ١٠١٣. لەوانەبێ ژمارەی دانێشوتانی وڵاتەکان شتێک بگۆڕێ بەڵام لێرەدا قسە لەسەر وڵات و میللەتانە وەک فەرهەنگ و عەقڵی پیاوسالاری نەک مەزندی دیموگرافی. خاڵێکی تر کە گرنگە ئاماژەی پێ بدەم خودی سیستەمەکەیە. سیستەمی سەرمایەداری لەەهر کوێیەکی ئەم دنیایەد بێت سیستەمێکی جیاوازخوازە و ئەم جیاوازی کردنەش پەلی هاویشتووە بۆ هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە و ژیانی مرۆڤەکان و ژنانیش لەم نیوەدا زۆرترین بەش مەینەتیەکانی ئەو سیستەمەیان بەردەکەوێ. بەڵام بە وجودی کۆمەڵی یاسا و رێسای قانونی کە لە دەستوری وڵاتدا چەسپاوە و بەهیزی جوڵانەوەی ژنان زۆرانبازیەکی باش لە مەیداندا هەیە لە بەرامبەر ئەو فەرهەنگە پیاوسالاری و سیستەمە ناڕێکیەی وڵاتەکەدا.

خوێنەری رۆژئاوایی و کوشتن و خۆکوشتنی ژنان لای ئێمە

کاتێک خوێنەری رۆژئاوایی ئەو وتەیە دەخوێنێتەوە هەم بێ تاقەت دەبێ و هەم دڵخۆشیش دەبێ. وەک مرۆڤێک پێی ناخۆشە کە گوێ بیستی ژن کوشتن ببێ لە هەمان کاتدا بەوە دڵخۆش دەبێ کە ژنانی وڵاتانی تر دەیانەوێ پەنا بهێننە بەر وڵاتانی رۆژئاوا وەک دوایین مەنزڵگەی رزگاربوونیان لە کاتێکدا ئەوەی لە بیردەجێ ریژەی کوشتن و خۆکوشتن لە ولاتەکەی خۆی زۆر دۆخی باشتر نیە. دیارە ئەو روحی رۆژئاواییە خۆ بە زلزانیە ئەوە لە بیری خوێنەرەکە دەباتەوە کە لە ولاتەکەی خۆیدا دۆخی ژنان زۆر باش نیە لە حاست ئەو بارە قانونی و پێشکەوتنە شارستانی و بارە ئازادیە شەخسیەی بۆ ژنان فەراهەم کراوە. بەهەرحاڵ، نوسەر دەیەوێ لێرەدا پۆرتی کەلتوری نەتەوەیی خۆی بشکێنێ تەنها لەبەر ئەسەف خواردنێکی خوێنەری رۆژئاواییدا گوایە دنیای ئێمە دنیای کوشتنی ژنانە لە بەرامبەردا دنیای رۆژئاوا دنیای خاڵیە لە توندوتیژی ژنان. هەر بەم وتەیەی نوسەر کەتوتۆتە دژایەتیەکی ترەوە. ژیانی شلێر وەک کچێک لەو کچ و ژنە شەڕڤانانەی رۆژئاڤا نمونەیەکی بەرجەستەیە کە ئافرەت چ جێگە و رێگەیەکی گەورە و گرنگی هەیە لە نیو نەتەوەکەی خۆیدا کەچی لەولاوە ناوی نەتەوەکەی بە ژنکوژ دەزڕێنێ. هەر خودی چوارچێووەی رۆمانەکەی بە تایتڵ و بەرگ و چیرۆکەکانیەوە ئەوە نیشان دەدەن ئافرەت کرۆکی هەر جوڵەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئەدەبی و ژیانەوە هەستانەوەیە.

داچەمینەوە بۆ دنیای رۆژئاوا

یەکەم: لەیلا بە کچی دوکەڵ و ئاگر دادەنرێت کە بە مانای بەرخودان و تێکۆشان دێت بەڵام بەشێوەیەک دەڕوخێ بە کارۆ دەڵێ “کارۆ، من ناتوانم لەم وڵاتە بمێنمەوە. وەنەبێ هەر لەبەر ئەوەبێ کە ڕەنگە لە هەر ساتێکدا شتێکم بەسەربێنن، نا. سوکوئاسان ناتوانم زیاتر بمێنمەوە، بەرگە ناگرم. هیچ شتێک بێرەوە نامبەستێتەوە. لەوەتەی هەم هەروا بووم، بەڵم جاران بیانوێکم هەبوو بۆ بەرگەگرتن، ئێستا بە دڵساردییەوە دەمەوێ لێی دەرچم. دەمەوێ بڕۆم، هەر کوێیەک بێ، تەنیا ئێرە نەبێ.” (لا٤٤٠) بۆیە بە ئاسانی رایەکەی کارۆ پەسەند دەکات کە نەچێتە هەریمی کوردستان یاخود نەڕوات بۆ لای شلێری کچە شەڕڤان و کۆچ بکات بۆ وڵاتی کەنەدا. کاتێکیش دێتە کەنەدا هێندە سەرسام دەبێ بە سروشت و خانوو و رێگەوبان و ئاستی تەکنۆلۆجیای کەنەدا تەواو شاگەشکە دەبێت. ئەوە راستە دیمەنی سروشتی و بینا و کۆشک و تەلار و ئاستی تەکنۆلۆجی وڵاتێک کاریگەری دادەنێ لەسەر کەسێک کە تازە دێتە وڵاتێکەوە بەڵام بەو رادەیەی لەیلا و لەو ئاستەوەی کە لەیلا کچێکی سادە و ساکار نیە و لە وڵاتێکیشەوە نەهاتووە کە شارستانیەتەکەی ئێجگار لە خوارەوە بێت تاکو وای لێبکات دەم داچەقێنی بەرامبەر بە خانوویەک یان رێڕەوی شەمەندەنەفەرێک یاخود کردنەوەی دەرگایەک و بە مەتەڵیش لە قەلەمیان بدات و بڵێ “تەنانەت کردنەوەی دەرگاکانیش مەتەڵێک بوون بۆ خۆی؛ ئاخر لە ئێران وا ڕاهاتبووین هەر لە لایەکەوە بچینە ژوور، بۆیە لێرەش کاتێ دەگەمە بەردەم دەرگایەک، خۆڕسکانە ڕایدەکێشم لە جیاتی ئەوەی پاڵی پێوە بنێم.” (لا٥٢٥)

کاتێکیش ڕێگای خێرامان بڕی و گەیشتینە شارە سەرنجڕاکێشەکە، پێستی ئەوانەی لە دەرەوە بە پیادە دەرۆیشتن سەرسامیان کردم. هەندێ لە ژنان مینیژۆپیان لەبەر بوو،هەندێکیشیان لەچکیان  کردبوو. هەندێک لە پیاوان بۆیناباخیان بەستبوو، هەندێکیش تەنیا کراس. دیمەنەکە هەروەک ئەو فیلمانەی هۆلیود وابوو، ئەوانەی لە مەریوانەوە دیبوونم. لێ ئەم جارەیان خۆم لە ناو فیلمەکەدا بوم.”

لە شوێنێکی تردا “ئێمە گەیشتینە خانوویەکی کەشخەی پەنجەرە گە ورە لە نۆرس یۆرک. هەوڵمدا سەرسامیم بشارمەوە، دیکۆری خانووەکە و ڕاخستنەکەی بە شێواز و مۆبیلیاتێکی ناوازەی بە چەشنێک بوو، جارێکیان لە کۆشکی دوایین شای ئێرانم بینیبوو.”

هەر ئەم هۆیەشە وای لێدەکات زوو رابێت لەگەڵ کەنەدادا و هەموو خەمی رابردووی بڕەوێنێتەوە و بڵێ “دەکرێ خۆگونجاندن فریادڕەسی ژیان بێ.” یاخود بڵێ “گونجاندن و ئەهلیبوون. پێتوابوو ئەمانە بزمارن لەتابوتی داهێنان دەدرێن و بکوژی پرسنین. خۆ ئەگەر هێزی لەگەڵڕاهاتن نەبووایە، دەمێک بوو لەپەلوپۆکەوتبووم.” (لا٥٢٥) کاتێک خوێنەری رۆژئاوایی یا کەنەدی کە شتێکی وادەخوینەوە تەزووی خۆشی بە لەشیاندا دێت کە خەڵکی تازەهاتوو بەتایبەت رۆژهەڵاتی ناوەارستی ئاوها ستایشی ولاتەکەیان بکات چونکە تێڕوانینی ئەوان بۆ ئێمە ئەوەیە کە ئێمە لە جیگایەکی وێرانەوە هاتووین و شایەنی بەزەیین. دیارە لێرەدا من نەهی لەسەر مافی هاوڵاتی بوون و رێزگرتنی ئەندامبوونی هەر کەس لەو کۆمەلەگەیدا ناکەم، بەڵکو من ئاماژە بەو خالە دەدەم هەر کات مەسەلە بێتە سەر جیاوازی یان بەراوردکاری وڵاتەکان و شارستانیەتەکان ئەوا ئێمە وڵاتی شەڕ و ئاژاوەین و شارستانیەتێکی دواکەوتوومان هەیە بە چآو ئەوانەوە.

دووەم: ئەو گفتوگۆ سیاسیانەی لەیلا لە کەنەدا لەگەڵ کاراکتەرەکانی تردا ئەنجامی دەدات

داچەمینیەوەیەکی تەواوە بۆ عەقڵی رۆژئاوا. کاتێک خوێنەری رۆژئاوایی زۆر کەیف خۆش دەبن بەوەی گوێ لە چیرۆکی مەرگەساتاوی ئێمەبگرن کە بەسەرماندا هاتووە و وڵاتەکانی ئەوانمان بە دوایین مەنزڵگەی خۆمان داناوە وەک جێگەیەکی فریادڕەسی ئێمە. واتە وڵاتانی ئێمە هەردەم شەڕوشۆڕی تێدایە و جێگەی ژیان نیە و ژیانی ئارام و خۆشگوزەران لە وڵاتانەکانی ئەواندایە؛ لە کاتێکدا ئەوەی بەسەر ئێمەدا هاتووە گەر هەمووی نەبێ ئەوا زۆربەی زۆری لەژێر سەری حکومەت و دەوڵەتەکانی ئەواندایە.

ستایش کردنی هەرێمی کوردستان

ئەم پەرەگرافە زۆر بە رەخنەیەکی سیاسی دەنوسم جونکە ستایشەکانی ئاڤا هۆما بۆ هەرێمی کوردستان وادەخوازێت. ئاڤا هۆما لە رۆمانەکەیدا لە لاپەڕەکانی (١٣٩، ٤٣٢، ٤٤٦، ٤٤٩) ستایشی هەرێمی کوردستان دەکات بەوەی کە هەرێمێکی گەشەکردووە، روو لەگەشە و سەلامتترە لە چآو وڵاتێكی وەک ئێرانەوە. 

هەرێمی گەشەکردوو، روو لە گەشە: بۆ هەر کەس ئەوە ئاشکرایە کە هەرێمی کوردستان یاخود باشوری کوردستان یەکیک لە هەرە دەسەڵاتدارێتیە خراپ و گەندەڵەکانی نەک هەر کوردستان و ناوچەکە بەڵکو جیهانیشە. تەنها گەر باری ئابوریەکەی سەیر بکەی ئاخۆ لە وڵاتێکدا سەلکە تورێک، دەسکێک سەوزە، یان تەماتەیەک نەڕوێنرێ یاخود کارگەکان نەبووبن بە شوێنی بەرهەمهێنانی پیشەسازی نەخرێتە بازاڕەوە و نەبن بە  یەكیک لە پایەی  ئابوری وڵات ئاخۆ گەشەی چ دەبێ هەبێ. دیارە خەڵک و جوتیار هەن و دەتوانن ئەو پایە ئابوریە کشتوکاڵیە وەک گوڵ بگەشێننەوە بەڵام سیستەمی سیاسی دەسەڵاتدارێتیەی کە ئاڤا هەموو زۆر ستایشی دەکات زۆربەی بەرهەمە کشتوکاڵیەکانی وڵاتانی وەک ئێران و تورکیا دەهێنی چونکە بازارەکە هی خۆیانە و قازانجی خۆیانی تێدایە لەو هاوکێشەیە. ئێستا لە کوردستان خەڵک خۆیان خەریکی گەشانندنەوەی هەندێ بواری ئابوری هەن بەڵام یان رێگریان بۆ دروست دەکرێ یاخود بەختی بازاڕیان کەمترە بەهۆی نزمی نرخ لەسەر شتومەکی دەرەوە. دیارە ئەم باسە زۆر ئاسانە و هەموو تاکێکی کۆمەڵ شتی لە بارەوە دەزانن.

لە مێژووی سی و یەک ساڵەی دەسەڵاتدارێتی ئەو ولاتە هەریم یەکێک لە خراپترین بارودۆخی ئابوری وڵاتی تێپەڕاندووە و ئەوەی تێیدا گەشەی کردووە تەنها گرفان و بازاڕی کۆمەڵێ مافیای ئابوریین و پرۆژەکانیان جگە لە دروستکردنی کۆمەڵی باڵەخانی بەرز و مۆڵی گەورە و هەندێ کەناڵی سەتەلایتی هونەری و ئاینی کە یەکەمیان بەرەڵایی و دەبەنگی بەرهەم دەهێنێ و دووەمیشیان تەنها کۆنەپەرستی و رق و کینە بڵاودەکاتەوە، هیچی ترنیە. محەمەد حەسەنێن هەیکەل (١٩٢٣-٢٠١٦) یەکیک لە گەورە نوسەر و جاودێرە سیاسیە بە تواناکانی میسر و ولاتانی عەرەبی و رۆهەڵاتی ناوەآرستیش کە خاوەنی جەندان کتێبی گرنگە لەبارەی عێراقی دوای سەدام حسێنەوە دەڵێت “ئەوانەی حوکمی عێراق دەکەن (بێگومان هەرێمی کوردستانیشی تێدایە) دوورونزیک پەیوەندیان بە ئیدارەکردنی وڵات و سیاسەت و ئابوریەوە نیە بەڵکو کۆمەڵی تاڵانکەرن و وڵات وەک بانکێک دەبینن لەسەری دەژین.”

گەر لە ئاستە فەلسەفیە سیاسیەکەیدا باسی بکەین شێوەی حوکمڕانی لە کوردستان (کلیپتۆکراسی)یە. پرۆفیسۆر جەیمس شارمان لە زانکۆی کامبریچ دەڵێ کلیپتۆکراسی جۆرێکە لە حوکمڕانی کە سەرکردە سیاسیەکانی ئەو وڵاتە خەریکی دزی کردنن لە خەزێنەی وڵاتەکە. بۆ هەر جاودێرێکی سیاسی و رۆشنبیرێک و  نوسەرێک دەزانێ کە لە هەرێمی کوردستاندا لە ماوەی سێ دەیەدا تەنها کلیپتۆکراسەکان حوکمیان کردووە و هیچ پرۆژەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی لە ئارادا نەبووە و نیە و تەنها پرۆژە هەبێ کوشتنی هەر مەیل و روحێک و کەلتورێکی نەتەوەیی و نیشتمانیە. واتە مانای “گەشە و روو لە گەشە” نەک هەر لە سەر ئەرزی واقع بوونی نیە بەڵکو لە بیروهزری مرۆڤی کوردیشدا سڕآوەتەوە. لە ئاستە سیاسیە کۆمەڵایەتیەکەیدا بەو جۆرە حوکمڕانیە لە ولات دەوترێ مافیای سیاسی یاخو مافیای ئیداری و ماڵی و هەر دوو هێزە دەسەلاتدارەکە و ئەوانی تریش جگە لەم پێناسە سیاسیە کۆمەڵایەتیە شایانی هیچ ناولێنانێکی تر نین.

 لەساڵانی دووهەزارودەیەکان پرسیار لە ئابوری ناسی بە توانای رۆژهەڵاتی کوردستان کە ناوی “بایەزی مەردۆخی”یە دەکەن کە لێکۆڵێنەوەیەک پێشکەش بکات سەبارەت بە باری ئابوری هەرێمی کوردستان. دوای گەڕان و لێکۆلێنەوەیەکی ورد سەبارەت بەو تەنگژە ئابوریەی هەرێم و ئەو داهاتەی دەست هەرێم دەکەوێ گوتبووی: ئەو داهات و پارەیەی دەسەڵاتدار و حکومەت و دەوڵەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئێران لە شەڕی چاڵدیڕانەوە، ١٥١٤، تاکو ئەو ساڵەی ئەو باسەکەی تێدا کردووە، حسابی بکەی هەمووی بایی ئەو چەند ساڵە کە دەسەڵاتی هەریم لە ماوەی دەسەلاتی خۆیدا دەستی کەوتووە؛ واتە داهاتی ٥٠٠ پێنچ سەد ساڵ بەرمابەر بە داهاتێکی بیست سی ساڵی و ئینجاکەش جیاوازیە چینایەتیە ماڵیەکان لە هەرێم لەوپەڕی چڵەپۆپەدایە کە لە هیچ شوێنێکی ئەم دنیایەدا نمونەی نیە. هەر خودی ئەو تەنگژە ئابوریەی وڵات هەر لە تاڵانکاری لە سەدا نەوەدی سامانی وڵات و رێژەی بێکاری و هەژاری و کۆچی بە کۆمەڵی ژن و منداڵ و گەنج و پیر بەرەو هەندەران ئەوە نیشان دەدەن کە نەک گەشەی ئابوری هەیە بەڵکو هەڕەشەی ئابوری هەیە لەو هەرێمەدا.

دیارە هۆکارێکی شەخسی نوسەر لە پشت ئەم ستایشەی هەرێمەوە هەیە. لەم دەیەی دواییدا شەپۆلێکی بە وروژمی ستایشکردنی هەریمی کوردستان لە نێو خەڵکە ئاساییەکە و کەسە سیاسی و نێوەندە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێکردووە. وەک خەڵکە ئاساییەکەی هەست و سۆزە نەتەوایەتیە کوردیەکەیە و  بەتایبەت لە دوای راگەیاندن و ریفراندۆم بۆ دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە (پ د ک). وەک نیوەند سیاسیەکانیان،  پەیوەندیە ناجێگیریەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران لێ نزیکبوونەوەیەکی لە نیوان دەسەڵاتدارێتی لە هەولێر و هێزی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان دروستکرد. ئاڤا هۆما خۆی وەک کوردێکی رۆژهەڵات و کۆنە-پیشەگەرێکیش لە کەناڵێکی میدیایی شاری هەولێر و ئەو باکگراوندە شەخسی و خێزانی و کۆمەڵایەتیەشی تییدا دەژی ئەو ستایشە دەکات کە خەڵک و هێزە سیاسیەکانیان دەیکات. واتە ئاڤا هۆما لێرەدا زۆرتر لە ژێر کاریگەریەکی شەخسی و سیاسی و رەوتی باو و دوور لە تێگەیشتنێکی بابەتی ستایشی هەرێم دەکات. لێرەدایە کە نوسەر کەسێتی خۆی ون دەکات و دەبێ بە گوتاردەر و ستایشکەر و پروپاگەندەکەرێکی سیاسی کە تەواوی رۆمانەکەی دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

سەلامەتترین هەرێم: خاڵی تر کە هەر لەو لاپەرانەی سەرەوە هاتووە گوایە هەرێم شوێنێکی زۆر سەلامەتە بۆ ژیان بە تایبەت ژیانی چالاکی سیاسی و بگرە سەلامتترە لەو وڵاتەی ئەوی لێیە واتە ئێران و لەیلای پاڵەوان پێێ خۆشە لە ژێر دەسەڵاتێکی کوردیدا بژی باشترە. لە راستیدا ئەم تێڕوانینە نەک هەر ئێجگار ساویلکانەیە و زۆرتر لە دیدی جورناڵیستە رۆژئاواییەکان دەجێت کە شتەکان زۆر بە روکەشی دەبینن بەڵکو نادروستیشە. چۆن؟ ئایا کەس هەیە شەڕی هەردوو هێزە جەکداریەکەی یەکێتی و پارتی لە بیر نەبێ کە زیاتر لە دە ساڵ وڵاتیان بە شەڕی خۆیانەوە گەوزانی خوێن کرد. ئایا هیچ کەس لە ناوجەی زەرد و سەوز دەتوانن بڤەیەک بکەن لەسەر سەرانی هەردوو بنەماڵەکە. ئاڤا هۆما خۆی خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵاتە با بگەڕێ و پرسیار بکات و لێکۆڵینەوەیەک بکات کە ژمارەی تیرۆرکردنی پێشمەرگەکانی کوردانی رۆژهەڵات بە کۆمەڵە و دیموکرایتەوە چەندە لە ژیر سایەی دەسەڵاتدارێتی هەرێمدا. ئایا ئاڤا هۆما دەزانێ کە بۆردومانکردنی زڕگوێز و کۆیە بۆتە شوێنی یاری کردن و رمبازێنی تۆپبباران کردنەکانی جیمهوری ئیسلامی. لە لایەکی تر، بە پێی چەندان راپۆرتی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و گشت رێکخراوە مەدەنی و پیشەیی و کۆمەڵایتیەکانی تر هەریمی کوردستان سەلامەت نیە بۆ خەڵکانێک گەر بیانەوێ چالاکی سیاسی بکەن یاخود داوای مافی ژیانی خۆیان بکەن وەک نارەزایەتیەکانی مامۆستایان ئەوا نەک هەر سزای ئیداری بەڵکو زیندانەکان و تەنانەت کوشتنیش چاوەڕییانە. بەڵێ ئەو هەرێمە سەلامەتە بۆ هەر کەسێک گەر بیەوێ فزە نەکات و ئەو دۆخە قبوڵ بکات یاخود ستایشی دەسەڵاتەکەی بکات.

لێرەدا دەمەوێ بێمەوە سەر بابەتی ژنکوشتن. ئەم هێزە کوردیانەی کە ئێستا دەسەڵاتی ئەو هەریمە کوردیە دەکەن بوونە سەرچآوەی ئەخلاقیات و بیروباوەڕی پیاوسالاری و لەوەتەی ئەوان هەن شتێک نیە بە ناوی مافی ئافرەت و رێزگرتن لە کەسێتی ئافرەت. زەمینەی کۆمەڵگەی کوردی زەمینەیەکی مەدەنیخوازە و چەندان ئافرەتی بەرهەمدەهێنا کە بەشداری “شۆڕشەکانیان” بکات چ نهێنی و چ ئاشکرا کەچی ئەو ژنانە هەراسان دەکران و بەرەو رووی هەمو وجۆرە کردەیەکی بێ ناموسی دەبوونەوە لە ناو ئەو هێزانەدا. لە دوای راپەڕینەوە تاکو ئێستا چەندان ژن بە دەستی ئەم هیزە کوردیانە کوژراون و بوونە قوربانی پیلانەکانیان دژ بە یەکتری. لە ناوەراستی ساڵانی نەوەدەکاندا شەپۆلێک لە کوشتنی ژنان دەستی پێکرد لە ژێر ناوی شەرەف و جاسوسی بۆ حکومەتی بەعس لە کاتێکدا هەموو هیزە کوردیەکان لە سەرەوە تاخوارەوەیان پەیوەندیان لەگەڵ بەعسدا هەبووە بە پێی ئەو نوسین و کتێب و دۆکیومێنتانەی خۆیان لە سەر یەکدی بڵاویان کردۆتەوە. کوردستان ئێستا لەهەر کات زیاتر ناسەلامەتترین شوێنە بۆ کچان و ژنان. ئەو بارودۆخە ناهەموارە ئابوری و سیاسەتە خراپانەی ئەو هێزە کوردیانە کچان و ژنان کوردیان لەبەردەم چەندان جۆری هەڕەشەی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و جەستەییدا راگرتووە. بە روانین لە مێژووی کۆمەڵگەی کوردی بۆت دەردەکەوێ کە بەهۆی  سیاسەتی خراپی ئەو هێزە کوردیانەوە بارودۆخی کچان و ژنان گەیشتوۆتە ئەوپەڕی باری نالەباری و بێ رێزی و بێ دادی و بێ مافی کە خودی رێکخراوە ژنانیەکانی کوردستان ئاماریان هەیە لەو بارەیەوە. کچان و ژنان لەلایەک فەرهەنگی ئاینی ئئیخوانی و وەهابی کردویانە بە ئەسیری لەچک و حجاب؛ لە لایەکی تریش بۆتە بوکەشوشەیەکی سەکسی دەستی کەناڵە تیڤیەکان و کارە وەهمیەکانی کچانی مۆدێل و گۆرانی بێژ کە بە پارەی ئەو هێزانە دەڕواتە رێوە. ئەم دۆخەی کە هەیە بەرهەمی ئەو هێزە کوردیانەن کە ئاڤا هۆما ستایشیان دەکا بەوەی هەرێمەکەیان گەشە پێکردووە.

کان ئاوەکان یان کانی نەوتەکان؟: لە لاپەڕە ٥٤٤دا دەڵێ “سەدام حسێن کانیاوەکانی چیمەنتۆ رێژ کرد تا خەڵکەکە لە بێ ئاوی بمرن.” ئەوەندەی بەو بابەتە بگەرێتەوە و زۆر جێگەی قسەوباس بێ سەدام حسێن کانیاو و سەرچآوە نەوتیەکانی چیمەنتۆڕێژ کرد ئەویش لەبەر جەند هۆیەک لەوانە: مەسەلەی ئاسایشی نیشتمانی، بە عەقڵی رژێمی بەعس، کە ئەو ناوچانەی دوورە دەستن و نەتوانرێ دەستی دەوڵەتیان پێ بگات واباشترە سەری بنرێتەوە. هۆیەکی تر، هۆی ئابوری بوو کە عێراق نەیدەویست هەموو سامانی نەوتی خۆی دەربهێنێ چونکە لە لایەک نرخی نەوت هەرزان دەبوو لە لایەکی تریش ئەمە دژە بەرژەوەندیەکی دروست دەکرد لەگەڵ رێخراوی ئەواپیکدا کە عێراق ئەندامێک بوو وە ئیستەش ئەندامێکە لەو رێکخراوە کە یەکێک لە بەندەکانی ئەوەیە ئاستی رێژەی بەرهەمهێنان دەبێ بە پێی ئەو خاڵانە بێت کە لە دەستوری رێکخراوەکە واژۆی لەسەر کراوە. واتە هیچ دەولەتێکی ئەندام لە ئەواپیک ناتوانێ سەربەخۆیان رێژەی دەرهێنانی نەوت بەرزبکاتەوە و دەبێ پەیوەست بێ بە رێکەتتنامەی ئەواپیکەوە. دیارە هەندێ جار سەرەڕۆیی روو دەدات لە ناو دەوڵەتەکانی ئەواپێکدا بەڵام ئەوە هەندێ حالەتە و ستراتیجیەت ئەوەیە کە ئەندامان دەبێ پێوەی پەیوەست ببن. دەوڵەتی عێراق ئەو دەم واتە ساڵانی هەشتاکان تەنها دوو ناوچەی گەورەی هەبوو کە نەوتی لێ دەردەهێنا ئەوانیش ناوچەی کەرکوک و بەسرە بوو و هەر بەم دوو ناوچەیەش ئابوری وڵاتی تارادەیەک باش و تێچووونی دوو شەڕی گەورە و ژیانی دکتاتۆری خۆی و خانەوادەکەشی پێ بەڕێوەدەبرد.  ئێستا بیرە نەوتەکان ژمارەیان دە قات زۆرتر بووە بەڵام لەگەڵیشیدا دکتاتۆرەکان و دەستوپێوەندەکانیشیان دەیان و سەدان جار زیاتر بوون. لەگەڵ هەموو ئەو سەرچاوە نەوتی و سامانە سروشتیەی کە لە هەرێمکەەدا هەیە نەک هەر ناتوانرێ گوزەرانی خەڵکی هەرێمەکەی پێ بەڕێوەببرێ و لە هەرێمەکەدا ژیان رۆژ بە رۆژ تاڵتر دەبێ بەڵکو خەڵکی هەرێمەکەیان توشی قەرزێکی نێودەوڵەتیش کردووە. ئیتر نازانم نوسەر چۆن چۆنی باس لە هەرێمی گەشەکردوو یاخود هەرێمی روو لە گەشە دەکات.

مانەوەی لەیلا دوای رۆیشتنی کارۆ

ئێران بە هەموو پێوودانگە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانیشی بە وڵاتێکی پۆلیسی ناودەبرێ و خاوەنی یەکێک لە ەبهێزترین دەزگا هەواڵگریەکانە و بە پلەیەک کە خەڵک هەواڵگری بەسەر یەکەوە دەکەن لە ماڵ بۆ ئەو ماڵ و لەم گەرەک بۆ ئەو گەڕەک و شارە و شاریش. دروستکردنی حالەتێکی ئاوها لە نیو کۆمەڵگەدا سیاسەتێکی ئاسایی هەر دەسەلاتێکی پۆلیسیە و لە مێژووشدا و ئێساتاش وێنەی زۆرە و خۆشـمان ژیاوین لەو دۆخە پڕ ترس و نائارامیەدا. کاتێک کارۆ لەیلا بەجێ دەهێڵێ و لە خانوویەکی گەورەی جۆڵدا و لە ناو گەڕەکێکی دانیشتوانی وەک کۆمەڵگەی ئێرانیدا نیشتەجێی دەکات بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک لە کاتێکدا پێشتر ناوی هەیە لە لای پۆلیس و بانگکراوە کە بچی بۆ لێکۆڵینەوە ئاخۆ چۆن ئەو هەموو ماوەیەی بە بێ هیچ تەنگ و چەلەمەیەک بەڕێکرد. ئایا ئەستەم نیە کچێک خۆی بە تەنها لە خانوویەکدا بێ و رۆژانە یاخود هەفتانە بچێ بۆ بازاڕی و پیاسەکردن دەرودراوسێ چاودێری نەکەن یاخود هیچی لە بارەوە پرسیار نەکەن. ئایا پۆلیس و ئیتڵاعاتی ئێرانی ئەوەندە بە ئاسانی دەست بەرداری کچێک دەبێ کە باوکی زیندانی سیاسی بووە و براکەی لەسەر سیاسەت تازەگی لە سێدارە دراوە. ئایا هیچ بە دواییدا نایەن دوای ئەوەی پۆلیس پێی دەلێن خۆت بێی بۆ لامان باشترە ئەگەرنا خۆمان دێین دەتبەین. ئایا ئاوها بە ئاسانی لەیلا ساڵ و نیوێک ژیا لە خانوویەکی قاووباغڵەمە واتە سەربەخۆ، و نە پۆلیس و نە ئیتڵاعات و نە دەرودراوسێ و موختاری گەڕەک واتە هەواڵگری گەڕەک هیچی لە بارەوە نەزانی و دواتر بە ئاسانی لە رێگەی فڕۆکەخانەی تارانەوە سەفەری وڵاتی دەرەوە بکات بۆ یەکەم جار؟؟؟؟ ئەم پرسیارانە گۆمان لە گێڕانەوەیەک دەکات کە خەیاڵێک بە رەوانی دروستی کردبێ.

وەرگرتنی خەڵات

یەکیک لەو خالانەی بایەخی پیدەدرێ و ئەم رۆمانەی پێ هەڵدەکێشرێ گوایە خەڵاتێکی ئینگلیزی وەرگرتووە بە ناوی (ناتلیس). ناتلیس بوک یەکێکە لەو خەڵاتانەی لە وڵاتی ئەمریکا دەدرێت لە چەند بوارێکی نوسینی کتیبدا و چیرۆک و رۆمانیش یەکیکە لەو بابەتانە. نوسەرەکان بەرهەمەکانی خۆیان دەنێرن و لەو دەزگایە کەسێک یان دوو سێ کەس خەریکی خوێندنەوەی دەبن نەک لێکۆڵینەوەی، چونکە لێکۆلینەوە کاری خەڵکانی ئەکادیمی شارەزایە و لەم ولاتانەش کەسێک کە لە بوارێکدا تایبەت نەبوو خۆی نادات لە قەرەی بابەتێک کە هێ ئەو نەبێ. ناتلیس دابەش کراوە بەسەر دوو گروپدا ئەوانیش براوە ئاڵتونیەکان و براوە زیویەکان یاخود (ئەی و بی) ئنگلیزی. خەڵاتەکەی ئاڤا هۆما کەوتۆتە پلەبەندی دووهەمەوە کە زیویە. ئەم دابەشکردن و پلەبەندیە بۆخۆی سیاسەتێکی جیاخوازی و جیاکاریانەیە (دسکریمینەیشن بە ئینگلیزیەکەی) لە نێوان بەرهەمەکانی ئەو نوسەرانەدا کە خۆیان کتێبەکانیان دەنێرن. دیارە خەڵات پێدان هەرگیز بە مانای گرنگی و باشی و پڕ بایەخی کتێب نیە. ئەوە دروستە گەر خەڵات بە لایەنێکیدا گرنگ بێ و جێگەی خۆشحاڵی بێ ئەوا بە لایەنێکی سەرەکی تریدا بە مانای شاکار بوونی بەرهەم نیە بە هیچ کلۆجیک، بگرە ئەو نوسەرانەی زۆرتر خەڵات وەردەگرن شتێک هەیە لە پشتیەوەیە وەک کورد دەڵێ ئەم ماستە موویەکی تیایە. خەڵاتە جیهانیەکان هەموویان لە ژیر پرسیاری مۆراڵی و پرۆفیشناڵیدان لەوانە خەڵاتی نۆبڵ و ئۆسکار و تەواوی خەڵاتە رۆژئاواییەکان و رۆژهەڵاتیەکانێش چونکە هەموویان لە یەک رەگەزدا بەشدارن ئەویش دوو فاقەیی و رەگەزپەرستی یان ئیرۆسەنتریکە.

خەڵات لە دنیای رۆژئاوا نادرێ بە بەرهەمێک گەر ناحەز یان دژ بێت بە سیاسەتی رەسمی رۆژئاوا یاخود رەخنەگرێکی قوڵ بێت بە دونیای رۆژئاوا. گلەیی و گازەندە گرفتێک نیە وەک لەم رۆمانەی ئاڤا هۆمادا دەیبینین کاتێک گلەیی لەوەدەکات کە کەنەدا ئەندامی پەیمانی ناتۆیە و تورکیاش وەک ئەندامێکی ناتۆ کورد دەکوژێ. سیاسەتی دژە کۆماری جمهوری ئیسلامی یەکیکە لە سیاسەتە رەسمیەکانی دەولەتانی رۆژئاوا  و سیاسەتی دەولەتیش دەبێ بە عەقڵێک و مۆراڵێک و هەموو شتە ئینسانی و هەڵسەنگاندنی بەرهەمە ئەدەبی و هونەری و سیاسیەکان لەوێوە سەرچآوە دەگرن و رۆمانەکەی ئاڤا هۆماش دژ بە ئێرانی جمهوری ئیسلامیە بۆیە خەلات وەردەگرێ. گەر ئەم رۆمانە رەخنەگری جدی رۆژئاوا بوایە بەو مانایەی فایلەکانی رۆژیاوا هەڵبداتەوە کە رۆژئاوا لە پشت هاتنە سەرکاری “خومەینی و ئاخوندەکانی ئێرانەوە بوون کە دۆکیومێنتەکان هاواردەکەن بۆ ئەم راستیە ئەوا هەرگیز نەک هەر خەڵات بگرە هەرگیز ئەو چەند دێرە لە ستایشی بۆ نەدەنوسرا لە بەرگی کتێبەکەیدا لە لایەن ئینگلیزەکانەوە چ ئەدیب و چ سیاسی

پاشان، لەو ولاتانەی ئەو خەلاتانەی لێ دەدرێ بە نوسەرێک گوایە بەرهەمەکی ئینسان دۆستە یاخود داکۆکەری کێشەیەکی ئینسانی یان ژینگە ئەوا ئەو وڵاتانە خۆیان سەرچاوەی هەموو ئەو مەینەتیانەن کە کاراکترەکانی ناو ئەو رۆمان و چیرۆکانە پێوەی دەتلێنەوە. دروستکردنی هەندێ دەزگا بە ناوی خەڵات و هونەر و ئەدەبیاتەوە جگە لە نەخشەیەکی مەبەستداری سیاسەتی وڵاتەکە هیچی تر نیە. تاکو ئیستا هێج یەکێک لەو رۆمان و چیرۆکانە یاخود ئەو کتێبانە خەڵاتیان وەرنەگرتووە کە رەخنەیان لە سیاسەت و دژەمرۆڤانەیی ولاتەکانیان گرتبێ. وەک تەرەفی ئێمە، تەنها ئەو کتێبانە خەلات وەردەگرن کە مەینتیەکانی خۆیان تەنها وەک بەرهەمی دەسەڵاتە ناوخۆییەکانی خۆیان دەبینن و جیهانێکیش هەیە کە رووی تێدەکەن بۆ رزگاربوون و ئارامی ئەویش رۆژئاوایە. بۆ نموونە، ساڵی ٢٠١٠ کتێبێک نوسرا بە ناوی “دەست تێکەڵاوی حکومەتی بەریتانیا لەگەڵ ئیسلامی توندڕو” ناوی نوسەرەکە مارک کێرتس”ە. ئەم کتێبە بە بەڵگەوە باس لە پەیوەندی مێژوویی یەک سەدەیی بەریتانیا و ئیسلامیەکان دەکات کە چۆن بەریتانیا و دواتر ئەمریکا ئیخوان و ئیسلامیەکانی تری دروست کردووە و ئیستاش پشتیوانیان لێدەکەن. ئەم کتێبە نەک ەهر خەڵات نەکرا بەڵکو حموکەتی بەریتانی رێگەی گرت لەوەی بڵاوببێتەوە و فشاری دانا لەسەر چاپەمەنیەکان کە بۆی جاپ نەکەن. ئەوە بوو دواتر کەسێک لەسەر حسابی خۆی چاپی کرد و بڵاوی کردەوە بەڵام یەک میدیای رەسمی وڵاتان باسیان نەکرد یاخود بایەخێکی ئەوتۆیان پێ نەدا لەگەڵ ئەوەی وەرگێڕدرایە سەر جەندان زمان. نعوم چومسکی یەکێکە لەوانەی کە جونکە هەمیشە رەخنەگرە لە سیاسەتی دەولەتەکەی نەک هەر خەڵات وەرباگرێ بەڵکو لە لایەن میدیای رەسمیەوە یاخود مەین ستریم میدیاوە نیچ کات گفتوگۆی لەگەڵ ناکرێ. هەرچەندە ئەم پێوسیتی بە خەڵات نیە و چومسکی بۆخۆی خاوەن شەخسیەتێکە کە هەموو میدیا رەسمیەکانی ولاتانی غەربی بە لایەک و خۆی بە تەنها بە لایەکی تر. دیارە ناوی تر زۆرن و کە نوسینەکانیان هەمووی دەربارەی ناعەدالەتی و سیاسەتی دژە ئینسانیانەی وڵاتە رۆژئاواییەکانە کەچی هیچ خەڵات ناکرێن.

 دیارە لە رابردوودا زۆر لەو خەڵاتانە لە لایەن نوسەر و بەرهەمهێنەرەکانەوە رەتکراوەتەوە هەر لە خەڵاتی نۆبڵەوە تادەگات بە ئۆسکار و ئەوانی تر. لێرەدا ئاماژە بە یەکێکە لەو خەڵاتە “گەورانەی” دنیای هونەر دەدەم لە ئەمریکا بە ناوی خەڵاتی ئۆسکار کە ساكانە دەدرێت. لە دوو سێ ساڵی رابردوو زۆربەی زۆری ئەکتەر و هونەرمەند و کەسێتیە رەشەکان بایکۆتیان کرد و بە خەڵاتێکی سپی پێستیان لە قەلەمدا. دیارە پێشتریش خەڵکانی تر مەحکومیان کردووە و تەنانەت بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە نەچوون وەک ئەکتەر و هونەرمەندی دیار و بەناوبانگی دنیای فلیم و سینەما و شانۆ “مارلۆن براندۆ” لەسەر فلیمە بە ناوبانگەکەی (العراب) ساڵی ١٩٧٢. رەتکردنەوەی خەلاتەکەشی وەک ناڕەزاییەک بوو لە بەرامبەر ئەو فلیمانەی هۆڵی یود کە نەتەوە بومیەکان “هندیە سورەکان” بە شێوەیەکی دڕەندە و ناشیرین پیشان دەدات. لەسەر ئاستی هونەریش ئەم خەلاتە جیهانیانە گرفتی هەڵسەنگاندنی هونەریان هەیە کە پرۆفشناڵێتیان دەخاتە ژێر پرسیارەوە. یەک نموونە لەم بارەیەوە باس دەکەم. رۆمانی “خانمە بچوکەکان”ی لویس مەی ئاڵکۆت کرا بە فلیم و ساڵی ٢٠١٩ بڵاوکرایەوە و ناوبانگێکی زۆری پەیداکرد کە باس لە دەورانی مێژوویی سەدەی نۆزدە دەکات. دوای ئەوەی خەڵاتی ئوۆسکاری پێدرا کەوتە بەر رەخنەیەکی زۆری رەخنەگران و بینەران بەوەی لە دوو دیمەنی فلیمەکەدا بوتڵی ئاوی پلاستیکی و میتاڵ لەتەک ئەکتەرەکانەوە دانرابوون. ئەم هەڵە سادە و گرنگە و نەبینینی لەلایەن لیژنەی سەرپەرشتیاری ئۆسکارەوە گوایە ئەندامانی لیژنە هەموویان پرۆفیشناڵی ئەکادیمی و هونەرین بە عەیب و عارێکی ئۆسکار لە قەلم درا. دیارە ئەمە یەکجار نیە کە شتی ئاوها روودەدات بەڵام پەیامەکە ئەوەیە مەرج نیە ئەوەی خەڵات وەربگرێ باشە و ئەوەی وەری نەگرێ باش نیە.

لە دواییدا،

لەو رۆمانەدا چەندان چەمک و وشە و باس و خواسی ناسازی تێدایە کە باس زۆر هەڵدەگرن لەوانە چەمکی پێشمەرگە و رەهەندە مەرگدۆستی و دژە ژیاندۆستی و رەگە سیاسی و کۆمەڵایەتی و حزبی و نەتەوەیی و چینایەتیەکانی کە نوسەر زۆر روکەشانە و کلاسکیانە و لەسەر بنەمای هەست و سۆزێکی نەتەوەییانە وو دوور لە عەقڵیەتێکی رەخنەگرانەوە باسی ئەو وشەیە و ئەو چەمکەکەی کردووە. ئەم باسە هی شوێنێکی تایبەتترە و بۆ ئەم رۆمانە هەر ئەوەندە نوسینە بەسە دەربارەی.


سەرچاوەکان:

کوشتنی ژن لە کەنەدا

Ten cases of men killing women in Canada in the last 36 days

 لە هەرێمی کوردستان

https://hengaw.net/so/news

کوشتنی ژنانی نەیتیڤ

https://www.thecanadianencyclopedia.ca/en/article/missing-and-murdered-indigenous-women-and-girls-in-canada

https://www.rcmp-grc.gc.ca/en/missing-and-murdered-aboriginal-women-national-operational-overview

ژن کوشتن لە ئەمریکا

https://www.statista.com/statistics/327462/women-murdered-by-men-united-states/

 خۆکوشتنی ژانان لە کەنەدا

Women and Suicide

خۆکوستنی لە ئەمریکا

2016, United States: Suicide Injury Deaths and Rates per 100,000. (All Races, Both Sexes, All Ages)”. Retrieved March 3, 2018

https://www.cdc.gov/injury/wisqars/index.html

کلیپتۆکراسی

https://www.cam.ac.uk/kleptocracy

خکوشتنی گەنجان لە کەنەدا

https://www.thestar.com/news/investigations/2018/09/14/youth-suicide-is-like-a-cancer-experts-warn.html